ژمارەیەك لە نۆڤلێت و چیرۆکەکانی نوسەری گەورەی رووسیا کە لە زمانی ئینگلیزییەوە کردوومن بە کوردی

Monday, October 4, 2021

خەونەکەم

 خەونەکەم



 

خەونەکەم

لیۆ تۆلستۆی

لە ئینگلیزییەوە بۆ کوردی: ئاکۆ محەمەد

 

یەکەم

"وەکو کچی من ئیتر لە ریزی نەبوودایە. تێناگەیت؟ ئەو ئیتر بوونی نییە. لەگەڵ ئەوەشدا، ناتوانم لێبگەڕێم بکەوێتە بەر بەزەییی کەسانی بێگانە و نەناسراو. وەهای بۆ رێکدەخەم بتوانێت وەکو ئەوەی پێی خۆشە بۆ خۆی بژیت، بەڵام حەزم لێ نییە هیچ هەواڵێکی ببیستم. کێ تەنانەت ئەوەی بە بیردا دەهات... ئەو ترسەی، ئەو ترسەی."

شانەکانی کرژ کردەوە و سەری راوەشاند و چاوی هەڵهێنا. ئەمانە قسەی شازادە میهاییل ئیڤانۆڤیچی پارێزگاری هەرێمی روسیای ناوەندی بوون بۆ پیتەری برای. شازادە پیتەر پیاوێکی پەنجا ساڵە و میهاییلیش دە ساڵ لەو گەنجتر بوو.

لەگەڵ زانینی ئەوەی کچەکەی کە ساڵی رابردوو ماڵی بەجێهێشتبوو و ئێستا لەگەڵ منداڵەکەیدا دەژیت، برای گەورەتر لە سانت بیترسبۆرگەوە هاتبووە ئەو شارۆچکەیەی هەرێمەکە کە ئەو گفتوگۆیەی سەرەوەی تێدا ئەنجام درا.

شازادە میهاییل ئیڤانۆڤیچ پیاوێکی باڵابەرزی جوانی مووسپیی روخسار گەش بوو و لە رواڵەت و هەڵسوکەوتدا کەسێکی بەشەوکەت و لەبەردڵان بوو. خێزانەکەی پێکهاتبوون لە ڤولگاری هاوسەری، ژنێکی کەمحەوسەڵە بوو کە لە سەر هەموو شتێك بچوك بەردەوام لەگەڵیدا بەشەڕ دەهات، کوڕێکی بەکەڵك هیچ نەهاتووی دەستبڵاوی داوێنپیس کە لەگەڵ ئەوەشدا بە رێساکانی باوکی "جێنتڵمانێکە" بۆ خۆی و، هەروەها دوو کچ، گەورەکەیان بە باشی و رێکوپێکی مێردی کردووە و لە سانت پیترسبۆرگ دەژیت، ئەوی دیکەیان کە ناوی لیزایە، کچە دڵخوازەکەی باوکێتی و ساڵێك لەمەوبەر لە ماڵ چووەتە دەرەوە و دیار نەماوە. تەنها ماوەیەکی کەمیك لەمەوبەر لەگەڵ منداڵەکەیدا لە شارۆچکەیەکی هەرێمەکەدا دۆزیویەتەوە.  

شازادە پیتەر دەیویست لە براکەی بپرێست کە چۆن و لە چ بارودۆخێکدا لیزا ماڵی بەجێهێشتووە و داخۆ باوکی منداڵەکەی کێیە. بەڵام نەیدەتوانی ئاوەزی خۆی بۆ ئەم پرسینە کۆبکاتەوە.

هەر ئەو بەیانییە ژنەکەی پیتەر دەیویست لەگەڵ شووبراکەیدا دەردەدل بکات، شازادە پیتەر روخسارێکی پڕ ئازاری لە دەموچاوی براکەیدا بەدی کرد. ئەو روخسارەی یەکسەر بە دەربڕینێکی شکۆمەندانەی وەها رووپۆش کرد دەستی کەس نەکەوێت و،  ئیتر دەستی کردە پرسیارکردن لەبارەی شوقەکەی و ئەو کرێیەی لەبریدا دەیدات. لەسەر خوانی نێوەڕۆدا و، لەبەردەم خێزانەکەی و میوانەکاندا، میهاییل وەکو هەمیشەی دەستی بە نوکتەکردن و گاڵتەپێکردن کرد. بەرانبەر بە هەموویان، جگە لە منداڵەکان کە لەگەڵ ئەواندا بە نەرمییەکی پڕ لە رێزەوە مامەڵەی دەکرد، ئیتر هەڵسوکەوتەکەی ئەوپەڕی لووتبەرزانە بوو. لەگەڵ ئەوەیشدا زۆر بە لایەوە ئاسایی بوو کە هەموو کەسێك بە هەر جۆرێك بێت لەگەڵ ئەو مافی خۆبەزلزانینەی ئاشنا بووە.  

بۆ ئێوارە براکەی وەهای رێکخست گەمەیەکی وەرەقانی لەگەڵدا بکات. کە لێبووەوە و چووە ئەو ژوورەی بۆی ئامادە کرابوو و، دەستی برد تاقمە ددانەکەی دەربهێنێت، یەکێك بە دوو پەنجە و لەسەر خۆی لە دەرگاکەی دا.

"ئەوە کێیە؟"

"خۆمم، میهاییل."

شازادە میهاییل ئیڤانۆڤیچ، دەنگی براژنەکەیی ناسییەوە، رووی مۆن بوو، ددانەکانی دانایەوە و، بە خۆیی ووت، "ئەوە چی دەوێت؟" و ئینجا بە دەنگی بەرز پێی ووت، "وەرە ژوورەوە."

براژنەکەی بوونەوەرێکی بێدەنگ و ئارام بوو کە لەخۆبەدەستەوەدانی بۆ ویستەکانی مێردەکەی پشتی چەمابووەوە. بەلای زۆرێکەوە کەسێکی راڕایە و، هەندێ کەسیش نەدەسڵەمینەوە لەوەی بە شێتی بانگ بکەن. ئافرەتێکی جوان بوو، بەڵام هەرگیز قژی بە جوانی دانەدەهێنا و بۆ خۆیشی هەمیشە ناڕێك و خەیاڵپڵاو بوو. هەروەها لە هەموویشی سەیرتر ئەوە بوو کە بیرۆکەی ئەوپەڕی نائەرستۆکراتیی هەبوون کە بە هیچ شێویەك بۆ ژنی کاربەدەستێکی باڵا نەدەشیان. بە شێوەیەکی پێشبینینەکراو ئەم بیرۆکانەشی دەتەقاند بە هەموو کەسێکدا، چی هاوڕێکانی خۆی و بگرە پتریش بە هاوڕێکانی مێردەکەی.

"دەتوانی رەوانەم بکەیتەوە، بەڵام من بۆ هیچکوێ ناچم تا سەرەتا پێت نەڵێم،" بەو رەفتار و شێوازە بێباکییەی خۆییەوە لەگەڵیدا دەستی بە قسە کرد.

"بۆ خاتری خوا،" شووبراکەی وەکو خووی خۆی تا رادەیەك زیاد لە پێویست بەڕەوشتەوە وەڵامی دایەوە و، کورسییەکیی بۆ هێنایە پێشەوە.

"خۆ بێزارتان ناکەم؟" لێی پرسی و جگەرەیەکی دەرهێنا. "مەبەستم نییە هیچ شتێکی ناخۆشتان پێ بڵێم، میهاییل. تەنها دەمویست شتێکتان بۆ باس بکەم لەبارەی لیزۆشکاوە."

میهاییل ئیڤانۆڤیچ ئاهێکی هەڵکێشا، ئەو قسەیە زۆر بەئازار بوو بۆی؛ بەڵام یەکسەر خۆیی کۆنترۆڵ کرد و بە بزەیەکی ماندووانە وەڵامی دایەوە.  "گفتوگۆکەمان دەکرێت تەنها لەسەر یەك بابەت بێت و، ئەو بابەتەش هەر ئەوە دەبێت تۆ حەز دەکەیت باسی لەبارەوە بکەین." بە بێ ئەوەی تەماشای بکات و ناوی بابەتەکە بهێنێت قسەی لەگەڵدا دەکرد. بەڵام براژنە خرپنە جوانکیلەکەی هیچ تەریق نەبووەوە؛ بەو چاوە شینانە و بە نیگایەکی میهرەبان و داماوانە بەردەوام بوو لە تەماشاکردنی، تەنانەت قووڵتریش ئاهی هەڵدەکێشا.

 "میهاییلی ئازیز، بەزەییت پێیدا بێتەوە. ئەویش تەنها مرۆڤێکە."

میهاییل بە زەردەخەنەیەکی تاڵەوە پێی ووت، "گومانم لەوە نییە."

"ئەو کچی تۆیە."

"ئەو کچی من بوو؛ بەڵام ئایلین، ئازیزم، بۆچی لەوبارەوە قسە بکەین؟"

"میهاییل، بەقوربان ناتەوێت چاوت پێی بکەوێت؟ تەنها دەمویست بڵێم کە ئەو کەسەی پێویستە سەرزەنشت بکرێت—"

شازادە میهاییل ئیڤانۆڤیچ سوور هەڵگەڕا و دەموچاوی گرژ بوو.

"بۆ خاتری خوا با بەس بێت. بە ئەندازی پێویست دەردی خۆمم چەشتووە. ئێستاش تەنها یەك ئارەزووم هەیە و، ئەویش ئەوەیە کە بیخەمە بارودۆخێکی وەهاوە پشت بە کەس نەبەستێت و، چیدیکە پێویستیی بەوە نەبێت پەیوەندیم پێوە بکات. ئەوکات دەتوانێت بۆ خۆی بژیت و، ئێمەش بۆ خۆمان و هەروەها پێوستم بەوە نییە هیچی لەبارەوە بزانم. ئەوە هەموو شتێکە بتوانم بیکەم."

"میهاییل، تۆ هیچ ناڵێیت جگە لە من! ئەویش هەر منە."

"بێگومان؛ بەڵام ئایلین بە قوربانت بم، تکایە با واز لەو بابەتە بهێنین. من پێموایە بابەتێکی زۆر قووڵە."

ئالێکساندرا دیمیتریڤنا بۆ چەند ساتێك دەنگی نەکرد و سەری راوەشاند.

"ئەی ماشای هاوسەرت، ئەویش هەر وەکو تۆ بیر دەکاتەوە؟"

"بەڵێ، کتومت."

ئالێکساندرا دیمیتریڤنا دەنگێکی سەرسووڕمانی لەخۆی دەرکرد.

"با هیچی دیکەی لەبارەوە باس نەکەین و شەو شاد،" مهیاییل پێی ووت. بەڵام ئەو هەر نەڕۆیشت. بۆ ساتێك بە بێدەنگی راوەستا. ئینجا ووتی، "پیتەر پێی ووتووم کە دەتانەوێت پارەکە لەلای ئەو ئافرەتە بەجێ بهێڵن کە ئەوی لەلا دەژیت. ناونیشانی جێگاکەییت لەلا هەیە؟"

"بەڵێ هەمە."

"مەیدە بەو ئافرەتە، میهاییل! خۆت بڕۆ. تەنها بزانە کچەکەت چۆن دەژیت. ئەگەر ناتەوێت بیبینیت، قەیدی نییە و هیچ پێویستە ناکات. ئەو کابرایەش لەوێ نییە؛ هیچ کەسی لێ نییە."

میهاییل ئیڤانۆڤیچ توند دەلەرزی.

"بۆ چی ئاوەها ئەشکەنجەم دەدەیت؟ لە میواندارێتیدا ئەمە تاوانە!"

ئالێکساندرا دیمیتریڤنا هەستا و پاڕانەوەکەی خۆی کاری تێکردبوو و بە چاوی پڕ لە فرمێسکەوە ووتی، "ئەو زۆر بەدبەختە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا زۆر ئازیز و نازدارە."

میهاییل هەستایە سەر پێ و چاوڕێی کرد تا قسەکانی تەواو بکات. ئەویش دەستی بۆ راکێشا.

"میهاییل، تۆ هەڵەیت،" وەهای پێ ووت و بەجێی هێشت.

بۆ ماوەیەکی درێژ لە پاش ئەوەی ئەو چووە دەرەوە، میهاییل ئیڤانۆڤیچ بەسەر رایەخەکەدا شەقاوی دەنا و هاتوچۆی دەکرد. رووی گرژ و مۆن بوو و دەلەرزی و بە حەسرەتەوە دەیووت، "ئاه، ئاه!" ئینجا لە دەنگەکەی خۆی ترسی لێنیتش و، بێدەنگ بوو.

شکۆ بریندارەکەی ئەشکەنجەی دەدا. کچەکەی، کچەکەی خۆی، پەروەردەی ماڵی دایکی خۆیەتی، ئاڤدۆتیا بۆریسڤنای بەناوبانگ، کە خودی شابانوی ئیمپراتۆر شەرەفی ئەوەی پێ بەخشیووە چەند جار سەردانی بکات و، ئاشنابوون لەگەڵیدا شەرفێك بۆ هەموو دونیا بوو! کچەکەی ئەمیش...؛ ئەم خۆیشی ژیانێك ژیاوە چەشنی سوارچاکێکی ئەوسا، نە مانای ترسی زانیوە نە شەرمەزاری. ئەوەیشی کە لە ئافرەتێکی فەرەنسی کوڕێکی لە خوێنی خۆی هەیە و، لە دەرەوەی وڵاتدا نیشتەجێی کردووە، هیچ قەدری خۆیی پێ کەم نەکردووەتەوە. ئێستاش ئەم کچەی کە نەك تەنها هەر باوکێك ئەوەی لە توانایدا بێت و لەسەری بێت بۆی کردبێت؛ ئەم کچەی کە خستویەتییە بەر خوێندنێکی نایاب و هەموو دەرفەتێکی بۆی فەراهەم کردووە تا لەگەڵ باشترینی کۆمەڵگای روسی بوەشێتەوە؛ ئەم کچەی کە نەك هەموو ئەو شتانەی هەر کچێك ئارەزووی دەکات بۆی دابین کردووە، بەڵکو تەنانەت ئەو کچەی کە ئەم بە راستی خۆشی ویستووە؛ پێی سەرسام بووە، شانازیی پێوە کردووە. بەڵام ئێستا ئەم کچەی بەو شەرمەزارییە هەقی داوەتەوە و، وەها بە هۆیەوە سەرشۆر بووە نەتوانێت بەرانبەر بە پیاوان چاو هەڵهێنێت!

ئەو کاتانەی بە بیر خۆی دەهێنایەوە کاتێك ئەم کچە نەك تەنها منداڵێکی باوکی و ئەندامێکی خێزانەکەی بوو، بەڵکو منداڵە نازەنینەکەی و گشت و خۆشی و شانازیی بووە. جارێکی دیکەی بە پێش چاودا هات؛ کاتێك کیژۆڵەیەکی هەشت نۆ ساڵان بوو، رووخۆشێکی ژیری زیندووی گورجوگۆڵی جوانکیلە بوو، بەو دوو چاوی گەش و رەش و قژێکی قاوەیی سوورباوی شەپۆل شەپۆلین. ئەوەی بە بیردا هاتەوە کە چۆن فێر ببوو لەسەر ئەژنۆیەوە بازی دەدا و خۆیی دەخستە ئامێزییەوە و، ختۆکەی ملیی دەدا و، چۆن پێدەکەنی و بێ گوێدانە ئەوەی هەرچەندی لەخۆی دوور دەخستەوە، هەر بەردەوام دەبوو و ختۆکەی دەدا و، ئینجا دەستی دەکردە ماچکردنی لێوەکانی و چاوەکانی و هەردوو گۆنای باوکی. ئەم وەك سروشتی خۆی بەرەنگاری ئەو عەجولی و خۆنواندنانەی دەبووە، بەڵام خۆشەیستییە بەتینەکەی بۆی تاقەتی دەدایە و زۆر جاریش بەرانبەر بەو خۆبەنازکردنەی خۆی دەدا بەدەستەوە. هەروەها ئەوەی بە بیردا دەهاتەوە کە چەند شیرین دەبوو کاتێك ئەم گەمەی لەگەڵدا دەکرد. لە بەبیرهاتنەوەی هەموو ئەمانە، کاتێك ئەو منداڵە شیرینە بووەتە ئەمەی ئێستا، مەخلوقێك کە ناتوانێت بە بێ رق و بووغز بیری لەبارەوە بکاتەوە.

هەروەها ئەو کاتانەی بە بیردا هاتەوە کە ئیتر کەم کەم گەورە بوو و چووە تەمەنی جەحێڵییەوە و، بە ترس و تووڕەییەوە هەستی خانەگومانیی لەلا پەیدا کرد کاتێك بە چاوی خۆی دەیبینی پیاوان وەکو خانمێك لێیدەڕوانن. بیری لەو ساتە دەکردەوە بە غیرەوە خۆشی دەویست کاتێك کە بەنازەوە بەرەو لای دەهات و خۆی بۆ ئاهەنگێك لەبەرکردبوو و، دەیزانی کە زۆر جوانە. زەندەقی لەو نیگا سۆزدارییانە چووبوو کە دەکەوتنە سەری و، ئەمیش نەك تەنها هەر لێیان تێنەدەگەیشت بەڵکو لە ناویاندا شادومان و گەشکە دەبوو. "بەڵێ،" بۆ خۆی بیری دەکردەوە، "ئینجا ئەو ئەفسانانەی پاکیزەییی ئافرەت! تەواو بە پێچەوانەوە، ئەوان لە واتای ئابڕووتکان نازانن—ئەو هەستەیان هەر نییە." ئەوەشی بە بیردا هاتەوە کە چۆن بە بێ ئەوەی بۆی روون بکاتەوە، دوو خوازبێنیکاری خۆیی رەت کردەوە. تا دەهات زیاتر و زیاتر وابەستەی سەرکەوتنەکانی خۆی دەبوو لە چێژوەرگرتن لەو خۆشی و شادییانەی تێیاندا دەژیا.

بەڵام نەدەکرا ئەم سەرکەوتنەی درێژە بکێشێت. ساڵێك گوزەشت و ئینجا دووان و سیان. سەرەتا تەمەنی گەنجێتیی تێپەڕاند و بووە ئافرەتێکی جوان و ناسراو و، بە جۆرێك لە جۆرەکان بووە بەشێك لە رازاندنەوەی هۆڵی سەما. میهاییل ئیڤانۆڤیچ ئەوەی بە یاد هاتەوە چۆن لەوە گەیشتبوو کە کچەکەی بەرەو قەیرەیی دەڕوات و، تەنها ئارەزووی یەك شتی بۆ دەکرد. دەبوو تا دەکرا زوو بە شووی بدات، لەوانەیە نەك چاك بە قەد ئەوەی پێشتر ئامادەکاریی بۆ دەکرا، بەڵام هێشتا کەسێكی هاوشانی رێزلێگیراو بێت.

بەڵام خۆی لەوە تێگەیشتبوو کە کچەکەی بە فیزێکی وەهاوە رەفتارەی دەکرد نزیك بوو لە رووداری و سەرەڕۆیی. کە ئەمەی بە بیر دەهاتەوە، رق و تووڕەیی زیاتر و زیاتر لێی هەڵدەستا. بیری ئەوەی دەکردەوە کە چەندین پیاوی بەڕێزی رەت کردبووەوە، تەنها تا بەم ریسواییە بگات. "ئاه، ئاه!" دیسانەوە ئاهی هەڵدەکێشا.

ئیتر وەستا، جگەریەکی داگیرساند و، هەوڵی دا بیر لە شتی دیکە بکاتەوە. دەیویست پارەی بۆ بنێرێت، بێ ئەوەی رێگەی بدات بیبینێت. بەڵام یادەکانی دیسانەوە هاتنەوە. بە بیریدا هاتەوە—زۆر لەمەو پێش نەبوو، تەمەنی لە سەروو بیست ساڵ دەبوو—کە دەستی کردبووە هەوەسبازی لەگەڵ کوڕێکی چواردە ساڵانی خوێندکار لە لەشکری پاج کە لەگەڵ ئەماندا لە شارۆچکەکەدا دەمایەوە. وای بەسەر ئەو کوڕە هێنابوو نیوشێتی کردبوو؛ لە تاویدا دەکەوتە گریان. ئینجا چۆن ئەوکات کچەکەی بە توندی و بە ساردی و دواتریش بێڕووانە باوکیی سەرکۆنە دەکرد، هەرکاتێك کە باوکی بۆ کۆتایی هێنان بەم پەیوەندییە گەمژەییانە کۆڕەکەی دەردەکرد. وەهای دەزانی بە جۆرێك لە جۆرەکان پێی ریسوا دەبێت. لەو کاتە بەدواوە، باوك و کچ بە ئاشکرا کەوتنە دژایەتیکردنی یەکتری.

"من لەسەر هەق بووم،" بە خۆیی دەووت. "ئەو ئافرەتێکی خراپ و بێشەرمە."

ئینجا، دوا مەترسیدارترین یادەوەریی بریتی بوو لەو نامەیەی لە مۆسکۆوە گەیشت، تێیدا نوسیبووی کە ناتوانێت بۆ ماڵ بگەڕێتەوە؛ کە ئەو ئافرەتێکی زۆر بەدبەخت و پەراوێزخراوە و، داوای کردبوو تەنها لێی خۆش بن و لە بیری بکەن. دواتریش، ئەو یادە ناخۆشەی ئەو دیمەنەی لەگەڵ ژنەکەیدا بیر کەوتەوە؛ ئەوەی کە مەزەندە و گومانەکانیان بوونە راستی. کارەساتەکە لە فینلاندا قەوما کاتێك لێی گەڕابوون لەوێ سەردانی پووری بکات و، تاوانکارەکەش خویندکارێکی بێبایەخی کەللەپووتی سویدی بوو کە پیاوێکی بە کەڵك هیچ ناهاتوو و، ژنداریش بوو.

هەموو ئەمانەی لە ئێستادا یاد کەوتەوە کە ئەمسەر و ئەوسەری رایەخی ناو ژووری نوستنەکەی دەکرد، خۆشەویستییەکەی جارانی بۆی و ئەو شانازییەی پێیەوەی دەکرد، هەمووی بیر کەوتەوە. بەرانبەر بەو راستییە ئاڵۆزەی کەوتنی کچەکەی بە ترسەوە دەکشایەوە و، بە هۆی ئەو خەم و مەینەتییەی دەیدایە رقی زیاتری لێ دەبووەوە. ئەو گفتوگۆیەی لەگەل براژنەکەیی بە بیر هاتەوە و، هەوڵی دا خەیاڵی ئەوە بکات چۆن بتوانێت لێی خۆش ببێت. بەڵام هەر زوو لەگەڵ ئەوەی بیرۆکەی "کابرا" سەری هەڵدا، یەکسەر لە دڵیدا ترس و کینە و شکۆیەکی بریندار سەریان هەڵدا. بە دەنگی بەرز ئاهێکی هەڵکێشا و، هەوڵی دا بیر لە شتێکی دیکە بکاتەوە.

"نەخێر، ئەوە ناکرێت؛ پارەکە دەدەمە پیتەر بیداتێ. بە نیسبەت خۆشم، چیدیکە کچێکی وەهام نییە."

جارێکی دیکە هەستێکی گونجکاوانە سەراپای داگیر کرد: تێکەڵەیەك لە بەزەیی بەخۆهاتنەوە بە هۆی بەبیرهێنانەوەی ئەو خۆشەویستییەی خۆی بۆی و، ئەو تووڕەیی بەرانبەری هەیبوو بە هۆی ئەو خەم و خەفەتی بۆ ئەم دروست کردووە.

 

دووەم

لە ماوەی ساڵی رابردوودا، بێ هیچ دوودڵییەك لیزا زیاتر لە گشت ئەو بیست و پێنج ساڵەی پێشووتری چەشتبوو. لە پڕێکدا ئاوەزی بە پڕوپووچی تەواوی ژیانی خۆی شکابوو. ئەم ژیانەی لە ماڵ و لە نێو کۆمەڵێك خەڵکی دەوڵەمەند لە سانت پیترسبۆرگ بە ژیانیکی نزم و پووچ دەهاتە بەر چاو؛ ئەمەش بوونێکی ئاژەڵیانە بوو کە هەرگیز واتایەکی قووڵی نەبووە و، تەنها بە بوارە تەنکەکانی ژیان گەیشتبوو.

ئەو جۆرە ژیانە بۆ ساڵێك و دووان تەواو چاك و بێعەیبە، یان تەنانەت بگرە بۆ سێ ساڵیش. بەڵام ئەگەر هەڵکشابا بۆ حەوت یان هەشت ساڵ بەو هەموو ئاهەنگ و سەما و کۆنسێرت و خوانی ئێوارانەی؛ بەو کۆستەم و جلوبەرگ و ئارایشانەی کە تەنها بۆ دەرخستنی جوانیی جەستە بوون، بەو هەموو عاشقانەی بە پیر و گەنجەوە، کە هەموویان وەکو یەك وەهایان دادەنا جۆرە مافێکی بێسنوریان هەبێت لەوەی کە هەموو شتێکیان هەبێت و بە هەموو شتێك پێبکەنن؛ هەروەها بەو مانگانەی هاوینیشی کە دەبوو بە هەمان شێوە بەسەربرابا، هەموو شتێك بە دەست دەکەوت و لەگەڵ ئەوەشدا خۆشحاڵییەکی ساختە بوو، تەنانەت موزیك و خویندنەوەش بە ئەستەم دەگەیشتنە کێشەکانی ژیان بەڵام هەرگیز هیچیان چارەسەر نەدەکرد؛ هەموو ئەمانە رێگر بوون لەوەی ئومێدیك بۆ گۆڕانکاری هەبێت و، تا دەهات زیاتر و زیاتر جوانی و خۆشییەکەیی لەدەست دەدا. لەبەر ئەمەش ئەم وای لێهات تووشی خەمۆکی ببێت. لەو کاتەی بۆ سەرەمەرگیش پاڵ کەوت، حاڵ و بارێکی خەمۆکییانەی هەبوو.  

هاوڕێکانی بیر و خەیاڵی ئەمیان بەرەو چاکەکاری ئاراستە دەکرد. لە لایەکەوە، ئەم هەژارییەکی راستەقینە و نەویستراوی دەبینی و، هەروەها هەژارییەکی دیکەی ساختەی دەبینی کە زیاتر نەویستراو و جێی بەزەیی پێداهاتنەوە بوو؛ لە لایەکی دیکەوە، کەمتەرخەمییەکی مەترسیداری لە لایەن خانمی دەستڕۆیشتووەکانەوە دەبینی بە گالیسکە و پۆشاکی وەهاوە دەهاتن بەهایان هەزاران بوو. ئیتر تا دەهات تاقەتی بەرگەگرتنی ژیانی نەدەما. بۆیە شەیدای شتێك بوو راستەقینە بێت وەك خودی ژیان، نەك یاریکردن بە ژیان، نەك گرتنەوەی توێژاڵی سەرەوە لە تەواوی ژیان. هیچ شتێکی ژیانی راستەقینەی نەبوو. باشترین یادگاریی بریتی بوو لەو خۆشەویستییەی بۆ کۆکۆ، خوێندکارە بچوکەکە، هەیبوو. ئەو هێزێکی چاك و راست و بەرەوپێشی دەدا بە ژیانی و، ئێستاش هیچ شتێکی لەو جۆرەی نەماوە. ناشکرێت هەیبێت. پتر و پتر خەم دایدەگرت و، بەم خەمبارییەوە چووە سەردانی پووری لە فینلەندا. ئەو دیمەن و دەوروبەرە جوان و تازەیە و، ئەو خەڵکەی کە تەواو لەوانەی لای خۆیان جیاوازتر بوون، هەر جۆنێك بووبێتن بۆ ئەم ئەزموونێکی نوێ بوون.

ئەوەی کە چۆن و کەی هەموو ئەمانە دەستیان پێکرد، بە روونی بە بیریدا نایەتەوە. پووری میوانێکی دیکەی هەبوو، کە سویدییەك بوو. ئەم کابرایە باسی کارەکەی و خەڵکەکەی لای خۆیان و دوا رۆماننوسی سویدی دەکرد. بگرە خۆیشی بە تەواوەتی نەیدەزانی چۆنچۆنی ئەو شەیدابوونە مەترسیدارەی بەرانبەر بە نیگا و زەردەخەنەکانی دەستی پێکرد، واتای ئەوە ناکرێت بخرێنە قاڵبی وشەوە.

وا دیار بوو ئەم زەردەخەنە و نیگایانە یەکتری بۆ یەك ئاشکرا بکەن، نەك تەنها هەر ناخی یەکتری، بەڵکو تەنانەت رازێکی زۆر گرنگ و جیهانیش. هەر تاقە وشەیەکیان پێکەوە ووتبا، لەم زەردەخەنانەوە سەرچاوەیان دەگرت کە بەهایەکی قووڵ و جوانیان هەبوون. هەروەها لە موزیکیشدا، هەر کاتێك پێکەوە گوێیان گرتبا، یان پێکەوە گۆرانی دووقۆڵییان چڕیبا، لەو واتا قووڵە لێوانلێو دەبوون. بە هەمان شێوە، لەو ووتانەی پێکەوە بە دەنگی بەرز لە کتێبەکانیان دەخوێندەوە. هەندێ جار چەندوچۆنیان دەکرد، بەڵام لەو دەمەی چاوەکانیان بەیەك دەگەیشتن، یان زەردەخەنەیەك لە نێوانیاندا دەبریسکایەوە، گفتوگۆکەیان زۆر لە دوور بەجێ دەما. دوورتر لەوە و بەرەو گۆشەیەکی بەرزتر کە تەنها بۆ خۆیان فەراهەم کرابێت دەفڕین.

چۆن بەوە گەیشت و، چۆن و کەی شەیتان کە خۆی لە پەنای هەردووکیاندا راگرتبوو بۆ یەکەم جار و لە پشت ئەم زەردەخەنە و نیگایانەوە بەدەرکەوت، بۆ خۆیشی ناتوانێت باسی بکات. بەڵام یەکەم جار کاتێك کە ترس دایگرت، داوە نادیارەکان وەها پێیانەوە ئاڵابوون کە ئیدی هێزی پێنەدەشکا خۆیی لێ جیا بکاتەوە. تەنها دەیتوانی پشت بە ئەو و شەرەفی ئەو ببەستێت. هەروەها هیوای ئەوەی دەخواست کە ئەو هێزی خۆی بەکار نەهێنێت؛ ئەگەرچی لە هەمان کاتیشدا بە خەستی ئارەزووی ئەوەی دەکرد.

لاوازییەکەی ئەم مەزنتر بوو، چونکە ئەم هیچ شتێکی نەبوو لەم ململانێیەدا پاڵپشتیی بکات. ئەم خۆی تێکشکاوی ژیانێکی کۆمەڵایەتییە و هیچ سۆزێکیشی بۆ دایکی نەبوو. باوکی، ئەم وەهای بیر دەکردەوە، کە لە خۆیی دوور خستووەتەوە و، خۆیشی تامەزرۆی ئەوە بوو کە بژیت و دەستبەرداری گەمە ببێت. عیشق، عیشقی تەواوی ئافرەتێك بۆ پیاوێك، بەڵێنی ژیانی بۆی هشتبووەوە. هەروەها ئەو سروشتە بەهێز و بەسۆزەی خۆیشی بۆ ئەوێی رادەکێشا. لەو پیاوە شێوە بەرز و بەهێزە و بەو قژە زەردەی و بەو سمێڵە باریکە بۆ سەرەوە چەماوەی کە لە ژێرییەوە زەردەخەنەیەکی سەرەنجڕاکێش و ناچارکەر دەبریسکایەوە، ئەم بەڵێنی ئەو ژیانەی دەبینی کە زۆر زۆری چاوەڕێ کردبوو. ئینجا ئەو زەردەخەنە و نیگایانە، ئارەزووکردنی شتێکی ئێجگار جوان، رایدەکێشان، وەکو ئەوەی خۆیان وابەستەی ئەو راکێشانە بن، بەرەو ئەوەی کە ئەم لێی دەترسا بەڵام بێئاگایانە چاوەڕێیی دەکرد.

لە پڕێکدا، هەموو شتێك کە جوان و بەچێژ و ئاسوودەکەر و بەڵێندەری ئایندە بوون، گۆڕان بۆ شتی ئاژەڵی و پووچ، خەمناك و بێهیواکەر.

تەماشای چاوەکانی پیاوەکەی کرد و هەوڵی دا زەردەخەنەیەك بکات، وا بنوێنێت کە لە هیچ شتێك نەترساوە و هەموو شتێك وەکو خۆیەتی؛ بەڵام لە قووڵایی ناخی خۆیدا، دەیزانی کە کار لە کار ترازاوە. تێگەیشت ئەو شتەی لەو کابرایەدا دەگەڕا دەستی نەکەوت؛ ئەو شتەی کە جارێکیان لە نێوان و خۆی کۆکۆدا هەیبووە. بە کابرای ووت کە دەبێت نامەیەك بۆ باوکی ئەم بنوسێت و داخوازیی بکات. بۆ ئەمە کابرا بەڵێنی پێی دا؛ بەڵام کە بۆ جاری دواتر یەکتریان بینییەوە، پێی ووت کە ناتوانێت لەم کاتەدا نامەکەی بۆ بنوسێت. لە چاوەکانیدا شتێکی نادیار و شاراوەی دەدیت و بێمتمانییەکەی بەرانبەری زیاتر دەبوو. بۆ رۆژی دواتر نامەیەکی بۆ ئەم نوسی و تێیدا بۆی باس کرد کە پێشتر هاوسەرگیری کردووە و ژنی هەیە، سەرەڕای ئەوەی ژنەکەی ماوەیەکی درێژ دەبێت کە بەجێی هێشتووە؛ هەروەها نوسیبووی گوایە دەیزانی ئەم بە هۆی ئەو خراپەیەی بەرانبەری ئەنجامی داوە سەرزەنشتی دەکات و، تکای لێخۆشبوونی لێی کرد. ئەم کابرای ناچار کرد بێتە سەردانی. پێی ووت کە ئەوی خۆشویستووە و، وای هەست کردووە تا هەتایە پێیەوەی پەوەست بێت بێگوێدانە ئەوەی داخۆ ژنی هەبێت یان نا و، هەرگیز لێیناگەڕێت بەجێی بهێڵێت. جاری دواتر کە چاویان بە یەك کەوتەوە، بە ئەمی ووت کە خۆی و دایك و باوکیشی ئەوەندە دەستکورتن ئەوەی لە توانایاندا هەبێت بۆی فەراهەم بکەن کەمترین و نزمترین ژیانە. ئەمیش وەهای وەڵام دایەوە کە پێویستی بە هیچ نییە و، ئامادەیە بۆ هەر کوێیەك ئەو ئارەزووی بکات لەگەڵیدا بڕوات. ئەویش هەوڵی ئەوەی دەدا ئەم پەشیمان بکاتەوە و ئامۆژگاریی دەکرد چاوەڕێ بکات و، بۆیە ئەمیش چاوەڕێی کرد. بەڵام کە بەو نهێنییەوە بژیت و، جاروبار چاویان بەیەك بکەوێت و، تەنها نامەگۆڕینەوەی لەگەڵیدا هەبێت و، هەموو شتێکیش لە خێزانەکەی شاراوە بێت، شتانێك بوون ئازاری ئەمیان دەدا و، دیسانەوە سوور بوو لەسەر ئەوەی کە پێویستە بێت و هەڵیبگرێت و پێکەوە بڕۆن. لە سەرەتادا، کاتێك کە ئەم گەڕایەوە بۆ سانت پیترسبۆرگ، نامەیەکی بۆ ئەم نوسی بەڵێنی پێی دا بەوەی دێت بۆ لای، بەڵام دواتر نامەناردنەکان وەستێنران و چیدیکە ئەم هیچی لەبارەیەوە نەزانی.

هەوڵی دەدا ژیانی جارانی خۆی درێژە پێبدات، بەڵام ئەوە نەکردەنی بوو. کەوتە نەخۆش و، هەوڵی پزیشکەکان لەگەڵیدا بێهودە بوون؛ لەو بێهیواییەیدا بڕیاری ئەوەی خۆی بکوژێت. بەڵام چۆن ئەمەی بە شێوەیەکی وەها بکردایە مردنەکەی سروشتی دەربکەوێت؟ بە راستی حەزی دەکرد گیانی خۆی بکێشێت و، وای دەهێنایە بەرچاوی خۆی کە بێ پاشگەزبوونەوە بڕیاری لەسەر ئەو هەنگاوە دابێت. بەم شێوەیە، هەندێ ژەهری بەدەست هێنابێت و، کردبێتە ناو پەرداخەکەوە و لەودا بوو لە چرکەساتێکی دیکەدا بیخواتەوە، کوڕە بچوکە پێنج ساڵانەکەی خوشکەکەی دروست لەو ساتەدا هاتە ژوورەوە ئەو یارییەی پیشان بدات کە داپیرەی بۆی کڕیبوو. منداڵەکەی لاواندەوە و دوای تۆزێك وەستا و ئینجا دایە کڵپەی گریان.

داڵغەی ئەوەی کە ئەگەر ئەو ژندار نەبووبا ئەمیش دەکرا ببێتە دایك سەراپای داگیر کرد و، ئەم روانگەی دایکایەتییە وای لێکرد بۆ یەکەمین جار ناوەوەی ناخی خۆی ببینێت. وەها دەستپێکرد لەبارەی ئەوەی خەڵك لەسەر ئەمی دەڵێن بیر نەکاتەوە و بەس بیر لە ژیانی خۆی بکاتەوە. کوشتنی کەسێك تەنها لەبەر ئەوەی کە خەڵك رەنگە بیڵێن کارێکی ئاسان بوو، بەڵام ئەو ساتەی دەیبینی کە ژیانی خۆی لە دونیا دابڕاوە، لێسەندنەوەی ئەو ژیانە شتێکی حاشاهەڵنەگر بوو. ژەهرەکەی فڕێ دا، وازی لە بیرکردنەوە لەبارەی خۆکوژییەوە هێنا.  

ئینجا لە ناوەوەی خۆیدا ژیانی دەستی پێکرد. ئەو ژیانەیشی سەرەڕای ئازار و ئەشکەنجەکەی ژیانێکی راستەقینە بوو کە قسمەت پێی بەخشیبوو و نەدەکرا لێی بگەڕێتەوە دواوە. دەستی کردە ئەنجامدانی نوێژ و نزاکردن، بەڵام هیچ ئاسوودەییەکی لە نوێژدا نەدەبینی و، خەمخواردنەکەی پتر لەبەر خاتری باوکی بوون لەوەی کە بۆ خۆی بن، چونکە خەمەكانی باوکیی دەبینی و لێیان تێدەگەیشت.

بەم شێوەیە چەند مانگێك بەڕێکران و، ئەوجا شتێك روویدا کە ژیانیی بە تەواوەتی گۆڕی. رۆژێکیان کاتێك سەرقاڵی کارکردن بوو بە لێفەیەکەوە، لەپڕێکدا هەستێکی نامۆی بەسەردا هات. نەخێر، ئەوە مەحاڵ بوو. بێجووڵە دانیشتبوو و کارەکەی لە دەستیدا بوو. ئایا دەکرا ئەوە خۆی بێت. هەموو شتێكی لەبیر کرد، نامەردی و فێڵبازییەکەی کابرا، بۆڵە و گازندەکانی دایکی و، خەم و پەژارەکەی باوکی و، زەردەخەنەیەکی کرد. لەگەڵ وەبیرهێنانەوەی ئەوەی کە لەوەدا بووە هەم ئەو و هەم خۆیشی لەگەڵیدا بکوژێت لەرزی دەهاتێ.

ئێستا گشت بیر و خەیاڵی خۆی لەسەر ئەوە کۆکردەوە لێیدات بڕوات بۆ هەر جێگایەك بتوانێت منداڵەکەیی لێ پەروەردە بکات و ببێتە دایکێکی بەدبەختی داماو، بەڵام هەرچۆنێك بێت بۆ خۆی ببێت بە دایکێك. هەر جۆرێك بێت پلانی بۆ هەموو شتێك کرد و ئامادەسازیی بۆ کردن کە ماڵ بەجێ بهێڵێت و لە شارۆچکەیەکی دوورەدەستدا نیشتەجێ ببێت کە لەوێ کەس نەتوانێ بیدۆزێتەوە و، جێیەك بێت بە خەیاڵی خۆی دوور لەم خەڵکەی خۆی. بەڵام لە بێبەختییدا، براکەی باوکی دامەزراندنێکی لەوێ دەست کەوتبوو، ئەوەیش شتێك بوو ئەم هەرگیز نەیدەتوانی پێشبینیی بکات. بۆ ماوەی چوار مانگ لە خانووی مامانێکدای گوزەراند کە ناوی ماریا ئیڤانۆڤنا بوو؛ لەگەڵ زانینی ئەوەی کە مامی هاتووە بۆ شارۆچکەکە، خۆی ئامادە دەکرد بفڕێت بەرەو حەشارگەیەکی دوورتر.

 

سێیەم

میهاییل ئیڤانۆڤیچ بەیانی زوو لە خەو هەستا. چووە ژووری نوسینگەکەی براکەی و، چەکەکەی دایە دەستی و بڕێك پارەی لەسەر نوسیبوو و داوای لە براکەی کرد مانگانە بە قیست بیداتە کچەکەی. پرسیاری ئەوەی لێکرد کەی نامەبەرەکە بەرەو سانت پیترسبۆرگ رۆیشتووە. شەمەندەفەرەکە لە حەوتی ئێوارە دەردەچوو، ئەمەیش کاتی پێویستی بۆ دەهێشتەوە پێش دەرچوونی، پێشوەخت نانی ئێوارە بخوات. بەیانییەکی، قاوەڵتیی لەگەڵ براژنەکەی خوارد و ئەویش خۆداری دەکرد لەوەی سەری ئەو باسە هەڵبدات کە بۆ ئەم بەئازار بوو، بەڵام هەر بە ترس و شەرمەوە تەماشای ئەمی دەکرد و، پاش نانی بەیانیش چووە دەرەوە بۆ پیاسەی بەیانیانی خۆی، کە لەسەری راهاتبوو.

ئالێکساندرا دیمیتریڤنا بەدوایدا بەرەو هۆڵەکە رۆیشت.

"میهاییل، بڕۆ بۆ باخچە گشتییەکان، زۆر خۆشن و لە هەموو شتێکیشەوە نزیکن،" وەهای پێ ووت و نیگا دڵسۆزانەکەی بە رووخسارە مۆنەکەی شووبراکەیدا تەقی.

میهاییل ئیڤانۆڤیچ بە قسەیی کرد چوو بۆ ئەو باخچەی گشتییەی لە هەموو شتێکەوە نزیکە و، بە بێزارییەوە لە گەمژەیی و کەللەڕەقی و بێڕەحمیی ئافرەتان بیری کردەوە و وورد بووەوە.

"ئەو کەمترین خەمیشی بۆ من نییە،" بیری لە بارەی براژنەکەی دەکردەوە. "ئەو تەنانەت لە خەم و خەفەتی منیش تێناگات. باشە ئەی ئەو چی؟" بیری لە کچەکەی دەکردەوە. "ئەو دەزانێت واتای هەموو ئەمانە بۆ من، ئەشکەنجەیە. ئەمە گورزێكە بۆ کەسێکی بەساڵداچوو! ئەو رۆژانەی ماومن بە هۆیەوە کورتتر دەبنەوە! بەڵام خۆزگە کۆتاییان پێ هاتبا و، نەك ئەم ئازارە بچێژم. هەموویشی 'لەبەر خاتری خوێڕییەك' ئاه!" حەسرەتی دەکێشا؛ ئینجا لەگەڵ ئەوەی بیری لەوە دەکردەوە کە دەبێت چی لە شارۆچکەکەدا بووترێت کاتێك هەموو کەس بەمە بزانێت، شەپۆلێکی رق و تووڕەیی لە ناخیدا سەری هەڵدا. (بێگومان هەر لە ئێستاوە هەموو کەس زانیویەتی). ئەم جۆرە هەستەی تووڕەیی وەهای لێکردبوو حەز بکات بکێشێت بە سەری کچەکەیدا و وای لێبکات لەوەی ئەنجامی داوە تێبگات. "بە راستی نزیکی هەموو شتێکە،" لەپڕ هاتەوە سە هۆشی خۆی و دەفتەرچەکەی دەرهێنا و، ناونیشانی شوێنەکەیی دەرهێنا. ڤێرا ئیڤانۆڤا سیلڤەرسترۆڤنا، شەقامی کوکۆنسکایا، خانووی ئابرۆمۆڤ. بەم ناوەوە دەژیا. باخچەکەی بەجێ هشت و بانگی تاکسییەکی کرد.

"دەتانەوێت کێ ببینن بەڕێزم؟" ماریا ئیڤانۆڤنای مامان لێی پرسی کاتێك کە ئەم بەسەر پلەکانە تەنگ و لێژ و هەناسەبڕەکەدا سەردەکەوت.

"ئایا خاتوو سیلڤەرسترۆڤنا لێرە دەژیت؟"

" ڤێرا ئیڤانۆڤا؟ بەڵێ؛ تکایە فەرموونە ژوورەوە. ئێستا چووەتە دەرەوە؛ چووەتە ئەو دوکانەی سەر کۆڵانەکە. بەڵام خولەکێکی دی دەگەڕێتەوە."

میهاییل ئیڤانۆڤیچ بەرەو دیوەخانە بچووکەکە دوای ئەو جەستە زلەی ماریا ئیڤانۆڤا کەوت و، لە ژوورەکەی تەنیشتییەوە گریانی منداڵەکە دەهات؛ دەنگی زۆر ناڕەحەت و جاڕەسکەر بووە، ئەمیش بە هۆیەوە تەواو بێزی لە خۆی دەبووەوە. ئەو دەنگانە ئەمیان وەکو چەقۆ دەبڕی.  

ماریا ئیڤانۆڤنا داوای لێبووردنی کرد و چووە ژوورەکە و، ئەمیش گوێی لێ دەبوو کاتێك منداڵەکەی ژیر دەکردەوە. منداڵەکە کڕ بوو و، ئەویش گەڕایەوە.

"ئەوە کۆرپەکەی بوو، خۆی هەر ئێستا دەگەڕێتەوە. ئێوە هاوڕێی ئەون، وا بۆی دەچم؟"

"بەڵێ—هاوڕێیەك، بەڵام پێموایە وەها باشتر بێت دواتر بگەڕێمەوە،" میهاییل ئیڤانۆڤیچ وەها ووت و خۆی کۆکردەوە بڕوات. بەرگەی ئەوەی پێ نەدەگیرا، ئەم ئامادەکارییە بۆ بینینی کچەکەیی و هەر روونکردنەوەیەك بۆی وا دیار بوو ئەستەم بێت.

لەو دەمەی سووڕایەوە بڕوات، گوێی لە ترپەیەکی خێرا و سووك بوو لەسەر پلەکانەکان و، دەنگی لیزای ناسییەوە.

"ماریا ئیڤانۆڤنا، ئەوەندەی رۆیشتبووم کوڕەکەم نەگریا، من—"

ئینجا باوکی خۆیی بینی. ئەو بەستە شتانەی هەڵیگرتبوون لە دەستی بەربوونەوە.

"باوکە!" هاواری کرد و لەناو دەرگاکەدا وشك وەستا، سپی هەڵگەڕا و لەرز دایگرت.

باوکی بێجووڵە مایەوە و چاوی بڕیبووە کچەکەی. لیزا زۆر لاواز ببووەوە. چاوەکانی گەورەتر و لووتی باریكتر و دەستەکانی ماندوو و رەق ببوون. باوکی نەیدەزانی چی بکات و چی بڵێت. گشت خەفەتی ریسواییەکەیی لە بیر کرد. تەنها خەمی لەو دەخوارد، خەمێکی بێئەندازە بۆ کچەکەی، خەم لەو لاوازبوونەی و لەو جلوبەرگە شڕ و زبرانەی و، لە هەموویشی زیاتر لەو رووخسارە مەویست و لەو چاوە داماوانەی.

"باوکە—بمبوورە،" ئەمەی ووت و بەرەو لای رۆیشت.

"بمبوورە، بمبوورە،" باوکی لەژێر لێوەوە دەیووتەوە و، ئینجا هەر وەکو منداڵ هەنسکی دەدا، پەیتا پەیتا دەست و دەموچاوی باوکیی ماچ دەکرد و بە فرمیسکەکانی تەڕی کردن.

لە بەزەییهاتنەوەی بە کچەکەی، لە خۆی تێگەیشت. کە خۆیشی وەها بینییەوە، لەوە تێگەیشت کە بە هۆی لووتبەرزی و ساردوسڕی و تەنانەت بەهۆی ئەو قین و تووڕەییەیشی بەرانبەر بە کچەکەی چەند خراپ و چەند تاوانبار بووە. خۆشحاڵ بوو بە پەیبردنی بەوەی کە خۆی تاوانبارە و هیچی نییە بۆ ئەوەی لێبوورێت، بەڵکو خۆیەتی کە پێویستی بە لێبووردن هەیە. کچەکەی ئەمی بردە ژوورە بچوکەکەی و باسی ژیانی خۆیی بۆ کرد کە چۆن دەژیت، بەڵام منداڵەکەیی پێ پیشان نەدا و باسی رابردبووی خۆیشی بۆی نەکرد، دەیزانی کە ئەمە بۆ ئەم چەند بە ئازار دەبێت.

بە کچەکەیی ووت کە پێویستە بە شێوەیەکی جیاوازتر بژیت.

ئەویش ووتی "بەڵێ؛ ئەگەر هەر ئەوەندە بتوانم لە وڵاتدا بژیم."

"دە باشە—پێموایە دەبێت شیری بدەیت،" میهاییل ئیڤانۆڤیچ پێی ووت و لەگەڵ ئەم هەوڵە ئاشکرایەیدا رووی مۆن کردەوە.

هەستایە سەر پێ و، لەپڕێکدا ئەو بیرۆکە شێتانەی کەوتە سەر ئەو شتە پیشانی باوکی کە زۆر زۆری خۆش دەویست بدات کە ئێستا لە هەموو شتێکی دونیا زیاتر خۆشی دەوێت. ئایا پێی تووڕە دەبێت یان نا؟ دەموچاوی هیچ تووڕەییەکی پێوە دیار نەبوو، جگە لە خەمباری.

"بەڵێ، بڕۆ، بڕۆ،" بە کچەکەیی ووت؛ "خودا بتانپارێزێت. بەڵێ. بۆ سبەی دەگەڕێمەوە و، ئەوکات بڕیار دەدەین. خوداحافیز، ئازیزەکەم، خوداحافیز." دیسانەوە گریان قووڕگی گرتەوە.

کاتێك میهاییل ئیڤانۆڤیچ گەڕایەوە بۆ ماڵی براکەی، ئالێکساندرا دیمیتریڤنا یەکسەر بەرەو پیری هات.

"ئێ؟"

"ئێ؟ هیچ."

"بینیت؟" براژنەکەی لێی پرسی، وەك ئەوەی لە روواڵەتیدا ئەوەی خوێندبێتەوە شتێك رویداوە.

"بەڵێ،" بە کورتی وەڵامی دایەوە و دایە گریان. "من وا پیر و گەمژە دەبم،" ئەمەی ووت و جڵەوەی هەستی خۆیی گرت.

"نەخێر؛ داناتر دەبێت، زۆر دانا."

No comments:

Post a Comment

ئەسەرحەدۆن، پاشای ئاشور

  ئەسەرحەدۆن، پاشای ئاشور     ئەسەرحەدۆن، پاشای ئاشور   لیۆ تۆلستۆی (١٩٠٣) لە ئینگلیزییەوە بۆ کوردی: ئاکۆ محەمەد   (لەم چیرۆ...