ژمارەیەك لە نۆڤلێت و چیرۆکەکانی نوسەری گەورەی رووسیا کە لە زمانی ئینگلیزییەوە کردوومن بە کوردی

Monday, October 4, 2021

ئێجگار ئازیز!

 

ئێجگار ئازیز!

 


ئێجگار ئازیز!

(١٨٩٧)

(لیۆ تۆلستۆی لە چیرۆکێکی گای دو مۆپاسانت وەریگرتووە)

لە ئینگلیزییەوە بۆ کوردی: ئاکۆ محەمەد

 

 لە نزیك سنورەکانی فەرەنسا و ئیتالیا و لەسەر کەنارەکانی دەریای ناوەڕاست شانشینێکی بچۆڵانە هەیە پێی دەووترێت مۆناکۆ. زۆر شارەدێی بچوکی دوورەدەست رەنگە لەم شانشینە دانیشتوانی زیاتری هەبێت، چونکە وەك باس دەکرێت بە هەموویانەوە تەنها حەوت هەزارن و ئەگەر خاکی شانشینەکەیان بەسەردا دابەش بکرێت، ئەوا یەکی فەدانێکیشیان ناکەوێت. بەڵام ئەم شانشینە بچکۆلانەیە خاوەن پاشاکۆکێکی راستەقینەیە و، کۆشکێك و خزمەتکاران و وەزیران و سەرقەشەیەکی تایبەت بە خۆی هەیە و، هەروەها سوپایەك و چەندین جێنەڕاڵیش.

 ئەم سوپایە سوپایەکی گەورە نییە؛ بە هەمووی تەنها شەست پیاوی هەیە و لەگەڵ ئەمەشدا هێشتا هەر سوپایەکە بۆ خۆی. لەم شانشینەدا وەکو هەر جێگایەکی دیکە باج و خەراجی تایبەتیان هەیە وەکو: باجی توتن و باجی شەراب و خواردنەوە رۆحییەکان و باجی سەرانەش. لەگەڵ ئەوەشدا، خەڵکی ئەوێ هەر وەکو خەڵکی وڵاتانی دیکە دەخۆنەوە و جگەرە دەکێشن، بۆیە ئەو داهاتانە زۆر کەم دەبوون بۆ پاشا تا بتوانێت خزمەتکاران و کاربەدەستانی خۆیی پێ تێر بکات و خۆیی پێ بپارێزێت، ئەگەر هاتبا و رێگایەکی نوێ و تایبەتی بۆ سەرچاوەی داهات نەدۆزیبایەتەوە. داهاتی ئەم رێگا تایبەتە لە خانەیەکی قومارەوە دێت کە تێیدا خەڵك یاری قوماری رۆلێت دەکەن. خەڵك یاری دەکەن و چ بیبەنەوە و چ بدۆڕێن، خاوەنەکەی لە هەر دەستێکدا رێژەیەکی بۆ خۆی دەبێت و؛ لە بەشە قازانجی خۆی بڕێکی باشیش بە پاشا دەدات. هۆکاری ئەوەیشی ئەم بڕە زۆرەش دەدات ئەوەیە کە ئەمە تەنها دامەزراوەیەکی قومارکردنە لە ئەوروپادا مابێتەوە. هەندێ لە دەسەڵاتدارە سەربەخۆ بچوکەکانی ئەڵمانیا لەم جۆرە خانانەی قومارکردنیان تێدا پارێزرا بوون، بەڵام لە چەند ساڵی رابردوودا ئەوانیش قەدەغە کران. هۆکاری ئەوەی ناچار بە داخستن کران ئەوە بوو چونکە ئەم خانانەی قومارکردن زیانی زۆریان دەگەیاند. هەر کەسێك دەتوانێت بێت و بەختی خۆی تاقی بکاتەوە، ئینجا هەر چییەکی هەبێت دەیخاتە مەترسییەوە و دەیدۆڕێنێت، ئینجا گرەو لەسەر ئەو پارەیە دەکات کە هی خۆی نییە و ئەویش دەدۆڕێنێت و، دواجار لە خەفەتاندا خۆی دەخنکێنێت یان فیشەکێك بە خۆیەوە دەنێت. بۆیە ئەڵمانەکان دەسەڵاتدارانی خۆیانیان ناچار کرد دەست هەڵبگرن لەم جۆرە پارە کۆکردنەوەیە؛ بەڵام کەس نەبوو پاشای مۆناکۆ رابگرێت و، هەر خۆی بە پاوانکردنی ئەم کارە مایەوە.

بۆیە لە ئێستادا هەر کەسێك بیەوێت قومار بکات دەچێت بۆ مۆناکۆ. ببەنەوە یان بدۆڕێن، لە قازانجی پاشایە. وەکو ئەو پەندە دەڵێت، 'تۆ ناتوانیت بە کاری پاك کۆشکی بەردین ببەیتەوە' و؛ ئەو پاشاکۆکەی مۆناکۆش دەزانێت کارێکی پیسە، بەڵام چی بکات؟ خۆ دەبێت بژیت و، خۆ دەرهێنانی داهات لە خواردنەوە و توتنیشدا شتێکی جوان نییە. بەم شیوەیە دەژیت و حوکم دەکات و پارەیەکی زۆر کۆدەکاتەوە و، دادگای خۆی دەپارێزێت و لە سازدانی هەموو بۆنەیەكدا وەکو پاشایەکی راستەقینە خۆی دەردەخات.

ئاهەنگی تاج و پاشایەتی و رێوڕەسمی پێشوازیکردنی تایبەتی خۆی هەیە و، خەڵات دەبەخشێتەوە و سزا دەدات و لێخۆشبوون دەردەکات و، هەروەها دەستەی پێداچوونەوە و ئەنجومەن و یاسا و دادگای خۆی هەیە بۆ بەرجەستەکردنی دادپەروەری؛ ئەمەیش وەکو هەموو پاشایەکی دیکە، بەڵام هەموو ئەمانە بە قەبارەی بچوك بچوك.

ئینجا چەند ساڵێك لەمەوبەر وەها روویدا لەژێر دەسەلاتی ئەم پاشایەدا تاوانێكی پیاوکوشتن ئەنجام درا. خەڵکی ئەم شانشینییە خەڵکانی ئاشتیخوازن و، شتی لەم جۆرە پێشتر تێیاندا رووینەدابوو. دادوەرەکان بە رێوڕەسم و بێنەوبەردەیەکی زۆرەوە کۆبوونەوە و کەیسەکەیان بە دادوەرانەترین شێوە دادگایی کرد. لەوێدا دادوەران و داواکارانی گشتی و دەستەی سوێندخۆران و پارێزەرانی تێدا بوو. تاوتوێیان دەکرد و حوکمیان دەردەکرد و، لە کۆتاییدا تاوانبارەکەیان بە پەڕاندنی سەر مەحکوم کرد، چونکە یاسا وەها فەرمان دەکات.  تا ئێرە بە باشی رۆیشت. ئینجا دواتر، حوکمەکەیان خستە بەردەم پاشا. پاشا حوکمەکەی خوێندەوە و پەسەندی کرد. "ئەگەر پێویست بکات کۆتایی بە ژیانی بهێنرێت، ئەوا کۆتایی بە ژیانی بهێنن."

بابەتەکە تەنها یەك گرفتی تێدا مایەوە و، ئەویش ئەوە بوو نە تیغی سەرپەڕاندنیان هەبوو و نە جەلادێکی جێبەجێکاریش. وەزیرەکان مشورێکیان لە بابەتەکە خوارد و، بڕیاریان دا داواکارییەك ئاراستەی حکومەتی فەرەنسا بکەن، داخۆ فەرەنسییەکان ناتوانن ئامێرێك و شارەزایەکیان بدەنێ بۆ پەڕاندنی سەری تاوانبارەکە و، ئەگەریش دەیاندەنێ، ئایا فەرەنسییەکان پێیان دەفەرموون چەندی تێ دەچێت. نامەی ئەمە نێردرا. هەفتەیەك دواتر وەڵامەکەی گەڕایەوە: دەتوانرێت ئامێرێك و شارەزایەك دابین بکرێت و هەروەها بڕی ١٦،٠٠٠ فرانکی تێدەچێت. ئەمە خرایە بەردەم پاشا. بیری لێکردەوە. شازدە هەزار فرانك! ئینجا ووتی، "ئەو کەساسە ئەو پارەیە ناهێنێت. ناکرێت بە جۆرێکی وەها ئەنجام بدرێت هەرزان راوەستێت؟ بۆچی، چونکە ١٦،٠٠٠ فرانك لە هەر سەری دوو فرانك زیاترە ئەگەر بەسەر دانیشتواندا دابەش بکرێت. خەڵك ئەمەی پێ قەبوڵ ناکرێت و، لەوانەیە ببێتە هۆی گرژی و ئاژاوە!"

بۆیە، ئەنجومەنێك بانگهێشت کرا بۆ ئەوەی بیرێکی لێ بکاتەوە چی بکرێت و، بڕیاریان دا بەوەی کە داواکارییەکی هاوشێوە رەوانەی پاشای ئیتالیا بکەن. حکومەتی فەرەنسا حکومەتێکی کۆمارییە و، رێزێکی دروستی بۆ پاشاکان نییە؛ بەڵام پاشای ئیتالیا برایەکی پاشایەتییە و، رەنگە قایل بێت کارەکە هەرزانتر ئەنجام بدات. بۆیە، نامەکە نوسراو و، وەلامێکی خێرا وەرگیرایەوە.

حکومەتی ئیتالیا نوسیبوویان کە بە خۆشحاڵییەوە هەم ئامێرەکە و هەم شارەزاکەیشیان بۆ دابین دەکەن و، هەموویشی ١٢،٠٠٠ فرانکی تێدەچێت، بە تێچووی هاتوچوونیشەوە. ئەمەیان هەرزانترە بەڵام هێشتا هەر بڕێکی زۆر دیار بوو. بە راستی ئەو بیژییە ئەو پارەیەی نەدەهێنا. هێشتا مانای وایە کە دەکاتە نزیکەی دوو فرانك بۆ هەر سەرێك کە دەکەوێتە سەر باج و سەرانەکان. ئەنجومەنێکی دیکەی بۆ گیرا. تاوتوێ و بیریان لێ کردەوە چۆن دەکرێت بە خەرجییەکی کەمتر ئەنجام بدرێت. ناکرێت یەکێك لە سەربازەکان پەیدا بکرێت و کارەکە بە زەبری و بە شێوەیەکی خۆمانی ئەنجام بدات؟  بانگهێشتی جێنەراڵەکە کرا و لێی پرسرا: "ناتوانیت سەربازێکمان بۆ پەیدا بکەیت بتوانێت سەری کابرا بپەڕێنێت؟ ئەوان لە شەڕدا باکیان بە کوشتنی خەڵك نییە. لە راستیدا ئەوان بۆ ئەم کارە راهێنراون." دواتر جێنەراڵەکە ئەمەی لەگەڵ سەربازەکاندا باس کرد تاوەکو بزانێت داخۆ کەسێکیان کارەکە ئەنجام نادات. بەڵام هیچکام لە سەربازەکان نەیاندەکرد. ووتیان: " نەخێر، ئێمە نازانین ئەو کارە چۆن ئەنجام دەدرێت؛ هیچ لەبارەی ئەو کارەوە فێر نەکراوین."

ئینجا دەبوو چی کرابا؟ دیسانەوە وەزیرەکان پرسەکەیان تاوتوێ کردەوە و کردەوە. کۆمیسیۆنێك و لێژنەیەك و لقە لیژنەیەکیان پێکهێنا و، ئینجا لە کۆتاییدا وەهایان بڕیار دا کە سزای مەرگەکە بگۆڕن بۆ بەندکردنی هەتاهەتایی. ئەمەیش هەم دەتوانێت بەزەیی پاشا نیشان بدات و هەمیش هەرزانتر رادەوەستێت.

پاشا رەزامەندی خۆیی لەسەر ئەمە دا و، پرسەکە بەم شێوەیە رێکخرا. تەنها کێشەیەك ئەوە بوو کە زیندانێکی گونجاوی وەهایان نەبوو پیاوێك بۆ تەواوی ژیانی تێیدا بەند بکرێت. ژوورێکی بەندکردنی بچوکیان هەبوو کە جاروبار خەڵکیان بۆ ماوەیەکی کاتی تێدا راگیر دەکرد، بەڵام زیندانێکی وەها بەهێزیان نەبوو بۆ بەکارهێنانی هەمیشەیی بشێت. لەگەڵ ئەوەشدا، جێگایەکیان دۆزییە ئەم کاریان بۆ بکات و، کابرایان تێ ئاخنی و پاسەوانێکیان بە دیارەوە دانا. پاسەوانەکە دەبوو چاودێری تاوانبارەکە بکات و، لە هەمان کاتیشدا دەبوو خواردنی لە ناندینی کۆشکەکەوە بۆ بهێنێت.

زیندانییەکە مانگ دوای مانگ لەوێدا مایەوە تاوەکو ساڵێك تێپەڕی. بەڵام دوای تێپەڕینی ساڵێك و کاتێك پاشاکۆکە رۆژێکیان چاوێکی بە داهات و خەرجییەکانیدا خشاند، تێبینیی بڕگەیەکی نوێی کرد لە خەرجییەکاندا. ئەمەیش تایبەت بوو بە بەندکردنی تاوانبارەکە، لەگەڵ ئەوەشدا بە بڕێکی کەم نەبوو. پاسەوانێکی تایبەتی هەبوو و هەروەها خەرجیی خواردنی کابراش دەدرا. بە سەر یەکەوە لە ساڵێکدا لە ٦٠٠ فرانك پتر کەوتبوو. لە هەمووشی خراپتر ئەوە بوو کە کابرا هێشتا گەنج و تەندروست بوو و، لەوانە بوو بۆ پەنجا ساڵی دیکە بژیت. بەڵام کاتێك بێیت و ئەمە لێکبدەیتەوە، بە راستی بۆ خۆی پرسێکی گرنگ بوو. نەدەکرا وەهاش بڕوات. بۆیە پاشا وەزیرەکانی کۆکردنەوە و پێی ووتن:

"پێویستە رێگەیەکی هەرزانتر بۆ چارەکردنی ئەم چەپەڵە بدۆزنەوە. ئەم پلانەی ئێستا زۆر گران و پڕ خەرج دەکەوێتەوە." وەزیرەکان کۆبوونەوە و تاوتوێیان کرد و کردەوە، تا ئەوەی یەکێکیان ووتی: "بەڕێزینە، بە بۆچوونی من پێویست دەکات پاسەوانەکە ئیزن بدەین و لەسەر کارەکەی نەهێڵین." وەزیرێکی دیکە دەمی کردەوە و ووتی: "بەس دوایی، کابرا خۆ هەڵدێت." ئەوەی یەکەم ووتی: "جا چییە، با هەڵبێت. کێشەی خۆیەتی و خۆی خۆی هەڵبواسێت!" بەم شێوەیە هاتن و راوێژەکانی خۆیانیان بە پاشاکۆکە ووت و، ئەویش رەزامەندیی لەسەر دا. پاسەوانەکە دەرکرا و، چاوەڕێیان کرد ببینن چی روودەدات. هەموو ئەوەی کە رووی دا ئەو بوو لە کاتی شامدا، تاوانبارەکە هاتە دەرەوە و بینی هیچ پاسەوانێکی لێ نییە و لێیدا چوو بۆ ناندینەکەی پاشا ژەمەکەی خۆی بهێنێت. ئەوەی پێی درا هەڵیگرت و گەڕایەوە زیندانەکەی و دەرگاکەی داخست و خۆی لە ژوورەوە پەستا. رۆژی دواتر هەمان شت روویدایەوە. لە کاتی خۆیدا چوو ژەمەکەی خۆیی هێنا؛ بەڵام سەبارەت بە هەڵهاتن، هیچ ئاماژەیەکی لەو بارەوە هەر نیشان نەدا! ئێستا دەبوو چی بکرێت؟ جارێکی دیکە لە بابەتەکەیان کۆڵیەوە.

لە نێوان خۆیاندا ووتیان: "پێویستە راستەوخۆ پێی بڵێین کە نامانەوێت رایبگرین." لەسەر ئەم قسەیەش، وەزیری داد کابرای بانگ کردە لای خۆی.

وەزیر پێی ووت: "بۆچی راناکەیت؟ خۆ هیچ پاسەوانێکی لێ نییە پاسەوانیت بکات. دەتوانیت بۆ هەر کوێ ئارەزووی دەکەیت بچیت و، پاشاش باکی پێی نییە."

کابرا وەڵامی دایە، "خۆ دەزانم پاشا باکی پێی نییە، بەڵام هیچ جێیەکم نییە بۆی بچم. دەتوانم چی بکەم؟ ئێوە بەو حوکمەتان کەسایەتی منتان نابووت کرد و، خەڵکی پشتم تێ دەکەن. سەرەڕای ئەوەش، ئیتر لەسەر رێی کارکردنیشدا نەماوم. ئێوە بە خراپی مامەڵەتان لەگەڵدا کردم. ئەمە هیچ رەوا نییە. لە جێی یەکەمدا، کاتێك کە بە مەرگ مەحکومتان کردم، دەبوو کۆتاییتان بە ژیانم هێنابا، بەڵام ئێوە واتان نەکرد. ئەوەش شتێکە من گازندەی لەبارەوە ناکەم. ئەوجا مەحکومتان کردم بە بەندکردنی هەتاهەتایی و پاسەوانێکتان دانا نانەکەمم بۆ بهێنێت، بەڵام پاش ماوەیەك ئەوتان لادا و ناچار بووم خۆم بچم خواردنکەم بهێنم. بۆ ئەوەش هیچ گلەییم نەکرد. بەڵام ئەوەی کە ئێستا بە راستی دەتانەوێت سەری خۆم هەڵگرم و بڕۆم! ناتوانم بەوە رازی ببم. ئێوە دەتوانن هەرچیتان پێخۆش بێت بیکەن، بەڵام من بۆ هیچکوێ رۆیشتوو نیم!"

دەبوو چی کرابا؟ جارێکی دیکە ئەنجومەنەکە کۆبوونەوە. دەیانتوانی چی بڵێن؟ کابرا نایەوێت بڕوات. بابەتەکەیان لێکدایەوە و قسەیان لەسەر کرد. تەنها رێگەیەك بۆ ئەوەی لە دەستی قوتار بن ئەوە بوو مووچەیەکی پێشکەش بکەن. پێشنیارەکەیان بەم شێوەیە بە پاشا گەیاند. ووتیان، "هیچ دیکەی لەگەڵدا ناکرێت. پێویستە بە هەر جۆرێك بێت لە کۆڵ خۆمانی بکەینەوە." بڕی مووچەکە بە ٦٠٠ فرانك دانرا و، ئەمەش بە زیندانییەکە راگەیەنرا.

"باشە، کەواتە،" وای پێ ووتن، "قەیدی ناکات، ئەگەر بە رێکوپێکی پێم بدەن. بەم مەرجە، ئەوا ئامادەم بڕۆم."

بەم شێوەیە کێشەکە چارە کرا. سێیەکی مووچەی ساڵانەی وەك پێشەکی وەرگرت و، ناوچەی دەسەڵاتی پاشای بەجێ هێشت. رێگاکەی بە شەمەندەفەر تەنها چارەکە کاتژمێرێك دەبوو و، پێچایەوە و کۆچی کرد و، رێك لەوبەری سنورەوە دامەزرا؛ لەوێ پارچەیەك زەویی کڕی و کردییە بێستان و دەستی کردە فرۆشتنی بەروبوومەکەی و، ئیستاش بە ئاسوودەیی دەژیا. هەمیشە لە کاتی خۆیدا دەچێت و مووچەکەی رادەکێشێت. کە وەریشیگرت، خۆی دەگەیەنێتە مێزی قومارکردن و دوو سێ فرانك دەخاتە گرەوەوە و هەندێ جار دەیباتەوە و هەندێ جاریش دەیدۆڕێنێت و، ئینجا دەگەڕێتەوە ماڵەوە. ژیانێکی پڕ و ئاشتی و پڕ خۆشی دەباتە سەر.

باش بۆی کەوتەوە کە تاوانەکەی لە وەڵاتێکدا ئەنجام نەدا خەمی تێچووی پەڕاندنی سەر کابرایەكیان بێت، یان بۆ هەتاهەتایە لە زیندانی بپەستێنێنن.

No comments:

Post a Comment

ئەسەرحەدۆن، پاشای ئاشور

  ئەسەرحەدۆن، پاشای ئاشور     ئەسەرحەدۆن، پاشای ئاشور   لیۆ تۆلستۆی (١٩٠٣) لە ئینگلیزییەوە بۆ کوردی: ئاکۆ محەمەد   (لەم چیرۆ...