ژمارەیەك لە نۆڤلێت و چیرۆکەکانی نوسەری گەورەی رووسیا کە لە زمانی ئینگلیزییەوە کردوومن بە کوردی

Monday, October 4, 2021

دوو پیرەمێرد

دوو پیرەمێرد


 


 

دوو پیرەمێرد

لیۆ تۆڵستۆی (١٨٨٥)

لە ئینگلیزییەوە بۆ کوردی: ئاکۆ محەمەد

 

"ژنه‌كه‌ پێی‌ووت: (گه‌وره‌م، ده‌بینم تۆ پێغه‌مبه‌ریت. باوكانمان له‌سه‌ر ئه‌م شاخه‌ په‌رستنیان كردووه‌، به‌ڵام ئێوه‌ ده‌ڵێن ئۆرشه‌لیم ئه‌و شوێنه‌یه‌ كه‌ پێویسته‌ په‌رستنی لێ بكرێت.) عیسا پێی فه‌رموو: (خانم، باوه‌ڕم پێ بكه‌، كاتێ دێت ئێوه‌ نه‌ له‌سه‌ر ئه‌م شاخه‌ و نه‌ له‌ ئۆرشه‌لیم باوكه‌كه ده‌په‌رستن..‌. به‌ڵام كاتێ دێت وا ئێستایه‌ كه‌ خواپه‌رسته‌ ڕاسته‌كان به‌ ڕۆح و ڕاستی باوكه‌كه‌ ده‌په‌رستن، چونكه‌ باوكه‌كه‌ داوای ئه‌م جۆره‌ خواپه‌رستانه‌ ده‌كات." یوحەنا، بەشی چوارەم، ئایەتەکانی ١٩، ٢٠، ٢١، ٢٣.

 

                ١

جارێکیان دوو پیرەمێرد هەبوون بڕیاریان دابوو بە مەبەستی خوداپەرەستی حەجێك بۆ ئۆشەلیم بەجێ بگەیەنن. یەکێکیان جوتیارێکی دەوڵەمەند بوو بە ناوی ئێفیم تاراسیچ شێڤەلێف. ئەوی دیکەیان ئێلیشا بۆدرۆف بوو کە بارودۆخی هێندە باش نەبوو.

ئێفیم پیاوێکی توندوتۆڵ و بەوزە و خۆڕاگر بوو. نە دەیخواردەوە و نە جگەرەی دەکێشا و نە گەردیشی هەڵدەمژی و، لە هەموو ژیانیشیدا زمانی پیسی بەکار نەهێنابوو. دوو جار لە ژیانیدا وەکو ریشسپیی گوند خزمەتی کردبوو و، کاتێکیش نوسینگەکەی خۆیی بەجێ هێشت، هەموو حیساباتەکانی لە بارێکی رێکوپێكدا بوون. خێزانێکی گەورەی هەبوو: دوو کوڕ و کوڕەزایەکیشی کە ژنی هێنابوو، هەموویان لەگەڵیدا دەژیان. خۆیشی لەشێکی ساغ و لەسەرپێ و ریشێکی درێژی هەبوو و، تەنها دوای ئەوەی شەست ساڵی تێپەڕ کرد، تاك و تەرا مووی سپی کەوتە ریشییەوە.

ئێلیشا نە دەوڵەمەند و نە هەژاریش بوو. جاران دەچووە کاری دارتاشی، بەڵام ئێستا کە بە ساڵدا چووە، لە ماڵەوە دەمێنێتەوە و هەنگ بەخێو دەکات. کوڕێکی بۆ کارکردن ماڵی بەجێ هێشتبوو و، ئەوی دیکەیان لە ماڵەوە دەژیا. ئێلیشا پیرە پیاوێکی بەسۆز و رووخۆش بوو. راستە هەندێ جار دەیخواردەوە و، گەردی بە لووت هەڵدەمژی و، شەیدای گۆرانیووتن بوو، بەڵام پیاوێکی ئاشتیخواز بوو و، بە رەفتاری باش لەگەڵ خێزانەکی و دراوسێکانیدا دەژیا. پیاوێکی باڵاکورتی ئەسمەر بوو، ریشێکی لوولی هەبوو و، هەر وەکو ئێلیشای قەشەی سایەداری خۆی، بە تەواوەتی کەچەڵیش بوو.

هەردوو پیرەمێردەکە لەمێژ بوو سوێندێکیان خواردبوو و خۆیانیان ساز دابوو پێکەوە بچن بۆ حەجێك بۆ ئۆرشەلیم. بەڵام ئێفیم قەت نەیدەتوانی کاتی بۆ تەرخان بکات؛ هەمیشە زۆر کاری لەدەستدا هەبوون ئەنجامیان بدات؛ هەر کە کارێکی تەواو بایە، دەستی دەدایە کارێکی دیکە. یەکەم جار دەبوو ئامادەکاریی بۆ ژنهێنانی کوڕەزاکەی کردبا و، ئینجا چاوەڕێی کوڕە بچوکەکەی بکات لە سەربازی بگەڕێتەوە و، دوای ئەوەش دەستی کردە دروستکردنی کۆلیتەیەکی نوێ.

لە رۆژێکی پشوودا، هەردوو پیرەمێرد یەکدییان لە دەرەوەی کۆلیتەکە بینییەوە و لەسەر هەندێ کۆترەدار دانیشتن و دەستیان بە قسە کرد.

"ئێ،" ئێلیشا لێی پرسی، "دەبێ کەی سوێندەکەمان بەجێ بگەیەنین؟"

ئێفیم دەموچاوی خۆیی خێچ کرد.

"پێویستە چاوەڕێ بکەین،" ئێفیم ووتی، "ئەمساڵ بۆ من ساڵێکی سەخت کەوتەوە. کە دەستم بە دروستکردنی ئەم خانۆچکەیە کرد وام دانابوو شتێکی دەوروبەری سەد روبڵێکی تێ بچێت، بەڵام ئێستا وا خۆی لە سێ سەد روبڵ دەدات و هێشتاش تەواو نەبووە. دەبێت تا هاوین چاوەڕێ بین. ئەم هاوینە، پەنا بە خودا، بێ گرفت دەڕۆین."

ئێلیشا ووتی، "پێموابێ نابێت دوای بخەین و، دەبێت دەستبەجێ بڕۆین. بەهار باشترین کاتە."

"راستە کاتی خۆیەتی، بەڵام ئەی چی لەبارەی خانووەکەمەوە؟ چۆن دەکرێت وەها بەجێی بهێڵم."

"وەها دەڵێیت کەست نەبێت بە دیارییەوەی دابنێیت! کوڕەکەت دەتوانێت چاودێریی بکات."

"بەڵام چۆن؟ کوڕە گەورەکەم جێی باوەڕ نییە، هەندێ جار هێندە دەخواتەوە خۆی لەدەست دەدات."

"ئەی دراوسێ، کاتێك کە ئێمە دەمرین، ئەوان بە بێ ئێمە خۆیان بە رێوە دەبەن. لێگەڕێ با کوڕەکەت لە ئێستاوە دەست پێبکات و کەمێك ئەزموون وەربگرێت."

"زۆر راستە، بەڵام هەرچۆنێکیش بێت کاتێك کەسێك دەست بە کارێك دەکات پێی خۆشە چاوی لە تەواوبوونەکەشی بێت."

"باشە، برادەر، خۆ ئێمە هەرگیز ناتوانین بە هەموو ئەوەی لەسەرمانە رابگەین. ئەو رۆژە جەماعەتی ژنان لە ماڵەکانیاندا خەریکی ششتن و ناوماڵ پاککردنەوە بوون بۆ پێشوازیی جەژنی زیندووبوونەوەی عیسا. لێرە هەندێ کاریان دەبوو ئەنجام بدرێن و، لەوێش هەندێ شتی دیکە و، لەگەڵ ئەوەشدا نەیانتوانی هەموو شتێك بکەن. بۆیە بووکە گەورەکەم کە ئافرەتێکی هەستیارە ووتی، 'دەبێ سوپاسگوزاری ئەوە بین کە جەژن بە بێ چاوەڕێکردنی ئێمە پێمان دەگات، ئەگینا ئێمە هێندە سەخت کارمان دەکرد کە هەرگیز نەماندەتونی بۆی ئامادە بین.'"

ئێفیم کەوتە بیرکردنەوە. ئینجا ووتی، "پارەیەکی زۆرم لەسەر ئەم خانووە خەرج کردووە و، کەسیش ناتوانێت بە گیرفانی بەتاڵەوە گەشت بکات. هەر کامیشمان سەد روبڵێکی پێویست دەبێت و، ئەمەیش پارەیەکی کەم نییە."

ئێلیشا پێکەنی. "ئێستاش دە تۆ وەرە برادەری دێرین، وەرە. تۆ دە هێندەی منت هەیە و هێشتاش هەر باسی پارە دەکەیت. تەنها ئەوە بڵێ کەی دەستی پێ بکەین و، هەرچەندە ئێستا هیچیشم نییە، بەڵام تا ئەو کات هێندەی پێویستم دەبێت."

ئێفیمیش زەردەخەنەی کرد و ووتی، "ئازیزەکەم، نەمدەزانی هێندە دەوڵەمەند بووبیت. چۆن و لە کوێ بە دەستی دەهێنیت؟"

"دەتوانم لە ماڵەوە هەندێك هەڵبکڕێنم و پێکەوە بنێم و، ئەگەر ئەوەندەش بەس نەبوو، ئەوا نیوەی کوورە هەنگەکانم بە درواسێمەکەمان دەفرۆشم. لە مێژە دەیەوێت بیانکڕێت."

"ئەگەر خۆ ئەمساڵ زۆر گەشە و زیاد بکەن، پەشیمان دەبیتەوە."

"پەیشیمان ببمەوە، دراوسێی من، نا، پەشیمان نابمەوە! من لە ژیانمدا تا ئێستا لە هیچ شتێك پەشیمان نەبوومەتەوە، جگە لە تاوانەکانم. هیچ شتێك هێندەی گیان و رۆح بە نرخ و بەها نییە!"

"کە وابێ، لەگەڵ ئەوەشدا، دروست نییە کارەکانت لە ماڵەوە پشتگوێ بخەیت."

"بەڵام ئەی چی ئەگەر گیان و رۆحمان پشتگوێ خستبێت؟ خۆ ئەوەیان خراپترە. ئێمە ئەو بەڵێنەمان داوە و، کەواتە با بڕۆین! ئێستاش بە راستیمە، با بڕۆین!"

 

 

٢

ئێلیشا لە قایلکردنی هاوەڵەکەی سەرکەوتووبوو. بۆ بەیانییەکەی و پاش ئەوەی بە باشی بیری لێ کردبووەوە، ئێفیم هات بۆ لای ئێلیشا.

پێی ووت، "تۆ راست دەکەیت. با بڕۆین. ژیان و مردن بە دەستی خودایە. پێویستە ئێستا بڕۆین، کاتێك هێشتا زیندووین و لە تواناماندا هەیە."

هەفتەیەك دواتر هەردوو پیرەمیردەکە ئامادەی رۆیشتن بوون. ئێفیم بە ئەندازەی پێویست پارەی لەبەردەستتدا بوو. خۆی سەد روبڵی برد و دوو سەد روبڵی دیکەی دایە ژنەکەی.

هەروەها ئێلیشاش ئامادە بوو. دە کوورە هەنگی بە دراوسێکەی فرۆشت، لەگەڵ هەر گەلە مێشێکی نوێ کە رەنگە تا پێش هاوین لێیانەوە پەیدا دەبن. بۆ ئەو هەمووەش حەفتا روبڵی وەرگرت. بۆ تەواوکردنی سەد روبڵەکەی، ئەو دوای لە ئەندامانی دیکەی خێزانەکەیی هەڵکڕاندبوو، هەموویانی تەواو دادۆشیبوو. ژنەکەی گشت ئەوەی بۆ کفن و دفنی خۆیی کۆکردبووەوە پێی دا و، بووکەکەیشی هەرچییەکی هەبوو دای پێی.

ئێفیم هەندێ فەرمانی دیاریکراوی بە کوڕە گەورەکەی دا: کەی و چەند گژ و گیا دروێنە بکات و، پەینەکە لە کوێ رۆ بکات و، چۆن چۆنی سەرمیچی کۆلیتەکە تەواو بکات. بیری بۆ هەموو شتێك کردبووەوە و بەو پێیەش فەرمانەکانی دەدا. لە لای خۆیەوە، ئێلیشا تەنها ئەوەی بۆ ژنەکەی روون کردەوە کە مێش هەنگەکان لەو کوورانەی فرۆشتوونی جیا بکاتەوە و، بە دڵنیاییەوە لێ بگەڕێت دراوسیکەیان هەموویان ببات بێ هیچ فرتوفێڵێك. سەبارەت بە کاروباری ناوماڵیش، هەر باسی لێوە نەکردن.

"هەر کارێك پێویست بێت، خۆت دەزانیت چی بکەیت و چۆنی ئەنجام بدەیت. خۆت وەستای هەموو کارێکیت و خۆت دەزانیت چی باشترین دەبێت بۆ خۆتانی ئەنجام بدەن،" وەهای بە ژنەکەی راسپارد.

بەم شێوەیە پیرەمێرەکان ئامادە و تەیار بوون. کەسوکاریان کێکیان بۆ ئامادە کردن و توورەکەیان بۆ دروست کردن و، کەتانیان بۆ بڕین تا لاقیانی پێ ببەستن (جووتیارانی رووسی لە بری گۆرەوی و پووزەوانە لە پێی دەکەن). پێڵاوی نوێی چەرمیان لە پێ کرد و، پێڵاوی لە توێکڵەدار دروستکراوی زیادەشیان لەگەڵ خۆیان برد. خێزانەکانیان تا کۆتایی گوندەکە لەگەڵیان رۆیشتن و لەوێدا خواحافیزیان لی کردن و، پیرەمیردەکان دەستیان بە حەجەکەیان کرد.

ئێلیشا بە رووخۆشییەوە ماڵی بەجێ هێشت و، هەر لەگەڵ ئەوەی لە گوندەکە چوونە دەرەوە، هەموو شتێکی لەبارەی کاروباری ماڵەوە لەبیر کرد. تەنها خەمێکی ئێستا ئەوە بوو چۆن چۆنی دڵی هاوەڵەکەی خۆش بکات و، چۆن خۆی لەوە بەدوور بگرێت قسەیەکی نابەجێ بە کەسێك بڵێت و، چۆن بە ئاشتی و خۆشەویستییەوە بگاتە مەقسەد و ئینجا بگەڕێتەوە ماڵەوە. کە بە رێگادا دەڕۆیشتن، ئێلیشا یا لەبەر خۆییەوە و بە چپەوە هەندێ نزای دەکرد، یانیش تا بە بیری هاتبێتەوە بیری لە ژیانی پیاوچاکان دەکردەوە. هەر کاتێك لە رێگادا بە کەسێك گەیشتبا، یان بۆ شەو لە هەر شوێنێکدا مابێتەوە، هەوڵی دەدا تا دەیتوانی نەرم و رووخۆش بێت و قسەی خوداناسانەی لە زار بێتە دەر. بەم شیوەیە و بە شادومانییەوە لە گەشتەکەی بەردەوام بوو. تەنها شتێك نەیدەتوانی ئەنجامی بدات، وازهێنان بوو لە کێشانی گەردی تووتن. ئەگەرچی پاکەتی گەردکێشانەکەیی لە ماڵەوە بەجێ هێشتبوو، بەڵام بیری هەر لە لای بوو. پیاوێك کە لە رێگادا پێی گەیشت، هەندێ گەردی پێی دا و، ناو بە ناو خۆیی دوا دەخست (نەك لەبەر ئەوەی گومان بخاتە دڵی هاوەڵەکەی) بەڵکو بۆ ئەوەی بۆ خۆی هەندێ گەرد هەڵمژێت.

ئێفیمیش، بە باشی و توندوتۆڵ بە رێگادا دەڕۆیشت؛ هیچ خراپەیەکی ئەنجام نەدەدا و هیچ قسەیەکی پووچیشی نەدەکرد، بەڵام دڵی زۆر شاد نەبوو. خەمی ماڵەوەی کەوتە سەر. بەردەوام خەمی لەوە دەخوارد دەبێت لە ماڵەوە چی دەگوزەرێت. ئایا لە بیری نەکردووە ئەم فەرمانە یان ئەو فەرمانە بە کوڕەکەی بدات؟ ئایا کوڕەکەی کارەکانی بە باشی بەجێ دەگەیەنێت؟ بە دەم رێگاوە خۆزگەی دەخواست زانیبای داخۆ پەتاتەکان چێنراون و پەینەکە رۆکراوە، خەمی ئەوەی بوو داخۆ کوڕەکەی وەکو ئەوەی پێی ووتراوە کارەکان ئەنجام دەدات. لەوەدا بوو بیەوێت بگەڕێتەوە کارەکان بە کوڕەکەی نیشان بدات، یانیش تەنانەت خۆی ئەنجامیان بدات.

 

٣

پیرەمێردەکان بۆ پێنج هەفتە دەبوو بە رێوە بوون، پێڵاوە دارینە دەستکردەکانیان شڕ ببوون و، ناچار بوون پێڵاوی نوێ بکڕن کاتێك کە گەیشتنە روسیای بچوك (روسیای بچوك دەکەوێتە باشوری رۆژئاوای روسیا و، لە حکومەتەکانی کییەڤ و پۆلتاڤا و چێرنیهۆڤ و بەشێك لە خارکۆف و خێرسۆن پێك دێت). لەو کاتەوەی لە ماڵ دەرچووبوون دەبوو بۆ خواردن و مانەوەی شەویان پارەیان دابایە، بەڵام کە گەیشتنە روسیای بچوك خەڵکی ئەوێ مشتومڕیان لەسەر دەکردن کە کامیان داوەتیان بکەن بۆ ماڵ و کۆلیتەکانی خۆیان. جێیان کردنەوە و تێریان کردن و وەرگرتنی پارەشیان قەبوڵ نەدەکرد. سەرەڕای ئەوەش، بۆ تێشووی رێگایان نان و تەنانەت کێکیشیان دەخستە ناو توورەکەکانیان.

پیرەمێردەکان هەر بەو شێوەیە و بەبێ خەرجکردن مەودای پێنجسەد میلێکیان تەی کرد، بەڵام دوای ئەوەی پارێزگای دواتریان تێپەڕاند، گەیشتنە ناوچەیەك کە دەغڵودانی نەهاتبوو. لەگەڵ ئەوەشدا، جوتیارەکان جێی شەویان دەکردنەوە، بەڵام بۆ خواردن هیچیان نەدانێ. هەندێ جار، تەنانەت هیچ نانێکیشیان دەست نەدەکەوت. داوایان کرد بە پارە نان بکڕن، بەڵام هیچیان گیر نەدەبوو. خەڵكەکە دەیانووت گوایە ساڵی پار قاتی لە تەواوی کشتەکانیانی داوە. ئەوانەی کە دەوڵەمەندبوون، ئیفلاسیان هێنا و ناچار بوون دار و نەداریان بفرۆشن؛ ئەوانەشی مامناوەند بوون هەژار کەوتن و، ئەوانەشی کە هەژار بوون و ئەو ناوچانەیان بەجێ نەهێشتبوو، یا کەوتنە دەروەزەکردن یان لە نەداری رەهادا لە بنی ماڵەوە بە برسی مانەوە. لە زستاندا ناچار دەبوون کەپەك و تووتڕك بخۆن.

شەوێکیان پیرەمێردەکان لە گوندێکی بچوکدا لایان دا؛ حەوت کیلۆیەك نانیان کڕی و، لەوێ خەوتن و پێش هەڵاتنی رۆژ بۆی دەرچوون، تاوەکو پێش گەرمداهاتنی رۆژ رێیەکی باشیان بڕیبێت. دوای ئەوەی نزیکەی هەشت میلێك رۆیشتن و گەیشتنە جۆگەئاوێك، بۆی دانیشتن و کاسەکانیان پڕ ئاو کرد و هەندێ نانێان تێ گووشی و خواردیان. پووزبەندەکانیان گۆڕی و بۆ ماوەیەك پشوویان دا. ئێلیشا قوتوولەی گەرد هەڵمژیەکەی دەرهێنا. ئێفیمیش سەری بۆ راوەشاند.

ئێفیم پێی ووت، "ئەوە چۆنە واز لەو عادەتە خراپەت ناهێنی؟"

ئێلیشا دەستی راوەشاند. "ئەو عادەتە خراپە لە من بەهێزترە."

ئیتر هەستان و دەستیان بە رۆیشتن کردەوە. پاش ئەوەی نزیکەی هەشت میلی دیکە رێیان کرد، گەیشتنە گوندێکی گەورە و راست بە ناوەڕاستیدا تێپەڕین. گەرما داهاتبوو. ئێلیشا ماندوو بووبوو و دەیویست پشوو بدات و کەمیك ئاو بخواتەوە، بەڵام ئێفیم رانەوەستا. ئێفیم لە رۆشتندا باشتر بوو و، ئێلیشا بۆی زەحمەت بوو بە پێی رابگا.

ئێلیشا پێی ووت، "بەس تەنها ئەگەر شتێکم بخواردایەتەوە."

"دە باشە، شتێك بخۆرەوە،" ئێفیم ووتی. "من هیچم ناوێت."

ئێلیشا راوەستا و پێی ووت، "تۆ بەردەوام بە بڕۆ. من خێرا دەچمە ئەو کۆلیتە بچوکەی ئەوێ و کەمێکی دی پێت دەگەمەوە."

"ئێ باشە،" ئێفیم وەهای پێ ووت خۆی بە تەنیا بە رێگاکەدا دەڕۆیشت و ئێلیشاش گەڕایەوە بۆ کۆلیتەکە.

کۆلیتێەیەکی بچوکی بە قووڕ سواقدراو بوو، بەشی خوارەوەی رەنگێکی تاریكی هەبوو و سەرەوەیشی سپیکرابووەوە؛ بەڵام قووڕسواقەکەی رزابوو. پێدەچێت زۆر لە مێژە سواقدرابێت و پووش و کەپری سەرمیچەکەیشی لە لایەکییەوە کەوتبوون. دەرگای چوونەژوورەوەی خانۆچکەکە لەناو حەوشەکەیەوە بوو. ئێلیشا چووە حەوشەکە و بینی، پیاوێکی لەڕ و لاوازی بێ ردێن لە تەنیشت خۆڵی چواردەور کۆلیتەکە پاڵ کەوتووە و کراسەکەی کردووەتە ناو پانتۆڵەکەی، هەر وەکو ئەوەی لە روسیای بچوكدا باوە (لە روسیای گەورەدا، جوتیاران کراسەکانیان بەسەر پانتۆڵەکانیان دادەنەوە). لەوانەیە ئەو پیاوە لە بن سێبەرەکە پاڵ کەوتبێت، بەڵام خۆ ئێستا خۆر سووڕاوەتەوە و هەتاو تەواو دەیگرێتەوە. ئەگەرچی نەخەوتووە، بەڵام هەر لەوێ پاڵ کەوتووە. ئێلیشا بانگی کرد و داوای خواردنەوەیەکی لێ کرد، بەڵام پیاوەکە هیچ وەڵامێکی نەدایەوە.

"دەبیت یا نەخۆش بێت، یانیش هەر خۆی کەسێکی ناحەز بێت،" ئێلیشا وەهای سەبارەت بیر دەکردەوە و، کە بەرەو دەرگاکە رۆیشت، گوێی لە دەنگی منداڵێك بوو لە ژوورەوە دەگریا. بەو ئەڵقەی کە وەکو دەسکی دەرگاکە بوو لە دەرگای دا.

"هۆ وەستایان!" بانگی لێ کردن. هیچ وەڵامێك نەبوو. دووبارە بەو شتە لە دەرگای دایەوە.

"هۆو، ئیمانداران، مەسیحییان!" هیچ شتێك نەبزووت.

"هۆ خزمەتکارانی خودا!" هەر وەڵام نەبوو.

ئێلیشا لەوەدا بوو بگەڕێتەوە، کاتێکی زانی لەودیوی دەرگاکەوە گوێی لە هۆویەك بوو.

"ئەی خودایە، دەبێت شتێکی خراپ بەسەر خەڵکی ئەم ماڵەدا هاتبێت؟ باشتر وایە تەماشایەك بکەم."

ئێلیشا چووە ژوورەوە.

 

 

٤

ئێلیشا ئەڵقەکەی هەڵگێڕایەوە، بینی دەرگاکە دانەخراوە. کردییەوە و راست و راست بە رێڕەوەکەدا رۆیشت. دەرگای ژووری دانیشتنەکە کرابووەوە. لە لای چەپەوە ئاگردانیکی لە خشت دروستکراوی تێدا بوو؛ لە بەرانبەریشەوە، وێنەیەك لەسەر دیوارەکە (کە بە وێنەی خودا و مەسیح و فریشتەیەك یان پیاوچاکێك) رەنگ کرابوو و لەبەردەمیدا مێزێك و لە تەنیشت مێزەکەیش کورسییەك هەبوو پیرەژنێکی لەسەر دانیشتبوو، سەری رووت و تەنها کراسێکی لەبەردا بوو. لەوێدا دانیشتبوو و سەری خستبووە سەر میزەکە و، لە تەنیشتیدا منداڵێکی کوڕێکی لەڕی رەنگ پەڕیوی سك دەرپۆقیو دانیشتبوو. ووڕکی شتێکی لێ دەگرت و مچی رادەکێشا و داماوانە دەگریا. ئێلیشا چووە ژوورەوە. بۆنی ناو کۆلیتەکە زۆر پیس بوو. تەماشایەکی دەوروبەری کرد و، بینی ئافرەتێك لە زەوییەکە و لە پشت ئاگردانەکە پاڵ کەوتووە. لەسەر پشت لەسەر زەوییەکە کەوتبوو، هەردوو چاوی داخرابوون و مرخەی گەرووی دەهات، لاقی شۆڕ دەکردەوە و دەیهێنایەوە یەك، بەملا و ئەولادا پلی دەخوارد و، بۆنە پیسەکەش هەر لە ئەوەوە دەهات. وادیار بوو خۆی هیچی پێ نەکرێت و کەسیش ئاوڕی لێ نەدەدایەوە. پیرەژنەکە سەری بەرز کردەوە بێگانەکەی بینی.

"چیت دەوێت،" پیرەژنەکە پێی ووت، "چیت دەوێت کابرا؟ ئێمە خۆمان هیچمان نییە."

ئێلیشا لێی تێگەیشت، هەرچەندە ئەو بە شێوەزاری روسیای بچوك لەگەڵی دوا. "ئەی بەندەی خوا، هاتووم کەمێك ئاوم دەست بکەوێت بیخۆمەوە."

"کەس نییە بۆت بێنێت، هیچ کەس، هیچیشمان نییە بۆتی تێدا بیهێنین. بە رێی خۆتدا بڕۆوە."

ئینجا ئێلیشا لێی پرسی، "ئەی کەسێکتان نییە کەمێك ئاوڕ لەو ئافرەتە بداتەوە؟"

"نەخێر، کەسمان نییە. ئەوەتا کوڕەکەمە لە دەرەوە لە مردندایە و وا ئێمەش لێرەدا دەمرین."

منداڵە کوڕەکە کە لە بینینی بێگانەکەدا ژیر بووبووەوە، لەگەڵ ئەوەی پیرەژنەکە دەستی بە قسە کرد، ئەویش دەستی بە گریان کردەوە و بە قۆڵییەوە نوسا. "نان، نەنە، نان."

ئێلیشا لەوەدا بوو پرسیار لە پیرەژنەکە بکات، پیاوەکە لارەلار خۆی کرد بە ژووردا. بە دیوارەکەدا هەڵگژیبوو و بە رێڕەوەکەدا هاتبوو، بەڵام لەگەڵ هاتنەژوورەوەی بۆ ناو ژووری دانیشتن لە گۆشەی نزیك دەرگاکە کەوت و بێ ئەوەی هەوڵی راستبوونەوە بدات پچڕپچڕ دەستی بە قسە کرد. هەر جارێك و وشەیەکی دەردەبڕی و دەوەستا تا هەناسەیەك بدات و هەناسەبڕکێی دەهاتێ.

"تووشی نەخۆشی بووین...، قاتوقڕیش. ئەوەتا لە برسانا دەمرێت." ئاماژەی بۆ کوڕەکە دا و دەستی کرد هەنسکدان.

ئێلیشا توورەکەکەی شانی هەڵتەکاند و داوەکەی لە قۆڵی داکەند و لەسەر زەویی دانا. ئینجا خستییە سەر کورسییەکە و قەیتانەکانی شل کرد. توورەکەکەی کردەوە نانێکی دەرهێنا و بە چەقۆکەی پارچەیەکی لێ بڕی و بۆ پیاوەکەی درێژ کرد. پیاوەکە وەرینەدەگرت و، ئاماژەی بۆ کورە بچوکەکە و ئەو کچە دەکرد کە لە پشت ئاگردانەکەوە بە ترینجك دانیشتبوو، وەك بڵێ "بیدە بە ئەوان."

ئێلیشا بۆ کوڕەکەی راگرت. کە کوڕەکە بۆنی بە نانەکەوە کرد، دەستی بۆ راکێشا و، بەهەردوو دەستە بچوکەکانی پارچە نانەکەی توند گرت؛ وەها گاز لێگرت، لووتی لەناو تۆپەڵە نانەکە بزر بوو. کێژۆڵەکە لە پشت ئاگردانەکەوە دەرچوو و چاوەکانی لەسەر نانەکە زەق کرد. ئێلیشا پارچەیەکی بەویش دا. ئینجا پارچەیەکی دیکەی لەت کرد و دایە پیرەژنەکە و ئەویش دەستی کردە جووینی.

ئینجا پیرەژن ووتی، "ئەگەر تەنها کرابا تۆزێك ئاو هێنرابا. زاریان وا وشك هەڵهات. دوێنێ بوو یان ئەمرۆ، باشم بە بیردا نایەت، هەوڵم دا هەندێ ئاو بهێنم، بەڵام بەربوومەوە و چیدیکە نەمتوانی بڕۆم و، سەتڵەکە هەر لەوێدا مایەوە، ئەگەر کەسێك تا ئێستا نەیبردبێت."

ئێلیشا لێی پرسی، بیرەکە لە کوێیە. پیرەژنەکەش پێی ووت. ئێلیشا چووە دەرەوە و سەتڵەکەی دۆزییەوە و هەندێ ئاوی هێنا و ئاوی پێیان دا بیخۆنەوە. منداڵەکان و پیرەژنە هەندێکی دیکە نانیان بە ئاوەوە خوارد، بەڵام پیاوەکە نەیدەخوارد و ووتی، "من ناتوانم بخۆم."

لە تەواوی ئەو ماوەیەدا ئافرەتە لاوەکە پێیەوە دیار نەبوو هیچ هۆشی هەبێت، بەڵام هەر بەملا و بەولادا دەتلایەوە. لەو دەمەدا ئێلیشا چووە دوکانی گوندەکە و هەندێ ئارزن و خوێ و ئارد و رۆنی کڕی. تەورێکی دۆزییەوە و هەندێ داری وورد کرد و ئاگرێکی کردەوە. کچە بچوکەکە هات یارمەتیی دا. ئینجا هەندێ شۆربای کوڵاند و، ژەمێکی دایە ئەو خێزانە برسییە.

پیاوەکە تۆزێکی خوارد، پیرەژنەکەیش هەندێك و، کچ و کوڕە بچوکەکان تاسەکەیان پاك لێسایەوە و، ئینجا خۆیانیان لوول دا و هەر زوو لەسەر قۆڵی یەکتری خەویان لێکەوت.

پیاوەکە و پیرەژنەکە دەستیان کردە ئەوەی بۆ ئێلیشای باس بکەن کە چون بوو نغرۆی ئەم دۆخەی ئێستایان بوون.

"ئێمە پێشتر بەشی خۆمان هەژار بووین. بەڵام کە دەغڵەکان لەناوچوون، ئەوەی کە کۆمانکردبووەوە بە زەحمەت تا پاییزی هێناین. لەو دەمەی زستان هات هیچمان نەمابوو و، لە دراوسێ و لە هەر کەسێکی بمانتوانیبا سوواڵمان دەکرد. سەرەتا دەیاندا، بەڵام دواتر دەستیان دەنا بە رووماندا. هەندێ کەس خۆشحاڵ دەبوون یارمەتیمان بدەن، بەڵام خۆیشیان هیچیان نەبوو. شەرمەزار بووبووین هێندەمان داوا کردبوو. لە هەموو جێیەك قەرزبار بووین و پارە و ئارد و نانمان بەلاوەوە بوو."

پیاوەکە دەیووت، "بە دوای کاردا گەڕام، بەڵام گیرم نەهات. لە هەموو جێیەك خەڵکی بەس بۆ نانەسك کاریان دەویست. رۆژێك بۆ ماوەیەکی کورت کارێکت دەست دەکەوت و، ئینجا دەبوو دوو رۆژ بە دوای کاردا بگەڕێیت. پیرەژن و کچەکە دەچوونە دەروەزەکردن و دوور دەکەوتنەوە. بەڵام زۆر کەمیان دەست دەکەوت؛ نان زۆر بە دەگمەن دەدرا. لەگەڵ ئەوەشدا پێکەوە بژی و مەمر دژیاین، بەو هیوایەی تا سەرخەرمان بەرگە بگرین، بەڵام لە نزیك بەهاردا خەڵك ئیدی هیچیان نەدەدا. ئینجا ئەم نەخۆشییەیش لێیداین. لە خراپ خراپترمان بەسەر هات. رۆژێك رەنگە شتێکمان دەست بکەوتایە بیخۆین و، دوو رۆژان هیچ نەبوو. دەستمان کردە خواردنی گژوگیا. نازانم گیایەکە بوو یان چیتر ژنەکەمی نەخۆش خست، نازانم. نەیدەتوانی لەسەر لاقەکانی بوەستێت و، منیش هێزم تێدا نەمابوو و، هیچ شتێکیشمان نەبوو یارمەتی چاکبوونەوەمان بدات."

"خۆم بە تەنیا تا ماوەیەك تێدەکۆشام،" پیرەژنەکە ووتی، "بەڵام لە کۆتاییدا منیش لە داواکردنی خواردن کەوتم و، تەواو لاواز بووم. کیژەکەیش لاواز بوو و ووشك هەڵهات. پێمووت بچێتە لای دراوسێکان، بەڵام کۆلیتەکەی بەجێ نەدەهێشت و، خزایە گۆشەیەك و لەوێدا دادەنیشت. پێرێ، ژنێکی دراوسێمان سەری کرد بە ژووردا، بەڵام کە زانی نەخۆش و برسیمانە، گەڕایەوە و بەجێی هێشتین. میردەکەی ناچار بوو بڕوات و، خۆیشی هیچی نەبوو بیداتە منداڵە ووردەکانی بیخۆن. بەم جۆرە، پاڵ کەوتین چاوەڕێی مەرگمان بکەین."

کە بەسەرهاتیانی بیست، ئێلیشا لە بیری ئەوەدا نەما لەو رۆژەدا بە هاوەڵەکەی بگات و، بۆ تەواوی شەو لەگەڵ ئەو خێزانە مایەوە. بۆ بەیانی، هەستا و دەستی کردە ئەنجامدانی کاری ناوماڵیان، هەر وەکو ئەوەی ماڵی خۆی بێت. بە یارمەتی پیرەژنەکە، هەویری شێلا و ئاگرێکی کردەوە. ئینجا لەگەڵ کیژۆڵەکە چووە لای دراوسێکان شتە هەرە پێویستەکان بهێنێت، چونکە هیچ شتێك لە ماڵەکەدا نەمابوو؛ هەموو شتێك بەرانبەر بە نان دەفرۆشرا: دەفری چێشتلێنان و جلوبەرگ و هەموو شتێکی دیکە. بەم جۆرە، ئێلیشا لە رێکخستنی شتە پێویستەکان، هەندێکیان خۆی دروستی دەکردن و هەندێکی دیکەشی دەکڕی. رۆژێك و دووان و ئینجا سێ لەوێ مایەوە. منداڵە کوڕەکە هەندێ هێزی گرت و، هەر کاتێك ئێلیشا دانیشتبا، بە خشکە خۆی دەگەیاندێ و خۆیی لە ئامێزی دەگرت. کیژۆڵەکە گەشایەوە و لە هەموو کارێکدا یارمەتییدا دەدا؛ بە دوای ئێلیشادا رای دەکرد و بانگی دەکرد: "باوکە، باوکە."

پیرەژن هێزی هاتەوە بە بەردا و، توانی بچێتە دەرەوە دراوسێیەکیان ببینێت. پیاوەکەش باشتر بوو و دەیتوانی خۆی کۆبکاتەوە و بە دیوارەکەوە بوەستێت. تەنها ژنەکەی هەڵنەسایەوە، هەرچەندە ئەویش لە رۆژی سێیەمدا هۆشی هاتەوە و، داوای خواردنی کرد.

"ئێ،" ئێلیشا بۆ خۆی بیری دەکردەوە، "هەرگیز پێشبینی ئەوەم نەدەکرد لە رێگادا ئەوەندە کات بە فیڕۆ بدەم. ئێستاش پێویست دەکات فریا بکەوم."

 

 

٥

رۆژی چوارەم رۆژی جەژنی پاش رۆژووی هاوین بوو و، ئێلیشا لە خەیاڵی خۆیدا دەیووت:

"دەمێنمەوە و رۆژووەکەم لەگەڵ ئەم خەڵکەدا دەشکێنم. دەچم و هەندێ شت دەکڕم و جەژنیان لەگەڵدا دەکەم و، بۆ بەیانی ئێوارە دەست پێدەکەم."

ئێلیشا چووە گوندەکە، شیر و ئاردی گەنم و رۆنی ئاژەڵی کڕی و، لە کوڵاندن و برژاندنیاندا بۆ بەیانی یارمەتیی پیرەژنی دا. لە رۆژی جەژندا، ئێلیشا چووە کڵێسا و، ئینجا لەگەڵ هاوڕێکانی لە کۆلیتەکەدا رۆژووی شکاند. لەو رۆژەدا ژنەکە هەستا و توانی کەمێك بجووڵێت. مێردەکەی ریشی تاشی و کراسێکی پاکی کردە بەر، کە پیرەژنەکە بۆی شۆردبوو. ئینجا چوو لە جوتیارێکی دەوڵەمەندی گوندەکە بپاڕێتەوە کە زەوییە کێڵدراو و لەوەڕگاکەی خۆیی کە بە رەهنی دانابوو لە لای وەربگرێتەوە. چوو لەو جوتیارە دەوڵەمەندە بپاڕێتەوە رێگەی پێبدات تا دوای هەڵگرتنی خەرمان کێڵگە و لەوەڕگاکەی بەکار بهێنێت؛ بەڵام بۆ ئێوارە بە خەمباری گەڕایەوە و، دەستی بە گریان کرد. جوتیارە دەوڵەمەندەکە هیچ بەزیی پێ نیشان نەدابوو و، پێیشیووتبوو: "پارەکەم بۆ بگەڕێنەوە."

ئێلیشا دیسانەوە کەوتە بیرکردنەوە. "دەی ئێستا چۆن بژین؟ خەڵکی دیکە دەچنە کێشە و دروێنە، بەڵام ئەمان هیچیان نابێت بیدورنەوە و، پاوانەکەیان بە گرەو دراوە. دەغڵ و پەڕشتەکەیان ماوەیەکی دیکە پێدەگات. خەڵکی دیکە دەچنە دورینەوەی هەر دەغڵێکی چاك دایکە زەوی ئەمساڵ پێیان ببەخشیت، بەڵام ئەمان هیچیان نابێت چاویان لە دوای بێت. بەڵێنی سێ فەدانە زەوییە کێڵدراوەکیان بە جوتیارە دەوڵەمەندەکە دراوە. کە منیش رۆیشتم، دەکەونەوە ئەو حاڵەی یەکەم جار من بینیمن."

ئێلیشا دوو بیرۆکەی لە سەردا بوو، بەڵام دوا جار بڕیاری دا بۆ ئەو ئێوارەیە بەجێیان نەهێڵێت، بەڵکو تاوەکو بەیانی چاوەڕێ بکات. چووە دەرەوە لە حەوشەکەدا بخەوێت. نوێژ و نزاکانی خوێند و لێی پاڵ کەوت؛ بەڵام نەیتوانی بخەوێت. لە لایەکەوە، وای هەست دەکرد پێویستە بڕوات، چونکە کات و پارەیەکی زۆری خەرج کرد؛ لە لایەکی دیکەشەوە هەستی بە بەزەیی دەکرد بەو خێزانە.

"وا دیارە ئەمە کۆتایی نەیەت،" بە خۆیی دەووت، "سەرەتا تەنها ویستم کەمێك ئاویان بۆ بهێنم و یەکی پارچە نانێکیان بدەمێ و؛ ئەوەتە بزانە بە کوێ گەیشتم. ئەمەیش پرسی قوتارکردنی پاوان و دەغڵەکەیانە. هەر کە ئەوەم ئەنجام دا، ئەوا دەبێت مانگایەکیان بۆ بکڕم، ئەسپێکیش بۆ پیاوەکە تاوەکو کێشەی پووش و پاوانەکەیی پێ ئەنجام بدات. جوان خۆتت گیرۆدە کردووە، کاکە ئێلیشا! جڵەوی خۆتت شل کرد و ئێستاش رێت وێڵ کرد!"

ئێلیشا هەستا و پاڵتۆکەی کە وەکو سەرین داینابوو، هەڵگرت و، رێکی کردەوە و قوتوولەی گەردەکەی دەرکرد و مژێکی لێدا. پێیوابوو رەنگە ئەمە بیری ساف بکات.

بەڵام نەخێر! بیری کردەوە و بیری کردەوە و، نەگەیشتە هیچ دەرەنجامێك. دەبوو بڕوات و، هێشتا سۆز و بەزییەکەی رایدەگرت. نەیدەزانی چی بکات. پاڵتۆکەی قات کردەوە و دووبارە خستییەوە ژیر سەری. بۆ ماوەیەکی زۆر بەم شێوەیە مایەوە، تا ئەو کاتەی کەڵەشێر جارێك قوولاندنی؛ زۆری خەو دەهات. لە پڕێکدا وا دیار بوو وەك بڵێی کەسێك هەڵیساندبێت. بینی بۆ گەشت خۆیی لەبەر کردووە و، توورەکەیی لە کۆڵدایە و شتەکانی لە دەستدایە و، دەرگای دەرەوە کەمێك کراوەتەوە کە بتوانێت پێیدا بڕوات. لەوەدا بچێتە دەرەوە، توورەکەکەی لە لایەکی پەرژینەکە گیر بوو. هەوڵی دا لێی بکاتەوە، کەچی پووزبەندەکەی لەو لاکەی دیکەی گیر بوو و رایگرت. توورەکەی راکێشا و، بینی کە لە پەرژینەکە گیر نەبووە، بەڵکو کیژۆڵەکەیە گرتوویەتی و دەگریت و دەڵێت:

"نان، باوکە، نان!"

تەماشای پێی کرد، کوڕە بچکۆلانەکە بوو پووزبەندەکەی گرتبوو و لە هەمان کاتیشدا پیاوی خاوەن ماڵ و پیرەژنەکەش لە پەنجەرەکەوە تەماشایان دەکرد.

ئێلیشا بەئاگا هاتەوە و، بە دەنگ بە خۆیی ووت:

"بەیانی کێڵگەکەیان وەردەگرمەوە و ئەسپێکیان بۆ دەکڕم و هەروەها ئەوەندەش ئاردیان بۆ دەکڕم بیانگەیەنێتە سەر خەرمان و، ئینجا مانگایەکیش بۆ زارۆکان. ئەگەر وا نەکەم و بچم لەو دیوی دەریادا بە دوای خودا بگەڕێم، ئەوا لەوانەیە خودام لەناو خۆمدا وون بکەم."

ئێلیشا خەوی لێکەوت و، تا بەیانی خەوت. زوو هەستا و، چووە لای جوتیارە دەوڵەمەندەکە و هەم کێڵگەکە و هەم لەوەڕگاکەیشی وەرگرتنەوە. داسێکیشی کڕی و لەگەڵ خۆیدا هێنایەوە (چونکە ئەویش فرۆشرابوو). پیاوەکەی ناردە دروێنە و گیا بڕین و خۆیشی چوو بۆ ناو گوند. ئەوەی بیست کە ئەسپ و گالیسکەیەك لە خانە گشتییەکە بۆ فرۆشتن دانراون و، لەگەڵ خاوەنکەی کەوتە مامەڵە و هەردووکیانی کڕی. فەردەیەك ئاردی کڕی خستییە ناو گالیسکەکە و، چوو مانگایەك تەماشا بکات. کە بە رێگادا دەڕۆیشت، گوێی لە دوو ئافرەت بوو بەدەم رێوە قسەیان دەکرد. ئەگەرچی بە شێوە زاری روسیای بچوك دەدوان، ئەم لێیان تێگەیشت چی دەڵێن.

"وا دیارە، سەرەتا نەیاندەناسی، وایان دەزانی تەنها پیاوێکی ئاساییە و هیچی تر. چووەتە ژوورەوە داوای ئاوی کردووە و، ئینجا ئیتر ماوەتەوە. تەنها بیهێنە بەرچاو چیی بۆ کڕیوون! ئەوەتا دەڵێن هەر ئەم بەیانییە لە خانە گشتییەکە ئەسپێك و گالیسکەیەکی بۆ کڕیوون! پیاوی لەم جۆرە لەم دونیایەدا زۆر نین. شایانی ئەوەیە بچیت و سەیرێکی بکەیت."

ئێلیشا گوێی لەمە بوو و تێگەیشت کە پێیدا هەڵدەدەن. ئیتر نەچوو مانگاکە بکڕێت، بەڵکو گەڕایەوە بۆ خانەکە و پارەی ئەسپەکەی دا، رەشمەی کرد و، بەرەو کۆلیتەکە دایە بەر و، ئینجا هاتە دەرەوە. کەسەکانی ناو کۆلیتەکە کە چاویان بە ئەسپەکە کەوت ئەبڵەق بوون. وایان بیر دەکردەوە کە بۆ ئەوان بێت، بەڵام نەیان دەوێرا پرسیار بکەن. پیاوەکە هاتە دەرەوە دەرگای حەوشەکە بکاتەوە.

"باپیرە، ئەم ئەسپەت لە کوێ دەست کەوتووە؟" پیاوەکە لێی پرسی.

"بۆچی، کڕیوومە،" ئێلیشا ووتی. "هەرزانیان داوا دەکرد. بڕۆ هەندێ گیا بکە و لە ئاخوڕەکەی بکە تا بۆ شەو لەبەری بێت و بیخوات. ئەو فەردەیەش ببە ژوورەوە."

پیاوەکە رەشمەی ئەسپەکەی کردەوە و، فەردەکەی هەڵگرت و بردییە ژوورەوە. ئینجا هەندێ گیای بڕی و خستییە ئاخورەکەوە. هەموویان هەڵاژیابوون بخەون. ئێلیشا چووە دەرەوە و لە تەنیشت راڕۆیەکە پاڵ کەوت. ئەو ئێوارەیە توورەکەکەیی لەگەڵ خۆی هێنابووە دەرەوە. کاتێك کە هەمووان خەوتن، ئەو هەستا و خۆی کۆکردەوە و توورەکەکەیی توندە کرد و پووزبەندەکەیی لە لاقی ئاڵاند و پێڵاوەکانی لە پێ کرد و پاڵتۆکەی کردە بەر و، بە دوای ئێفیم کەوت."

 

 

٦

کاتێك ئێلیشا پتر لە سێ میلان رۆیشت دونیا روناك بوویەوە. لەژێر دارێکدا دانیشت و توورەکەکەی کردەوە پارەکەیی ژمارد و، بینی کە تەنها حەڤدە روبڵ و بیست کۆپێکی پێ ماوە.

"کە وایە،" بۆ خۆی بیری دەکردەوە، "هیچ کەڵکی نابێت ئەگەر بەمەوە هەوڵ بدەم لە دەریا بپەڕمەوە. ئەگەر بێت و لە رێگادا ناچاری سواڵکردن بم، خۆ باشترە هەر نەڕۆم. هاوڕێ ئێفیم بە بێ منیش دەگاتە ئۆرشەلیم و، بە ناوی منەوە مۆمێك لەسەر مەزارەکان دادەنێت. سەبارەت بە خۆم، ئەوا دەترسم هەرگیز لە ژیانمدا نەتوانم ئەو بەڵێنەم بەجێ بگەیەنم. دەبێت سوپاسگوزاری ئەوە بم کە ئەمە بۆ خودایەکی بەخشندە و کەسێکە کە لە تاوانەکان دەبەخشێت."

ئێلیشا هەستایە سەر پێ و، توورەکەکەی هەڵتەکاند و لە شانی کرد و گەڕایەوە. حەزی نەدەکرد کەس بیناسێتەوە، بۆیە دەورێکی دا تا رێی نەچێتەوە گوندەکە و، بە خێرایی بەرەو ماڵ کەوتە رێ. لە رێگای هاتنیدا هەستی بە ناڕەحەتی دەکرد و بە لایەوە زەحمەت بوو بە پێی ئێفیمدا بگات، بەڵام ئێستا لە گەڕانەوەیدا، خودا ئەوەندە هێزی پێی داوە سەر زەوی بگرێت و بە ئەستەم هەستی بە ماندووبوون دەکرد. رۆیشتنی وەك گەمەیەکی منداڵانی دەهاتە بەر چاو. بەدەم رۆیشتنەوە شتەکانی دەستیی رادەتەکاند و یاری پێ دەکردن و، رۆژانە چل پەنجا میلێکی دەبڕی.

کە ئێلیشا گەیشتەوە ماڵەوە دروێنە ئەنجام درابوو. خێزانەکەی بە دووبارە بینینەوەی خۆشحاڵ بوون و، هەمووان حەزیان دەکرد بزانن چی روویداوە: چۆن و بۆچی لە گەشتەکە دواکەوت؟ ئەی بۆچی بە بێ ئەوەی بگاتە ئۆرشەلیم گەڕایەوە؟ بەڵام ئێلیشا بۆی نەدەگێڕانەوە.

ئێلیشا دەیووت، "ویستی خودای لەسەر نەبوو من بگەمە ئەوێ. پارەکەمم لە رێگادا وون کرد و، لە هاوەڵەکەم دواکەوتم. بمبەخشن بۆ خاتری خودا!"

ئەو پارەیەی لێی مایەوە دایە پیرەژنەکەی. ئینجا لەبارەی هەندێ کاروباری ماڵەوە پرسیاری لێ کردن. هەموو شتێك بە رێکوپێكی بەڕێوە دەچوون؛ هەموو کارەکان ئەنجام درابوون و، هەمووان بە ئاشتی و تەبایی دەژیان.

هەر هەمان رۆژ خێزانەکەی ئێفیم بە گەڕانەوەکەی ئەمیان زانی و هاتن بۆ هەواڵپرسی پیرەمێردەکەی خۆیان و، بۆ ئەوانیش ئێلیشا هەر هەمان وەڵامەکانی پێ دەدان.

"ئێفیم لە رۆیشتندا خێرایە. سێ رۆژ پێش رۆژی سان پیتەر لەیەك جودا بووینەوە و من دەمویست پێی بگەمەوە، بەڵام رووداوی هەمەچەشن روویاندا. پارەکەمم وون کرد و پارەیەکی ئەوتۆم پێ نەما زیاتر بڕۆم و، بۆیە هاتمەوە."

خەڵکەکە سەریان سووڕمابوو لەوەی پیاوێکی وەها هۆشیار چۆن دەبوو هێندە ساویلکانەی ئەنجام دابیت، چۆن دەبوو دەست بە گەشتێك بکات و بە مەقسەدی نەگات و، چۆن دەبوو هەموو پارەکەی بەو شێوەی بەفێڕۆ بدات. بۆ ماوەیەك ئەمەیان لە مێشکدا دەخولایەوە و، ئینجا هەموویان لەبیریان کرد و، ئێلیشا خۆیشی لەبیری کرد. جارێکی دیکە لە خانۆچکە لادێییەکەی دەست بەکار بوویەوە. بە یارمەتی کوڕەکی داریان بۆ سووتەمەنی زستان بڕی. خۆی و ژنەکان گەنمەشامییەکانیان لێ کردەوە. کوختەی سەر ئاودەستەکانی دەرەوەی چاك کردەوە و، مێشهەنگەکانی سەر داپۆشین و، ئەو دە کوورەیە و هەموو ئەو گەلە هەنگانەی لە ناویاندا بوون دا بە دراوسێیەکەیان کە لە بەهاردا پێ فرۆشتبوو. ژنەکەی هەوڵی دا پێی نەڵێت چەند کۆمەڵە هەنگ لەم کوورانەدا هەبوون، بەڵام ئێلیشا باش دەیزانی کامەیان هەنگی تێدا بووە و کامەیش تێیدا نەبووە. هەروەها لەبری دە، حەڤدە کۆمەڵەی بە دراوسێکە دا. کە هەموو شتێکی بۆ زستان ئامادە و ساز کرد، ئێلیشا کوڕەکەی بۆ کارکردن ناردە دەرەوە؛ لە هەمان کاتدا خۆیشی دەستی کردە چنینی پێڵاوی دروستکراو لە توێکڵی دار و هەروەها ناوکۆڵینی کۆترەدار بۆ دروستکردنی کوورەی هەنگ.

 

 

٧

بە درێژایی ئەو رۆژەی لە کۆلیتەکەدا و لەگەڵ خێزانە نەخۆشەکدا بەجێ ما، ئێفیم چاوەڕێی ئەوی دەکرد. پێش ئەوەی بوەستێت و چاوەڕێی بکات، تەنها کەمێك رۆیشتبوو. هەر چاوەڕێی کردبوو و چاوەڕێی کردبوو، سەرخەوێکی شکاندبوو و بە خەبەر هاتەوە و، دانیشت هەم چاوەڕێی دەکرد؛ بەڵام هاوەڵەکەی هەر نەهات. تا چاوی بڕی دەکرد لێی دەنواڕی. خۆر لە پشت دارەکانەوە رۆچووە خوارەوە و ئێلیشا هەر نەدەبینرا.

"لەوانەیە بەلامدا تێپەڕی بێت،" ئێفیم بیری لێ دەکردەوە. "یان لەوانەشە یەکێك سواری کردبێت و لەو کاتەی من خەوتبووم رۆیشتبێت و منی نەبینیبێت. بەڵام چۆن دەبێت نەیبینیبێتم؟ لەم دەشتە تەخت و بەرینەدا زۆر دوور دەبینرێت. ئایا بگەڕێمەوە؟ ئەگەر وا دابنرێت کە ئەو پێش کەوتبێت، ئەوکات خۆ یەکتری بە یەکجارەکی وون دەکەین و خراپتر دەبێت. باشتر وایە بەردەوام بم و بڕۆم و، بێگومان دەبێت لەو جێگایەی کە بۆ شەو لێی دەمێنینەوە، یەکدی پەیدا دەکەینەوە."

ئێفیم لەگەڵ ئەوەی هاتە گوندێك بە پاسەوانەکە ووت ئەگەر پیرەمێردێکی بەم ناو و نیشانە بە ئێرەدا تێپەڕی، بۆی بهێنێتە ئەو خانووەی لیی دەمێنێتەوە. بەڵام ئێلیشا لەو شەوەدا نەهات. ئێفیم لە رۆیشتنەکەی بەردەوام بوو و لە هەموو کەسێکی دەپرسی کە داخۆ پیرەمێردێکی بچکۆلانەی سەر کەچەڵیان نەدیوە؟ کەس رێبوارێکی لەم چەشنەی نەبینیبوو. ئێفیم پێی سەیر بوو، بەڵام خۆی بە تەنیا رۆیشت و، بە خۆیی دەووت:

"دەبێت لەوە دڵنیا بین کە لە ئۆدیسە یان لەسەر کەشتی یەکدی دەبینینەوە." ئیدی گومانی لەو بارەوە نەبوو.

لە رێگادا بە حاجییەکی دیکە گەیشت پاڵتۆی قەشەی لەبەردا بوو و، قژێکی درێژی و کڵاوێکی وەکو ئەوەی قەشەکانی لە سەردا بوو. ئەو حاجییە پێشتر لە چیای ئاتۆس بووە و ئێستاش بۆ جاری دووەمی دەچووە ئۆرشەلیم. بۆ شەو لە یەك جێگادا مانەوە و، کە بە یەك گەیشتن ئیدی پێکەوە گەشەتیان کرد.

بە سەلامەتی گەیشتنە ئۆدیسە و، لەوێ دەبوو بۆ ماوەی سێ رۆژ چاوەڕێی کەشتییەك بکەن. چەندین حاجیی دیکەی ناوچە جیاجیاکان هەبوون کە وەکو ئەمان بوون. دیسانەوە ئێفیم لەبارەی ئێلیشای پرسییەوە، بەڵام کەس نەیدیبوو.

ئێفیم پاسپۆرتێکی بیانیی بۆ خۆی بە پێنج روبڵ پەیدا کرد. چل روبڵی دا بە تیکتی چوون بۆ ئۆرشەلیم و، بۆ ماوەی گەشتەکەی هەندێ نان و ماسیی کڕی.

حاجییەکە کەوتە باسکردنی ئەوەی کە رەنگە بێ ئەوەی کرێکەی خۆی بدات سواری کەشتییەکە ببێت، بەڵام ئێفیم گوێی پێی نەدا و ئەوەندەی پێ ووت: "نەخێر، من ئامادەم پارەی خۆم بدەم و، بۆیە دەیدەم."

کەشتییەکە بار کرا و، حاجییەکان سوار بوون، لە نێویشیاندا ئێفیم و هاوەڵە نوێیەکەی. لەنگەرەکان هەڵکێشرانەوە و کەشتییەکە ملی بە دەریاوە نا.

لە ماوەی تەواوی رۆژدا، کەشتییەکە بە نەرمی دەڕۆیشت، بەڵام لە شەودا بایەك هەڵی کرد و، بارانی بەدوادا هات و، کەشتییکە بەملا و ئەولادا کەوت و ئاوی کەوتە سەر. خەڵکەکە ترسیان لێ نیشت؛ ئافرەتان قیژە و هاواریان لێ هەستا و، هەندێ لە پیاوە لاوازەکانیش لەسەر کەشتییەکە بەدوای پەناگە کەوتنە راکەڕاك. ئیفیمیش ترسابوو، بەڵام لە خۆیی نیشان نەدەدا و، هەر لەو جێگایەی لەسەر کەشتییەکە کە یەکەم جار لێی دانیشیت مایەوە، ئەویش لەگەڵ هەندێ پیرەمێردی خەڵکی تامبۆڤ. هەموویان هەر لەوێ بە دریژایی ئەو شەوە و رۆژی دواتریشی بە بێدەنگی دانیشتن و خۆیانیان بە توورەکەکانیانەوە گرتبوو. بۆ رۆژی سێیەم کەشەکە ئارام بوویەوە و، بۆ رۆژی پێنجەم لە قوستەنتنییە (ئیستامبوڵ) لەنگەریان گرت. هەندێ لە حاجییەکان دابەزین و چوونە زیارەتی کڵێسای سان سۆفیا کە ئێستا لە لایەن تورکەکانەوە داگیر کراوە. ئێفیم هەر لەسەر کەشتییکە مایەوە و، تەنها هەندێ نانی کڕی. لەوێ بۆ بیست و چوار کاتژمێر مانەوە و، ئینجا دیسانەوە بە دەریادا کەوتنە رێ. جارێکی دیکە لە سمیرنا (ئیزمیر) و، جارێکیش لە ئەسکەندرییە وەستان و، دواجار بە سەلامەتی گەیشتنە یافا و، لەوێ دەبوو گشت حاجییەکان پیادە بن. لەوێشەوە هێشتا زیاتر لە چل میل رێگەی بۆ ئۆرشەلیم دەما. کە لە کەشتییەکە دابەزین، خەڵکەکە ترسی زیاتریان لێ نیشت. کەشتییەکە زۆر بڵند بوو و، خەڵکەکە دەخرانە بەلەمەوە و، ئەوەندەش دەلەقین زۆر بە ئاسانی دەکرا بترازێن و بەرببنە ناو ئاوەکە. دوو سێ پیاوێك خۆیانیان تەڕ کرد، بەڵام لە کۆتاییدا هەمووان بە سەلامەتی پیادەی سەر وشکانی بوون.

بە پێیان بەردەوام بوون و بۆ نیوەڕۆی رۆژی سێیەم گەیشتنە ئۆرشەلیم. لە دەرەوەی شار و لە میوانخانەیەکی روسی لایان دا و لەوێ پاسپۆرتەکانیان لێ وەرگیرا. ئینجا دوای نانی نیوەڕۆ، ئێفیم لەگەڵ هاوەڵە حاجییەکەی شوێنە پیرۆزەکان گەڕان. کاتەکەی کاتی ئەوە نەبوو رێگەیان پێ بدرێت سەردانی کڵێسای گۆڕی پیرۆز بکەن، بەڵام چوونە بارەگای پەترییارك. هەموو حاجییەکان لەوێ کۆبووبوونەوە. ئافرەتان لە پیاوان جیا کرانەوە و، پێیان ووترا بە ئەڵقەیی و بە پێی پەتی دانیشن. ئینجا رەبەنێك بە خۆی و خاولییەکەوە هات پێیان بشوات. پێی دەششتن و وشکی دەکردنەوە و ئینجا ماجی دەکردن و، ئەمیشی بۆ هەموو ئەو پیاوانەی لە ئەڵقەکەدا بوون ئەنجام دەدرا. پێیەکانی ئێفیم و ئەوانی دیکەیش شۆردران و ماچ کران. لە نوێژی ئێوارەوە بۆ نوێژی بەیانی راوەستا و، نوێژی کرد و، مۆمی لەسەر مەزارەکان دادەنا و، هەندێ نامیلکەی رادەست دەکرد کە ناوی دایك و باوکی و کەسانی دیکەی تێیاندا نوسرابوو تاوەکو ئەگەر کرا لە نوێژەکانی کڵێساکەدا ناویان بهێنرێت. لێرە لە بارەگای بەترییارك خواردن شەرابیان پێ درا. بۆ بەیانییەکی چوونە خانەی ماریای میسری، ئەو خانەیەی کە ماریا بۆ تۆبەکردنی تێیدا ژیابوو. لێرەشدا مۆمیان دانا و هەندێ نزایان خوێند. لەوێشەوە چوونە کڵێسای (داربەڕووی) ئیبراهیم و، ئەو جێگایەیان بینی کە تێیدا ئیبراهیم نێتی هەبووە کوڕەکەی بۆ خودا قوربانی بکات. ئینجا سەردانی ئەو جێگایەیان کرد کە مەسیح بۆ مەریەمی مەجدەلییە دەرکەوتبوو و، ئینجا بۆ کڵێسای یەعقوبی برای مەسیح. حاجییەکە تەواوی ئەم جێگایانەی پیشانی ئێفیم دا و، پێی دەووت کە لەسەر هەر کام لەو جێگایانە چەند پارە بدات. بۆ نیوەڕۆ هاتنەوە میوانخانەکە و نانی نیوەڕۆیان خوارد. لەوەدا دەیانویست هەڵابژێن و بخەون، حاجییەکە هاواری لێ هەستا و دەستی کردە پشکنینی جلوبەرگەکانی.

دەیووت، "جزدانەکەم دزراوە، بیست و روبڵی تێدا بوو. دوو دە روبڵی و ئەو باقی ووردە بوون."

ئاهی هەڵدەکێشا و خەمێکی زۆری دەخوارد، بەڵام کە هیچ چارەی نەما، هەردووکیان پاڵکەوتن و خەوتن.

 

 

٨

کە ئێفیم لەوێدا پاڵ کەوت هەڵمەتی داڵغەی برد.

"کەس پارەی ئەم حاجییەی نەدزیوە. باوەڕم نییە هیچ پارەیەکی هەبووبێت. لە هیچکوێش هیچ پارەیەکی نەبەخشی، ئەگەرچی هانی منی دەدا پارە دانێم و، تەنانەت یەك روبڵیشی بە قەرز لێ وەرگرتم." لە زیهنی خۆیدا وەهای دەووت.

ئەم خەیاڵەی زوو لە سەری دەرپەڕاند و بگرە کەوتە سەرزەنشتکردنی خۆیشی. بە خۆیی دەووت، "چ مافێکی ئەوەم هەیە حوکم لەسەر ئەم پیاوە بدەم؟ ئەمە تاوانە. چیدیکە بیری لێناکەمەوە." بەڵام هەرچی خەیاڵەکانی پەرتەوازە دەبوون، دیسانەوە دەگەڕانەوە سەر حاجییەکە: چۆن وەها دەردەکەوێت شەیدای پارە بێت و، چەندیش رەزاگەران دەرکەوت کاتێك هاواری کرد جزدانەکەی لێ دزراوە. "هیچکات هیچ پارەیەکی پێ نەبووە و، ئەمەیش هەمووی لە داهێنانی خۆیەتی."

دەمەو ئێوارە هەستان و چوون بۆ گردبوونەوەی نیوەشەو لە کڵێسای قیامەت کە گۆڕی پیرۆزیشی لێیە. حاجییەکە خۆیی بە ئێفیمەوە نوساند و بۆ هەموو جێیەك لەگەڵیدا بوو. کە هاتنە کڵێساکە، ژمارەیەکی زۆری حاجییانی لێ بوون، هەندێکیان روسی و هەندێکی دیکەیشیان لە نەتەوەکانی دیکە: یۆنانی، ئەرمەنی، تورك و، سوری. لەگەڵ حەشاماتەکەدا لە دەروازە پیرۆزەکانەوە چوونە ژوورەوە. بە تەنیشت پاسەوانە تورکەکانەوە رەبەنیك پێشەوایەتییانی دەکرد بەرەو ئەو جێگایەی کە رزگارکەری تێدا لە خاچەکە هێنرایە خوارەوە و بە مەرهەم چەور کرا و، هەر لەو جێگایەشدا مۆمەکان لە نۆ مۆمدانی گەورەدا گڕ درابوون. ئینجا رەبەنەکە ئێفیمی بۆ لای راست رێنمایی دەکرد، بەسەر قادرمەکاندا و بەرەو گالگۆتا رۆیشتن، ئەو جێگایەی کە خاچەکەی لێ قیت کرایەووە. ئێفیم لەوێدا نوێژی خوێند. ئینجا درزێکیان لە زەویدا نیشان دا کە زۆر قووڵ قڵیشابوو، دوای ئەوەش بۆ ئەو جێگایەی دەست و پێیەکانی مەسیح بە بزمار لە خاچەکە درابوو، دواتریش بۆ گۆڕی ئادەم، لەوێدا کە خوێنی مەسیح چکابووە سەر ئێسکی ئادەم. ئینجا ئەو بەردەیان نیشان دا مەسیح لەسەری دانیشتبوو کاتێك کە تاجە دڕکینەکەیان لەسەر نابوو؛ ئینجا ئەو ستوونەی مەسیح لە کاتی لێدانی بە قامچی پاڵی پێوە دابوو. دواتر ئێفیم ئەو بەردەی بینی کە دوو چاڵی شوێن پێی مەسیحی لەسەر بوون. لەوەدابوون شتێکی دیکەی نیشان بدەن، بەڵام جموجووڵێك لە حەشاماتەکەوە بەرپا بوو و، خەڵکەکە هەموویان بەرەو خودی کڵێسای پیرۆزی قیامەت ملیان نا. گردبوونەوەی لاتینی تازە تەواو بووبوو و، گردبوونەوەی روسی دەستی پێکردبوو. ئێفیمیش لەگەڵ خەڵکەکە بەرەو مەزاری قڵێشی سەر بەردەکە چوو.

دەیویست خۆی لە حاجییەکە قووتار بکات، چونکە ئەم هێشتا لە مێشکی خۆیدا دەرهەق بە ئەو تاوانی دەکرد، بەڵام حاجییەکە ئەمی بەجێ نەدەهێشت و، بەڵکو لەگەڵیشدا بەرەو گردبوونەوەکەی کڵێسای پیرۆزی قیامەتیش رۆیشت. دەیانویست بگەنە ریزی پێشەوە، بەڵام زۆر درەنگ کەوتبوون. حاشاماتەکە هێندە چڕ و زۆر بوو ئەستەم بوو نە بۆ پێشەوە و نە بۆ پاشە بجووڵێیت. ئێفیم لە پێش ئەوەوە وەستابوو و تەماشای دەکرد و نوێژی دەخوێند و، جار بە جاریش دەستی لە جزدانەکەی خۆی دەدا. بە دوو لادا بیری دەکردەوە: هەندێ جار وای بیر دەکردەوە کە حاجییەکە هەڵیدەخەڵەتێنێت و، پاشان بە خۆیی دەووت ئەگەر حاجییەکە راستی کردبێت و جزدانەکەی بە راستی دزرابێت، ئەوا رەنگە هەمان شت بەسەر ئەمیشدا بێت.

ئێفیم لەوێدا وەستابوو و دەینۆڕییە ئەو مەزارگە بچوکەی کە خودی کڵێسای پیرۆز بوو و سی و شەش چرای بەسەرەوە دەگڕان. ئەو کاتەی لەسەر سەری خەڵکەکەوە تەماشای دەکرد، شتێکی سەیری بینی سەری پێی سووڕ ما. دروست لەژێر ئەو چرایانەی ئاگری پیرۆزیان تێدا دەگڕان و لە پێش هەمووانەوە، ئێفیم پیرەمێردێکی پاڵتۆ خۆڵەمێشیی بینی کە سەرە رووتەکەی دەدرەوشایەوە، هەر وەکو سەرە کەچەڵەکەی ئێلیشا بۆدرۆف.

"هەر لە ئەو دەچێت، بەڵام خۆ ناکرێت ئێلیشا بێت،" وای بیر لێ دەکردەوە. "ناکرێت لە پێش منەوە گەیشتبێت. ئەو کەشتییەی لە پێش ئێمە بوو، هەفتەیەك زووتر دەرچووبوو. ئەو نەیتوانیوە بەو کەشتییە بگات و، خۆ لەسەر ئەو کەشتییەی ئێمەش نەبوو، من خۆم گشت زیارەتکارانی سەریم بینی."

ئێفیم لەم خیاڵانەدا بوو، کاتێك پیرەمێردەکە دەستی بە نوێژخوێندن کرد و، سێ جاران چەمایەوە: جارێك بۆ خودا و، ئینجا هەر جارێك و بەملا و ئەولایدا بۆ برایان. لەگەڵ رووی کردە لای راست، ئێفیم ئەوی ناسییەوە. خودی ئێلیشا بۆدرۆف بوو بەو ریشە رەش و لوولەی کە لە سەر گوڵمەکانییەوە ماشوبرنجیان تێکەوتبوو، بەو برۆیانەی خۆیەوە، بەو لووت و چاوانەیەوە و، بەو شێوەی روخسارەیەوە. بەڵێ ئەوە خۆی بوو!"

ئێفیم زۆر خۆشحاڵ بوو بەوەی دیسانەوە هاوەڵەکەی خۆیی دۆزییەوە و، سەری لەوە دەرنەدەچوو چۆن چۆنی ئێلیشا لە پێش ئەودا گەیشتووەتە جێ.

"ئافەرین، ئێلیشا!" لە مێشکی خۆیدا دەیووت. "دەبینی چۆن خۆی زوو گەیاندووە. لەوانەیە رێی کەوتبێتە کەسێك رێگاکەی نیشان دابێت. کە دەرچووینە دەرەوە، دەیدۆزمەوە و خۆم لەم برادەرە کڵاولەسەر قوتار دەکەم و، ئێلیشا لەدەست خۆم نادەمەوە. لەوانەیە نیشانم بدات چۆن منیش بگەمە ریزی پێشەوە."

ئێفیم چاوی لەسەر هەڵنەگرت، نەبادا ئێلیشای لەبەر چاو وون ببێت. بەڵام کە گردبوونەوەکە تەواو بوو، خەڵکەکە کەوتنە تەکاندان و بەرەو پێشەوە هەڵدەکشان گۆڕەکە ماچ بکەن و، ئێفیمیان پاڵ نایە لایەکەوە.  دیسانەوە ترسی ئەوە دایگرت نەبادا جزدانەکەی بدزرێت. توند دەستی پێوە گرتبوو و بە ئانیشکی خۆی لە حەشاماتەکە دەرباز دەکرد تەنها بۆ ئەوەی دەربچێت. کە قوتاری بوو، چوو بە دوای ئێلیشادا بگەڕێت، ماوەیەکی زۆر لە دەرەوە و ناوەوەی کڵێساکەش گەڕا. لە ژوورەکانی کڵێساکەدا خەڵکی هەمەجۆری دەبینی، نانیان دەخوارد، مەییان دەخواردەوە، دەیانخوێندەوە و، هەندێکیشیان خەویان لێ کەوتبوو. بەڵام ئێلیشا لە هیچکوێدا نەدەبینرا. بۆیە ئێفیم بێ ئەوەی هاوەڵەکەی بدۆزێتەوە گەڕایەوە میوانخانەکە. ئەو ئێوارەیە، حاجیی کڵاولەسەر دەرنەکەوتەوە. بێ ئەوەی یەك روبڵەکەی ئێفیمیش بداتەوە لێیدا بوو رۆیشتبوو و ئەمی بە تەنیا هێشتەوە.

بۆ رۆژی دواتر، ئێفیم لەگەڵ پیاوێکی خەڵکی تامبۆڤ کە لەسەر کەشتییەکە ناسیبووی، دیسانەوە گەڕایەوە بۆ کڵێسای گۆڕی پیرۆز. هەوڵی دا بگاتە پێشەوە، بەڵام هەم بۆ پشتەوە پاڵ نرا؛ بۆیە لە پاڵ کۆڵەکەیەك وەستا و نوێژی خۆی خوێند. تەماشای پێشەوەی خۆیی دەکرد و، لە پێشی پێشەوە و لەژیر چراکان و زۆر نزیك لە گۆڕی خاوەنشکۆ، ئێلیشا وەستابوو، قۆڵی وەك قەشەی سەر میحراب کردبووەوە و سەرە کەچەڵەکەی بریقەی دەهات.

"ئێ، ئەمجارەیان، وونی ناکەمەوە."

بەرەو پێشەوە تەکانی دا، کە گەیشتە ئەوێ، ئێلیشای لێ نەبوو. وا دیار بوو لەوێ رۆیشتبێت.

لە رۆژی سێیەمیشدا، ئێفیم دەستی بە گەڕان کردەوە و، لە لای گۆڕەکە و لە پیرۆزترین جێیدا، ئێلیشای بینی لەبەرچاوی هەمووانەوە وەستابوو، هەردوو قۆڵی واز کردبوون و چاوی رووەو سەرەوە راگرتبوون وەك بڵێی شتێکی لەسەروە بینیبێت. سەرە رووتەکەیشی بە تەواوی شەوقی دەدایەوە.

ئێفیم بە خۆیی دەووت، "کەواتە، ئەمجارەیان، لێم وون نابێت! دەڕۆم لە ناو دەرگاکە دەوەستم و ئیتر کەسم لەدەست دەرناچێت!"

ئێفیم چووە دەرەوە و لە لای دەرگاکە تا دوای نیوڕۆ راوەستا. هەموو کەس هاتنە دەرەوە، بەڵام ئێلیشا هەر دەرنەکەوت."

ئێفیم شەش هەفتە لە ئۆرشەلیم مایەوە و، چووە هەموو جێگایەك: بۆ بێت لەحم و، بۆ بێت عەنیا و بۆ ئوردن. کراسێکی مۆرکراوی گۆڕی پیرۆزی بۆ سەرەمەرگی خۆی کڕی و، هەروەها بوتڵێك ئاوی روباری ئوردن و هەندێ خاکی پیرۆزی بەدەست هێنا و هەندێ لەو مۆمانەیشی کڕی کە بە ئاگری پیرۆز داگیرسێندرابوون. لە هەشت جێگادا کۆمەڵێك ناوی نوسی بۆ ئەوەی نوێژیان بۆ بخوێندرێت و پارەکەیی تەواو خەرج کرد، ئەوەندە نەبێت کە بەشی گەڕانەوەی بکات. ئینجا بەرەو ماڵ کەوتەوە رێ. بە پێی چووە یافا و، سواری کەشتی بوو بۆ ئۆدیسە و، لەوێشەوە بە پێی لێیدا بەرەو ماڵ.

 

 

٩

ئێفیم بە هەمان بەو رێگایەی پێیدا هاتبوو، گەشتی گەڕانەوەی کردەوە و، کە لە ماڵیش نزیكتر بوویەوە، هەمان ئەو خولیایەی جارانەی کەوتەوە سەر داخۆ کاروبارەکانی ماڵ لە نەبوونی ئەمدا چۆن بە ڕێوە چوون. وەکو پەندەکە دەڵێت، "لە ساڵێکدا ئاوێکی زۆر دەڕژێت." لە خەیاڵی خۆیدا دەیووت: تەمەنێکی دەوێت تا ماڵ و حاڵێك پێکەوە بنێیت، بەڵام بۆ داڕماندنی هێندەی ناوێت. حەزی دەکرد بزانێت لە نەبوونی ئەمدا کوڕەکی چۆن کارەکانی بەڕێوە بردووە، چ بەهارێك ژیاون و، ئاژەڵەکانیان چ زستانێکیان بەسەر بردووە و، ئایا کۆلیتەکە تەواو کراوە. کاتێك گەیشتە ئەو ناوچەیەی هاوینی رابردوو لە ئێلیشا جیا بوویەوە، بە ئەستەم باوەڕی بە چاوەکانی کرد کە هەمان خەڵکەکەی جارانی لێ بوون. ساڵی رابردوو نان نەبوو بیخۆن، بەڵام ئێستا بە ئاسودەیی دەژیان. خەلە و خەرمانیان باش هاتبوو و، خەڵکەکە چاك بووبوونەوە و نەهاتییەکەیان لەبیر کردبوو.

بۆ دەمەو ئێوارە گەیشتە هەمان ئەو جێگایەی کە ئێلیشای تێدا وەدوا کەوت. کاتێك چووە ناو گوندەکەوە، کیژۆڵەیەكی کراس سپی لە خانوویەکەوە رای کردە دەرەوە و رووی لەم کرد: "باوکە، باوکە، وەرە بۆ ماڵی ئێمە!"

ئێفیم مەبەستی بوو تێپەڕێت، بەڵام کیژۆڵەکە رێی لێ گرت. پاڵتۆکەی توندی گرت و رایدەوەشاند و پێدەکەنی و بەرەو ماڵەکەیان پەڵکێشی دەکرد و، لەو دەمەدا ئافرەتێك بە منداڵێکی بچوکەوە لە ماڵەکە هاتە داڵانەکەی فەرمووی لێ دەکرد.

"وەرە ژوورە باپیرە. شاممان لەگەڵدا بکە بۆ شەو لێرەدا بمێنەرەوە."

ئێفیمیش چووە ژوورە.

لە خەیاڵی خۆیدا دەیووت، "رەنگە بشکرێت پرسیارێکی ئێلیشاش بکەم. مەزەندە دەکەم کە ئەمە هەمان ئەو کۆلیتەیە بێت کە بۆ خواردنەوە کەمێك ئاو بۆی چوو."

ئافرەتەکە یارمەتیی دا توورەکەکەی لە شان دابکەنێت و، هەندێ ئاوی پێیدا دەموچاوی پێ بشوات. ئینجا خوڵکی کرد لە پشت مێزێك دانیشێت و، شیر و کێکی هەڵهاتوو و دۆغەوای لەبەردەم دانا. ئێفیم سوپاس و ستایشی ئەو رێزەی کرد بەرانبەر بە حاجییەك دەنوێنێت. ئافرەتەکە سەری راوەشاند.

بە ئیفیمی ووی، "ئێمە هۆکاری خۆمان هەیە رێزی حاجییان بگرین. حاجییەك وای لێکردین لە مانای ژیان بگەین. ئێمە بێخەبەر لە خودا دەژیاین و، خودا تا لێواری مەرگ سزای داین. هاوینی رابردوو گەیشتینە رێگایەك کە هەموومان نەخۆش و بێچارە کەوتین و هیچمان نەبوو بیخۆین. هەر دەبوو بمردینایە، بەڵام خودا پیرەمێردێکی بۆ یارمەتیمان رەوانە کرد، کەسێکی هەر وەکو ئێوە. رۆژێکیان بۆ داواکردنی کەمێك ئاو هاتە ژوورەوە و، ئەو دۆخەی ئێمەی بینی و بەزەییی پێدا هاتینەوە و، لەگەڵماندا مایەوە. خواردن و خواردنەوەی پێشکەش دەکردین و وای لێکردین لەسەر پێی خۆمان بوەستین و، زەوییەکەی بۆ وەرگرتینەوە و، ئەسپ و گالیسکەیەکی بۆمان کڕی و پێیداین."

ئا لێرەدا پیرەژنەکە هاتە ژوورەوە و قسەکەی پێ بڕین و ووتی:

"ئێمە نازانین داخۆ پیاوێکی ئاسایی بوو یان فریشتەیەك لەلایەن خوداوە. ئێمەی هەموو خوشویست و بەزەییی پێدا هاتینەوە و، بە بێ ئەوەی ناویمان پێ بڵێت لە ماڵمان رۆیشت، بۆ ئەوەی نەشزانین کە دوعا بۆ کێ بکەین. ئێستاش هەموویم وەکو لە پێش چاودا ماوە! ئا لەوێ پاڵ کەوتبووم چاوەڕێی مەرگم دەکرد کە ئەوەندەم زانی پیرەمێردێکی سەر کەچەڵ خۆی بە ژووردا. شتێکی وەها نەبوو تەماشای بکەیت و هێندەی لێ چاوەڕێ بکەێت و، هات داوای قوومێ ئاوی کرد. منی تاوانکاریش وام بیر دەکردەوە: "دەبێت بۆ چ شتێك هاتبێت؟" بەس بیر بکەرەوە لەوەی کە کردی! هەر لەگەڵ ئەوەی کە ئێمەی بینی، توورەکەکەی دانا و دروست لەو جێگایە کردییەوە."

لەم کاتەدا، کیژۆڵەکەش دەمی کردەوە و ووتی، "نا نەنە. یەکەم جار لێرە لە ناوەڕاستی کۆلیتەکە داینا و، دوایی خستییە سەر کورسییەکە."

ئیتر کەوتنە گێڕانەوەی ئەوەی کە ووتبووی و ئەنجامی دابوو، لە کوێدا دانیشت و لە کوێ خەوت و، چیی بە هەرکامیان دەووت.

بۆ شەو، جوتیاری خاوەن ماڵ خۆی هاتەوە و، دەستی کردە باسکردنی ئێلیشا و ئەوە کە چۆن لەگەڵیاندا ژیابوو.

"ئەگەر ئەو نەهاتبا، ئێمە هەموومان لە نێو تاوانی خۆماندا دەمردین. لە نائومێدیدا دەمردین و دەرهەق بە خەڵك و خوداش بۆڵەمان دەکرد. بەڵام ئەو دووبارە لەسەر پێی راگرتینەوە و، بە هۆی ئەوەوە ئێمە لە خودا گەیشتین و باوەڕیشمان بەوە هێنا کە چاکە لە نێو مرۆڤدا هەر ماوە. دەك بکەوێتە بەر رەحمەتی خودا! ئێمە وەکو ئاژەڵ دەژیاین، ئەو کردینیە مرۆڤ."

دوای ئەوەی خواردن و خواردنەوەیان پییدا، جێگای خەوتنیان نیشان دا و، خۆیشیان پاڵ کەوتن بخەون.

بەڵام ئیفیم، ئەگەرچی هەڵاژیابوو، خەوی نەدەچووە چاو. نەیدەتوانی ئێلیشا لە خەیاڵی خۆی دەربهێنێت، بەڵکو هەر بیری لەوە دەکردەوە چۆن سێ جاران ئەوی ئۆرشەلیم دیبوو، لە نزیكترین جێگا راوەستابوو.

"کەواتە بەو شێوەیە پێش من کەوت. خودا لەوانەیە حەجەکەمی منی قەبوڵ کردبێت یان نەکردبێت، بەڵام بە دڵنیاییەوە ئەوەی ئەوی پەسەند کردووە!"

بۆ بەیانییەکەی ئێفیم خوداحافیزیی لە خێزانەکە کرد و، ئەوانیش پیش ئەوەی بچنە سەر کارەکانیان هەندێ کولیچەیان لە توورەکەکەی کردبوو. بەم جۆرە درێژەی بە گەشتەکەی دا.

 

 

١٠

نزیکەی ساڵێك دەبوو ئێفیم لە ماڵ دەرچووبوو و، وا دیسان بەهار هاتووە کاتێك لە ئێوارەیەكدا گەیشتەوە ماڵ. کوڕەکەی لە ماڵ نەبوو و بۆ خانە گشتییەکە رۆیشتبوو و کاتێك گەڕایەوە زۆری زۆری خواردبووەوە. ئێفیم دەستی بە لێپرسینەوەی کرد. هەموو شتێك وای نیشان دەدا کە ئەم پیاوە لاوە لە نەبوونی باوکیدا تەواو دەمدەمی و بێپەروا بووە. هەموو پارەکەیان بە بێهودە خەرج کرابوو و، کارەکانیش پشتگوێ خرابوون. باوکی کەوتە سەرکۆنەکردنی کوڕەکەی و کوڕەش بە بێڕوویی وەڵامی دەدایەوە.

"ئەی بۆچی نەمایتەوە و خۆت ئاگات لێی بێت؟" بە باوکی دەووت. "رۆیشتیت و پارەکەت لەگەڵ خۆت برد و ئێستاش لە منی داوا دەکەیت!"

پیرەمێرد هەڵچوو و لە کوڕەکەیی دا.

بۆ بەیانییەکەی ئێفیم چووە لای ریشسپیی گوند گازندە لە هەڵسوکەوتی کوڕەکەی بکات. کە بە لای ماڵی ئێلیشادا تێپەڕی، ژنی هاوڕێکەی لە داڵانەکەوە سڵاوی لێی کرد.

"چۆنی دراوسێ، باشی،" ژنەکەی ئێلیشا پێی ووت. "حاڵ و وەزعت چۆنە، هاورێی ئازیز؟ بە سەلامەتی گەیشتیتە ئۆرشەلیم؟"

ئێفیم راوەستا و، ووتی، "بەڵێ، سوپاس بۆ خودا. لەوێ بووم. پیرەمێردەکەی ئێوەم لێ وون بوو، بەڵام بیستوومە بە سەلامەتی گەیشتووەتە ماڵ."

پیرەژن حەزی لە قسەکردن بوو. "بەڵێ دراوسێ، ئەو گەڕایەوە. زۆر لە مێژە گەڕاوەتەوە. هەر زوو دوای یادی گواستنەوەی مەریەمی پاکیزە، پێموا بێت لەو کاتەدا بوو کە گەڕایەوە. ئێمەش خۆشحاڵ بووین ئەوی بۆ ئێمە گەڕاندەوە! بە بێ ئەو تاقەتمان نەمابوو. چیدیکەش کارێکی زۆری لێ چاوەڕوان ناکەین، ساڵانی کارکردنی ئەو بەسەر چوون؛ بەڵام ئەو هێشتا سەرۆکی خێزانەکەیە و بە بوونی ئەو لە ماڵدا مایە شادی و سەفایە. ئەی کوڕەکەمان بۆ ناڵێیت چەند خۆشحاڵ بوو! دەیووت، "کە باوکە لە ماڵەوە نەبێت، وەکو ئەوە وایە رۆژ هەڵنەیەت!" ئەی هاوڕێی ئازیز، بە بێ ئەو زۆر بێزار بووین. زۆرمان خۆش دەوێت و، باش ئاگامان لێیەتی."

"ئەی ئێستا لە ماڵەوەیە؟"

"بەڵێ، هاوڕێی ئازیز. لە ناو هەنگەکاندایە. گەلە هەنگەکان دەخاتە کوورەوە. دەڵێت ئەمساڵ زۆر باش زیادیان کردووە. خودا وەها توانایەکی بە هەنگەکان داوە کە هاوسەرەکەم دەڵێت شتی وەهای بە بیردا نایەت. ئەو دەڵێت، "خودا بە پێی تاوانەکانمان پاداشتمان ناکات." فەرموو، وەرە ژوورە، هاوڕێی ئازیز، زۆر خۆشحاڵ دەبێت چاوی پێت بکەوێت."

ئێفیم بە رێڕەوەکەدا تێپەڕی و چووە حەوشەکە و لەوێشەوە چووە لانە هەنگەکان بۆ ئەوەی ئێلیشا ببینێت. لەوێ ئێلیشا هەر لە پاڵتۆ خۆڵەمێشییەکەیی لەبەردا بوو و، هیچ جۆرە تۆڕی سەر دەموچاو و دەستکێشێکی نەپۆشیبوو و لە بن سپیدارکاندا راوەستابوو و تەماشای سەرەوەی دەکرد، قۆڵەکانی کردبووەوە و سەرە کەچەڵەکەیشی دەدرەوشایەوە، دروست وەکو ئەوەی ئێفیم ئەوی لە نزیك گۆڕی پیرۆز لە ئۆرشەلیم بینی؛ لە سەرەوەش هەتاو لە سپیدارەکانی دەدا هەر وەکو تیشکی ئەو ئاگرەی دەکەوتە سەر جێگا پیرۆزەکە و، مێشهەنگە ئاڵتونییەکانیش خەرمانەیان لە دەوری سەری دابوو و، بێ ئەوەی پێیەوەی بدەن.

ئێفیم راوەستا. پیرەژنیش بانگی لە مێردەکەی کرد، "ئەوەتا هاوڕێکەت هاتووە."

ئێلیشا بە روخسارێکی خۆشحاڵەوە لای کردەوە و بەرەو پیری ئێفیم هات و، لەسەر خۆی هەنگەکانی لەناو ریشی دەردەهێنا.

"رۆژ باش دراوسێ، رۆژ باش، هاوڕێی ئازیز. خۆ بە سەلامەتی گەیشتیتە مەقسەد؟"

"پێم نایە سەر خاکی ئەوێ و، هەندێ ئاویشم لە روباری ئوردن بۆ هێناوی. دەبێت بێیتە ماڵمان تا بتدەمێ. بەڵام ئەوەی کە خودا ماندووبوونەکەمی پەسەند کردبێت..."

ئێلیشا ووتی، "دەبێت سوپاسگوزاری خودا بیت! حەزرەتی مەسیح خۆی رەحمت پێ بکات!"

ئێفیم بۆ دەمێك بێدەنگ بوو و، ئینجا ووتی: "پێیەکانم لەوێ بوون، بەڵام ئایا رۆحیشم لەوێ بووبێت، یاخود رۆحی کەسێکی دیکە، بە راستی لەوێ بووبێت ..."

"ئەوەیان کاری خودایە، دراوسێ، کاری خودا،" ئێلیشا قسەکەی پێ بڕی.

"لە رێگای هاتنەوەمدا، لەو ماڵەدا لام دا کە تۆ تێیدا بەجێ مایت..."

ئێلیشا بە خۆی کەوت و خێرا ووتی، "کاری خودایە، دراوسێ، کاری خودا! وەرە ناو کۆلیتەکە، کەمێك لەو هەنگوینەی خۆمانت بدەمێ." ئێلیشا قسەکەی بادایەوە و هاتە سەر باسی کاروباری ماڵ.

ئێفیم ئاهێکی هەڵکێشا و، سەربارەت بەو خێزانەی ناو کۆلیتەکە هیچی بۆ باس نەکرد، باسی ئەوەشی بۆ نەکرد کە چۆن لە ئۆرشەلیم ئەوی بینیوە. بەڵام ئێستا تێگەیشت کە باشترین رێگا بۆ بەجێهێنانی بەڵێنێك کەسێك بە خودای دابیت و بۆ بەجێهێنانی ویستی خودا ئەوەیە کە ئەو کەسە لە ژیانیدا بەرانبەر خەڵکانی دیکە خۆشەویستی بنوێنێت و کاری باشیان لەگەڵدا بکات.


No comments:

Post a Comment

ئەسەرحەدۆن، پاشای ئاشور

  ئەسەرحەدۆن، پاشای ئاشور     ئەسەرحەدۆن، پاشای ئاشور   لیۆ تۆلستۆی (١٩٠٣) لە ئینگلیزییەوە بۆ کوردی: ئاکۆ محەمەد   (لەم چیرۆ...