ژمارەیەك لە نۆڤلێت و چیرۆکەکانی نوسەری گەورەی رووسیا کە لە زمانی ئینگلیزییەوە کردوومن بە کوردی

Friday, October 1, 2021

بەندکراوێك لە قەوقاز

 بەندکراوێك لە قەوقاز

 
بەندکراوێك لە قەوقاز

لیۆ تۆڵستۆی

لە ئینگلیزییەوە بۆ کوردی: ئاکۆ محەمەد

 

ئەفسەرێك بە ناوی ژیلین لە قەوقاز خزمەتی سەربازیی بەجێ دەگەیاند.

رۆژێکیان لە ماڵەوە نامەیەکی پێ گەیشت. نامەکە لە لایەن دایکییەوە بوو و تێیدا نوسیبووی: "وا پیر بووم و، حەز دەکەم پێش ئەوەی بمرم جارێکی دیکە کوڕە ئازیزەکەم ببینمەوە. وەرە خواحافیزیم لێ بکە و بمنێژە و، ئینجا ئەگەر خودا پێی خۆش بێت بگەڕێوە سەربازی و دوعای منت لەگەڵ بێت. بەڵام کچێکیشم بۆت دۆزیوەتەوە، کچێکی ناسك و چاکە و هەندێ موڵکیشی هەیە. ئەگەر توانیت خۆشت بووێت، ئەوکات دەتوانیت بیخوازیت و لێرە بمێنیتەوە."

ژیلین بیری لێ دەکردەوە. زۆر راست بوو، پیرەژن بە خێرایی داری لەدەست دەکەوت و رەنگە دەرفەتێکی دیکەی نەبێت بە زیندوویی چاوی پێ بکەوێتەوە. وا باشتر بوو بڕوات و، ئەگەر کچەکەش جوان بێت، بۆ چی نەیخوازێت؟

بۆیە چووە لای سەرهەنگەکە و، مۆڵەتی وەرگرت و، خواحافیزیی لە هاوەڵەکانی کرد و، راوەستا وەکو ماڵئاوایی-لێکردن سەربازەکان چوار سەتڵی پڕ لە ڤۆدکایان پێدا کرد و، ئینجا بۆ رۆیشتن خۆی ئامادە کرد.

کاتەکەی کاتی شەڕ بوو لە قەوقاز. رێگاکان نە لە شەو و نە لە رۆژیشدا سەلامەت نەبوون. ئەگەر هەر رووسییەك سەرکێشی بکرایە و بە سواری یان بە پیادە هەر مەودایەك لە قەلاکەی خۆی دوور بکەوتایەتەوە، تاتارەکان دەیانکوشت، یان لە هەورازەکانەوە هەڵیاندەدایە خوارەوە. بۆیە وەها رێك خرابوو، هەفتەی دوو جاران دەستەیەك لە سەربازان لەم قەڵا بۆ ئەو قەڵایەی دواتر هاوەڵی ئەو گەشتیارانەیان دەکرد کە لە جێگایەکەوە بۆ جێگایەکی دیکە دەچوون.

کاتەکە هاوین بوو. دەمەو بەیان و لە پەنای قەڵاکە کاروانی جانتا و کەلوپەلەکانیان تەیار کرا؛ سەربازەکان چوونە دەرەوە و، هەموویان لەسەر رێگاکە دەستیان بە رۆیشتن کرد. ژیلین سواری ئەسپێك بوو و، کەلوپەلەکانی لە گالیسکەیەکی کاروانەکەدا بوو. دەبوو شازدە میل بڕۆن. کاروانی گالیسکەکان بە هێواشی دەڕۆیشت؛ هەندێك جار سەربازەکان دەوەستان، یان چەرخی یەکێك لە گالیسکەکان لەجێی خۆی دەردەچوو، یان ئەسپێك لە رۆیشتن خیکی دەکرد و، بە هۆیە هەمووان دەبوو پێکەوە بوەستن و چاوەڕێ بکەن.

کاتێك کە رۆژ لە نیوە تازە لای دابوو، نیوەی رێگاکەیان تەی نەکردبوو. کەشەکە تۆزاوی و گەرم بوو، هەتاوەکە سوتێنەر بوو و هیچ شوێنێكیش دەست نەدەکەوت پەنای لێ بگیرێت: دەشتێکی رووتەڵ و بەرین بوو، نە تاقە دارێك و هیچ بنجێك لە کەنار رێگاکەوە نەدەبینرا.

ژیلین لە پێشەوە بە سواری دەڕۆیشت و، راوەستا چاوەڕێی گالیسکەکان بکات تا پێی بگەن. ئینجا گوێی لە هۆرنێکی ئاماژە بوو لە پشتییەوە دەنگی دەهات؛ جارێکی دیکە هاوەڵەکانی رایانگرت. لەبەر ئەمەش لەگەڵ خۆیدا کەوتە بیرکردنەوە: "باشتر نەبوو خۆم بە تەنیا رۆیشتبام؟ ئەسپەکەی من ئەسپێکی چاکە و، ئەگەر تاتارەکان هێرشم بکەنە سەر، دەتوانم بۆی دەربچم. لەوانەشە، عاقڵی بکەم و چاوەڕێیان بم."

کە دانیشتبوو و لەم بیرکردنەوانەدا بوو، کۆستیلین، کە ئەفسەرێکی تفەنگ-بەدەست بوو، بە سواری پێی گەیشت و ووتی: "لەگەڵم وەرە، ژیلین، با بۆ خۆمان بڕۆین. زۆر بێتام بوو، تەواو برسی بووم و، گەرماکەیشی خەتەرناکە. کراسەکەم تەڕ و تلیس بووە."

 کۆستیلین پیاوێکی پڕ و چوارشانە بوو و، ئارەقە بە نێوچاوانە سوورەکەی دادەچۆڕییەوە خوارەوە. ژیلین کەمێك بیری کردەوە و ئینجا لێی پرسی: "تفەنگەکەت سوارە؟"

"بەڵێ، سوار کراوە."

"ئێ کەواتە، با بڕۆین، بەڵام بەو مەرجەی دەبێت پێکەوە بین."

بە دەشتەکەدا و لەسەر رێگاکە بەرەو پێشەوە لێیان ئاژوو و، قسەیان دەکرد و، چاویشیان بە هەردوو لادا دەگێڕا. مەودایەکی دوور هەر دەشتاییان دەبینی. بەڵام کە دەشتاییەکەیان تێپەڕاند، دەربازی شیوێکی نێوان دوو گرد بوو و، ئینجا ژیلین ووتی: "باشترە بەسەر ئەو گردە بکەوین و تەماشایەك بکەین، ئەگەر نا ئەوا رەنگە تاتارەکان پێش ئەوەی پێیان بزانین بگەنە سەرمان."

بەڵام کۆستیلین وای وەڵام دایەوە: "چ سوودێکی هەیە؟ با بە رێی خۆماندا بڕۆین."

ژیلین بەمە رازی نەدەبوو.

"نەخێر،" پێی ووت، "حەز دەکەیت چاوەڕێ بکە، بەڵام دەچم و تەماشایەك دەکەم." ئەسپەکەی بە لای چەپدا چەرخاند و بەسەر گردەکە کەوت. ئەسپەکەی ژیلین ئەسپی راو بوو و، هەر وەکو ئەوەی باڵی لێ رووابێت بە قەد گردەکەوە هەڵی دەگرت. (لە ناو گەلەیەکدا ئەمەی وەکو جوانوویەك بە سەد روبڵ کڕی بوو و، خۆیشی سواریی کردبوو.) لەگەڵ ئەوەی کە گەیشتە سەر گردەکە بینی سی تاتارێك بەدووری تەنها سەد یاردێك لە پێشیانەوەن. هەر کە بینینی یەکسەری گەڕایەوە، بەڵام تاتارەکانیش ئەمیان بینی و، بە غاردان بەدوای کەوتن و، تفەنگەکانیان لە کێڵان دەردەهێنا. بە هەموو خێرایی پێی ئەسپەکەی لە گردەکە بە غاردان بەرەو خوارەوە هات و، هاواری لە کۆستیلین دەکرد: "تفەنگەکەت ئامادە بکە!"

لە خەیاڵی خۆیشیدا بە ئەسپەکەی دەووت: "بە باشی لەمەم دەربهێنە، ئەسپەکەم؛ سەرسم نەدەی، ئەگەر وا بکەیت، هەمووی ئیدی خۆی تەواو دەبێت. ئەوەندە دەستم بە تفەنگەکە بگات، لێناگەڕێم دەستگیرم بکەن."

بەڵام کۆستیلین لە بری ئەوەی چاوەڕێی بکات، هەر کە تاتارەکانی بینی، بۆ دواوە و بەرەو قەڵاکە گەڕایەوە، جارێك ئەملا و جارێك ئەولا ئەسپەکەی بە قامچی دەکوتا و، لە تەپوتۆزەکەیدا تەنها شەکینی کلکی ئەسپەکەی لە دوورەوە دەبینرا.

ژیلین بۆی دەرکەوت کە تەماشاکردنەکەی خراپ کەوتەوە؛ چەکەکەی لەدەست دەرچوو و، دەیتوانی بە بێ هیچ شتێك و بە تەنها شمشێرەکەی چیی لەدەست بێت؟ ئەسپەکەی بەرەو لای هاوەڵەکەی بادایەوە و، بیری لە هەڵهاتن دەکردەوە، بەڵام شەش لە تاتارەکان غاریان دەدا رێی لێ بگرن. ئەسپەکەی ئەم ئەسپێكی چاك بوو، بەڵام هی ئەوان چاکتر بوون و؛ لەگەڵ ئەوەشدا، ئەوان دەهاتەنەوە سەر رێگاکەی. هەوڵی دا جڵەوی ئەسپەکەی بگرێتەوە و روو لە رێگایەکی دیکە بکات، بەڵام کارەکە خێرا رووی دەدا و نەیدەتوانی بوەستێت و، راست و راست رووی بە تاتارەکان تەقی. تاتارێکی ریش سووری لەسەر ئەسپێکی کوێت بینی، تفەنگەکەی بەرز راگرتبوو و بەرەو لای هات و هاواری دەکرد و ددانی جیڕ دەکردەوە.

"ئای،" ژیلین بیری دەکردەوە، "ئێوە دەناسم، ئێوە ئەو شەیتانانەن. ئەگەر بە زیندوویی بمگرن، دەمخەنە چاڵێك و قامچیکاریم دەکەن. نابێت بە زیندوویی دەستگیر بکرێم!"

ژیلین ئەگەرچی کەڵەگەت نەبوو، بەڵام پیاوێکی ئازا بوو. شمشێرەکەیی راکێشا و خێرا لە تاتارە ریش سوورەکە چووە پێش و، لەگەل خۆیدا دەیووت: "یان ئەسپەکەی بەسەردا دەدەم و دەیشێلم، یانیش بە شمشێرەکەم پەکی دەخەم."

هێشتا دووری ئەسپێکی مابوو پێی بگات، کاتێکی زانی لە پشتەوە تەقەی لێ کرا و، ئەسپەکەی بەر کەوت. بەو هەموو قورسییەیەوە بە زەویدا کەوت و، ژیلینی لە زەویدا چەقاند.

هەوڵی دا هەستێتەوە، بەڵام دوو تاتاری نەخۆشڕەنگ دەمودەست لەسەری ئامادە بوون و دەستیان بۆ پشتەوە با دا. تەکانێکی دا و تووڕی دان، بەڵام سیانی دیکە لە ئەسپەکانیانەوە هەڵیانکوتایە سەری و بە قۆنداغی تفەنگەکانیان کەوتنە لێدانی سەر و گوێلاکی. بەرچاوی لێڵ بوو و بە پشتدا کەوت. تاتارەکان گرتیان و بە قایشێکیان لە زینەکانیان کردەوە و، دەستیان لە پشتەوە بە گرێیەکی تاتاری بەست. کڵاوەکەیان لە سەری فڕێ دا، پووتەکانییان لە پێ دەرهێنا و، گشت گیانیان پشکنی و، کراسەکانییان دڕاند و، پارە و کاتژمێرەکەیان برد.

ژیلین چاوێکی بە ئەسپەکەیدا گێڕا. ئەو بەستەزمانە چۆن بەربووبووەوە هەر لەوێ بەلادا کەوتبوو؛ قوولەفڕکێ دەکرد و قاچەکانی لە حەوادا بوون و سەر زەوییان نەدەگرت. کوونێك لە سەری بووبووەوە و خوێنی رەشی لێ دەهاتە دەرەوە و، خۆڵەکەی دوو سێ پێی دەوروبەری قووڕاوی کردبوو.

یەکێك لە تاتارەکان چوو بۆ ئەسپەکە و دەستی کردە لێکردنەوەی زینەکەی، هێشتا هەر لەقەی دەهاوێشت؛ بۆیە تاتارەکە خنجەرێکی دەرهێنا قووڕگی ئەسپەکەی بڕی. فیشکەیەك لە قووڕگییەوە هات، ئەسپەکە یەك تەکانی دا و، تەواوی کرد.

تاتارەکان زینەکە و گوڵەنگکارییەکانیان لێ کردەوە. تاتارە ریش سوورەکە سواری ئەسپەکەی خۆی بوویەوە و، ئەوانی دیکەش ژیلینیان خستە سەر زینەکەی پشتکەی ئەوەوە. بۆ ئەوەی نەکەوێت، ژیلینیان بە کەمەری ئەوەوە بەست و، ئینجا لێیاندا رۆیشتن و لە گردەکان دوور کەوتنەوە.

ژیلین کە لەوێدا دانیشتبوو، بەملا و ئەولادا لار دەبووەوە و، سەری دەیدا لە پشتە بۆن پیسەکەی تاتارەکە. هیچی نەدەبینی، جگە لە پشتە ئەستور و ملە پڕ ماسولکە و پشتەملە تاشراوەکەی ئەو. سەری ژیلین بریندار بووبوو؛ خوێنی بە نێوچاوانەوە وشك بووبووەوە و، نە دەیتوانی لەسەر زینەکە هیچ بجووڵێتەوە و تەنانەت توانای ئەوەیشی نەبوو خوێنەکەی سەر چاوی بسڕێتەوە. قۆڵەکانی هێندە توندە بەسترابوون، ئێسکە چەڵەمەی دەئێشان.

رێگایەکی دوور و درێژ بەسەر چەندین گرددا سەر دەکەوتن و نشێو دەبوونەوە. ئینجا گەیشتنە روبارێك و لە بوارێکیدا پەڕینەوە و، دواتر گەیشتنە سەر جادەیەکی رەق کە بە نێو شیوێکدا دەڕۆیشت.

ژیلین دەیویست بزانێت بۆ کوێ دەچن، بەڵام پێڵوی چاوی بە هۆی خوێنەکە وەها لکابوون نەیدەتوانی چاو بگێڕێت.

خەریك بوو زەدەپەڕ دەردەکەوت؛ لە روبارێکی دیکە پەڕینەوە و بەقەدپاڵی گردێکی بەردەڵاندا سەرکەوتن. لێرەدا بۆنی دوکەڵ و دەنگی وەڕینی سەگ دەهات. گەیشتبوونە ئاووڵێك (گوندێکی تارتاران). تاتارەکان لە ئەسپەکانیان دابەزین؛ منداڵانی تاتار هاتن و دەورەیان لە ژیلین دا، هاتوهاواریان دەکرد و بەردیان تێ دەگرت.

کابرا تاتارەکە منداڵەکانی دوور خستەوە و، ژیلینی لە ئەسپەکە دابەزاند و، نۆکەرەکەی خۆیی بانگ کرد. نۆکەرەکەی نۆگایی نەژادێکی کوڵم بەرز بوو و هیچیشی لەبەردا نەبوو جگە لە تاقە کراسێك (ئەویش ئەوەندە شڕ و دڕاو بوو، هەموو سنگی بە دەرەوە بوو). نۆگاییەکە وەڵامی بانگکردنەکەی دایەوە. تاتارەکە فەرمانێکی پێی دا. ئەویش چوو و زنجیربەندیکی بۆی هێنا: کە لە دوو پارچە داربەڕوو پێکهاتبوو و ژمارەیەك ئەڵقەی ئاسن و ئاوزەنگێکی پێوە بوو و قوفڵێكیش بە یەکێك لە ئەڵقەکانەوە بوو.

قۆڵەکانی ژیلینیان کردەوە، زنجیربەندەکەیان لە لاقی بەست و، بۆ تەویلەکیان راکێشا و، پاڵیان نایە ژوورەوە دەرگایان لەسەر قوفڵ کرد.

ژیلین کەوتە سەر کۆمایەك لاس و پەیین. بۆ ماوەیەك بێ جووڵە مایەوە و ئینجا بە لەپەکوتە جێگایەکی نەرمی دۆزییەوە و لێی دانیشت.

 

 

            ٢

ئەو شەوە ژیلین بە ئەستەم خەوی چووە چاو. ئەو کاتەی ساڵ بوو کە شەوگاری کورتن و، رۆژ هەر زوو خۆی لە درزێکەوە نیشان دا. هەستا و، هەندێك درزەکەی روشاند تا گەورەی بکاتەوە و، ئینجا سەیرێکی دەرەوەی کرد.

لە کوونەکەوە رێگایەکی سەربەرەوخواری بینی؛ لە لای راستی رێگاکەوە کۆلیتەیەکی تاتاری هەڵکەوتبوو لەگەڵ دوو دار لە نزیکیدا و، هەروەها سەگێکی رەش کە لە بەردەم دەرگاکەی پاڵ کەتبوو؛ بزنێك و کاریلەکانی بە کلکەلەقەوە لەو ناوەدا دەسووڕانەوە. ئینجا ئافرەتێکی گەنجی تاتاریی بینی کراسێکی درێژی خاو و رەنگ ئاڵ و شەرواڵێكی لەبەردا بوو و جووتێك پووتی مل بەرزی لە پێدا بوو کە لە ژێر کراسەکەیەوە دیار بوو. چاکەتێکی خستبووە سەر سەری و لە سەر ئەویشەوە مەنجەڵێکی کانزایی پڕ لە ئاوی هەڵگرتبوو. کوڕێکی بچوکی تاتاریی سەر تاشراو دەستی ئافرەتەکی گرتبوو و بە رێدا دەیبرد؛ کوڕەکە هیچی لەبەردا نەبوو جگە لە تەنها کراسێك؛ ئافرەتەکە کە دەڕۆیشت هاوسەنگیی خۆیی دەپاراست و، ماسولکەکانی پشتی دیار بوو دەلەرزین. ئەم ئافرەتە ئاوەکەی لە کۆلیتەکە بردە ژوورەوە. تۆزێك دوای ئەوە، تاتارە ریش سوورەکەی دوێنێ هاتە دەرەوە، کراسێکی ئاورێشمیی شۆڕی لەبەردا بوو، خنجەرێکی مشت زیوی بەلادا کردبوو، پێڵاوی بە پێی پەتی لەپێ کردبوو و، کڵاوێکی رەشی دروستکراو لە پێستەی مەڕی لە سەردا بوو کە زۆر بۆ پشتەوە لار ببووەوە. هاتە دەرەوە و خۆیی کێش هێنا و، ریشە سوورەکەیی تەکاند. کەمێك وەستا، ئینجا فەرمانێکی بە نۆکەرەکەی دا و، لێی دا رۆیشت.

ئینجا دوو مێردمنداڵ کە لە ئاودانی ئەسپەکانیان دەهاتنەوە بەوێدا تێپەڕین، دەم و قەپۆزی ئەسپەکانیان تەڕ بوون. چەند منداڵێکی دیکەی سەر تاشراوی گەڵ و قوون رووت کە جگە لە تەنها کراسەکانیان هیچی دیکەیان لەبەردا نەبوو، هاتنە دەرەوە. هەموویان جەم بوونەوە، بەرەو لای تەویلەکە هاتن و، لقە دارێکیان هێنا و، لە درزەکەیان رادەکرد. ژیلین هاوارێکی بەسەردا کردن و، کوڕەکان قیژاندیان و هەڵهاتن، کاتێك رایان دەکردن ئەژنۆ بچکۆلانە رووتەکانیان دەدرەوشایەوە.

ژیلین زۆری تینوو بوو؛ گەرووی وشك ببوو و، لە خەیاڵی خۆیدا دەیووت: "خۆزگە هاتبان و تەماشایەکی حاڵیان کردبام."

دواتر گوێی لێ بوو کەسێك دەرگای تەویلەکەی دەکردەوە. تاتارە ریش سوورەکە هاتە ژوورەوە و، لەگەڵیشیدا پیاوێکی بچوکتر هاتە ژوورەوە کە ئەسمەرێکی چاو رەش و گەشی کوڵم سووری ریش کورت بوو. کابرایەکی رووخۆشی دەم هەمیشە بە پێکەنین بوو. ئەم پیاوە تەنانەت لەوی دیکە شیك و پۆشتەتر بوو. کراسێکی ئاورێشمی شینی نەخشێنراو بە رەنگی ئاڵتونیی لەبەردا بوو، خنجەرێکی گەورەی زیوینی بە قایشەکەیەوە کردبوو، خوفیکی سووری مەغریبیی بە زیو نەخشینراوی لە پێدا بوون و، لەسەر ئەمەشە جووتێك پێڵاوی ئەستووری لە پێ کردبوون و، کڵاوێکی سپیی لە پێستە دروستکراوی لەسەردا بوو.

کە تاتارە ریش سوورەکە هاتە ژوورەوە، شتێکی مینگاندەوە وەك بڵێیت پەست کرابێت و، پاڵی دا بە ستوونی دەرگاکەوە و گەمەی بە خنجەرەکەی دەکرد و، وەکو گورگ بە قوونکە چاوەوە لە ژیلینی دەنۆڕی. پیاوە ئەسمەرەکە، چوست و چالاك هەر وەك ئەوەی بە سەر ئیسپرینگەوە بێت، راست و راست بەرەو لای ژیلین هات و، بە چینچکەوە لە بەردەمیدا دانیشت، زللەی لە سەر شانی دەدا و بە زمانی خۆی و زۆر بە خێرایی دەستی بە قسەکردن کرد. ددانەکانی دەردەخستن و، بەردەوام چاوی دەپرتاندا و مڵچەی لە زمانی دەهێنا و هەر ئەمەی دووبارە دەکردەوە: "رووسی چاك، رووسی چاك."

ژیلین تاقە وشەیەکیش چییە، تێنەدەگەیشت، لەگەڵ ئەوەشدا پێی ووت: "ئاو! ئاوم بدەنێ بیخۆمەوە!"

پیاوە ئەسمەرەکە تەنها پێدەکەنی و، دەیووت: "رووسی چاك." ئینجا بە زمانی خۆی لە قسەکردن بەردەوام بوو.

ژیلین بە دەم و دەستی ئاماژەی ئەوەی دەربڕی کە پێویستی بە خواردنەوەیەکە بیخواتەوە.

پیاوە ئەسمەرەکە لێی تێگەیشت و پێکەنی. ئینجا لە دەرگاکەوە تەماشای دەرەوەی کرد و، بانگی لە یەکێك کرد: "دینا!"

کیژۆڵەیەك بە راکردن هاتە ژوورەوە؛ نزیکەی سێزدە ساڵان دەبوو، لاوازێکی باریکەڵەی دەموچاو ئەسمەری تاتاری بوو. وا دیارە کە کچی خۆی بوو. ئەویش جووتێك چاوی رەشی گەش و دەموچاوێکی جوانی هەبوو. ئەویش کراسێکی شینی شۆڕی قۆڵ و مچ بەرینی لەبەردا بوو، بە بێ پشتێن. لێوار و سەرمچەکان و بەرۆکی کراسەکەی بە رەنگی سوور نەخشێنرابوون. شەرواڵ و گۆرەویی لە پێدا بوون و، لەسەرەوەی گۆرەوەییەکەش جووتێك پێڵاوی قایمتر و پاژنە بەرزی لە پێدا بوون. ملوانکەیەکی دروستکراو لە لیرەی زیوینی رووسیی لە گەردندا بوو. سەری کۆت بوو و، قژە رەشەکەیی بە قردێلەی سوور و خشڵی زاخدراو و لیرەی زیوی بە کەزییەکانییەوە کردبوو.

باوکی فەرمانێکی پێی دا و، ئەویش رایکردە دەرەوە و بە دۆڵەکەیەکی کانزاییەوە هاتەوە. ئاوەکەی دایە دەست ژیلین و خۆیشی وەها بە چیچکەوە دانیشت ئەژنۆکانی تا ئاست سەری بەرز کردبووەوە و، لەوێدا بە چاوی کراوەوە تەماشای ژیلینی دەکرد کە وەك ئاژەڵێکی کێوی ئاوی دەخواردەوە.

کە ژیلین دۆڵەکە بەتاڵەکەی دایەوە دەستی، کیژەکەش وەها وەکو بزنێکی کێوی لە پڕ هەڵپەڕییە دواوە، باوکیی هێنایە پێکەنین. باوکی ئەوی بۆ شتێکی دیکە نارد. دۆڵەکەکەی برد و رایکردە دەرەوە و هاتەوە و هەندێ نانی فەتیرەی لەسەر سینییەك هێنا و، دیسانەوە دانیشت و زاق تەماشای دەکرد.

ئینجا پیاوە تاتارەکان چوونە دەرەوە و دەرگاکەیان قوفڵ دایەوە.

پاش ماوەیەك، نۆکەرە نۆگاییەکە هات و پێی ووت: "ئایدا، سەردارمان، ئایدا!"

نۆکەرەکەش هیچ رووسیی نەدەزانی. ژیلین تەنها ئەوەی لێ گەیشت کە پێی ووترا دەبێت بۆ جێیەك بچێت.

ژیلین دوای نۆگاییەکە کەوت، بەڵام دەشەلی، کۆتەکان وەها پێیەکانی هێنابووە یەك بە ئەستەم دەیتوانی هەنگاو هەڵهێنێت. کە لە تەویلەکە چووە دەرەوە، گوندە تاتارەکەی بینی کە نزیکەی دە ماڵێك دەبوون لەگەڵ پەرستگایەکی تاوەر بچوك. سێ ئەسپی زینکراو لە بەردەم یەکێك لە ماڵەکان راگیرابوون؛ کوڕە بچوکەکان رەشمەکانیان گرتبوون. تاتارە ئەسمەرەکە لە خانووەکەی هاتە دەرەوە و، بە دەستی ئاماژەی بۆ ژیلین کرد دوای بکەوێت. ئینجا پێکەنی و، بە زمانی خۆیان شتێکی ووت و چووەوە ژوورەوە.

ژیلین هاتە ژوورەوە. ژوورەکە ژوورێکی چاك بوو: دیوارەکان بە نەرمی سواق درابوون. لە نزیك دیواری لای ژوورەوە کۆمەڵێك پێخەوی لە پەڕ دروستکراوی رەنگ کاڵ سەفتە کرابوون؛ دوولای دیوارەکە بە قاڵیی گرانبەهای هەڵواسراو داپۆشرابوون و، لەسەر ئەمانەیشەوە تفەنگ و دەمانچە و شمشێری بە زیو سەقادراو هەڵواسرابوون. لە نزیك یەکێك لە دیوارەکانەوە چاڵە ئاگردانێکی لێبوو کە لە ئاست زەویدا بوو. زەوییەکەش هەر وەکو جێ خەرمان پاك بوو. لە گۆشەیەکەوە رووبەرێکی فراوان بە لباد راخرابوو و، لەسەریشیەوە قاڵی داخرابوون؛ لەسەر قاڵییەکانیشەوە بالیف دانرابوون. لەسەر ئەم بالیفانەش، پێنج پیاوی تاتار دانیشتبوون: پیاوە ئەسمەرەکە، موو سوورەکە و، سێ میوانی دیکە. پێپۆشی ناوماڵەیان لە پێدا بوو و، هەر کامێکیشیان بالیفێکی لە پشت خۆی دانابوو. لە پێشیاندا کولیچەی داروجان لەسەر سینییەکی خڕ و، کەرێی تواوە لە ناو جامێكدا و دۆڵەکەیەك بوزا یان بیرەی تاتاریان دانرابوون. بە دەست لە کولیچە و کەرێکەیان دەخوارد.

پیاوە ئەسمەرەکە راپەڕی و فەرمانی دا ژیلین لە لایەکەوە دابنیشێنرێت، نەك لەسەر قاڵییەکە بەڵکو لەسەر زەوییە رووتەکە و، ئینجا خۆی لەسەر قاڵییەکە دانیشتەوە و، کولیچەی هەرزن و بوزای پێشکەش بە میوانەکانی دەکرد. نۆکەرەکە ژیلینی دانیشاند، ئینجا پێڵاوەکانی خۆیی داکەند و لەو لایەی دەرگاکەوەی دانان کە پێڵاوەکانی دیکەی لێبوون؛ لە نزیك گەورەکانی و لەسەر لبادەکە دانیشت و، تەماشای دەکردن شتیان دەخوارد و، ئەمیش بۆ خۆی لێوی دەلستەوە.

تاتارەکان تا ئارەزوویان شکا خواردیان و، دوای ئەوە ئافرەتێك کە بە هەمان شێوەی کیژۆڵەکە جلی لەبەردا بوو، بە کراسێكی شۆڕ و شەرواڵ و لەچکێکی بەسەرەوە، هات و بەرماوەکەی هەڵگرت و، ئینجا تەشتێکی جوان و مەسینەیەکی مل باریکی هێنا. تاتارەکان دەستنوێژیان گرت و نوێژەکانیان کرد. پاش ئەوەی بۆ ماوەیەکی زۆر قسەیان کرد، یەکێك لە میوانەکان بەری کردە لای ژیلین و بە رووسی لەگەڵیدا دەستی بە قسەکردن کرد.

"تۆ لەلایەن قازی محەمەدەوە دەستگیر کراویت،" بە ژیلینی ووت و ئاماژەی بۆ تاتارە ریش سوورەکە کێشا. "قازی محەمەدیش تۆی داوە بە عەبدول مورات،" دەستی بۆ پیاوە ئەسمەرەکە کێشا. "عەبدوڵ مورات ئیدی سەرداری تۆیە."

ژیلین نقەی لێوە نەهات. ئینجا عەبدوڵ مورات دەستی بە قسان کرد و پێدەکەنی و رووی لە ژیلین دەکرد و ئەمەی دووبارە دەکردەوە: "سەربازی رووس. رووسی چاك."

وەرگێڕەکە پێی ووت، "فەرمانت پێ دەکات نامەیەك بۆ ماڵەوە بنوسیت و پێیان بڵێیت فیدیەیەکەت بۆ بنێرن و، هەر کە پارەکەیشت گەیشت، ئازادت دەکات."

ژیلین بۆ ساتێك بیری کردەوە و، ئینجا ووتی، "چەندی فیدیە دەوێت؟"

تاتارەکان کەمێك لەناو خۆیاندا دوان و، ئینجا وەرگێرەکە ووتی، "سێ هەزار روبڵ."

"نەخێر،" ژیلین پێی ووتن، "ناتوانم، هێندە زۆرم پێ نادرێت."

عەبدوڵ راپەڕی و دەستی رادەوەشاند و قسەی بۆ ژیلین دەکرد، وەکو جارەکەی پێشتر هەر وەك بڵێی لێی تێدەگات. وەرگێڕەکە قسەکەی بۆ وەرگێڕا: "چەند پارە دەدەیت؟"

ژیلین کەمێك تێڕاما و ووتی، "پێنج سەد روبڵ." ئا لەمەدا، تاتارەکان لەگەڵ خۆیان بە خێرایی کەوتنە قسەکردن. عەبدول دەستی کردە قیڕاندن بەسەر ریش سوورەکە و، ئەوەندە خێرا چەنەی دەدا تف لە دەمییەوە دەردەپەڕی. ریش سوورەکە تەنها چاوی خۆیی دەبردە قووتەوە و مڵچەی لە زمانی دەهێنا.

پاش ماوەیەك ئارام بووەنەوە و، وەرگێڕەکە ووتی، "پێنج سەد روبڵ بۆ ئاغا بڕێکی ئەوەندە نییە. ئەو خۆی دوو سەد روبڵی بۆ تۆ داوە. قازی محەمەد قەرزباری ئەو بووە و، تۆی لە بری قەرزەکە داوە. سێ سەد روبڵ هێندە نییە! لەوە کەمتر، هیچ چارەت نادات. ئەگەر نەتەوێت نامەکە بنوسیت، ئەوا دەخرێیتە چاڵێکەوە و شەلاقکاری دەکرێیت!"

"وایە!" ژیلین لە بیری خۆیدا دەیووت، "چەند زیاتر لێیان بترسیت، خراپتر دەکەوێتەوە."

قاچی خۆیی راتەکاند و، ووتی، "بەو سەگە بڵێ ئەگەر دەیەوێت بمترسێنێت، ئەوا نامەکە هەر نانوسم و، هیچیشی دەست ناکەوێت. هەرگیز لە ئێوەی سەگ نەترساوم و ناشترسم!"

وەرگێڕەکە قسەکەی وەرگێڕا و، ئەوانیش یەکسەر دەستیان بە قسە کردەوە.

بۆ ماوەیەکی زۆر چەنەچەنیان کرد و، ئینجا پیاوە ئەسمەرەکە راپەڕی و هاتە لای ژیلینەوە و پێی ووت: "رووسی ژیگیت، رووسی ژیگیت!" (ژیگیت لە زمانی ئەواندا واتە 'ئازا'). پێکەنی و شتێکی بە وەرگێڕەکە ووت و، ئەویش وای وەرگێڕا: "یەك هەزار روبڵ قایلی دەکات."

ژیلین تێیدا مابوو: "لە پێنج سەد روبڵ زیاتر نادەم. ئەگەریش بمکوژیت، خۆ هیچ دەست ناکەوێت."

تاتارەکان ماوەیەك قسەیان کرد و، ئینجا نۆکەرەکەیان ناردە دەرەوە شتێك بهێنێت و، هەر تەماشایان دەکرد، جارێك تەماشای ژیلین و جارێکی دیکەش دەرگاکە. نۆکەرەکە گەڕایەوە و، کابرایەکی کەڵەگەتی پێ پەتیی و جل شڕی لەگەڵ خۆیدا هێنا، کە ئەویش کۆت کرابوو.

ژیلین بە سەرسووڕمانەوە هەنسکێکی دا: ئەوە خۆ کۆستیلینە. ئەویش گیراوە. لە تەنیشت یەکدییەوە دانران و، دەستیان کردە گێڕانەوە ئەوەی بەسەریاندا هاتبوو. کاتێك ئەمان قسەیان دەکرد، تاتارەکان بە بێدەنگی تەماشایان دەکردن. ژیلین باسی ئەوەی کرد کە چیی بەسەردا هاتبوو و، کۆستیلینیش ئەوەی باس کرد چۆن ئەسپەکەی خیکی کردبوو و تفەنگەکەی چرۆکی کردبوو و، ئەم عەبدولە خۆی هەڵیکوتایە سەری و دەستگیری کرد.

عەبدول هەڵپەڕییە سەرپێ و رووی لە کۆستیلین کرد و شتێکی ووت. وەرگێرەکە وای وەرگێڕا کە هەردووکیان ئێستا هی یەك سەردارن و، ئەوەی یەکەم جار پارەی فیدیەکە بدات ئازاد بکرێت.

"کەواتە،" بە ژیلینی ووت، "خۆت تووڕە دەکەیت، بەڵام ئەوەتا هاوەڵەکەت چەند دەستکراوەیە؛ نامەی بۆ ماڵەوە نوسیوە و پێنج هەزار روبڵی بۆ دەنێرن. بۆیە خواردنی باشی پێ دەدرێت و مامەڵەی چاکی لەگەڵدا دەکرێت."

ژیلین وەڵامی دایەوە: "هاوەڵەکەم بە حەزی خۆی دەکات؛ لەوانەیە ئەو هەیبێت و، من نیمە. دەبێت هەر وەکو ئەوە بێت کە ووتم. بمکوژە، ئەگەر حەز دەکەیت، ئەوجا بەوە هیچت چنگ ناکەوێت؛ من نامە بۆ پێنج سەد روبڵ زیاتر نانوسم."

هەموویان بێدەنگ بوون. لە پڕێکدا عەبدول هەڵپەڕییە سەر پێ و چوو سندوقچەیەکی هێنا، پێنوسێك و مرەکەب و پارچە کاغەزێکی دەرهێنا و، دانی بە ژیلین و، زللەیەکی لەسەر شانی دا و، هێمای بۆی کرد کە دەبێت بینوسێت. بە پێنج سەد روبڵەکە رازی بووبوو.

"کەمێك راوەستە!" ژیلین بە وەرگێڕەکەی ووت، "پێی بڵێ کە دەبێت بە رێکوپێکی خواردنمان پێ بدات و، پۆشاك و پووتی باشمان بۆ دابین بکات و، لێبگەڕێت پێکەوە بین. ئاوا بۆ ئێمە خۆشتر دەبێت. دەبێت ئەم کۆتانەشمان لە پێ بکاتەوە." ئینجا ژیلین تەماشایەکی سەردارەکەی خۆی کرد و پێکەنی.

سەردارەکەش پێکەنی و گوێی لە وەرگێڕەکە گرت و ئینجا ووتی: "باشترین جلوبەرگ و، یەکی کەڕەکێك و، پووتی وەهایان دەدەمێ بۆ ژنهێنان بشێن. هەروەکو شازادە نانیان دەدەم و، ئەگەریش پێیان خۆشە بە یەکەوە لە تەویلەکە بۆ خۆیان بە یەکەوە بن. بەڵام ناتوانم کۆتەکانیان لێ بکەمەوە، رەنگە هەڵبێن. لەگەڵ ئەوەشدا، دەکرێت لە شەواندا دابکەنرێن." ئینجا گورج هەستا و زللەیەکی لەسەر شانی ژیلین دا و بە دەنگی بەرز پێی ووت: "تۆ باش، من باش!"

ژیلین نامەکەی نوسی، بەڵام بۆ ناونیشانێکی هەڵە، بۆ ئەوەی نەگات بە مەقسەد، چونکە لە زیهنی خۆیدا دەیووت، "هەر هەڵدێم!"

ژیلین و کۆستیلین برانە تەویلەکە و هەندێ شۆربای گەنمەشامییان پێ درا، لەگەڵ دۆڵەکەیەك ئاو و هەندێك نان و، دوو کەڕەکی کۆن و هەندێ پووتی دڕاوی سەربازی، پێدەچوو لە تەرمی سەربازە رووسییەکانیانەوە کردبێتەوە. بۆ شەو، زنجیربەندەکان لە پێیان کرایەوە و، بە شتێکی ناو تەویلەکە بەسترانەوە.

 

 

            ٣

ژیلین و هاوڕێیەکەی بۆ ماوەی مانگێك بەم شێوەیە ژیان. سەردارەکەیان هەمیشە پێدەکەنی و دەیووت: "تۆ ئیڤان باش! من عەبدول باش!" بەڵام بە خراپی خواردنی پێ دەدان، هیچی دیکەی پێ نەدەدان جگە لە نانی فەتیرەی ئاردی هەرزنی وەکو کولێرە برژێنراو، یان هەندێ جاریش تەنها هەویری نەبرژاوی پێ دەدان.

کۆستیلین بۆ جاری دووەم نامەی بۆ ماڵەوە نوسییەوە و، هیچی نەدەکرد جگە لەوەی تەنها خەمی دەخوارد و چاوەڕێی پارەکەی دەکرد بگاتە دەستی. لە تەویلەکەدا بۆ چەندین رۆژ بەسەر یەکەوە دادەنیشت و تەنها دەخەوت یان ئەو رۆژانەی دەژمارد کە کەی نامەیەك بگات.

 ژیلین دەیزانی نامەکەی خۆی بە دەستی کەس ناگات و، نامەی دیکەیشی نەنوسی. لە خەیاڵی خۆیدا دەیووت: دایکم لە کوێ دەتوانێت هێندە پارەی دەست بکەوێت بە فیدیەی منی بدات؟ ئەو خۆی بە زۆری بەوە دەژیت کە من بۆم رەوانە دەکرد. ئەگەر ناچار بکرێت پێنج سەد روبڵ جەم بکاتەوە، هەر بە تەواوی لەناو دەچێت. بە یارمەتی خودا وای رێك دەخەم بۆ خۆم هەڵبێم!"

بۆیە بەردەوام بوو لەوەی هەمیشە تەماشای دەرەوە بکات و پلانی هەڵهاتنەکەی دابڕێژێت.

بۆ خۆی بە نێو گوندەکەدا دەسووڕایەوە و فیکەی لێدەدا؛ یان دادەنیشت و لە قووڕ بووکەڵەی دروست دەکردن یان بە چلە دار سەبەتەی دروست دەکرد؛ ژیلین دەست و پەنجەیەکی رەنگینی هەبوو.

جارێکیان بووکەڵەیەکی دروست کرد و لووت و دەست و پێی و کراسەکەی وەکی هی تاتاران بوو و، لەسەر سەربانەکەی داینابوو. کاتێك ژنە تاتارەکان بۆ ئاوهێنان دەچوون، دینای کچی سەردارەکەی، بووکەڵەکەی بینی و ئافرەتەکانیشی لێ ئاگادار کردەوە؛ ئەوانیش منەجەڵەکانیان دانا و راوەستان و تەماشایان دەکرد و پێدەکەنین. ژیلین بووکەڵەکەی داگرت و بۆ ئەوانی درێژ کردەوە. ئەوانیش هەر پێدەکەنین و، نەیاندەوێرا وەریبگرن. ئەویش بووکەڵەکەی دانا و چووەوە ناو تەویلەکە و، چاوەڕێی کرد بزانێت چی روودەدات.

دینا بۆ لای بووکەڵەکە هەڕای کرد و تەماشایەکی دەوروبەری کرد و هەڵیگرت و هەڵهات.

بۆ بەیانی و لە کاتی رۆژهەڵهاتندا، تەماشایەکی دەرەوەی کرد. دینا لە ماڵ هاتبووە دەرەوە و لە بەردەم دەرگاکە دانیشتبوو و بووکەڵەکەیی پێبوو و بە پارچەیەکی سوور دایپۆشیبوو و هەر وەکو کۆرپەیەك دەیشەکاندەوە و لایەلایەی تاتاریی بۆ دەووت. ئافرەتێکی پیر هاتە دەرەوە و دینای سەرزەنشت کرد و بووکەڵەکەی لە دەستی ستاند و فڕێی دا، پارچە پارچە بوو و، ئینجا دینای بە دوای کارێکی خۆیدا نارد.

بەڵام ژیلین بووکەڵەیەکی دیکەی دروست کرد، کە لە هی یەکەم جوانتر بوو و، بە دینای دا. جارێکیان دینا دۆڵەکەیەکی بچوکی بۆی هێنا و، لەسەر زەوییەکەی دانا و خۆی دانیشت بە دیارییەوە و، پێدەکەنی و ئاماژەی بۆ دۆڵەکەکە دەکرد.

"ئەوە چی وا خۆشحاڵی دەکات،" ژیلین نەیدەزانی چییە. دۆڵەکەکەی هەڵگرت و وای زانی کە ئاوە، بەڵام دەرچوو کە شیری تێدایە. شیرەکەی خواردەوە و ووتی: "ئەوە زۆر باشە!"

دینا چەند خۆشحاڵ بوو! "باشە، ئیڤان، باشە!" وەهای بە ژیلین ووت و، هەستا و چەپڵەیەکی لێدا. ئینجا دۆڵەکەکەی هەڵگرت و رۆیشت. دوای ئەوە، هەموو رۆژێك بە دزییەوە کەمێك شیری بۆی دەهێنا.

تاتارەکان جۆرە پەنیرێك لە شیری بزن دروست دەکەن و لە سەربانی خانووەکانیان وشکی دەکەنەوە؛ هەندێك لەم پەنیرەیشی بۆ ژیلین دەهێنا. جاریکی دیکە، کاتێك عەبدول مەڕێکی سەربڕیبوو، هەندێ گۆشتی لەناو مچی کراسەکەیدا بۆ هێنابوو. ئەو هەمیشە شتەکانی خێرا دادەنا و بۆی دەردەچوو.

رۆژێکیان تۆفانێکی سەخت بوو و بۆ کاتژمێرێکی تەواو بارانەکە بە لێزمە و بە خووڕ دەباری. گشت جۆگەئاوەکان لێڵ و تەڵخ بوون. بەشە تەنکاییەکەی روبارەکە تا حەوت پێ بەرز بووبووەوە و، تەوژمەکەی هێندە بەهێز بوو بەردی پل دەدا. ئاو لە گشت پەل و جۆگەیەك هەستا و، هاژەیان لە گردەکاندا هەرگیز نەدەوەستانەوە. کاتێك باوبۆرانەکە هێور بووەوە، ئاو لە جۆگەلەکانەوە بەرەو خوار جادەی گوندەکە دەڕۆیشت. ژیلین سەردارەکیی قایل کرد چەقۆیەکی پێ بدات؛ بەو چەقۆیە لوولەکێکی داتاشی و هەندێ تەختەی بچوکی بڕی و چەرخێکی دروست کرد و دوو بووکەڵەی پێوە نوساند، هەر یەکە و لە لایەك. منداڵە کچەکانیش هەندێ پارچە قوماشیان بۆ هێنا و، ئەمیش کردییە بەر بووکەڵەکان، یەکێکیان وەکو جوتیارێك و ئەوی دیکەش وەکو ژنە جەتیارێك. ئینجا لە جێگای خۆیاندا جێگیری کردن و چەرخەکەی وەها دانا جۆگەکە بیجووڵێنێت. چەرخەکە دەسووڕایەوە و بووکەلەکان سەمایان دەکرد.

گشت گوندەکە لە دەوری کۆبوونەوە. کچ و کوڕی منداڵ، ژن و پیاوە تاتارەکان، هەر هەموویان هاتن و مڵچەیان لە زمانیان دەردەهێنا و دەیانووت: "هەی لەو رووسە! هەی لە ئیڤان!"

عەبدوڵ کاتژمێرێکی رووسیی هەبوو کاری نەدەکرد. بانگی ژیلینی کرد و پێی نیشان دا و، زمانی بۆی تەقاند.

ژیلینیش پێی ووت، "بمدەرێ، بۆتی چاك دەکەمەوە."

بە چەقۆکە گشت پارچەکانی کردەوە و، تێکی کردنەوە و دووبارە پێکەوەی بەستنەوە و، کاتژمێرەکە کەوتە کار.

سەردارەکەی پێی خۆشحاڵ بوو و، بۆ ئەوە دیارییەکی پێی دا کە یەکێك بوو لە بەدلە کۆنەکانی خۆی و، هەموویشی کون کون بوو. ژیلین دەبوو قەبوڵی بکات. هەرچۆنێك بێت، دەتوانێت بۆ شەوان بە خۆییدا بدات.

پاش ئەوە، ناوبانگی ژیلین بڵاو بوویەوە و، تاتارەکان لە گوندە دوورەکانەوە دەهاتن و جارێك تفەنگ یان دەمانچەی جامکردوویان دەهێنا و جارێکی دیکەش، کاتژمێریان بۆ دەهێنا چاکیان بکاتەوە. سەردارەکەی هەندێ کەرەستەی پێی دا، وەکو گاز، تەختە کوونکەر و مەورەیەکیش.

رۆژێکیان کابرایەکی تاتار نەخۆش کەوت و، هاتن بە ژیلینیان ووت، "وەرە و چاکی بکەرەوە!" ژیلین هیچی لەبارەی پزیشکییەوە نەدەزانی، لەگەڵ ئەوەشدا لەگەڵیان رۆیشت تەماشایەکی بکات و، بە خۆیی دەووت، "هەرچۆنێك بێت، رەنگە سەری لێی دەربچێت."

گەڕایەوە بۆ تەویلەکە و، هەندێ لم و ئاوی تێکەڵ کرد و، لەبەرچاوی تاتارەکاندا هەندێ وشەی بە چپەوە ووتەوە و بە کابرای نەخۆشی دا بیخواتەوە. لە بەختی ئەمدا، تاتارەکە چاك بوویەوە.

ژیلین خەریك بوو تاك و تەرا لە زمانەکەیانی هەڵدەگرت و، هەندێ لە تاتارەکان ئاشنایەتیان لەگەڵیدا پەرە پێدا. هەر کاتێك کارێکیان پێی هەبووایە، بە "ئیڤان، ئیڤان!" بانگیان دەکرد. هەندێکیشان هەر وەك سەیری دڕندەیەکی کێوی بکەن، وەها بە بوغزەوە تەماشایان دەکرد.

تاتارە ریش سوورەکە کەیفی بە ژیلیندا نەدەهات. هەر کاتێك بیبینیایە، مۆڕەی لێ دەکرد و رووی وەردەگێڕا، یانیش جوێنی پێی دەدا. پیاوێکی دیکەی لێبوو، لە گوندەکەدا نەدەژیا، بەڵام هەمیشە لە بناری گردەکەوە دەهات. ژیلین تەنها ئەو کاتە ئەوی بینی کە بە لایدا تێپەڕێ و بەرەو مزگەوتەکە چوو. پیاوێکی کورتەباڵا بوو و، پەڕۆیەکی سپیی بە دەوری کڵاوەکەیەوە کردبوو. ریش و سمێلی کورت کردبوون و هەر وەکو بەفر سپی بوون؛ دەموچاویشی لۆچ لۆچ و وەکو خشت سوور بوون. لووتی وەکو دەنوکی هەڵۆ بوو و، چاوە خۆڵەمێشییەکانیشی دڕ دیار بوون و، هیچ ددانێکی نەبوو جگە لە جووتێك کەڵبە. بە عەمامەکەی سەریەوە، خۆی دەدا بەسەر داردەستەکەی و بەوێدا تێدەپەڕی و، وەکو گورگ چاوی لە دەوروبەر دەکرد. ئەگەریش ژیلینی دیتبا، لە تووڕەییدا مشەیەکی دەکرد و رووی وەردەگێڕا.

جارێکیان ژیلین لە گردەکە چووە خوارەوە ببینێت ئەو پیرە پیاوە لە کوێ دەژیت. بە رێگاکەدا چووە خوارەوە و گەیشتە باخێکی بچوك بە دیواری بەردین پەرژین کرابوو و، لەو دیو دیوارەکەوە داری گێلاس و قەیسیی بینی، هەروەها کۆلیتەیەکی سەرمیچ تەختیش. نزیك بووە و چاوی کەوت بە هەندێ کوورەی هەنگ کە بە پووشی چنراو دروست کرابوون و، هەنگەکان دەخولانەوە و گیزەیان دەهات. پیرەپیاوەکە چەمابووەوە و خەریك بوو شتێکی لە کوورەیەك دەکرد. ژیلین خۆی درێژ کردەوە بیبینێت و، زنجیربەندەکانی خڕەیان هات. پیرەمێردەکە لای کردەوە و هاوارێکی بەسەردا کرد و، دەمانچەکەی لە پشتێنەکەی دەرهێنا و تەقەیەکی لە ژیلین کرد؛ ئەمیش تۆزێك پێش ئەوە خۆیی لە پشت دیوارە بەردەکە بە باشی پەنا دا.

پیاوە پیرەکە چووە لای سەردارەکەی ژیلین گلەییی لێبکات. سەردارەکەی بانگی ژیلینی کرد و، بە پێکەنینەوە پێی ووت، "بۆ چی چوویتەتە ماڵی ئەو پیاوە پیرە؟"

ژیلینیش وەڵامی دایە، "هیچ ئازارێکم بۆی نەبووە. تەنها ویستم بزانم چۆن دەژیت."

سەردارەکە، هەمان قسەکەی ژیلینی دووبارە کردەوە.

بەڵام پێرەمێردەکە هەڵچووبوو و، فیشکەی دەهات و چەنەی دەدا و، کەڵبەکانی نیشان دەدا و مشتی لە ژیلین رادەوەشاند.

ژیلین لە هەمووی تێنەدەگەیشت، بەڵام ئەوەی لەو پیاوە پیرە هەڵچنی بە عەبدولی دەووت کە نابێت ئەو رووسانە لە گوندەکەدا بهێڵێتەوە و، بەڵکو پێویستە بیانکوژێت. پاشان پیاوە پیرەکە رۆیشتەوە.

ژیلین لە سەردارەکەیی پرسی ئەو پیاوە پیرە کێیە.

سەردارەکەی بۆی باس کرد، "ئەو پیاوێکی مەزنە. کاتی خۆی ئازاترین پیاوی ئێمە بووە. ژمارەیەکی زۆر رووسی کوشتووە و سەردەمانێك زۆر دەوڵەمەند بوو. سێ ژن و هەشت کوڕی هەبوون و هەموویان لە یەك گونددا دەژیان. ئینجا رووسەکان هاتن و گوندەکەیان خاپوور کرد و حەوتیان لە کورەکانی کوشت. تەنها کوڕێکی مایەوە و ئەویش خۆی بەدەست رووسەکانەوە دا. پیاوە پیرەکەش چوو و خۆیی بەدەستەوە دا و بۆ ماوەی سێ مانگ لەناو رووسەکاندا ژیا. لە کۆتاییدا کوڕەکەیی دۆزییەوە و، بە دەستەکانی خۆی کوشتی و، ئینجا هەڵهات. پاش ئەوە وازی لە شەڕ هێنا و، بۆ خوداپەرستی چوو بۆ مەککە؛ لەبەر ئەوەیە کە عەمامەی بە سەرەوەیە. کەسێك چووبێت بۆ مەککە، پێی دەووترێت "حاجی" و عەمامە لەسەر دەکات. ئەو حەزی لە خەڵکی ئێوە نییە. پێم دەڵێت بتکوژم. بەڵام من ناتوانم  تۆ بکوژم. پارەم پێ داویت و، سەرەڕای ئەوەش وام لێهاتووە خۆشم دەوێیت، ئیڤان. نەك هەر ئەوەی کە بتکوژم، تەنانەت ئەگەر بەڵێنیشم پێ نەدابایتایە لێنەدەگەڕام بڕۆیت." ئینجا پێکەنی و بە رووسی ووتی، "ئیڤان تۆ باش؛ من عەبدول باش!"

 

 

            ٤

بەم شێوەیە ژیلین ماوەی مانگێکی بەسەر برد. بە رۆژ، لە گوندەکەدا دەگەڕا یان خۆیی بە کارێکی دەستییەوە سەرقاڵ دەکرد و، لە شەوانیشدا کاتێك کە گوندەکە کشومات دەبوو، لە نێو تەویلەکەدا چاڵی لە زەوییەکەدا هەڵدەکەند. چاڵکردنەکەی بە هۆی ئەو هەموو بەردانەوە کارێکی ئاسان نەبوو، بەڵام بە مەورەکەی هەڵیدەکەندن و، لە کۆتاییدا چاڵێکی هێندە گەورەی بە ژێر دیوارەکەوە لێدا ئەوندە ببێت پێیدا بڕوات.

لە خەیاڵی خۆیدا دەیووت، "تەنها بەس ئەوەندەم زانیبا ئێرە دەکەوێتە کوێوە و دەبێت چ رێگایەك بگرمە بەر! خۆ هیچکام لە تاتارەکانیش ئەمەم پێ ناڵێن."

بۆیە رۆژێکی هەڵبژارد کە سەردارەکەی لە ماڵەوە نەبێت و، پاش نیوەڕۆکەی چووە سەر گردەکەی پشت گوندەکە چاوێك بە دەوروبەردا بگێڕێت. بەڵام سەردارەکەی هەر جارێك پێش ئەوەی لە ماڵ دەربچێت فەرمانی بە کوڕەکەی دەدا چاودێری ژیلین بکات و، چاوی لەسەر لانەدات. بۆیە، کوڕەکە بە راکردن دوای ژیلین کەوت و هاواری دەکرد: "مەڕۆ ژیلین! باوکم رێگەت پێ نادات. بانگی دراوسێکان دەکەم، ئەگەر نەگەڕێیتەوە."

ژیلین هەوڵی دا قایلی بکات و، پێی ووت، "زۆر دوور ناڕۆم؛ تەنها دەمەوێت بچمە سەر ئەو گردە. دەمەوێت گیایەك بدۆزمەوە، بۆ چاککردنەوەی خەڵکی نەخۆش. ئەگەر حەز دەکەیت لەگەڵمدا وەرە. من چۆن دەتوانم بەم کۆتانەوە هەڵبێم؟ بۆ بەیانی تیر و کەوانێکت بۆ دروست دەکەم."

بەم جۆرە کوڕەکەی قایل کرد و رۆیشتن. کە تەماشای گردەکە دەکرد، وا دیار نییە تا سەرەوە زۆر دوور بێت؛ بەڵام زۆر زەحمەتە بە پێی بە زنجیرەوە بڕۆیت. ژیلین هەر سەردەکەوت و سەردەکەوت، بەڵام هەموو شتێکی لەدەست بێت تەنها ئەوە بوو بگاتە ترۆپکەکەی. لەوێ دانیشت و تێبینیی هەڵکەوتەی زەوییەکەی کرد. لە لای باشور و لە پشت تەویلەکەوە، شیوێك بوو گەلە ئەسپێکی تێدا دەلەوەڕان و لەلای خوارەوەیشیدا ئاووڵە گوندێکی دیکە دەبینرا. لەودیویشییەوە، گردێکی لێژتر و لە پشت ئەویش گردێکی دیکە. لە نێوان گردەکانەوە و لە دوورەوە دارستانەکان دەبینران و، زۆر دوورتریش چیاکان بەرز و بەرزتر دیار بوو. بەرزتریان بەفری وەکو شەکر سپیی بەسەرەوە بوو و، یەك لووتکەی بەفرین لە سەرووی هەموویان دیار بوو. بەرەو رۆژهەڵات و رۆژئاواش هەر گردی لەم جۆرە بوون و، لێرە و لەوی دوکەڵ لەو ئاووڵە گوندانەی نێو شیوەکان بەرز دەبووەوە. "ئای لەوە، هەمووی خۆ هەر وڵاتی تاتارەکانە،" لە خەیاڵی خۆیدا وەهای دەووت و رووی کردە لای سەرزەمینی رووسەکان. لە بن پێیدا و لە بنار گردەکە، روبارێکی بینی، هەروەها ئەو گوندەی تێیدا دەژیا و، بە باخی بچوك بچوك چواردەور درا بوو. ئافرەتەکانی وەکو بووكەڵەی ووردیلە دەبینی کە لە کەنار روبارەکە دانیشتبوون و جلیان دەشۆرد. لەودیو گوندەکەوە گردێك بوو نزمتر لەوەی لای باشور، لە پشت ئەویشەوە، دوو گردی دیکەی پڕ داروبار بوون؛ لە نێوانیشیانەوە دەشتێکی کەمێك شین بوو، دوورتر و لە ئاست ئەو دەشتەوە شتێكی وەك هەورێك لە دوکەڵ دیار بوو. ژیلین هەوڵی دا بە بیری بێتەوە کاتێك لە قەڵاکەدا دەژیا خۆر لە کوێوە هەڵدەهات و لە کوێوە ئاوا دەبوو؛ ئیدی زانی کە هەڵەی نەکردووە: قەلای رووسەکان دەبێت لە دەشتەدا بێت. دەبێت لە نێوان ئەو گردانەوە رێگای خۆی بدۆزێتەوە و هەڵبێت.

 رۆژ لە ئاوابووندا بوو. چیا سپییە بەفرینەکان سوور هەڵگەڕان و گردە تاریکەکان تاریکتر داهاتن؛ تەمومژ لە کەنداڵەکەوە بەرز بووەوە و ئەو دەشتەی کە وای دانابوو قەڵای رووسەکانی لێ بێت لەگەڵ تیشکی رۆژ ئاوابووندا وەها دیار بوو ئاگری تێبەربووبێت. ژیلین بە ووردی تەماشای دەکرد. شتێك لە شیوەکەدا دەلەرییەوە وەك بڵێی دوکەڵێك بێت لە دوکەڵکێشێکەوە بێتە دەر و، هەستی بە دڵنیاییەك دەکرد کە ئیتر قەڵای رووسەکان لەوێدا بێت.

درەنگ کەوتن. دەنگی بانگی مەلا بیسترا. رانەکان سەرەو ماڵ دەکرانەوە، مانگاکانیش دەیانبۆڕاند و، کوڕەکەش بەردەوام دەیووت، "وەرە، با بڕۆینەوە!" بەڵام ژیلین هەستی نەدەکرد مەیلی رۆیشتنەوەی هەبێت.

دواجار هەردووکیان گەڕانەوە. ژیلین بیری دەکردەوە، "باشە، ئێستا کە رێگاکە دەزانم، کاتی ئەوەیە بۆی هەڵبێم." وای بیر دەکردەوە هەر ئەو شەوە هەڵبێت. شەوانی تاریك بوون و مانگیش کز. بەڵام لە بەدبەختی ئەمدا، ئەو ئێوارەیە کابرای تاتار بۆ ماڵ گەڕایەوە. ئەوان کە هەمیشە وڵاخەکانیان دەدایە بەر خۆیان و بە کەیفەوە دەگەڕانەوە بۆ ماڵ. بەڵام ئەم جارەیان لەگەڵ وڵاخەکاندا نەبوون. تەنها شتێکیان لەگەڵ خۆیاندا هێنابێتەوە تەرمی کابرایەکی تاتار بوو، تەرمی براکەی ریش سوورەکە، کە کوژرابوو. کە هاتنەوە تووڕە دیار بوون و، بۆ ناشتنەکە هەموویان کۆبوونەوە. ژیلینیش هاتە دەرەوە تەماشا بکات.

جەنازەکەیان لە پارچەیەکی کەتان پێچا و، بە بێ هیچ تابووتێك، هەڵیانگرت و لە گوندەکە بردیانە دەرەوە و، لە بن دار چنارێك و لەسەر گیاکە دایاننا. مەلاکە و پیاوە بەتەمەنەکان هاتن. هەموویان قوماشێکیان بە دەوری کڵاوەکانیان ئاڵاندبوو و، پێڵاوکانیان داکەند و، چیچکانەوە لە نزیك جەنازەکە دانیشتن.

مەلاکە لە پێشەوە بوو: لە دوای ئەویشەوە ریزێك بوو لە سێ پیرەمێردی عەمامە بەسەر و، لە دوای ئەوانیشەوە تاتارەکانی دیکە بوون. هەموویان چاویان لە زەوی کردبوو و بە بێدەنگی دەانیشتبوون. ئەمە بۆ ماوەیەکی درێژ بەردەوام بوو تا ئەو کاتەی مەلاکە سەری بەرز کردەوە و ووتی "ئەڵڵاه" (واتە خودا). ئەو تاقە وشەیەی ووت و ئەوانیش دیسانەوە چاویان داگرتەوە و بۆ ماوەیەکی درێژ بێدەنگ بوون. تەواو وشك دانیشتبوون، نە دەجووڵان و نە دەنگێکیان لێوە دەهات.

مەلاکە جارێکی دیکە سەری بەرز کردەوە و ووتی، "ئەڵڵاه!" و هەموویان بە دوایدا ووتیان: "ئەڵڵاە! ئەڵڵاه!" و جارێکی دیکە بێدەنگ بوونەوە.

تەرمەکە بێجووڵە لەسەر گیاکە بوو و، ئەوانیش وەها بێجووڵە دانیشتبوون وەك بڵێی ئەوانیش مردوون. هیچکامێکیان نەدەجووڵان. هیچ دەنگێك نەدەهات جگە لە دەنگی گەڵا چنارەکە کە لەبەر با دەشەکانەوە. ئینجا مەلاکە دوعایەکی ووتەوە و، هەموویان هەستان. جەنازەکەیان هەڵگرت و خستیانە چاڵیکەوە. چاڵێکی ئاسایی نەبوو، بەڵکو وەکو خانەیەك لە زەوییەکەدا هەڵکەندرابوو. جەنازەکەیان لە قۆڵ و لاقەکانییەوە هەڵگرت و چەرخاندیانە لاوە و بە ئەسپایی دایاننا و، لەسەر شێوە دانیشتن و دەستەکانی لەسەر یەك و لە پێشەوەی رێك کران و خرایە ژێر خاکەوە.

نۆکەرە نۆگاییەکە هەندێ زەل و قاڕامی سەوزی هێنا و خستیانە ناو چاڵەکە و خێرا بە خاك دایانپۆشی و زەوییەکەیان رێك کردەوە و بەردێکیان لە لای سەری گۆڕەکەوە قیت کردەوە. ئینجا خاکەکەیان کوتایەوە و، دیسانەوە بە ریز بەرانبەر بە گۆڕەکە دانیشتن و بۆ ماوەیەکی زۆر کپ بوون.

لە کۆتاییدا هەستان و ئاهیان بۆ هەڵکێشا و، ووتیان: "ئەڵڵاه! ئەڵڵاه! ئەڵڵاه!"

تاتارە ریش سوورەکە پارەی بە پیاوە پیرەکان دا و، ئینجا خۆیشی هەستا و، قامچییەکی وەرگرت و سێ جاران بەو قامچییە لە نێوچاوانی خۆیی دا و، دواتر گەڕایەوە بۆ ماڵەوە.

بەیانی رۆژی دواتر ژیلین پیاوە ریش سوورەکەی بینی، سێ کەسی دیکەی بە دواوە بوو، مایینێکیان دەبردە دەرەوەی گوندەکە. کە گەیشتنە پشت گوندەکە، تاتارە ریش سوورەکە کەواکەی داکەند و قۆڵی هەڵکرد و بازووە بەهێزەکانی نیشان دا. ئینجا خنجەرێکی دەرهێنا و بە هەسانێك تیژی کرد. پیاوە تاتارەکانی دیکە سەری مایینەکەیان بەرز کردەوە و، ئەمیش قووڕگی بڕی و بە عەردیاندا دا و، دەستیان کردە کەوڵکردنی و بەو دەستە گەورانەی پێستەکەی دادەماڵی. ژنان و کچان هاتن و دەستیان بە شۆردنی ناوسك و گەدە و گیپاڵەکەی کرد. مایینەکە پارچە پارچە کرا و برایەوە بۆ ماڵەوە و، خەڵکی گوندەکە هەموویان لە ماڵی ریش سوورەکە لە بۆنەی تەعزییەکەدا ئامادە بوون.

بۆ سێ رۆژان دەچوون بۆ خواردنی کۆشتی ئەو مایینە و خواردنەوەی بوزا و، هەروەها بۆ نزاکردن بۆ ئەو پیاوە مردووە. هەموو پیاوە تاتارەکان لە ماڵەوە بوون. بۆ رۆژی چوارەم و لە عەسرانە وەختێکدا، ژیلین بینینی خۆیان بۆ رۆیشتن ئامادە دەکەن. ئەسپەکان هێنرابوونە دەرەوە و تەیار کرابوون و، نزیکەی دە پیاوێکیان، لە نێویشیاندا ریش سوورەکە، رۆیشتن؛ بەڵام عەبدول لە ماڵ مایەوە. مانگ لە سەرەتایدا بوو و شەوان هێشتا هەر تاریك بوون.

ژیلین بیری دەکردەوە، "کەواتە، ئەمشەو کاتی هەڵهاتنە." بە کۆستیلینیشی ووت، بەڵام کۆستیلین دەترسا.

"چۆن دەتوانین هەڵبێین؟ ئێمە تەنانەت رێگاکەش نازانین،" کۆستیلین وای پێ دەووت.

ژیلین ووتی، "من رێگاکە دەزانم."

ئەگەر رێگاکەش بزانیت. خۆ ئێمە ناتوانین لە یەك شەودا بە قەڵاکە بگەین."

"ئەگەر نەمان توانی، لە دارستانەکەدا دەخەوین. تەماشای ئێرە بکە، هەندێ پەنیرم هەڵگرتووە. لێرە چ سوودێك دەکەین دانیشین و داخ بخۆین" ئەگەر فیدیەکەی تۆیان نارد، خۆ باشە؛ بەڵام گریمان پێیان نەکرا ئەو پارەیەت بۆ کۆبکەنەوە؟ تاتارەکان ئێستا تووڕەن، چونکە رووسەکان پیاوێکیان لەوان کوشتووە. ئەوان ئێمە دەکوژنەوە."

کۆستیلین بیری لەمە دەکردەوە. "دە باشە، با بڕۆین."

ژیلین خۆی بە کونەکەدا شؤڕ کردەوە و هەندێك بەرینی کردەوە تاوەکو کۆستیلینیش بکێشێت و، ئینجا هەدووکیان دانیشتن چاوەڕێ بکەن تا هەمووان لە گوندەکەدا کڕوکپ دەبن.

هەر کە هەمووان کپ بوونەوە، ژیلین بە خشکە و بە نێو کونەکەدا خۆی کرد بەودیو دوارەکەدا و چپەی بۆ کۆستیلین کرد، "وەرە!" کۆستیلینیش هاتە دەرەوە، بەڵام لە هاتنەدەرەوەیدا پێی لە بەردێکی دا و هاوارێکی کرد. سەردارەکە سەگێکی پاسکەری زۆر دڕی هەبوو کە ناوی قولیاشین بوو. ژیلین پێشتر ئەوەی لە چاو گرتبوو کە خواردنی پێ بدات و رامی بکات. قولیاشین دەنگەکەی بیست و دەستی بە حەپین کرد و تاوی دا و، سەگەکانی دیکەش بە هەمان شێوە. ژیلین فیکەیەکی سووکی بۆی کرد و، پارچەیەك پەنیری بۆی فڕێ دا. قولیاشین ژیلینی ناسییەوە، کلکی لەقاند و، لە وەڕین کەوت.

بەڵام سەردارەکە گوێی لە دەنگی سەگەکە بوو و، هەر لە ماڵەوە بانگی لێ کرد، "هەیت، هەیت، قولیاشین!"

لەو کاتەدا، ژیلین پشتەگوێی قولیاشینی دەخوراند و، بەمەش سەگەکە بێدەنگ بوو و لاقی خۆیی دەلێسایەوە و کلکەلەقەی دەکرد.

بۆ ماوەیەك لە گۆشەیەکدا دانیشتن و خۆیانیان شاردەوە. هەمووان جارێکی دیکە کڕ بوونەوە، تەنها مەڕێك لەژێر تەیمانێكدا دەکۆکی و دەنگی هاژەی ئاوی روبارەکە دەهات کە لە بوارەکەدا لە بەردی دەدا. دەرەوە تاریك بوو، ئەستێرەکان بەرز بوون و، مانگی نوێ سووری دەنواند کە خەریك بوو لە پشت گردەکانەوە ئاوا دەبوو. لە دۆڵ و شیوەکاندا مژ وەکو شیر سپی بوو.

ژیلین هەستا و بە هاوەڵەکەیی ووت، "باشە هاوڕێ، لەگەڵمدا وەرە بڕۆین!"

دەستیان بە رۆیشتن کرد و تەنها چەند هەنگاوێك رۆیشتبوون کە گوێیان لە دەنگی مەلا بوو لە سەربانەکەوە بانگی دەدا، "ئەڵڵاه، بیسمیلاهی ئەڕڕەحمان!" واتای ئەوە بوو کە خەڵك دەبێت بچن بۆ مزگەوت. بۆیە ئەمانیش دووبارە دانیشتنەوە و خۆیانیان لە پشت دیوارێکەوە قایم کرد و بۆ ماوەیەکی زۆر چاوەڕێیان کرد تا خەڵکەکە تێپەڕین. دوای ئەوە هەموو شتێك دیسانەوە کپ بوویەوە.

"ئێستاش خودا یارمان بێت!" خاچیان لە خۆیان نواند و دەستیان بە رۆیشتن کردەوە. بە حەوشێکدا تێپەڕین و لە گردەکەوە بەرەو روبارەکە نشێو بوونەوە، لە روبارەکە پەڕینەوە و بە ئاراستەی شیوەکەدا رۆیشتن.

مژەکە چڕ بوو، بەڵام تەنها لەسەر زەوییەکە بوو؛ لەسەر سەرەوە، ئەستێرەکان بە جوانی دەدرەوشانەوە. ژیلین ئاراستەی خۆیانی بە گوێرەی ئەستێرەکان دیاری دەکرد. لەناو مژەکەدا هەوا سارد و رۆیشتنیش خۆش و ئاسان بوو، تەنها پووتەکانیان ئاسودە نەبوون، شڕ و دڕاو بوون. ژیلین پووتەکانی خۆیی داکەند و فڕێی دان و بە پێخاوسی دەڕۆیشت، لەم بەرد بۆ ئەو بەرد بازی دەدا و، ئاراستەی خۆیانی بە ئەستێرەکان نیشان دەکرد. کۆستیلین کەم کەم دوا دەکەوت.

دەیووت، "سەبر بڕۆ. ئەم پووتە تەنگانە پێیەکانمی بلۆقاوی کرد."

ژیلین پێی ووت، "دایان بکەنە، لە پێتدا نەبن خۆشتر بڕۆیت."

کۆستیلین پێی پەتی کرد، بەڵام هێشتا ناڕەحەتتر بوو. بەردەکان پێیەکانی بریندار دەکرد و دیسانەوە دوا دەکەوت. ژیلین پێی ووت: "ئەگەر پێیەکانت برینداریش بن، هەر چاك دەبنەوە؛ بەڵام ئەگەر تاتارەکان بمانگرن خراپتر دەبێت و یەکسەر دەمانکوژن!"

کۆستیلین وەڵامی نەدایەوە، دەڕۆیشت و بەردەوام بۆڵەی دەکرد.

بۆ ماوەیەکی زۆر بە نێو شیوەکەدا رێگایان گرتە بەر. ئینجا، لە لای راستییانەوە گوێبیستی وەڕینی سەگ بون. ژیلین وەستا و تەماشایەکی کرد و بە دەستەکانی بەسەر هەورازەکە کەوت.

 بە کۆستیلینی ووت، "ئای، بە رێگای هەڵەدا رۆیشتووین و زۆر بە لای راستدا هاتووین. لێرەدا ئاووڵە گوندێکی دیکە هەیە کە لەسەر گردەکەوە بینیم. پێویستە بگەڕێینەوە و بەسەر ئەو گردەی لای چەپ بکەوین. دەبێت لەوێدا دارستانێك هەبێت."

بەڵام کۆستیلین ووتی، "ساتێك بوەستە! پشوویەك بدەم. پێم هەمووی زامدار بووە و چکەی خوێنی دێت."

"گوێی مەدەرێ هاوڕێ! چاك دەبنەوە. پێویستە کەمێك سووکتر هەنگاو بنێیت. ئاوەها!"

ژیلین بە راکردن گەڕایەوە و بۆ لای چەپ و رووەو دارستانەکە بەسەر گردەکە کەوت.

کۆستیلین هەر پاش دەکەوت و بۆڵەی دەهات. ژیلین هەر پێی دەووت "ووس!" و دەڕۆیشت و دەڕۆیشت.

لە گردەکە سەر کەوتن و ئەو دارستانەیان دۆزییەوە کە ژیلین باسی دەکرد. چوونە ناو داستانەکە و بە نێو تووتڕکەکاندا رێگەی خۆیانیان دەکردەوە؛ دڕکەکان کراسەکانیانی داڕزاند. پاشان گەیشتنە رێگایەك و ملی رێیان گرت.

"بوەستە!" گوییان لە تەقەی سم بوو لەسەر رێگاکە دەڕۆیشت و، وەستان و گوێیان دەگرت. وەکو دەنگی سمی ئەسپ بوو، بەڵام دەنگەکە راوەستا. ئەمان دەستیان بە رۆیشتن کردەوە و، دیسانەوە گوێیان لە ترپەی پێیەکان بووەوە. کە ئەمان وەستان، ئەویش وەستا. ژیلین بە هێواشی لێی چووە پێش و، بینی شتێك لەسەر ئەو بەشەی رێگاکە وەستاوە کە زۆر تاریك نییە. وەکو ئەسپێك دیار بوو و لە ئەسپیش نەدەچوو؛ شتێکی سەیریشی بەسەرەوە بوو لە پیاو نەدەچوو. گوێی لێ بوو پرخەیەکی کرد. "دەبێت ئەوە چی بێت؟" ژیلین فیکەیەکی هێواشی بۆی لێدا و، ئەویش لەسەر رێگاکە لاچوو و خۆی کرد بە ناو دارە چڕەکاندا و قرچەقرچێکی وەهای لەناو دارەکانەوە هەستاند وەك ئەوەی گەردەلوولی لێ هەڵکردبێت و لقەکانی بشکێنێت.

کۆستیلین وەها تۆقیبوو خۆیی بە زەوییەوە نوساندبوو. ژیلین پێکەنی و پێی ووت، "کەڵەکێویەك بوو. نابیستی چۆن بە شاخەکانی لقوپۆی دارەکان دەشکێنێت؟ ئێمە لە ئەو دەترساین و ئەویش لە ئێمە."

هەر دەڕۆیشتن. کۆمەڵە ئەستێرەی وورچی مەزن پێشتر ئاوا بووبوو. لە نیوەشەو لای دابوو و، نەیاندەزانی داخۆ بە رێگای راستدا رۆیشتوون یان بە هەڵە. بە بۆچوونی ژیلین هەمان ئەو رێگایەیە کە تاتارەکان یەکەم جار پێیدا ئەمیان هێنا و، هێشتا نزیکەی حەوت میلێك لە قەڵای رووسەکانەوە دوور بوون؛ بەڵام هیچ شتێکی دیاریکراوی نەبوو بە هۆیەوە دڵنیا بێت و، لە شەویشدا بە ئاسانی هەڵە و شەوارە دەکرێت. پاش ماوەیەکی دیکە گەیشتنە راسانێك. کۆستیلین دانیشت و ووتی: "چۆنت حەز لێیە وەها بکە، من ناتوانم زیاتر بڕۆم! پێیەکانم چیتر هەڵمناگرن."

ژیلین هەوڵی دا قایلی بکات.

"نا، من هەرگیز ناگەمە ئەوێ. ناتوانم!"

ژیلین لێی تووڕە بوو و بە توندی قسەی لەگەڵدا دەکرد. "باشە، کەواتە، من تەنیا دەڕۆم. خوات لەگەڵ!"

کۆستیلین راپەڕی و دوای کەوت. سێ میلی دیکە رۆیشتن. مژی ناو دارستانەکە هێشتا زۆر بە چڕی دابەزیبوو؛ هەنگاوێكیان لە پێش خۆیانەوە نەدەدیت و، ئەستێرە کز بووبوون.

لە پڕێکدا و لە پێشیانەوە دەنگی سمی ئەسپێکیان بیست. گوێیان لێ بوو سمی لە بەردی دەدا. ژیلین لەسەر سك هەڵاژیا و گوێی نا بە زەوییەکەوە. "بەڵێ، خۆیەتی! سوارێك بەرەو ئێمە دێت."

بە را لە رێگاکە لایان دا و خۆیان کردە ناو بنجك و دەوەنەکان و چاوەڕێیان کرد. ژیلین بە خشکە و بە دزییەوە نزیك رێگاکە بووەوە و تەماشایەکی کرد بینی پیاوێکی تاتارە لەسەر ئەسپێك و مانگایەك رادەکێشێت و لەبەر خۆیەوە پرتەی دێت. تاتارەکە تێپەڕی و ژیلین گەڕایەوە لای کۆستیلین.

"خودا لێمانی لادا؛ هەستە با بڕۆین!"

کۆستیلین هەوڵی دا هەستێت، دووبارە بە پشتدا کەوتەوە.

"ناتوانم؛ باوەڕم پێ بکە ناتوانم! هیچ هێزێکم تێدا نەماوە."

کۆستیلین کابرایەکی قورس و کەتەیە و، بە خووڕ ئارەقی کردبوو. مژەکە تەزاندبووی و، پێیەکانی هەمووی بە خوێن بوون و بە تەواوەتی دەشەلی.

ژیلین هەوڵی دا بەرزی بکاتەوە، لەو کاتەدا کۆستیلین یەکسەر هاواری کرد: :ئای، چەند دێشێت!"

ژیلین دڵی پێی سووتا.

"بۆ چی هاوار دەکەیت؟ کابرای تاتار هێشتا نزیکە و ئێستا گوێی لێت بووە!" ژیلین ئەمەی لە مێشکی خۆیدا دەووت. "خۆ بە تەواوەتی خۆیی بە دەستەوە داوە؟ دەبێت من چیی لێ بکەم؟ خۆ ناکرێت هاوەڵی خۆت بەجێ بهێلیت."

"دە باشە، هەستە، وەرە کۆڵم. هەڵتدەگرم ئەگەر بە راستی ناتوانیت رێ بکەیت."

یارمەتیی کۆستیلینی دا هەڵسێت و کردییە کۆڵی و هەڵی گرت و، بە رێگاکەدا رۆیشتن.

ژیلین پێی ووت، "تەنها بۆ خاتری خودا، مەمخنکێنە بەو دەستانەت! تەنها شانەکانم بگرە."

ژیلین بارەکەیی بە لاوە قورس بوو؛ ئەمیش پێیەکانی خوێناوی بووبوون و پشووی لەبەر بڕا. بەین نا بەینێك دەچەمایەوە کۆستیلین باشتر هاوسەنگ بکات و، هەڵیدەتەکاند تاوەکو هەڵیکێشێتە سەرەوە و ئینجا هەر دەرۆیشت و دەرۆیشت.

هەر بە راستی کابرای تاتار لەوانەیە گوێی لە هاوارەکەی کۆستیلین بووبێت. ژیلین لە پڕێکدا گوێی لە یەکێك بوو غاری دەدا و بە زمانی تاتاری هاواری دەکرد. لە نێوان دەوەنەکانەوە پڕتافی دەدا. پیاوە تاتارەکە تفەنگەکەی گرتە دەست و تەقاندی، بەڵام لەمانی نەدا؛ هاواری دەکرد و لەسەر رێگاکەوە غاری دەدا.

ژیلین ووتی، "باشە، ئەوەتا تێدا چووین، هاوڕێ! ئەو سەگە تاتارەکانمان لێ کۆدەکاتەوە و دەمانگرن. ئەگەر دوو سێ میلێك لێرە دوور نەکەوینەوە، تێدا چووین!" ئینجا لە دڵەوە دەیووت، "بۆ چی ئەم کەتەیەم لە خۆم سوار کرد؟ ئەگەر بە تەنیا ببام، زۆر زیاتر رۆیشتبووم."

کۆستیلین پێی ووت، "بۆ خۆت بە تەنیا بڕۆ. بۆچی دەبێت بە هۆی منەوە خۆت بفەوتێنیت؟"

"نەخێر ناڕۆم. دروست نییە هاوەڵی خۆت بەجێ بهێڵیت."

دووبارە کۆستیلینی کردە کۆڵ و لارەلار کەوتە رێ. بەو ئاراستەیە نیو میلێکی دیکە یان کەمێك زیاتر رۆیشتن. هێشتا لەناو دارستانەکەدا بوون و، کۆتاییەکەیان نەدەبینی. مژەکە نەمابوو و هەور هێنابووی و، ئەستێرەکان چیدیکە دیار نەمابوون. ژیلین تەواو شەکەت بووبوو. لە قەراغ رێگاکە گەیشتنە سەر کانیاوێكی بە بەرد هەڵچنراو. ژیلین وەستا و کۆستیلینی دانا.

"با پشوویەك بدەم و هەندێ ئاو بخۆمەوە. با هەندێك لە پەنیرەکەش بخۆین. پێناچێت لێرەوە زۆر دوور بێت."

بەڵام هەر لەگەڵ ئەوەی دانیشت ئاوێك بخواتەوە گوێی لە دەنگی پێی کۆمەڵێك ئەسپ بوو لە دواوە دەهاتن. دیسانەوە خۆیانیان بە لای راستدا کرد بە ناو دەوەنەکاندا و، لە پشت کەندێكدا خۆیانیان حەشار دا.

گوێیان لە دەنگی کەسانێکی تاتار بوو. تاتارەکان لە هەمان ئەو جێگایە وەستان کە ئەمان لەسەر رێگاکە لایان دا. تاتارەکان کەمێك قسەیان کرد و، ئینجا وەها دیار بوو سەگێك بۆ بۆنکردن گاڵ بدەن. دەنگی قرچەقرچی لقوپۆکان دەهات و، لە پشت دەوەنەکانەوە سەگێکی سەیر بەدەر کەوت. وەستا و دەستی بە حەپین کرد.

ئینجا تاتارە نەناسراوەکان هاتنە خوارەوە و ژیلین و کۆستیلینیان دەستگیر کرد و بەستنیانەوە و خستنیانە سەر ئەسپەکان و بردیانن.

کە نزیکەی دوو میلێك بە سواری رۆیشتن، گەیشتنە عەبدولی خاوەنداریان و دوو پیاوی دیکەی تاتاری بە دواوە بوو. دوای ئەوەی کەمێك لەگەڵ نەناسراوەکاندا دوا، ژیلین و کۆستیلینی خستە سەر دووان لە ئەسپەکانی خۆی و بەرەو گوندەکەی گەڕایەوە.

عەبدول ئەمجارەیان پێنەکەنی و هیچ وشەیەکیشی لەگەڵدا نەووتن.

لەگەڵ گزنگدا گەیشتنەوە ئاووڵە گوندەکە و، هەردووکیان لە ناوەڕاستی جادەکە دانیشێنران. منداڵەکانیان لە دەور کۆبوونەوە و بەردیان تێ دەگرتن و هاواریان بەسەریاندا دەکرد و قامچیان لێ دەدان.

تاتارەکان پێکەوە بە بازنەیی کۆبوونەوە و، پیرەمێردەکەی بنار گردەکەش لەوێ بوو. دەستیان بە ووتووێژ کرد و، ژیلین دەیبست باسی ئەوە دەکەن دەبێت چی لە ئەم و کۆستیلین بکەن. هەندێكیان دەیانووت پێویستە بۆ ناو چیاکان دوور بخرێنەوە؛ پیرەمێردەکە دەیووت: "پێویستە بکوژرێن!"

عەبدول بەرپەرچی دایەوە و ووتی، "من پارەم لە هەقیان داوە و دەبێت فیدیەکەیان وەربگرم." بەڵام پیاوە پیرەکە دەیووت: "ئەوان هیچ پارەکەت پێ نادەن و، تەنها دەبنە هۆی کێشە و سەرئێشە. تاوانە نانی رووس بدەیت. بیانکوژە و لە کۆڵیان بکەرەوە!"

ئینجا رۆیشتن. کە پیاوەکان رۆیشتن، سەردارەکە هاتە لای ژیلین و پێی ووت: "ئەگەر پارەی فیدیەکەت لە ماوەی دوو هەفتەدا نەگات، شەلاقکاریت دەکەم؛ ئەگەریش جارێکی دیکە هەوڵی راکردن بدەیت، وەکو سەگ دەتتۆپێنم! نامەیەك بنوسە و، بە دروستی بینوسە!"

کاغەزیان بۆ هێنرا و نامەکانیان نوسی. کۆتیان لە پێ کرا و بران و خرانە ناو چاڵێکی دوازدە پێیی چوارگۆشەوە کە دەکەوتە پشت مزگەوتەکە.

 

 

            ٥

ئێستا ئیتر گوزەرانیان لێ سەخت کرابوو. زنجیربەندەکانیان هەرگیز لێ نەدەکرانەوە و رێیان پێ نەدەدرا بێنە دەرەوە هەوایەك هەڵمژن. وەکو ئەوەی سەگ بن هەویری نەبرژاویان بۆ فڕێ دەدرا و ئاویان بۆ دەکرایە تاسەوە.

ناو چاڵەکە تاریك و تەنگ بوو و بۆنێکی پیسیشی لێ دەهات. کۆستیلین تەواو نەخۆش کەوتبوو و لاشەی هەمووی ئاوساو و هەموو لایەکی دەئێشا و، بەردەوام یان دەگریا یان دەخەوت. ژیلینیش لاواز بووبوو؛ دەیزانی خراپ گیریان خواردووەوە و هیچ رێگایەکی نەبوو بتوانێت بۆ هەڵهاتن بیری لێ بکاتەوە.

هەوڵی دا کونێك هەڵبکەنێت، بەڵام هیچکوێ نەبوو خۆڵەکەی لێ فڕێ بدات. سەردارەکەی ئەمەی بینی و هەڕەشەی کوشتنیی کرد.

رۆژێکیان لەناو چاڵەکە دانیشتبوو و بیری لە ئازادی دەکردەوە و دڵی زۆر تەنگ بووبوو، کاتێکی زانی کولیچەیەك کەوتە سەر کۆشی، ئینجا دانەیەکی دیکەش و، ئینجا دەستڕێژێك لە گێلاس. تەماشای سەرەوەی کرد، بینی دینایە. دینا تەماشایەکی کرد و پێکەنی و رای کرد. ئینجا ژیلین بیری دەکردەوە: "بۆ ناکرێت دینا یارمەتیم بدات؟"

جێگایەکی بچوکی لەناو چاڵەکە پاك کردەوە و هەندێ قووڕی هەڵکڕاند و، دەستی کردە دروستکردنی بووکەڵە. پیاو و ئەسپ و سەگی دروست دەکرد، لە دڵی خۆیدا دەیووت، "ئەم جاریان ئەگەر دینا هاتەوە، ئەمانەی بۆ هەڵدەدەمە سەرەوە."

بەڵام بۆ رۆژی دواتر نەهات. ژیلین گوێی لە دەنگی سمی ئەسپ بوو، هەندێ سوار تێپەڕین و تاتارەکان بۆ کۆبوونەوەیەك لە نزیك مزگەوتەکە گرد بوونەوە. هاواریان دەکرد و دەمەقاڵەیان بوو؛ وشەی "رووسەکان" چەندین جار دووبارە دەکرایەوە. دەیتوانی گوێی لە دەنگی پیرەمێردەکە بێت. هەرچەندە بۆی جیا نەدەکرایە چی دەووترێت، وای هەست دەکرد سەربازە رووسەکان لەو نزیکانەدا بن و، تاتارەکانیش لە ترسی ئەوەی سەربازەکان بێنە گوندەکەیان، نەیاندەزانی چی لە زیندانییەکانیان بکەن.

پاش ماوەیەك ئاخاوتن، لەوێ رۆیشتن. لە ناکاو گوێی لە خشەخشێك بوو لەسەرەوە دەهات و، بینی کە دینایە لە لێواری چاڵەکە وەها دانیشتووە ئەژنۆکانی لە سەری بەرزتر دەنوێنن و، وەها خۆیی نوشتاندووەتەوە لیرەی کەزییەکانی بەسەر چاڵەکەدا شۆڕ بوونەتەوە. چاوەکانی وەکو ئەستێرە دەدرەوشانەوە. لەناو مچی کراسەکەیەوە دوو پارچە پەنیری دەرهێنا بۆ ژیلینی فڕێ دان. ژیلینیش هەڵیگرتن و پێی ووت، "بۆچی پێشتر نەهاتی؟ هەندێ بووکەڵەم بۆ دروست کردوویت. ئەوەتا بیانگرە!" دانە بە دانە بووکەڵەکانی بۆ فڕێ دان.

بەڵام ئەو سەری راوەشاند و نەیگرتنەوە.

"من هیچ ناوێت،" دینا پێی ووت. بۆ ماوەیەك بێدەنگ دانیشت و، ئینجا ووتی، "ئیڤان، دەیانەوێت بتکوژن!" لەگەڵ ئەمەدا دەستی بۆ قووڕگی خۆی درێژ کردەوە.

"کێ دەیەوێت بمکوژێت؟"

"باوکم؛ پیرەمێردەکە دەڵێت پێویستە وای بکات. بەڵام من زۆر بە داخم بۆ تۆ!"

ژیلین وەڵامی دایەوە، "دە باشە، مادام بە داخی بۆ من، کۆڵەکەیەکی درێژم بۆ بهێنە."

دینا سەری بە جۆرێك سەری راوەشاند وەك ئەوەی بڵێت "ناتوانم!"

دەستەکانی خۆیی جووت کردن و لە دینا پاڕایەوە: "دینا، تکایە بۆمی بهێنە! تکا دەکەم دینا، لێت دەپاڕێمەوە!"

"ناتوانم! ئەگەر بیهێنم، دەمبینن. هەموویان لە ماڵەوەن." دینا ئەمەی پێ ووت و رۆیشت.

کاتێك کە ئێوارە داهات، ژیلین دەم نا دەم تەماشای سەرەوەی دەکرد و، نەیدەزانی چی روودەدات. ئەستێرەکان دەرکەوتبوون، بەڵام هێشتا مانگ هەڵنەهاتبوو. بانگی مەلا بیسترا؛ ئینجا هەمووان بێدەنگ بوون. کاتێك ژیلین هەستی بە خەوهاتن دەکرد، بیری دەکردەوە، "ئەو کچە دەترسێت ئەو کارەم بۆ ئەنجام بدات!"

لە پڕ هەستی کرد خۆڵ دەکەوێتە سەر سەری. تەماشای سەرەوەی کرد و بینی کۆڵەکەیەکی درێژ لەو لای چاڵەکە دەدات. بۆ ماوەیەك کۆڵەکەکەی راگرت و ئینجا شلی کردەوە بێتە خوارەوە و بخزێتە ناو چاڵەکە. ژیلین بە راستی دڵخۆش بوو. کۆڵەکەکەی گرت هێنایە خوارەوە. کۆڵەکەیەکی بەهێز بوو، ئەو دانەیە بوو کە پێشتر لەسەر سەربانی کۆلیتەی سەردارەکەی بینیبووی.

تەماشای سەرەوەی کرد. ئەستێرەکان تەواو لە ئاسماندا بەرز بووبوونەوە و، دروست لەسەر چاڵەکەوە چاوەکانی دینا وەکو چاوی پشیلە دەدرەوشانەوە. خۆیی وەها نوشتاندەوە دەموچاوی تەواو نزیکی لێواری چاڵەکە بوو و، بە چپەوە ووتی، "ئیڤان! ئیڤان!" دەستی لە پێش دەموچاوی خۆیەوە رادەوەشاند تا تێی بگەیەنێت پێویستە بە هێواشی قسە بکات.

ژیلین ووتی، "چی؟"

"دووانیان نەبێت، هەموویان چوونەتەوە دەرەوە."

ئینجا ژیلین ووتی، "زۆر باشە، کۆستیلین، وەرە؛ با دوا هەوڵی خۆمان بدەین؛ یارمەتیت دەدەم و هەڵتدەگرم."

بەڵام کۆستیلین نەیدەویست بە گوێی بکات. "نەخێر. زۆر روونە کە من ناتوانم لێرە بڕۆم. چۆن دەتوانم بە رێدا بڕۆم کاتێك کە ناتوانم خۆم بەو لادا پل بدەم؟"

"دە کەواتە، خوات لەگەڵ! بە خراپی بیرم لێ مەکەرەوە!" ئینجا یەکدییان ماچ کرد. ژیلین کۆڵەکەکەی گرت و بە دینای ووت رایبگرێت و، خۆیی پێدا هەڵگەڕا. جارێك یان دووان پێی خزا، کۆتەکان رێگرییان دەکرد. کۆستیلین یارمەتیی دا و، بەم شێوەیە توانی خۆی بگەیەنێتە سەرەوە. دینا بەو دەستە بچوکانەی و بە هەموو هێزی خۆیەوە کراسەکەی ژیلینی رادەکێشا و پێدەکەنی.

ژیلین کۆڵەکەکەی دەرهێنا و بە دینای ووت، "لە جێگای خۆیی دابنەرەوە، دینا، ئەگەر نا پێی دەزانن و لێت دەدەن."

ئەویش کۆڵەکەکەی راکێشا و، ژیلینیش لە گردەکە بەرەو خوار کەوت. کە چووە خوارەوە، نشێوەکە لێژتر، بەردێکی تیژی هەڵگرت و هەوڵی دا قوفڵی زنجیرەکە بشکێنێت. بەڵام قوفڵەکە بەهێز بوو و نەیتوانی بیشکێنێت و، لەگەڵ ئەوەشدا بە زەحمەت دەستی پێی دەگەیشت. ئینجا گوێی لە کەسێك بوو دەهاتە خوارەوە و، بە ئەسپایی بازی دەدا. لە خەیاڵی خۆیدا دەیووت: "بە دڵنیاییەوە، دیسانەوە دینا خۆیەتی."

دینا هات و بەردێکی هەڵگرت ووتی، "با من هەوڵی لەگەڵدا بدەم."

دانوشتایەوە و هەوڵی دا قوفڵەکە لێبکاتەوە، بەڵام دەستە بچوکەکانی هاوشێوەی توولەدارێك باریك بوون و، ئەو هێزەیشی نەبوو. بەردەکەی دانا و دەستی بە گریان کرد. ئینجا ژیلین دووبارە دەست بەکار بووەوە و، دینا لە تەنیشتییەوە بە چیچکە دانیشت.

ژیلین تەماشایەکی دەوروبەری کرد و رۆشناییەکی سووری بینی لە پشت گردەکەوە دیار بوو. مانگ تازە هەڵهاتبوو. لە بیری خۆیدا دەیووت، "ئای، پێش ئەوەی مانگ هەڵبێت پێویستە بە شیوەکەدا تێپەڕم و بگەمە دارستانەکە." بۆیە هەستا و بەردەکەی فڕێ دا. بە کۆتەوە یان بە بێ کۆت، پێویستە لە رۆیشتن بەردەوام بێت.

"خوات لەگەڵ ئازیزم، دینا. هەرگیز لە بیرت ناکەم."

دینا باوەشی پێدا کرد و لەپەکوتەی بۆ جێگایەك دەکرد لە جلوبەرگەکانی ژیلین تا ئەو پەنیرەی تێ بخات کە لەگەڵ خۆیدا هێنابووی. ژیلین پەنیرەکەی لێ وەرگرت.

"زۆر سوپاس، بچکۆلەکەم. من بڕۆم، کێ بووکەڵەت بۆ دروست بکات ؟" ژیلین ئەمەی پێ ووت و دەستی بە سەریدا هێنا.

فرمێسك بە چاوەکانی دینادا هاتنە خوارەوە و بە دەستەکانی دەموچاوی داپۆشی. ئینجا هەر وەك چشتیرێك بە راکردن لە گردەکە چووە سەرەوە، لیرەی پەلکەکانی لە پشتیان دەدا دەزرینگانەوە.

ژیلین خاچێکی لە خۆی نواند و قوفڵی کۆتەکەی گرت بە دەستەوە بۆ ئەوەی تەقیان نەیەت و، ملی رێگاکەی گرت؛ لاقە بە زنجیربەنکراوەکانی بە کڕ دەبردن و تەماشای ئەو جێگایەی دەکرد کە خەریك بوو مانگی لێوە هەڵبێت. ئێستا رێگاکەی دەزانی. ئەگەر وەها رێك و راست بڕوات، دەبێت نزیکەی شەش میلێك رێ بکات. تەنها ئەگەر پێش ئەوەی مانگ بە تەواوەتی بەرز ببێتەوە بگاتە دارستانەکە! ئینجا لە روبارەکە پەڕییەوە؛ روناکیی پشت گردەکە سپی بووەوە. هێشتا هەر تەماشای دەکرد و بە ناو دۆڵەکەدا دەڕۆیشت. مانگ هێشتا دیار نەبوو. روناکییەکە زیاتر دروەشایەوە و، لایەکی شیوەکە لە لایەکەی دیکەی روناکتر بوو و، سێبەرەکی بەرەو بناری گردەکە شۆڕ دەبووەوە و، زیاتر و زیاتر لە ئەم نزیك دەبووەوە.

ژیلین درۆیشت و خۆیی لە سێبەرەکەدا دەهێشتەوە. پەلەی دەکرد، بەڵام مانگ هێشتا خێراتر بوو؛ ترۆپکی گردەکان لە لای راستەوە روناك بووبوونەوە. کە لە دارەکان نزیك بووەوە، مانگ لە پشت گردەکانەوە بە دەر کەوت و، وەك رۆژ روناك بووەوە. کەسێك دەیتوانی گشت گەڵاکانی دارێك ببینێت. سەرەوەی گردەکە روناك، بەڵام کشومات بوو، وەکو ئەوەی هیچ شتێك بە زیندوویی نەمابێت؛ هیچ دەنگێك، جگە لە هاژەی روبارەکەی خوارەوە، نەدەبیسترا.

ژیلین بێ ئەوی دەمی بە هیچ کەسێکدا بتەقێت گەیشتە ناو دارستانەکە، جێگایەکی تاریکی دۆزییەوە و لێی دانیشت پشوو بدات.

پشوویەکی دا و پارچەیەکی لە پەنیرەکە خوارد. ئینجا بەردێکی دۆزییەوە دەستی کردەوە بە کوتانی زنجیرەکان. لە دەستی خۆیی دا و برینداری کرد، بەڵام قوفڵەکەی نەشکاند. هەستا و بەسەر رێگاکەدا رۆیشت. کە نزیکەی میلێکی بڕی تەواو ماندوو بوو و، پێیەکانی دەئێشان. دەبوو هەموو دە هەنگاوێك جارێك بوەستێت. بیری دەکردەوە، "هیچی دیکەی لەگەڵدا ناکرێت. دەبێت تا هێزم تێدایە بە کڕیان بکێشم. ئەگەر دابنیشم، ئەوا ئیدی توانام نابێت هەستمەوە. ناتوانم بگەمە قەڵاکە؛ بەڵام لەگەڵ ئەوەی رۆژ هەڵدێت، لە دارستانەکەدا بۆی پاڵ دەکەوم و بۆ تەواوی رۆژەکە لەوێ دەمێنمەوە و، دووبارە بۆ شەو بە رێ دەکەومەوە."

تەواوی شەوەکە رێی کرد. دوو تاتار بە سواری ئەسپ لێی تێپەڕین؛ بەڵام زۆر لە دوور گوێی لێبوون و توانی خۆی لە پشت دارێکەوە بشارێتەوە.

مانگ کزتر دەبوو، شەونم دادەکەوت. نزیکی رۆژهەڵهاتن بوو و، ژیلین هێشتا نەگەیشتبووە کۆتایی دارستانەکە. لە ناخی خۆیدا دەیووت، "ئاوەها، سی هەنگاوێکی دیکە دەڕۆم و ئینجا لا دەدەمە ناو ناو دارەکان و بۆی دادەنیشم."

سی هەنگاو رۆیشت و بینی وا گەیشتوەتە کۆتایی دارستانەکە. چووە قەراغەکەی؛ لەو کاتەدا دونیا تەواو روناك بووبووەوە و راست لە پێشییەوە دەشتاییەك و قەڵاکە بوو. لە لای چەپەوە، دروست لە بناری هەورازەکە، ئاگرێك بوو دەکوژایەوە و دوکەڵەکەی بەو ناوەدا بڵاو دەبووەوە. کۆمەڵێك پیاو لە دەوری ئاگرەکە بوون.

بە ووردی دیقەتی دان، تفەنگەکانی بینین دەبریسکانەوە. سەرباز و خەڵکی قۆزاقی بوون!

ژیلین سەراپا خۆشحاڵ بوو. ئەوەی هێز بێت و تێدا مابێتەوە دایە بەر و لە گردەکە بەرەو خوار شۆڕ بووەوە و، بە خۆیی ووت: "خودا بمپارێزێت هیچ تاتارێك لە سەرەوە ئێستا لەو دەشتە کراوەیەدا نەمبینێت! هاکا نزیك بوومەوە و لە وەختدا گەیشتمە ئەوێ."

یەکسەر دوای ئەوەی کە ئەمەی ووت، دوو سەد تا سێ سەد یاردێك لەولاترەوە، سێ تاتاری لەسەر گردێكی لای چەپەوە بینی.

ئەوانیش ئەمیان بینی هێرشیان بۆی برد. ژیلین دڵی داخورپا. دەستی رادەوەشاند و بە هەموو هێزی خۆی هاواری دەکرد، "براینە، براینە! فریام بکەون!"

قۆزاقەکان گوێیان لێی بوو و، کۆمەڵێکیان بە سواری پڕیان دا رێی تاتارەکان ببڕن. قۆزاقەکان دوور و تاتارەکان نزیك بوون؛ بەڵام ژیلینیش دوا هەوڵی خۆیی دا. زنجیرەکانی بە دەستی هەڵگرت و بەرەو قۆزاقەکان رای دەکرد؛ بە ئەستەم سەری لە خۆی دەردەچوو چی دەکات، خاچی دەنواند و هاواری دەکرد، "براینە! براینە! براینە!"

قۆزاقەکان پازدە کەسێك دەبوون. تاتارەکان ترسان و، پێش ئەوەی بە ئەم بگەن وەستان. ژیلین لارەلار خۆی گەیاندە قۆزاقەکان.

دەورەیان لێ دا و دەستیان کردە لێپرسینەوەی. "تۆ کێیت؟ تۆ چیت؟ لە کوێوە هاتوویت؟"

بەڵام هەر نەدەهاتەوە سەر خۆی، ئەوە نەبێت دەگریا و هەر ئەمەی دووبارە دەکردەوە، "براینە! براینە!"

ئینجا سەربازەکانیش هاتن و لە دەوری ژیلین کۆبوونەوە؛ یەکێك نانی پێی دەدا و، یەکێکی دیکەش جۆ رەشە و، سێیەمیان ڤۆدکا؛ یەکێکیان کەڕەکەکەی بەری دەتەکاند و، یەکێکی دی زنجیرەکانی دەشکاند.

ئەفسەرەکە ژیلینی ناسییەوە و، لەگەڵ خۆیدا بردییەوە بۆ قەڵاکە. سەربازەکان بە گڕانەوەی خۆشحاڵ بوون و، هاوەڵەکانی گشتیان لە دەوری جەم بوونەوە.

هەموو ئەوەی روویدابوو، ژیلین بۆی باس کردن.

"بەو جۆرە بۆ ماڵ دەگەڕامەوە و ژن بهێنم،" وای بۆ باس دەکردن. "نەخێر. زۆر روونە کە چارەنوس پێچەوانەی ئەوە بووە!"

بۆیە لە خزمەتی سەربازییەکەی لە قەوقاز بەردەوام بوو. مانگێك تێپەڕیبوو کاتێك کۆستیلین بەرەڵا کرا؛ ئەمەیش دوای ئەوەی پێنج هەزار روبڵی وەکو فیدیە دابوو. کاتێك کە هێنایانەوە نیوە مردوو بوو.


No comments:

Post a Comment

ئەسەرحەدۆن، پاشای ئاشور

  ئەسەرحەدۆن، پاشای ئاشور     ئەسەرحەدۆن، پاشای ئاشور   لیۆ تۆلستۆی (١٩٠٣) لە ئینگلیزییەوە بۆ کوردی: ئاکۆ محەمەد   (لەم چیرۆ...