ئەسەرحەدۆن،
پاشای ئاشور
ئەسەرحەدۆن، پاشای ئاشور
لیۆ تۆلستۆی (١٩٠٣)
لە ئینگلیزییەوە
بۆ کوردی: ئاکۆ محەمەد
(لەم چیرۆکەدا تۆڵستۆی ناوی راستەقینەی کەساییەتییەکان
بەکار دەهێنێت. ئەسەرحەدۆن (یان ئاشور ئاخی ئیدینا) سێ جاران ناوی لە ئینجیلدا
هاتووە (پاشایان ٢، بەشی ١٩، ئایەتی ٣٧؛ ئیشایا، بەشی ٣٧، ئایەتی ٣٨؛ عەزرا، بەشی
٤، ئایەتی ٢، هەروەها لە پوختەی مێژوو ٢، بەشی ٣٣، ئایەتی ١١ بەم شێوەیە ئاماژە بە
ناوی دراوە: "جا یهزدان سهركردهكانی هێزهكانی پاشای ئاشوری هێنایه سهریان،
ئهوانیش مهنهشهیان به دیل گرت و لووتهوانهیان كرده لووتی و به زنجیری
بڕۆنز كۆتیان كرد و بردیان بۆ بابل." ئاشوربانیپاڵی کوڕیشی کە پێش مردنی
خۆی هێنایە سەر تەخت، یەك جار و لەژێر ناوی ئۆسنەپەر لە ئینجیلدا ناوی هاتووە
(عەزرا، بەشی ٤، ئایەتی ١٠). ئەگەرچی لەبارەی مێژووی لایلی شتێکی ئەوتۆمان پێ
ناڵێت؛ بەڵام ئێرنیست والیس بودج لە کتێبی 'مێژووی ئەسەرحەدۆن'دا دەڵێت:
"پاشایەك بە ناوی لایلی داوای کرد بەڵکو ئەو خوداوەندانەی کە ئەسەرحەدۆن لێی
گرتوون بگەڕێندرێنەوە. داواکەی بەدی هێنرا و، ئەسەرحەدۆن ووتی، 'لە برایەتییەوە
قسەی لەگەڵدا دەکەم و، فەرمانڕەوایەتی ناوچەکانی بازوی پێ رادەسپێرم.'")
ئەسەرحەدۆنی پاشای ئاشورییەکان شانشینییەکەی پاشا لایلیی
داگیر کرد و، شارەکانی کاول کرد و سوتاندنی و، گشت دانیشتوانەکەیی دەستگیر کردن و
بۆ وڵاتەکەی خۆیی بردن و، جەنگاوەرەکانی کوشتن و، هەندێ لە سەرۆك هۆزەکانی سەر
بڕین و هەندێکی دیکەیشی لە شیشدا چەقاند یان پێستی لێ کردنەوە و، خودی پاشا
لایلیشی خستە قەفەسێکەوە.
شەوێکیان پاشا ئەسەرحەدۆن لەسەر جێخەوەکەی پاڵ کەوتبوو،
بیری لەوە دەکردەوە دەبێت چۆن چۆنی لایلی بکوژێت، لە ناکاو گوێبیستی خشەخشێك بوو
لە نزیك جێگاکەیەوە و، چاوەکانی کردەوە و بینی پیرەمێردێکی ریش درێژی چاو کزۆڵە.
پیرەمێردەکە لێی پرسی، "دەتانەوێت لایلی بکوژن؟"
"بەڵێ،" پاشا وەڵامی دایەوە. "بەڵام
ناتوانم بڕیاری لەسەر بدەم کە چۆنی بکوژم."
"بەڵام ئێوە خۆتان لایلین،" پیاوە پیرەکە پێی
ووت.
"ئەوە راست نییە،" پاشا وەڵامی دایەوە.
"لایلی لایلییە و، منیش منم."
"ئێوە و لایلی یەکن،" پیرەمێردەکە ووتی.
"ئێوە تەنها پێتان وایە کە لایلی نین و، لایلیش تۆ نییە."
"مەبەستت لەوە چییە؟" پاشا پێی ووت. "ئەوەتا
منم و لەسەر جێخەوێکی نەرم پاڵ کەوتووم؛ ئەوەتا لە دەوروبەرمدا کۆیلەژن و کۆیلەپیاوی
گوێڕایەڵن و، بۆ سبەینێش هاوشێوەی ئەمڕۆ لەگەڵ هاوڕێکانمدا ئاهەنگ دەگێڕین؛ لە
کاتێكدا لایلیش وەکو باڵندەیەك لە قەفەسێکدا بۆ خۆی دانیشتووە و، بۆ سبەینێ شیشی
پێدا دەچەقێنرێت و، بە زمانی بەدەرەوەوە تا دەمرێت قوولەفڕکێ دەکات و، لاشەکەیشی
دەدرێتە دەم سەگ و پارچەپارچە دەکرێت."
"ئێوە ناتوانن ژیانی لێ بستێنن،" پیاوە پیرەکە
پێی ووت.
"ئەی چی سەبارەت بەو چواردە هەزار جەنگاوەرەی من
کوشتمن و، تەپۆڵکەیەکم تەرمەکانیان بەرز کردەوە؟" پاشا وای دەووت.
"ئەوەتا من زیندووم و ئەوانیش نەماون. ئەمە نایسەلمێنێت کە من دەتوانم ژیان
بستێنم؟"
"چۆن دەزانیت کە ئەوان نەماون؟"
"چونکە ئیتر من نایانبینم. جگە لەوەش، ئەوان هەموویان
ئەشکەنجە دران، بەڵام من نا. بۆ ئەوان ناخۆش کەوتەوە و، بۆ من خۆش."
"ئەمەیش، بە هەمان شێوە بە لای ئێوەوە وەها دیارە.
ئێوە ئازاری خۆتانتان داوە، نەك هی ئەوان."
"لێت تێناگەم،" پاشای پێی ووت.
"ئەی حەز دەکەن تێ بگەن؟"
"بەڵێ، حەز دەکەم."
"فەرموونە ئێرە،" پیرەمێردەکە پێی ووت و، ئاماژەی
دا بۆ حەوزێکی گەورەی پڕ لە ئاو.
پاشا هەستا و لە حەوزەکە نزیك بووەوە.
"خۆتان دابکەنن و بچنە ناو حەوزەکەوە."
پیرەمێردەکە چۆنی پێ ووت، ئەسەرحەدۆن وەهای کرد.
"کە ئاوتان بە سەردا دەکەم، ئێوە سەرتان بکەنە
خوار،" پیرەمێردەکە پێی ووت و دۆڵەکەیەکی پڕ لە ئاو کرد.
پیرەمێردەکە دۆڵەکەکەی لەسەر سەری پاشا لار کردەوە و پاشاش
سەری خۆیی چەماندەوە تا هاتە ژێر ئاوەکە.
هەر کە پاشا ئەسەرحەدۆن چووە ژێر ئاوەکە هەستێکی وەها
دایگرت کە چیدیکە ئەسەرحەدۆن نییە، بەڵکو کەسێکی دیکەیە. وەهای هەست دەکرد کە خۆی
پیاوەکەی دیکە بێت و، بینی ئەوەتا خۆی لەسەر جێخەوێکی پاشایانە هەڵاژیاوە و
ئافرەتێکیشی لە پاڵدایە. هەرگیز لەوەو پێش ئەو ئافرەتی نەبینیبوو، بەڵام دەیزانی
کە ژنی خۆیەتی. ئافرەتەکە هەستا و بە پاشای ووت:
"مێردە ئازیزەکەم، لایلی! بە هۆی کارەکانی دوێنێتەوە
شەکەت بووبوویت و زیاد لە خووی ئاسایی خۆت خەوت لێکەوتبوو و، منیش ئێشکی پشوودانتم
دەکێشا و، بەخەبەرم نەکردیتەوە. بەڵام ئێستا وا شازادەکان لە هۆڵە گەورەکەدا
چاوەڕێت دەکەن. خۆت بکەرە بەر و بچۆ بۆ لایان."
ئینجا ئەسەرحەدۆن لەم قسانە تێگەیشت کە خۆی لایلییە و
لەمەدا هیچ هەستی بە سەرسووڕمان نەدەکرد، تەنها ئەوە نەبێت پێشتر ئەمەی نەزانیبوو.
بۆیە، هەستا و خۆیی پۆشتە کرد و چووە هۆڵە گەورەکە کە شازادەکانی لێ بوون و
چاوەڕێیان دەکرد.
شازادەکان سڵاویان لە پاشای خۆیان، پاشا لایلی، کرد و کڕنۆشیان
بردە سەر زەوی و، هەستان و لەگەڵ فەرمانی پاشا و لە بەردەمیدا دانیشتن. ئینجا بە
تەمەنترین شازادەیان دەستی بە قسەکردن کرد و دەیووت چیدیکە ناکرێت بێڕێزییەکانی
پاشا ئەسەرحەدۆنی چەپەڵ بەرگە بگیرێت و؛ پێویستە لە دژیدا شەڕی خۆیان بەرپا بکەن.
بەڵام لایلی رەزامەندی نەدا و، فەرمانی دا شاندێکی تایبەت رەوانە بکرێت
ناڕەزاییەتییەکان بە پاشا ئەسەرحەدۆن بگەیەنن و؛ ئینجا شازادەکانی لە کۆبوونەوە
فەرمییەکە ئیزن دا. دواتر، ئەو پیاوانەی شاندەکەی دەستنیشان کرد کە دەبوو ببنە
نێردراو و، پێی ووتن کە دەبێت چی بە پاشا ئەسەرحەدۆن بلێن. کە ئەم کارانەی تەواو
کرد، ئەسەرحەدۆن—کە خۆیی وەکو لایلی دەبینی—بە سواری دەرچووە دەشت بۆ راوکردنی
کەری دەشتەکی. راوەکەی سەرکەوتوو بوو. هەر خۆی دوو گوێدرێژی کێویی کوشت و، کە
گەڕایەوە بۆ ماڵەوە، لەگەڵ هاوڕێکانیدا ئاهەنگی گێڕا و تەماشای سەمای کچە کۆیلەکانی
کرد. بۆ رۆژی دواتر، چوو بۆ دادگا؛ لەوێ خاوەن سکاڵاکان چاوەڕێیان دەکرد و،
ژمارەیەك زیندانیش هێنرانە بەردەم دادگا؛ ئەمیش وەکو پیشەی هەمیشەیی خۆی بڕیاری
لەسەر ئەو دۆسێیانەی دەخرانە بەردەستی دا. کە ئەم کارەیشی تەواو بوو، دیسانەوە بۆ
سەرگەرمییە تایبەتەکەی خۆی چووە دەرەوە، بۆ راوکردن. ئەم جارەیش، سەرکەوتوو بوو؛
ئەم جارە بەو دەستانەی خۆی دەڵە شێرێکی کوشت و هەردوو پێچووەکەی گرت. لە پاش
راوەکە، دیسانەوە لەگەڵ هاوڕێکانی ئاهەنگی گێڕا و بە موزیك و سەماکە سەرگەرم بوو
و، شەوەکەیشی لەگەڵ ئەو ژنەی خۆشی دەویست رابوارد.
بەم شێوەیە کاتەکانی خۆیی بۆ ئەرکەکانی پاشایەتی و
سەرگەرمییەکانی دابەش کردبوو، رۆژ و هەفتەی بەسەر دەبرد و چاوەڕێی گەڕانەوەی ئەو
نێردراوانەی دەکرد کە ناردبوونییە لای ئەو پاشا ئەسەرحەدۆنەی جاران خۆی بووە. تا
مانگێك تێنەپەڕی نێردراوەکان نەگەڕانەوە، ئەو کاتەیشی کە گەڕانەوە لووت و گوێیان
بڕدرابوون.
پاشا ئەسەرحەدۆن فەرمانی پێدابوون بە لایلی رابگەیەنن کە
چیی بەسەر هێناون، بەسەر پاشا لایلی خۆیشی دەهێنرێت، مەگەر ئەوەی کە دەستبەجێ
دیارییەکی لە زیو و زێڕ و داری سەرووی بۆ بنێرێت و، خۆیشی بێت ئەدای رێز و ملکەچی
بۆ پاشا ئەسەرحەدۆن بنوێنێت،
لایلی، کە پێشتر ئەسەرحەدۆن بووە، جارێکی دیکە شازادەکانی
جەم کردەوە و کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ بەستن بۆ ئەوەی بزانن چی پێویستە بکرێت.
هەموویان تێکڕا و پێکەو ووتیان کە پێویستە شەڕ بەرانبەر ئەسەرحەدۆن بەرپا بکرێت،
بێ ئەوەی بوار بدەن ئەو هێرشیان بکاتە سەر. پاشا رەزامەندیی دا و، خۆیی لە نووکی
سوپادا دانا و کەوتنە رێ. رۆیشتنەکەیان حەوت رۆژی خایاند. هەموو رۆژێکیان پاشا بە
سواری و بە دەوری سوپاکەدا دەخولایەوە تاوەکو وورەی جەنگاوەرەکانی بەرز بکاتەوە.
بۆ رۆژی هەشتەم، سوپاکەیان لە دەشتێکی بەریندا کە روبارێکی پێدا تێدەپەڕی بە
سوپاکەی ئەسەرحەدۆن گەیشت. سوپاکەی لایلی ئازایانە دەجەنگان، بەڵام لایلی کە پێشتر
ئەسەرحەدۆن بووە، بینی کە دوژمن لە چیاکانەوە وەکو مێروو بە لێشاو دادەبەزن و
دەشتەکە دادەپۆشن و سوپاکەی ئەم نغرۆ دەکەن؛ ئینجا بە گالیسکە دووچەرخییەکەی خۆیی
گەیاندە چەقی جەنگەکە و پەلوپۆی دوژمنەکانی دەبڕی و دەکەوتن. بەڵام هێزەکەی لایلی
لە چەند سەد جەنگاوەرێك پتر نەبوون، لە کاتێکدا ئەوەی ئەسەرحەدۆن بە هەزاران
دەبوون؛ لایلی خۆی بریندار بوو و دەستگیر کرا. بۆ نۆ رۆژان و لەگەڵ دەستگیرکراونی
دیکەدا و بە کۆتکراوی و لەژێر پاسەوانیی جەنگاوەرانی ئەسەرحەدۆندا بە پێ رۆیشتن.
بۆ رۆژی دەیەم گەیشتنە نەینەوا و، خرایە ناو قەفەسێکەوە. لایلی زیاتر لە برسێتی و
برینەکەی ئازاری شەرمەزاری و تووڕەییی بێدەسەڵاتییەکەیی دەچەشت. هەستی بەوە دەکرد
چەند بێدەسەڵاتە و ناتوانێ تۆڵەی ئەو هەموو ئازارچەشتنەی لە دوژمنەکەی بکاتەوە.
تەنها شتێکی لەدەست بێت ئەوە بوو نەهێڵێت دوژمن بە بینینی ئازارەکانی ئەم خۆشحاڵ
ببێت و؛ بە زۆر خۆیی رادەگرت ئازایانە و بە بێ هیچ گازندەیەك بەرگەی هەموو ئەوەی
پێیان دەکرد بگرێت. بۆ بیست رۆژان لە قەفەسەکەدا دانیشت و چاوڕێی لەسێدارەدانی
خۆیی دەکرد. بە چاوی خۆی دەیبینی خزم و هاوڕێکانی بۆ کوشتن دەبرێنە دەرەوە؛ قیژەی
ئەوانەیشی دەبیست کە دەکوژران؛ هەندێکیان دەست و قاچیان دەپەڕێندرا و، هەندێکی
دیکەیشیان بە زیندوویی پێستیان لێ دەکرایەوە، لەگەڵ ئەوەشدا نە پەرێشانی و نە
بەزەیی و نە ترسیشی لە خۆی نیشان دەدا. بینی ژنە دڵخوازەکەی بە زنجیرکراوی و
لەلایەن دوو خواجەی رەشپێستەوە دەبرێت. دەیزانی وەکو کۆیلەیەك بۆ ئەسەرحەدۆن
دەبرێت. تەنانەت بۆ ئەمەیش بێ هیچ گازندەیەك بەرگەی گرت. بەڵام، یەکێك لە
پاسەوانەکان کە دانرابوو چاودێریی بکات پێی دەووت، "بەزەییم پێتدا دێتەوە
لایلی؛ جاران پاشا بوویت، بەڵام ئێستا چیت؟" کە گوێی لەم قسانە بوو، لایلی هەموو
ئەوانەی بە بیر هاتەوە کە لەدەستی دابوون. بە دەستی میلەکانی قەفەسەکی گرت و بە
ویستی ئەوەی خۆی بکوژێت، سەری خۆیی بە میلەکان دەکێشا. بەڵام هێزی بۆ ئەوەی تێدا
نەبوو و، لە نائومێدیدا حەسرەتی دەکێشا؛ بەر بووەوە سەر بناغەی قەفەسەکە.
دوا جار، دوو جەللاد دەرگای قەفەسەکەیان کردەوە و، قۆڵیان
لە پشتەوە بەست و، بردیانە جێگای تایبەتی لەسێدارەدان کە تەواو نەتڵی خوێن کرابوو.
لایلی شیشێکی تیژی بینی خوێنی لێ دەچۆڕا، هەر بەو شیشە تازە جەستەی یەکێك لە
هاوڕێکانی لەتوپەت کرابوو؛ وەها تێگەیشت کە رەنگە هەمان ئەو شیشە بۆ کوشتنی ئەمیش
بەکار بهێنرێت. جلوبەرگەکانیان لە بەر کردەوە. بەو جەستەیەی خۆی کە سەردەمانێك قۆز
و بەهێز بووە و ئێستاش وەها لەڕ و لاوازە حەپەسا. دوو جەللادەکە لە ئاست رانە
لاوازەکانییەوە هەڵیانگرت و بەرزیان کردەوە و لەوەدا بوون بە شیشەکەیدا بچەقێنن.
"ئەمە ئیتر مەرگ و لەناوچوونە!" لایلی وەهای بیر
دەکردەوە و، بڕیارەکەی خۆیی لە یاد چووەوە کە دەبێت ئارام و ئازایانە تا کۆتایی
خۆی رابگرێت، بۆیە گریا و دەپاڕایەوە بەڵکو بەزەییان پێدا بێتەوە. بەڵام کەس گوێی پێ
نەدا.
"بەڵام ناکرێت ئەمە وەها بێت،" لە بیری خۆیدا
دەیووت. "بێگومان من خەوتووم و، ئەمەیش خەونە دەیبینم." ئەزنەکێکی دا
هەستێتەوە و، بە راستی بە خەبەر هاتەوە و، بینی خۆی نە ئەسەرحەدۆنە و نە لایلی؛
بەڵام جۆرە ئاژەڵێکە. پێی سەیر بوو کە خۆی ئاژەڵێکە و، ئەوەیشی پێ سەیر بوو کە
پێشتر ئەمەی نەزانیوە.
لە دەشتێکدا بۆ خۆی دەلەوەڕا و، گیای ناسکی بە ددانەکەی
دەجوو و، بە کلکە درێژەکەی پاسە مێشولەی دەکرد. لە نزیکییەوە جاشەکەرێكی بە کەیفی
لاق درێژی رەنگ خۆڵەمێشیی تاریك بوو کە سەر پشتی تا خوارەوە هێڵێکی رەش بوو.
جاشەکە جووتەی دەوەشاند و بەو پەڕی خێراییەوە بەرەو لای ئەسەرحەدۆن غاری دەدا و، بە
قەپۆزە ناسك و بچوکەکەیەوە نەقیزەی ژێر سکی ئەمی دەدا و بۆ گوانی دەگەڕا و ئینجا
دۆزییەوە و ئارام بوو و لەسەر خۆی لێی دەمژی. ئەسەرحەدۆن تێگەیشت کە خۆی ماکەرێكە
و دایکی ئەو جاشەیە و، بەمەیش نە سەری سووڕ ما و نە خەمی لێ خوارد، بگرە چێژیشی لێ
وەردەگرت. دەیبینی کە ئەو جۆرە ژیانەی هەستێکی خۆش بە خۆی و بە بێچووەکەی دەدات.
بەڵام لە پڕێکدا، شتێك بە فیکە-دەنگێکەوە لە نزیکییەوە هات
و دای لە لایەکی لەشی و، بەو نووکە تیژەی چووە ناو پێست و گۆشتییەوە. هەستی بە
ئازارێکی سوتێنەر دەکرد، ئەسەرحەدۆن—کە لەو کاتەدا گوێدرێژێك بوو—گوانیی لە دەم
جاشەکە دەرهێنا و گوێیەکانی بۆ پشتەوە لارکردەوە و غاری دا بەرەو ئەو گەلەیەی لێی
دابڕابوو. جاشەکەش لە تەکیدا غاری دەدا. خەریك بوو دەگەیشتنە ئەو گەلە گوێدرێژەی کە
ئەوانیش دەستیان بە غاردان کردبوو، لەو کاتەدا تیرێکی فڕیوی دیکە دای لە ملی
جاشەکە. پێستی بڕی و چووە ناو گۆشتەوە. جاشەکە بەستەزمانانە گریا و لەسەر ئەژنۆ
دای بە عەرددا. ئەسەرحەدۆن نەیدەتوانی بەجێی بهێڵێت و، لەسەری راوەستا. جاشەکە
هەستایەوە و لاقە درێژ و باریکەکانی چوون بە یەکدا و جارێکی دیکە کەوتەوە. بوونەوەرێکی
دوولاقیی تۆقێنەر—پیاوێك—بە راکردن بۆی هات و قوڕگی بڕی.
"ناکرێت ئەمە وەها بێت؛ هێشتا هەر خەونە!"
ئەسەرحەدۆن وای بیر دەکردەوە و دوا هەوڵی خۆیی دا بە ئاگا بێتەوە. "بێگومان
من لایلی نیم؛ هەروەها کەرەکەش نیم و، هەر خۆمم، ئەسەرحەدۆن!"
قیڕاندی و، هەر لە هەمان ئەو کاتەدا سەری لەسەر حەوزەکە
بەرز کردەوە... پیرەمێردەکە لە لا تەنیشتییەوە وەستابوو و، دوا دڵۆپەکانی ئاوی ناو
دۆڵەکەکەیی بەسەر سەریدا دەکرد.
"ئای، چەند ناخۆشیم چەشت! چ ماوەیەکی زۆریشی
خایاند!" ئەسەرحەدۆن ووتی.
"ماوەیەکی زۆر؟" پیرەمیردەکە وەڵامی دایەوە،
"ئێوە تەنها سەرتان خستە ژیر ئاوەکە و دووبارە بەرزتان کردەوە؛ دەبینی، هێشتا
گشت ئاوی ناو دۆڵەکە نەڕژاوە. ئێستا تێ دەگەن؟"
ئەسەرحەدۆن هیچ وەڵامێکی نەدایەوە، تەنها ئەوە نەبێت بە
ترسێکەوە تەماشایەکی پیرەمێردەکەی کرد.
پیرەمێردەکە درێژەی بە قسەکەی دا، "ئایا ئێستا تێ
دەگەن کە لایلی تۆیە و ئەو جەنگاوەرانەیشی بە کوشتت دان هەر خۆتن؟ نەك تەنها هەر
جەنگاوەرەکان، بەڵکو ئەو گیاندانەیشی کە لە شکاردا سەرت دەبڕین و لە ئاهەنگەکانتدا
دەتخواردن هەر خۆت بوون. ئێوە واتان دەزانی کە تەنها ژیانتان لە ناخدا هەیە، بەڵام
من پەردەم لەسەر ئەو خەیاڵەتان لادا و، وەهام لێتان کرد ببینن کە ئەو کارە
خراپانەی بەرانبەر بە کەسانی دیکە ئەنجامتان داون بە هەمان شێوە بەرانبەر خۆتان
کردووتانن. ژیان یەکێکە لەناو هەموویاندا و، ژیانی تۆش تەنها بەشێکی ئەو ژیانە
هاوبەشەیە. تەنها ئەو بەشەی ژیانیشە کە هی تۆیە و خۆت دەتوانی وای لێ بکەیت ژیانێکی
باش بێت یان خراپ، ژیانێکی درێژ بێت یان کورت. ئێوە تەنها دەتوانن ژیان لە خۆتاندا
باشتر بکەن، ئەویش بە تێکشکاندنی ئەو بەربەستانەی ژیانی ئێوە لە ژیانی کەسانی دیکە
جیا دەکەنەوە و، هەروەها بەوەی ژیانی کەسانی دیکە وەکو ژیانی خۆتان رەچاو بکەن و،
خۆشتان بوێن. بەم کارانە بەشی خۆتان لە ژیان زیاد دەکەن. ئێوە ژیانی خۆتان بریندار
دەکەن ئەگەر بێت و بە تاقی تەنیا بیر لە ژیانی خۆتان بکەنەوە و، ئەگەر هەوڵ بدەن
لەسەر حیسابی ژیانی کەسانی دیکە ژیانی خۆتان خۆشتر بکەن. بەم کارانەش تەنها لە
ژیانی خۆتان کەم دەکەنەوە. لەناوبردنی ئەو ژیانەی لەلای کەسانی دیکەدایە بەدەر لە
توانای ئێوەیە. ژیانی ئەو کەسانەی ئێوە کوشتیانتانن لەبەر چاوی ئێوە نەماون،
ئەگینا لەناو نەچوون. وەهاتان بیر دەکردەوە کە بە بڕینی ژیانی کەسانی دیکە ژیانی
خۆتان درێژ بکەنەوە، بەڵام ئێوە ناتوانن ئەمە ئەنجام بدەن. ژیان نە کات دەزانێت،
نە شوێن. ژیانی ساتێك و ژیانی هەزاران ساڵ، ژیانی ئێوە و ژیانی هەموو ئەو گیاندارە
بینراو و نەبینراوانەی جیهان، هەموویان وەکو یەك یەکسانن. ئەستەمە بتوانن ژیان
لەناو بەرن یان، ژیان بگۆڕن؛ چونکە ژیان شتێکە بوونی هەر هەیە. بەڵام گشت شتەکانی
دیکە، تەنها لە چاوی ئێمەدا وا دیارە کە هەبن."
پیرەمێردەکە ئەمەی ووت
و بزر بوو.
بۆ بەیانییەکەی پاشا
ئەسەرحەدۆن فەرمانی دا لایلی و گشت بەندکراوانی دیکە دەبێت ئازاد بکرێن و
لەسێدارەدانەکانیش رابگیرێن.
بۆ رۆژی سێیەم
ئاشوربانیپاڵی کوڕیی بانگ کرد و، پاشایەتییەکەیی پێ سپارد و، خۆیشی رووی کردە
بیابان بۆ بیرکردنەوە لە هەموو ئەو شتانەی فێری بووبوون. پاشان ئەم شار بۆ ئەو شار
و ئەم گوند بۆ ئەو گوند دەگەڕا وتاری پێشکەش بە خەڵك دەکرد سەبارەت بەوەی کە ژیان
یەکە و، کاتێك مرۆڤ دەیەوێت ئازاری کەسانی دیکە بدات، ئەوا خراپە بەرانبەر بە
خۆیان ئەنجام دەدەن.

No comments:
Post a Comment