ژمارەیەك لە نۆڤلێت و چیرۆکەکانی نوسەری گەورەی رووسیا کە لە زمانی ئینگلیزییەوە کردوومن بە کوردی

Monday, October 4, 2021

کار و مەرگ و نەخۆشی

 

کار و مەرگ و نەخۆشی


 

کار و مەرگ و نەخۆشی

لیۆ تۆڵستۆی (١٩٠٣)

ئەفسانەیەك.

لە ئینگلیزییەوە بۆ کوردی: ئاکۆ محەمەد

 

ئەمە ئەفسانەیەکی باوە لەناو هیندییەکانی ئەمریکای باشور.

دەڵێن گوایە یەکەم جار خودا مرۆڤی وەها ئافراند پێویستی بە کارکردن نەبێت. پێویستیان نە بە خانوو و نە بە پۆشاك و نە بە خواردن نەبوو و، هەموویان ژیان تا ئەو کاتەی بوون بە سەد کەسێك و، نەیشیان دەزانی نەخۆشی چییە.

پاش ماوەیەك و کاتێك خودا تەماشای کردن بزانێت داخۆ خەڵکەکە چۆن دەژین، بینی لەبری ئەوەی لە ژیانیان خۆشحاڵ بن، لە ناوخۆیاندا و لەگەڵ یەکدیدا شەڕ و دەمەقاڵێیان بوو و، هەر کەسێك بۆ بەرژەوەندی خۆی شتەکانیان بە رێگایەك دەگەیاند دووری دەخستنەوە لەوەی چێژ لە ژیان وەرگرن، تەنانەت نەفرینیشیان لە ژیانی خۆیان دەکرد.  

ئینجا خودا بە خۆیی ووت: "ئەمە بە هۆی ئەوەیە گەر کەسە و بە جیا و بۆ خۆی دەژیت." بە مەبەستی گۆڕینی ئەو دۆخە، خودا شتەکانی وەهای رێك خستەوە بۆ خەڵکەکە ئەستەم بوو بە بێ کارکردن بژین. بۆ ئەوەی تووشی سەرما و برسێتی نەبن، وایان لێهات ناچار بن بە دروستکردنی پەناگە و، چاڵ هەڵبکەنن و، میوە و دانەوێڵە پێبگەیەنن و کۆبکەنەوە.

"کارکردن یەکیان دەخاتەوە،" خودا وەهای بیر دەکردەوە.

"ئەوان ناتوانن هەموو کەرستەکانی خۆیان دروست بکەن، ناتوانن تیرە دار ئامادە بکەن و بیانگوازنەوە، ناتوانن خانووەکانیان بنیات بنێن، ناتوانن بچێنن و بەروبووم کۆبکەنەوە، ناتوانن بڕێسن و بچنن و، ناتوانن پۆشاکی خۆیان دروست بکەن، ئەگەر بێت هەر کەسێك بۆ خۆی بە تەنیا بێت."

"ئەمەیش وایان لێ دەکات تێبگەن کە هەرچەندە بە دڵ و بە گیان پێکەوە کار بکەن، زۆرتریان دەست دەکەوێت و باشتر دەژین و، هەروەها یەکیشیان دەخات."

کات تێپەڕی و، دیسانەوە خودا هات تەماشای خەڵکەکە بکات کە چۆن دەژین و، داخۆ ئێستا دڵشادن.

بەڵام دیتنی خراپتر لە ئەوسا دەژیان. پێکەوە کاریان دەکرد و نەیاندەتوانی پێکەوە کار نەکەن، بەڵام نەك هەموویان پێکەوە، بەڵکو دابەش بووبوونە سەر چەندین کۆمەڵەی بچوك بچوك. هەر کۆمەڵەیەکیش هەوڵی دەدا کارەکان لە کۆمەڵەکانی دیکە زەوت بکات و، تەگەرەیان بۆ یەکدی دروست دەکرد و، لە ململانێکانیان کات و هێزی خۆیانیان بە فیڕۆ دەدا و، بەم شیوەیەش کاروبارەکانیان خراپ دەچوونە پێش.

کە بینی ئەمەیش باش بەڕێوە ناچێت، خودا بڕیاری دا شتەکان وەها رێك بخات چیدیکە مرۆڤ بۆی نەبێت کاتی مردنی خۆی بزانێت و، بشێت لە هەر ساتێکدا بمرێت. خودا ئەمەیشی پێ راگەیاندن.

"کە زانیان هەر کامێکیان بۆی هەیە لە هەر ساتێکدا بمرێت،" خودا وەهای بیر دەکردەوە، "ئەوکات بە خۆبەستنەوە بەو دەستکەوتانەی تەمەنێکی کورتیان هەیە، ساتەکانی ئەو ژیانەی پێیان بەخشراوە زایە ناکەن."

بەڵام ئەمە بە پێچەوانە کەوتەوە. کە خودا گەڕایەوە ببینێت ئەو خەڵکە چۆن دەژین، بینی ژیانیان هەروەکو ئەوسا ناجۆرە.

تمەس ئەوانەی کە بەهێزتر بوون، ئەو راستییەیان دەقۆستەوە کە مرۆڤ دەکرێت لە هەر ئانوساتێکدا مەرگ یەخەی بگرێت، بەسەر لاوازەکاندا زاڵ دەبوون، هەندێکیان دەکوشتن و هەڕشەی مەرگییان لە هەندێکی دیکە دەکرد. تا وای لێهات، هەرە بەهێزەکان و وەچەکانیان کاریان نەدەکرد و، لە بێئیشیدا ماندوو و بێزار دەبوون، لە هەمان کاتدا لاوازەکانیش کە لەسەریان بوو پتر لە توانای خۆیان کار بکەن، بە هۆی کەمی پشوودانیان شەکەت بوون. هەرکام لەو دوو تاقمە لە مرۆڤەکان لە یەکتری دەترسان و رقییان لە یەکدی دەبووەوە. بەم شیوەیە ژیانی مرۆڤەکان زیاتر ناخۆش بوو.

خودا کە هەموو ئەمانەی بینی و بە مەبەستی چاککردنەوە دۆخەکە بڕیاری دا بە بەکارهێنانی دوا هۆ؛ گشت جۆرە نەخۆشییەكی بۆ مرۆکان نارد. خودا وەهای بیر دەکردەوە کاتێك کە هەموو مرۆڤەکان تووشی نەخۆشی دەبن، ئەوکات تێدەگەن ئەوانەی کە تەندروستن دەبێت بەزەییان بە نەخۆشەکاندا بێتەوە و، یارمەتییان بدەن؛ چونکە خۆیشیان هەر کاتێك نەخۆش کەوتن، ئەوانەی تەندروست بە هەمان شێوە یارمەتییان بدەن.

دیسانەوە خودا بەجێی هێشتن و، کاتێك کە گەڕایەوە ببینێت مرۆڤەکان ئێستا چۆن دەژین لەگەڵ ئەوەی بەر نەخۆشی دەکەون، بینی کە ژیانیان لە جاران خراپتری بەسەردا هاتووە. دروست ئەو نەخۆشییەی خودا مەبەستی بوو ببێتە هۆی یەکخستنی مرۆڤەکان، پتر لە جاران لە یەکدیی دابڕاندن. ئەو کەسانەی کە هێندە بەهێزتر بوون خەڵکانی دیکە ناچار بە کارکردن بکەن، ناچاریان دەکردن لە کاتی نەخۆشیدا بە دیاریانەوە بن؛ بەڵام ئەمان وەها نەبوون بۆ ئەوان، چاودێری نەخۆشەکانیان نەدەکرد. ئەوانەی کە ناچار کرابوون کار بۆ کەسانی دیکە بکەن و لە کاتی نەخۆشیدا ئاگاداریان بن، وەها لە کارەکانیاندا ماندوو دەبوون و دادەڕزان کاتیان بۆ ئەوە نەدەما ئاگایان لە نەخۆشییەکانی خۆیان بێت و، ئازارەکانی خۆیانیان پشتگوێ دەخست. لەوەی کە نەبادا دیمەنی خەڵکە نەخۆشەکە خۆشیی سەروەتمەندان تێکبدات، خانووەکان بە جۆرێك رێك خران تیاندا خەڵکە هەژارەکە مەینەتیان دەکێشا و بە بێ سۆز و هاودەردیی ئەو کەسانەی دەکرا جێی دڵخۆشییان بێت و، لە کۆشی ئەو پەرەستارانەی بە کرێ و بەڵام بە بێ سۆز یان تەنانەت بە رق و قێزیشەوە چاودێرییان دەکردن، بۆ خۆیان دەمردن. لەوەش زیاتر، خەڵکی زۆرێك لە نەخۆشییەکانیان بە درم و پەتا لە قەڵەم دەدا و، لە ترسی ئەوەی نەبادا بیگرن، نەك تەنها خۆیانیان لە نەخۆشییەکە دوور دەخستەوە، بەڵکو خۆیانیان لەو کەسانەش جیا دەکردەوە کە هەڵگری نەخۆشییەکە بوون.

ئینجا خودا بە خۆیی ووت: "ئەگەر تەنانەت ئەم هۆیەش مرۆڤەکان نەهێنێتە سەر ئەو تێگەیشتنەی کە خۆشبەختییانی تێدایە، لێیان بگەڕێ گیرۆدەی ناڕەحەتییەکان بن."  دوای ئەوەش خودا مرۆڤەکانی لەگەڵ خۆیان بەجێ هێشت.

لەگەڵ ئەوەی لەگەڵ خۆیاندا بەجێ هێڵدران، مرۆڤەکان زۆر ژیان تا تێگەیشتن هەموویان پێویستە خۆشبەخت بن و، رەنگە خۆشبەخیش ببن. تەنها لە دوا ساتەکاندا ژمارەیەکی کەمیان خەریك بوو تێدەگەیشتن لەوەی کە کارکردن نابێت بۆ هەندێکیان دێوزمەیەك بێت و بۆ هەندێکی دیکەش وەکو کەشتییەکی بە کۆیلە پاڵدراوی تەنها فەرماندان بێت، بە پێچەوانەوە کارکردن دەبێت فرمانێکی خۆش و سادە و هاوبەش بێت کە گشت مرۆڤەکان یەکبخات. تازە لەوە تێدەگەیشتن لەگەڵ ئەوەی مەرگ بە بەردەوامی هەڕەشە لە هەرکامێکمان دەکات، تەنها کارێکی ماقوڵ ئەوەیە کە هەموو کەسێك ئەو ساڵ و مانگ و رۆژ و کاتژمێر و خولەکانەی پێیان بەخشراون بە یەکگرتوویی و بە خۆشەویستی بەسەر ببەن. گەیشتبوونە سەرەتای تێگەیشتن لەوەی کە نەخۆشی، نەك هەر دەبێت مرۆڤەکان پەرتەوازە بکات، بە پێچەوانەوە پێویستە ئەو دەرفەتەیان پێ بدات لە نێو خۆیاندا شەیدای یەکێتی بن.

No comments:

Post a Comment

ئەسەرحەدۆن، پاشای ئاشور

  ئەسەرحەدۆن، پاشای ئاشور     ئەسەرحەدۆن، پاشای ئاشور   لیۆ تۆلستۆی (١٩٠٣) لە ئینگلیزییەوە بۆ کوردی: ئاکۆ محەمەد   (لەم چیرۆ...