کۆبۆنه ساخته‌که
کۆبۆنه ساخته‌که
لیۆ تۆڵستۆی
لە ئینگلیزییەوە بۆ کوردی: ئاکۆ محەمەد
به‌شی یه‌که‌م
یه‌که‌م
فێدۆر میهایلۆڤیچ سمۆکۆڤنیکۆڤ، سه‌رۆکی به‌شی
باجی ده‌رامه‌تی خۆجێیی بوو. پیاوێکی هه‌میشه ده‌ستپاك و راستگۆ بوو و شانازیشی پێوە
ده‌کرد. هه‌روه‌ها لیبراڵێکی ره‌شبین، باوه‌ڕ به هیچ نه‌بوو و، دوژمنی هه‌ر ده‌ربڕینێکی
هه‌ستی ئایینیانه بوو، هه‌ر جۆره هه‌ستێکی ئایینیی به پاشماوه‌ی ئه‌فسانه و
خورافیات ده‌زانی؛ که له نوسینگه‌که‌یه‌وه گه‌ڕایه‌وه بۆ ماڵه‌وه زۆر هه‌ستی
به بێزاری ده‌کرد. پارێزگاری هه‌رێمه‌که یاداشتێکی بچوکی گه‌مژانه‌ی نائاسایی بۆ
ره‌وانه کردبوو؛ وای تێدا نوسرابوو گوایه مامه‌ڵه‌کانی ناپاك بوون.
فێدۆر میهایلۆڤیچ هه‌ستی به دڵپڕی ده‌کرد
و، ده‌ستبه‌جێ وه‌ڵامێکی ره‌قی بۆ نوسییه‌وه. له رێگای گه‌ڕانه‌وه‌یدا بۆ ماڵه‌وه
هه‌موو شتێکی له‌چاودا وا دیار بوو پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه بن ئاره‌زووی ده‌کردن.
کات پێنج خوله‌کی مابوو بۆ پێنج و، وای چاوه‌ڕێ
ده‌کرد ده‌ستبه‌جێ نانی ئێواره‌ی پێشکه‌ش بکرێت، به‌ڵام پێی ووترا که هێشتا
ئاماده نییه. ده‌رگاکه‌ی توند پێوه دا و چووه ژووری خوێندنه‌وه‌که‌ی. که‌سێك
له ده‌رگای دا. "ئه‌وه چ ئه‌هریمه‌نێکه؟" بیری کرده‌وه و هاواری
کرد، "ئه‌وه کێیه؟"
ده‌رگا کرایه‌وه کوڕێکی پانزه ساڵه هاته
ژووره‌وه، کوڕەکهی فێدۆر میهایلۆڤیچ بوو که له قوتابخانه‌یه‌کی خۆجێییدا له
پۆلی پێنجه‌م بوو.
"چیت ده‌وێت؟"
"ئه‌مڕۆ سه‌ری مانگه، باوکه."
"ئێێ! پاره‌که‌ی خۆتت ده‌وێت؟"
وایانڕێکخستبوو که باوکی مانگانه خه‌رجییه‌کی
سێ روبڵی به کوڕەکهی بدات. فێدۆر میهایلۆڤیچ رووی مۆن کرد و ده‌فته‌رچه‌که‌ی
گیرفانیی ده‌رهێنا و کۆبۆنێکی به به‌های دوو روبڵ و په‌نجا کۆپێك که له نێو
یاداشته بانكییەکانی دۆزییه‌وه و په‌نجا کۆپێکی به پاره‌ی زیوین له وورده‌ی
ناو جزدانه‌که‌ی بۆ زیاد کرد و دای به کوڕەکهی. کوڕە‌که بێده‌نگ بوو و، ئه‌و
پاره‌یه‌ی باوکی پێشنیازی کرد وه‌رینه‌گرت.
"باوکه، تکایه هه‌ندێ پاره‌ی زیاترم
پێشوه‌خته بده‌رێ."
"چی؟"
"داوای زیاده ناکه‌م، به‌ڵام که‌مێك
پاره‌م له هاوڕێیه‌کم به قه‌رز وه‌رگرتووه و، به‌ڵێنی شه‌ره‌فم داوه‌تێ بیده‌مه‌وه.
شه‌ره‌فی خۆمم خۆش ده‌وێت و، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌شه سێ روبڵی دیکه‌م ده‌وێت.
پێم‌خۆش نییه داوات لێبکه‌م؛ به‌ڵام، تکایه باوکه، سێ روبڵی دیکه‌م بده‌رێ."
"پێمووتبووی که__"
"ده‌زانم باوکه، به‌ڵام ته‌نها هه‌ر
ئه‌م جاره."
"تۆ خه‌رجییه‌کی سێ روبڵیت هه‌یه و
پێویسته له‌سه‌رت ده‌ستی پێوه بگریت. من په‌نجا کۆپێکیشم نه‌بوو کاتێك له ته‌مه‌نی
تۆدا بووم."
"ئێستا، گشت هاوڕێکانم له من زۆرتریان
هه‌یه. پیترۆڤ و ئیڤانیسکی مانگانه په‌نجا روبڵیان هه‌یه."
"ئه‌وه‌شت پێ ده‌ڵێم که ئه‌گه‌ر وه‌کو
ئه‌وان هه‌ڵسوکه‌وت بکه‌یت، شه‌لاتییه‌کت لێ ده‌رده‌چێت. ئه‌وه‌ت له بیر
بێت."
"چیم له بیر بێت؟ تۆ هه‌رگیز له دۆخی
من تێناگه‌یت. ئابڕووم ده‌چێت ئه‌گه‌ر قه‌رزه‌که‌م نه‌ده‌مه‌وه. هه‌ر وه‌کو پیشه‌ت
زۆر باش و ئاساییه به لاته‌وه ته‌نها قسه بکه‌یت."
"له‌به‌ر چاوم وون به، هه‌ی گه‌مژە،
له‌به‌ر چاوم وون به!"
فێدۆر
میهایلۆڤیچ له‌سه‌ر کورسییه‌که‌ی هه‌ڵپه‌ڕی و پڕی دایه سه‌ر کوڕەکهی. "ده
پێتده‌ڵێم وون به!" هاواری به‌سه‌ردا کرد. "ئێوه‌ی کوڕان هه‌مووتان
شایسته‌ی هه‌نجن هه‌نجنکردنن!"
کوڕەکهی له پڕێکدا زراوی چوو و په‌ست
بوو. ته‌نانه‌ت په‌ستییه‌که‌ی له ترسه‌که‌یشی پتر بوو. به سه‌ری شۆڕەوه رووه‌و
ده‌رگاکه گه‌ڕایه‌وه. فێدۆر میهایلۆڤیچ مه‌به‌ستی نه‌بوو په‌رێشانی بکات، به‌ڵام
دڵخۆش بوو به‌وه‌ی داخی دڵی خۆیی پێدا هه‌ڵبڕێژێت و، تا ده‌رگاکه‌ی پێوه‌دا له
هاوارکردن و سه‌رکۆنه‌کردنی کوڕە‌که به‌رده‌وام بوو.
کاتێك که خزمه‌تکاره‌که هاته ژووره‌وه
تا پێی رابگه‌یه‌نێت نانی ئێواره ئاماده بووە، فێدۆر میهایلۆڤیچ هه‌ستا.
پێی ووت، "له دوا جاردا ئاماده بوو!
ئیتر خۆ هه‌ست به برسێتی ناکه‌م."
به روویه‌کی گرژە‌وه چووه ژووری
نانخواردن. له‌سه‌ر مێزه‌که، ژنه‌که‌ی هه‌ندێ تێبینیی دا، به‌ڵام وه‌ڵامێکی وه‌ها
کورت و به تووڕە‌ییه‌وه دایه‌وه که ئه‌ویش قسه‌ی دیکه‌ی نه‌کرد. کوڕەکه‌ش چاوی
له‌سه‌ر قاپه‌که‌ی هه‌ڵنه‌بڕی و ته‌واوی کاته‌که مته‌قی نه‌کرد. هه‌ر سیانیان به
بێده‌نگی نانه‌که‌یان خوارد و له‌سه‌ر مێزه‌که هه‌ستان و بێ یه‌ك وشه‌ش بڵاوه‌یان
لێکرد.
دوای شامه‌که، کوڕە‌که چووه ژووره‌که‌ی،
کۆبۆنه‌که و وورده‌که‌ی له گیرفانی ده‌رهێنا و فڕێی دایه سه‌ر مێزه‌که. پاشان،
جله فه‌رمییه‌که‌ی قوتابخانه‌ی داکه‌ند و چاکه‌تێکی کرده به‌ری.
دانیشته خوێندن و، ده‌ستی کرده خوێندنه‌وه‌ی
کتێبێکی رێزمانی لاتینی که په‌ڕە‌یه‌کی نووشتابووه‌وه. له پاش ماوه‌یه‌ك هه‌ستا
و ده‌رگاکه‌ی داخست و شیشی دا، ئینجا پاره‌که‌ی خسته چه‌کمه‌جه‌که‌وه و هه‌ندێ
کاغه‌زه جگه‌ره‌ی ده‌رهێنا، دانه‌یه‌کی هه‌ڵپێچا و هه‌ندێ لۆکه‌ی تێخست و ده‌ستی
کرده کێشانی.
نزیکه‌ی دوو کاتژمێر به‌سه‌ر وانه‌ی رێزمانه‌که‌یه‌وه
بوو و ده‌فته‌ره‌کانیی ده‌نوسییه‌وه به بێ تاقه وشه‌یه‌کیش چییه له‌وه‌ی به‌ر
چاوی تێبگات؛ ئینجا هه‌ستا و هه‌ندێ ئه‌مسه‌ر و ئه‌وسه‌ری ژووره‌که‌ی کرد؛ هه‌رچییه‌کی
باوکی پێ ووتبوو به بیری خۆیی ده‌هێنایه‌وه. ئه‌و هه‌موو جوێنه‌ی به‌سه‌ریدا
باراندی و، له هه‌مووشی خه‌راپتر ده‌موچاوه تووڕەکه‌ی باوکی، ئه‌وه‌نده له یادیدا
تازه بوون وه‌ك بڵێی سه‌رله‌نوێ هه‌مووی دووباره ببیستێته‌وه و ببینێته‌وه. "هه‌ی
کوڕە گه‌مژە، پێویسته چاك چاك هه‌نجن هه‌نجن بکرێن!" هه‌رچه‌ندی بیر لێ ده‌کرده‌وه
زیاتر تووڕە ده‌بوو. هه‌روه‌ها ئه‌وه‌شی به بیردا هاته‌وه که باوکی پێی ووتبوو:
"جا ده‌بینم چ شه‌لاتییه‌کت لێ ده‌رده‌چێت. من خۆم ده‌زانم. ئه‌گه‌ر هه‌ر وه‌ها
بیت، ئه‌وا به دڵنیاییه‌وه ده‌بێته چ ساخته‌چییه‌ك." بێگومان له بیری
چووه‌ته‌وه که خۆی کاتێك گه‌نج بووه، چۆن بووه! "ئه‌ی من چ تاوانێکم ئه‌نجام
داوه، نازانم! ویستم بچمه شانۆ و پاره‌م نه‌بوو هه‌ندێکم له پێتیا گرۆچسکی به
قه‌رز وه‌رگرت. ئه‌مه کاره هه‌ره خراپه‌که‌ی منه؟ باوکێکی دی بایه دڵی بۆم ده‌سوتا؛
پرسیاری ده‌کرد ئه‌وه بۆ چی وا رووی‌دابوو و بۆ وا بووه؛ به‌ڵام ئه‌وه‌تا ئه‌م هه‌ر
جوێنم پێ ده‌دات. بیر له هیچ شتێک ناکات ته‌نها خۆی نه‌بێت. کاتێك ئه‌گه‌ر خۆی
بێت و شتێکی ده‌ستنه‌که‌وتبێت، ئه‌وا جۆرێکی تر ده‌بێت. سه‌رتاپای ماڵه‌که به نه‌ڕە
و هاواری سه‌راوژێر ده‌کرێت. به‌ڵام بۆ من، ئه‌وا پێمده‌ڵێت که من شه‌لاتیم،
ساخته‌چیم. نه‌خێر، خۆشم ناوێت، با باوکیشم بێت. له‌وانه‌یه هه‌ڵه بێت، به‌ڵام
من رقم لێیه‌تی."
له ده‌رگاکه درا. خزمه‌تکاره‌که نامه‌یه‌کی
هێنایه ژووره‌وه، په‌یامێك بوو له هاوڕێکه‌یه‌وه. خزمه‌تکاره‌که پێی ووت،
"وه‌ڵامێکیشیان ده‌وێت."
نامه‌که ئه‌مه‌ی تێدا نوسرابوو: "بۆ
دواین جار داوات لێده‌که‌م ئه‌و شه‌ش روبڵه‌ی به قه‌رز پێمدابوویت بمده‌یته‌وه؛
تۆ هه‌وڵ ده‌ده‌یت خۆتم لێ بدزیته‌وه. پیاوێکی به شه‌ره‌ف نابیت ئەگەر وه‌ها بیت.
تکایه پاره‌که‌م به په‌یامنێره‌که‌دا بۆ ده‌نێریته‌وه؟ من خۆم له دۆخێکی
خراپدام. نا‌توانیت پاره‌که له جێیه‌ك به‌ده‌ست بهێنیت؟ به پێی ئه‌وه‌ی داخۆ
پاره‌که‌م بۆ ده‌نێریت یان نا، له‌گه‌ڵ رێز و خۆشه‌ویستی یان بێڕێزیی،
گرۆچێسکی."
"ئه‌وجا ده وه‌ره! چ به‌رازێکه! نه‌یتوانی
ماویه‌کی دیکه چاوه‌ڕێ بکات؟ هه‌وڵێکی دیکه‌ی بۆ ده‌ده‌م."
میتیا چووه لای دایکی. ئه‌مه‌ش دوا هیوای
بوو. دایکی زۆر میهره‌بان بوو و به ده‌گمه‌ن شتێکی ئه‌م ویستبای ره‌تی ده‌کرده‌وه.
پێده‌چێت ئه‌م جاره‌ش یارمه‌تیی بدات و له‌م کێشه‌یه‌ی ده‌ربکات، به‌ڵام له‌باره‌یه‌وه
زۆر دوودڵ بوو: منداڵه بچوکه‌که‌ی دایکی که کوڕێکی دوو ساڵان بوو، نه‌خۆش که‌وتبوو.
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی وه‌ها به خێرا و به هه‌را و هوریا خۆی کرد به ژووردا، دایکی به
گژ میتیادا چوو و بێ ئه‌وه‌ی به ته‌واوه‌تی گوێی لێ بووبێت چی ووت، داواکه‌ی ره‌ت
کرده‌وه. میتیا شتێکی له‌به‌ر خۆیه‌وه ووت و سووڕایه‌وه بڕوات. دایکی به‌زیی
پێدا هاته‌وه. "بوه‌سته، میتیا،" پێی ووت، "ئه‌و پاره‌یه‌ی ده‌ته‌وێت
ئێستا نیمه، به‌ڵام بۆ به‌یانی بۆت جێبه‌جێ ده‌که‌م."
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، میتیا هێشتا له ده‌وری
باوکیی ده‌خولانده‌وه.
"بۆ سبه‌ینێ به که‌ڵکی چی دێت، کاتێك
که من ئه‌مڕۆ پێویستم پێی بێت؟ ده‌چم هاوڕێیه‌کم ببینم. هه‌ر ئه‌وه بوو ویستم بیلێم."
چووه ده‌ره‌وه و ده‌رگاکه‌ی قایم پێوه‌دا.
"هیچ شتێکی دیکه‌م بۆ نه‌ماوه‌ته‌وه.
به دڵنیاییه‌وه پێمده‌ڵێت که کاتژمێره‌که‌م به گره‌وی له‌لا دابنێم،" وه‌های
بیر ده‌کرده‌وه و ده‌ستی له کاتژمێره‌که‌ی ناو گیرفانیی ده‌دا.
میتیا چووه ژووره‌که‌ی، کۆبۆنه‌که و
کاتژمێره‌که‌ی له چه‌کمه‌جه‌که ده‌رهێنا و چاکه‌ته‌که‌ی له‌به‌رکرد و چوو بۆ لای
ماهین.
دووه‌م
ماهین هاوڕێیه‌کی قوتابخانه‌ی بوو، له خۆی
گه‌وره‌تر بوو، گه‌نجێکی هه‌ڵکه‌وتوو و به سمێڵ بوو. قوماری ده‌کرد، ئافره‌تێکی
زلی ناسیاوی هه‌بوو و، هه‌میشه‌ش پاره‌ی کاشی هه‌بوو. له‌گه‌ڵ پوریدا ده‌ژیا.
میتیا باش ده‌یزانی که ماهین که‌سێکی به‌ڕێز نییه، به‌ڵام هه‌رکاتێك له‌گه‌ڵیدا
ده‌بوو نه‌یده‌توانی خۆی بپارێزێت له‌و شتانه‌ی ئه‌و ده‌یویستن. کاتێك میتیا بانگی
کرد ماهین له ژووره‌وه بوو و، خۆی ئاماده کردبوو بچێته شانۆ. ژووره شپرزه‌که‌ی
بۆنی سابونی بۆندار و ئاوی کۆلۆنیای لێده‌هات.
"ئه‌وه زۆر ناخۆشه، براده‌ر،" ماهین
پێی ووت کاتێك که میتیا کێشه‌کانی خۆیی بۆ گێڕایه‌وه و، کۆبۆنه‌که و په‌نجا
کۆپێکه‌که‌ی نیشان دا و، ووتیشی که نۆ روبڵی دیکه‌ی گه‌ره‌كە. "بێگومان ده‌بوو
کاتژمێره‌که‌تمان به گره‌و دانابا. به‌ڵام ده‌توانین زۆر باشتر لەوە ئه‌نجام بده‌ین."
له‌گه‌ڵ ووتنی ئه‌مه‌دا، ماهین چاوێکی لێ قووچاند.
" ئه‌وه دەبێت چی بێت؟"
"شتێکی زۆر ساده و ئاسان." ماهین
کۆبۆنه‌که‌ی گرت به ده‌ستییه‌وه و ووتی، "ژماره یه‌کێك بخه‌ره پێش 2.50که
و ده‌بێته 12.50."
"به‌ڵام ئه‌م جۆره کۆبۆنانه هه‌ر هه‌یە؟"
"بۆچی، به دڵنیاییه‌وه؛ پاره‌ی کاغه‌زی
هه‌زاری کۆبۆنی 12.50یی هه‌یه و من خۆم دانه‌یه‌کی هاوشێوه‌م گۆڕیوه‌ته‌وه به
پاره‌ی کاش."
"کوره وا نه‌ڵێی؟"
"ده‌ی، به‌ڵێ یان نه‌خێر؟" ماهین
لێی پرسی، پێنوسه‌که‌ی گرتە ده‌ست و کۆبۆنه‌که‌ی به په‌نجه‌کانی ده‌ستی چه‌پی ساف
ده‌کرده‌وه.
"به‌ڵام ئه‌مه کارێکی هه‌ڵه‌یه."
"قسه‌ی پووچ!"
"به ڕاستی قسه‌ی پووچه،" میتیا
بیری ده‌کرده‌وه و دیسانه‌وه قسه ره‌قه‌مانی باوکیی به یاد هاته‌وه. "شه‌لاتی!
که وه‌هات پێووتم، له‌وانهی‌ش ببمە شەلاتی." ته‌ماشایه‌کی روخساری ماهینی
کرد. ماهین ته‌ماشای کرده‌وه و به ئاسوده‌ییه‌وه زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌کی کرد.
"باشه؟" پێی ووت.
"زۆر باشه، قه‌یدی ناکات."
ماهین له‌سه‌ر خۆی ژماره‌که‌ی له پێش 2.50که
نوسی.
"ده‌ی ئێستا با بڕۆین بۆ ئه‌و دوکانه‌ی
سه‌ر رێگاکه؛ له‌وێ که‌ره‌سته‌ی وێنه‌گرتن ده‌فرۆشن. هه‌ر له خۆمه‌وه چوارچێوه‌یه‌کم
ده‌وێت... بۆ ئه‌م که‌سه گه‌نجه‌ی ئێره." له گیرفانی وێنه‌ی ئافره‌تێکی گه‌نجی
چاو گه‌وره‌ی قژ شۆڕی ده‌رهێنا که سینگی به شێوه‌یه‌کی نائاسایی گه‌وره بوون.
"توخوا جوان نییه؟ ها؟"
"به‌ڵێ، به‌ڵێ... به دڵنیاییه‌وه..."
"ده باشه، ده‌یبینی. به‌ڵام جارێ با
بڕۆین."
ماهین چاکه‌ته‌کی هه‌ڵگرت و له ماڵ چوونه
ده‌ره‌وه.
سێیه‌م
هه‌ردوو کوڕە‌که زه‌نگیان لێدا و له
دوکانه به‌تاڵه‌که چوونه ژووره‌وه، دیواره‌کانی ره‌فه ره‌فه بوون و که‌ره‌سته‌ی
وێنه‌یان له‌سه‌ر دانرابوون و هه‌روه‌ها جێی نمایش‌کردنی که‌لوپه‌ڵ له‌سه‌ر مێزی
فرۆشیاره‌وه هەبوون. ئافره‌تێکی ساده‌ی ده‌موچاو میهره‌بان له ده‌رگا ناوینەکەوه
هاته ژووره‌وه و له پشت مێزه‌که‌وه لێی پرسین چی‌یان ده‌وێت.
"بێ زه‌حمه‌ت، چوارچێوه‌یه‌کی جوان،
خانمه‌که‌م."
"به چ نرخێك؟" ئافره‌ته‌که لێی
پرسین؛ ده‌ستکێشی له ده‌سته خرپنه‌کانی داکه‌ند و به‌و ده‌ستکێشانه خێرا خێرا
ده‌ستی له چوارچێوه هه‌مه‌جۆره‌کان ده‌دا.
"ئه‌مانه یه‌کی به په‌نجا کۆپێك و، ئه‌مانه‌ش
که‌مێك گرانترن. دانه‌یه‌کی جوانتریشمان هه‌یه، شێوازێکی زۆر تازه‌یه؛ به یه‌ك
روبڵ و بیست کۆپێك."
"زۆر باشه، ئه‌مه‌م ده‌وێت. به‌ڵام
ناتوانی که‌مێك هه‌رزانتر بمانده‌یتێ؟ با بڵێین یه‌ك روبڵ."
فرۆشیاره‌که به لووتبه‌رزییه‌که‌وه ووتی،
"ئێمه له دوکانه‌که‌ماندا مامه‌ڵه ناکه‌ین."
"ده باشه، که‌واته، ده‌یبه‌م،"
ماهین ووتی و کۆبۆنه‌که‌ی خسته سه‌ر مێزه‌که. "چوارچێوه‌که‌م بۆ بپێچه‌وه
و باقییه‌که‌م بده‌وه. تکایه که‌مێك خێرا به. پێویسته بچینه شانۆ و وا خه‌ریکه
دره‌نگ دادێ."
"کاتی زۆرتان له پێشه،"
فرۆشیاره‌که پێی ووتن، به هۆی چاوکزییه‌که‌یه‌وه، زۆر به دیقه‌ته‌وه ته‌ماشای
کۆبۆنه‌که‌ی کرد.
"له‌م چوارچێوه‌یه‌دا زۆر نازدار ده‌بێت،
پێتوانییه؟" ماهین ووتی و رووی کرد به‌لای میتیاوه.
"پاره‌ی وورده‌تان پێ نییه؟"
ئافره‌تە دوکانداره‌که لێی پرسین.
"به داخه‌وه، پێم نییه. باوکم ئه‌وه‌ی
پێدام و پێویستیشه ووردی بکه‌مه‌وه."
"به‌ڵام به‌ڵنیاییه‌وه هیچ نه‌بێت، یه‌ك
روبڵ و بیستت هه‌ر هه‌یه؟"
"ته‌نها په‌نجا کۆپێكم به کاش هه‌یه.
به‌ڵام تۆ خه‌می چیته؟ وا بزانم، خۆ پێتوانییه که ئێمه هه‌ڵتبخه‌ڵه‌تێنین و
پاره‌ی خراپت بده‌ینێ؟"
"نا، نا؛ به هیچ شێوه‌یه‌ك مه‌به‌ستم
ئه‌وه نییه."
"ده‌توانی بمده‌یته‌وه و له جێیه‌کی
دیکه ده‌یکه‌ینه کاش."
"ده‌بێ چه‌ندتان بده‌مه‌وه؟ یازده و
هه‌ندێك."
له‌سه‌ر مێزه‌که ژماردنێکی کرد و چه‌کمه‌جه‌که‌ی
کرده‌وه و، پاره‌یه‌کی کاغه‌زی ده روبڵیی ده‌رهێنا و بۆ وورده‌که‌ی گه‌ڕا و گه‌ڕا
و شه‌ش سکه‌ی بیست کۆپێکی و دوو سکه‌ی پێنج کۆپێکیی بۆ زیاد کرد.
"تکایه چوارچێوه‌که‌مان بۆ بپێچه‌وه،"
ماهین پێی ووت و، له‌سه‌ر خۆیی و به پۆزه‌وه پاره‌که‌ی هه‌ڵگرت.
"به‌سه‌رچاو قوربان." به‌رگێکی له
چوارچێوه‌که گرت و به داوێك جوانی به‌سته‌وه.
میتیا ته‌نها ئه‌و کاته هه‌ناسه‌ی ئاسوده‌یی
دا که زه‌نگی ده‌رگاکه له پاشیانه‌وه زرنگایه‌وه و، جارێکی دیکه هاتنه‌وه
سه‌ر جاده‌که.
"ئه‌وه ده روبڵ بۆ تۆ و، با باقییه‌که‌یشی
بۆ من بێت. دوایی ده‌تده‌مه‌وه."
ماهین رۆیشت بۆ شانۆ و، میتیایش چووه لای
گرۆچێسکی ئه‌و پاره‌یه‌ی بداته‌وه به قه‌رزی لێ وه‌رگرتبوو.
چواره‌م
کاتژمێرێك پاش رۆیشتنی کوڕەکان، یوجین
میهایلۆڤیچی خاوه‌ن دوکان هاته‌وه و ده‌ستی کرد به ژماردنی ئه‌و پارانه‌ی وه‌رگیرا
بوون.
"ئای، هه‌ی گه‌مژە‌ی نه‌زان! چ گه‌مژە‌یه‌کی!"
به‌سه‌ر ژنه‌که‌یدا قیڕاندی، پاش ئه‌وه‌ی که کۆبۆنه‌که‌ی بینی و ساخته‌کارییه‌که‌ی
تێبینی کرد.
"به‌ڵام ، یوجین، چه‌ندین جار خۆتم
بینیوه کۆبۆنت له بری پاره وه‌رگرتووه و، به دروستیش هه‌و ئه‌و کۆبۆنانه‌ی
دوازده روبڵی،" ژنه‌که‌ی ره‌تی دایه‌وه و، زۆر هه‌ستی به شه‌رمه‌زاری ده‌کرد
و خه‌می لێ ده‌خوارد و هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی نه‌مابووه فرمێسکی بێته خواره‌وه.
"به راستی نازانم چۆن خۆیان وا لێکردبوو تا هه‌ڵمخه‌ڵه‌تێنن،" هه‌ر له
قسه‌کردنی به‌رده‌وام بوو. "قوتابیی قوتابخانه بوون و جلی فه‌رمییان له‌به‌ردا
بوو. یه‌کێکیان کوڕێکی ته‌واو قشت و زۆر دروست دیار بوو."
" ئه‌وه تۆیت کە گه‌مژە‌یه‌کی دروستیت!"
مێرده‌که‌ی له‌سەر سه‌رزه‌نشتکردنی رۆیشت و هه‌ر پاره‌کانی ده‌ژمارد. له بیری
خۆیدا ده‌یووت: من که کۆبۆن قه‌بوڵ ده‌که‌م، ته‌ماشا ده‌که‌م چی‌یان له‌سه‌ر
نوسراوه. تۆش وا دیاره به‌س ته‌ماشای روخساری قۆزی کوڕەکانت کردبێت. "باشتر
وایه وه‌کو ته‌مه‌نی خۆت ره‌فتارت کردبا."
ژنه‌که‌ی به‌رگه‌ی ئه‌مه‌ی نه‌گرت و شێتگیر
بوو.
"ئێوه‌ی پیاوان هه‌ر وان! سه‌رزه‌نشتی
هه‌موو که‌سێکی ده‌وروبه‌رتان ده‌که‌ن. به‌ڵام کاتێك خۆتان که په‌نجا و چوار روبڵ
له قوماردا ده‌دۆڕێنن، ئه‌وا له چاو خۆتانه‌وه هیچ نییه و هیچ کاریگه‌رییه‌کی
نابێت."
"ئه‌وه بابه‌تێکی جیایه..."
"نامه‌وێت قسه‌ت له‌گه‌ڵدا بکه‌م،"
ژنه‌که‌ی ووتی و چوو بۆ ژووره‌که‌ی. له‌وێ ده‌ستی کرده بیرکردنه‌وه له‌باره‌ی
خۆیه‌وه کاتێك که خێزانه‌که‌ی له دژی هاوسه‌رگیرییه‌که‌ی وه‌ستابوونه‌وه،
چونکه پێیانوابوو که ئه‌م مێرده‌ی ئێستا ئاستی کۆمه‌ڵایه‌تییی زۆر له خۆی
نزمتره و، هه‌روه‌ها له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی که هه‌ر خۆی بوو سووربوو له‌سه‌ر
شووکردنی پێی. ئه‌وجا که‌وته بیرکردنه‌وه له‌باره‌ی ئه‌و منداڵه‌ی له‌کیسی
چووبوو و ئه‌وه‌ی که مێرده‌که‌ی سه‌باره‌ت به‌و له‌کیسچوونه‌یان چه‌ند بێ‌باك بوو.
له‌و ساته‌وه ئه‌وه‌ندی رق لێ هه‌ستا که ئاره‌زووی مردنیی ده‌کرد. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا،
ئه‌م ئاره‌زووکردنه‌ی ده‌یترسان و، ئینجا خێرا خۆی گۆڕی له ماڵ چووه ده‌ره‌وه.
کاتێك مێرده‌که‌ی له دوکانه‌کە گه‌ڕایه‌وه بۆ ژووره‌کانی ناوه‌وه‌ی ماڵه‌که‌یان،
ئه‌م رۆیشتبوو. به بێ ئه‌وه‌ی چاوه‌ڕێی بکات خۆی له‌به‌رکردبوو و چووبوو بۆ لای
هاوڕێکانی، که یه‌کێکیان پیاوێکی پۆڵه‌ندیی به‌ڕوسیبووی مامۆستای زمانی فه‌ره‌نسییه
له قوتابخانه‌که و ئه‌وی دیکه‌یشیان ژنه‌که‌یه‌تی، که ئه‌م و مێرده‌که‌یی
بانگهێشتی ئاهه‌نگێك کردبوو بۆ ئه‌م ئێواره‌یه و له ماڵی خۆیاندا.
پێنجه‌م
میوانه‌کان له ئاهه‌نگه‌که ئه‌و چا و کێکه‌ی
پێشکه‌ش کرابوون خواردیان و، ئینجا له‌سه‌ر ژماره‌یه‌ك مێز دانیشتن بۆ یاریکردنی کۆنکا‌ن.
ئه‌وانه‌ی له‌گه‌ڵ ژنه‌که‌ی یوجین
میهایلۆڤیچ بوون بریتی بوون له پیاوه میوانداره‌که خۆی و، ئه‌فسه‌رێك و،
خانمێكی پیری زۆر گێلی بارۆکه له سه‌ر، که بێوه‌ژنێکی خاوه‌ن دوکانی تۆمارگه‌ی
موزیك بوو. زۆری حه‌ز له یاریی کارت و وه‌ره‌ق ده‌کرد و زۆر باشیشی ده‌کرد. به‌ڵام
ژنه‌که‌ی یوجین میهایلۆڤیچ بوو هه‌موو کات ده‌یبرده‌وه. هه‌مێشه باشترینی وه‌ره‌قه‌کانی
له‌ده‌ستدا بوون. قاپێك له‌لای ده‌ستییه‌وه بوو که هه‌ندێ ترێ و هه‌رمێیه‌كی
تێدا بوو و ته‌واو له زه‌وقی خۆیدا بوو.
ژنی خاوه‌نماڵ که له‌سه‌ر مێزێکی دیکه
یاریی ده‌کرد، لێی پرسی، "ئه‌ی یوجین میهایلۆڤیچ؟ بۆ وا دوا که‌وت؟"
"ره‌نگه سه‌رقاڵی یه‌کلاکردنه‌وه‌ی
حیساباته‌کانی بێت،" ژنه‌که‌ی یوجین میهایلۆڤیچ ووتی. "ده‌بێت پاره‌ی
بازرگانه‌کان بداته‌وه و داری سووته‌مه‌نی بهێنێت." ئه‌و ده‌مه‌قاڵێیه‌ی له‌گه‌ڵ
هاوسه‌ره‌که‌یدا کردبوویان له یادیدا سه‌ری هه‌ڵدایه‌وه؛
رووی مۆن کرد و، ده‌سته‌کانی که هێشتا ده‌ستکێشه‌کانی لێ نه‌کردبوونه‌وه له رق
و تووره‌یی ئه‌ودا ده‌له‌رزین.
"ئه‌ها، ئه‌وه‌تا خۆیه‌تی. هه‌ر ئێستا
باسمان ده‌کردی،" ژنی ماڵه میوانداره‌که به یوجین میهایلۆڤیچی ووت که هه‌ر
له‌و ساته‌دا هاته ژووره‌وه. "بۆچی وا دره‌نگ هاتی؟"
"سه‌رقاڵ بووم،" یوجین میهایلۆڤیچ
به ده‌نگێکی پڕ له خۆشحاڵییه‌وه وه‌ڵامی دایه‌وه و ده‌سته‌کانی به یه‌کدا
ساوی. بۆ سه‌رسامکردنی ژنکه‌شی، هات و له‌لایه‌وه پێی ووت، "بزانه، کارێکی
وام کرد کۆبۆنه‌که‌م له‌کۆڵ کرده‌وه."
"نا، وا نه‌ڵێیت!"
"به‌ڵێ، دام به هه‌قی ئه‌و عه‌ره‌بانه
داره‌ی له جوتیاره‌که‌م کڕی."
ئه‌وجا یوجین میهایلۆڤیچ به رق و قینەوە بۆ
ئامادەبووانی باس دەکرد که چۆن ژنه‌که‌ی له‌لایه‌ن دوو کوڕی بێویژدانی قوتابییه‌وه
هه‌ڵخه‌ڵه‌تێنراو و، ژنه‌که‌ی یوجین میهایلۆڤیچیش هه‌ندێ ترش و خوێی به گێڕانه‌وه‌که‌ی
کرد.
"ده باشه، ئێستاش با ده‌ست به کاری
خۆمان بکه‌ین،" وای ووت و له‌سه‌ر یه‌کێ له مێزه‌کانی یاریی وه‌ره‌قێن
دانیشت تا سه‌ره‌ی هات و ئینجا ده‌ستی کرده وه‌ره‌قه تێکدان.
شه‌شه‌م
یوجین میهایلۆڤیچ هه‌ر به راستی کۆبۆنه‌کی
بۆ کڕینی داری سووته‌مه‌نیی به‌کار هێنابوو له ئیڤان میرۆنۆڤی جوتیار، که به خه‌یاڵی
خۆی ده‌ویست به‌و حه‌ڤده روبله‌ی هه‌یبوو کارێك بۆ خۆی به‌سه‌ر یه‌که‌وه بنێت. به‌و
کاره‌ی به نیاز بوو هه‌شت روبڵی دیکه قازانج بکات و، به‌و بیست و پێنج روبڵه‌ی
پێکه‌وه‌ی ده‌نێت ده‌یویست ئه‌سپێکی باشی به‌هێزی پێ بکڕێت که بۆ به‌هار پێویستی
پێ بوو بۆ کاره‌کانی ناو کێڵگه‌که‌ی و له ده‌ره‌وه‌ش بۆ گه‌شت و گواستنه‌وه،
چونکه ئه‌سپه پیره‌که‌ی ته‌واو له ده‌ست و پێ که‌وتبوو.
بیرۆکه‌ی کاره‌که‌ی ئیڤان میرۆنۆڤ ئه‌وه
بوو له کۆگاکان کۆمایه‌ك دار بکڕێت و بۆ پێنج باره عه‌ره‌بانه به‌ش به‌شی بکات
و ئینجا به شاردا بیگێڕێت و هه‌ر بارێکیان به چاره‌کی نرخی کۆما داره‌که‌ی
کۆگاکانی بفرۆشێت. له‌و رۆژە بێبه‌خته‌یدا، ئیڤان میرۆنۆڤ زۆر زوو به نیو باره
عه‌ره‌بانه‌وه ده‌رچووه گه‌ڕان و هه‌ر زوو فرۆشتی. دیسانه‌وه عه‌ره‌بانه‌یه‌کی
دیکه‌ی بار کرده‌وه به‌و هیوایه‌ی ئه‌میش بفرۆشێت، به‌ڵام بێهوده له کڕیار ده‌گه‌ڕا؛
که‌س نه‌یدەویست بیکڕێت. له بێبه‌ختی خۆی، ته‌واوی ئه‌و رۆژە رێی ده‌که‌وته خه‌ڵکانی
به‌ئه‌زموونی شاره‌که، که شاره‌زای ته‌واوی فێڵه‌کانی جوتیاره‌کان بوون له دار
فرۆشتنه‌کانیاندا و، باوه‌ڕیان پێنه‌ده‌کردن که به راستی داره‌که‌یان له لادێوه
هێناون وه‌کو ئه‌وه‌ی ئه‌میش له‌و باره‌وه دڵنیای ده‌کردنه‌وه. برسیی ببوو و به‌و
چاکه‌ته خورییه شڕەی به‌رییه‌وه هه‌ستی به سه‌رما ده‌کرد. که بووه ئێواره، پله‌ی
گه‌رمی گه‌یشتبووه ژێر سفر؛ ئه‌سپه‌که‌ی، که وای ئاره‌زوو ده‌کرد به‌م زووانه
به که‌لاککڕەکه‌ی بفرۆشێت و بێڕە‌حمانه مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌کرد، سڵی کرده‌وه
لەوەی هه‌نگاوێکی دیکه بڕوات. بۆیه ئیڤان میرۆنۆڤ ته‌واو حازر بوو باره داره‌که‌ی
به زه‌ره‌ریش بێت بفرۆشێت، له‌و کاته‌دا چاوی که‌وت به یوجین میهایلۆڤیچ که له‌لای
توتن فرۆشه‌که‌وه بۆ ماڵه‌وه ده‌گه‌ڕایه‌وه.
"قوربان، ئه‌م باره عه‌ره‌بانه داره‌م
لێ بکڕە. به هه‌رزانت ده‌دمێ. ئه‌سپه داماوه‌که‌م ماندوو بووه و ناتوانێت
چیدیکه بڕوات."
"له کوێوه هاتووی؟"
"له لادێوه قوربان. ئه‌م داره هی
ناوچه‌که‌ی خۆمانه. داری وشك و چاکه، ده‌توانم له‌وه‌ت دڵنیا بکه‌مه‌وه."
"به راستی داری چاکه! من له فێڵه‌که‌ت
ده‌زانم. ئێ، به چه‌نده؟"
ئیڤان میرۆنۆڤ به نرخێکی زۆر ده‌ستی پێ‌کرد،
به‌ڵام هه‌ر زوو دایشکاند و، له دواییدا هه‌ر به مایه‌که‌ی خۆیی پێ فرۆشته‌وه."
"قوربان ته‌نها له‌به‌ر خاتری دڵی تۆ،
به هه‌رزانت ده‌ده‌مێ. هه‌روه‌ها خۆشحاڵیشم که تا ماڵی ئێوه رێگایه‌کی دوور
نییه،" پێی ووت.
یوجین میهایلۆڤیچ بێنه و به‌رده‌ی زۆری له‌گه‌ڵدا
نه‌کرد. به‌لایشییه‌وه گرنگ نه‌بوو نه‌ختێك زیاتریشی پێ بدات، چونکه وای بیر ده‌کرده‌وه
ده‌یتوانی که‌ڵك له کۆبۆنه‌که وه‌ربگرێت و له کۆڵی خۆیی بکاته‌وه. به زه‌حمه‌تێکی
زۆره‌وه، ئیڤان میرۆنۆڤ له کۆتاییدا توانی به پاڵدان و به هه‌ر چۆنێك بێت عه‌ره‌بانه‌که
بگه‌یه‌نێته حه‌وشه‌که‌یان و، له‌وێ ناچار بوو بێ هیچ یارمه‌تییه‌ك باره داره
دابگرێت و له ژێر سێبه‌ره‌که کۆمایان بکات. کرێکاره به‌رده‌سته‌که له ماڵ نه‌بوو.
ئیڤان میرۆنۆڤ له سه‌ره‌تادا دوودڵ بوو له وه‌رگرتنی کۆبۆنه‌که، به‌ڵام یوجین
میهایلۆڤیچ هه‌ر مکووڕ بوو له‌سه‌ری و وه‌کو پیاوێکی زۆر گرنگ دیار بوو، ئیدی
جوتیاره‌که‌ی پێ قایل بوو.
به قادرمه‌کانی پشته‌وه چووه ژووری خزمه‌تکاره‌کان،
له‌به‌رده‌م ئایکۆنه‌که‌دا خاچی نواند، ریشی که به وورده سه‌هۆڵ داپۆشرابوو ته‌کاند،
دامێنی چاکه‌ته‌که‌یی هه‌ڵگه‌ڕانده‌وه و جزدانه چه‌رمه‌که‌یی له گیرفانی ده‌رهێنا
و، هه‌شت روبڵ و په‌نجا کۆپێكی لێ ده‌رهێنا وه‌کو باقی دانی به یوجین میهایلۆڤیچ.
به هێواشی کۆبۆنه‌که‌ی قه‌د کرد و خستییه ناو جزدانه‌که‌ی. ئینجا، هه‌ر وه‌کو نه‌ریت،
سوپاسی پیاوه به‌ڕێزه‌که‌ی و ئینجا دارقامچییه‌کی له بری خودی قامچییه‌که به‌کار
هێنا و که‌وته گیانی ئه‌سپه له سه‌رما ته‌زیووه‌که که به مه‌رگی پێشوه‌خته
مه‌حکومی کردبوو؛ دواتر خۆی گه‌یانده یانه‌یه‌کی گشتی.
که گه‌یشته ئه‌وێ، ئیڤان میرۆنۆڤ داوای
ڤۆدکا و چای کرد و بۆ ئه‌وه‌ش هه‌شت کۆپێكی دا. له پاش چا خواردنه‌وه‌که حه‌سایه‌وه
و گه‌رمی بوویه‌وه، پڕ به زه‌وق و شه‌وقه‌وه له‌گه‌ڵ حه‌ماڵێك که له‌سه‌ر مێزه‌که‌ی
دانیشتبووه ده‌مه‌ته‌قێی ده‌کرد. هه‌ر زوو له‌گه‌ڵ یه‌کتردا خۆیی بوون و سه‌راپای
بارودۆخی ژیانیی بۆ هاوه‌له‌که‌ی گێڕایه‌وه. باسی ئه‌وه‌ی بۆ ده‌کرد که خه‌ڵکی
گوندی ڤاسیلیڤیسکییه که دوازده میل له شارۆچکه‌که‌وه دووره و، ئه‌وه‌ی که
ئه‌و کاته‌ی ویستی له باوك و براکانی جیا ببێته‌وه به‌شه زه‌ویی خۆیی له
خێزانه‌که‌ی وه‌رگرت؛ ئه‌وه‌ی که ژنی هێناوه و دوو منداڵیشی هه‌یه؛ کوڕە گه‌وره‌که‌ی
چووه‌ته قوتابخانه و هێشتا ئه‌وه‌نده پێنه‌گه‌یشتووه له کاره‌که‌یدا یارمه‌تیی
بدات. ئه‌وه‌شی ووت که له ژووره به‌کرێکاندا ده‌مێنێته‌وه و ده‌یه‌وێت بۆ سبه‌ی
له مه‌یدانی ئه‌سپه‌که و بۆ ئه‌سپێکی باش بگه‌ڕێت و له‌وانه‌شه دانه‌یه‌ك
بکڕێت. هه‌ر ووتی و ووتی تا هاته سه‌ر ئه‌وه‌ی که ئێستا نزیکه‌ی بیست و پێنج
روبڵی هه‌یه و ته‌نها یه‌ك روبڵی که‌مه و پاره‌که‌شی نیوه‌ی به کۆبۆنه. کۆبۆنه‌که‌ی
له جزدانه‌که‌ی ده‌رهێنا و پیشانی هاوه‌ڵه‌که‌یی دا. حه‌ماڵه‌که‌ش پیاوێکی نه‌خوێنده‌وار
بوو، به‌ڵام ووتی که وه‌کو باقی له‌لایه‌ن خاوه‌ن مۆتێله‌کانه‌وه له‌م جۆره
کۆبۆنانه‌ی پێدراوه. ووتیشی که ئه‌مانه شتی باشن، به‌ڵام ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ش هه‌یه
که یه‌کێك له‌و دانه ساختانه‌ی به‌ر بکه‌وێت. له‌به‌ر ئه‌مه‌ش ئامۆژگاریی
جوتیاره‌که‌ی کرد که بۆ دڵنیایی خۆی بچێت ده‌ستبه‌جێ له‌لای ژمێریاره‌که ووردی
بکاته‌وه. ئیڤان میرۆنۆڤ کۆبۆنه‌که‌ی دا به شاگرده‌که و داوای باقییه‌که‌ی لێ
کرده‌وه. شاگرده‌که باقییه‌که‌ی نه‌هێنایه‌وه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌به‌ره‌که‌یەوه
هاته‌وه، که پیاوێکی سه‌ر رووتی ده‌موچاو گه‌ش بوو و، کۆبۆنه‌که‌ی به ده‌سته
قه‌ڵه‌وه‌که‌یه‌وه گرتبوو.
"پاره‌که‌ت باش نییه،" پێووت و
کۆبۆنه‌که‌ی نیشان دا، به‌ڵام وا دیار بوو بڕیاری دابێت پێ نه‌داته‌وه.
"کۆبۆنه‌که ده‌بێت ته‌واو و بێعه‌یب
بێت. له پیاوێکی به‌ڕێزم وه‌رگرتووه."
"پێتده‌ڵێم که خراپه. کۆبۆنه‌که
ساخته‌یه."
"ساخته‌یه؟ بمده‌وه."
"نا ناتده‌مه‌وه. ئێوه جه‌ماعه‌ت
پێویسته له‌به‌ر ئه‌و فێڵانه‌تان سزا بدرێن. بێگومان، تۆ خۆت ئه‌نجامت داوه، به
خۆت و به براده‌ره ساخته‌چییه‌کانت."
"پاره‌که‌م بده‌وه. چ مافێکت هه‌یه
که__"
"سیدۆر! په‌یوه‌ندی به پۆلیس بکه،"
خاوه‌ن باڕە‌که به شاگرده‌که‌ی ووت. ئیڤان میرۆنۆڤ زۆر سه‌رخۆش بوو و به‌و دۆخه‌شی
ئه‌سته‌م بوو بتوانێت کارێك به کارێك بکات. یه‌خه‌ی به‌ڕێوه‌به‌ره‌که‌ی گرت و ده‌ستی
کردە هاوارکردن به سه‌ریدا.
"پێت ده‌ڵێم پاره‌که‌ی خۆم بده‌وه. ده‌چمه
لای ئه‌و پیاوه‌ی پێی دابووم. ده‌زانم ماڵی له کوێدایه."
به‌ڕێوه‌به‌ره‌که به گشت هێزی خۆی راوه‌شاند
تا خۆی له ئیڤان میرۆنۆڤ بکاته‌وه و، کراسه‌که‌ی دڕا: "ئاه، که‌واته وه‌ها
ده‌که‌یت! بۆم بگره."
شاگرده‌که ئیڤان میرۆنۆڤی گرت؛ له‌و ساته‌شدا
پۆلیسه‌که گه‌یشت. به گرنگییه‌وه ده‌یڕوانی و پرسی داخۆ چی رووی داوه و، ئینجا
بێ دوودڵی فه‌رمانی خۆیی دا:
"بۆ بنکه‌ی پۆلیسی راپێچن."
هه‌رچی کۆبۆنه‌که‌ش بوو، پۆلیسه‌که خستییه
گیرفانییه‌وه؛ ئیڤان میرۆنۆڤ به خۆی و ئه‌سپه‌که‌ی بران بۆ نزیکترین بنکه.
حه‌وته‌م
ئیڤان میرۆنۆڤ ده‌بوو بۆ ئه‌و شه‌وه له
بنکه‌ی پۆلیس به‌سه‌ر ببات، له‌گه‌ڵ سه‌رخۆش و دزه‌کان. نیوه‌ڕۆی رۆژی دواتر بوو
کاتێك بۆ لای ئه‌فسه‌ره‌که بانگ کرا؛ به ووردی پشکێنرا و، به چاودێری پۆلیسێك
نێردرایه دوکانه‌که‌ی یوجین میهایلۆڤیچ. ئیڤان میرۆنۆڤ هه‌م شه‌قامه‌که و هه‌م
ماڵه‌که‌یشی له یاد مابوو.
پۆلیسه‌که داوای خاوه‌ن دوکانی کرد، کۆبۆنه‌که‌ی
نیشان دا و رووبه‌ڕووی ئیڤان میرۆنۆڤی کرده‌وه که ده‌یووت کۆبۆنه‌که‌ی له‌م
جێگایه‌دا وه‌رگرتووه. یوجین میهایلۆڤیچ یه‌کسه‌ر خۆیی زۆر به تووڕە‌یی و به سه‌رسووڕماو
نیشان دا.
"تۆ شێتی، کاکه‌برا،" وای پێووت و
ئینجا رووی کرده پۆلیسه‌که و ووتی، "هه‌رگیز ئه‌م پیاوه‌م له ژیانمدا نه‌بینیوه."
"ئه‌مه گوناهه قوربان،" ئیڤان میهایلۆڤیچ
پێی‌ووت. "بیر له‌و ساته بکه‌ره‌وه که ده‌مریت."
"بۆچی، ره‌نگه تۆ خه‌و ببینی! تۆ باره
داره‌که‌ت به که‌سێکی دیکه فرۆشتووه،" یوجین میهایلۆڤیچ وه‌ڵامی دایه‌وه.
"به‌ڵام یه‌ك خوله‌ك بووه‌سته. ده‌ڕۆم ده‌پرسم داخۆ ژنه‌که‌م دوێنێ هیچ
دارێکی نه‌کڕیوه." یوجین میهایلۆڤیچ رۆیشت و ده‌ستبه‌جێ ڤاسیلیی حه‌مباڵی
بانگ کرد، که پیاوێکی به‌هێزی قۆزی چالاکی رووخۆشی شیکپۆش بوو.
به ڤاسیلیی ووت که ئه‌گه‌ر هه‌رکه‌س لێی
بپرسێت دوا وه‌جبه‌ی داریان له کوێ کڕیوه، وا بڵێت که له کۆگاکان کڕیویانه،
نه‌ك له جوتیارێك له‌سه‌ر جاده.
به ڤاسیلیی ووت که، "جوتیارێك هاتووه
و به پۆلیسی ووتووه گوایه من کۆبۆنێکی ساخته‌م پێیداوه. کوره شێته و قسه‌ی
هه‌له‌ق و به‌له‌ق ده‌کات، به‌ڵام تۆ خۆ پیاوێکی زیره‌کیت. له یادت بێت که بڵێیت
ئێمه هه‌میشه له کۆگاکان دار ده‌کڕین. هه‌روه‌ها، ئه‌وه ماوه‌یه‌که بیر له‌وه
ده‌که‌مه‌وه پاره‌یه‌کت بده‌مێ بۆ خۆت چاکه‌تێکی نوێی پێ بکڕیت." یوجین
میهایلۆڤیچ ئه‌مانه‌ی پێووت و، پێنج روبڵی پێدا. ڤاسیلی که یه‌که‌م جار به‌و پاره
پێنج روبڵییه و ئینجا به‌و رووخساره‌ی یوجین میهایلۆڤیچ، سه‌ری بۆی له‌قاند و زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌کی
کرد.
"من ده‌زانم، ئه‌م خه‌ڵکه جوتیاره
هیچ مێشکیان نییه. ساویلکه‌ییه ئیدی. هیچ ناڕەحهت مه‌به. خۆم ده‌زانم چی
بڵێم."
ئیڤان میرۆنۆڤ به چاوی پڕ له فرمێسکه‌وه له
یوجین میهایلۆڤیچ ده‌پاڕایه‌وه و ده‌پاڕایه‌وه تا دان به‌وه‌دا بنێت ئه‌و کۆبۆنه‌که‌ی
پێیداوه و، هه‌روه‌ها له حه‌مباڵه‌که تا باوه‌ڕ به قسه‌کانی بکات، به‌ڵام ته‌واو
بێهوده بوو؛ هه‌ردووکیان سوور بوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی که ئه‌وان هه‌رگیز داریان له
جوتیاری سه‌ر جاده نه‌کڕیوه. پۆلیسه‌که ئیڤان میرۆنۆڤی هێنایه‌وه بۆ بنکه‌ی
پۆلیس و، وحوکمی ساخته‌کردنی کۆبۆنی به‌سه‌ردا سه‌پێنرا. ته‌نها پاش ئه‌وه‌ی که
ئامۆژگارییه‌کی له هاوبه‌ندییه‌کی سه‌رخۆش که نوسه‌ری نوسینگه بوو وه‌رگرت و،
پێنج روبڵی به به‌رتیل به ئه‌فسه‌ره‌که دا، ئیڤان میرۆنۆڤ توانی له به‌ندیخانه
بێته ده‌ره‌وه، به بێ کۆبۆنه‌که و، ته‌نها حه‌وت روبڵی له‌و بیست و پێنج روبڵه‌ی
دوێنێ هه‌یبوو بۆ مایه‌وه.
له‌و حه‌وت روبڵه‌ش، سێی له یانه گشتییه‌که
خه‌رج کرد و به سه‌رخۆشییه‌کی له‌ده‌ستوپێ که‌وتوو گه‌ڕایه‌وه ماڵه‌وه بۆ لای
ژنه‌که‌ی و، هەروەها به ده‌موچاوی شینومۆر و ئاوساووه.
ژنه‌که‌ی له‌سه‌روه‌ختی منداڵبوونێکی دیکه‌دا
بوو و، زۆر هه‌ستی به ناخۆشی ده‌کرد. ده‌ستی کرده سه‌رکۆنه‌کردنی مێرده‌که‌ی؛ ئه‌میش
ژنه‌که‌یی له رێی خۆی دوور خسته‌وه و، ئه‌ویش لێیدا. بێ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی یه‌ك
وشه‌یش له‌سه‌ر ته‌خته‌که پاڵ که‌وت و به خه‌مبارییه‌وه ده‌ستی کرده گریان.
تا رۆژی دواتر هیچی بۆ ژنه‌که‌ی نه‌گێڕایه‌وه
که چیی به‌سه‌ر هاتووه. ئه‌ویش یه‌کسه‌ر باوه‌ڕی پێی کرد و، تێر و پڕ ئه‌و نامه‌رده
ده‌وڵه‌مه‌نده‌ی نه‌فرین کرد که ئیڤانی هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندبوو. ئێستا که هاتبووه‌وه
سه‌ر خۆی، ئه‌و ئامۆژگارییه‌ی بیر هاته‌وه که کاسبکارێك پێی دابوو؛ ئه‌و پیاوه‌ی
رۆژەکه‌ی پێشووتر به یه‌که‌وه خواردبوویانه‌وه. به گوێره‌ی ئامۆژگارییه‌که‌ی،
بڕیاری دا بچێته لای پارێزه‌رێك و ئه‌و خراپه‌یه‌ی خاوه‌نی دوکانی وێنه‌که له‌گه‌ڵیدا
کردبووی بۆ بگێڕێته‌وه.
هه‌شته‌م
پارێزه‌ره‌که ره‌زامه‌ندی نیشان به ئه‌نجامدانی
رێکاره‌کانی له بری ئیڤان میرۆنۆڤ، به زۆری نه‌ك له‌به‌ر ئه‌و پاره‌یه‌ی لێی وه‌رده‌گرێت،
چونکه باوه‌ڕی به جوتیاره‌که کردبوو و به‌و کاره خراپه‌ی ده‌رهه‌قی کرابوو هه‌ڵچووبوو.
که پێداچوونه‌وه به که‌یسه‌که کرد، هه‌ردوو
لایه‌ن ئاماده‌ی دادگا بوون و، ڤاسیلیی حه‌مباڵ وه‌کو شایه‌تحاڵ بانگهێشت کرا. له
دادگادا هه‌مان ئه‌و قسانه‌یان دووباره کرده‌وه که له‌به‌رده‌م به‌رپرسانی
پۆلیس کردبوونیان. ئیڤان میرۆنۆڤ جارێکی دیکه بۆ پشتیوانیی ناوی خودای هێنا و، ساته‌وه‌ختی
مردنی به بیر خاوه‌ن دوکان هێنایه‌وه. یوجین میهایلۆڤیچ هه‌رچه‌نده باش
ئاگاداری خراپه‌کارییه‌که‌ی خۆی و ئه‌و مه‌ترسییانه‌ی خۆیی تێده‌خستن بوو و، سه‌ره‌ڕای
سه‌رزه‌نشته‌کانی ویژدانی، نه‌یده‌توانی ئیفاده‌که‌ی بگۆڕێت و، به ئارامی به‌رده‌وام
بوو له نکۆڵیکردن له‌و تۆمه‌تانه‌ی دەخرانە ئۆباڵی.
ڤاسیلیی حه‌مباڵ ده روبڵی دیکه‌ی له
ئاغاکه‌ی وه‌رگرتبوو و، بێ هیچ دڵه‌ڕاوکێیه‌ك و به زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌که‌وه ئه‌وه‌ی
دووپات کرده‌وه که هیچ شتێك له باره‌ی ئیڤان میرۆنۆڤه‌وه نازانێت. که بانگیش
کرا بێت و سوێند بخوات، به‌سه‌ر دڵه‌ڕاوکێیه‌که‌ی ناخی زاڵ بوو و به ئاسوده‌ییه‌کی
ساخته‌وه رسته‌کانی سوێنده‌که‌ی دووباره کرده‌وه که قه‌شه‌یه‌کی پیری دانراو
له‌لایه‌ن دادگاوه بۆی ده‌خوێنده‌وه. سوێندی به خاچی پیرۆز و ئینجیل خوارد که
ته‌نها راستییه‌کان بڵێت.
که‌یسه‌که له دژی ئیڤان میرۆنۆڤ بڕیاری له‌سه‌ر
درا به‌وه‌ی که ده‌بێت پێنج روبڵ بۆ خه‌رجییه‌کان بدات. یوجین میهایلۆڤیچ به به‌خشنده‌ییه‌وه
ئه‌م بڕە پاره‌یه‌ی له بری ئه‌و دا. پێش ئه‌وه ئیڤان میرۆنۆڤ بچێته ده‌ره‌وه،
دادوه‌ره‌که به توندی ئاگاداری کرده‌وه به‌وه‌ی که پێویسته له ئاینده‌دا
وریا بێت که‌سانی به‌ڕێز تۆمه‌تبار نه‌کات و، ئه‌وه‌یشی که پێویسته سوپاسگوزار
بێت چونکه ئه‌و هیچ ناچار نه‌بوو خه‌رجییه‌کانی له باتی بدات و، هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ی
که ئه‌و له سکاڵایه‌کی له‌سه‌ر بوختان بنیاتنراو ده‌ربازی بوو، که به هۆیه‌وه
ده‌کرا به سێ مانگ زیندانیکردن مه‌حکوم بکرێت.
"سوپاسه ناشایانه‌که‌م پێشکه‌ش ده‌که‌م،"
ئیڤان میرۆنۆڤ وه‌های ووت و سه‌ری راوه‌شاند و به ئاهێکی قورسه‌وه دادگای به‌جێ
هێشت.
هه‌موو شتێك وا دیار بوو بۆ یوجین
میهایلۆڤیچ و ڤاسیلیی حه‌مباڵ به باشی کۆتایی پێ هاتبێت. به‌ڵام ته‌نها له
روواڵه‌تدا وابوو. شتێك رووی‌دابوو که که‌س تێبینیی نه‌کردبوو، به‌ڵام له ته‌واوی
ئه‌و شتانه‌ی به‌رچاو بوون زۆر زۆر گرنگتر بوو.
ڤاسیلی دوو ساڵ له‌مه‌وبه‌ر گونده‌که‌ی خۆیی
به‌جێ هێشتبوو و نیشته‌جێی شار ببوو. تا زۆرتری پێچوو، که‌متر و که‌متر پاره‌ی بۆ
باوکی ده‌نارد و، داوای له ژنه‌که‌ی که له ماڵه‌وه‌ی به‌جێ هێشتبوو نه‌ده‌کرد
تا بێت بۆ لای. هیچ پێویستییه‌کی به ژنه‌که‌ی نه‌بوو؛ له شاردا هه‌رچه‌ندی ئاره‌زوو
لێبا ژنی بۆ خۆی ده‌بوو، جا چ ژنیش، زۆر زۆر له‌و ئافره‌ته لادێییه چڵکنانه
باشتر. هه‌ر ساڵێکی به‌سه‌ردا تێده‌په‌ڕی، ڤاسیلی زیاتر و زیاتر له‌گه‌ڵ شێوازی
ژیانی خه‌ڵکانی شار ئاشنا ده‌بوو و داب و نه‌ریتی ژیانی لادێیشی له بیر ده‌چووه‌وه.
له‌وێ هه‌موو شتێك، هه‌ر مه‌پرسه، هێنده په‌رپوت و خۆڵه‌مێشی و هه‌ژارانه و
ناڕێكن. لێره له شار، هه‌موو شتێك به پێچه‌وانه‌یه، پوخته و جوان و پاك و فره؛
زۆریش رێکوپێك. هه‌روه‌ها پتریش ده‌هاته سه‌ر ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ی که خه‌ڵکانی
لادێ هه‌ر وه‌کو جانه‌وه‌ری کێوی ده‌ژین، هیچ نازانن که ژیان چییه و، ته‌نها
ژیانی شار راسته‌قینه‌یه. ئه‌و کتێبانه‌ی له‌لایه‌ن نوسه‌ره باشه‌کانه‌وه نوسراون
ده‌خوێندنه‌وه و ده‌چووه سه‌یری نمایشه‌کان له هۆڵی گه‌ل. له لادێ‌دا، خه‌ڵکی
ته‌نانه‌ت له خه‌ونیشیاندا ئه‌م جۆره سه‌یروسه‌مه‌رانه نابینن. له لادێ‌دا پیره
پیاوان ده‌ڵێن: "گوێڕایه‌ڵی یاسا به و، له‌گه‌ڵ ژنه‌که‌تدا ژیان بگوزه‌رێنه؛
کار بکه؛ زۆر مه‌خۆ؛ گرنگی به جوانکاری مه‌ده،" به‌ڵام لێره، له شار، هه‌مووی
خه‌ڵکی ژیر و تێگه‌یشتوون، بێگومان هه‌ر ئه‌مانیشن که له راستیدا ده‌زانن یاسا چییه
و، بۆ خۆیان به دوای هه‌وا و هه‌وه‌سی خۆیان که‌وتوون. ئا له‌مه‌شدا باشترن.
تا پێش ئه‌و رووداوه‌ی کۆبۆنه ساخته‌که،
ڤاسیلی نه‌یده‌توانی باوه‌ڕ به‌وه بکات که خه‌ڵکی ده‌وڵه‌مه‌ند به راستی به بێ
هیچ یاسایه‌کی ئه‌خلاقی ژیاون. به‌ڵام له پاش ئه‌وه، به تایبه‌تیش پاش ئه‌وه‌ی
که سوێندی درۆی خوارد، ئه‌گه‌رچی سه‌رباری هه‌موو ئه‌وانه‌ش ده روبڵی له‌و کێشه‌یه‌دا
به‌ده‌ست که‌وت؛ به‌ڵام له‌وه‌ش خراپتر ئه‌وه بوو ڤاسیلی سه‌ره‌ڕای ترسه‌کانی
باوه‌ڕی به‌تینی به‌وه ده‌هێنا که هیچ یاسایه‌کی ئه‌خلاقی بوونی نه‌بووه و ته‌نها
شتێك پێویست بێت ئه‌نجام بدرێت ئه‌وه‌یه که که‌سێك به دوای به‌رژە‌وه‌ندی و
خۆشییه‌کانی خۆی بێت. ئێستاش ئاوه‌ها رێسای ژیانی خۆی دانا. به‌و پێیه له شت
کڕینی بۆ کرێنشینه‌کان چه‌ندی ده‌توانی قازانجی ده‌کرد. به‌ڵام ئه‌مه پاره‌ی گشت
خه‌رجییه‌کانیی ده‌رنه‌ده‌هێنا. ئه‌وجا که‌وته دزیکردن، دزینی هه‌ر شتێك بۆی هه‌ڵکه‌وتبا،
پاره و هه‌ر شتێکی دیکه‌ی گرانبه‌ها. رۆژێکیان جزدانیکی پڕ له پاره‌ی له یوجین
میهایلۆڤیچ دزی، به‌ڵام ئاشکرا بوو. یوجین میهایلۆڤیچ نه‌یدایه ده‌ست پۆلیس، به‌ڵکو
هه‌ر له‌و جێگایه له کاره‌که‌ی ده‌ری کرد.
ڤاسیلی هیچ جۆره ئاره‌زووه‌یه‌کی لێ نه‌بوو
بۆ گونده‌که‌ی بگه‌ڕێته‌وه و، هه‌ر له مۆسکۆ و له‌گه‌ڵ خۆشه‌ویسته‌که‌یدا مایه‌وه
و به دوای کارێکی نوێ ده‌گه‌ڕا. کارێکی حه‌مباڵیی له‌لای سه‌وزه‌فرۆشێك دۆزییه‌وه،
به‌ڵام به کرێیه‌کی که‌م. له دووه‌م رۆژی ده‌ستبه‌کاربوونی له‌و کاره به دزینی
جانتاوه گیرا. سه‌وزه‌فرۆشه‌که پۆلیسی بۆی بانگ نه‌کرد، به‌ڵام تێهه‌ڵدانێکی
باشی کرد و کردییه ده‌ره‌وه. له پاش ئه‌وه ئیدی نه‌یتوانی کارێك بدۆزێته‌وه.
ئه‌و پاره‌یه‌ی پاشه‌که‌وتی کردبوو هه‌ر زوو نه‌ما؛ ناچار بوو جلوبه‌رگه‌کانی
بفرۆشێت و به جلی نیمچه شڕە‌وه ده‌سوڕایه‌وه. خۆشه‌ویسته‌که‌ی به‌جێی هێشت. به‌ڵام
هه‌ر له که‌شوفشی خۆی نه‌که‌وت و، که به‌هار هات به‌ره‌و ماڵه‌وه‌ی ملی رێی گرت.
نۆیه‌م
پیته‌ر نیکۆلایڤیچ سڤێنتیسکی، که پیاوێکی به‌ژن
کورته و له‌به‌ر ئه‌وه‌ی چاوه‌کانی کزن و مه‌ترسیی کوێربوونی یه‌کجاره‌کیی له‌سه‌ره
چاویلکه‌ی ره‌ش له چاو ده‌کات، وه‌کو خووی خۆی له‌گه‌ڵ تاریك و روون‌دا به خه‌به‌ر
هات و په‌رداخێ چای خوارده‌وه و ئه‌و پاڵتۆ کۆرته‌ی لێواره‌که‌ی به فه‌رووی ئه‌ستراخان
بوو له‌به‌ر کرد و، چووه چاودێریکردنی کاروباری زه‌ویوزاره‌که‌ی.
پیته‌ر نیکۆلایڤیچ جاران فه‌رمانبه‌رێك بوو
له گومرگ و، له ماوه‌ی خزمه‌تکردنی له‌وێ هه‌ژده هه‌زار روبڵی ده‌ست که‌وتبوو.
نزیکه‌ی دوازده ساڵ له‌مه‌وبه‌ر وازی له‌و کاره هێنا، زۆر به ویستی خۆیشی نا و
بگره له راستیدا ناچار به وازهێنان کرا؛ پاشان زه‌ویزارێکی له خاوه‌ن زه‌وییه‌کی
گه‌نج کڕی که موڵکه‌که‌ی ته‌خشان و په‌خشان دەکرده‌وه. پیته‌ر نیکۆلایڤیچ له ته‌مه‌نێکی
زووتردا ژنی هێنابوو، له‌و کاته‌ی هێشتا کاربه‌ده‌ستێکی گومرگ بوو. ژنه‌که‌ی که
له بنه‌ماڵه‌یه‌کی دێرینی خانه‌دان بوو، به هه‌تیوی گه‌وره بووبوو و هیچ پاره‌یه‌کی
بۆ نه‌مابووه‌وه. ئافره‌تێکی باڵابه‌رزی که‌ڵه‌گه‌تی جوان بوو. هیچ منداڵیان نه‌بوو.
پیته‌ر نیکۆلایڤیچ هه‌ندێ به‌هره‌ی دیاری کارکردن و ویستێکی به‌هێزی هه‌بوو. خۆی
کوڕی پیاوێکی خانه‌دانی پۆڵه‌ندی بوو و هیچی له‌باره‌ی کشتوکاڵ و به‌ڕێوه‌بردنی زه‌ویوزاره‌وه
نه‌ده‌زانی؛ به‌ڵام که بووه خاوه‌ن زه‌ویزاری خۆی وه‌های باش به‌ڕێوه برد که
له پاش پازده ساڵ ئه‌و زه‌وییه به که‌ڵك هیچ نه‌هاتووه‌ی نزیکه‌ی 485 دۆنم ده‌بوو
بووه زه‌وییه‌کی نمونه‌یی. گشت بیناکان، له خانوی نیشته‌جێبوونیانه‌وه بگره تا
ئه‌مباره‌کانی تایبه‌ت به گه‌نمه‌شامی و ئه‌و که‌پره‌ی ئاگرکوژێنه‌وه‌که به پته‌وی
دروست کرابوون و به ئاسن سه‌ر گیرابوون و، له کاتی دروستدا هه‌موویان ره‌نگ
کرابوون. له خانوی تایبه‌ت به که‌ره‌سته‌کان، عه‌ره‌بانه و ده‌سته‌به‌ره‌کان،
گاسن و خه‌رماشه‌کان، هه‌موویان به رێکی دانرابوون، زین و لغاوه‌کانیش به جوانی
پاك کرابوونه‌وه و چه‌ور کرابوون. ئه‌سپه‌کان زۆر زل نه‌بوون، به‌ڵام په‌رواری
ماڵی، ره‌نگ شین، تێر و خۆش خۆراك، به‌هێز و بێ عه‌یب بوون.
ئامێری هه‌باشه‌که له کۆلیته‌یه‌کی سه‌ر
داپۆشراودا ده‌گڕا، ئالیکه‌کان له کادانێکی جودادا هه‌ڵده‌گیران و، ژێره‌وه‌ی ته‌ویله‌ی
ئه‌سپه‌کانیش ئاوه‌ڕۆی سه‌ر داپۆشراوی لێ دروست کرابوو. مانگاکان له ماڵه‌وه په‌روه‌رده
ده‌کران، زۆر گه‌وره نه‌بوون، به‌ڵام شیرێکی زۆریان ده‌دا؛ له حه‌وشه‌ی په‌له‌وه‌ره‌کاندا
مریشك و که‌ڵه‌شیر به‌خێو ده‌کران و مریشکه‌کانیش له جۆرێکی تایبه‌ت بوون، ژماره‌یه‌کی
زۆر هێلکه‌یان ده‌کرد. له‌ناو باخه‌که‌یشدا، داره به‌رداره‌کان جوان سپی کرابوونه‌وه
و به کۆڵه‌که‌وه به‌سترابوونه‌وه تاوه‌کو وایان لێبکات رێك و راست گه‌شه بکه‌ن.
هه‌موو شتێك چاودێری ده‌کرا و هه‌مووشی به‌هێز و خاوێن و رێك و ته‌واو بوو. پیته‌ر
نیکۆلایڤیچ شادمان بوو به‌وه‌ی که زه‌ویوزاره‌که‌ی له وه‌ها دۆخێکی رێك و ته‌واودایه
و شانازیشی به‌وه ده‌کرد که ئه‌م ده‌ستکه‌وته‌ی له حیسابی چه‌وساندنه‌وه‌ی
جوتیاره‌کانه‌وه نه‌بووه، به‌ڵکو به پێچه‌وانه‌شه‌وه، ئه‌و په‌ڕی دادپه‌روه‌ر
بووه له مامه‌ڵه‌کردنی له‌گه‌ڵیاندا.
له نێو خانه‌دانه‌کانی پارێزگاکه‌یدا، ئه‌م
سه‌ر به پارته پێشه‌نگه‌که بوو و، زیاتریش مه‌یلی به‌لای بۆچوونه لیبراڵه‌کان
بوو تاوه‌کو پارێزگاره‌کان، هه‌میشه لایه‌نی جوتیاره‌کانی ده‌گرت دژ به‌وانه‌ی که
هێشتا له خه‌می ده‌ره‌به‌گایه‌تی بوون. هه‌میشه ده‌یووت، "به باشی مامه‌ڵه‌یان
له‌گه‌ڵ بکه، ئه‌وانیش به‌رانبه‌رت باش ده‌بن." به دڵنیایشه‌وه، هه‌رگیز چاوپۆشیی
له هیچ که‌مته‌رخه‌مییه‌كی ئه‌وانه نه‌ده‌کرد که له‌سه‌ر زه‌وییه‌که‌ی کاریان
ده‌کرد و، هه‌ر کاتێ ته‌مبه‌ڵ بوونایه هانی ده‌دان له کاره‌که‌یان به‌رده‌وام
بن؛ به‌ڵام بۆ ئه‌مه‌ش جێگه‌ی حه‌وانه‌وه‌ی چاك و خواردنی چاك و فره‌ی ده‌دانێ و
ده‌ستهه‌قه‌کانیانی به بێ دواکه‌وتن ده‌دانێ و، له رۆژانی جه‌ژندا خواردنه‌وه‌ی
پێ ده‌دان.
پیته‌ر نیکۆلایڤیچ به وریاییه‌وه هه‌نگاوی
به‌سه‌ر ئه‌و به‌فره‌ی مانگی شوبات که له توانه‌وه‌دا بوو ده‌نا و له ته‌ویله‌کان
تێپه‌ڕی و به‌ره‌و ئه‌و کۆلیته‌یه رۆیشت که کرێکاره‌کانی تێدا ده‌حه‌وانه‌وه. هێشتا
تاریك بوو، به هۆی ته‌مه‌که‌یشه‌وه تاریكتر بوو؛ به‌ڵام په‌نجه‌ره‌کانی کۆلیته‌که
روناك بوون. پیاوه‌کان هه‌ستابوونه‌وه. ویستی وابوو هانیان بدات ده‌ست به کار
بکه‌ن. وای دانبوو که پیاوه‌کان پێویسته بچنه دارستانه‌که و دوا باری داری
سوتاندنی پێویست به‌ر له به‌هار بهێننه‌وه.
"ئه‌وه چییه؟" به خۆیی ده‌ووت
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی بینی که ده‌رگای ته‌ویله‌که له‌سه‌ر پشته. "سڵاو، که‌سی
لێیه؟"
هیچ وه‌ڵامێك نه‌بوو. پیته‌ر نیکۆلایڤیچ له
ته‌ویله‌که چووه ژووره‌وه. ژووره‌وه تاریك بوو؛ رووی زه‌مینه‌که‌ی له ژێر
پێیه‌کانیدا نه‌رم بوون و، هه‌وا بۆنی ته‌رسه‌قولی لێده‌هات؛ له لای راسی ده‌رگاکه‌وه
دوو نیمچه ته‌ویله‌ی لێ‌بوو بۆ جووتێك ئه‌سپی شین. پیته‌ر نیکۆلایڤیچ ده‌ستی به‌ره‌و
لایان راکێشا، دانه‌یه‌کیان به‌تاڵ بوو. پێی بۆ درێژ کرده‌وه، وای دانا که له‌وانه‌یه
ئه‌سپه‌که پاڵ که‌وتبێت. به‌ڵام پێی له هیچ شتێکی ره‌قی نه‌دا. "ده‌بێت ئه‌سپه‌که‌یان
بۆ کوێ بردبێت؟" به خۆیی ده‌ووت. وا دیاره که لغاویشیان نه‌کردبێت؛ هه‌موو
خلیسکێنه‌کانیش هێشتا له ده‌ره‌وه‌ن. پیته‌ر نیکۆلایڤیچ له ته‌ویله‌که چووه ده‌ره‌وه.
"ستێپان، وه‌ره ئێره،" بانگی لێ
کرد.
ستێپان سه‌رده‌سته‌ی کرێکاره‌کان بوو. له‌و
کاته‌دا خه‌ریك بوو له کۆلیته‌که ده‌هاته ده‌ره‌وه.
"ئه‌وه‌تام،" به ده‌نگێکی
خۆشحاڵه‌وه وه‌ڵامی دایه‌وه. "ئاه، ئه‌وه تۆی، پیته‌ر نیکۆلایڤیچ؟ ئه‌وه‌تا
پیاوه‌کانمان دێن."
"بۆچی ده‌رگای ته‌ویله‌که کراوه‌ته‌وه؟"
"کراوه‌ته‌وه؟ هیچ ئاگام لێی نییه
بۆچی کراوه‌ته‌وه. پرۆشکا، ده‌ڵێم، بڕۆ چراکه بهێنه!"
پرۆشکا به چرایه‌که‌وه هات. هه‌موویان
چوونه ته‌ویله‌که‌وه و، ستێپان ده‌ستبه‌جێ زانی که چی روویداوه.
"دزه‌کان هاتوونه‌ته ئێره، پیته‌ر
نیکۆلایڤیچ،" وه‌های ووت. "ئه‌وه‌تا قوفڵه‌که شکێنراوه."
"نه‌خێر، وا نه‌ڵێی!"
"به‌ڵێ، ئه‌و جه‌ردانه! 'ماشکا'
نابینم. 'هه‌ڵۆ' لێره‌یه. به‌ڵام نه 'جوانه' و نه 'شینه خاڵخاڵین' نه‌ماون."
سێ ئه‌سپ دزراون!
پیته‌ر نیکۆلایڤیچ یه‌که‌م جار یه‌ك وشه‌شی
نه‌ووت. ته‌نها رووی مۆن بوو و هه‌ناسه‌ی قووڵی هه‌ڵده‌کێشا.
پاش که‌مێك ئه‌وجا ووتی، "ئاه. ئه‌گه‌ر
ته‌نها ده‌ستم پێیان بگات! کێ له نۆبه پاسه‌وانی بوو؟"
"پیته‌ر. وا دیاره خه‌و بردوویه‌ته‌وه."
پیته‌ر نیکۆلایڤیچ پۆلیسی هێنا و سکاڵای
پێشکه‌ش به گشت لایه‌نه ده‌سه‌ڵاتداره‌کان کرد و، پیاوه‌کانی نارد تا دزه‌کان
بدۆزنه‌وه. به‌ڵام ئه‌سپه‌کان له‌وه‌دا نه‌بوون بدۆزرێنه‌وه.
"هه‌ی چه‌په‌ڵینه،" پیته‌ر
نیکۆلایڤیچ ده‌یووت. "چۆن توانییان ئه‌مه بکه‌ن! من هه‌میشه چاك بووم له‌گه‌ڵیاندا.
ئێستا ئاوا، ده بۆم بوه‌ستن! هه‌ی جه‌رده‌ینه! هه‌مووتان جه‌رده‌ن. چیدیکه له‌گه‌ڵتان
چاك و به‌خشنده نامێنم."
ده‌یه‌م
له‌و کاته‌دا، ئه‌سپه‌کان، ئه‌و ئه‌سپه
شینانه، هه‌موویان له‌ناودرابوون؛ ماشکا فرۆشرابووه قه‌ره‌جه‌کان به هه‌ژده
روبڵ؛ شینه خاڵخاڵین به ئه‌سپێکی دیکه گۆڕدرابوویەوه و درابووه جوتیارێکی دیکه
که چل میل له زه‌ویوزاره‌که‌وه دوور بوو؛ جوانه‌ش هه‌ر له رێگادا مرداربووبووه‌وه.
ئه‌و پیاوه‌ی هه‌موو کاره‌کانی جێبه‌جێ کرد، ئیڤان میرۆنۆڤ بوو. ئه‌و له‌سه‌ر زه‌ویوزاره‌که
دامه‌زرێنرابوو و به هه‌موو که‌ین و به‌ینێکی پیته‌ر نیکۆلایڤیچی ده‌زانی. ده‌یویست
ئه‌و پاره‌یه‌ی له‌ده‌ستی دابوو به ده‌ست بهێنێته‌وه و، ئه‌سپه‌کانی بۆ ئه‌و مه‌به‌سته
دزیبوون.
له پاش ئه‌و به‌دبه‌ختییه‌ی کۆبۆنه ساخته‌که،
ئیڤان میرۆنۆڤ ده‌ستی دایه خواردنه‌وه و هه‌رچییه‌کی هه‌یبوو و جگه له‌وه‌ی به
ده‌ست ژنه‌که‌ی ده‌گه‌یشت، له خواردنه‌وه‌ی داده‌نا؛ ژنه‌که‌ی گشت جلوبه‌رگه‌کانی
و تفاقی ئه‌سپه‌کانی و هه‌موو شتێکی دیکه‌یی لێ قوفڵ کرد، ئه‌گه‌رنا ئه‌وا له
یانه گشتییه‌که‌دا به فیڕۆی ده‌دان. له کاتی مه‌ستیدا، ئیڤان میرۆنۆڤ به‌رده‌وام
بیری ده‌کرده‌وه، نه‌ك ته‌نها سه‌باره‌ت به‌و پیاوه‌ی خراپه‌ی له‌گه‌ڵدا کرد، به‌ڵکو
سه‌باره‌ت به گشت ئه‌و ده‌وڵه‌مه‌ندانه‌ی له‌سه‌ر رووتکردنه‌وه‌ی هه‌ژاران ده‌ژین.
رۆژێکیان له‌گه‌ڵ هه‌ندێ جوتیاری خه‌ڵکی ده‌وروبه‌ری پۆدۆڵسك ده‌یخوارده‌وه و،
ئینجا له‌گه‌ڵیشیاندا به‌ره‌و ماڵه‌وه ده‌ڕۆیشته‌وه. به ده‌م رێگاوه، جوتیاره‌کان
که ته‌واو خومار بوون، پێیان ووت که ئه‌وان ئه‌سپێکیان له ته‌ویله‌ی جوتیارێك
دزیوه. ئیڤان میرۆنۆڤ هه‌ڵچوو و ده‌ستی کرده جنێودان به‌و ئه‌سپ دزانه.
"ئه‌وه چ ریسواییه‌که!" پێی
ووتن. "ئه‌سپ بۆ جوتیار وه‌کو برایه‌ك وایه. ئێوه‌ش ئه‌وه‌تان لێ دزیوه؟
پێتان ده‌ڵێم که ئه‌وه گوناهێکی گه‌وره‌یه. ئه‌گه‌ر ئێوه هه‌ر ئه‌سپ ده‌دزن ده‌دزن،
له خانه‌دان و خاوه‌ن زه‌ویوزاره‌کانی بدزن. ئه‌وان له سه‌گ خراپترن و شایسته‌ی
هه‌موو شتێکن."
قسه و باسه‌که‌یان درێژە‌ی کێشا و، جوتیاره‌کانی
خه‌ڵکی پۆدۆلسك بۆیان باس ده‌کرد که دزینی ئه‌سپێك له نێو کێڵگه‌یه‌کدا فرت و
فێڵی زۆری پێویست ده‌کرد.
"ده‌بێت بزانیت که جێگایه‌کی وه‌ها چه‌ند
هاتوچۆی له‌سه‌ره و، پێویست به‌وه‌ش ده‌کات که که‌سێکت له‌وێدا هه‌بێت یارمه‌تیت
بدات."
ئینجا وا به بیر ئیڤان میرۆنۆڤدا هاته‌وه
که ئه‌و خانه‌دانێکی به ناوی سڤێنتیسکی ده‌ناسی؛ خۆی له‌سه‌ر زه‌ویوزاره‌که‌ی
کاری ده‌کرد و، ئه‌م سڤێنتسکییه کاتێك کرێی کارکردنه‌که‌یی پێداوه‌ته‌وه، یه‌ك
روبڵ و نیوی له پاره‌که‌ی شکاندبوو به هۆی ئه‌وه‌ی که که‌ره‌سته‌یه‌کی شکاندووه.
ئه‌و ئه‌سپه شینانه‌ی جوان به بیر هاته‌وه که کاتی خۆی له لای سڤێنتسکی سواری
ده‌بوون.
ئیڤان میرۆنۆڤ چووه لای پیته‌ر نیکۆلایڤیچ و
وای نیشان دا گوایه داوای کاری لێده‌کات، به‌ڵام له راستیدا بۆ ئه‌وه هاتبوو ئه‌و
زانیارییانه‌ی ده‌یویستن کۆبکاته‌وه. ته‌واو چاوی خۆیی کردبووه‌وه تاوه‌کو
دڵنیابێت له‌وه‌ی که پاسه‌وانه‌که له‌وێ نییه و، ئه‌سپه‌کان له جێی خۆیاندان
له ناو ته‌ویله‌که. ئینجا دزه‌کانی هێنایه جێگاکه و، یارمه‌تیی دان تا سێ ئه‌سپه‌که‌یان
برد.
ده‌ستکه‌وته‌کانی خۆیانیان به‌ش به‌ش کرد و،
ئیڤان میرۆنۆڤ به پێنج روبڵ له گیرفانیدا بۆ لای ژنه‌که‌ی گه‌ڕایه‌وه. هیچ
کارێکی نه‌بوو له ماڵه‌وه ئه‌نجامی بدات، هیچ ئه‌سپێکی نه‌بوو له کێڵگه‌که
کاری پێ بکات و، بۆیه له‌گه‌ڵ ئه‌سپ دزه پیشه‌گه‌ره‌کان و له‌گه‌ڵ قه‌ره‌جه‌کاندا
به‌رده‌وام بوو له ئه‌سپ دزین.
یازده
پیته‌ر نیکۆلایڤیچ سڤێنتیسکی هه‌موو هه‌وڵێکی
خۆیی دا تا بزانێت کێ ئه‌سپه‌کانیی دزیوه. ده‌یزانی که یه‌كێك له پیاوه‌کانی سه‌ر
زه‌ویزاره‌که ده‌بێت یارمه‌تیی دزه‌کانی دابێت و وای لێهات گومانی له هه‌موو
شتێك ده‌کرد. لێی پرسین که کێ ئه‌و شه‌وه له ده‌ره‌وه خه‌وتبوو، پیاوه‌کانیش
ووتیان که به درێژایی ئه‌و شه‌وه پرۆشکا نه‌هاتبووه ژووره‌وه. پرۆشکا یان
پرۆکۆفی نیکۆلایڤیچ، که پیاوێکی گه‌نجی تازه خزمه‌تی سه‌ربازی ته‌واوکردوو بوو و
که‌سێکی قۆز و کارامه بوو له هه‌ر کارێک‌دا ئه‌نجامی ده‌دا؛ پیته‌ر نیکۆلایڤیچ
ناو به ناو وه‌کو گالیسکه‌چی کاری پێی ده‌کرد. سه‌رۆك پۆلیسی ناوچه‌که براده‌ری پیته‌ر
نیکۆلایڤیچ بوو؛ هه‌روه‌ها به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیسی هه‌رێمه‌که و مارشاڵی خانه‌دانان،
راوێژکاری ئه‌نجومه‌نی گوندی و، دادوه‌ری لێکۆڵینه‌وه‌ش. هه‌موویان له ساڵڕۆژی قدیسه‌که‌یدا
هاتنه ماڵی و به خۆشییه‌وه ئه‌و شه‌رابه براندییه‌ی گێلاسیان ده‌خوارده‌وه که
پێشکه‌شی کردبوون و، له‌گه‌ڵ شه‌راب و مه‌یدا قارچکی به مره‌باکراوی هه‌مه‌جۆری
جوان جوانیان ده‌خوارد. هه‌موویان سه‌باره‌ت به کێشه‌که‌ی، دڵنه‌واییان ده‌دایه‌وه
و هه‌وڵیان ده‌دا یارمه‌تیی بده‌ن.
"تۆ هه‌میشه لایه‌نداری جوتیاره‌کانت
ده‌گرت،" سه‌رۆك پۆلیسی ناوچه‌که ووتی، "ئه‌وه‌تاش وات به‌سه‌ر هات!
قسه‌ی من راست بوو که ئه‌وان له دڕنده‌ی کێویش خراپترن. شه‌لاقکاری ته‌نها
رێگایه تا بیانهێنیته سه‌ر رێی راست. که‌واته، ده‌ڵێی که هه‌مووی کاری پرۆشکایه.
ئه‌و کابرایه نه‌بوو که هه‌ندێ جار ده‌بووه گالیسکه‌چیت؟"
"به‌ڵێ، ئه‌وه."
"ده‌کرێ به قسه‌ی خۆش بانگی بکه‌یت؟"
پرۆشکا هێنرایه به‌رده‌م سه‌رۆك پۆلیس و،
ئه‌م ده‌ستی کرده لێپرسینه‌وه‌ی.
"ئه‌و شه‌وه له کوێ بوویت؟"
پرۆشکا قژی برده پشته‌وه و چاوه‌کانی ده‌دره‌وشانه‌وه.
"له ماڵه‌وه بووم."
"ئه‌مه چۆن وایه؟ هه‌موو پیاوه‌کان
ده‌ڵێن تۆ له ماڵه‌وه نه‌بوویت."
"هه‌رچۆنت پێ خۆش بێت، خاوه‌ن
شکۆ."
"خۆشی من هیچ په‌یوه‌ندیی به‌م کێشه‌یه‌وه
نییه. پێم بڵێ ئه‌و شه‌وه له کوێ بوویت."
"له ماڵه‌وه."
"زۆر باشه. پۆلیس، بیهێنه بۆ بنکه‌ی
پۆلیس."
هۆکاری ئه‌وه‌ی پرۆشکا نه‌یده‌ووت ئه‌و شه‌وه‌ی
له کوێ بووه ئه‌وه بوو که له‌گه‌ڵ پاراشای خۆشه‌ویستیی به‌سه‌ر بردبوو و به‌ڵێنی
پێی دابوو ئاشکرای نه‌کات. ئه‌م به‌ڵێنه‌که‌ی خۆی ده‌پاراست. هیچ به‌ڵگه‌یه‌کی له
دژ نه‌دۆزرایه‌وه و هه‌ر زوو به‌ردرا. به‌ڵام پیته‌ر نیکۆلایڤیچ هاته سه‌ر ئه‌و
باوهڕەی که پرۆکۆفی له بن ئه‌و هه‌موو کارانه‌وه بووه و، ئیدی که‌م که‌م ره‌قی
لێ هه‌ڵده‌ستا. رۆژێکیان پرۆشکا وه‌کو کاری هه‌میشه‌ی دوو پێوانه جۆ کێویله‌ی له
بازرگانه‌که کڕی. پێوانه و نیوێکی دا به ئه‌سپه‌کان و نیوه‌که‌ی دیکه‌ی بۆ
بازرگانه‌که گه‌ڕانده‌وه و پاره‌که‌یی له خواردنه‌وه‌دا خه‌رج کرد. پیته‌ر
نیکۆلایڤیچ ئه‌مه‌ی لێ ئاشکرا کرد و به گزیکردن تاوانباری کرد. دادوه‌ر به سێ
مانگ به‌ندکردن سزای دا.
پرۆکۆفی که‌سایه‌تییه‌کی ئێجگار لووتبه‌رزی
هه‌بوو و خۆیی له خه‌ڵکانی دیکه به گه‌وره‌تر ده‌زانی. زیندان لووت شکاندنێکی گه‌وره
بوو بۆی. زۆر به خه‌مبارییه‌وه لێیه‌وه ده‌رچوو؛ هیچی دیکه‌ی له ژیاندا نه‌مابوو
سه‌ری پێ به‌رز بێت. له‌وه‌ش زیاتر، رقی زۆر هه‌ستابوو، نه‌ك ته‌نها به‌رانبه‌ر به
پیته‌ر نیکۆلایڤیچ، بگره له هه‌موو دونیا.
هه‌مووشی به لایه‌کدا، وه‌کو ئه‌وه‌ی هه‌موو
ئه‌و خه‌ڵکه‌ی ده‌وروبه‌ر تێبینییان کردبوو، پرۆکۆفی له پاش زیندانیکردنه‌که‌ی
ببووه پیاوێکی دیکه، هه‌م که‌مته‌رخه‌م و هه‌م ته‌مبه‌ڵ ببوو؛ خووی دایه خواردنه‌وه
و، زۆری پێنه‌چوو به دزینی جلوبه‌رگ له هه‌ندێ ماڵی ئافره‌تاندا گیرا و، جارێکی
دیکه خۆی له به‌ندیخانه‌دا بینییه‌وه.
هه‌موو شتێك پیته‌ر نیکۆلایڤیچ له‌باره‌ی ئه‌سپه
شینه‌کانی دۆزییه‌وه ته‌نها جێگای شاردنه‌وه‌ی یه‌کێکیان بوو، ئه‌ویش جوانه بوو
که له جێگایه‌ك له‌سه‌ر زه‌ویوزاره‌که‌ی خۆی دۆزرایه‌وه. راستی ئه‌وه‌ی که دزه‌کان
بێ هیچ سزادانێك بۆی ده‌رباز ببوون زیاتر پیته‌ر نیکۆلایڤیچی جاڕە‌س ده‌کرد. نه‌یده‌توانی
بێ ئه‌وه‌ی تووڕە ببێت قسه له‌باره‌ی جوتیاره‌کانه‌وه بکات یان ته‌نانه‌ت ته‌ماشاشیان
بکات. هه‌رکاتێکیش کردبای، ئه‌وا هه‌وڵی ده‌دا بییانچه‌وسێنێته‌وه.
دوازده‌یه‌م
پاش ئه‌وه‌ی له کۆڵ خۆیی کردبووه‌وه،
یوجین مهایلۆڤیچ کۆبۆنه‌که‌ی ته‌واو له بیر کردبوو؛ به‌ڵام ماریا ڤاسیلێڤنای ژنی
نه‌یده‌توانی نه له خۆی خۆش بێت له‌به‌ر ئه‌وه‌ی وه‌ریگرتبوو و، نه له مێرده‌که‌شی
له‌به‌ر ئه‌و قسه ره‌ق و زبرانه‌ی. له هه‌مووشی زیاتر له‌و دوو کوڕە تووڕە بوو
که وه‌ها شاره‌زایانه کڵاویان له‌سه‌ر نابوو. له‌و رۆژە‌وه‌ی کۆبۆنه‌که‌ی له
بری پاره وه‌رگرت، به ووردی دیقه‌تی گشت کوڕانی قوتابخانه‌ی ده‌دا که له جاده
و کۆڵاندا ده‌هاتنه سه‌ر رێگه‌ی. رۆژێکیان ده‌می ته‌قی به ماهیندا، به‌ڵام نه‌یناسییه‌وه،
چونکه له‌و کاته‌ی چاوی به ئه‌م که‌وت، ده‌موچاوی خۆیی گۆڕیبوو و رووخساری ته‌واو
جیاواز دیار بوو. به‌ڵام دوو هه‌فته دوای رووداوی کۆبۆنه‌که که روو به روو چاوی
به میتیا سمۆکۆڤنیکۆڤ که‌وت، ده‌ستبه‌جێ ناسییه‌وه.
لێیگه‌ڕا تا به لایدا تێپه‌ڕێت، ئینجا
سووڕایه‌وه و به دوای که‌وت و، که گه‌یشته نزیك ماڵیان پرسیاری له‌باره‌وه
کرد که کوڕی کێیه. بۆ رۆژی دواتر، چووه قوتابخانه و له هۆڵه‌که‌دا چاوی که‌وت
به قه‌شه میخاییل ڤێدنسکیی مامۆستای لاهوت. قه‌شه‌که لێی پرسی چیی ده‌وێت. وه‌ڵامی
دایه‌وه که حه‌ز ده‌کات به‌ڕێوه‌به‌ری قوتابخانه ببینێت. قه‌شه‌که ووتی،
"ئه‌و هیچ وەزعی باش نییه. من ده‌توانم یارمه‌تیت بده‌م یان په‌یامتی پێ بگه‌یه‌نم؟"
ماریا ڤاسیلێڤنا وای بیر کرده‌وه که ئه‌میش
ره‌نگه باشتر بێت به قه‌شه‌که بڵێت که بابه‌ته‌که چییه. میخاییل ڤێدنسکی
پیاوێکی بێ ژنی تا بڵێی چاوچنۆك بوو. ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر و له کۆبوونه‌وه‌یه‌كدا،
چاوی به باوكی میتیا سمۆکۆڤنیکۆڤ که‌وتبوو و، گفتوگۆیه‌کیان له‌باره‌ی ئایینه‌وه
کردبوو. سمۆکۆڤنیکۆڤ له گشت خاڵه‌کاندا یه‌کلاکه‌ره‌وانه به‌زاندبووی؛ وایشی لێ
کردبوو ته‌واو پێکه‌نیناوی ده‌رکه‌وێت. له‌و کاته به‌دواوه، بڕیاری دا به تایبه‌تی
چاو بخاته سه‌ر کوڕەکهی سمۆکۆڤنیکۆڤ و، وای داده‌نا که وه‌کو باوکی به‌رانبه‌ر
به بابه‌ته ئایینییه‌کان بێ‌باك و که‌مته‌رخه‌م بێت؛ وای لێهات ده‌یچه‌وسانده‌وه
و ته‌نانه‌ت له تاقیکردنه‌وه‌کاندا ده‌یکه‌واند.
که ماریا ڤاسیلێڤنا باسی ئه‌وه‌ی بۆ کرد که
کوڕەکهی سمۆکۆڤنیکۆڤ چیی به‌سه‌ر هێناوه، ڤێدنسکی نه‌یده‌زانی چۆن ئه‌و
خۆشحاڵییه‌ی ناخی بشارێته‌وه. له ره‌فتاری کوڕەکه‌دا به‌ڵگه‌یه‌کی روونی دۆزییه‌وه
له‌سه‌ر خراپه‌کارییه‌ك ته‌نها ئه‌و که‌سانه ئه‌نجامی ده‌ده‌ن که به رێنماییه‌کانی
کڵێسا رێنوێنی نه‌کراون. بڕیاری دا ئه‌م ده‌رفه‌ته گرنگه بقۆزێته‌وه بۆ
هۆشداریدان به بێباوه‌ڕان سه‌باره‌ت به‌و مه‌ترسییانه‌ی هه‌ڕە‌شه‌یان لێده‌کات. هه‌رچۆنێك
بێت، ده‌یویست قه‌ناعه‌ت به خۆی بهێنیت که ئه‌مه ته‌نها پاڵنه‌رێك بووه وای
لێکردووه سوور بێت له‌سه‌ر خۆتێهه‌ڵقورتاندنی. به‌ڵام له ناخی دڵییه‌وه ته‌نها
مه‌راقی ئه‌وه‌ی کردبوو تۆڵه له‌و مولحیده لووتبه‌رزه بکاته‌وه.
"به‌ڵێ، به راستی ئه‌وه زۆر خه‌مناکه،"
باوکه میخاییل وای ده‌ووت و به‌و خاچه‌ی به سه‌ر جبه‌ی قه‌شه‌ییه‌که‌یه‌وه له
ملی کردبوو یاری ده‌کرد و ده‌ستی به لا ته‌نیشته ساف و لووسه‌کانی ده‌هێنا.
"زۆر خۆشحاڵم ئه‌م دانپێنانه‌ت پێدام. وه‌کو خزمه‌تکارێکی کڵێسا خۆم ئه‌م مه‌رده
گه‌نجه ته‌مبێ ده‌که‌م، به دڵنیاییشه‌وه به ئه‌وپه‌ڕی نه‌رم و نیانییه‌وه. به
شێوه‌یه‌ك ئه‌نجامی ده‌ده‌م که له‌گه‌ڵ پێگه پیرۆزه‌که‌م بگونجێت،" باوکه میخاییل
به خۆیی ده‌ووت و بیری له‌وه ده‌کرده‌وه که ئه‌و هه‌سته ناشیرینه‌ی باوکی کوڕە‌که
به‌رانبه‌ر به‌م هه‌یبووه بیری چووه‌ته‌وه. به خه‌ستی باوه‌ڕی وا بوو که گیانی
کوڕە‌که ده‌بێت ببێته ته‌نها بابه‌تی ئه‌م چاودێرییه دیندارییه‌ی خۆی.
بۆ رۆژی دواتر، له میانی وانه‌ی لاهوت که
باوکه میاخایل به پۆله‌که‌ی میتیا سمۆکۆڤنیکۆڤی ده‌دایه‌وه، روداوی کۆبۆنه
ساخته‌کراوه‌که‌ی گێڕایه‌وه و ئه‌وه‌شی ووت که گوناهکاره‌که یه‌کێك بووه له
قوتابییه‌کانی قوتابخانه‌که. "ئه‌مه کارێکی زۆر خراپه یه‌کێك ئه‌نجامی
بدات،" پێی ده‌ووتن؛ "به‌ڵام نکۆڵیکردن له تاوانه‌که هێشتا خراپتره.
ئه‌گه‌ر ئه‌وه راست بێت که تاوانه‌که له‌لایه‌ن یه‌کێك له ئێوه‌وه ئه‌نجام
درابێت، ئه‌وا با تاوانکاره‌که دانی پێدا بنێت." له‌گه‌ڵ ووتنی ئه‌مه‌دا،
باوکه میخاییل چاوی له‌سه‌ر میتیا سمۆکۆڤنیکۆڤ هه‌ڵنه‌ده‌گرت. به دوای چاوی ئه‌ودا،
گشت قوتابییه‌کانی دیکه‌ش روویان کرده میتیا، که سوور هه‌ڵگه‌ڕا بوو و ته‌واو هه‌ستی
به ناڕەحه‌تی ده‌کرد و دڵۆپی گه‌وره گه‌وره‌ی ئاره‌ق که‌وتبوونه سه‌ر ده‌موچاوی.
له کۆتاییدا فرمێسك به چاویدا هاته خواره‌وه و له پۆله‌که رایکرده ده‌ره‌وه.
دایکی که به کێشه‌که‌یی زانی راستییه‌که‌ی دۆزییه‌وه و ده‌ستبه‌جێ خۆی گه‌یانده
دوکانی وێنه‌گره‌که، دوازده روبڵ و په‌نجا کۆپێکی دا به ماریا ڤاسیلێڤنا و، به‌ڵێنی
لێی وه‌رگرت نکۆڵی له‌و تاوانه‌ی کوڕەکهی بکات. زیاتریش تکای له میتیا کرد راستی
رووداوه‌که له هه‌موو که‌س بشارێته‌وه و، به هه‌ر شێوه‌یه‌کیش نه‌هێڵێت باوکی
پێی بزانێت.
ئه‌وجا فێدۆر میهایلۆڤیچ به رووداوی وانه‌ی
لاهوته‌که‌ی بیست و لێپرسینه‌وه‌ی له کوڕەکهی کرد و ئه‌ویش نکۆڵیی لێکرد، یه‌کسه‌ر
چووه لای به‌ڕێوه‌به‌ری قوتابخانه و به‌سه‌رهاته‌که‌ی بۆ گێڕایه‌وه و بێزاریی
خۆیی له‌و ره‌فتاره‌ی باوکه میخاییل ده‌ربڕی و، ووتی که ناهێڵێت ئه‌و شتانه وه‌ها
بمێنێته‌وه.
به دوای باوکه میخاییلدا نێردرا و، ده‌موده‌ست
له‌گه‌ڵ سمۆکۆڤنیکۆڤدا که‌وتنه ناکۆکییه‌کی گه‌رمه‌وه.
"یه‌که‌م جار ئافره‌تێکی گه‌مژە دێت و
کوڕەکهی من به درۆ تۆمه‌تبار ده‌کات، ئه‌وجا تۆمه‌ته‌که‌ی وه‌ده‌گیرێت و، ئێوه‌ش
بێگومان هیچ شتێکی ماقوڵی دیکه نادۆزنه‌وه و دێن کوڕێکی راستگۆ و متمانه‌پێکراو
ده‌ڕوشێنن!"
"من بوختانم بۆ هه‌ڵنه‌واسیوه و،
پێویسته تکات لێ بکه‌م که به‌و شێوه‌یه‌م له‌گه‌ڵ نه‌دوێیت. تۆ له بیرت چووه قه‌دری
ئه‌م جله‌ی من چییه."
"جله‌کانت بۆ من هیچ بایه‌خێکی نییه."
"سه‌رسه‌ختی تۆ له‌باره‌ی بابه‌ته‌کانی
ئایینه‌وه بۆ هه‌موو که‌سێکی شاره‌که ئاشکرا و زانراوه!" باوکه میخاییل
وای وه‌ڵام دایه‌وه و، وه‌ها تووڕە‌یی گرتبووی سه‌ره باریك و درێژەکە‌ی ده‌له‌رزی.
"پیاوینه! باوکه میخاییل!" به‌ڕێوه‌به‌ری
قوتابخانه‌که قیڕاندی تاوه‌کو هه‌ڵچوونه‌که‌ی ئه‌وان هێور بکاته‌وه. به‌ڵام ئه‌وان
گوێیان پێی نه‌دا.
"ئه‌وه ئه‌رکی منه وه‌کو قه‌شه‌یه‌ك
ئاگام له په‌روه‌رده‌ی ئایینی و ئاکاری قوتابییه‌کانمان بێت."
"ئاه، ئه‌م خۆده‌رخستنەت وه‌کو دیندارێك
بوستێنه! ئا، ئه‌م فرتوفێڵانه‌ی به‌ناو ئایینەوە بوه‌ستێنه! وه‌ك بڵێی نه‌زانم
که تۆ باوه‌ڕت نه به خوا و نه به ئه‌هریمه‌نیش نییه."
"له پاییه‌ی مندا نییه له‌گه‌ڵ که‌سێکی
وه‌کو تۆدا قسه بکه‌م،" باوکه میخاییل ووتی و به‌و دوا قسه‌یه‌ی
سمۆکۆڤنیکۆڤ زۆر ناڕەحهت ببوو، زیاتریش به هۆی ئه‌وه‌ی که دیزانی قسه‌کانی
راستن.
میخاییل ڤێدنسکی له ئه‌کادیمیای قه‌شه‌کاندا
خوێندنه‌کانی به‌سه‌ر بردووه و، له‌به‌ر ئه‌وه‌شه که هه‌ر زۆر له کۆنه‌وه ده‌ستی
هه‌ڵگرتووه له باوه‌ڕکردن به‌وه‌ی که به ئایین و باوه‌ڕی خۆیی دانابوو و ئه‌وه‌ی
که له‌سه‌ر مینبه‌ره‌وه وتاری له‌باره‌وه ده‌دا؛ ته‌نها ئه‌وه‌ی ده‌زانی که پێویستە
له‌سه‌ر پیاوان باوه‌ڕ به‌وه بهێنن که ئه‌م خۆی هه‌وڵی ده‌دا وا نیشان بدات که باوه‌ڕی
پێی هه‌یه.
سمۆکۆڤنیکۆڤ به‌و کاره‌ی باوکه میخاییل سه‌رسام
نه‌بووبوو؛ ته‌نها وای بیر لێ ده‌کرده‌وه که ئه‌و کاره‌ی نمونه‌یه‌کی روونه له‌سه‌ر
ئه‌وه‌ی که باڵاده‌ستیی کڵێسا وا خه‌ریکه له‌سه‌ر کۆمه‌ڵگا جێبه‌جێ ده‌کرێت و،
ئه‌وه‌شی به گشت براده‌ره‌کانی راگه‌یاندبوو که کوڕەکهی چۆن له لایه‌ن قه‌شه‌یه‌که‌وه
سووکایه‌تی پێکراوه.
باوکه میخاییل که ده‌یبینی نه‌ك ته‌نها
مێشکی گه‌نجان به‌ڵکو مێشکی نه‌وه‌ی کۆنتریش به مه‌یلی بێباوه‌ڕی پیس بووه،
زیاتر و زیاتر له پێویستیی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ئه‌و مه‌یلانه دڵنیا ده‌بووه‌وه.
زیاتریش ئه‌و بێباوه‌ڕییه‌ی سمۆکۆڤنیکۆڤ و ئه‌وانی وه‌کو ئه‌و بوون مه‌حکوم ده‌کرد؛
زیاتریش متمانه‌ی به پته‌وکردنی ئه‌و باوهڕەی خۆی ده‌کرد و که‌متریش هه‌ستی به
پێویستی دڵنیابوون لێ ده‌کرده‌وه، هه‌روه‌ها زیاتر هه‌ستی به‌وه ده‌کرد که
ژیانی خۆیی له‌گه‌ڵدا بگونجێنێت. باوهڕەکهی، وه‌کو ئه‌وه‌ی له‌لایه‌ن هه‌موو خه‌ڵکی
ده‌وروبه‌ری زانراوه، بووه چاکترین چه‌کی ده‌ستی باوکه میخاییل که شه‌ڕی ئه‌وانه‌ی
پێ بکات نکۆڵییان لێ ده‌کرد.
ئه‌و خه‌یاڵانه‌ی به هۆی ناکۆکیی له‌گه‌ڵ
سمۆکۆڤنیکۆڤ و هه‌روه‌ها ئه‌و بێزارکردنانه‌ی به هۆی سه‌رزه‌نشتی به‌ڕێوه‌به‌ره‌کانی
له قوتابخانه ده‌هاتنه سه‌ری، وای لێکردبوو ئه‌و ئامانجه‌ی خۆی جێبه‌جێ بکات که
له‌وه‌ته‌ی ژنه‌که‌ی مردبوو خۆیی پێ سه‌رقاڵ کردبوو؛ ئه‌ویش به به‌شداریکردنی له
کۆڕەکانی خه‌ڵوه‌تی ره‌به‌نه‌کان و، هه‌روه‌ها به به‌شداریکردنی له‌و کۆڕە‌ی له‌لایه‌ن
کۆمه‌ڵێ له هاوپۆلانی خۆی له ئه‌کادیمیادا به‌ڕێوه‌یان ده‌برد. یه‌کێك له‌و
هاوپۆلانه‌ی ببووه سه‌رقه‌شه[1] و یه‌کێکی دیکه‌یشیان ببووه
سه‌ره‌ك دێر[2]
و له رێگایدا بوو ببێته سه‌رقه‌شه.
له کۆتایی تێرمه‌که‌دا، میخاییل ڤێدنسکی
وازی له پۆسته‌ی خۆی له قوتابخانه هێنا و هه‌ندێ خوێندنی دیکه‌ی له ژێر ناوی میساییل وه‌رگرت
و، هه‌ر زوو پۆستێکی به ناونیشانی رێبه‌ر له فێرگه‌یه‌کی قه‌شه‌یان وه‌رگرت له
شارۆچکه‌یه‌کی نزیك روباری ڤۆلگا.
سیازده‌یه‌م
له هه‌مان کاتدا ڤاسیلیی حه‌مباڵ به رێگا
کراوه‌که‌دا به‌ره‌و باشور ده‌ڕۆیشت.
له رۆژدا ده‌ڕۆیشت و که شه‌ویش داده‌هات،
پۆلیسێك له کۆلیته‌ی جوتیارێکدا جێی بۆ ده‌کرده‌وه. له هه‌موو لایه‌که‌وه نانی
پێ ده‌درا و هه‌ندێ جاریش داوه‌ت ده‌کرا بۆ نانی ئێواره. له گوندێکدا له ناوچه‌ی
ئۆرێل که بۆ شه‌وێك لێی مایه‌وه، گوێبیستی ئه‌وه بوو بازرگانێك که باخی موڵکدارێكی
بۆ ئه‌و وه‌رزه به کرێ گرتبوو به دوای پیاوی به‌هێز و به‌توانا ده‌گه‌ڕا
بیانکاته پاسه‌وانی به‌روبوومی باخه‌که‌ی. ڤاسیلی که له وێڵگه‌ڕی ماندوو ببوو و
هیچ ئاره‌زوویشی لێنه‌بوو بۆ گونده‌که‌ی خۆی بگه‌ڕێته‌وه، چووە لای ئه‌و پیاوه‌ی
خاوه‌ن باخ وه‌ك پاسه‌وان و به مانگانه‌ی پێنج روبڵ ده‌ستبه‌کار بوو.
ڤاسیلی زۆری به لاوه په‌سه‌ند بوو له ناو
که‌پری ناو باخه‌که بژیت، به تایبه‌تیش له‌و کاتانه‌دا که سێ‌و و هه‌رمێکان پێده‌گه‌یین
و، ئه‌و کاتانه‌شی که پیاوه‌کانی کێڵگه‌که هه‌موو رۆژێ باوه‌ش باوه‌ش پووشی تازه‌یان
له ئامێری هه‌باشه‌که‌وه بۆ دابین ده‌کرد. وه‌ها راهات که رۆژ تا ئێواره له‌سه‌ر
پووشی خۆش به‌رامه و سێوی تازه و بۆن خۆشی کۆماکراو له ته‌نیشتیدا بۆ خۆی پاڵ
بکه‌وێت و، چاوی به هه‌موو لایه‌کدا بگێڕێت تا منداڵانی گوند له میوه‌که نه‌دزن؛
بۆ سه‌رگه‌رمکردنی خۆی فیکه‌ی لێده‌دا و گۆرانیی ده‌ووت. هیچ کۆتایی به گۆرانییه‌کانی
نه‌ده‌هێنا و ده‌نگێکی خۆشیشی هه‌بوو. که ئافره‌تانی جوتیار و کێژانی گه‌نج ده‌هاتنه
لای بۆ داواکردنی سێ‌و و بۆ ده‌مه‌ته‌قێکردن له‌گه‌ڵیدا، ڤاسیلی به گوێره‌ی ئه‌وه‌ی
چه‌ندی به لاوه جوان بووبێتن، سێوی گه‌وره‌تر و بچوکتری ده‌دانێ و له به‌رانبه‌ریشدا
هێلکه یان پاره‌ی وه‌رده‌گرت. له کاته‌کانی دیکه‌دا هیچ کارێکی وه‌های نه‌بوو ئه‌نجامی
بدات، ئه‌وه نه‌بێت له‌سه‌ر پشت پاڵ بکه‌وێت و کاتی ژە‌مه‌کان بچێته ناندینه‌که
و نانه‌که‌ی بخوات. ته‌نها کراسێکی مابووه‌وه که کراسێکی په‌مه‌ییی لۆکه‌یی بوو
و له چه‌ند لاوه کون ببوو. به‌ڵام ته‌نێکی به‌هێز و ته‌ندروستییه‌که‌ی نایابی هه‌بوو.
که داندۆکه ره‌شه‌که‌ی ناو مه‌نجه‌ڵه‌که له‌سه‌ر زۆپاکه داگیرا و پێشکه‌شی
پیاوه کارکه‌ره‌کان کرا، ڤاسیلی وه‌کو خووی خۆی به‌شی سێ که‌سانی خوارد و، پاسه‌وانه
پیره‌که‌ی سه‌ر زه‌ویوزاره‌که تووشی سه‌رسووڕمانێکی نه‌پساوه کرد. له شه‌واندا،
ڤاسیلی هه‌رگیز نه‌ده‌خه‌وت. فیکه‌ی ده‌کێشا یانیش ناو به ناو هاتوهوریایه‌کی ده‌کرد
تاوه‌کو دزه‌کان به‌دوور بخات؛ چاوه تیژ و شێوه پشیله ئاساکانی به روونی له
تاریکیدا ده‌یانبینی.
شه‌وێکیان کۆمه‌ڵێك له کوڕانی گونده‌که به
دزییه‌وه هاتن بۆ ناو باخه‌که تا سێوی داره‌کان بته‌کێنن. ڤاسیلی که به بێده‌نگی
له دواوه بۆیان هات، هێرشی کردنه‌سه‌ر و، ئه‌وانیش هه‌وڵی راکردنیان دا، به‌ڵام
ئه‌م توانی یه‌کێکیان بگرێت و بیبات بۆ لای ئاغاکه‌ی.
یه‌که‌مین که‌پری ڤاسیلی ده‌که‌وته ئه‌وپه‌ڕی
باخه‌که، به‌ڵام پاش ئه‌وه‌ی هه‌رمێ رنرا، ئه‌میش گواستییه‌وه بۆ که‌پرێکی دیکه
که ته‌نها چل هه‌نگاو له ماڵی ئاغاکه‌یه‌وه دوور بوو. زۆری حه‌ز له‌م جێگه
نوێیه ده‌کرد. به درێژایی رۆژ ده‌یتوانی ئه‌و خانم و پیاوه گه‌نجانه ببینێ که
بۆ خۆیان رایانده‌بووارد؛ که ده‌مه‌و ئێواران بۆ پیاسه ده‌چوونه ده‌ره‌وه و له
دره‌نگانی شه‌ویشدا پیانۆ یان ڤیلۆنیان ده‌ژە‌نی و گورانییان ده‌چڕی و سه‌مایان ده‌کرد.
خانمه گه‌نجه‌کانی ده‌بینی که له‌گه‌ڵ خوێندکاره لاوه‌کان له‌سه‌ر تاقی په‌نجه‌ره‌کان
ده‌ده‌نیشتن و ده‌که‌وتنه ده‌مه‌ته‌قێی پڕ جۆش و جووڵه و، دواتریش هه‌ڵده‌ستان و
به جووته به‌سه‌ر ئه‌و رێگا تاریکه‌ی نێوان داره نه‌مداره‌کان ده‌ڕۆیشتن که ته‌نها
به بریسکه‌ی مانگ روناك ده‌بوونه‌وه. خزمه‌تکارانی ده‌بینی ده‌هاتن و ده‌چوون و
خواردن و خواردنه‌وه‌یان ده‌هێنا و ده‌برد، چێشتلێنه‌ره‌کانی ده‌بینی، نۆکه‌ره‌کان،
ئافره‌ته جلشۆره‌کان، باخچه‌وانه‌کان، گالیسکه‌چییه‌کان، هه‌موویانی ده‌بینی که
چۆن سه‌خت تێده‌کۆشن تا خواردن و خواردنه‌وه و خۆشحاڵیی به‌رده‌وام پێشکه‌ش به
ئاغاکانیان بکه‌ن. هه‌ندێ جار گه‌نجه‌کان له ماڵی ئاغاوه ده‌هاتنه بن که‌پره‌که
و، ڤاسیلیش به‌ربژێرترینی سێوه ئاودار و سووره‌کانی پێشکه‌ش ده‌کردن. خانمه گه‌نجه‌کان
هه‌ر له‌وێ گازی گه‌وره گه‌وره‌یان له سێوه‌کان ده‌گرت و ده‌ستیان ده‌کرده په‌سه‌نکردنی
تامه‌که‌ی و له نێوان خۆیاندا به فه‌ره‌نسی قسه‌یان ده‌کرد؛ ڤاسیلی زۆر باش له‌وه
گه‌یشتبوو که له‌باره‌ی ئه‌وه‌وه قسه ده‌که‌ن؛ هه‌روه‌ها داوایان له ڤاسیلی ده‌کرد
گۆرانی‌یان بۆ بچڕێت.
ڤاسیلی ته‌واو به شێوازی ژیانی ئاغاکه‌ی سه‌رسام
ببوو و ئه‌و شێوه ژیانه‌ی به بیر ده‌هێنایه‌وه که له مۆسکۆ دیتبووی؛ پتر و
پتر باوه‌ڕی به‌وه ده‌هێنا که ته‌نها شتێکی گرنگ له ژیاندا به‌س پاره‌یه. بیری
ده‌کرده‌وه و بیری ده‌کرده‌وه چۆن بتوانێت بڕێکی زۆر پاره‌ی ده‌ست بکه‌وێت. ئه‌و
کار و شێوازانه‌ی پێشووتری به‌کاری هێناون بۆ ده‌ستخستنی قازانجی که‌م و بچوك به
بیر خۆی ده‌هێنایه‌وه و، ده‌گه‌یشته ئه‌و ده‌ره‌نجامه‌ی که سه‌رله‌به‌ری ئه‌و
شێوازانه هه‌ڵه بوون. وای خه‌یاڵ ده‌کرده‌وه که، جاروبار دزیکردن هیچ سوودێکی
نییه. بۆیه پێویسته نه‌خشه‌یه‌کی باش ئاماده‌کراو داڕێژێت و، پاش ئه‌وه‌ی گشت
زانیارییه پێویسته‌کانی ده‌ست که‌وت، ئامانجه‌که‌ی خۆی جێبه‌جێ بکات و نه‌توانرێت
بدۆزرێته‌وه.
له پاش جه‌ژنی له‌دایکبوونی پیرۆز، دوا به‌ری
سێوه پاییزییه‌کان کۆکرانه‌وه؛ ئاغاکه به‌و به‌روبوومه رازی و قایل بوو، پاره‌که‌ی
ڤاسیلیی دا و، هه‌ندێ به زیادیشه‌وه له‌به‌ر خاتری ئه‌وه‌ی له کاره‌که‌یدا
دڵسۆز بووه.
ڤاسیلی چاکه‌ته نوێیه‌که‌ی له‌به‌ر کرد و
کڵاوێکی تازه‌یشی کرده سه‌ر، هه‌ردووکیان به دیاری له‌لایه‌ن کوڕی ئاغاکه‌یه‌وه
پێی درابوون، به‌ڵام به‌ره‌و ماڵ نه‌گه‌ڕایه‌وه. رقی دونیای له‌و ژیانه په‌سته‌ی
جوتیاری ده‌بووه‌وه. به هاوه‌ڵی هه‌ندێ سه‌ربازی سه‌رخۆش که له‌گه‌ڵیدا له
باخه‌که‌دا پاسه‌وان بوون بۆ مۆسکۆ گه‌ڕایه‌وه. که گه‌یشت و نه‌گه‌یشته ئه‌وێ
بڕیاری دا له تاریکی شه‌ودا هه‌ڵکوتێته سه‌ر ئه‌و دوکانه‌که‌ی کاری تێدا ده‌کرد
و دواتر بێ ئه‌وه پاره‌که‌ی بدرێته‌وه له‌لایه‌ن خاوه‌نه‌که‌یه‌وه فه‌لاقه کرا
و کرایه ده‌ره‌وه. جێگه‌که‌ی به چاکی به‌ڵه‌و بوو و ده‌یزانی پاره‌کان له کوێ
هه‌ڵده‌گیران. بۆیه، داوای له سه‌ربازه‌کان که یارمه‌تییان ده‌دا، کرد له ده‌ره‌وه
چاودێری بکه‌ن؛ ده‌رگای حه‌وشه‌که‌ی پاڵ نا و چووه ناو دوکانه‌که؛ هه‌رچه‌ندی ده‌سته‌کانی
ده‌یانگرت پاره‌ی برد. هه‌موو ئه‌م کارانه‌ی هێنده کارامه‌یانه ئه‌نجام دا هیچ
جێده‌ستێکی دوکان بڕینی له دوای خۆی جێنه‌هێشت. ئه‌و پاره‌یه‌ی ڤاسیلی له دوکانه‌که‌دا
ده‌ستی که‌وت ده‌گه‌یشته 370 روبڵ. سه‌د روبڵی دایه یارمه‌تیده‌رانی و، ئه‌و
دوای برد و چوو بۆ شارۆچکه‌یه‌کی دیکه و له‌وێ و له‌گه‌ڵ هاوڕێیانی له هه‌ردوو
ره‌گه‌زدا ده‌ستی دایه ته‌خشان و په‌خشانکردنی. پۆلیس چاودێریی جموجووڵه‌کانییان
ده‌کرد و، کاتێك له کۆتاییدا که‌وته چنگیان و خستیانه به‌ندیخانه شتێکی ئه‌وتۆی
له‌و پاره‌یه‌ی دزیبووی نه‌مابووه‌وه.
چوارده‌یه‌م
ئیڤان میرۆنۆڤ ئه‌سپ دزێکی ئازا و زیره‌ك و
نه‌به‌زی لێ ده‌رچووبوو. ئافیمیای ژنی که له سه‌ره‌تادا بۆ ئه‌و کاره چه‌په‌ڵانه‌ی
جنێوبارانی ده‌کرد ئێستا ته‌واو قایل بووه و شانازی به‌و مێرده‌ی ده‌کات که
ئێستا چاکه‌تێکی چه‌رمی مه‌ڕی نوێی له‌به‌ردایه و، خۆیشی پاڵتۆیه‌کی گه‌رم و
رۆبێکی فه‌رووی نوێی هه‌یه.
له گونده‌که و له ته‌واوی ناوچه‌که‌دا هه‌موو
که‌س زۆر چاك ده‌یزانی که ئیڤان میرۆنۆڤ له بن هه‌موو ئه‌سپ دزینێکه‌وه‌یه؛ به‌ڵام
که‌س له ترسی ئاکامی خۆی نه‌یده‌دا به ده‌سته‌وه. هه‌ر کاتێ گومان ده‌که‌وته
سه‌ری، زیره‌کانه خۆیی لێ پاك ده‌کرده‌وه. جارێکیان له کاتی شه‌ودا چه‌ند ئه‌سپێکی
له له‌وڕگاکه‌ی گوندی کۆلۆتۆڤکا دزی. به گشتی وای به باش ده‌زانی ئه‌سپی خاوه‌ن
موڵك و بازرگانه‌کان بدزێت. به‌ڵام ئه‌مه‌ش کارێکی سه‌ختتر بوو و، هه‌ر کاتێکیش هه‌لی
سه‌رکه‌وتنی نه‌بایه، گوێی نه‌ده‌دایه و ئه‌سپی و جوتیارانیشی ده‌دزی. له کۆلۆتۆڤکا،
ئه‌سپه‌کانی دایه به‌ر خۆی بێ ئه‌وه‌ی دڵنیا بێت هی کێن. خۆی نه‌چووه جێگاکه،
به‌ڵکو هاوه‌ڵێکی زیره‌کی گه‌نجی خۆیی نارد که ناوی گیراسیم بوو تا دزییه‌که‌ی بۆ ئه‌نجام بدات. جوتیاره‌کان که له به‌ره‌به‌یاندا
سه‌باره‌ت به دزییه‌که به‌ئاگا هاتن؛ خێرا و به هه‌موو لایه‌کدا به دوای دزه‌کاندا
بڵاوه‌یان لێکرد. له‌و کاته‌دا، ئه‌سپه‌کان له نه‌واڵێکی دارستانه ده‌وڵه‌تییه‌که‌دا
شاردرابوونه‌وه.
ئیڤان میرۆنۆڤ نیازی وا بوو تا شه‌وی
داهاتوو له‌وێدا به‌جێیان بهێڵێت و، ئه‌وسا به‌و په‌ڕی خێراییه‌وه بۆ کابرایه‌کی
ناسیاوی خۆی بیانگوازێته‌وه که سه‌د میلێك دوور ده‌بوو. چووه سه‌ردانی گیراسیم
له دارستانه‌که تا بزانێ وه‌زعی چۆنه و کولیره‌یه‌ك و هه‌ندێ ڤۆدکای له‌گه‌ڵ
خۆیدا بۆ برد؛ به‌سه‌ر رێگای قه‌راغ دارستانه‌که ده‌گه‌ڕایه‌وه ماڵه‌وه و هیوای
ده‌خواست که‌س نه‌یبینێت. به‌ڵامی له به‌ختی ره‌شیدا، ده‌می ته‌قی به پاسه‌وانی
دارستانه‌که، که سه‌ربازێکی خانه‌نشین بوو.
"ده‌ڵێم! به دوای قارچکدا ده‌گه‌ڕای؟"
سه‌ربازه‌که لێی پرسی.
"هیچم نه‌دۆزییه‌وه،" ئیڤان
میرۆنۆڤ وه‌ڵامی دایه‌وه و سه‌به‌ته‌که‌یی نیشان دا؛ ئه‌م سه‌به‌ته‌یه‌ی که له
توێکڵی داری نه‌مدار دروستکرابوو له‌گه‌ڵ خۆیدا هه‌ڵیگرتبوو نه‌بادا بۆ شتێك
پێویستی پێی هه‌بێت.
"به‌ڵێ، قارچك له‌م هاوینه‌دا زۆر که‌من،"
سه‌ربازه‌که ووتی. بۆ ساتێك راوه‌ستا، بیری کرده‌وه و، ئینجای به رێی خۆیدا
رۆیشت. له لای روون بوو که کارێکی هه‌ڵه له ئارادایه. ئیڤان میرۆنۆڤ کارێکی
وه‌های نه‌بوو تا به‌و به‌یانییه زووه له دارستانه‌که پیاسه بکات. پاش هه‌ندێك،
سه‌ربازه‌که گه‌ڕایه‌وه و ته‌ماشایه‌کی ده‌وروبه‌ری خۆی کرد. له‌پڕێکدا گوێی له
حیله‌ی ئه‌سپه‌کانی نێو که‌نداڵه‌که بوو. به وریاییه بۆ ئه‌و جێگایه چوو که ده‌نگه‌که‌ی
لێوه ده‌هات. گیای ناو که‌نداڵه‌که نوشتابوونه‌وه و شوێن سمی ئه‌سپه‌کانی به
روونی ده‌بینران. که‌مێك نزیکتر بووه‌وه، گیراسیمی بینی دانیشتبوو نانه‌که‌یی ده‌خوارد
و، هه‌روه‌ها ئه‌سپه‌کانیش که به دارێکه‌وه به‌سترابوونه‌وه.
سه‌ربازه‌که به هه‌ڕاکردن چووه گونده‌که
و یاداشتنوسی دادگا و ئه‌فسه‌رێکی پۆلیس و دوو شایه‌تحاڵی له‌گه‌ڵ خۆیدا هێنا و
هاته‌وه. له سێ قۆڵه‌وه گه‌مارۆی ئه‌و جێگه‌یه‌یان دا گیراسیمی لێ دانیشتبوو و
ده‌ستگیریان کرد. نکۆڵیی له هیچ نه‌کرد؛ هه‌رچه‌نده سه‌رخۆش بوو راست و پاك
پێی‌ووتن که چۆن ئیڤان میرۆنۆڤ بڕێکی زۆر خواردنه‌وه‌ی پێیداوه و هانی داوه ئه‌سپه‌کان
بدزێت؛ ئه‌وه‌یشی پێ‌ووتن که به‌ڵێنی پێیداوه له شه‌ودا بێت و ئه‌سپه‌کان به‌رێت.
جوتیاره‌کان ئه‌سپه‌کان و گیراسیمیان له که‌نداڵه‌که‌دا هێشته‌وه خۆیان له په‌نای
داره‌کاندا حه‌شار دا و ئاماده بوون بۆ ئه‌وه‌ی ئیڤان میرۆنۆڤ بکه‌وێته بۆسه‌که‌یانه‌وه.
که تاریك داهات، گوێیان له فیکه‌یه‌ك بوو. گیراسیم به هه‌مان ده‌نگ وه‌ڵامی
دایه‌وه. له‌و ده‌مه‌ی ئیڤان میرۆنۆڤ له نشێوه‌که هاته خواره‌وه، جوتیاره‌کان
ده‌وره‌یان لێدا و قۆڵبه‌ستیان کرد و به‌ره‌و گوندیان هێنا. بۆ سه‌ر له به‌یانی
قه‌ره‌باڵخییه‌ك له‌به‌رده‌م کۆلیته‌که‌ی یاداشتنوسی دادگا کۆبوونه‌وه. ئیڤان
میرۆنۆڤ هێنرایه ئه‌وێ و به ووردی پشکێنرا. سه‌ره‌تا ستێپان پێلاگوشکین که
پیاوێکی درێژی پشت کووڕی قۆڵ درێژی لووت قولابیی ده‌موچاو خه‌مبار بوو ده‌ستی کرده
لێپرسینه‌وه‌ی. ستێپان خزمه‌تی سه‌ربازیی ته‌واو کردبوو و خووی به ته‌نیایی و
گۆشه‌گیری گرتبوو. له‌و کاته‌ی له ماڵی باوکی جیا ببووه‌وه و ماڵی خۆیی دامه‌زراندبوو،
یه‌که‌م ئه‌زموون به‌سه‌ریدا هات، ئه‌سپێکی له‌ده‌ست دابوو. پاش ئه‌وه‌ی بۆ دوو
ساڵ له کانزاکاندا کاری کردبوو و ئه‌وه‌نده‌ی پاره‌ی کۆکردبووه‌وه که دوو ئه‌سپی
پێ بکرێت. ئه‌م دوو ئه‌سپه‌ش له‌لایه‌ن ئیڤان میرۆنۆڤه‌وه دزرابوون.
"پێم بڵێ، ئه‌سپه‌کانم له کوێن!"
ستێپان به‌سه‌ریدا نه‌ڕاندی و روخساری له تووڕە‌ییان زه‌رد هه‌ڵگه‌ڕابوو، به
نۆبه سه‌یرێکی زه‌وی و ئه‌وجا سه‌یرێکی ده‌موچاوی ئیڤان میرۆنۆڤی ده‌کرد.
ئیڤان میرۆنۆڤ نکۆڵیی له تاوانه‌که‌ی کرد.
ئینجا ستێپان وه‌های توند کێشا به نێو ده‌موچاویدا، لووتی شکا و خوێن فیشقه‌ی
کرد.
"پێت ده‌ڵێم، راستییه‌که‌ی بڵێ، ئه‌گه‌رنا
من ده‌تکوژم!"
ئیڤان میرۆنۆڤ نقی نه‌کرد و خۆی نوشتاندبووه‌وه
تاوه‌کو له لێدانه‌کان خۆی بپارێزێت. به‌و قۆڵه درێژە‌ی ستێپان دوو مسته‌کۆڵه‌ی
دیکه‌ی لێیدا. ئیڤان میرۆنۆڤ هه‌ر به بێده‌نگی مایه‌وه و سه‌ری بۆ پێشه‌وه و
پاشه‌وه ده‌جووڵاند.
"لێیده‌ن، به هه‌مووتان لێیده‌ن!"
یاداشتنوسه‌که‌ی دادگا قیڕاندی و گشت ئه‌و حه‌شاماته رژایه سه‌ر ئیڤان میرۆنۆڤ.
بێ ئه‌وه‌ی هیچ قسه‌یه‌ك بکات که‌وته سه‌ر زه‌وی و، ئینجا هاواری لێ هه‌ستا،
"شه‌یتانینه، جانه‌وه‌رینه، بمکوژن ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌تان ده‌وێت! من لێتان
ناترسم!"
ستێپان به‌ردێکی له‌و کۆمه‌ڵه به‌رده‌ی بۆ
ئه‌و مه‌به‌سته کۆکرابوونه‌وه هه‌ڵگرت و به لێدانێکی توند سه‌ری ئیڤان میرۆنۆڤی
پێ شکاند.
پازده‌یه‌م
بکوژانی ئیڤان میرۆنۆڤ و له نێویشیاندا
ستێپان پێلاگوشکین هێنرانه به‌رده‌م دادگا. ئه‌میان تۆمه‌تێکی قورستری له‌وانی
تری له‌سه‌ر بوو تا بتوانێت وه‌ڵامی بداته‌وه. گشت شایه‌تحاڵه‌کان به‌وه ده‌ستیان
پێده‌کرد که ئه‌م بووه سه‌ری ئیڤان میرۆنۆڤی به به‌رد شکاند. ستێپان که ده‌هاته
به‌رده‌م دادگا هیچی نه‌ده‌شارده‌وه. کاتێك دوا دوو ئه‌سپه‌که‌ی دزران، پۆلیسی لێ
ئاگادار کردبووه‌وه؛ به‌م روونکردنه‌وه‌یه‌ی دڵی خۆی ده‌دایه‌وه. ئێستاش له‌م
کاته‌دا و به به‌راورد به پێشتر کاره‌که ئاسانتر بووه تا به یارمه‌تیی دزه
پیشه‌ییه‌کانی ناو قه‌ره‌جه‌کان به دوای ئه‌سپه دزراوه‌کاندا بچن. به‌ڵام ئه‌فسه‌ری
پۆلیس بۆ ئه‌مه رێگه‌ی پێنادات و هیچ فه‌رمانێکیش بۆ گه‌ڕان ده‌رنه‌کراوه.
"هیچ شتێکی دیکه له‌گه‌ڵ پیاوێکی وه‌هادا
ناکرێت. ئه‌و ئێمه‌ی هه‌موو له‌ناو برد."
"به‌ڵام بۆچی ئه‌وانی دیکه هێرشیان نه‌کرده
سه‌ری. ئه‌وه ته‌نها تۆ بوویت که سه‌ریت شه‌ق کرد."
"ئه‌وه درۆیه. ئێمه هه‌موومان
داڕژاینه سه‌ری. گونده‌که هه‌موویان له‌سه‌ر ئه‌وه رێککه‌وتن بیکوژن. من ته‌نها
گورزی کۆتاییم لێیدا. ئێ لێدانی ناپێویستی ئازاربه‌خش به‌که‌ڵکی چی ده‌هات؟"
دادوه‌ره‌کان واقیان ووڕمابوو له‌و
خوێنساردییه‌ی ستێپانی له کاتی گێڕانه‌وه‌ی تاوانه‌که‌ی؛ که چۆن جوتیاره‌کان
دابارینه سه‌ر ئیڤان میرۆنۆڤ و، چۆن خۆی گورزی کۆتاییی لێدا. هه‌ر به راستی
ستێپان هیچ شتێکی له تاوانی کۆشتنه‌که‌ی نه‌ده‌بینی لێی بسه‌ڵه‌مێته‌وه. له سه‌رده‌می
خزمه‌تی سه‌ربازیییدا جارێکیان فه‌رمانی پێکرا ته‌قه له سه‌ربازێکی دیکه و، ئێستاش
سه‌باره‌ت به‌وه‌ی ئیڤان میرۆنۆڤ، هیچ شتێکی نابه‌جێی لێ به‌دی نه‌ده‌کرد. "پێاوێك
ته‌قه‌ی لێ‌کرا، ئیتر پیاوێکی مردووه و ته‌واو. ئه‌مڕۆ ئه‌وه و سبه‌ینێش له‌وانه‌یه
من بم،" وه‌های بیر ده‌کرده‌وه. ستێپان ته‌نها به یه‌ك ساڵ زیندانی مه‌حکوم
کرا و، ئه‌مه‌ش سزایه‌کی نه‌رم بوو به‌راورد به‌و کاری ئه‌نجامی دابوو. جلوبه‌رگه
جوتیارییه‌که‌یی لێ سه‌ندرا و خرایه کۆگای به‌ندیخانه‌که و له بریدا قاتێکی
تایبه‌ت به زیندانی و جووتێك پۆتینی خوریی پێدرا. ستێپان هه‌رگیز هێنده رێزی له
ده‌سه‌ڵاتداران نه‌گرتبوو، به‌ڵام ئێستا ته‌واو قه‌ناعه‌تی به‌وه هاتبوو که گشت
به‌ڕێوه‌به‌ره‌کان، گشت خه‌ڵکه خۆشگوزه‌رانه‌کان و، هه‌مووان جگه له خودی سزار
که ته‌نها که‌سە دڵی بۆ جوتیاران ده‌هێنا و دادپه‌روه‌ر بوو، ئه‌وانی دیکه هه‌مووان
جه‌رده و خوێنمژی خه‌ڵك بوون. هه‌رچییه‌کی له‌و حوکمدراوه راگوێزراوانه و ئه‌وانه‌ی
به کاری قورس سزا درابوون و له به‌ندیخانه‌دا هاوڕێیه‌تیی له‌گه‌ڵ دروست کردبوون
ده‌بیسی ئه‌وه بوون بۆچوونه‌کانی ئه‌میان ده‌سه‌لماند. پێاوێکیان به کاری قورس
سزا درابوو چونکه ئاغاکانی خۆیی به دزی تاوانبار کردبوو؛ یه‌کێکی دیکه‌یان له‌به‌ر
ئه‌وه‌ی له به‌رپرسێکی دابوو چونکه زاڵمانه ده‌ستی به‌سه‌ر موڵکی جوتیارێکدا
گرتبوو؛ هی سێیه‌میان له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌سکه‌نازی بانکی ساخته کردبوو. خه‌ڵکانی
ده‌وڵه‌مه‌ند و بازرگانه‌کان ده‌توانن هه‌رچییه‌که‌ی ده‌یانه‌وێت بیکه‌ن و زیانیان
پێنه‌گات؛ به‌ڵام جوتیارێکی هه‌ژار، له‌به‌ر هۆکارێکی پووچ یان هه‌ر له خۆڕا، ده‌رنێردرێته
زیندان تا ببێته خۆراکی مار و مێروو.
له به‌ندیخانه‌دا، ژنه‌که‌ی ده‌هاته سه‌ردانیکردنی.
ژیانی ژنه‌که‌ی به بێ ئه‌م ته‌واو ناخۆش ببوو؛ له‌مه‌ش خراپتر ئه‌وه بوو که
خانووه بچوکه‌که‌ی ئاگری تێبه‌ربوو و له‌ناوچوو. ژنه‌که‌ی به ته‌واوه‌تی
داڕووخابوو و، به خۆی و منداڵه‌کانییه‌وه که‌وتبوونه‌وه ده‌روه‌زه‌کردن. ئه‌و
چه‌رمه‌سه‌رییه‌ی ژنه‌که‌ی ستێپانی زیاتر خه‌مبار ده‌کرد. له‌گه‌ڵ هه‌موو که‌سی
ناو زیندانه‌که هه‌ڵسوکه‌وتی زۆر خراپ بوو؛ له‌گه‌ڵ هه‌موو که‌سدا دڕ و تووڕە
بوو و، هه‌ر ئه‌وه‌نده نه‌مابوو چێشلێنه‌ره‌که به ته‌ورێك بکوژێت و له‌به‌ر ئه‌وه‌ش
ساڵێکی دیکه‌ی بۆ بڕایه‌وه. له ماوه‌ی ئه‌و ساڵه‌شدا هه‌واڵی پێگه‌یشت که ژنه‌که‌ی
مردووه و چی دیکه هیچ خانه و ماڵێکی نییه.
کاتێك ستێپان ماوه‌که‌ی خۆیی له زیندان ته‌واو
کرد، برایه کۆگای زیندانه‌که و جلوبه‌رگه‌کانی خۆیی له‌سه‌ر ره‌فه‌کان بۆ
داگیران و پێی درانه‌وه.
"ده ئێستا بۆ کوێ بچم؟" له ئه‌فسه‌ری
زیندانه‌که‌یی پرسی و، جله‌کانی له‌به‌ر کردن.
"بۆ چی، بۆ ماڵ."
"هیچ ماڵێکم نییه. ده‌بێت بچمه سه‌ر
جاده. دزیکردنیش پیشه‌یه‌کی خۆش نابێت."
"ئه‌گه‌ر وابێت، ئه‌وا زوو ده‌گه‌ڕێیته‌وه
ئێره."
"زۆر له‌وه دڵنیا نیم."
ئاوه‌ها، ستێپان زیندانی به‌جێ هێشت. له‌گه‌ڵ
ئه‌وه‌شدا ملی رێی به‌ره‌و ناوچه‌که‌ی خۆی گرته‌به‌ر. هیچ جێیه‌کی دیکه‌ی نه‌بوو
بۆی بسووڕێته‌وه.
له درێژە‌ی رێگاکه‌یدا، بۆ شه‌وێك له
میوانخانه‌یه‌كدا مایه‌وه که یانه‌یه‌کی گشتیی به ته‌که‌وه بوو. میوانخانه‌که
له‌لایه‌ن پیاوێکی قه‌ڵه‌وی خه‌ڵکی شاره‌که‌یه‌وه به ناوی ڤلادیمیر به‌ڕێوه ده‌برا
و ستێپانی ده‌ناسی. ئه‌و ده‌یزانی که له به‌دبه‌ختی خۆیدا خراوه‌ته زیندانه‌وه
و، به‌لایه‌وه ئاسایی بوو بۆ ئه‌و شه‌وه جێی بکاته‌وه. ئه‌و پیاوێکی ده‌وڵه‌مه‌ند
بوو و، کاتی خۆی ژنی دراوسێکه‌یانی قایل کردبوو واز له مێرده‌که‌ی بهێنێت و بێت
له‌گه‌ڵ ئه‌مدا بژیت. ئه‌ویش له ماڵه‌که‌یدا وه‌کو ژنی خۆی ده‌ژیا و، له ئیش و
کاریشدا هاوکاریی ده‌کرد.
ستێپان هه‌موو شتێکی له‌باره‌ی ئه‌و
میوانخانه‌داره‌وه ده‌زانی، که چۆن خراپه‌ی له‌گه‌ڵ جوتیاره‌که کرد و، ئه‌و
ئافره‌ته‌ی له‌گه‌ڵیدا ده‌ژیت چۆن مێرده‌که‌ی خۆیی به‌جێ هێشتبوو. ستێپان ئافره‌ته‌که‌ی
بینی به جلێکی ده‌وڵه‌مه‌ندانه‌وه له پشت مێزه‌که دانیشتبوو و، له‌و کاته‌ی
چاکه‌ی ده‌خوارده‌وه زۆر سه‌رنجڕاکێش ده‌هاته به‌ر چاو. به لووتبه‌رزییه‌کی
زۆره‌وه داوای له ستێپان کرد چای له‌گه‌ڵدا بخواته‌وه. ئه‌و شه‌وه هیچ
رێبوارێکی دیکه له میوانخانه‌که‌دا دانه‌به‌زی. ماترێنا، ئه‌وه ناوی ئافره‌ته‌که
بوو، مێزه‌که‌ی خاوێن کرده‌وه و چووه ژووره‌که‌ی. ستێپان چوو له بان ئه‌و ئاگردانه
گه‌وره‌یه‌ی ناو ناندینه‌که پاڵ بکه‌وێت، به‌ڵام نه‌یتوانی خه‌وی لێ بکه‌وێت و ئەو
وورده دارانه‌ی له‌سه‌ر ئاگردانه‌که راخرابوون تا ووشك ببنه‌وه له ژێر پشتی
قرچه‌قرچیان ده‌کرد کاتێك خۆی له لایه‌که‌وه خۆی ده‌خسته لایه‌کی دیکه. نه‌یده‌توانی
له داڵغه‌ی ئه‌و وورگه گه‌وره‌یه‌ی قوتار ببێت کە له بن قایشی ئه‌و کراسه‌یه‌وه
ده‌رپه‌ڕیووە، کراسێكیش که ئه‌وه‌نده شۆردراوه ره‌نگی خۆیی له‌ده‌ست داوه. وا
باشتر نابێت ئه‌و وورگه گه‌وره‌یه‌ی چاك و پاك که‌رت بکه‌ی. هه‌روه‌ها ئه‌و ئافره‌ته‌ش،
وه‌های بیر ده‌کرده‌وه.
له یه‌ك چرکه‌دا به خۆیی ووت، "وا
باشتره بۆ به‌یانی لێره بڕۆم و، ئازار به هه‌موویان بگه‌یه‌نم!" به‌ڵام
دیسانه‌وه ئیڤان میرۆنۆڤی به خه‌یاڵدا هاته‌وه و وورگی میوانخانه‌داره‌که‌ی که‌وته‌وه
یاد و هه‌روه‌ها ئه‌و گه‌ردنه سپییه‌ی ماترێنا که له ئاره‌قه‌دا ته‌ڕ و تلیس
بووه. "ده‌بێت هه‌ردووکیان بکوژم!"
گوێی له ده‌نگی که‌ڵه‌شێره‌که بوو بۆ جاری
دووه‌م قوولاندنی.
"پێویسته هه‌ر ئێستا ئه‌نجامی بده‌م،
ئه‌گه‌رنا وا دونیا روناك ده‌بێته‌وه." ئه‌و ئێواره‌یه که چووه جێگا چه‌قۆیه‌ك
و ته‌ورێکی دیبوو. له ئاگردانه‌که شۆڕ بووه‌وه و چه‌قۆ و ته‌وره‌که‌ی هه‌ڵگرت و
له ده‌رگای ناندینه‌که چووه ده‌ره‌وه. هه‌ر له‌و ساته‌دا گوێی له ده‌نگی ده‌رگای
ده‌ره‌وه بوو کرایه‌وه. میوانخانه‌داره له ماڵه‌که‌وه ده‌چووه ده‌ره‌وه بۆ
ناو حه‌وشه‌که. هه‌موو شتێك پێچه‌وانه‌ی خواستی ستێپان بوویه‌وه. هیچ ده‌رفه‌تی
به‌کارهێنانی چه‌قۆکه‌ی نه‌مابوو؛ ته‌وره‌که‌ی هێنایه‌وه و سه‌ری میوانخانه‌داره‌که‌ی
کرده دوو که‌رته‌وه. پیاوه‌که که‌وته سه‌ر لێواری ده‌رگاکه و ئه‌وجا که‌وته
سه‌ر زه‌وی.
ستێپان به‌ره‌و ژووری نوستن چوو. ماترێنا له
جێخه‌وکه‌ی ده‌رپه‌ڕی و، له‌لایه‌وه وشك راوه‌ستاو. به هه‌مان ته‌ور ئه‌ویشی
کوشت.
ئینجا مۆمه‌که‌ی داگیرساند، پاره‌ی ناو مێزه‌که‌ی
برد و میوانخانەکەی به‌جێ هێشت.
شانزه‌یه‌م
له شارۆچکه‌یه‌کی بچوکدا، که‌مێك دوورتر له
بیناکانی دیکه، پیره‌پیاوێکی کۆنه به‌رپرسی ئاڵوده به خواردنه‌وه له ماڵه‌که‌ی
خۆیدا و له‌گه‌ڵ هه‌ردوو کچه‌که‌ی و زاوایه‌کی ده‌ژیا. کچه شووکردووه‌که‌یشی
ئاڵوده‌ی خواردنه‌وه بووبوو و ژیانێکی ناخۆشی ده‌برده سه‌ر و، ماریا سێمینۆڤنای
کچه گه‌وره‌که‌یشی که ئافره‌تێکی ده‌موچاو چرچی ته‌مه‌ن په‌نجا ساڵان بوو کۆڵه‌که‌ی
ته‌واوی خێزانه‌که بوو. مووچه‌یه‌کی ساڵانه‌ی دوو سه‌د و په‌نجا روبڵیی خانه‌نشینیی
هه‌بوو و، هه‌موو خێزانه‌که له‌سه‌ر ئه‌مه ده‌ژیان. ماریا سێمینۆڤنا گشت کاره‌کانی
ماڵه‌که‌ی ئه‌نجام ده‌دا، چاودێریی باوکه پیره مه‌یخۆره‌که‌یی ده‌کرد که
پیاوێکی زۆر لاواز بوو و، هه‌روه‌ها سه‌رپه‌ره‌شتیی منداڵه‌که‌ی خوشکه‌که‌یی ده‌کرد
و هه‌موو کاره‌کانی چێشتلێنان و ششتنی خێزانه‌که‌ش هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌م بوون. سه‌رباری
ئه‌مانه‌ش هه‌میشه و له هه‌موو کاتێکدا هه‌ر کارێك هه‌بووایه بکرێت، هه‌ر له‌م
چاوه‌ڕێ ده‌کرا ئه‌نجامیان بدات؛ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا و به‌رده‌وام له‌لایه‌ن هه‌ر
سێ که‌سه‌که‌ی ماڵه‌که‌وه سه‌رکۆنه ده‌کرا؛ زاواکه‌یشیان ته‌نانه‌ت هه‌ر کاتێك
سه‌رخۆش ده‌بوو لێیشی ده‌دا. گشت ئه‌مانه‌ی به ئارامگرتنه‌وه ته‌حه‌مول ده‌کرد
و، هه‌روه‌ها هه‌میشه و له هه‌موو کاتێكدا، هه‌ر چه‌ندی زۆرتر کاری له به‌رده‌م
بووایه ئه‌نجامیان بدات، خێراتر چاره‌ی ده‌کردن و لێ ده‌بووه‌وه. به به‌قوربانیکردنی
خواسته‌کانی خۆی، یارمه‌تیی هه‌ژارانی ده‌دا و؛ جلوبه‌رگه‌کانی خۆیی ده‌دانێ و فریشته‌ئاسا
ده‌رمانی برینی نه‌خۆشه‌کانی ده‌کرد.
جارێکیان به‌رگدووره شه‌ل و په‌ککه‌وته‌که‌ی
گوند له ماڵی ماریا سێمینۆڤنادا کاری ده‌کرد. ده‌بوو چاکه‌ته‌که‌ی باوکه پیره‌که‌ی
و پاڵتۆیه فه‌رووه‌که‌ی ماریا سێمینۆڤنا چاك بکاته‌وه که ده‌یویست بۆ زستان و
له‌و کاتانه‌ی ده‌چووه بازاڕ له به‌ری بکات.
به‌رگدووره شه‌له‌که پیاوێکی زیره‌ك و
تیژبین بوو؛ له سایه‌ی پیشه‌که‌ی خه‌ڵکی جیاوازی زۆری بینیبوون، شه‌یدای قسه‌کردن
و راده‌ربڕین بوو و، هه‌روه‌ها پیشه‌که‌ی ناچاری کردبوو ژیانی به دانیشتنه‌وه به‌سه‌ر
به‌رێت.
دوای ئه‌وه‌ی بۆ هه‌فته‌یه‌ك له ماڵی ماریا
سێمینۆڤنا کاری کرد، شێوه‌ی ژیانی ئه‌وی زۆر پێ سه‌یر بوو. رۆژێکیان ماریا هاته
ناندینه‌که خاولییه‌ك بشوات و ئه‌ویشی لێ دانیشتبوو خه‌ریکی کاره‌که‌ی بوو و، له
به‌رگدووره‌که‌ی پرسی بارودۆخی چۆنه. به‌رگدووره‌که‌ش باسی ئه‌وه‌ی بۆ کرد که چ
خراپه‌یه‌کی به‌ده‌ست براکه‌یه‌وه چه‌شتووه و، چۆن ئێستا ئه‌و له‌سه‌ر ئه‌و به‌شه
زه‌ویه‌ی ئه‌م ده‌ژیت، سه‌ره‌ڕای به‌شه زه‌وییه‌که‌ی خۆیشی.
"وام بیر ده‌کرده‌وه که به‌و شێوه‌یه
وه‌زعم باشتر بێت،" به‌رگدووره‌که بۆی باس کرد. "به‌ڵام ئه‌وه‌تا ئێستا
هه‌ر وه‌کو جاران هه‌ژار و ده‌ستکورتم."
"زۆر باشتره که نه‌گۆڕێیت و ژیانه‌که‌ت
چۆن هاتووه وه‌ها قه‌بوڵی بکه‌یت،" ماریا سێمینۆڤنا پێی ووت و ئه‌مه‌ی
دووباره کرده‌وه، "ژیانه‌که‌ت چۆن هاتووه وه‌ها قه‌بوڵی بکه."
"بۆ چی، من زۆر سه‌یرم له تۆ دێت،
ماریا سێمینۆڤنا،" به‌رگدووره شه‌له‌که پێی ووت. "ته‌نها خۆت به ته‌نیا
کاره‌کان ده‌که‌یت و ئه‌وه‌نده له‌گه‌ڵ هه‌موو که‌سدا باشیت. به‌ڵام من ده‌بینم
ئه‌وان به جوانی ئه‌وه‌ت ناده‌نه‌وه."
ماریا سێمینۆڤنا بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی یه‌ك
ووشه‌شی نه‌درکاند.
"ده‌توانم بڵێم که تۆ ئه‌وه‌ت له
کتێبه‌کاندا دۆزیوه‌ته‌وه که ئێمه‌ومانان بۆ ئه‌و چاکانه‌ی لێره ده‌یانکه‌ین له
به‌هه‌شتدا خه‌ڵات ده‌کرێینه‌وه."
"ئێمه ئه‌وه چووزانین. به‌ڵام
پێویسته هه‌وڵی خۆمان بده‌ین چی شتێکی باش له تواناماندا بێت ئه‌وه بکه‌ین."
" له کتێبه‌کاندا وه‌ها نوسراوه؟"
"هه‌روه‌ها له کتێبه‌کانیشدا،" ماریا
ووتی و وتاری سه‌ر شاخه‌که‌ی عیسای مه‌سیحی بۆ خوێنده‌وه. زۆری کار له به‌رگدووره‌که
کرد. کاتێك هه‌قده‌سته‌که‌ی درایه و گه‌ڕایه‌وه ماڵه‌وه، ماریا سێمینۆڤنای له
خه‌یاڵ ده‌رنه‌چوو، هه‌م ئه‌وه‌ی که پێی ووتبوو و هه‌م ئه‌وه‌یشی بۆی خوێندبووه‌وه.
حه‌ڤده‌یه‌م
تێڕوانینه‌کانی پیته‌ر نیکۆلایڤیچ سڤێنتسکی
سه‌باره‌ت به چینی جوتیاران گوڕابوون بۆ خه‌راپتر و، جوتیارانیش به هه‌مان ئه‌ندازه
بۆچوونیان له‌باره‌ی ئه‌مه‌وه خراپ ببوو. له ماوه‌ی ساڵێکدا، بیست و حه‌وت دار
به‌ڕوویان له دارستانه‌که‌یدا که‌واند و ته‌ویله‌یه‌کی بیمه‌نه‌کراوییان سوتاند. پیته‌ر
نیکۆلایڤیچ به‌و ده‌ره‌نجامه گه‌یشت که له‌گه‌ڵ ئه‌و خه‌ڵکه‌ی ده‌وروبه‌ریدا
نایکرێت.
هه‌ر له‌و کاتانه‌دا، لیڤنسۆڤی خاوه‌ن زه‌ویوزار
به دوای که‌سێکدا ده‌گه‌ڕا موڵکه‌که‌یی بۆ به‌ڕێوه به‌رێت و، مارشاڵی خانه‌دانه‌کانیش
پێشنیاری پیته‌ر نیکۆلایڤیچی کرد که به‌تواناترین پیاوی ناوچه‌که‌یه بۆ به‌ڕێوه‌بردنی
زه‌وییه‌که‌ی. ئه‌و موڵکه‌ی لیڤنسۆڤ زه‌وییه‌کی فره گه‌وره و به‌رین بوو، له‌گه‌ڵ
ئه‌وه‌شدا هیچ داهاتێکی نه‌بوو لێی بچنرێته‌وه؛ چوونکه جوتیاره‌کان ته‌واوی
سامان و قازانجه‌که‌یان بۆ خۆیان ده‌برد. پیته‌ر نیکۆلایڤیچ ملی دایه‌به‌ر هه‌موو
شتێك رێكی بکاته‌وه و بۆ سه‌ر رێی خۆی بگه‌ڕێنێته‌وه؛ زه‌وییه‌که‌ی خۆیی به که‌سێکی
دیکه به کرێ دا و؛ خۆی و ژنه‌که‌ی له‌سه‌ر موڵکه‌ی لیڤنسۆڤ نیشته‌جێ بوون، که
ده‌که‌وته هه‌رێمێکی دووره‌ده‌ستی سه‌ر روباری ڤۆلگا.
پیته‌ر نیکۆلایڤیچ هه‌میشه حه‌زی به رێکی
بوو و ده‌یویست کاره‌کان به گوێره‌ی یاسا رێك بخرێن؛ له ئێستاشدا که‌متر ده‌یتوانی
لێگه‌ڕێت جوتیاره بێ ده‌ست و پێکان ببنه خاوه‌نی ئه‌و زه‌وییانه‌ی هی خۆیان نییه،
جا ئه‌گه‌ر به رێگای ته‌واو یاساییش بێت. خۆشحاڵ بوو به‌و ده‌رفه‌ته‌ی به هۆیه‌وه
وانه‌یه‌کی باشیان بداتێ و، به دڵی خۆی یه‌کسه‌ر ده‌ستبه‌کار بێت. جوتیارێك له‌به‌ر
دزینی دار ره‌وانه‌ی به‌ندیخانه کرا؛ قامچییه‌کی توندی به جوتیارێکی دیکه‌دا
کێشا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر رێگای گالیسکه‌که‌ی خۆی لا نه‌دابوو و بۆ سڵاو
لێکردنی کڵاوه‌که‌یی له‌سه‌ر دانه‌که‌ندبوو. سه‌باره‌ت به‌و پاوانه‌ی جێی ناکۆکی
بوو و، جوتیاره‌کان به هی خۆیانیان داده‌نا، پیته‌ر نیکۆلایڤیچ ئاگاداری کردنه‌وه
که هه‌ر ئاژەڵێکیان له‌سه‌ر بله‌وه‌ڕێت ئه‌وا ده‌یانداته به‌ر و ده‌یانبات.
به‌هار هات و جوتیاره‌کانیش وه‌کو ساڵانی
پێشوو ئاژە‌ڵه‌کانیان هێنایه سه‌ر ئه‌و له‌وڕگایانه‌ی هی خاوه‌ن زه‌وییه‌که
بوون. پیته‌ر نیکۆلایڤیچ بانگی هه‌ندێ له‌و پیاوانه‌ی کرد له‌سه‌ر زه‌ویوزاره‌که
کاریان ده‌کرد و فه‌رمانی پێکردن ئاژە‌ڵه‌کان ببه‌ن بۆ سه‌ر زه‌وییه‌که‌ی خۆی.
پیاوه‌کان له کێڵگه‌کاندا کاریان ده‌کرد و، بێ گوێدانه قاوقیژی ئافره‌ته‌کان،
پیاوه‌کانی پیته‌ر نیکۆلایڤیچ توانییان ئاژە‌ڵه‌کان به‌رن. کاتێك هاتنه‌وه ماڵه‌وه،
جوتیاره‌کان به کۆمه‌ڵ چوونه سه‌ر په‌چه‌ی ئاژە‌ڵه‌کان له‌سه‌ر موڵکه‌که و له‌بارەی
ئاژە‌ڵه‌کانیان پرسی. پیته‌ر نیکۆلایڤیچ به چه‌کێکه‌وه له شانی کردبوو هاته ده‌ره‌وه
قسه‌یان له‌گه‌ڵدا بکات؛ تازه له سوارییه‌کی گه‌ڕان و پشکنین هاتبووه‌وه. پێی
ووتن که ناهێڵێت ئاژە‌ڵه‌کانیان ببه‌نه‌وه مه‌گه‌ر ئه‌وه‌ی بڕی په‌نجا کۆپێکی ته‌واو
بۆ هه‌ر سه‌ر ئاژە‌ڵێکی قۆچدار و بیست کۆپێك بۆ هه‌ر سه‌ر مه‌ڕێك بده‌ن. جوتیاره‌کان
به ده‌نگی به‌رز ووتیان که له‌وه‌ڕگاکه زه‌ویی خۆیانه، چونکه باوباپیریان
پێشتریش به‌کاریان هێناوه و، به‌رهه‌ڵستی ئه‌وه‌یان کرد که ئه‌و ناتوانێت ده‌ست
به‌سه‌ر ئاژە‌ڵه‌کانیاندا بگرێت.
پیره پیاوێك به‌ره‌و رووی پیته‌ر
نیکۆلایڤیچ هات و ووتی، "ئاژە‌ڵه‌کانمان بدره‌وه، ئه‌گه‌رنا خۆت په‌شیمان ده‌بیته‌وه."
"چۆن په‌شیمان ده‌بمه‌وه؟ پیته‌ر
نیکۆلایڤیچ هاواری به‌سه‌ردا کرد، ره‌نگی زه‌رد هه‌ڵگه‌ڕا و له پیاوه پیره‌که
نزیك بووه‌وه.
"بیانده‌وه هه‌ی پیاوی چه‌په‌ڵ و، مه‌مانهێنه
جۆش."
"چی؟" پیته‌ر نیکۆلایڤیچ هاواری
کرد و زلله‌یه‌کی کێشا به نێوچاوانی پیره پیاوه‌که.
"تۆ زاتت کرد له من بده‌ی؟ وه‌رنه
پێشه‌وه کوڕینه، با به هێزی خۆمان ئاژە‌ڵه‌کانمان وه‌رگرینه‌وه."
حه‌شاماته‌که لێی نزیك بوونه‌وه. پیته‌ر
نیکۆلایڤیچ ویستی به نێویاندا رێی خۆی بکاته‌وه، به‌ڵام جوتیاره‌کان پێشیان
لێگرت. دیسانه‌وه هێزی به‌کار هێنایه‌وه.
به رێکه‌وت تفه‌نگه‌که‌ی ته‌قی به نێو خه‌ڵکه‌که
و یه‌كێ له جوتیاره‌کانی کوشت. ئیتر شه‌ڕ ده‌ستی پێ‌کرد. پیته‌ر نیکۆلایڤیچ درا به
زه‌ویدا و، پێنج خوله‌ك دواتر لاشه له‌توپه‌تکراوه‌که‌ی به‌ره‌و که‌نداڵه‌که
راکێشرا.
بکوژەکان به یاسای عورفی دادگایی کران و
دووانیان به سێداره سزا دران.
هه‌ژده‌یه‌م
له‌و گونده‌ی به‌رگدووره شه‌له‌که‌ی لێ ده‌ژیا،
له ناوچه‌ی زێملیانسكی پارێزگای ڤۆرۆنیش، پێنج جوتیاری ده‌وڵه‌مه‌ند سه‌د و حه‌فتا
دۆنم زه‌ویی شیاوی کشتوکاڵییان له ئاغا خاوه‌ن موڵکه‌که به کرێ گرتبوو که وه‌ك
تار ره‌شه‌زه‌وی بوو؛ پاشان به کرێی دوازده بۆ پازده روبڵ بۆ هه‌ر دۆنمێکیان به
جوتیاره‌کانی دیکه دا[3]. هیچ دۆنمێکیان به که‌متر
له ده روبڵ نه‌درا. داهاتێکی پڕ قازانجیان لێ چنگ که‌وت و، ئه‌و هه‌شت دۆنمه‌ی
بۆ خۆیانیان هێشته‌وه هیچ له‌سه‌ریان نه‌که‌وت. یه‌کێك له‌و جوتیارانه کۆچی
دوایی کرد و، به‌رگدووره شه‌له‌که‌ش پێشنیارێکی پێشکه‌ش کرا شوێنی بگرێته‌وه.
کاتێك ده‌ستیان کرده دابه‌شکردنی زه‌وییه‌که،
به‌رگدووره‌که وازی له خواردنه‌وه‌ی ڤۆدکا هێنا و، راوێژی پێ کرا که چه‌ندی زه‌وییه‌که
دابه‌ش بکرێت و ده‌بێت به کێ بدرێت، ئه‌میش وای پێشنیار کرد که به شێوه‌یه‌کی
یه‌کسان به‌شه‌کان ببڕێنه‌وه و، نابێت زیاتر له بڕە هه‌قی هه‌ر به‌شه زه‌وییه‌ك
و به گوێره‌ی ئه‌و بڕە‌ی به خاوه‌ن موڵکه‌که ده‌درێت له جوتیاره کرێگرته‌کان
وه‌ربگرین.
"ئینجا بۆ چی؟"
"چی بڵێم، ئه‌ی خۆ کافر نین،" وه‌های
پێ ووتن. "ته‌نها بۆ ئاغاکان قه‌یدی ناکا سته‌مکار و ناعادیل بن، به‌ڵام خۆ
ئێمه مه‌سیحیی راسته‌قینه‌ین. ده‌بێت وه‌کو ئه‌وه‌ی خوا فه‌رمانمان پێده‌کات بکه‌ین.
وه‌ها له یاسای عیسای مه‌سیحدایه."
"ئه‌م یاسایه‌ت لە کوێوه هێناوه؟"
"له کتێبه‌که‌دا هاتووه، له به‌شه‌کانی
ئینجیل؛ ته‌نها بۆ یه‌کشه‌ممه وه‌رنه لام، هه‌ندێ بڕگه‌تان بۆ ده‌خوێنمه‌وه و
ئه‌وسا باسی له‌باره‌وه ده‌که‌ین."
بۆ یه‌کشه‌ممه هه‌موویان نه‌هاتنه لای، ته‌نها
سێیان هاتن و، ده‌ستی کرده خوێندنه‌وه بۆیان.
پێنج به‌شی له ئینجیلی قه‌دیس مه‌تای
خوێنده‌وه و، ئینجا قسه‌یان کرد. ته‌نها پیاوێکیان، ئیڤان چۆیڤ، په‌نده‌که‌ی په‌سه‌ند
کرد و به ته‌واوه‌تی وه‌ریگرت؛ ئیتر له‌و رۆژە به‌دواوه له هه‌موو شتێکدا شوێن
یاسا و رێسای عیسای مه‌سیح ده‌که‌وت. خێزانه‌که‌یشی به هه‌مان شێوه. له زه‌وییه
کشتوکاڵییه‌که ته‌نها هه‌قی خۆیی ده‌برد و، ره‌تی ده‌کرده‌وه زیاتر وه‌رگرێت.
به‌رگدووره شه‌له‌که و ئیڤان بانگهێشتی هه‌ندێ
خه‌ڵکی دیکه‌یان ده‌کرد. هه‌ندێ له‌و خه‌ڵکه وایان لێده‌هات ده‌ست به ماناکانی
ئینجیله‌وه بگرن و له ده‌ره‌نجامیشدا ده‌ستبه‌رداری جگه‌ره‌کێشان، خواردنه‌وه،
سوێند خواردن و، به‌کارهێنانی زمانی پیس ببن و هه‌وڵیان ده‌دا یارمه‌تیی یه‌کتری
بده‌ن. هه‌روه‌ها چوونه کڵێساشیان راگرت و، ئه‌و په‌یکه‌ره ئایکۆنانه‌ی هه‌یانبوو
بردنیان دایاننه قه‌شه‌ی گونده‌که و پێیان ووت که چیدیکه پێویستیان پێ نه‌ماون.
قه‌شه‌که له‌مه ترسابوو و هه‌رچۆنی رووی‌دابوو به سه‌ره‌ك قه‌شه‌ی راگه‌یاند. سه‌ره‌ك
قه‌شه نه‌یده‌زانی چی بکات. له کۆتاییدا بڕیاری ئه‌وه‌ی دا ئارشیمه‌ندریت میساییل
بنێرێته گونده‌که، ئه‌وه‌یه که پێشتر مامۆستای ئایینی میتیا سمۆکۆڤنیکۆڤ بووه.
نۆزده‌یه‌م
له‌گه‌ڵ گه‌یشتنی باوکه میساییل، سه‌ره‌ك
قه‌شه داوای لێکرد دا‌نیشێت و بۆی باس کرد له فه‌رمانڕە‌وایه‌تی قه‌شه‌یه‌تییه‌که‌یدا
چی روویداوه.
"ئه‌وه هه‌موو له لاوازی رۆح و له
بێئاگاییه‌وه دێت. تۆ پیاوێکی تێگه‌یشتوویت و، منیش پشتت پێده‌به‌ستم. بچۆ بۆ
گونده‌که، ده‌ستوپێوه‌نده‌کانی کڵێسا بانگ بکه و، سه‌باره‌ت به هه‌ڵه‌که‌یان
قایلیان بکه."
"ئه‌گه‌ر مه‌رحه‌مه‌تی جه‌نابتان رێگه‌مان
بدات بڕۆم و دوعای خێرم بۆ بکه‌یت، منیش ته‌واوی هه‌وڵی خۆم ده‌خه‌مه گه‌ڕ،"
باوکه میساییل ووتی و زۆر خۆشحاڵ بوو به‌و ئه‌رکه‌ی پێی سپێردرابوو و متمانه‌ی
پێکرابوو. هه‌ر ده‌رفه‌تێكی ده‌ست بکه‌وتایه بۆ پیشاندانی توندوتۆڵی باوهڕەکهی
ده‌بووه خه‌ڵاتێك بۆی. له هه‌وڵدانیدا بۆ باوه‌ڕپێهنانی خه‌ڵکانی دیکه، مه‌به‌ستی
سه‌ره‌کیی ئه‌وه بوو باوه‌ڕ به خۆی بهێنێت که به راستی باوه‌ڕدارێکی توندوتۆڵه.
"ئه‌وپه‌ڕی هه‌وڵی خۆت بده. من زۆر له
ده‌ست خه‌ڵکه‌که‌م بێتاقه‌ت بووم." سه‌ره‌ك قه‌شه پێی ووت و له‌سه‌ر خۆیی و
به ده‌سته سپی و نه‌رمونۆڵه‌که‌ی کوپێکی له‌و خزمه‌تکاره وه‌رگرت که چای بۆ
هێنان.
"بۆ چی ته‌نها یه‌ك جۆر مره‌بات هێناوه؟
جۆرێکی دیکه بهێنه،" به خزمه‌تکاره‌که‌ی ووت و رووی کرده باوکه میساییل
و له قسه‌که‌ی به‌رده‌وام بوو، "زۆر بێتاقه‌تم."
میساییل به دڵ حه‌زی ده‌کرد پەرۆشی خۆی بسه‌لمێنێت؛
به‌ڵام چونکه پیاوێکی ده‌ست کورته، داوای کرد خه‌رجیی گه‌شته‌که‌یی پێ بدرێته‌وه
و؛ چونکه ترسی هه‌بوو خه‌ڵکی شه‌ڕانی هه‌ڵبکوتنه سه‌ری، داوای ئه‌وه‌یشی له سه‌ره‌ك
قه‌شه کرد له لای پارێزگاری پارێزگاکه‌وه فه‌رمانێکی بۆ ده‌ربکات تاوه‌کو له
کاتی پێویستدا خەڵکی ناوچه‌که یارمه‌تیی بده‌ن. سه‌ره‌ك قه‌شه خواسته‌کانیی به‌راوورده
کرد و، میساییلیش به هاوکاریی خزمه‌تکاره‌که‌ی و چێشتلێنه‌ره‌کی شمه‌کانیی ئاماده
کرد. جانتای جلوبه‌رگه‌که‌یان پڕ کرد له مه‌ی و سه‌به‌ته‌یه‌ك ئازوقه‌یان بۆ
رێکخست که ره‌نگه له جێگایه‌کی وه‌های ته‌ناییدا پێویستی پێ هه‌بێت. ئه‌وانه‌ی
ده‌یویستن به ته‌واوه‌تی بۆی دابین کران و به‌ڕێ که‌وت بۆ ئه‌و گونده‌ی بۆی ره‌وانه
ده‌کرا. به خۆشحاڵییه ئاگاداری گرنگی ئه‌رکه‌که‌ی بوو. گشت گومانه‌کانی سه‌باره‌ت
به باوهڕەکهی ره‌ویبوونه‌وه و، ئێستاش به ته‌واوی قه‌ناعه‌تی به راستیی باوهڕەکهی
هاتبوو.
هه‌موو خه‌یاڵێکی به‌و مشتومڕانه‌ی له دژی
شێوازه‌کان خواپه‌ره‌ستی به‌کار ده‌هێنرێن گیرۆده ببوون، به‌ده‌ر له‌وه‌ی ئه‌مه‌ش
په‌یوه‌ست بێت به بناغه‌ی راسته‌قینه‌ی ئایینه‌که‌ی و هه‌ر وه‌کو راستییه‌کی به‌دیهیی
قه‌بوڵ ده‌کرد.
بیسته‌م
قه‌شه‌ی گوند و ژنه‌که‌ی زۆر به فه‌خره‌وه
پێشوازییان له باوکه میساییل کرد، بۆ رۆژی دواتری پاش گه‌یشتنی ده‌ستوپێوه‌نده‌کانی
کڵێسا بۆ کۆبوونه‌وه‌یه‌ك بانگهێشت کران. میساییل که جبه‌یه‌کی ئاورێشمی قه‌شایه‌تیی
له به‌ر کردبوو و خاچێکی گه‌وره‌ی کردبووه ملی و، قژە درێژەکه‌یشی به جوانی
داهێنابوون، چووه سه‌ر مینبه‌ر، قه‌شه‌که‌یش له ته‌نیشتییه‌وه راوه‌ستابوو،
یاریده‌ده‌رانی قه‌شه و کۆرسی سرود تۆزێك دوورتر له پشتییه‌وه وه‌ستابوون و،
لاته‌نیشته‌کانی ده‌رگای هاتنه‌ژووره‌وه پاسه‌وانی پۆلیسی لێبوون. له کڵێسا
یاخیبووانیش به پاڵتۆ له چه‌رمی مه‌ڕ دروستکراوه‌کانیانه‌وه هاتنه ناو کۆبوونه‌وه‌که.
له پاش ئاماده‌سازییه‌که میساییل وتارێکی
پێشکه‌ش کرد و هۆشداریی دایه یاخیبووان به‌ڵکو بگه‌ڕێنه‌وه ئامێزی دایکه کڵێسایان،
به عه‌زابی دۆزه‌خ ههڕەشهی لێده‌کردن و به‌ڵێنی لێخۆشبوونی ته‌واوه‌تیی ده‌دایه
ئه‌وانه‌ی په‌شیمان ده‌بوونه‌وه.
یاخیبووان له سه‌ره‌تادا بێده‌نگ بوون.
دواتر، پرسیاریان لێ‌کرا و ئه‌وانیش وه‌ڵامیان دایه‌وه. سه‌باره‌ت به‌و پرسیاره‌ی
که بۆ چی یاخی بوون، ئه‌وانیش ووتیان که هۆکاری سه‌ره‌کیان ئه‌و راستییه‌یه که
کڵێسا هه‌ندێ خواوه‌ندی له دار دروستکراوی ده‌په‌ره‌ست و ئه‌مه‌ش فه‌رمایشتی پێ
نه‌کراوه و ده‌قه پیرۆزه‌کانیش حاشایان لێکردووه.
کاتێك میساییل پرسیاری لێکردن داخۆ ئه‌وان
پێیان وایه ئایکۆنه په‌یکه‌ره پیرۆزه‌کان ته‌نها پارچه ته‌خته‌دارێك بن، چوێڤ
وه‌ڵامی دایه‌وه، "ئێوه ته‌ماشای پشتی هه‌رکام له‌و ئایکۆنه په‌یکه‌رانه
بکه‌ن خۆتان هه‌ڵیده‌بژێرن و ئه‌وسا ده‌بنین له چی دروست کراوه."
کاتێك پرسیاری ئه‌وه‌یان لێ‌کرا بۆ چی پشتیان
له قه‌شه‌کان هه‌ڵکردووه، وه‌ڵامه‌که‌یان ئه‌وه بوو که له کتێبی پیرۆزدا
هاتووه، "هه‌ر وه‌ك به بێ هیچ تێچوونێك به ده‌ستت هێناوه، پێویسته به
هه‌مان شێوه به که‌سانی دیکه‌ی بده‌یته‌وه؛ به‌ڵام قه‌شه‌کان بۆ ئه‌و
پیرۆزکردنانه‌ی له بۆنه ئایینییه‌کاندا ده‌یبه‌خشن داوای ده‌ستهه‌ق ده‌که‌ن."
له گشت ئه‌و هه‌وڵدانه‌یدا میساییل ده‌یدا بۆ به‌رپه‌رچدانه‌وه‌یان به گوێره‌ی
ئه‌و باسانه‌ی له کتێبی پیرۆزدا ده‌یدۆزینه‌وه، کاکی به‌رگدوور و ئیڤان چوێڤ وه‌ڵامی
له‌سه‌ره‌خۆ به‌ڵام توندیان ده‌دایه‌وه، به پێچه‌وانه‌ی ئه‌و به‌ڵگانه‌ی به
پشتبه‌ستنی به‌و ده‌قه پیرۆزانه‌ی ده‌یدان که زۆر چاك و بێوێنه ده‌یزانین.
میساییل هه‌ڵچوو و ههڕەشهی ئه‌وه‌ی لێکردن
لای داموده‌زگاکان سکاڵایان له‌سه‌ر تۆمار بکات. وه‌ڵامی ئه‌وانیش ئه‌وه بوو که:
ده‌ڵێن شکایه‌تم لێکراوه و جا تۆش بیکه.
ووتووێژەکه‌یان به هیچ کوێ نه‌گه‌یشت و، هه‌موو
شتێك به باشی تێده‌په‌ڕی ئه‌گه‌ر له رۆژی دواتردا میساییل وتاری بۆ جه‌ماوه‌ر نه‌دابا،
به خراپه‌کاری له دینده‌رچوو و فریوده‌ر تۆمه‌تباری کردن و ئه‌وه‌ی که شایانی
خراپترین سزان. که له کڵێسا هاته ده‌ره‌وه، خه‌ڵکه جوتیاره‌که پرسی ئه‌وه‌یان
پێده‌کرد داخۆ وا باش نییه وانه‌یه‌کی باش به‌و کافرانه بدرێت که مێشکی کۆمه‌ڵگایان
تێکداوه.
هه‌ر هه‌مان رۆژ، دروست له‌و کاته‌دا
میساییل که له‌گه‌ڵ پشکێنه‌رێکدا له ماڵی قه‌شه‌ی گونده‌که نانی ئێواره‌یان ده‌خوارد
و له‌زه‌تیان له خواردنی سه‌لمۆن و وورده ماسی ده‌برد، فه‌رته‌نه و تێكهه‌ڵڕژانێك
له ناوه‌ندی گونده‌وه به‌رپا بوو. جوتیاره‌کان به گه‌له‌کۆمه هاتنه سه‌ر
کۆلیته‌که‌ی چوێڤ و، چاوه‌ڕێ بوون له‌دینده‌رچووه‌کان بێنه ده‌ره‌وه تێهه‌ڵدانێکیان
بکه‌ن.
ئه‌و له‌دینده‌رچووانه‌ی له کۆلیته‌که
کۆبووبوونه‌وه نزیکه‌ی بیست پیاو و ئافره‌ت ده‌بوون. وتاره‌که‌ی میساییل و هه‌ڵوێسته‌که‌ی
جوتیاره ئه‌رسه‌دۆکسه‌کان و هه‌ڕە‌شه‌کانیان هه‌ستێکی تووڕبوونی وه‌هایان خستبووه
مێشکی له‌دینده‌رچووه‌کان که پێشتر پێیان نامۆ بوون. نزیکی ده‌مه‌و خۆرئاوابوون
بوو، ئافره‌ته‌کان ده‌بوو رۆیشتبان مانگاکانیان بدۆشن و، جوتیاره‌کان هێشتا له‌وێ
وه‌ستابوون و چاوه‌ڕێی ده‌رگاکه‌یان ده‌کرد.
کوڕێك که له ده‌رگاکه هاته ده‌ره‌وه،
تێهه‌ڵدان کرا و بۆ ناو ماڵه‌که‌یان وه‌ژوور نایه‌وه. ئه‌و خه‌ڵکه‌ی ژووره‌وه له
نێو خۆیاندا راوێژی ئه‌وه‌یان ده‌کرد چی بکرێت باشه و، نه‌یانده‌توانی بگه‌نه
هیچ رێکه‌وتنێك. به‌رگدووره‌که ووتی، "پێویسته هه‌رچیمان لێده‌که‌ن به‌رگه
بگرین و به‌رپه‌رچیان نه‌ده‌ینه‌وه." چوێڤ وه‌ڵامی دایه‌وه که ئه‌گه‌ر ئه‌م
بڕیاره بده‌ن ئه‌وان تا مردن لێیانده‌ده‌ن و ده‌یانکوژن. "وه‌رن،" به
ده‌نگی به‌رز قیڕاندی، "وه‌رن با به شوێن یاسای مو‌سا بکه‌وین!" که‌وته
سه‌ر جوتیاره‌کان و چاوی پیاوێکیانی ده‌رهێنا و له‌و کاته‌شدا هه‌موو ئه‌وانه‌ی له
ناو ماڵه‌که‌یدا بوون شێوازێکیان بۆ خۆیان داهێنا تا رێگای خۆیان بکه‌نه‌وه به‌ره‌و
ماڵه‌وه ده‌رباز بن.
چوێڤ فڕێ درایه زیندانه‌وه و به فریودان
و له‌ڕێده‌رکردنی خه‌ڵك حوکم درا.
بیست و یه‌که‌م
دوو ساڵ پێش ئه‌و روداوانه، کچێکی به‌هێز و
شۆخ و شه‌نگی رۆژهه‌ڵاتی ره‌نگ به ناوی کاتیا تورچانینۆڤا له نشینگه سه‌ربازییه‌کانی
لای روباری دۆن هات بۆ سانپێترسبۆرگ تا له کۆلێژی کچانی زانکۆ بخوێنێت. له‌و شاره‌دا
چاوی که‌وت به خوێندکارێك به ناوی تورین که کوڕی قایمقامی ناوچه‌یه‌ك بوو له
پارێزگای سیمبریسك و، له‌گه‌ڵیدا که‌وته خۆشه‌ویستییه‌وه. به‌ڵام خۆشه‌ویستییه‌که‌ی
له جۆرێکی ئاسایی نه‌بوو و، هیچ مه‌یلی ئه‌وه‌ی نه‌بوو ببێته ژنی و دایکی منداڵه‌کانی.
تورینیش هاوده‌مێکی چاك و ئازیز بوو بۆی و، سه‌ره‌کیترین په‌یوه‌ندیی به‌یه‌که‌وه‌بوونیشیان
بریتی بوو له هه‌ستێكی یاخیبوون که هه‌ردووکیان هه‌یانبوو، هه‌روه‌ها رق و کینه‌یه‌ك
که له دڵیان گرتبوو، نه‌ك ته‌نها به‌رانبه‌ر پێکهاته‌کانی حکومه‌ت، به‌ڵکو به‌رانبه‌ر
گشت ئه‌وانه‌ی نوێنه‌رایه‌تی ئه‌و حکومه‌ته‌یان ده‌کرد. هه‌روه‌ها تێگه‌یشتنێکی
هاوبه‌شی دیکه‌یشیان هه‌بوو له‌وه‌دا که هه‌ردووکیان خۆیانیان له نه‌یاره‌کانیان
باڵاده‌ستتر کردبوو، هه‌م له که‌لتور و هه‌م له هزر و هه‌م له ره‌فتاریشیاندا.
کاتیا تورچانینۆڤا کچێکی به‌هره‌دار بوو، خاوه‌ن یاده‌وه‌رییه‌کی باش بوو، به‌وه‌ش
له وانه‌کانیدا زۆر زیره‌ك بوو. له تاقیکردنه‌وه‌کانیدا سه‌رده‌که‌وت و، له پاڵ
ئه‌وه‌شدا گشت کتێبه نوێیه‌کانی ده‌خوێنده‌وه. خۆی دڵنیا له‌وه‌ی که پیشه‌ی ئه‌و
ئه‌وه نییه چاودێری و په‌روه‌رده‌ی منداڵ بکات و، ته‌نانه‌ت ئه‌م ئه‌رکه‌یشی به
قێزه‌ون و سووك ته‌ماشا ده‌کرد. خۆیی وا داده‌نا که چاره‌نوس هه‌ڵیبژاردبێت تاوه‌کو
ئه‌م حکومه‌تەی ئێستا بروخێنێت که باشترین تواناکانی گه‌له‌که‌یی کۆت کردبوو و،
هه‌روه‌ها بۆ ئه‌وه‌ی شێواز و پێوه‌رێکی باڵاتری ژیان بۆ خه‌ڵك ئاشکرا بکات که له
نوێترین نوسه‌رانه‌ی وه‌ڵاتانی دیکه‌ی هه‌ڵچنینون. کچێکی جوان و که‌مێك مه‌یله‌و
که‌ڵه‌گه‌ت بوو: خه‌ت و رووخسارێکی رێك و، دوو چاوی ره‌شی دره‌وشاوه و قژێکی ره‌شی
پڕی هەبوو. ئه‌و پیاوانه‌ی ده‌یناسین هه‌ستێکی وای ده‌خستنه دڵه‌وه که خۆی نه
ئاره‌زووی بۆ ده‌کرد و نە کاتیشی بۆ هاوبه‌شیکردنیشی هه‌بوو، ته‌نها به کاری
پڕوپاگه‌نده سه‌رقاڵ بوو و ئه‌ویش به زۆری هه‌ر قسه‌کردن بوو. ئه‌و سه‌رسامکردنانه‌یشی
زۆر پێ ناخۆش نه‌بوو و، بێ ئه‌وه‌ی جلوبه‌رگی زۆر که‌شخه له‌به‌ر بکات، روواڵه‌تی
خۆیشی فه‌رامۆش نه‌ده‌کرد. حه‌زی به‌وه ده‌کرد خه‌ڵك پێی سه‌رسام بن و، ئه‌مه‌ش ده‌رفه‌تی
نیشاندانی ئه‌وه‌ی پێی ده‌دا که ئه‌و شته‌ی ئه‌م که‌متر نرخی پێ ده‌دات چ بایه‌خێکی
گرانی لای ئافره‌تانی دیکه هه‌یه.
بە بۆچوونی خۆی سەبارەت بە شێوازەکەی خۆی لە
بەرەنگاربوونەوەی حکومەت ئەو لە زۆرینەی هاوڕێکانی و لە تورینی هاوڕێیشی زیاتر پێش
کەوتووە؛ لەم جۆرە تێکۆشانەیدا، کوشتنیشی لێ بەدەر نەبێت، پاساوی بۆ هەموو شتێك
دەهێنایەوە. لەگەڵ ئەوەشدا و سەرەڕای گشت بیرە شۆڕشگێڕانەکەی، کاتیا تورچانینۆڤا
لە ناخەوە کچێکی زۆر ناسك و، ئامادەیی ئەوەی تێدا بوو گیانی خۆی لە پێناو
خۆشگوزەرانی و خۆشبەختیی خەڵکانی دیکەش بەخت بکات و، لە تاهی دڵیەوە خۆشحاڵ دەبوو
کاتێك چاکەیەکی بەرانبەر هەر کەسێك کردبا، منداڵ با، کەسێکی پیر یان ئاژەڵەکێکیش
با.
لەو هاوینەدا رۆیشت لەگەڵ هاوڕێیەکیدا
بمێنێتەوە، کە کچە مامۆستایەك بوو لە شارۆچکەیەکی سەر روباری ڤۆڵگا. تورین لە نزیك
ئەو شارۆچکەیە و، لە زەویوزارەکەی باوکی‌دا دەژیا. جار بە جار دەهاتە دیدەنی ئەو
دوو کچە؛ کتێبیان دەدایە یەکدی بخوێننەوە و، گفتوگۆی دوور و درێژیان ئەنجام دەدا و
باسی بێزارییە هاوبەشەکانی خۆیانیان دەکرد لەبارەی دۆخی کاروبارەکانی دەوڵەت.
دکتۆری ناوچەکەش کە هاوڕێی کچەکان بوو زۆر جاران پێوەندی پێوە دەکردن و بەشداریی
دەکردن.
زەویوزارەکەی ماڵی تورین کەوتبووە ئەو
گەڕەکەی زەویوزاری لیڤنسۆڤی لێ‌بوو کە بەڕێوەبردنی بە پیتەر نیکۆلایڤیچ سڤێنتیسکی
سپێردراوبوو. هەر زوو پاش ئەوەی پیتەر نیکۆلایڤیچ لەوێ دامەزرا و جێگیر بوو و
دەستی کردە رێکخستنی کارەکان، تورینی گەنج، تێبینیی مەیلێکی سەربەخۆیانەی لە نێو
جوتیارەکانی سەر زەوییەکی لیڤنسۆڤدا کردبوو، هەروەها ئەوەیشی کە سووربوون لەسەر
پێداگیریکردن لە مافەکانیان، وای لێهات کەیفی پێیان دەهات. زۆر جار دەهاتە گوند
قسە لەگەڵ پیاوەکان بکات و لە نێویاندا پەرە بە تیۆرییە سۆسیالیستییەکانی بدات، بە
تایبەتیش جەختی لەسەر خۆماڵیکردنی زەوییەکان دەکرد.
پاش ئەوەی پیتەر نیکۆلایڤیچ کوژرا و،
بکوژەکان دادگای کران، کۆمەڵە خەڵکە شۆڕشگێڕەکەی ئەو شارۆچکە بچوکە لە رق و کینەدا
کوڵابوون و، لە ئاشکراکردنیشیدا نەدەسڵەمینەوە. راستی سەردانەکانی تورین بۆ
گوندەکە و کارە پڕوپاگەندەییەکانی لە نێو خوێندکاراندا و بۆ دەسەڵاتداران لە ماوەی
دادگایی کردنەکەدا ئاشکرا بوو. پشکنینێکیان لە ماڵەکەیدا ئەنجام دا و؛ بە هۆی
ئەوەی پۆلیسەکە هەندێ بڵاوکراوی شۆڕشگێڕانەی لە ناو شتومەکەکانیدا دۆزییەوە،
دەستگیر کرا و گوازرایەوە بۆ زیندان لە سان پیتەرسبۆرگ.
کاتیا تورچانینۆڤا بە دوایدا رۆیشت بۆ
پایتەخت و، چووە سەردانی لە زیندان. ئەو رۆژەی کە گەیشت ئیزن نەدرا و پێی ووترا کە
لە رۆژی دیاریکراوی سەردانکردنی زیندانیان بێتەوە. کە ئەو رۆژە هات و ئیدی رێگەی
پێدرا بیبینێت، دەبوو لەو دیوی دوو تۆڕەوە قسەی لەگەڵ کە زیندانی و سەردانیکەری
لێك جیا دەکردەوە. سەردانەکەی رقی ئەوەی بەرانبەر بە دەسەڵات زیاتر کرد. هەموو
هەستەکانی بە تەواوەتی بوونە شۆڕشگێڕانە پاش ئەوەی سەردانێکی نوسینگەی ئەو
ئەفسەرەی جەندرمە کرد کە کەیسەکەی تورینی لەلا بوو. ئەفسەرەکە کە پیاوێکی قۆز بوو
وا دیار بوو دەیویست لە سەردانکردنی زیندانییەکەدا پێشوازییەکی تایبەتی لێبکات،
تەنها بەوەی رێگەی پێبدات خۆشەویستی لەگەڵدا ئەنجام بدات. کە بەمە پەست بوو، کاتیا
سکاڵای بردە لای سەرۆك پۆلیس. ئەمیش هەر وەکو ئەفسەرەکە کاتێك بە فەرمی قسە
لەگەڵدا کرد وای نیشان دا هیچ دەسەڵاتێکی نییە و بە هەموو شێوەیەك پشت بە
فەرمانەکانی وەزارەتی ناوخۆ دەبەستن. ئەمیش عەریزەیەکەی نارد بۆ وەزیر و داوای
چاوپێکەوتنی کرد، بەڵام رەت کرایەوە.
ئەو جار، بڕیاری دا شتێکی جیاواز بکات و چوو
دەمانچەیەکی تۆپڵیی کڕی.
بیست دووەم
وەزیر سکاڵاکاران و میوانانی لەو کاتژمێرە
ئاساییانە دەبینی کە دیاریکرابوون بۆ پێشوازیکردنیان. بە دوای یەكتردا، قسەی لەگەڵ
سێیان کرد و ئێستاش هاتە سەرەی ئافرەتێکی گەنجی شۆخی چاو رەش کە عەریزەیەکی بە
دەستی چەپییەوە هەڵگرتبوو و هاتە پێشەوە. چاوەکانی وەزیر بریسکانەوە کاتێك بینی چ
میوانێکی شەنگە، بەڵام کە پۆستە باڵاکەیی خۆیی بە بیر هاتەوە، خۆی کۆکردەوە و
روخسارێکی جیددیی کرد بەر دەموچاوی.
"چیت دەوێت؟" وەزیر لێی پرسی و
هاتە ئەو جێگایەی ئەمی لێ وەستابوو. بێ ئەوەی وەڵامی پرسیارەکەی بداتەوە، ئافرەتە
گەنجەکە بە خێرایی تۆپڵییەکەی لەژێر چاکەتەکەی دەرهێنا بەرەو سەر سنگی وەزیر
تەقاندی، بەڵام نەیپێکا.
وەزیر پڕی دایێ دەستی بگرێت، بەڵام ئەم
هەڵهات و، هەنگاوێك هاتە دواوە و تەقەیەکی دیکەی کردەوە. وەزیر لە ژوورەکە رای کرد
دەرەوە. ئافرەتەکە دەستبەجێ دەستگیر کرا. وەك بی ناو ئاو دەلەرزی[4]و، نەیدەتوانی یەك ووشەش
بڵێت؛ پاش کەمێك لە پڕ دای لە پێکەنینێکی هیستریایی. وەزیرەکە تەنانەت برینداریش
نەبوو.
ئەو ئافرەتە کاتیا تورچانینۆڤا بوو. خرایە
زیندانێکی تەوقیفکردنی بەرایی. وەزیریش لە باڵاترین پێگەکانەوە پیرۆزبایی و هێمای
هاوسۆزیی بۆ دەهات، تەنانەت لە خودی ئیمپراتۆریشەوە، کە کۆمیسیۆنێکی راسپارد بۆ
لێکۆڵینەوە لەو پیلانەی بووە ئەنجامدانی هەوڵی ئیغتیالکردنی. ئەوەی راستی بێت هیچ
پیلانێك لە ئارادا نەبوو، بەڵام کاربەدەستانی پۆلیس و پشکنەرەکان بە تەواوی
جۆشیانەوە دەستیان دایە کارکردن لە پێناو ئاشکراکردنی گشت سەرەداوەکانی ئەو
پیلانگێڕییەی کە بوونیشی نەبووە. هەموو شتێکیان کرد شایستەی ئەو تێچوونانە بێت
خۆیان بەخشیبوویان؛ لە کاتژمێرەکانی سەرەتای بەیانیدا هەستان و خانوو بە خانوویان
پشکنی، کۆپیی ئەو کاغەز و کتێبانەی دەیاندۆزییەوە دەگرت، یاداشتەکانی رۆژانەی
خەڵکیان دەخوێندەوە، هەروەها نامە کەسییە تایبەتەکانیش، لەسەر باشترین جۆری
دەفتەری تێبینی و بە دەستوخەتی جوان تێهەڵکێشیان لێوەردەگرتن، چەندین جاریش
لێپرسینەوەیان لەگەڵ کاتیا تورچانینۆڤا ئەنجام دا و، رووبەڕووی هەموو ئەوانەی
گومانی پیلانگێڕیان لێدەکردن کردەوە تاوەکو ناوی هاوەڵەکانیی لێ دەربهێنن.
وەزیر کە لە ناخەوە پیاوێکی چاك سروشت بوو
لە تای دڵەوە بەداخ بوو بۆ ئەو کچە جوانە. بەڵام بە خۆیی ووت کە پابەندە بە
رەچاوکردنی ئەو ئەرکانەی پێگە باڵاکەی بەسەریدا دەیسەپێنن، ئەگەرچی ئەم ئەرکانە
کار و کێشەی زۆریشی بۆ نانێنەوە. ئیتر، کاتێك لە هۆڵی دادگا بە هاوەڵە کۆنەکەی کە
ئەمیندار و هاوڕێیەکی تورینەکانیش بوو گەیشت و هەوڵی دا بەزەیی خۆی بۆ تورین و
تورچانینۆڤای کچ دەربڕێت، شانەکانی کرژ و قردێلە سوورەکەی سەر ئێلەکەکەیی توند
کردەوە و بە فەرەنسی ووتی، "من جگە لە ئازادکردنی ئەم کچە بەستەزمانە هیچ
شتێکی باشترم ناوێت، بەڵام خۆت ئەرکەکان باش دەزانیت." لەو کاتەوە ئیتر کاتیا
تۆرچانینۆڤا لە زیندان هێڵرایەوە. هەندێ ئارام و لەسەرخۆی بوو و بە لێدانی
دیوارەکان پەیوەندیی لەگەڵ هاوزیندانییەکانی دەبەست و، ئەو کتێبانەی دەخوێندەوە
بۆی دەنێردران. بەڵام لە هەندێ رۆژدا تووڕەیەکی بێزارکەر دەیدایە سەری و، بە
مشتەکۆڵە دەکەوتە لێدانی دیوارەکان و، وەکو ژنێکی شێت دەیقیژاند و لە قاقای
پێکەنینی دەدا.
بیست و سێیەم
رۆژێکیان ماریا سێمینۆڤنا لە فەرمانگەی
خەزێنە کە مووچەی خانەنشینییەکەیی لێ وەرگرتبوو گەڕایەوە ماڵەوە. لە رێگایدا
مامۆستایەکی قوتابخانەی بینی کە هاوڕێی خۆی بوو.
"بەیانی باش ماریا سێمینۆڤنا! پارەکەت
وەرگرت؟" مامۆستاکە بە دەنگی بەرز و لەوبەری جادەکەوە لێی پرسی.
"بەڵێ،" ماریا سێمینۆڤنا وەڵامی
دایەوە. "بەڵام زۆر نەبوو؛ هەر ئەوەندەیە کەلێنەکانی پێ پڕ بکرێتەوە."
"ئا، دەبێ هەندێ پاشەکەوتی رێکوپێك لەم
هەمووە پارە زۆرە مابێتەوە،" مامۆستاکە ووتی و پاش خواحافیزیکردن تێپەڕی.
ماریا سێمینۆڤناش خواحافیزیی لێکرد. لەو
کاتەی هەر تەماشای هاوڕێکەیی دەکرد، رووبەڕووی پیاوێکی باڵابەرز بوویەوە، قۆڵەکانی
زۆر درێژ بوون و نیگایەکی تیژ هەبوون لە چاوەکانیدا. کە نزیکی ماڵ بوویەوە، بە
دووبارە بینینەوەی هەمان پیاوە قۆڵ درێژرەکە ترسێکی زۆری لێ‌نیشت کە پێدەچوو دوای
کەوتبێت. تا ساتێکیش پاش ئەوەی ئەم هاتە ژوورەوە، ئەو لەوێدا راوەستابوو و ئینجا
سووڕایەوە و لێیدا رۆیشت.
ماریا سێمینۆڤنا لە سەرەتا هەستی بە جۆرە
ترسێك دەکرد. بەڵام کە چووە ناو ماڵەوە و کاتێك ئەو دیارییانەی دایە باوکی و
فیدیای خوشکەزای کە بۆی کڕیبوون و، هەندێ دەستی هێنا بە سەگەکەی، گەنجە، و ئەویش
لە خۆشیان دەیلووراند، ئیتر ترسەکەی لە بیر کرد. پارەکەی دایە باوکی و دەستی بە
کارکردن کردەوە، هەروەکو هەمیشە کاری زۆر هەبوون بۆی ئەنجامیان بدات.
ئەو پیاوەی رووبەڕوو بینی ستێپان بوو.
پاش ئەوەی میوانخانەدارەکەی کوشت، ئیتر
نەگەڕایەوە بۆ شار. سەیر لەوەدایە، هیچ بەداخ نەبوو بۆ ئەو تاوانی کوشتنەی ئەنجامی
دابوو. لە رۆژی دواتردا بیری بۆ چەندین جار دەگەڕایەوە سەر پیاوە کوژراوەکە و،
کەیفخۆش دەبوو بە وەبیرهێنانەوەی چۆن ئەو کارەی بە شارەزایی و زیرەکانە و بێ ئەوەی
کەس پێی بزانێت ئەنجام دابوو و، ئەوەیشی کە رێگری لێناکرێت بە هەمان ئەو شێوەیە
خەڵکی دیکەش بکوژێت. لە یانە گشتییەکەدا دانیشتبوو و چای دەخواردەوە؛ بە هەمان ئەو
بیرەی چۆن دەبێت هەموویان بکوژێت تەماشای ئەو خەڵکەی دەوروبەریی دەکرد. لە ئێوارەدا، بانگی گالیسکەچییەك کرد کە
پیاوێکی خەڵکی گوندی خۆی بوو تا ئەو شەوە لە ماڵەکەیدا بەسەر بەرێت. گالیسکەچییەکە
لە ماڵ نەبوو. ووتی دەیەوێت چاوەڕێی بکات و، ئیتر دەستی کردە قسەکردن لەگەڵ ژنی
گالیسکەچییەکە. بەڵام کاتێك ژنەکە بەرەو لای زۆپا چوو و پشتی لەم کرد، بیرۆکەی
کوشتنی کەوتە مێشکییەوە. یەکەم جار سەیری بە خۆی هات و سەری راوەشاند؛ بەڵام ساتێك
دواتر، ئەو چەقۆیەی لە پۆتینەکەیی شاردبووەوە دەرهێنا و ئافرەتەکەی تەختی زەوی کرد
و قوڕووی بڕی. ئینجا کە منداڵەکان دەستیان کرد قیژاندن، هەموویانی کوشت و بۆی
دەرچوو. لە جێگایەکی دیکە نەگەڕا ئەو شەوەی لێ بەسەر بەرێت، بەڵکو دەستبەجێ
شارەکەی بەجێ هێشت. لە گوندێکی کەمێك دوورتر، چووە میوانخانەیەك و لەوێ بۆی خەوت.
بۆ رۆژی دواتر گەڕایەوە شارۆچکەکەی ئەو ناوچەیە و، لەوێدا گوێی لە گفتوگۆکەی ماریا
سێمینۆڤنا بوو لەگەڵ مامۆستاکە. نیگای ماریا ئەمی ترساندبوو، لەگەڵ ئەوەشدا بڕیاری
خۆیی دابوو دزە بکاتە ماڵیانەوە و، ئەو پارەیەی وەریگرتبوو چەپاو بکات. کە شەو
داهات، قوفڵەکەی شکاند و چووە ماڵیانەوە. یەکەم کەس گوێی لە دەنگی پێی بوو، کچە
بچوکەکە، ئەوەی کە شووی کردووە. قیژاندنی. ستێپان دەمودەست بە چەقۆکەی لێیدا.
مێردەکەی لە خەو راپەڕی و کەوتە سەر ستێپان و چنگی نایە قوڕووی و، بێفایدە
لەگەڵیدا دەیکۆشا. ستێپان کە بەهێزتر بوو بە سەریدا سەرکەوت. دوای ئەوەی ئەویشی
کوشت، ستێپان کە بەو شەڕە دوورودرێژە خرۆشابوو چووە ژوورەکەی دیکە لە پشتەوەی
دیوارە ناوبڕەکە. ئەوێ ژووری نوستنی ماریا سێمینۆڤنا بوو. لە جێخەوەکەی دەرپەڕی،
بە چاوە ترس لێ نیشتووەکانی تەماشایەکی ستێپانی کرد و، خاچی نواند.
جارێکی دیکە نیگاکەی ستێپانی تۆقاند.
چاوەکانی داگرت.
بێ ئەوەی سەری بەرز بکاتەوە، ستێپان لێی
پرسی، "پارەکەت لە کوێیە؟"
ئەویش وەڵامی نەدایەوە.
"پارەکەت لە کوێیە؟" ستێپان لێی
پرسییەوە و چەقۆکەیی نیشان دا.
ماریا ووتی، "چۆن دەتوانی ..."
"دەیبینی چۆن."
ستێپان لێی هاتە پێشەوە بە مەبەستی ئەوەی
دەستەکانی بگرێت و رێگەی پێ نەدات لەگەڵیدا بکۆشێت، بەڵام ئەو تەنانەت هەوڵی
بەرزکردنەوەی دەستەکانیشی نەدا یان ئەوەی کە هیچ جۆرە بەرگیرییەك بکات؛ دەستەکانی
توند گرت بە سنگییەوە و هەناسەیەکی قووڵی هەڵکێشا.
"ئای، چ گوناهێکی گەورەیە،" ماریا
دەستی بە گریان کرد. "چۆن دەتوانیت وا بکەیت! بەزەییت بە خۆتدا بێتەوە. گیانی
کەسێك وێران بکەیت ... خراپتریش، گیانی خۆی تێك بدەیت! ..."
ستێپان نەیدەتوانی چیدیکە بەرگەی ئەو دەنگەی
بگرێت و، چەقۆکەیی توند کێشا بە قوڕوویدا. ووتی، "بەسە ئەو قسانەت!" بە
گریانە گڕەکەیەوە کەوتە سەر پشت و سەرینەکەیی خوێناوی کرد. ستێپان پشتی تێکرد و بە
ژوورەکەدا گەڕا بۆ کۆکردنەوەی ئەوەی پێیوابوو شایانی بردن بێت. کە کۆمایەکی لە شتە
هەرە بەنرخەکان کۆکردەوە، جگەرەیەکی داگیرساند، بۆ کەمێك دانیشت، جلەکانیی تەکاند
و، لە ماڵەکە چووە دەرەوە. پێیوابوو باکی بەم تاوانی کوشتنەش وەکو ئەوانەی پێشتر
ئەنجامی دابوون نایەت؛ بەڵام پێش ئەوەی جێگایەك بۆ ئەو شەوەی بدۆزێتەوە، لە پڕ
هەستی بە ماندووبوونێکی وەها کرد نەیدەتوانی هیچیتر بەرێدا بڕوات. خۆی خزاندە ناو
جۆگەیە و ئەو دوای ئەو شەوە لەوێ لێی پاڵ کەوت، هەروەها بۆ رۆژەکەی دواتر و
شەوەکەی دواتریش.
بەشی دووەم
یەکەم
لە تەواوی ئەو ماوەیەدا ستێپان لە جۆگەکەدا
پاڵ کەوتبوو، بە بەردەوامی لە پێش چاویدا رووخسارە باریك و میهرەبان و تۆقیوەکەی
ماریا سێمینۆڤنا دەبینی و، وای دەزانی گوێی لە دەنگییەتی. لە زیهنیدا و بەو دەنگە
فسەزمانییە تایبەتەیەوە هەر "چۆن دەتوانیت؟"ی دەووتەووە. ستێپان جارێك و
دووان و چەندین جار ئەوەی بەسەر ماریایدا هێنابوو بە پێش چاودا هاتەوە. لە ترساندا
چاوەکانی داخست و، سەرە قژنەکەی رادەوەشاند تاوەکو بیر و ئەو وەبیرهاتنەوانە لە
خۆی دوور بخاتەوە. بۆ ساتێك دەیتوانی لێیان قوتار ببێت، بەڵام لە جێیاندا دەموچاوی
رەش و ناشرین بە چاوی سوورەوە دەردەکەوتن و بە بەردەوامی دەیانترساند. ددانیان لێ
جیڕ دەکردەوە و هەر پێیان دەووتەوە: "ئێستا تۆ ئەوت لەناو دا و پێویستە خۆشت
لەناو ببەیت، یان ئەوەتا ئێمە لێت ناگەڕێین." چاوەکانی کردەوە و، جارێکی دیکە
ماریای بینییەوە و گوێی لە دەنگی بوو و؛ هەستی بە بەزییەکی زۆر دەکرد بەرانبەر بە ماریا
و هەروەها بە ترس و رقێکی زۆریش بەرانبەر بە خۆی. جارێکی دیکە چاوەکانی داخستەوە
و، دەموچاو رەشەکان دەرکەوتنەوە. دەمەو ئێوارە رۆژی دواتر هەستا و ئەگەرچی بە
ئەستەم هێزی تێدا مابوو رۆیشت بۆ یانەیەکی گشتی. لەوێ داوای خواردنەوەیەکی کرد و،
داواکەیی بۆ چەندین جار دووبارە کردەوە، بەڵام هیچ بڕە خواردنەوەیەك وای لێ
نەدەکرد سەرخۆش ببێت. لەسەر مێزێك دانیشتبوو و، بە بێدەنگی پەرداخ دوای پەرداخی
هەڵدەقۆڕاند.
ئەفسەرێکی پۆلیس هاتە ژوورەوە. لە ستێپانی
پرسی، "تۆ کێیت؟"
"من ئەو پیاوەم کە شەوی رابردوو تەواوی
خێزانی دۆبرۆتڤۆرۆڤ-م کوشت،" وەهای وەڵام دایەوە.
دەستگیر کرا، بە پەت بەسترایەوە و، هێنرایە
نزیکترین بنکەی پۆلیس؛ بۆ رۆژی دواتر گواسترایەوە بۆ زیندانی شارەکە. لێکۆڵەری
زیندانەکە ئەوی وەکو هاوزیندانییەکی کۆن ناسییەوە، بەڵام هاوزیندانییەکی ئاژاوەچی
و ئێستا گوێی لێبووە کە بووەتە تاوانکارێکی راستەقینە، بۆیە زۆر بە رەقییەوە مامەڵەی
لەگەڵ کرد.
"وا باشترە لێرە بیدەنگ بیت،" بە
دەنگێکی گڕ، بە مۆنی و چەناگەی بەرەو پێشەوە پێی ووت. "هەر کاتێك باش
هەڵسوکەوت نەکەیت، تا گیانت دەستێنم قامچی بارانت دەکەم! هەوڵی هەڵهاتن نەدەیت، چاوت
لێ هەڵنابڕم!"
"هیچ ئارەزووی هەڵهاتنم نییە،"
ستێپان ووتی و چاوەکانی شۆڕ کردەوە. "دەستبەرداری ئارەزووی ملهووڕی خۆم
بوومەتەوە."
"دەمت داخە! دەبێت رێك تەماشای
گەورەکەت بکەیت کاتێك قسەی لەگەڵدا دەکەیت،" لێکۆڵەر هاواری بەسەردا کرد و
مشتەکۆڵەیەکی کێشا بە کاجێڕەی ستێپاندا.
لەو ساتەشدا، ستێپان ئافرەتە کوژراوەکەی لە
بەردەمیدا بینییەوە و، گوێی لە دەنگی بوو؛ بۆیە هیچ بایەخیکی بە قسەکانی لێکۆڵەر
نەدا.
"چی؟" پرسیاری کرد کاتێك بە
لێدانەکەی سەر دەموچاوی هاتەوە سەر هەستەکانی خۆی.
" وون بە! وا پیشان نەدەیت کە گوێت لێ
نییە."
لێکۆڵەرەکە وای چاوەڕێ دەکرد کە ستێپان
توندوتیژ بێت و قسەی لەگەڵ زیندانییەکانی دیکەدا هەبێت و هەوڵی هەڵهاتن بدات.
بەڵام هیچکام لەوانە رویان نەدا. هەر کاتێك پاسەوانەکە یان لێکۆڵەرەکە خۆی لە کونی
دەرگاکەوە تەماشایەکی ناو زیندانەکەی بکردبایە، ستێپانیان دەبینی لەسەر گووشێکی پڕ
لە پووش دانیشتووە و سەری خستووەتە نێو دەستەکانی و بۆ خۆی چپە دەکات. کە هێنرایە
بەردەم داوەری لێکۆڵینەوەی بەرپرس لە لێپرسینەوەی لەبارەی کەیسەکەیەوە، وەکو هەر
تۆمەتبارێکی ئاسایی رەفتاری نەدەکرد. بیری هیچ لە لای خۆی نەبوو و، بە ئەستەم گوێی
دەدایە پرسیارەکان؛ بەڵام کاتێك ئاگای لە پرسیارێك بووایە لێی دەکرا، راستگۆیانە
وەڵامی دەدایەوە، ئەمەش داوەری لێکۆڵینەوەی تووشی ئەوپەڕی حەیرەت کرد، ئەگەرچی خۆی
وەها راهاتووە لەسەر ئەوەی پێویست دەکات لەگەڵ تۆمەتباراندا زیرك و زۆرزان بێت؛
بەڵام ئێستا هەستێکی نامۆ دایگرت وەك بڵێی پێی هەڵگرتبێت قادرمەیەك بەسەر کەوێت
بەڵام هیچ قادرمەیەکی لێ نەبووبێت. ستێپان چیرۆکی هەموو کۆشتنەکانی پێووت؛ بە
مۆنیشیەوە دەیووتن و بە کۆمەڵێك نیگا و بە دەنگێکی تەواو جیددیەوە، هەوڵی دەدا گشت
دۆخەکانی تەواوی تاوانەکانی وەبیر بێتەوە. "لە ماڵ هاتە دەرەوە و،"
ستێپان چیرۆکی یەکەم کوشتنی بۆ باس دەکرد، "بە پێخاوسی لەناو دەرگاکەدا
وەستا؛ لێم دا و، ئەو تەنها ئاهێکی هەڵکێشا؛ چووم بۆ ژنەکەی، ... " ئیتر بەم
شێوەیە.
لە سەردانکردنیدا بۆ زیندانی زیندانییەکان،
داوەری لێکۆڵینەوە لە ستێپانی پرسی داخۆ هیچی هەیە گلەییی لەسەر بێت، یان داخۆ هیچ
ئارەزوویەکی بۆی بەراوردە بکرێت. ستێپان ووتی هیچ جۆرە ئارەزوویەکی نییە و هیچی
نییە گلەیی لێ بکات سەبارەت بەوەی لە زینداندا چۆن مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت. لە
کاتی بەجێهێشتنیدا، داوەری لێکۆڵینەوە چەند هەنگاوێك بە رێڕەوە پیسەکەدا رۆیشت و
ئینجا وەستا و لە پارێزگار کە لەم سەردانەیەدا هاوەڵیی دەکرد پرسی کە هەڵسوکەتی
ئەم زیندانییەی پێ چۆن بوو.
"سەیرم پێی دێت،" پارێزگار کە زۆر
خۆشحاڵ ببوو لەگەڵ ستێپان و بە چاکی باسی لەبارەوە دەکرد، وەهای ووت. "ئێستا
ئەوە بووەتە دوو مانگ لەگەڵماندایە و دەکرێت وەکو نمونەیەکی رەوشت باشی دابنرێت.
بەڵام من دەترسم پیلانی شتێکی خراپی لەسەردا بێت. پیاوێکی بووێرە و لەڕادەبەریش
بەهێزە."
دووەم
لە ماوەی مانگی یەکەمیدا لە زیندان، ستێپان
دووچاری هەمان ئەو دیمەنە ئازاربەخشە دەبووەوە. دیوارە خۆڵەمێشییەکەی زیندانەکەی
خۆیی دەبینی و، گوێی لە دەنگەکانی ناو زیندانەکە دەبوو؛ ژاوەژاوی زیندانەکانی
ژێرەوەی کە ژماریەك زیندانی پێکەوە لەوێ نرابوون؛ دەنگی لێدانی کاتژمێری ناو
زیندانەکە، ترپەی پێی دیدەوانەکە لە رێڕەوەکەدا؛ بەڵام لە هەمان کاتدا ئەویشی دەبینی
بەو دەموچاوە میهرەبانەیەوە کە لە یەکەم نیگای لەسەر شەقامەکەدا دڵی ئەمی داگیر
کرد، بەو چەناگە باریکەی، بەو گەردنە رەقەی و، هەروەها گوێی لەو چپە دەنگە نەرم و
بەسۆزەی دەبوو کە دەیووت: "بۆ وێرانکردنی گیانی کەسێك و ...، خراپتریش لە هەمووی،
هی خۆت ... چۆن دەتوانیت؟ ..."
پاش کەمێك دەنگەکەی دەڕوات و ئەوجا دەموچاو
رەشەکان بەدەردەکەون. ئەوان هەر دەردەکەون ئەگەر چاوەکانی کراوە بن یان داخراو. بە
چاوی داخراوەوە روونتری دەیبینین. کە چاوی دەکردەوە بۆ ساتێك نەدەمان و لە دیوار و
دەرگاکاندا دەتوانەوە؛ بەڵام پاش ساتێکی دیکە دەردەکەوتنەوە لە سێ لاوە دەورەیان
لێ دەدا، ددانیان لێ جیڕ دەکردەوە و جار لە دوای جار پێیان دەووت: "کۆتایی
پێبهێنە! کۆتایی پێبهێنە! خۆت هەڵواسە! ئاگر لە خۆت بەردە!" ستێپان کە ئەمەی
گوێ لێ‌بوو، سەرتاپای کەوتە لەرزین و، هەوڵی دەدا گشت ئەو نزایانەی دەیانزانێت
بڵێتەوە: "ئەی خانمەکەمان" یان "ئەی باوکمان." لە سەرەتادا وا
دیار بوو کە ئەمە یارمەتیی بدات. لە کاتی ووتنەوەی نزاکانیدا وای لێهات تەواوی
ژیانی خۆیی بە بیر بێتەوە؛ باوکی، دایکی، گوندەکە، سەگەکە کە ناوی "گورگە"
بوو، ئەو پیرە باپیرەی لەسەر کوانووەکە پاڵ کەوتبوو، ئەو سەکۆیەی منداڵ یارییان
لەسەری دەکرد؛ ئینجا کچانی گوند بە گۆرانییەکانیانەوە، ئەسپەکانی و ئەوەی کە چۆن
دزران و، ئەوەی دزەکە چۆن گیرا و چۆن ئەم بە بەردێك کوشتی. هەروەها ئەو زیندانەشی
بە بیر هاتەوە کە یەکەم جار تێی چوو و ئەو کاتەی لێی دەرچوو و، میوانخانەدارە
قەڵەوەکە، ژنی گالیسکەچییەکە و منداڵەکانی. ئینجا جارێکی دیکە ئەوی کەوتەوە خەیاڵ
و جاریکی دیکەش ترس دایگرت. پاڵتۆ زیندانییەکەیی لەسەر شانەکانی فڕێ دا و لە
جێخەوەکەی هاتە دەرەوە و، هەر وەکو ئاژە‌ڵێکی کێوی لە قەفەسدا بێت، بە نێو زیندانە
بچوکەکەیدا بەرەو سەرەوە و خوارەوە هەنگاوی دەنا، کە دەگەیشتە دیوارە چامدارەکان،
خێرا دەگەڕایەوە. دیسانەوە هەوڵی دا نزا بکات، بەڵام ئەم جارەیان هیچ سوودێکی
نەبوو.
پاییز بە شەوە درێژەکانییەوە هات.
ئێوارانێكیان کاتێك با فیکە و هاژەی لە میلەکان دەهێنا، ستێپان پاش ئەوەی بۆ
ماوەیەکی زۆر لە ناو زیندانەکەیدا خوار و ژووری کرد، لەسەر جیخەوەکەی دانیشت. وای
هەست دەکرد چیتر ناتوانێت ململانێی لەگەڵ بکات؛ ئەهریمەنە رەشەکان بەسەریدا زاڵ
بوون و، ئەمیش دەبوو خۆ بەدەستەوە بدات. بۆ ماوەیەك تەماشای رەحەتیی کورەکەی
دەکرد. ئەگەر بتوانێت دەستی بگاتە دەسکی سەرقاپەکەی و گرێیەك لە داوە کەتانەکان
بدات، رەنگە هەڵیبگرێت ... بەڵام پێویستە زۆر زیرەکانە ئەنجامی بدات. دەستی کردە
کارکردن و، دوو رۆژی بەسەر برد لە دروستکردنی شریت لە کەتانی ئەو کیسەیەی لەسەری
دەخەوت. کاتێك کە پاسەوانەکە هاتە ژوورەوە، جێخەوکەیی بە پاڵتۆکەی داپۆشی. گرێی
گەورە گەورەی لە شریتەکان دا و دووقاتی کردنەوە، بۆ ئەوەی تا دەکرێت ئەوەندە بەهێز
بێت کێشی ئەو هەڵبگرێت. لە کاتی ئەم ئامادەکارییانەدا لە دیمەنە ئەشکەنجەدەرەکان قووتاری
ببوو. کاتێك کە شریتەکان ئامادە بوون، هەڵەفەیەکی لێدا و لە ملی کرد، لەسەر
جێخەوەکەی بە پێوە وەستا و خۆی هەڵواسی. بەڵام دروست لەو ساتەی زمانی خەریك بێتە
دەرەوە، شریتەکە خاو بووەوە و، کەوت. لە دەنگە دەنگەکەی پاسەوانەکان رژانە
ژوورەوە. پزیشکەکە بانگ کرا، ستێپان هێنرایە تیمارگەکە. بۆ رۆژی دواتر چاك بووەوە
و، لە تیمارگەکە دەرکرا، ئیتر نەخرایە زیندانی تاکە کەسییەوە، بەڵکو خرایە زیندانە
گشتییەکە لەگەڵ زیندانییەکانی دیکەدا.
لە زیندانە گشتییەکە لەگەڵ دوازدە پیاودا
بوو، بەڵام وای هەست دەکرد بە تاقی تەنیایە. تێبینیی بە بوونی ئەوانی دیکە
نەدەکرد؛ لەگەڵ کەسدا قسەی نەدەکرد و، لە لایەن ئازاردەرە کۆنەکەیەوە ئەشکەنجە
دەدرا. زیاتر لەو کاتانەدا کە پیاوەکان خەویان لێدەکەوت هەستی پێی دەکرد و خۆی بە
تەنیا دەمایەوە و نەیدەتوانی بۆ ساتێکیش خەوی بچێتە چاو. بەردەوام ئەوی دەهاتە پێش
چاو، گوێی لە دەنگی دەبوو و، ئینجا دیسانەوە ئەهریمەنە رەشەکان بەو چاوە
ترسێنەرانەیان دەهاتن و وەکو جارانی پێشوو ئەشکەنجەیان دەدا.
هەمدیس هەوڵی دەدا نزاکانی بکات، بەڵام هەر
وەکو پێشوو، هیچ سوودیان نەبوو بۆی. رۆژێکیان لە پاش نزاکانی و کاتێك ئەو جارێکی
دیکە لە پێش چاوەکانی قیت بووەوە، دەستی کردە پاڕانەوە لە گیانە ئازیزەکەی تا لە
تاوانەکەی ببورێت و، بەرەڵای بکات. دەمەو بەیان، کاتێك کە تەواو شەکەت دەبێت و
دەکەوێتە سەر کیسە کەتانە شڕووڕەکەی، دەمودەست خەو دەیباتەوە و، لە خەونیدا، ئەو
بەو چەناگە و بەو گەردنە رەق و چرچەی هاتە لای. لێی پرسی، "ئایا لێم خۆش
دەبیت؟" ئەویش بەو چاوە نیانانەیەوە تەماشایەکی کرد و وەڵامی نەدایەوە. "ئایا
لێم خۆش دەبیت؟" سێ جاران ئەمەی لێ دووبارە کردەوە. بەڵام ئەو هیچی نەووت و،
ئەم لە خەو هەستا. لەو کاتە بەدواوە ئیتر کەمتر ئازاری دەچەشت و، وا دیار بوو کە
هاتووەتەوە سەر هەست و هۆشی خۆی، تەماشایەکی دەوروبەری کرد و، بۆ یەکەم جار دەستی
کردە قسەکردن لەگەڵ پیاوەکانی دیکەی ناو زیندانەکە.
سێیەم
زیندانەکەی ستێپان بە کەسانی دیکە هاوبەشی دەکرا،
لە لایەن ڤاسیلیی کۆنە حەمباڵ کە بە هۆی دزییەوە بە دوورخستنەوە حوکم درابوو و
هەروەها چۆیڤیش کە بە دوورخستنەوە حوکم درابوو. ڤاسیلی بەو دەنگە خۆشەی تەواوی رۆژ
گۆرانیی دەووت یان باسی سەرکێشییەکانی خۆیی بۆ پیاوەکانی ناو زیندان دەکرد. چۆیڤ
تەواو سەرقاڵی شتێك دەبوو، جلەکانی پینە و چاك دەکردەوە، یان ئینجیل و سروودە
ئایینییەکانی دەخوێندەوە. ستێپان لێی پرسی بۆ چی خراوەتە زیندانەوە و، چۆیڤ وەڵامی
دایەوە ئەو بە هۆی باوەڕە راستەقینەکەی بە مەسیحییەت زوڵمی لێکراوە لە لایەن
قەشەکانەوە کە خۆیان دووڕووبوون و رقیان لەو کەسانە بووە کە بە راستی پەیڕەوی
رێسای مەسیحییەتیان دەکرد. ستێپان لێی پرسی کە ئەو رێسا راستانە چین و، چۆیڤ بۆی
روون کردەوە کە رێسای راست بریتییە لەوەی ئەو خواوەندانە نەپەرەستین کە بە
دەستەکان دروست کراون، بەڵکو رۆحی پیرۆز و راستی بپەرەستین. بۆی گێڕایەوە کە چۆن
راستی لە بەرگدوورە شەلەکەوە فێر بووە کاتێك کە زەوییەکەیان دابەش کرد.
"ئەی چی دەبێت بۆ ئەو کەسانەی کاری
خراپەیان ئەنجام داوە؟" ستێپان لێی پرسی.
"کتێبە پیرۆزەکان وەڵامێك لەوبارەوە
بەدەستەوە دەدەن،" چۆیڤ پێی ووت و بە دەنگی بەرز ئایەتی ٣١ لە بەشی بیست و
پێنجەمی مەتای بۆ خوێندەوە: "کاتێ کوڕی مرۆڤ بە شکۆی خۆی دێتەوە و هەموو
فریشتەکانیش لەگەڵیدان، ئەوسا لەسەر تەختی شکۆی خۆی دادەنیشێت. هەموو نەتەوەکان لە
بەردەمی کۆدەبنەوە و ئەویش لە یەکتریان جیا دەکاتەوە، وەك شوان مەڕ لە بزن
دەکاتەوە. جا مەڕەکان لەلای راستی خۆی رادەگرێت، بەڵام بزنەکان لەلای چەپ. ئینجا
پاشا بەوانەی لای راستییەوەن دەفەرمووێ: وەرن ئەی ئەوانەی باوکم بەرەکەتی پێدان،
ببنە میراتگری ئەو شانشینە کە لە دامەزراندنی جیهانەوە بۆتان ئامادە کراوە. چونکە
برسی بووم و نانتان دام، تینوو بووم ئاوتان دامێ، نامۆ بووم شوێنتان کردمەوە. رووت
بووم بەرگتان کردم، نەخۆش بووم سەرتان لێدام، زیندانی بووم هاتنە لام. ئەوسا راست
و دروستان وەڵام دەدەنەوە: گەورەم، کەی تۆمان بە برسیێتی بینیوە و نامان داویتێ،
یان تینوو و ئاومان داویتێ؟ کەی تۆمان بە نامۆیی بینیوە و شوێنمان کردوویتەوە، یان
بە رووتی و بەرگمان کردوویت؟ کەی تۆمان بە نەخۆشی و زیندانی بینیوە و هاتووین بۆ
لات؟ ئینجا پاشا وەڵامیان دەداتەوە: راستیتان پێ دەڵێم، هەرچییەکتان بۆ یەکێك لەم
برا بچووکانەم کردووە، بۆ منتان کردووە. دواتر بەوانەی لەلای چەپییەوە دەفەرمووێ:
لێم دوور بکەونەوە! ئەی نەفرەت لێکراوان بەرەو ئاگری تاهەتایی، ئەوەی بۆ ئیبلیس و
فریشتەکانی ئامادە کراوە. چونکە برسی بووم نانتان نەدام، تینوو بووم ئاوتان
نەدامێ، نامۆ بووم شوێنتان نەکردمەوە، رووت بووم بەرگتان نەکردم، نەخۆش و زیندانی
بووم سەرتان لێ نەدام. ئەوانیش وەڵام دەدەنەوە: گەورەم کەی تۆمان بە برسیێتی یان
تینوو یان نامۆ یان رووت یان نەخۆش یان زیندانی بینیوە و خزمەتمان نەکردوویت؟ ئەویش
وەڵامیان دەداتەوە: راستیتان پێ دەڵێم: هەرچییەکتان بۆ یەکێك لەم بچووکانە
نەکردووە، بۆ منیشتان نەکردووە. ئەوانە بۆ سزای تاهەتایی دەچن، بەڵام راست و
دروستان بۆ ژیانی تاهەتایی.[5]"
ڤاسیلی کە لەسەر زەوییەکە لە تەنیشت چۆیڤەوە
دانیشتبوو و، گوێی بۆ شل کردبوو کە ئینجیلی دەخوێندەوە، بۆ پەسەندی سەر لەقاند.
"راستە،" بە دەنگێکی پڕ متمانەوە وەهای ووت. "بڕۆن، ئەی پیاوخراپی
نەفرەتلێکراوانە بەرەو سزای هەتاهەتایی، چونکە ئێوە نانتان بە برسی نەداوە، بەڵکو
هەموویتان بۆ خۆتان قووتداوە. ئەوەیان لە هەق دێت! من لە نوسینەکانی نیکۆدیمی
پیرۆزم بۆ خوێندنەوە،" بە خۆ هەڵکێشانەوە وەکو خوێنەوارێکی تێگەیشتوو پێی
ووتن.
"ئەی ئایا هەرگیز نابەخشرێن؟"
ستێپان کە بەو سەرە قژنەی بەرەو خوارەوەی شۆڕ کردبوو و بە کڕییەوە گوێی گرتبوو لێی
پرسی.
"کەمێك بوەستە و، بێ دەنگ بە،"
چۆیڤ بە ڤاسیلیی ووت کە دریژەی دا بە باسکردنی ئەو دەوڵەمەندەی گۆشتی نەدابوو بە
بیگانەکە و، لە زیندانیش‌دا سەری لێی نەدابوو.
"دەڵێم، بوەستە!" چۆیڤ پێی ووت و
جارێکی دیکە لاپەڕەکانی ئینجیلی هەڵدایەوە. ئەوەی بۆی دەگەڕا دۆزییەوە، چۆیڤ بەو
دەستە گەورە و بەهێزانەی کە لە زینداندا تەواو سپی بووبوونەوە لاپەڕەکەی رێك و ساف
کردەوە:
"دوو تاوانباری دیکەیشیان هێنا"—مەبەستی
لە حەزرەتی مەسیحە—"تاکو لەگەڵ ئەودا بکوژرێن. کاتێك گەیشتنە ئەو شوێنەی بە
کاسەسەر ناودەبرا، لەوێ لەگەڵ تاوانبارەکان لە خاچیان دا، یەکێك لەلای راستی و
ئەوی دیکە لەلای چەپ. عیساش ووتی: (باوکە لێیان خۆش بە، چونکە نازانن چی دەکەن.)
ئینجا بە تیروپشك کراسەکەیان دابەش کرد. خەڵکەکە راوەستابوون سەیریان دەکرد،
سەرۆکەکان گاڵتەیان پێدەکرد و دەیانووت: (خەڵکی دیکەی رزگار کرد، ئەگەر ئەمە
مەسیحی خودایە، بژاردەکەیە، با خۆی رزگار بکات!) سەربازانیش دەهاتنە لای گاڵتەیان
پێدەکرد، سرکەیان بۆی رادەگرت، دەیانووت: (ئەگەر تۆ پاشای جولەکەیت، خۆت رزگار
بکە!) نووسراوێکیش لە ژوور سەریەوە هەبوو، (ئەمە پاشای جولەکەیە.) یەکێك لە
تاوانبارە هەڵواسراوەکان، کفری دژی دەکرد و دەیووت: (ئایا تۆ مەسیح نیت؟ دەی خۆت و
ئێمەش رزگار بکە.) ئەوی دیکە وەڵامی دایەوە و سەرزەنشتی کرد: (لە خودا ناترسی، کە
تۆش هەمان سزات بەسەر دراوە؟ سزای ئێمە دادپەروەرانەیە، لە جیاتی کردارمانە وەری
دەگرین، بەڵام ئەمە هیچ هەڵەی نەکردووە.) ئینجا ووتی: (عیسا منت لە یاد بێت کاتێ
لە شانشینەکەی خۆت دێی.) پێی فەرموو: (راستیت پێ دەڵێم: ئەمڕۆ لەگەڵ من لە
بەهەشتدا دەبیت.)"
ستێپان هیچی نەووت و، لە بیرکردنەوەدا
دانیشتبوو، وەك بڵێی گوێ بگرێت.
ئێستا تێگەیشت کە باوەڕی راستەقینە چییە.
تەنها ئەوانە رزگار دەبن کە خواردن و خواردنەوەیان بە هەژاران دابێت و سەردانی
زیندانییانیان کرد بێت؛ ئەوانەی کە ئەمەیان نەکردبێت، دەچنە دۆزەخ. تەنها لەو
کاتەدا، ئەو تاوانبارەی بە قەد خاچەکەوە تۆبەی کرد و، لەگەڵ ئەوەشدا چووە بەهەشت. ئەمە
لەگەڵیدا یەکناگرێتەوە کە بێ‌تاوان بێت. بەڵکو تەواو بە پێچەوانەوە. ئەمیان
ئەویتریانی دڵنیا کردەوە: راستی ئەوەی کە کەسی بەبەزایی دەچێتە بەهەشت و بێبەزەیی
دەچێتە دۆزەخ، بەو واتایەیە کە هەموو کەسێك پێویستە بەبەزەیی بێت و، ئەو
تاوانبارەی کە لەلایەن مەسیحەوە بەخشرا واتای ئەوە بوو کە مەسیح بەبەزەیی بووە.
هەموو ئەمانە بۆ ستێپان نوێ بوون و، پێی سەیر بوو بۆ لە ماوەی ئەم ماوە زۆرەدا لێی
شاراوە بووە.
لەو رۆژە بە دواوە هەموو کاتە بەتاڵەکانی
لەگەڵ چۆیڤدا دەبردە سەر و، پرسیاری لێی دەکرد و گوێی لێی دەگرت. تەنها یەك راستیی
لەو فەرمایشتانەی سەبارەت بە مەسیح کە لەلایەن چۆیڤەوە بۆی ئاشکرا کران بینی:
ئەویش ئەوەی کە هەموو پیاوەکان بران و، لەسەریانە یەکترییان خۆش بووێت و بەزییان
بەیەکتر بێتەوە بەڵکو هەموویان خۆشبەخت بن. هەروەها کاتێك گوێی لە چۆیڤ دەگرت،
هەموو شتێكی بە بەراورد بەو راستییە بنچینەییە وەکو شتێك پێشتر ناسیبێتی و ئێستا
لە یادی کردبێت دەهاتە پێش چاو، هەروەها هەر شتێکی ببیستایە کە وەکو پێچەوانەی
دەرکەوتایە، هیچ تێبینییەکیی نەدەکرد، چونکە وای بیر دکردەوە کە هیچ نییە جگە
لەوەی لە واتا راستەقینەکەی تێنەگەیشتووە.
چوارەم
ستێپان لە هەموو کاتیکی زیاتر لەوەتەی
هاتبووە زیندانەکەوە گوێڕایەڵ و دەستەمۆ ببوو، بەڵام ئێستا وای لە کاربەدەستانی
زیندانەکە و گشت هاوزیندانییەکانی کردبوو سەیریان بەو گۆڕانەیدا بێتەوە. بێ ئەوەی
فەرمانی پێ بکرێت و بەدەر لە نۆبەی خۆی، دەیویست گشت کارە زۆر سەختەکانی ناو
زیندانەکە ئەنجام بدات و هەروەها کارە هەرە پۆخڵەکانیش. بەڵام سەرەڕای ئەم
خۆبەکەمزانینەی، زیندانییەکانی دیکە سام دەیگرتن و لێی دەترسان، چونکە دەیانزانی
کە ئەو کەسێکی توند و خاوەن هێزێکی جەستەیی زۆریشە. رێزلێگرتنی لەو روداوەوە زیادی
کرد کاتێك دوو کەسە وێڵەکەی کەوتنە سەر؛ ئەمیش خۆی چەرخاند و لێیان بووەوە و قۆڵی
یەکێکیانی لە شەڕەکەدا شکاند. ئەم دوو وێڵە لەگەڵ زیندانییەکی لاودا بە هەر جۆرێك
بێت قوماریان کردبوو و هەموو پارەکەیان لێ ستاندبوو. ستێپان رۆڵی خۆیی گێڕا و شتە
براوەکانی لە وێڵەکان زەوت کرد. وێڵەکان جوێن بارانیان کرد؛ بەڵام کاتێك هێرشیان
کردە سەری، ئەمیش چاك دەرەقەتیان هات. کاتێك کە پارێزگار پرسیاری کرد کە شەڕەکە
چۆن دەستی پیکردووە، وێڵەکان ووتیان گوایە ستێپان بووە دەستی پێکردووە. ستێپان
هەوڵی نەدا پاکانە بۆ خۆی بکات و، بە ئارامییەوە بەرگەی سزاکەی خۆیی گرت کە سێ رۆژ
بوو لە زیندانی سزادان و، پاشانیش زیندانی تاکە کەسی.
لە زیندانی تاکە کەسیدا بێتاقەت بوو چونکە
چیدیکە نەیدەتوانی گوێ لە چۆیڤ و ئینجیلەکەی بگرێت. هەروەها لەوەش دەترسا
دیمەنەکانی پێشووتری ئەو و ئەهریمەنە رەشەکان جارێکی دیکە دەرکەونەوە و ئەشکەنجەی
بدەن. بەڵام دیمەنەکان بۆ هەتاهەتایە بزر بوون و نەمان. گیانی ئەمیش لێوان‌لێو ببوو
لە بیرۆکەی نوێ و شاد. خۆشحاڵ دەبوو بە تەنیایی ئەگەر تەنها بیتوانیبایە
بخوێنێتەوە و ئیجیلێکی هەبووایە. دەیزانی رەنگە بتوانێ ئینجیلێکی هەبێت، بەڵام
ناتوانێت بخوێنێتەوە.
لە تەمەنی منداڵییدا دەستی کردبووە فێربوونی
پیتەکان، بەڵام نەیدەتوانی بڕگەکان پێکەوە بنوسێنێت و، بەم شێوەیە بە نەخوێندەواری
مایەوە. خۆی تەیار کرد بۆ ئەوەی سەرلەنوێ دەست بە خوێندن بکاتەوە و، داوای لە
پاسەوانەکە کرد کتێبەکانی ئینجیلی بۆ بهێنێت. بۆی هێنران و بۆ خۆی سەرقاڵ بوو.
کارێکی کرد پیتەکانی بیر بێتەوە، بەڵام نەیدەتوانی حنجەیان بکات. ئەوپەڕی هەوڵی
خۆیی دا لەوە تێبگات دەبێت چۆن پیتەکان بە یەکەوە گرێ بدات و وشەیان لێ پێك
بهێنێت، بەڵام هیچ ئەنجامێکی نەبوو. خەوی زڕا و ئارەزووی خواردنی نەما و خەم و
پەژارە دایگرت و، نەیدەتوانی خۆیی لێ قوتار بکات.
رۆژێکیان پاسەوانەکە لێی پرسی، "چییە،
ناتوانی فێری ببی؟"
"نەخێر."
"ئایا تۆ وشەی 'باوکمان'
دەناسیتەوە؟"
"بەڵێ، کە دەیناسم."
"کە وابێ، لە ئینجیلەکاندا،
بیخوێنەرەوە. بەم شێوەیە،" پاسەوانەکە پێی ووت و نوێژ و نزاکانی ناو
ئینجیلەکانی پێی پیشان دا. ستێپان دەستی کردە خوێندنەوەی، ئەو پیتانەی دەیزانین
لەگەڵ ئەو دەنگانەی بە لایەوە ئاشنا بوون بەراورد دەکرد.
ئیتر لە خۆیەوە نهێنیی بڕگە و وشەکانی بۆ
ئاشکرا بوو و، دەستی بە خوێندنەوە کرد. ئەمە خۆشییەکی گەورە بوو. لەو ساتەوە ئیتر
فێری خوێندنەوە بوو و، واتای وشەکان کە بەم زەحمەتە زۆرەوە حنجە دەکران، پڕبایەختر
دەبوون.
ستێپان چیدیکە خەمی ئەوەی نەبوو بە تەنیا
بێت. وەها سەرقاڵی کارەکەی ببوو، هیچ هەستی بە خۆشحاڵی نەدەکرد کاتێك گوازرایەوە
بۆ زیندانە گشتییەکە، ژوورەکەی ئەمیان بۆی زیندانییەکی سیاسی دەویست کە تازە
هێنرابووە زیندانەکە.
پێنجەم
لەو ماوەیەدا ماهین، ئەو کوڕە قوتابییەی
سمۆکۆنیکۆڤی هاوڕێی فێر کرد کۆبۆنەکە ساختە بکات، خوێندی قوتابخانەی تەواو کرد و
هەروەها زانکۆش، کە بەشی یاسای تێدا خوێند. بەشپێدراو لەوەی ئافرەتان حەزیان لێی
دەکرد و، دڵی خانمی جێگر وەزریکی بردبووەوە؛ بۆیەش هەر لە تەمەنی لاوێتییدا وەکو
داوەری لێکۆڵینەوە دامەزرێنرابوو. کەسێکی ناپاك بوو، قەرزدار و قومارچی بوو و،
چەندین ئافرەتیشی فریو دابوو؛ بەڵام ژیر و زیرەك و لێکۆڵەرێکی باش بوو. لە دادگای
ئەو شارۆچکەیە دامەزرێنرابوو کە ستێپان پێلاگوشکینی تێدا دادگایی دەکرا. کە یەکەم
جار ستێپانیان هێنایە لا تاوەکو ئیفادە بدات، وەڵامە راستگۆیانە و ئارامەکانی
لێکۆڵەریان حایر دەکرد. کاتێك ئەم پیاوەیان هێنایە لای بە دەست و پێی لە کۆت کراو
و سەر و قژی برینەکراو و لەگەڵ دوو سەرباز کە چاوەڕێیان دەکرد بیگەڕێننەوە بۆ ناو
زیندانەکەی، بەدەر لە هۆشی خۆییەوە وای هەست دەکرد کە ئەم پیاوە رۆحێکی ئازادی
هەیە و بەلایەوە کەسێکی بێئەندازە بڵند و گەورەیە. لە ویژدانی خۆیدا تووشی جۆرە
گرفتێك ببووەوە و، پێویستی بوو تەواو ئازایەتی خۆی کۆ بکاتەوە تا بتوانێت لە
لێپرسینەوەکەی بەردەوام بێت و پرسیارەکان تێك نەدات. سەری سووڕمابوو لەوەی کە
ستێپان چیرۆکی تاوانەکانی خۆیی وەها دەگێڕایەوە وەك بڵێی شتگەلێك بن هی
سەردەمانێکی زۆر دوور و، لەلایەن خۆیەوە نەبن و لەلایەن کەسێکی دیکەوە ئەنجام
درابێتن.
"باشە هیچ بەزەییت پێیاندا
ناهاتەوە؟" ماهین لێی پرسی.
"نەخێر، ئەو کاتە نەمدەزانی."
"باشە، ئەی ئێستا؟"
ستێپان بزەیەکی غەمگینانەی کرد و ووتی،
"ئێستا، ئەنجامی نادەمەوە ئەگەر بێت و بە زیندووێتیش ئاگرم تێ بەربدەن."
"بەڵام بۆ؟"
"چونکە گەیشتمە ئەوەی بزانم کە هەمووان
بران."
"ئەی من چی؟ منیش برای تۆم؟"
"بە دڵنیاییەوە برامی."
"ئەی چۆن وا دەبێت من، براکەی تۆ، وا
دەتنێرم و کارکردنی قورست بەسەردا دەسەپێنم؟"
"لەبەر ئەوەیە کە تۆ نازانیت."
"چی نازانم."
"لە بەر ئەوەی حوکم دەدەیت، مانای وا
دیارە کە تۆ نایزانیت."
"بەردەوام بە... چیتر؟"
شەشەم
ئێستا ئەوە چۆیڤ نەبوو، بەڵکو ستێپان بوو کە
خووی گرتبوو بە خوێندنەوەی ئینجیل لەناو زیندانە گشتییەکەدا. هەندێ لە
زیندانییەکان سروودی ئایینیان پێکەوە دەچڕی، لە کاتێكدا هەندێکی دیکەیان گوێیان بۆ
ستێپان دەگرت ئینجیلی دەخوێندەوە و باسی ئەوەی بۆ دەکردن کە دەیخوێندەوە. لەوانەی
گوێی بۆ دەگرتن، دوو زیندانی زیاتر لە هەمووان سەرنجیان دەدایە، ئەوانیش بریتیبوون
لە ڤاسیلی و حوکمدراوێکی دیکە بە ناوی ماهۆرکین، پیاوکوژێك کە ببووە جەللاد. دوو
جار لەماوی ئەم مانەوەیەیدا لە زیندان بانگیان کردبوو ئەرکی جەللادی بەجێ بگەیەنێت
و، هەردوو جارەکەش لە جێگای زۆر دوورەدەست، ئەویش لە کاتێکدا کەس بە دەست
نەکەوتبوون بۆ جێبەجێکردنی سزاکانی مەرگ.
دوو لەو جوتیارانەی پیتەر نیکۆلایڤیچ
سڤێنتسکیان کوشتبوو، بە سێدارە حوکم درابوون و، فەرمان کرابوو بە ماهۆرکین بچێت لە
پێنسا بە قەنارەیانەوە هەڵبواسێت. لە جارەکانی پێشوودا وای خوو گرتبوو عەریزەیەکی
بۆ پارێزگاری هەرێمەکە دەنوسی، چاکی دەزانی بنوسێت و بخوێنێتەوە، بەوەش دەستی
پێ‌کرد کە فەرمانی پێکراوە ئەرکەکەی جێبەجێ بکات و، داوای لێدەکردن بۆ دەستهەقەکی
پارەی پێبدات. بەڵام ئێستا، بەوپەڕی سەرسووڕمانی کاربەدەستانی زیندانەکە، پێی ووتن
کە ئارەزووی لێ نییە بۆی بچێت و، چیدیکە نایەوێت جەللاد بێت.
بەڕێوەبەری زیندانەکەی بە سەریدا نەڕادنی،
"ئەی چی ئەگەر دارکاری بکرێت؟"
"بەرگەی دەگرم، چونکە یاسا فەرمانمان
پێدەکات کە نەکوژین."
"ئەمەت لە پێلاگوشکینەوە وەرگرتووە؟
کە بۆ خۆی بووتە پێغەمبەر ئاسایەکی ناو زیندان! بەس چاوەڕێ و تەماشا بکە بزانە
ئەمەت بە چەند لەسەر دەکەوێت!"
کە ئەم روداوە بۆ ماهین گێڕدرایەوە، زۆر
سەرسام بوو بەو راستەیەی سەبارەت بە کاریگەریی ستێپان لەسەر ئەو جەللادەی رەتی
کردبووەوە ئەرکەکەی بەجێ بگەیەنێت و بەم یاخیبوونەی خۆی خستە بەر مەترسیی لە
سێدارەدان.
حەوتەم
لە ئێوارە ئاهەنگێکدا لە ماڵباتی
ئیرۆپکینەکان، ماهین کە گرنگیی بە دوو کچی ماڵەکە دەدا، ئەوانیش دوو شتی دەوڵەمەند
بوون، چەپڵەوڕێزانێکی گەورەی بردەوە بەو گۆرانییە خۆشەی و پیانۆ ژەنینەی لەوێدا
پێشکەشی کرد. لەگەڵیاندا دەستی کردە باسکردن لەبارەی ئەو حوکمدراوە نامۆیەی
جەللادەکەی هەڵگێڕاوە. ماهین چیرۆکەکەیی زۆر بە ووردی و دروستییەوە دەگێڕایەوە،
لەبەر ئەوەی یادەوەرییەکی زۆر باشی هەبوو و شتەکانیش باشتر دەکەوتنەوە یادییەوە
چونکە ئەمیان تەواو جیاواز بوو لە هەموو ئەوانەی مامەڵەی لەگەڵدا کردبوون. ئەو
بچوکترین گرنگیشی نەدەدایە هەستی خەڵکانی دیکە و، بۆیە باشتر دەیتوانی ئەوەی
ئەنجامیان دەدا و دەیانووت لە یادی خۆیدا بهێڵێتەوە. ستێپان پێلاگوشکین سەرنجی
ئەمی رادەکێشا و هەرچەندەش بە تەواوەتی لێی تێنەگەیشت، لەگەڵ ئەوەشدا لە خۆیی
دەپرسی چی بەسەر ئەم پیاوەدا هاتووە؟ نەیدەتوانی وەڵامێکی بۆ بدۆزێتەوە، بەڵام هەستی
بەوە دەکرد کە بێگومان شتێکی دیارکراو هەیە کار دەکاتە سەر رۆحی ستێپان، بۆ
هاوەڵەکانی لە ماڵباتی ئیرۆپکینەکان، هەموو شتێکی سەبارەت بە هەڵگەڕانەوەی
جەللادەکە بە هۆی ستێپانەوە گێڕایەوە و، هەروەها سەبارەت بەو هەڵسوکەوتە سەیرەی
ستێپانیش لە زیندانەکەدا، سەبارەت ئینجیل خوێندنەکانی و کاریگەرییە گەورەکەی لەسەر
زیندانەکانی دیکە. هەموو ئەمانە کاریگەرییەکی تایبەتیان لەسەر کچە گەنجترەکەی
خێزانەکە بەجێ دەهێشت، کە کچێکی هەژدە ساڵەیە بە ناوی لیزا و، تازە لە پاش ژیانێکی
دەستکرد کە لە قوتابخانەیەکی شەوانەڕۆژیی بەسەری بردبوو دێتەوە سەر خۆی؛ وای هەست
دەکرد وەك بڵێی لە ئاو دەرهێنرابیت و بە مەستییەوە خرابێتە بەر هەوای پاکی ژیانی
راستەقینە. داوای لە ماهین کرد سەبارەت بەو پیاوە، پێلاگوشکین، زیاتری بۆ باس بکات
و، بۆی روون بکاتەوە چۆن ئەم گۆڕانە گەرورەیەی بەسەردا هاتووە. ماهین ئەوەی لە
کاربەدەستەکەی پۆلیسەوە سەبارەت بە دواین تاوانی کوشتنی ستێپانی بیستبوو، بۆیی
گێڕایەوە و، هەروەها باسی ئەوەشی بۆ کرد کە خۆی لە پێلاگوشکینی بیستبوو؛ ئەوەی کە
چۆن خۆی سەراپای داگیر کرابوو بە هۆی لاوازی و نیانی و بێترسیی ئافرەتێکی
میهرەبانەوە، کە کۆتا قوربانیی دەستی بوو و، هەروەها ئەوەیشی کە چۆن چاوەکانی
کرانەوە و، لەهەمان کاتیش‌دا چۆن خوێندنەوەی ئینجیل ئەو گۆڕانەی تێیدا کامڵ کرد.
لیزا ئیرۆپکین نەیتوانی ئەو شەوە خەوی
لێبکەوێت. بۆ دوو سێ مانگێك کێشمەکێشێك لە دڵیدا بەردەوامیی هەبوو لە نێوان
ژیانێکی کۆمەڵایەتی کە خوشکەکەی بۆ ناوی رایدەکێشا و هەروەها شەیدابوونی خۆیشی بۆ
ماهین، هەردووکیشیان بە ئارەزوویەك گرێدرابوون بۆ چاککردنەوەی. ئێستاش ئارەزووی
دووهەمین بەهێزتر بووە. ئەو پێشتر سەبارەت بە ماریا سێمینۆڤنای داماوی بیستبوو. بەڵام
پاش ئەوەی ئەو ئافرەتە میهرەبانە بەو شێوە سامناکە کوژرا و پاش ئەوەی ماهین هەموو
ئەو راستییانەی سەبارەت بە ماریا سێمینۆڤنای لە ستێپانی بیستبوو و بۆ ئەمی باس
کرد، لیزا هێندە دڵی بۆی سوتا حەزی دەکرد خۆیشی وەکو سێمینۆڤنای لێبێت. ئەم کچێکی
دەوڵەمەند بوو و، دەترسا ماهین بە هۆی سامانەکەیەوە وەها لێی نزیك ببێتەوە. بۆیە
هاتە سەر ئەو بڕیارەی ئەوەی هەیبوو بە سەر هەژارانی ببەخشێتەوە و، ئەمەیشی بۆ
ماهین باس کرد. ماهین زۆر خۆشحاڵ بوو بەوەی کە بێباکیی خۆی بۆ بسەلمینێت و، بە
لیزای ووت کە ئەو خۆیی خۆشویستووە نەك سامانەکەی. لەبەر ئەوەی خۆی هەستێکی
بەگزادەییانەی بەرانبەر بە خۆی هەیە، ئەم جۆرە سەلماندنە وای لێدەکرد زیاتر کەیفی
بە خۆیدا بێتەوە. ماهین یارمەتیی لیزای دا بڕیارەکەی جێبەجێ بکات. هەرچەندە زیاتر
ئەمەی بکردایە، زیاتر لەم جیهانە نوێیەی تەماحە رۆحییەکانی لیزا دەگەیشت، کە هێشتا
بە لایەوە تەواو نەزانراوە.
هەشتەم
لە زیندانە گشتییەکەدا هەمووان کڕ و کپ بوون.
ستێپان لە جێخەوەکەیدا هەڵاژابوو، بەڵام هێشتا خەوی لێنەکەوتبوو. ڤاسیلی لێی هاتە
پێشەوە و، قاچی راکێشا و بە چپەوە داوای لێکرد هەستێت و بێت بۆ لای. ستێپان لە
جێگاکەی هاتە دەرەوە و هاتە لای ڤاسیلی.
ڤاسیلی پێی ووت، "برا، چاکەیەکم
لەگەڵدا بکە و یارمەتیم بدە!"
"لە چیدا؟"
"خەریکم لە زیندان هەڵدێم."
ڤاسیلی بۆ ستێپانی باس کرد هەموو شتێکی ساز
کردووە بۆ هەڵهاتنەکەی.
"سبەینێ هەمووان دەشڵەژێنم،"
لەگەڵ ووتنی ئەمەدا دەستی بۆ زیندانییەکان راکێشا کە هەموویان لە جێی خۆیاندا
خەوتبوون. "ئینجا ئاشکرام دەکەن و، دواتریش دەمگوازننەوە بۆ زیندانە تاکە
کەسییەکەی نهۆمی سەرەوە. لەوێوە رێگەی خۆم پێدەزانم. ئەوەی کە تۆم بۆی پێویست بێت
ئەوەیە شیشی پشت دەرگای مردووخانەکەم بۆ بکەیتەوە."
"دەتوانم ئەوەت بۆ بکەم. بەڵام بۆ کوێ
دەچیت؟"
"گرنگ نییە بۆ کوێ بێت. ئایا بە گوێرەی
پێویست خەڵکی خراپەکار لە هەموو جێگایەکدا نییە؟"
"تەواو وایە، برام. بەڵام ئەوە کاری
ئێمە نییە حوکمیان بدەین."
"بێگومان، من پیاوکوژ نیم. لە هەموو
ژیانمدا تاقە گیانلەبەرێکیشم نەکوشتووە. بەڵام سەبارەت بە دزیکردن، هیچ زیانێکی
تێدا نابینمەوە. وەك بڵێی ئەوان ئێمەیان تاڵان نەکردبێت!"
"با خۆیان وەڵامی بدەنەوە، ئەگەر
وەهایان کردبێت."
"قیر و سیا لە هەموویان! وا دابنێ
کڵێسایەك تاڵان دەکەم، کێ زیانی پێ دەگات؟ ئەم جارەیان ئاگام لێ دەبێت خۆم
نەخزێنمە هیچ دوکانێکی بچوکەوە، بەڵکو بڕێکی زۆر پارە بەدەست دەهێنم و، ئەوجار
یارمەتیی هەژارانی پێ دەدەم. دەیاندەمە گشت کەسێكی چاکەکار."
یەکێك لە زیندانییەکان لە جێخەوەکەیەوە
هەستا و گوێی گرت. ستێپان و ڤاسیلی گفتوگۆکەیا راگرت. بۆ رۆژی دواتر ڤاسیلی
بیرۆکەکەیی جێبەجێ کرد. دەستی کردە گازندەکردن لەسەر ئەو نانەی لە زیندانەکە
دەدرا، دەیووت نانەکە تەڕ بووە و، هانی زیندانییەکانی دا بانگی بەڕێوەبەر بکەن
ناڕەزایەتیی خۆیانیانی پێ بڵێن. بەڕێوەبەر هات و هەموویانی سەرکۆنە کرد و، کاتێك
بیستی کاری ڤاسیلی بووە پیاوەکانی جۆش داوە، فەرمانی پێدا کرد بگوازرێتەوە بۆ
زیندانی تاکەکەسی لە زیندانەکەی نهۆمی سەرەوە. ئەمە هەموو شتێك بوو ڤاسیلی
دەیویست.
نۆیەم
ڤاسیلی ئەو زیندانەی نهۆمی سەرەوە چاك
شارەزا بوو. زەوییەکەیشی شارەزا بوو و، دەستبەجێ دەستی کردە دەرهێنانی پارچەکانی.
کە سەرکەوتوو بوو خۆی بگەیەنێتە بنەوەی، هەندێ پارچەی بنمیچەکەی ژێرەوەی دەرهێنا
و، بازی دایە خوارەوە بۆ ناو مردووخانەکەی ژێرەوەی. ئەو رۆژە تەنها یەك تەرمی
لێ‌بوو کە لەسەر مێزەکە درێژ کرابووەوە. لە گۆشەیەکی ژوورەکە هەندێ گوونیی لێ
دانرابوون بۆ ئەوەی رایەخی پووشینی لێ دروست بکرێت بۆ زیندانییەکان. ڤاسیلی
دەیزانی ئەو گوونییانە لەوێن و، هەر لەبەر ئەوەیش بوو مردووخانەکە بە دادی
دەگەیشت. شیشی پشت دەرگاکە کرابووەوە و لەوێ دانرابووەوە. شیشەکەی دەرهێنا و
دەرگاکەی کردەوە و، چووە دەرەوە بۆ رێڕەوی بەرەو ئاودەستەکان کە لە دروستکردندا
بوون. لە کۆمەڵەی ئاودەستەکاندا کونێکی گەورەی لێ‌بوو نهۆمی سێیەمی بە
ژێرزەمینەکەوە دەبەستەوە. پاش ئەوەی لەبارەی دەرگای ئاودەستەکانییەوەی زانی
گەڕایەوە بۆ مردووخانەکە، چەرچەفەکەی سەر تەرمە مردووەکە لادا کە وەکو بەفر سارد
بوو (لە کاتی لادانی چەرچەفەکەدا، ڤاسیلی دەستی لە دەستی دا)، گوونییەکانی
بەیەکەوە گرێ دا تا گوریسێکیان لێ دروست بکات و، گوریسەکەی بەرەو ئاودەستەکان برد.
بە تیرە رەباتەکەیەوە بەستەوە و خۆیی پێدا شۆڕ کردەوە. گوریسەکە نەدەگەیشتەوە
زەوی، بەڵام نەیشیدەزانی کە چەندی پێویستە. هەر چۆنێك بێت دەبوو مەترسییەك بکات.
بە هەڵواسراوی لە حەوادا مایەوە و، ئینجا بازی دایە خوارەوە. لاقەکانی ئازاری
زۆریان پێگەیشت، بەڵام هێشتا دەیتوانی پێیان بڕوات بە رێوە. ژێرزەمینەکە دوو
پەنجەرەی هەبوو؛ دەیتوانی پێداهەڵگەڕێت و بگاتە یەکێکیان، بەڵام تۆڕیان پێوە بوو
کە دەیپاراستن. دەبوو تۆڕە ئاسنینەکە بشکێنێت و هیچ کەرەستەیەکی لەبەردەستدا نەبوو
پێی بشکێنێت. ڤاسیلی جارێکی دیکە دەوروبەری گەڕا و، تەختەدارێکی نووك تیژی هاتە
دەست. بەو چەکەی دەستییەوە هەوڵی دا ئەو خشتانەی تۆڕەکەیان گیر کردبووە لەق بکات.
ماوەیەکی زۆر کاری لەسەر کرد. کەڵەشێر بۆ جاری دووەم قولاندی و تۆڕەکە هێشتا هەر
لە جێی خۆیدا بوو. لە کۆتاییدا یەك لای لەق کرد و، ئینجا تەختەدارەکی بەرەو بنەوەی
لایە لەقەکە پاڵ نا و بە هەموو هێزی خۆی فشاری دا. تۆڕەکە بە تەواوەتی لاچوو،
بەڵام هەر لەو کاتەدا یەکێك لە خشتەکان بە قایمی بەربووەوە. دەکرا دەنگەکەی
لەلایەن دیدەوانەکەوە ببیسترێت. ڤاسیلی بە بێجووڵە راوەستا. بەڵام بێدەنگی باڵی
بەسەر دۆخەکەدا کێشا. لە یەکێك لە پەنجەرەکانەوە هاتە دەرەوە. رێگای هەڵهاتنەکەی
وابوو بەسەر دیوارەکەدا هەڵگەڕێت. ئاودەستێکی دەرەکی لە گۆشەی حەوشەکەدا
هەڵکەوتبوو. دەبوو بگاتە سەربانەکەی و، لەوێوە خۆی بگەیەنێتە سەر دیوارەکە. بەڵام
نەیدەتوانی خۆی بگەیەنێتە سەربانەکەی ئەگەر کەڵکی لە تەختەدارە نووك تیژەکە
وەرنەگرتبایە؛ بۆیە دەبوو لە پەنجەرەی ژێرزەمینەکەوە بگەڕێتەوە و بیهێنێت. پاش
کەمیك لە پەنجەرەکەوە هاتە دەرەوە و تەختەدارەکەیشی بەدەستەوە بوو؛ بۆ ساتێك رەق
لە جێی خۆیدا راوەستا و گوێی لە هەنگاوەکانی دیدەوانەکە دەگرت. پێشبینییەکانی
پاساودار بوون. دیدەوانەکە بە ئەمسەر و ئەوسەری ئەو لایەی دیکەی حەوشەکەدا
دەڕۆیشت. ڤاسیلی هاتەوە لای ئاودەستە دەرەکییەکە، تەختەدارەکەیی پیدا هەڵسپارد و
دەستی کردە سەرکەوتن لێیەوە. تەختەدارەکە خزا و کەوتە سەر زەوی. ڤاسیلی
گۆرەوییەکانی لە پێدا بوون؛ توانی لە پێیان بکاتەوە تاکو لە هاتنە خوارەوەیدا بە
پێی پەتییەوە خۆی گیر بکات. ئینجا جارێکی دیکە تەختەدارەکەی بە ئاودەستەکەوە
هەڵسپاردەوە و، دەستی لە بۆریی ئاوەکە گیر کرد. ئەگەر تەنها ئەم جارە تەختەدارە
خۆی راگرێت! جووڵەیەکی کەم بە قەد بۆرییەکەوە بۆ سەرەوە و، ئەژنۆی کەوتە سەر
سەربانەکە. دیدەوانەکە نزیك دەبووەوە. ڤاسیلی بێجووڵە پاڵ کەوت. دیدەوانەکە نەیدیت
و، تێپەڕی. ڤاسیلی هەڵبەزییە سەر پێ؛ سەربانە ئاسنینەکە لە ژێر پێیەوە زرمەی لێوە
هات. هەنگاوێك یان دووانی دی و، دەگەیشتە سەر دیوارەکە. ئێستا دەستەکانی
دەیگەیشتێ. دەستێکی راگیر کرد، ئینجا ئەو دەستەکەی دیکەی و تا بتوانێت خۆیی کێش
هێنا و، ئەوەندەی زانی لەسەر دیوارەکەیە. تەنها بۆ ئەوەی لە خۆهەڵدانە خوارەوەدا
لاقی خۆی نەشکێنێت، ڤاسیلی خۆی وەرگێڕا و بە دەستەکانی خۆی گرتبوو و لە حەوادا
مایەوە، خۆیی درێژ کردەوە و، دەستێکی بەردا و ئینجا دەستەکەی دیکەیشی.
"یارمەتیم بدە، ئەی خودایە!" و لەسەر زەوی بوو و، زەوییەکەش نەرم بوو.
لاقەکانی ئازاریان پێ نەگەیشت و، بەو پەڕی خێرایی خۆیەوە هەڕای کرد. لە قەراغ
شاردا، مەلانیا دەرگای بۆ کردەوە و، خۆیی خزاندە لێفە گەرمەکەیەوە، کە لە پارچە
پارچەی جیاوازی رەنگاوڕەنگی پێکەوە دووراو دروست کرابوو.
دەیەم
ژنەکەی پیتەر نیکۆلایڤیچ سڤێنتسکی، کە
ئافرەتێکی جوان و باڵابەرز و، چەشنی نێونێکی خۆش پەروار نەبزووت و لووس بوو، ئەو
رۆژە لە پەنجەرەکەیەوە چاوی لێ‌بوو مێردەکەی کوژرا و بە نێو کێڵگەکاندا راکێشێنرا.
سامی وەها دیمەنێك بۆ نەتالیا ئیڤانۆنڤا بە ئەندازەیەك سەخت بوو—وا نەبایە، چۆن
بایە—هەموو هەست و سۆزێکی لەدەست دابوو. دەمودەست دوای ئەوەی ئاپۆڕاکە لە پشت
پەرژینی باخچەکەوە دیار نەما و، دەنگەدەنگەکان کڕ بوونەوە، مەلانیای خزمەتکاریان
بە پێی پەتییەوە بەو چاوانەیەوە کە خەریك بوون لە سەرییەوە دەردەپۆقین و بە راکردن
هاتە ژوورەوە و بە دەنگێك هاواری کرد زیاتر لە جاڕدەرێکی فەرمی دەچوو هەواڵێکی خۆش
جاڕ بدات، رایگەیاند کە پیتەر نیکۆلایڤیچ کوژراوە و فڕێدراوەتە کەنداڵەکەوە؛ ئەمە
خێراتر نەبوو لەوەی نەتالیا ئیڤانۆڤا کە لە پشت یەکەم هەستکردنی بە سامناکی هەستی
پێ‌کردبوو؛ هەستێکی دیکەیشی هەبوو، هەستکردن بە خۆشحاڵیی رزگاربوونی لە ستەمکارێك
کە لە ماوەی ئەو نۆزدە ساڵەی ژیانی هاوسەرێتییان وای لێکردبوو بە بێ چرکەساتێكیش
پشوودان بێ‌پشوو کار بکات. ئەم خۆشحاڵییەی وای لێدەکرد بترسێت؛ بۆ خۆیشی دانی
بەمەدا نەدەنا، بەڵام زیاتر لە خەڵکانی دەوروبەریی دەشاردەوە. کاتێك کە جەستە
پارچەپارچەبوو و زەردهەڵگەڕاو و تووکنەکەی مێردەکەی شۆردرا و کفن کرا، بە سامەوە
دەگریا و شیوەن و فیغانی دەکرد. کاتێك کە دادپزیشکەکە هات و بەڵگەکانی وەردەگرت، نەتالیا
لەو ژوورەوە کە توێژینەوەکەی تێدا ئەنجام دەردا، دوو جوتیاری لە کۆت و زنجێردا بینی
کە وەك تاوانکاری سەرەکی تۆمەتبار کرابوون. یەکێکیان پیرەپیاوێکی ریش لوول و سپی
و، روخسار هێمن و توند بوو. ئەوی دیکەیان گەنجتر و شێوە قەرەجێك بوو، بە جووتە
چاوێکی گەش و قژێکی لوولی ئازڵکاوەوی هەبوو. بە دادپزیشکەکەی راگەیاند کە ئەوانە
ئەو دوو پیاوە بوون یەکەم جار دەستەکانی پیتەر نیکۆلایڤیچیان گرت. سەرەڕای ئەوەش،
جوتیارە شێوە قەرەجەکە بەو چاوانەی لەژێر ئەبرۆ تەکاندنەوە دەبریسکانەوە تەماشای
کرد و بە لۆمەکردنەوە پێی ووت: "ئەمە تاوانێکی گەورەیە خانم. کاتی مەرگی خۆتت
لە بیر بێت!" لەگەڵ ئەمەشدا، هیچ هەستی بەزەیی پێیاندا نەهاتەوە. بە
پێچەوانەشەوە، لە کاتی توێژینەوەکەدا زیاتر رقی لێیان هەستا و، لە بێچارەییەوە
ئارەزووی دەکرد تۆڵە لە بکوژانی مێردەکەی بکاتەوە.
مانگێك دواتر و لە پاش ئەوەی کەیسەکە کە بۆ دادگاییکردنەکەی
دادگایەکی سەربازی پێك هێنرا، کۆتایی هات بە سزادانی هەشت پیاو بە کاری سەخت و،
دووانەکەی دیکە—پیاوە پیرە ریش سپییەکەو و کوڕە قەرەجەکە کە ئەم وەهای ناو دەبرد—بە
سێدارە سزادران، نەتالیا هەروەها پڕاوپڕ هەستی بە نائاسودەیی دەکرد. بەڵام گومانە
ناخۆشەکان لە سایەی سام و ویقاری دادگاییکردنێکدا هەر دەڕەوێنەوە و دەڕۆن. لە بەر
ئەوەی ئەو دەسەڵاتە باڵایانە وەهایان داناوە کە ئەمە کاری دروستە و دەبێت ئەنجام
بدرێت، کەواتە دروستە.
بڕیار وا بوو کە سزای لەسێدارەدانەکە هەر لە
هەمان گونددا ئەنجام بدرێت. رۆژێکی یەکشەممە مالانیا بە جڵ و پۆتینە نوێیەکانییەوە
لە کڵێساوە بۆ ماڵ گەڕایەوە و، بە خانمەکەیی راگەیاند دارەکان قیت کراونەتەوە و،
چاوەڕێ دەکرێت بۆ رۆژی چوارشەممە جەللادەکە لە مۆسکۆوە بگات. ئەوەشی پێ راگەیاند
خانەوادەی تاوانبارەکان دێن و دەڕۆن و، شیوەن و شەپۆڕیان لە تەواوی گونددا
دەبیسترێت.
نەتالیا ئیڤانۆڤا لە ماڵەکەی نەچووە دەرەوە؛
نەیدەویست سێدارەکە و خەلکی گوندی ببینێت؛ تەنها دەیویست ببینێت ئەوەی کە دەبوو
رووبدات بە زوویی تەواو ببێت. ئەو تەنها هەستەکانی خۆیی لە بەر چاو دەگرت و، هیچ
گرنگیی بە تاوانبارەکان و خێزانەکانیان نەدەدا.
بۆ رۆژی سێشەممە بەڕێوەبەری پۆلیسی گوند
بانگی لە نەتالیا ئیڤانۆڤا کرد. چونکە بەڕێوەبەری پۆلیس هاوڕێ و ناسیاو بوو،
ڤۆدکای پێشکەش کرد و قارچکی دەستپوختی خۆیی بۆ دانا. پاش ئەوەی کەمێکی لێ خوارد،
پۆلیسەکە پێی ووت کە لەسێدارەدانەکە بۆ سبەی ئەنجام نادرێت.
"بۆ چی؟"
"شتێکی زۆر سەیر رووی داوە. هیچ
جەللادێك گیر نایەت. کوڕەکەم پێی ووتبووم کە دانەیەك لە مۆسکۆ هەبووە، بەڵام لەم
ماوەیەدا ئینجیلی زۆر خوێندووەتەوە و دەڵێت: 'تاوانی کوشتن ئەنجام نادەم.' خۆیشی
بە تاوانی کوشتنێك بە کاری سەخت سزا دراوە و، ئێستاش لە کاتێکدا یاسا فەرمانی
پێدەکات نکۆڵی دەکات لەسێدارەدان ئەنجام بدات. هەڕەشەی لێکراوە جەڵدکاری بکرێت.
بەڵام ووتوویەتی: 'دەتوانن دارکاریم بکەن، بەڵام ئەنجامی نادەم.'"
بەو بیرۆکەیەی لە پڕێکدا بە مێشکیدا هات،
نەتالیا ئیڤانۆڤا سوور هەڵگەڕا و تای هاتێ.
"کەواتە ئێستا خۆ ناکرێت سزای مەرگەکە
سووك بکرێتەوە؟"
"چۆن دەکرێت، لە کاتێکدا دادوەرەکان
بڕیارەکەیان دەرکردووە؟ تەنها خودی سزار مافی بەخشینی هەیە."
"بەڵام ئەو لە کوێ بەمە دەزانێت؟"
"ئەوان مافی ئەوەیان هەیە هانای بەرنە
لا."
"بەڵام لە حیسابی مندا ئەوان هەر دەبێت
هەر بمرن،" ئەو ئافرەتە گەمژەیە، نەتالیا ئیڤانۆڤا وەهای پێووت. "ئینجا
لێیان خۆش دەبم."
پۆلیسەکە دەستی بە پێکەنین کرد.
"کەواتە، عەریزەیەك بۆ سزار بنێرە."
"دەکرێت بۆی بنێرم؟"
"بە دڵنیاییەوە دەکرێت."
"بەڵام زۆر درەنگ نییە بۆ ئەوە؟"
"بە تێلیگرام بینێرە."
"بۆ خودی سزار؟"
"بەڵێ بۆ خودی سزار، ئەگەر حەزت لێ
بێت."
چیرۆکی ئەو جەللادەی کە رەتی کردبووەوە
ئەرکەکەی خۆی ئەنجام بدات و، لە بری ئەوەدا بە دارکاری رازی بێت، لەپڕ نەتالیا
ئیڤانۆڤای لە ناخەوە گۆڕی. ئەو هەستەی بە بەزەیی و ترس کە لە ساتی بیستنی ئەوەی کە
جوتیارەکان بە مەرگ سزا دراون هەیبوو، ئێستا بۆی گل نادرێتەوە و تەواوی ناخ و رۆحی
پڕاوپڕ کردووە.
"فلیپ ڤاسیلیڤیچ، هاوڕێی من. ئەو
تێلیگرامەم بۆ بنوسە. دەمەوێت داوا لە سزار بکەم لێیان خۆش بێت."
بەڕێوەبەری پۆلیس سەری راوەشاند.
"نازانم داخۆ ئەو کارە کێشەمان بۆ دروست ناکات؟"
"لەسەر بەرپرسیارێتی خۆم ئەنجامی بدە.
ناوی تۆ هیچ ناهێنم."
پۆلیسەکە بۆ خۆی بیری دەکردەوە، "دە
ئەمە ئافرەتێکی میهرەبان نییە. بە دڵنیاییەوە زۆر دڵنەرمە. ئەگەر ژنەکەی من وەها
دڵێکی هەبا، ژیانمان دەبووە بەهەشتێك بۆ خۆی، لەبری ئەوەی کە ئێستا هەمانە."
ئینجا دەستی کردە نوسینی تێلیگرامەکە: "بۆ خاوەنشکۆی ئیمپراتۆر. شوێنکەوتەی
دڵسۆزی شکۆداریتان، بێوەژنی پیتەر نیکۆلایڤیچ سڤێنتیسکی کە لەلایەن دوو جوتیارەوە
گوژراوە، خۆی دەخاتە سەر پێی پیرۆزی خاوەنشکۆی ئیمپراتۆری و (لەگەڵ نوسینی ئەم
رستەیەدا خۆدی بەڕێوەبەری پۆلیسی لە هەموو شتێك زیاتر خۆشحاڵ دەکرد) لێتان
دەپاڕێتەوە لێبوردنێك ببەخشن بەو جوتیارانە کە لە فڵان پارێزگا و ناوچە و گوندن و
بە مەرگ سزا دراون."
تێلیگرامەکە لەلایەن بەڕێوەبەری پۆلیس
خۆیەوە نێردرا و، نەتالیا ئیڤانۆڤا هەستی بە ئاسودەیی و خۆشحاڵی دەکرد. ئەو هەستەی
هەبوو کە چونکە خۆی بێوەژنی پیاوە کوژراوەیەکە و لە بکوژەکان خۆش بووە و داوای
بەخشینی بۆ کردوون، ئەوا ناشێت سزار رەتی بکاتەوە.
یازدەیەم
لیزا ئیرۆپکین ژیانێك دەژیا لێوان‌لێو لە
خۆشی و شادی. هەرچەند زیاتر ژیانێکی راستەقینەی مەسیحییانە دەژیا کە تازە بۆی
ئاشکرا کراوە، زیاتر باوەڕەی بە خۆی دەهێنا کە لەسەر رێی راستدایە و، شادی دڵی پڕ
دەکرد.
دوو ئامانجی نزیکی لە پێشدا هەبوون. یەکێکیان
ئەوە بوو کە ماهین بهێنێتە سەر رێی راست؛ یان وەکو خۆی دەیڵێت، سروشتی راستەقینەی
ماهین بەدەر بخات کە بریتییە لە سروشتێکی چاك و دڵنەرم. ئەوی خۆش دەویست و، روناکی
ئەو عیشقەی بەرانبەری هەیبوو، لایەنی چاکەی لە رۆحی ماهیندا ئاشکرا کردبوو و لە
بنەوەی گشت رۆحێکییەوەی هێنایە سەرەوە. پتر لەوەش، لە ئەودا دڵێکی نەرم و میهرەبان
و هەروەها ئاوزێکی شکۆمەندی نایابی دەبینی. ئامانجەکەی دیکەی ئەوە بوو دەستبەرداری
سامانەکانی بێت. لە سەرەتادا بیری لەوە دەکردەوە گشت ئەوەی هەیەتی ببەخشێتەوە
تاوەکو ماهینی پێ تاقی بکاتەوە؛ بەڵام دواتر دەیویست ئەمە لەبەر خاتری خۆی ئەنجام
بدات، لەبەر خاتری رۆح و ناخی خۆی. بە سانایی دەستی کردە بەخشینی پارە بە هەر
کەسێك پێویستی پێبایە. بەڵام باوکی ئەمەی پێڕاگرت. لەگەڵ ئەوەشدا، هەستی بە
ناڕەحەتی دەکرد بە هۆی ئەو ژمارە زۆرەی داواکاران کە بە خۆیان راستەوخۆ یان لە رێی
نامەوە بۆ داواکردنی پارە لێی دەپاڕانەوە. ئینجا بڕیاری ئەوەی دا بچێتە لای پیرە
پیاوێك، کە بە هەموو تەمەنی بە پیاوچاکی ناسراوە و، پارەکانی خۆیی بداتێ و ئەویش
چۆنی پێ باش بێت وەها بەکاری بهێنێت. باوکی کە ئەمەی بیست لێی تووڕە بوو. لە
دەمەقاڵێیەکی توندی نێوانیاندا باوکی بە شێتی سەرلێشێواوی ناو هێنا و، پێی ووت کە
لەمەودوا رێوشوێنی پێویست دەگرێتبەر تا رێگری لێبکات لەوەی زیان بە خۆی بگەیەنێت.
تووڕەییەکی باوکی بە ئەمیش گەیشت. تەواوی
کۆنترۆڵی خۆیی لەدەست دابوو و، بە جەحرەوە هەنسکی دەدا، بەو پەڕی بێڕووییەوە
بەرانبەر باوکی وەستا و ستەمکار و چاوچنۆکی پێی ووت.
دواتر داوای لێبووردنی لێی کرد. باوکی پێی
ووت گوێ ناداتە ئەوەی پێی ووتووە، بەڵام بە روونی دەیتوانی ئەوە لە باوکی‌دا ببینێت
کە دڵی شکاندووە و، لە دڵەوەش لێی خۆش نەبووە. ویستی ئەوەی نەبوو ئەو دەمەقاڵێیەی
لەگەڵ باوکی‌دا هەیبووە بۆ ماهینی باس بکات، بە هەمان شێوە بۆ خوشکەکەیشی، کە
بەرانبەر بە لیزا زۆر سارد بووە، چونکە ئێرەیی دەهات بەو عیشقەی ماهین بەرانبەری
هەیەتی.
بە خۆیی دەووت، "پێویستە لەسەرم لە
حزووری خودادا دانی پێدا بنێم." لەبەر ئەوەی هەموو ئەمانە لە ماوەی رۆژووی
گەورەدا رویاندا، بڕیاری دا وەك ئامادەکارییەك بۆ کۆبوونەوەی پیرۆز، رۆژوو بگرێت
و، هەموو راز و نیازەکانی بۆ باوکە وەرگری دانپێدانانەکان ئاشکرا بکات و، داوای
ئامۆژگاریی لێ بکات کە بۆ داهاتوو بڕیاری چی بدات.
بە مەودایەکی کەم دوور لە شارۆچکەکەیانەوە
دێرێك هەڵکەوتبوو و، قەشەیەکی رەبەنی پیری تێدا دەژیا کە بە هۆی ژیانە پیرۆزەکەی و
وتارەکانی و پێشبینییەکانییەوە نێوبانگێکی مەزنی هەبوو، هەروەها بە هۆی ئەو
چارەسەرە سەرسووڕهێنەرانەی بە ناوی ئەوە ناویان دەرکردبوو.
قەشەکە لەلایەن باوکی لیزاوە نامەیەکی
پێگەیشت کە لە سەردانی کچەکەیی ئاگادار دەکردەوە و ئەوەشی پێڕادەگەیاند کە ئەو کچە
لاوە لە چ دۆخێکی شەیداییدایە. هەروەها لە نامەکەدا هیوای ئەوەشی خواستبوو کە ئەو
قەشە رەبەنە بتوانێ بە شێوەیەکی دروست کار بکاتە سەر كچەکەی و هانی بدات واز لە
واتای ئاڵتونی بهێنێت و وەکو مەسیحییەکی چاك بۆ خۆی بژیت و هەوڵی تێکدانی بارودۆخ
و ژیانی ئێستای خۆی نەدات.
پاش ئەوەی ژمارەیەكی زۆر خەڵکی دیکەی بینی،
قەشەکە کە ئەوکات زۆر ماندوو ببوو پێشوازی لە لیزا کرد و، بە دەنگێکی نزمەوە دەستی
کردە ئامۆژگاریکردنی بەوەی کە قەدردان بێت و رێزی بارودۆخی ئێستای ژیانی و رێزی
دایك و باوکی بگرێت. لیزا بە بێدەنگییەوە گوێی دەگرت و لە خۆشی‌دا رەنگی سوور
هەڵدەگەڕا. کاتێ کە لە تەمبێکردنی تەواو بوو، لیزا بە چاوی پڕ فرمێسکەوە دەستی
کردە قسەکردن، لە سەرەتاوە بە شەرمەوە قسەی دەکرد و ووتی گوایە حەزرەتی مەسیح
فەرمایشتی پێکردووین واز لە دایك و باکمان بهێنین و دوای ئەو بکەوین. کە زیاتر و
زیاتر جۆش دەیگرت، بۆچوونی خۆیی لەبارەی مەسیحەوە پێووت. قەشەکە لە سەرخۆی
زەردەخەنەیەکی کرد و، وەڵامی دایەوە وەکو ئەوەی زۆربەی جار کە لەکاتی ئامۆژگاری و
تەمبێکردنی ئەو تۆکارانە دەیکرد کە دەهاتنە لای؛ بەڵام پاش کەمێك بێدەنگ بوو و
لەگەڵ ئاه هەڵکێشانی قووڵەوە "ئەی خودایە"ی دووبارە دەکردەوە. ئینجا
ووتی، "دە باشە، سبەی وەرەوە بۆ وەرگرتنی دانپێدانان." دوای ئەوەش، بە
دەستە چرچەکانی تەبەڕووکی لیزای کرد.
رۆژی دواتر لیزا هاتەوە بۆ دانپێدانان و، بێ
ئەوەی گفتوگۆ پچڕاوەکەیان دەست پێبکەنەوە، قەشەکە داوای لێبوردنی لێی کرد و رەتی
کردەوە سامانەکەی لیزا ببەخشێتەوە، هیچ پاساوێکیشی لەمبارەوە پێنەدا.
ئەو بێگەردییەی لیزا و ئەو خۆتەرخانکردنەی
بۆ خودا و ئەو رۆحە بەجۆشەی بە قووڵی کاریان لە قەشەکە کردبوو. زۆر لە مێژ بوو
قەشە خۆی ئارەزووی دەکرد دەستبەرداری دونیا ببێت بە تەواوەتی، بەڵام بە هۆی ئەو
رێکخراوەی برایەتی کە بەرانبەر کارەکەی وەکو وتاربێژێك داهاتێکی گەورەی بۆ دەهێنا،
وای لێکردبوو پێ‌داگر بێت و لە چالاکییەکەی بەردەوام بێت. خۆی بەدەستەوە دابوو،
هەرچەندە هەستێکی بەهێزی لەلا گەڵاڵە ببوو کە لە شوێنێکی هەڵەدایە. وەها بانگەشەی
لەسەر دەکرا کە قەشەیەکی گەورەی بە کەرامات و پەرجوو بێت، بەڵام لە راستیدا پیاوێکی
لاواز بوو، کە سەرسامی سەرکەوتنەکانی خۆی دەبوو لە دونیادا. کاتێك کە ناخی لیزای
بۆ ئاشکرا بوو، ناخی خۆیی بە جوانی بۆ روون بوویەوە. ئەو جیاوازییەی بۆ دەرکەوت لە
نێوان ئەوەی کە چۆن بووە و ئەوەی کە دەیویست چۆن بێت و، هەروەها پەیی بە ئارەزووی
دڵی خۆیشی برد.
کەمێك دوای سەردانەکەی لیزا رۆیشت تا وەکو
زاهیدێك لە ژوورێکی جیادا بمێنێتەوە و، بۆ ماوەی سێ هەفتە دەستی نەدایەوە کارەکانی
لە کڵێسا‌ی دێرەکەدا. لە پاش جەژنی قوربانیی پیرۆزدا، وتارێکی پێشکەش کرد و
دابەزییە سەر تاوانەکانی خۆی و تاوانەکانی هەموو جیهان و، هەمووانی هان دا تۆبە
بکەن.
لەو رۆژە بەدواوە، هەموو دوو هەفتە جارێك
وتارێکی پێشکەش دەکرد و، وتارەکانی جەماوەری زیاتر و زیاتریان کۆدەکردەوە.
نێوبانگی وەکو وتاربێژێك بڵاو بوویەوە. وتارەکانی بەو پەڕی بوێرانە و راستگۆیانە
بوون و، هەموو کەسێکیان سەرسام دەکرد گوێی لێ گرتبان.
دوازدەیەم
ڤاسیلی بە راستی دەستی کردە بەئەنجام
گەیاندنی ئەو کارەی زیندانی بۆی بەجێ هێشت. بە یارمەتی ژمارەیەکی کەم لە هاوڕێیانی
خۆی گەیاندە ناوماڵی ئەو بازرگانە دەوڵەمەندەی ناوی کراسنۆپوزۆڤ بوو و دەیناسی کە
دەوڵەمەندێکی چاوچنۆك و ناپاکە. لە مێزی نوسینگەکەیدا، ڤاسیلی سی هەزار روبڵی
دەرهێنا و، دەستی کردە بەخشینەوەیان بەو شێوەیەی خۆی بە دروستی دەزانی. تەنانەت
وازیشی لە مەی خواردنەوە هێنا، لەبەر ئەوەی نەبادا پارەکە لە خۆیدا خەرج بکات، بەڵکو
دابەشی کردنە سەەر هەژاران؛ یارمەتیی کچانی هەژاری دەدا تا بتوانن هاوسەرگیری
بکەن، قەرزی کەسانی قەرزباری دەدایەوە و، ئەمانەشی وەها ئەنجام دەدا بێ ئەوەی خۆی
بۆ ئەو کەسانە ئاشکرا بکات کە یارمەتی دەدان؛ تاقە هیوا و مەبەستی بریتی بوو لەوەی
پارەکەی بە شێوەیەکی دروست دابەش بکات. بەوەشی کە بەرتیلی بە پۆلیس دەدا، بۆ
ماوەیەکی درێژ بە سەربەستی مایەوە.
دڵی لە شادومانیدا گۆرانی دەچڕی. کاتێك کە
لە کۆتاییدا دەستگیر کرا و برایە بەردەم دادگا، بە شانازییەوە دانی پێدانا کە
بازرگانە چەورەکانی بڕیوە و دەیووت، "ئەو پارەیە بێ هیچ سوودێك لێبینینێك لە
مێزی ئەو شێتەدا کەوتبوو و، خۆیشی تەنانەت نەیدەزانی کە چەندی پارە هەیە، لە کاتێك
من ئەم پارەیەم بەگڕ خستەوە و یارمەتیی ژمارەیەك خەڵکی چاكم پێی دا."
راوێژکاری بەرگری وەها بە چاکی بە گاڵتە و
بەبەزەییەوە قسەی دەکرد، زۆری نەمابوو دادوەرەکە ڤاسیلی رەها بکات، بەڵام لەگەڵ
ئەوەشدا بە بەندکردنی لە زینداندا حوکمی دا. سوپاسی دادوەری کرد و، دڵنیای کردنەوە
کە زۆر ناخایەنیت رێگای خۆی بۆ هەڵهاتن لە زیندان دەدۆزێتەوە.
سیازدەیەم
تێلیگرامەکەی نەتالیا ئیڤانۆڤا سڤێنتیسکی
هیچ سوودێکی نەبوو. ئەو لیژنەی دانرابوون بۆ چارەکردنی ئەو سکاڵا و عەریزانەی بە
ناوی ئیمپراتۆرەوە دەهاتن، وەهای بڕیار دا کە تەنانەت باسیشی نەکەن بۆ سزار.
بەڵام رۆژێکیان کاتێك لەسەر خوانی نیوەڕۆی
ئیمپراتۆردا باسی کەیسەکەی سڤێنتیسکی دەکرا، سەرۆکی لیژنەکە کە لەوێ بوو ئاماژەی
بەو تێلیگرامە دا کە لەلایەن بێوەژنی سڤێنتیسکییەوە بەدەست گەیشتبوو.
"ئەوە شتێکی زۆر جوانە لەلایەن
ئەوەوە،" یەکێك لە خانمانی خێزانی ئیمپراتۆری بە زمانی فەرەنسی وای لەسەر
ووت.
ئیمپراتۆر ئاهێکی هەڵکێشا و شانەکانی کە بە
سەرشانە رازێندرابوونەوە هەڵقرچاند. "ئەوە یاسایە،" وەهای ووت و
پەرداخەکەی بەرز کردەوە سەرخزمەتکارەکە هەندێ شەرابی مۆزێلی بۆ تێبکات.
ئامادەبووان هەموویان وەهایان نیشان دا
سەرسامی حیکمەتی قسەکەی خاوەنشکۆ بووبێتن. پرسیاری دیکە لەبارەی تێلیگرامەکەوە
نەکرا. دوو جوتیارەکە، پیاوە پیرەکە و کوڕە گەنجەکە، لەلایەن جەللادێکی خەلکی
قەزان، کە تاوانبار و پیاوکوژێکی خوێنمژ بوو لەسێدارە دران.
ژنی پیاوە پیرەکە دەیویست جەستەی مێردەکەی
بە کراسێکی سپی بپۆشێت و گۆرەوی سپی و پۆتینی نوێی لە پێ بکات، بەڵام رێگەی
پینەدرا ئەوانە ئەنجام بدات. هەردوو پیاوەکە پێکەو لە یەك چاڵدا لە دەرەوەی دیواری
حەوشەی کڵێساکە نێژران.
"شازادە سۆفیا ڤلادیمیرۆڤنا پێمدەڵێت کە
وتاربێژێکی زۆر چاکە،" شابانوی پیر، دایکی ئیمپراتۆر، بە کوڕەکەیی دەووت.
"بیهێنە بۆ ئێرە، ئەو دەتوانێت لە گەورە کڵێسا‌ی کاتێدراڵی وتار بدات."
ئیمپراتۆر ووتی، "نەخێر، باشتر وایە لە
کڵێسا‌ی کۆشك بێت." ئینجا فەرمانی دا خەڵوەتگای ئیزیدۆر دروست بکرێت.
گشت جێنڕاڵەکان و ئەفسەرە پلە باڵاکان لە
کڵێسا‌ی کۆشکی ئیمپراتۆریدا کۆبووبوونەوە؛ بۆنەیەك بوو بۆ گوێگرتن لە وتاربێژە
بەناوبانگەکە.
پیرەپیاوێکی لاوازی خۆڵەمێشی بەدەرکەوت و
تەماشای ئامادەبووانی کرد و ووتی، "بە ناوی خودا و کوڕ و گیانی پیرۆز." ئینجا
دەستی بە قسە کرد.
لە سەرەتادا هەموو شتێك باش بەڕێوە دەچوو، بەڵام
هەرچەند وتارەکەی درێژە‌ی دەکێشا خراپتر دەبوو. "ئەوە تا دێت توندتر
دەبێت،" شابانو وای ووت. ئەو بە هەموو کەسێكدا تەقییەوە. باسی لە بارەی سزای
مەرگ کرد و حکومەتی بەوە تۆمەتبار کرد بەوەی کە وای کردووە ئەم سزایە بە رادەیەکی
زۆر پێویست بێت. چۆن دەکرێت حکومەتی وڵاتێکی مەسیحی پیاو بکوژێت؟
هەموو کەسێ تەماشای یەکتریان دەکرد، بیریان
خستبووە لای ئەو چێژە خراپەی وتارەکە و، لای ئەوەی دەبێت چەند ناخۆش بێت بۆ
ئیمپراتۆر گوێی لێ بگرێت؛ بەڵام هیچ کەس ئەم بیرانەیان بە دەنگی بەرز دەرنەبڕی.
کە ئیزیدۆر ئامینی ووت، سەرقەشەی پایتەخت
نزیك بووەوە و، داوای لێکرد کە بێتە لای.
پاش ئەوەی ئیزیدۆر قسەوباسێکی لەگەڵ سەرقەشە
و پارێزەری گشتی ئەنجام دا، دەستبەجێ گوازرایەوە بۆ دێرێك، نەك ئەوەی خۆی، بەڵکو
دانەیەکی دیکە لە سوزداڵ، کە بەندیخانەیەکیشی لەتەكدا بوو؛ گەورەی ئەو دێرە باوکە
میسایل بوو.
چواردەیەم
هەموو کەس هەوڵی دەدا وەها بنوێنێت کە
وتارەکەی ئیزیدۆر هیچ شتێکی ناخۆشی تێدا نەبووە و، هیچ کەس لەبارەیەوە قسەیان
نەکرد. بۆ سزار وەها دیار بوو کە قسەکانی ئەو رەبەنە هیچ کاریان کردووەتە سەری؛
بەڵام لە ماوەی ئەو رۆژەدا جارێك یان دووان بە بیرکردنەوە ئەو دوو جوتیارەی
بینییەوە کە لەسێدارە درابوون و، هەروەها لەبارەی بێوەژنی سڤێنتیسکی کە داوای
لێخۆشبوونی بۆ کردبوون. ئەو رۆژە دەبوو سزار لەنمایشێکی سەربازیدا ئامادە بێت؛ پاش
ئەوەش چووە گەشتێك و ئینجا دواتر وەزیرەکانی هاتنە لای و پاشانیش نانی ئێوارە و
پاش ئەوەیش شانۆ. وەکو هەمیشەی، سزار لەگەڵ ئەوەی سەری بەر سەرین کەوتبا دەمودەست
خەوی لێدەکەوت. شەو خەونێکی ناخۆش بە خەبەری هێنایەوە: ژمارەیەك سێدارەی لە
گۆرەپانێکی بەریندا بینی و لاشەیان پێدا شۆڕ ببووەوە؛ زمانی تەرمەکان هاتبوونە
دەرەوە و جەستەیان دەجووڵان و دەشەکانەوە. کەسێکیش هاواری دەکرد، "ئەو تۆ
بوویت ئەمانەت ئەنجام داوە!" سزار راپەڕی و لە ئارەقەدا خووسابوو و، دەستی بە
بیرکردنەوە کرد. ئەوە بۆ یەکەم جار بوو بەو جۆرە بیر لە بەرپرسیارێتییەك بکاتەوە
لەسەر شانێتی و، قسەکانی ئیزیدۆری پیری بە مێشک‌دا هاتەوە...
بەڵام نەیدەتوانی خۆی وەکو مرۆڤێکی ئاسایی
ببینێت و، نەیدەتوانی خواست و ئەرکەکانی خۆی وەکو کەسێکی ئاسایی رەچاو بکات، ئەمەش
لەبەر ئەو هەموو شتەی وەکو سزارێك لێی داوا دەکرا. قەبوڵکردنی ئەوەی پتر لە
ئەرکەکانی سزارێك پێویستە پابەندی ئەرکە مرۆییەکان بیت، راستییەك بوو هێزی پێی
نەدەشکا.
پازدەیەم
پاش ئەوەی ماوەی دووەمی زیندانییەکەی تەواو،
پرۆکۆفی کە پێشتر لەسەر زەویوزارەکەی سڤێنتیسکی کاری دەکرد، ئیتر بەو گورجگۆڵی و
بەهیوا و کەشخەپۆشەیەی جارانی نەما. بە پێچەوانەوە بە کەسێکی تەواو تێكشکاو دەهاتە
بەرچاو. هەرکات بەئاگا بایە بە بێ‌ئیشی دادەنیشت و رەتی دەکردەوە هیچ کارێك ئەنجام
بدات؛ هەرچەندیش باوکی سەرزەنشتی بکردبا، زیاتر دەچوو بە لای ئەوەی بە دزییەوە
شتێکی دەست بکەوێت و بیبات لە یانە گشتییەکە بە خواردنەوەیەکی بدات. کە دەهاتەوە
ماڵەوە، بەردەوام بێ ئەنجامدانی هیچ شتێك دادەنیشت و هەر دەکۆکی و تفی دەکرد. ئەو
پزیشکەی هێنرایە سەری، سنگی پشکنی و سەری خۆی لەبارەوە بادا.
"پیاوی چاك، تۆ دەبوو زۆر شتت خواردبا
و هەبا کە دەستت نەکەوتوون."
"خۆی هەمیشە هەر ئەوەیە، ئەی وا
نییە؟"
"شیر زۆر بخۆرەوە و جگەرە
مەکێشە."
"ئەم رۆژانەی کاتی رۆژووە و، لەگەڵ
ئەوەشدا ئێمە هیچ مانگایەکمان نییە."
جارێکیان لە بەهاردا خەوی لێ نەدەکەوت؛
تامەزرۆی خواردنەوەیەك بوو. هیچ شتێکی لە ماڵەکەدا دەست نەدەکەوت دەستی بخاتەسەر و
بیبات بۆ یانە گشتییەکە. کڵاوەکەی کردە سەر و رۆیشتە دەرەوە. بە جادەکەدا بەرەو
ئەو ماڵە بەڕێ کەوت کە قەشەکە و یاریدەدەرەکیی پێکەو لێ دەژیان. خەرماشەکەی
یاریدەدەری قەشە بە قەدی پەرژینەکەوە هەڵسپێردرابوو. پرۆکۆفی نزیك بووەوە و
خەرماشەکەی خستە سەر شانی و، بەرەو ئەو میوانخانەیە بەڕێ کەوت کە لەلایەن ژنێکەوە
بە ناوی پێترۆڤناوە بەڕێوە دەبرا. لەوانەیە لە بەرانبەر ئەوەدا بوتڵێکی بچوك
ڤۆدکای پێ دابایە. بەڵام هێشتا چەند هەنگاوێکی کەم دوور نەکەوتبووەوە، یاریدەدەری
قەشەکە لە ماڵەکەی هاتە دەرەوە. تازە دەمەو بەیان بوو و، چاوی لێ‌بوو پرۆکۆفی
خەرماشەکەی دەبات.
"هێی، ئەوە چییە؟" یاریدەدەری
قەشەکە هاواری بەسەردا کرد.
دراوسێکان لە ماڵەکانیانەوە رژانە دەرەوە.
پرۆکۆفی دەستگیر کرا، برا بۆ بنکەی پۆلیس و، ئینجا بە یازدە مانگ زیندانی سزا درا.
لە پاییزدا بوو، دەبوو پرۆکۆفی بۆ نەخۆشخانەی زیندانەکە بگوازرێتەوە. خراپ دەکۆکی؛
سنگی لە ماندووبووندا بەرز دەبووەوە و؛ لەشی گەرم نەدەبووەوە. ئەوانەی بەهێزتر
بوون هەموو کاری خۆیان تەنها بۆ ئەوە بوو لەرزیان نەیەتێ؛ پرۆکۆفیش بە پێچەوانەوە
بە شەو و رۆژ هەر دەلەرزی؛ لەبەر ئەوەی بەڕیوەبەرەکە بۆ ئەوەی دەست بە
خەرجییەکانەوە بگرێت هەتاوەکو تشرینی دووەم ئاگری لە نەخۆشخانەکەدا هەڵنەدەکرد.
پرۆکۆفی زۆر بە دەست جەستەیەوە دەیناڵاند و،
پتریش بە دەست گیانییەوە. بە دەوروبەرەکەی بێزار دەبوو و، رقی لە هەموو کەس
دەبووەوە، لە یاریدەدەری قەشەکە، لە بەڕێوەبەرەکە کە ئاگری دانەدەگیرساند، لە
پاسەوانەکە، لەو پیاوەی لە قەرەوێڵەکەی تەنیشتییەوە خەوێندرابوو و لێوەکانی سوور و
ئاوسا بوون. وای لێهات رقی لەو سزادراوەش دەبووەوە کە هێنرایە نەخۆشخانەکە. ئەو
سزادراوەش ستێپان بوو. بە دەست هەندێ نەخۆشی لە سەریدا گیرۆدە ببوو و، گواسترایەوە
بۆ نەخۆشخانە و خرایە سەر ئەو قەرەوێڵەیەی تەنیشت پرۆکۆفی. لە پاش ماوەیەك ئەو
رقەی بەرانبەر ستێپان گۆڕا و بە پێچەوانەی پێشوو، پرۆکۆفی زۆری کەیف پێدەهات و
دڵخۆش دەبوو بە گفتوگۆکردن لەگەڵیدا. تەنها پاش ئەو کاتانەی کە قسەی لەگەڵ
ستێپاندا دەکرد، ئازارەکانی بۆ ماوەیەك دەڕەوینەوە. ستێپان هەمێشە باسی کۆتا
کۆشتنەکەی بۆ هەموو کەسێك دەگێڕایەوە و، ئەوەیشی کە چۆن ئەوە کاری تێکردبوو.
"جگە لە هاوارکردنێك، یان هەر شتێکی
دیکەی لەو بابەتە،" بۆ پرۆکۆفیی دەگێڕایەوە، "ئەو ئافرەتە هیچ نەجووڵا.
تەنها دەیووت، 'بمکوژە! ئەوەتام. بەڵام ئەوە گیانی من نییە وێرانی دەکەیت، ئەوە گیانی
خۆتە.'"
"بەڵی، بە دڵنیاییەوە، کۆشتن کارێکی
زۆر قێزەونە. رۆژێکیان دەبوو مەڕێك بکوژمەوە و، تەنانەت ئەوەش نیوشێتی کردم. تا
ئێستا گیانی هیچ گیانلەبەرێکم دەرنەهێناوە؛ سا وەرە ئەم چەپەڵانە بۆ دەبێت بمکوژن؟
ئازاری هیچ کەسێکم نەداوە..."
"ئەوەش لەبەرچاو دەگیرێت."
"لەلایەن کێوە؟"
"لەلایەن خودا، بە دڵنیاییەوە."
"تا ئێستا هیچ شتێکم نەبینیوە پیشانی
بدات کە خودا بوونی هەیە و، هیچ باوەڕم پێی نییە، براکەم. باوەڕم وایە کاتیك کەسێك
دەمرێت، گیا لە جێگاکەیدا دەڕوێت و، ئەوەش کۆتاییەتی."
"هەڵەی ئەگەر ئاوەها بیر بکەیتەوە. من
خەڵکێکی زۆرم کوشتووە، بەڵام ئەو ئافرەتە بەستەزمانە یارمەتی هەموو کەسێکی دەدا. ئینجا
تۆ پێتوایە من و ئەو دەبێت هەمان پێگەمان هەبێت؟ نا نەخێر! تەنها سەبر بگرە."
"کەواتە تۆ پێت وایە کە کەسێك دوای
ئەوەی کە دەمرێت، گیانەکەی بە زیندوویی دەمێنێتەوە؟"
"بە دڵنیاییەوە؛ بە زیندوویی
دەمێنێتەوە."
پرۆکۆفی لەگەڵ نزیکبوونەوەی سەرەمەرگیدا
ئازاری زۆری دەچەشت. بە زەحمەت دەیتوانی هەناسە بدات. بەڵام لە دوا ساتەکانیدا
لەپڕ وەهای هەست کرد لە هەموو لە ئازارێك رزگاری بووە. ستێپانی بۆ لای خۆی بانگ
کرد. پێی‌ووت، "خواحافیز براکەم. وا مەرگم هاتووە و دەیبینم. جاران زۆر لێی
دەترسام. ئێستاش باکم لێی نییە و تەنها ئارەزووم ئەوەیە زووتر بێت."
شازدەیەم
لەو کاتەنەدا، کاروباری یوجین میهایلۆڤیچ
خراپ و خراپتری بەسەر هات. ئیشوکار زۆر سست ببوو. دوکانێکی نوێ لە شارۆچکەکە
کرابووەوە؛ ئەمیش تا دەهات کڕیارەکانی لەدەست دەدا و، ناچاریش بوو سوودی قەرزەکانی
بداتەوە. قەرزی بە سوودی دیکەیشی وەرگرت. تا ئەوەی لە کۆتاییدا ناچار بوو بە
فرۆشتنی دوکانەکەی و شتومەکەکانی. یوجین میهایلۆڤیچ و ژنەکەی داوایان لە هەموو
کەسێکی ناوسیاوی خۆیان کرد، بەڵام کەس ئەو چوار سەد روبڵەیان نەدانێ پێویستیان بوو
بۆ پاراستن و هێشتنەوەی دوکانەکەیان لە شوێنێکی دیکەدا.
هەندێ هیوایان بە کراسنۆپوزۆڤی بازرگان
هەبوو، ژنەکەی یوجین میهایلۆڤیچ پەیوەندی باشی لەگەڵ ژنی ئەو بازرگانە هەبوو.
بەڵام بە پێی ئەو هەواڵانەی کە گەیشتبوون کراسنۆپوزۆڤ پارەیەکی زۆری لێ دزرابوو.
بە قسەی هەندێ کەس نیو ملیۆن روبڵ دەبوو. "کەواتە دەزانێت گوایە دەڵێن دزەکە
کێیە؟" یوجین میهایلۆڤیچ بە ژنەکەیی ووت. "ڤاسیلی، کۆنە حەمباڵەکەی
خۆمان. دەڵێن گوایە پارەکەی تەخشان و پەخشان کردووە و، دەمی پۆلیسەکانیشی چەور
کردووە."
"دەمزانی کارخراپە. لە بیرتە چۆن لە بە
درۆ شایەتیداندا هیچ باکی نەبوو؟ بەڵام من نەمدەزانم خراپکارییەکانی بگاتە ئەو
رادەیە."
"بیستوومە بەم دواییانە لە حەوشەی
ماڵەکەی خۆماندا دیویانە. چێشتلێنەرەکە دەڵێت دڵنیایە کە خۆی بووە. پێی‌ووتم کە
گوایە ئەو یارمەتی کچانی هەژار دەدات هاوسەرگیری بکەن."
"ئەوان هەمیشە لەو چیرۆکانە
هەڵدەبەستن. باوەڕی پێ مەکە."
لەو ساتەدا، پیاوێکی نەناسراوی جڵ شڕ خۆی
کرد بە دوکانەکەدا.
"فەرموو، چیت دەویت؟"
"نامەیەکم پێیە بۆتان."
"لە کێیەوە؟"
"خۆت بیبینە."
"وەڵامت ناوێت؟ ساتێك بوەستە."
"ناتوانم." پیاوە نەناسراوەکە
نامەکەی دانێ و بزر بوو.
"لەوە باشتر نابێت!" یوجین
میهایلۆڤیچ وەهای ووت و، زەرفەکەی دڕاند و کردییەوە. چاوی ئەبڵەق بوو کە بینی چەند
سەد روبڵێك کەوتنە خوارەوە. "چوار سەد روبڵ!" ناڵەی لێ هەستا و باوەڕی
بە چاوەکانی خۆی نەدەکرد. "ئەوە واتای چییە؟"
زەرفەکە هەروەها نامەیەکی تێدا بوو کە بە
نادروستی نوسرابوو و ئاراستەی یوجین میهایلۆڤیچ کرابوو. وەهای تێدا نوسرابوو:
"لە ئینجیل‌دا هاتووە کە، بەرانبەر بە خراپە چاکە ئەنجام بدە. تۆ ئازاری زۆرت
داوم و، لە پرسی کۆبۆنەکەدا وات لێکردم خراپەیەکی گەورە دەرهەق بەو جوتیارە بکەم.
بەڵام من بەزاییم پێتدا دێتەوە. ئەوە چوار سەد روبڵە. با بۆ خۆت بن و ڤاسیلیی
حەمباڵی خۆتت لەیاد بمێنێت."
"لەوە باشتر نابێت!" یوجین
میهایلۆڤیچ وەهای بە خۆی و ژنەکەی ووت. هەموو جارێکیش ئەمەی بە بیر هاتباوە یان بۆ
ژنەکەیی باس کرابا، فرمێسك بە چاوەکانیدا دەهاتنە خوارەوە.
حەڤدەیەم
چواردە قەشە لە بەندیخانەی دێری سوزداڵدا
راگیرابوون، بە زۆریش بە پاساوی ئەوەی ناڕاست بوون دەرهەق بە باوەڕی ئەرتەدۆکسی.
هەروەها ئیزیدۆریش بۆ ئەو جێگایە نێردرا بوو. باوکە میسایل بە گوێرەی ئەو
رێنماییانەی پێیدرابوون پێشوازیی لێکرد و، بێ ئەوەی قسەی لەگەڵدا بکات فەرمانی بۆ
دەرکرد بخرێتە زیندانێکی تاکە کەسی وەکو ئەوەی تاوانبارێکی مەترسیدار بێت. دوو
هەفتە دواتر کاتێك کە باوکە میسایل سەری بە بەندیخانەکەدا کێشا، چووە ژوورەکەی
ئیزیدۆر و، لێی پرسی داخۆ هیچ شتێکی هەیە ئارەزووی بکات.
"شتی زۆر هەن ئارەزوویان بکەم،"
ئیزیدۆر وەڵامی دایەوە. "بەڵام ناتوانم لە ئامادەبوونی کەسانی دیکەدا پێت
بڵێم. با بە تەنها قسەت لەگەڵدا بکەم."
تەماشایەکی یەکدییان کرد و، میسایل بینی کە
هیچ نییە لێی بترسێت لەوەی لەگەڵ ئیزیدۆردا بە تەنهایی بمێنێتەوە. فەرمانی دا
ئیزیدۆر بهێنرێتە ژوورەکەی خۆی و، کاتێك کە بە تەنها بوون، ووتی: "دە باشە،
ئێستا دەتوانیت قسەی خۆت بکەیت."
ئیزیدۆر کەوتە سەر ئەژنۆ.
"برا،" ئیزیدۆر دەستی بە قسە کرد.
"تۆ چی بەسەر خۆتدا دەهێنیت! بەزەییت بە رۆحی خۆتدا بێتەوە. تۆ پیسترین
پیاوخراپی سەر رووی زەوییت. تۆ خراپەت دەرهەق بە هەموو شتێکی پیرۆز کردووە
..."
مانگێك دوای ئەوەی میسایل راپۆرتێکی نارد کە
تێیدا داوای کردبوو ئیزیدۆر رەها بکرێت چونکە تۆبەی کردووە و، هەروەها داوایشی
کردبوو کە زیندانییەکانی دیکەش ئازاد بکرێن. پاش ئەوە، وازی لە پۆستەکەی هێنا.
هەژدەیەم
دە ساڵ تێپەڕی. میتیا سمۆکۆڤنیکۆڤ خوێندنی
لە کۆلێژی تەکنیکیدا تەواو کردبوو؛ ئێستاش بووەتە ئەندازیار و لە کانە زێڕەکانی
سیبیریادایە و، پارەیەکی زۆر باشی پێدەدرێت. رۆژێکیان دەیویست بە ناو شارۆچکەکەدا
پیاسەیەك بکات، قایمقامی شارۆچکەکە کەسێكی سزادراوی پێشکەش کرد کە هاوەڵی بێت لە
گەشتەکیدا، ئەویش ستێپان پێلاگوشکین بوو.
"ئێوە دەڵێن، سزادراوێك؟ بەڵام ئەوە
کارێکی مەترسیدار نییە؟"
"ئەم سزادراوە مەترسیدار نییە. ئەمیان
پیاوێکی پیرۆزە. دەتوانیت لە هەر کەسێك بپرسیت، هەموو کەس هەر وەهات
پێدەڵێن."
"بۆ چی نێردراوە بۆ ئێرە؟"
قایمقام زەردەخەنەیەکی کرد و ووتی:
"شەش تاوانی کوشتنی ئەنجام داوە و، هێشتا هەر پیاوێکی پیرۆزە. لەو بارەیەوە
گرەوت لەگەڵدا دەکەم."
میتیا سمۆکۆڤنیکۆڤ ستێپانی وەرگرت، کە ئێستا
پیاوێکی سەرڕووتی لەبەرخۆر سووتاوی و پشت چەماوە و، لەگەڵ خۆیدا بۆ گەشتەکەیی برد.
لە رێگادا ستێپان ئاگای لە سمۆکۆڤنیکۆڤ دەبوو، هەر وەکو منداڵی خۆی و، چیرۆکی خۆیی
بۆ دەگێڕایەوە؛ باسی ئەوەشی بۆی کرد کە بۆچی نێردراوەتە ئێرە و، هەروەها ئەوەشی کە
چ شتێك ئێستا ژیانی ئەوی پڕ کردووە.
ئینجا، سەیرە بووترێت، تا ئەو کاتە میتیا
سمۆکۆڤنیکۆڤ وەها راهاتبوو کە هەموو کاتی خۆی بە خواردنەوە و خواردن و قومارکردن
بەسەر ببات، کەچی ئێستا بۆ یەکەم جار دەستی کردە ئەوەی بیر لە ژیانی خۆی بکاتەوە.
ئەم بیرکردنەوانە چیدی لێی جیا نەبوونەوە و، گۆڕانێکی تەواوەتیی لە رەفتارەکانیدا
هێنایە کایەوە. پاش ماوەیەك پۆستێکی زۆر بەنرخی پێ پێشنیار کرا. بەڵام رەتی کردەوە
و، بڕیاری خۆیی وەها دا کە بەو پارەیەی هەیەتی زەویوزارێك بکڕێت و ژن بهێنێت و خۆی
بە تەواوەتی بۆ کاری جوتیاری تەرخان بکات و تا دەتوانێت خۆی پێیانەوە سەرقاڵ بکات.
نۆزدەیەم
نیازەکانی خۆیی بەجێ گەیاند. بەڵام پێش
ئەوەی واز لە زەویوزارەکەی بهێنێت بانگهێشتی باوکی کرد؛ نێوانێکی خراپی لەگەڵ
باوکی‌دا هەبوو کە جیا بووبووەوە و لەگەڵ خێزانە نوێکەیدا دەژیا. میتیا سمۆکۆڤنیکۆڤ
دەیویست لەگەڵیدا باوکی‌دا ناکۆکییان یەکلا بکاتەوە. ئەو پیرە پیاوە لە سەرەتادا
سەیری پێدەهات و، ئینجا پێکەنینی بەو گۆڕانە دەهات لە کوڕەکەیدا بەدیی دەکرد؛ دوای
ماوەیەك دەستی هەڵگرت لەوەی تەنها لەودا هەڵەکان بدۆزێتەوە و، بیری لەو هەموو جارە
دەکردەوە کە کەسی خەتابار هەر خودی خۆی بووە.
[1] سه‌رقه‌شه: ئه‌سقوف، بیشۆپ
[2] سه‌ره‌ك دێر: سه‌ره‌ك
په‌رستگا، ئه‌رشمندریت
[3]
له
چاپه ئینگلیزییه‌که‌دا رووبه‌ره‌کان به ئاکر (واته: فه‌دان) پێوراون. لێره‌دا
به مه‌به‌ستی ئاسانکردنی کراونه‌ته دۆنمی عێراقی و نرخه‌کانیشیان به هاوتایی له‌گه‌ڵدا
دروست کراونه‌ته‌وه.
[4] قسەیەکی
کوردییە بە کەسێك دەووترێت لە ترسان یان لە سەرمادا زۆر بلەرزێت. بی دارێکە لە چۆم
و کەنار روبارەکاندا دەڕوێت. وەرگێڕ.
[5] تێهەڵکێشە لە دەقی ئەزموونیی کتێبی پیرۆز
وەرگیراوە.

No comments:
Post a Comment