ژمارەیەك لە نۆڤلێت و چیرۆکەکانی نوسەری گەورەی رووسیا کە لە زمانی ئینگلیزییەوە کردوومن بە کوردی

Monday, October 4, 2021

سزاری لاو

 

سزاری لاو

 

سزاری لاو

لیۆ تۆڵستۆی

لە ئینگلیزییەوە بۆ کوردی: ئاکۆ محەمەد

 

سزاری لاو تازە هاتبووە سەر تەخت. بۆ ماوەی پێنج هەفتە دەبوو بە بێ وەستان کاری دەکرد، هەر وەك پیشەی هەمیشەیی سزارەکان. راپۆرتەکانی تەماشا دەکرد، نوسراوەکانی واژوو دەکرد، پێشوازیی لە باڵوێزەکان و ئەو بەرپرسە باڵایانە دەکرد کە دەهاتنە لای پێی بناسرێن و، هەروەها پێداچوونەوەی بە حاڵی سوپاکان دەکرد. ماندوو ببوو و، هەر وەکو رێبوارێك بە گەرما و تینوێتی شەکەت بووبێت کە مەراقی قوومێك ئاو و پشوودانێك دەکات، مەراقی ووچانێکی تەنها یەك رۆژیی دەکرد تا هیچ نەبێت دوور لە پێشوازی لێکردن و دوور لە وتاردان و دوور لە نمایشی سەربازی چەند کاتژمێرێکی کەمی ئازادی هەبێت و وەکو مرۆڤێکی ئاسایی لەگەڵ ئەو ژنە لاو و ژیر و جوانەی خۆی بەسەر ببات کە تەنها یەك مانگ لەمەوبەر هاوسەرگیری لەگەڵدا کردووە.

ئێوارەی رۆژی کریسمەس بوو. سزاری لاو ئامادەسازیی کردبوو بۆ ئەوەی ئەو ئێوارەیە پشوویەکی تەواو بدات. شەوی پێشووتری تا درەنگانی شەو مابووەوە بۆ کارکردن لەسەر ئەو بەڵگەنامانەی وەزیرەکانی دەوڵەتەکەی بۆیان بەجێ هێشتبوو تەماشایان بکات. بۆ بەیانییەکەی ئامادەی نزای سوپاسگوزاریی تێ دیۆم بوو و، دواتریش چووە دامەزراوەیەکی سەربازی. بۆ پاشنیوەرۆکەی پێشوازیی لە میوانە فەرمییەکان کرد و، دواتریش ناچار بوو بە گوێگرتن لە راپۆرتی سێ لە وەزیرەکانی و رەزامەندی خۆیی لە هەندێ پرسی گرنگ دەربڕی. لە کۆبوونەوەیدا لەگەڵ وەزیری دارایی رەزامەندی دا لەسەر زیادکردنێك لەسەر باجی سەر ئەو کاڵا هاوردەکراوانەی کە وا دیار بوو لە ئایندەدا چەندین ملیۆنی دیکەی دەخستە سەر داهاتی دەوڵەت. ئینجا بڕیارێکی میریی دەرکرد بە قەدەغەکردنی فرۆشتنی شەرابی براندی لە بەشە جیاجیاکانی وڵاتدا و، بڕیارێکی واژوو کرد بە مەبەستی رێگەدان بە فرۆشتنی ئەلکحول لەو گوندانەی کە بازاڕیان هەیە. ئەمەش وەها حیساب کرابوو کە داهاتی بنەڕەتیی دەولەت زیاتر بکات، کە لە فرۆشتنی خواردنەوە رۆحییەکاندا بەدەست دەهات. هەروەها رەزامەندیی دا لەسەر دەرکردنی بڕیاری پێدانی قەرزێکی زێڕینی نوێی داواکراو بۆ دانوستانیکی تایبەت بە کاروباری دارایی. دوای ئەوەی وەزیری داد هەواڵی ئالۆزیی کەیسی هاتنەسەر تەختی بارۆن شنایدەری بۆ باس کرد، سزاری لاو بە واژووی خۆی بڕیارەکەی دووپات کردەوە و؛ هەروەها هەندێ یاسای نوێی پەسەند کرد کە پەیوەندیدار بوون بە جێبەجیکردنی ماددەی ١٨٣٠ لە یاسای سزادان، وەکو زەمینەخۆشکردنێك بۆ سزادانی وێڵگەڕەکان. لە کۆبوونەوەکەیدا لەگەڵ وەزیری ناوخۆدا، فەرمانی کۆکردنەوەی باجەکانی سەر قەرزە دواکەوتووەکان راستاندن و،  فەرمانێکی واژوو کرد کە تایبەت بوو بە دانانی ئەوەی دەبێت چ رێوشوێنێك بگیرێنەبەر بۆ چەوساندنەوەی لەدیندەرچووان و، هەروەها فەرمانێکی دیکەش بۆ بەردەوامیدان بە یاسای عورفی لەو پارێزگایانەی کە پیشتر تێیاندا دەرکرابوون. لەگەڵ وەزیری شەڕدا ئامادەکاریان کرد بۆ ناوزەدکردنی فەرماندەی لەشکری نوێ بە مەبەستی بەرزکردنەوەی ئاستی ناونوسینی سەربازان و، هەروەها بۆ سزادانی ئەو پێشێڵکارییانەی لە رێکارەکاندا هەن. ئەم شتانە تا کاتی نانی ئێوارە سەریان قاڵ کردبوو و، تەنانەت ئەو کاتەش ئازادی و دەستبەتاڵییەکەییش بە تەواوەتی نەبوو. ژمارەیەك لە گەورە بەرپرسان بۆ نانی ئێوارە داوەت کرابوون و، ئەمیش ناچار کرا قسەیان بۆ بکات: ئەمەیش نەك بەو شێوازەی خۆی کەیفی پێی بێت، بەڵکو بە گوێرەی ئەوەی لێی چاوەڕوان دەکرا بیڵێت. لە کۆتاییدا ئەو شامە تاقەتبەرەش تەواو بوو و، میوانەکان بڵاوەیان لێکرد.

سزاری لاو هەناسەیەکی ئاسودەیی هەڵکێشا و خۆیی کێش هێنا و چووە ژوورەکانی خۆی تا جلە فەرمییەکەی بەو جوانکارییانەی پێیەوە بوون دابکەنێت و، ئەو چاکەتەی خۆی لەبەر بکات کە پێشتر و پێش ئەوەی بێتە سەر تەخت هەمیشە دەیپۆشی. ژنە جوان و جەحێڵەکەیشی چوو کراسە تایبەتەکەی ئێوارانی دابکەنێت، وەك بڵێی دەیویست لەگەڵیدا پێکەوە بن.

ئەو کاتەی کە بە پێش ریزێك لە خزمەتکاران تێپەڕی کە لە بەردەمیدا رەق راوەستابوون و، کاتێك گەیشتە ژوورەکەی و جلە فەرمییە قورسەکانی داکەند و چاکەتەکەیی لەبەر کرد، سزاری لاو بەوەی کە لە کارەکان دەستی بەتاڵ بووە هەستی بە خۆشی کرد و، دڵیشی پڕببوو بە هەستێکی ناسك کە لە دەرککردنی بەو سەربەستی و دڵخۆشییەی و بەو ژنە لاو و تەندروستەی و بەو خۆشەویستییەی سەرچاوەی دەگرت. خۆیی فڕێ دایە سەر قەنەفەکە و لاقەکانیی لەسەریدا راکێشا و سەری خستە ناو دەستەکانییەوە و چاوی لەسەر سێبەری لێڵی جامەکە جێگیر کرد و، ئینجا هەستێك کە لە تەمەنی منداڵییەوە تاوەکو ئێستا بەخۆیەوەی نەدیبوو دایگرت؛ ئەویش چێژی خەوبردنەوە و خەواڵووییەك بوو بەرگری نەدەکرا.

 "ئێستا ژنەکەم دێتە ئێرە و دەبینێت خەوم لێکەوتوو. نەخێر، نابێت خەو بمباتەوە،" بۆ خۆی بیری دەکردەوە. لێگەڕا قۆڵی بەر ببێتەوە، گۆنای خستە ناولەپییەوە، جەستەی خۆیی ئاسودە کرد و هێندە خۆشحاڵ بوو تەنها هەستی بە حەزێك دەکرد لەم دۆخی خۆشییەیدا هەڵنەسەگێنرێت.

ئینجا ئەوەی کە هەموو رۆژێك بەسەر هەمووان دێت بەسەر ئەویشدا هات، بێ ئەوەی بە خۆی بزانێت کەی و چۆن خەو بردییەوە. بێ ئەوەی ویستی خۆی هیچ رۆڵێکی تێدا هەبێت لە دۆخێکەوە چوە دۆخێکی دیکە، تەنانەت بێ ئەوەی ئارەزوویشی بکات و بێ ئەوەی بەداخ بێت بۆ ئەو دۆخەی لێی چووەتە دەرەوە. چووە خەوێکی قووڵی مەرگ ئاساوە. چەندێك خەوت، خۆیشی نەیدەزانی، بەڵام لەپڕێکدا بە دەستێکی نەرم کە لەسەر شانی دا بە ئاگا هاتەوە.

"ئەوە ئازیزەکەمە، خۆیەتی،" لە زیهنی خۆیدا دەیووت. "چ ریسواییەکە خەو بتباتەوە!"

بەڵام ئەوە خۆی نەبوو. لە پێش چاوەکانیدا، کە زاق کرابوونەوە و لەبەر رۆشناییەکە زوو زوو دەیپرتاندن، خۆی، ئەو مەخلوقە جوان و دڵفڕێنەی پێشبینیی دەکرد نەوەستابوو، بەڵکو ئەو کابرایە بوو. کابرایەك سزاری لاو نەیدەناسی، بەڵام بە جۆرێك لە جۆرەکان ئەوەی بە خەیاڵدا نەهات کە ئەمە کەسێکی بێگانەیە و هەرگیز پێشتر نەیبینیوە. وەها بوو بە لایەوە کە لە زووەوە دەیناسێت و زۆری پێوە پەیوەستە و، وەهاش بوو بە لایەوە کە متمانەی پێیەتی و ئەویش متمانەی پێدەکات. ئەو پێشبینیی ژنە خۆشەویستەکەیی دەکرد، بەڵام کەچی لە بری ئەودا ئەم پیاوەی کە هەرگیز نەیبینیوە هات. هێشتاش بۆ سزاری لاو کە هیچ هەستی بە داخ و سەرسووڕمان نەدەکرد، وەها دیار بوو کە نەك تەنها زۆر سروشتی بێت، بەڵکو شتێکی پێویستیش بوو کە دەبوو رووبدات.

"وەرە!" بێگانەکە پێی ووت.

"بەڵێ، با بڕۆین،" سزاری لاو وەڵامی دایەوە و خۆیشی نەیدەزانی بۆ کوێ دەڕوات، بەڵام تەواو ئاگاداری ئەوە بوو کە ناتوانێت دەستبەرداری خۆبەدەستەوەدانی فەرمانەکانی بێگانەکە بێت. لێی پرسی، "بەڵام دەبێت چۆن بڕۆین؟"

"لێرەوە."

کابرای بێگانە دەستی خستە سەر دەستی سزار و، سزار بۆ ساتێك هۆشی خۆیی لەدەست دا. بە خۆیی نەدەزانی داخۆ بۆ ماوەیەکی درێژ یان کورت بێهۆش بووە، بەڵام کە هاتەوە سەر هۆش، خۆیی لە شوێنی نامۆدا بینییەوە. یەکەم شت کە هەستی پێی شکا بۆگەنێکی بەهێز و هەناسەبڕی زێرابەکە بوو. ئەو شوێنەی تێیدا وەستابوو، رێڕەوێکی بەرین بوو کە بە روناکییە رەنگ سوورەکەی دوو چرای لێڵ روناك دەبووەوە. لە لایەکی رێڕەوەکەوە دیوارێکی ئەستوری پڕ پەنجەرە بوو کە بە تۆڕی ئاسنین داپۆشرابوون. لە لایەکەی دیکەشەوە، هەندێ دەرگای لێبوو کە بە قوفڵ پارێزراو بوون. لە ناو رێڕەوەکەدا سەربازێك راوەستابوو، پاڵی دابووەوە دیوارەکە و خەوی لێکەوتبوو. لەو دیوی دەرگاکانەوە، سزاری لاو گوێبیستی دەنگی ورتەورتی مرۆڤی زیندوو بوو؛ نەك هی تەنیا یەك کەس، بەڵکو هی گەلێك. کابرا لە تەنیشت سزاری لاوەوە وەستابوو و، بەو دەستە نەرمەی بە سووکی فشاری شانی سزاری دا و بێ گوێدانە پاسەوانکە بەرەو یەکەم دەرگا پاڵی پێوە نا. سزاری لاویش وای هەست دەکرد ناتوانێت هیچ بکات جگە لەوەی ملکەچ بێت و، لە دەرگاکە نزیك بوویەوە. لە بەختی ئەمدا، پاسەوانەکە راستوڕاست تەماشای ئەمی دەکرد، وا دیار بوو نایبینێت، چونکە نە خۆی رێك خستەوە و نە سڵاویشی لێی کرد، بەڵام بە دەنگی بەرز باوێشکی دا و دەستی بەرز کردەوە و پشتی ملی خوراند. دەرگاکە کونێکی بچوکی تێدا بوو و، بە گوێڕایەڵیکردنی فشاری ئەو دەستەی پاڵی پێوە دەنا، سزاری لاو هەنگاوێك نزیكتر بوویەوە و چاوی خستە سەر کونە بچوکەکە. بە نزیكبوونەوەی زیاتری لە دەرگاکە، ئەو بۆنە ناخۆشە هەناسەبڕەی کردبوو لێرەدا بەهیزتر بوو و، سزاری لاو دوودڵ بوو لەوەی زیاتر لێی بچێتە پێش، بەڵام دەستەکە هەر فشاری ئەمی دەدا. بەرەو پێشەوە دەچەما و چاوی لە کونەکە نزیك کردەوە و، لە پڕێکدا هەستکردنی بە بۆنەکە راوەستا. ئەو دیمەنەی کە بینی بووە هۆی کوشتنی هەستەوەری بۆنکردنی. لە ژوورێکی گەورەدا، کە نزیكەی دە یارد درێژ و شەش یارد بەرین دەبوو، شەش پیاو بێ وەستان ئەمسەر و ئەوسەری ژوورەکە دەڕۆیشتن و پاڵتۆی درێژی رەنگ خۆڵەمێشییان لەبەردا و هەندێکیان پووتی خورییان لە پێدا بوو و هەندێکی دیکەیشیان پێ پەتی بوون. بە گشتی زیاتر لە بیست پیاو لە ژوورەکەدا بوون، بەڵام لە چرکەساتی یەکەمدا سزاری سزاری لاو تەنها ئەوانەی بینی کە بە خێرایی و دەڕۆیشتن و تەنانەت بە بێ ئەوەیش ترپەی پێیان بێت. دیمەنێکی سامناك بوو تەماشای ئەو جموجووڵە خێرا و بێمەبەستانەی ئەو پیاوانە بیت کە بە تەنیشت یەکتردا تێدەپەڕین و لەگەڵ ئەوەی دەگەیشتنە دیوارەکان توند دەسووڕانەوە و، هەرگیز سەیری یەکتریان نەدەکرد و هەر کەسە و بیری لای خەیاڵاتی خۆی بوو. سزاری لاو رۆژێکیان دیمەنێکی هاوشێوەی دیکەی بینیبوو کاتێك کە سەیری پڵنگێکی دەکرد لە باخچەی ئاژەڵاندا خێرا بێ هیچ ترپەی پێیەك خێرا ئەمسەر و ئەوسەری قەفەسەکەیی دەکرد و کلکی دەلەقاند و لەگەڵ گەیشتینی بە میلەکان دەگەڕایەوە و تەماشای هیچ کەسی نەدەکرد. یەکێك لەو پیاوانە کە لە جوتیارێکی گەنج دەچوو، قژێکی لوولی هەبوو، گەنجێکی قۆز دەبوو تەنها ئەگەر ئەو زەردباوییە ناسروشتییەی سەر دەموچاوی و ئەو نیگا شەڕانی و سامناکەی چاوەکانی نەبایە. یەکێکی دیکەیان جوویەكی قژنی دڵتەنگ بوو. سێیەمیان پیرەپیاوێکی پشتچەماوی کەچەڵ بوو کە ریشی تاشراوی تیژ و زبر هاتبووەوە. چوارەمینیان بە شێوەیەکی نائاسایی زل و زەبەلاح و خاوەن بازوو و ماسولکەیەکی پتەو و نێوچاوانێکی رووتاو و لووتێکی پان بوو. پێنجەمیان منداڵکارێکی درێژی لاوازی سیلدار ئاسا بوو. شەشمیان قیتەڵێکی رەشتاڵی جموجووڵ توڕە و هەڵچوو بوو. وەها رێی دەکرد وەك بڵێی بازبازێن دەکات و بەردەوام لەبەردەم خۆیەوە دەیمینگاندەوە. بە خێرایی دەهاتن و دەچوون و بە تەنیشت ئەو کونەوە تێدەپەڕین کە سزاری لاو لێیەوە تەماشای دەکرد. بە مەراقەوە سەیری دەموچاو و رۆیشتنەکەیانی دەکرد. کە لێیان وورد بووەوە، دیقەتی دا ژمارەیەکی دیکە لە پیاوەکان لە دواوەی ژوورەکەن و بازنەیان داوە و وەستاون یان لەسەر ئەو سەکۆیەی کە وەکو جێخەویانە بۆ خۆیان پاڵکەوتوون. هەروەها بە راوەستانی لە نزیك دەرگاکەوە ئەو سەتڵەشی بینی کە ئەو بۆگەنە تاقەتبەری لێوە دەهات. لەسەر سەکۆکە نزیکەی دە پیاو خەوتووبوون و هەموویشیان پاڵتۆکانیان بە خۆیاندا دابوو. پیاوێکی موو سووری ریش گەورە بوو کە لەسەر سەکۆکە پاڵی دابووەوە و کراسەکیی داکەندبوو. ریشی خۆیی دەڕوانی و دەیدایە رووناکییەکە و دیار بوو میروویەکی تێدا گرتبێت. پیاوێکی دیکە، بەساڵاچوویەکی سپی سپیی وەکو بەفر بوو کە وەها وەستابوو نیو رووخساری بەرەو لای دەرگاکە بوو. نزای دەکرد و خاچی دەنواند و کڕنۆشی دەبرد، وا دیار بوو کە وەها رۆیشتبێتە ناو پەرستنەکەیەوە کە لە گشت ئەو کەسانەی دەوروبەری تەواو بێئاگا بێت.

"دەیبینم؛ ئەمە بەندیخانەیە،" سزاری لاو وای لە خەیاڵی خۆیدا دەووت. "بێگومان ئەوان شایانی بەزەیین. ژیانێکی ناخۆشیان هەیە. بەڵام ناکرێت هیچ یارمەتی بدرێت. خەتای خۆیانە."

هێندەی پێنەچوو ئەم بیرکردنەوەیەی کەوتە سەر، ئەو، ئەو کابرایەی رێنوێی دەکرد، وەڵامی دایەوە.

"ئەوان لێرە هەموویان لەژێر قوفڵ و کلیلی ژێر فەرمانی ئێوەدان. هەموویان بە ناوی ئێوەوە حوکم دراون. بەڵام بێگوێدانە ئەوەی شایستەی ئەم دۆخەی ئێستایان بن کە بە هۆی حوکمی مرۆییانەی ئێوەوە هاتووەتە ئاراوە و، بەشی زۆریشیان زۆر لە ئێوە و ئەوانەی کە حوکمدەریان بوون و لێرەیان راگیر کردوون باشترن. ئەوەیان..." دەستی راکێشا بۆ کابرا قۆزە قژ لولەکە. "ئەو کابرایە بکوژە. من هێندەی ئەو کەسانە بە بکوژی نازانم کە لە شەڕەکاندا یان لە زۆرانبازیدا دەکوژن و بۆ کردارەکانیان پاداشت دەکرێنەوە. نە کەوتووەتە بەر خوێندن و نە رێنوێنی ئاکاریش کراوە و، ژیانیشی هەردەم لەنێو دزان و مەیخۆراندا بەسەر بردووە. ئەمەیش لە تاوانی ئەو کەم دەکەنەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا کاری هەڵەی ئەنجام داوە، بەوەی کە بووەتە بکوژ. ئەو بازرگانێکی کوشتبوو تاکو چەپاوی بکات. ئەو پیاوەی دیکەیان، جووەکە، دزە و یەکێك بووە لە ئەندامانی گرۆیەکی تاڵانچی. ئەو برادەرە ئێجگار بەهێزەش، ئەسپ دزە و بە هەمان شێوە تاوانبارە، بەڵام بە بەراورد بەوانی دیکە وەها نییە شایستەی سزا بێت. تەماشا بکە!" لەگەڵ ئەمەدا سزاری لاو لە پڕێکدا لەسەر شوورەیەکی مەزنەوە خۆیی لە دەشتێکی کراوەدا دیتەوە. لە لای راستەوە هەندێ کێڵگەی پەتاتە بوون؛ رووەکە پەتاتەکان لە ریشەوە دەرهێنرابوون و، گورزە گورزە فڕێ درابوون و لە سەرمادا رەش بووبوونەوە؛ لەوبەری جاڕەکەشەوە ریز ریزی گەنمەشامی زستانە بوون. لە دووریشەوە، گوندێکی بچوك سەرمیچە قرمیتەکانی دیار بوو؛ لە لای چەپییەوە کێڵگەی گەنمەشامی زستانە و جاڕ و گێڵگەی شاڕۆدراو بوون. هیچ کەس لە هیچ لایەکەوە نەدەبینرا، جگە لە کەسێکی رەشپۆش کە لەبەردەم هێڵی سنورەکەوە وەستا بوو و تفەنگێکی کردبووە شانی و سەگێك لە بەر پێیدا بوو. لەو جێگایەی سزاری لاوی لێ وەستا بوو، لە تەنیشتییەوە و لەبەر پێیدا، سەربازێکی رووسیی لاو دانیشتبوو کە قەیتانێکی سەوز بە كڵاوەکەیەوە بوو و تفەنگەکەیش بە شانییەوە شۆڕ کردبووەوە و خەریکی پێچانەوەی جگەرەیەك بوو. وا دیار بوو سەربازەکە بێئاگا بووبێت لەوەی کە سزاری لاو و دارودەستەکەی لەوێدان و هیچیش نەیبیستبێتن. هەر لایشی نەکردەوە کاتێك کە سزار کە لە سەر سەرییەوە وەستابوو پرسی، "ئێمە لە کوێین؟" رێنیشاندەرەکەی وەڵامی دایەوە، "لەسەر سنوری وەڵاتی فارسین." لە ناکاو و لە بەرانبەریانەوە تەقەیەك کرا. سەربازەکە هەستایە سەر پێ و، دوو پیاوی دەبینی رایان دەکرد، خۆی بۆ سەر زەوی دانەواند و تووتنەکەیی خێرا خستە گیرفانییەوە و، بەرەو لای پیاوەکان رای کرد. "بوەستن، ئەگینا تەقەتان لێ دەکەم!" سەربازەکە هاواری بەسەردا کردن. هەڵهاتووەکە بێ ئەوەی بوەستێت، لای کردەوە و بە دەنگی بەرز شتێکی ووت وەك بڵێی جوێنی دابێت یان کوفری ووتبێت.

"بە نەفرەت بیت!" سەربازەکە هاواری بەسەردا کرد و پێیەکی کەمێك بردە پێشەوە و راوەستا؛ ئینجا سەری بۆ سەر تفەنگەکەی دانەواند و دەستی راستی بەرز کردەوە و خێرا شتێکی رێك کردەوە و نیشانەی گرت و، تفەنگەکەی بەرەو ئاراستەی هەڵهاتووەکە گرت و، وا دیار بوو تەقەی کرد، ئەگەرچی هیچ دەنگێکی لێ نەبیسترا. "بێگومان، بارووتی بێ دووکەڵە،" سزاری لاو وای بیر دەکردەوە و چاوی بڕییە پیاوە هەڵهاتووەکە کە چەند هەنگاوێکی خێرای هەڵهێنا و، ئینجا نەوی و نەویتر بووەوە تا ئەوەی کەوتە سەر زەوی و لەسەر دەست و ئەژنۆکانی بە گاگۆڵکێ دەڕۆیشت. لە کۆتاییدا بە راکشاوی مایەوە و نەجووڵا. هەڵهاتووەکەی دیکە، کە هەندێك لە پێشترەوە بوو، گەڕایەوە و بە راکردن هاتەوە بۆ لای ئەو پیاوەی لەسەر زەوی کەوتبوو. شتێکی بۆی ئەنجام دا و دەستیان بە هەڵهاتن کردەوە.

"ئەمە هەمووی واتای چییە؟" سزاەر لێی پرسی.

"ئەمانە پاسەوانی سەر سنورن و یاساکانی داهاتی دەوڵەت جێبەجێ دەکەن. ئەو پیاوە کوژرا تاوەکو داهاتی دەوڵەت بپارێزرێت."

"ئایا هەر بە راستی کوژرا؟"

رێنیشاندەرەکە جارێکی دیکە دەستی خستەوە سەر سەری سزاری لاو و، سزاری لاویش جارێکی دیکە بێهۆش کەوتەوە. کاتێك بەئاگا هاتەوە خۆیی لە ژوورێکی بچوکدا بینییەوە، ژووری نوسینگەی گومرك. تەرمی پیاوێکی مردوو لەسەر زەوییەکەی کەتبووە کە ریشێکی ماشوبرنج و لووتێکی کەوانەیی و دوو چاوی گەورەی هەبوون و پێڵوی چاوەکانی داخرابوون. هەردوو باڵی هەر یەکە بۆ لایەك کرابوونەوە و پێیەکانی پەتی بوون و پەنجە ئەستوور و پیسەکانی پێی بۆ سەرەوە قیت کرابوونەوە و رێك رەق بووبوو. برینێك لە لاقەبغەیەوە هەبوو و، هەروەها لەسەر چاکەتە شڕەکەی و لەسەر کراسە شینەکەیەوە پەڵەی پەڵەی خوێنی مەیوو هەبوون و رەش بووبوونەوە جگە لە چەند پەڵەیەكی کەم نەبێت لێرە و لەوێ هێشتا سوور بوون. ئافرەتێك لە نزیك دیوارەکەوە راوەستابوو، وەها شاڵەکەی ملی بەرز کردبووەوە دەموچاوی بە ئەستەم دەبینرا. بێجووڵە چاوی بڕیبووە ئەو لووت کەوانەییە و پێیە هەڵگەڕاوەکانی و چاوە دەرپۆقیوەکانی؛ دەگریا و هەنسکی دەدا و زوو زوو فرمێسکەکانیی دەسڕییەوە. کیژۆڵەیەکی جوانکیلەی سێزدە ساڵانە لە پاڵ دایکییەوە وەستابوو و چاو و دەمی داچەقاندبوون. کوڕێکی هەشت ساڵانیش دەستی گرتبوو بە تەنورەکەی دایکییەوە و، بێ چاوپرتاندن زەق لە باوکە مردووەکەیی دەنۆڕی.

لە دەرگایەکی نزیکیانەوە، بەرپرسێك و ئەفسەرێك و پزیشکێك و فەرمانبەرێکی نوسەر بە کۆمەڵێك بەڵگەنامەی دەستییەوە هاتنە ژوورەوە. لە دوای ئەوان، سەربازێك هات، ئەوەی کە تەقەی لە پیاوەکە کردبوو. گورج لە دوای گەورەکانییەوە هەنگاوی دەنا، بەڵام لەگەڵ ئەوەی تەرمەکەی بینی، رەنگی پەڕی و لەرزی هاتێ و، سەری دانەوی و وشك وەستا. کاتێك کە بەرپرسەکە پرسیاری ئەوەی لێکرد داخۆ ئەمە ئەو پیاوە بووە دەیویست لە سنور بپەڕێتەوە و تەقەی لێکردووە، نەیتوانی وەڵامی بداتەوە. لێوەکانی تەتەڵەیان دەکرد و دەمی داچەقاند. "خ...خ...خ..." دەیوست وەڵام بداتەوە، بەڵام ئەو ووشەیەی دەیویست بیڵێت بۆی نەدەهات. "خۆیەتی، گەورەم." بەرپرسەکان تەماشای یەکدییان کرد و شتێکیان نوسی.

"ئێوە ئەو دەرەنجامە سوودبەخشانەی هەمان ئەو سیستمە دەبینن!"

لە ژوورێکی گرانبەهای بازاڕیانەدا دوو پیاو دانیشتبوون مەییان دەخواردەوە. یەکێکیان پێرەمێردێکی ریش ماشوبرنجی و ئەوی دیکەیان جوویەکی لاو بوو. جووە لاوەکە گڵۆڵەیەك یاداشتی بانکی بەدەستەوە بوو، مامەڵەی لەگەڵ پیرەمێردەکەدا دەکرد. ئەمیان شتومەکی قاچاخی دەکڕی.

"تۆ هەرزان دەستت کەوتن،" بە زەردەخەنەوە پێی ووت.

"بەڵێ، بەڵام مەترسییەکەی..."

"بە راستی ئەمە مەترسیدارە،" سزاری لاو ووتی؛ "بەڵام ناشکرێت رێگری لێبکرێت. ئەم جۆرە کارانەش پێویستن."

هاوەڵەکەی هیچ وەڵامێکیی نەدایەوە، ئەوە نەبێت کە ووتی، "با بەردەوام بین،" ئینجا دیسانەوە دەستی خستەوە سەر سەری سزار. کاتێك کە سزار بە هۆش خۆی هاتەوە، لە ژوورێکی بچوکدا وەستابوو کە گڵۆپێکی کز رووناکی دەکردەوە. ئافرەتێك لەسەر مێزێك دانیشتبوو درومانی دەکرد. کوڕێکی هەشت ساڵان خۆیی داچەماندبووەوە سەر مێزەکە و وێنەی دەکێشا و چوارمشقی لەسەر کورسییەکەی دانیشتبوو. قوتابییەك بە دەنگی بەرز دەخوێند. باوك و کچی خێزانەکە بە ژاوەژاو خۆیان کرد بە ژوورەکەدا.

"ئێوە ئەو فەرمانەتان واژوو کردووە کە پەیوەستە بە فرۆشتنی خواردنەوە رۆحییەکان،" رێنیشاندەرەکە بە سزاری ووت.

"بەڵێ؟" ئافرەتەکە ووتی.

"پیاوەکە پێناچێت ژیان بەدەر ببات."

"چییەتی؟"

"لە هەموو ئەو ماوەیەدا بە سەرخۆشیان هێشتووەتەوە."

"هیچ مومکین نییە!" ژنەکەی بە سەرسووڕمانەووە ووتی.

"بەڵێ راستە. کوڕەکەش تەنها نۆ ساڵی تەمەنە و ناوی ڤانیا مۆرۆشکینە."

"چیت بۆی ئەنجام داوە تا نەجاتی بدەیت؟" ژنەکەی پرسی.

"بە هەموو شتێکی بکرێت، هەوڵم داوە لەگەڵیدا. دەرمانی رشانەوەم پێی داوە و مۆمی خەرتەلەم لێی داوە. هەموو نیشانەکانی وڕێنەی خوماریی لێ بەدەرکەوتووە."

"هیچ سەیر نییە؛ خێزانەکە هەموویان مەست و مەیخۆرن. ئانیسیا نەبێت کە تۆزێك لەوانی دیکە باشترە و، ئەویش بە گشتی کەم و زیاد مەستە،" کچەکە ووتی.

"ئەی چی لەبارەی ئەو خەڵکەی ئێوە کە کەم و زیاد دەخۆنەوە؟" قوتابییەکە لە خوشکەکەیی پرسی.

"ئێمە دەتوانین چی بکەین کاتێك کە ئەوان هەموو دەرفەتێکیان لە خواردنەوەدا بە خەرج دەدەن؟ باوکمان هەوڵی دا مەیخانەکە ناچار بە داخستن بکات، بەڵام یاسا لە دژی وەستایەوە. هەروەها کاتێکیش من هەوڵم دا ڤاسیلی ئێرمیلین بەوە قایل بکەم کە کارێکی خراپە مەیخانەیەك بهێڵیتەوە و خەڵکی بە خواردنەوە نابووت بکەیت، ئەویش بەوپەڕی بێپەروایانەوە وەڵامی دامەوە و، ئەوەی راستیش بێت لە بەردەم ئەو هەموو خەڵکەدا خراپ بە گژمدا چووەوە؛ 'بەڵام من مۆڵەتێکم هەیە کە مۆری پاشایەتیی بەسەرەوەیە. ئەگەر هەر شتێکی هەڵە لە کارەکەمدا هەبێت، ئەوا سزار بڕیاری رێگەپێدانی بۆی دەرنەدەکرد.' دە ئەوە مەترسیدار نییە؟ تەواوی گوندەکە لە ماوەی سێ رۆژی رابردوودا مەست و سەرخۆش بوون. جا بیری لێبکەرەوە بۆ رۆژانی جەژن دەبێت چەند مەترسیدار بێت! بە شێوەیەکی یەکلایی سەلمێنراوە کە ئەکهول لە هەر حاڵەتیکدا بێت هیچ باشەیەکی نابێت، بەڵام هەمیشە زیانی هەیە و، وەها دانراوە کە جۆرە ژەهرێکی تەواو بێت. ئینجا، نەود و نۆ لەسەدی تاوانەکان لە جیهان لەژێر کاریگەری ئەلکهولدا ئەنجام دەدرێت. ئێمە هەموومان باش دەزانین کە چۆن پێوەرەکانی رەوشتباشی و خۆشگوزەرانی گشتی بە یەکجار پەرەی سەند لە هەموو ئەو وڵاتانەی خواردنەوەیان تێدا قەدەغە کرا، وەکو سوید و فینلەندا و، هەروەها دەشزانین کە دەکرێت بە پابەندکردنی گەل بە بڕیارێکی ئاکاری ئەو خووە نەهێڵرێت و لەناو ببرێت.  بەڵام لە وەڵاتی ئێمە، ئەو چینەی کە دەتوانێت ئەو پابەندکردنە بسەپێنێت—لە حکومەت و سزار و بەرپرسەکانییەوە—خۆیان بە سانایی هانی خواردنەوە دەدەن. داهاتی سەرەکییان لەو خەڵکانەوە بەدەست دەکەێت کە بەردەوام مەستن. خۆیشان بەردەوام دەخۆنەوە و هەمیشە بە سەلامەتی یەکدی دەنۆشن؛ 'پیاوینە بە سەلامتی فڵان فەوج!' وتاربێژەکان دەخۆنەوە و سەرقەشەکانیش دەخۆنەوە—"

جارێکی دیکە رێنیشاندەرەکە دەستی دایەوە لە سەری سزار و ئەویش جارێکی دیکە بێهۆش کەوتەوە. ئەم جارەیان خۆیی لە کۆلیتی جوتیارێکدا بینییەوە. جوتیارەکە کە پیاوێکی چل ساڵەی دەموچاو سووری چاو پڕ خوێن بوو، بە تووڕەییەوە لە دەموچاوی پیاوێکی پیری دەدا و ئەویش بێسوود هەوڵی دەدا خۆی لە لێدانەکان بپارێزێت. جوتیارەکە ریشی پیرەپیاوەکەی گرت و توند رایگرت.

"زۆر شەرمە! لە باوکی خۆت بدەیت!"

"گرنگ نییە بە لامەوە، هەر دەیکوژم! ئینجا با بمنێرنە سیبیریا، هیچ گرنگ نییە!"

ئافرەتەکان دەیانقیژاند. ئەفسەرە مەستەکان خۆیان کرد بە نێو کۆلیتەکە و باوك و کوڕیان لێك جودا کردەوە. باوەکەکە باڵێکی شکابوو و کوڕەیش ریشی دەرهاتبوو. لەبەر دەرگاکەدا کچێکی مەست توندڕەوانە خۆشەویستیی لەگەڵ پیرە جوتیارێکی تەواو خوماردا دەکرد.

"ئەمانە جانەوەرن!" سزاری لاو ووتی.

بە دەستلێدانێکی دیکەی رێنیشاندەرەکە و سزاری لاو خۆی جێگایەکی نوێدا بینییەوە. ئەوێ نوسینگەی دادی ئاشتی بوو. پیاوێکی قەڵەوی کەچەڵی چەناکە گەورەی زنجیر لە مل تازە لەسەر کورسییەکی هەستابووە سەرپێ و حوکمێکی بە دەنگی بەرز دەخوێندەوە، لەو کاتەشدا هەروەها حەشامەتێك لە جوتیاران لە پشت پەرژینەکەوە راوەستابوون. ئافرەتێکی جلشڕ لە نێو خەڵکەکەدابوو و هەڵنەسایەوە. پاسەوانەکە پاڵێکی پێوە نا.

"خەوت لێکەوتووە! پێتدەڵێم هەستە سەرپێ!" ئافرەتەکە هەستا.

"بە پێی بڕیاری خاوەنشکۆ—" دادوەرەکە دەستی کردە خوێندنەوەی حوکمەکە. کەیسەکە بەو ئافرەتەوە تایبەت بوو. ئەو کاتێك بە تەنیشت جێ خەرمانی خاوەنزەوییەکدا تێپەڕیبوو، نیو گورزەیەك جۆکێویلەی لەگەڵ خۆیدا بردبوو. دادگای ئاشتی ئافرەتەکەی بە دوو مانگ زیندانیکردن سزا دا. ئەو خاوەنزەوییەی جۆکێویلەکەی دزرابوو لە نێو خەڵکەکەدا بوو. کاتێك کە دادوەرەکە دادگاییەکەی دواخست، خاوەنزەوییەکە لێی نزیك بوویەوە و سەری راوەشاند و دادوەرەکە لەگەڵیدا کەوتە گفتوگۆوە. کەیسی دواتر تایبەت بوو بە سەماوەرێکی دزراوەوە. ئینجا هاتە سەر دادگاییکردنێکی دیکە لەسەر هەندێ قەدی دار کە بڕابووەنەوە، ئەمەیش بە زەرەری خاوەنزەوییەکە. هەندێ جوتیاری دیکە بە هۆی دەستدرێژیکردنە سەر پۆلیسی ناوچەکە دادگایی کران.

کە سزاری لاو جارێکی دیکە هۆشی خۆیی لەدەست دا، لە ناوەڕاستی گوندێکدا بەهۆش هاتەوە، لەوێ هەندێ منداڵی برسی و لە سەرما تەزیوو و ژنی ئەو پیاوەی بینی کە دەستدرێژی کردبووە سەر پۆلیسەکە، ئافرەتەکە بە هۆی زۆر کارکردنیەوە تێكشکابوو.

ئینجا هاتە دیمەنێکی دیکە. لە سیبیریا، شریقەی قامچی دەهات، ئەمەیش لە ئەنجامی راستەوخۆی بڕیارێك لەلایەن وەزیری داد درابوو. دیسانەوە بێهۆش کەوتن و دیمەنێکی دیکە. خێزانی جوولەکەیەکی کاتژمێر دروستکەر بە هۆی ئەوەی زۆر هەژار بوون دەرکرابوون. منداڵەکان دەگریان و پیاوە جووەکە کە ناوی ئیساك بوو زۆر خەمبار بوو. دواجار گەیشتنە ئەو بڕیارەی کە لە شوێنێکی بەکرێدا بمێننەوە.

بەڕێوەبەری پۆلیس بەرتیل وەردەگرێت. پارێزگاری پارێزگاکەش بە نهێنی بەرتیلێك قەبوڵ دەکات. باجەکان کۆدەکرێنەوە. لە گوندەکەدا، کاتێك کە مانگەیەك بۆ خەرجی دەفرۆشرا، کەچی پۆلیسی پشکنەر بەرتیلی لە خاوەن کارخانەیەك وەردەگرت و، بەو شێوەیە لە گشت باجدانەکان دەربازی دەبوو. دیسانەوە دیمەنی دادگای گوندێکی دیکە و، حوکمێك جێبەجێ دەکرا—قامچییەکە!

"ئیلیا ڤاسیلیڤیچ، ناتوانیت لەوەدا بمبوریت؟"

"نەخێر."

جوتیارەکەی دایە پرمەی گریان. "دە باشە، بێگومان، حەزرەتی مەسیحیش ئازاری چەشتووە و، فەرمانمان پێدەکات ئێمەش ئازار بچێژین."

ئینجا هەندێ دیمەنی دیکە. ستاندیستەکان کە گرۆیەکی مەزهەبی ئینجیلییە، لەبەر یەك هەڵوەشانەوە و پەرتەوازە بوون؛ ئۆلدارەکە سەرەتا رەتی دەکردەوە هاوسەرگیری بۆ پرۆتستانتێك ئەنجام بدات و دواتریش لەوەی کە بە خاکی بسپێرێت. کۆمەڵێك بڕیار دەرکران سەبارەت بە تێپەڕاندنی شەمەندەفەری ئیمپراتۆری. سەربازەکان لە نێو قوڕ و لە سەرما و برسێتی و جنێودان دەهێڵرانەوە. بڕیارگەلێك دەرکران سەبارەت بەو دامەزراوە پەروەردەییانەی سەر بە فەرمانگەی ماریی ئیمپراتۆری بوون. گەندەڵی لە ناو خانەکانی منداڵانی فڕێدراو بڵاو بوویەوە. مۆنیومێنتێکی ناشایستە. دزیکردن لە نێو پیاوە ئۆلدارەکان. بەهێزکردنی پۆلیسی سیاسی. ئافرەتێك دەپشکێنرا. زیندانێك بۆ ئەو حوکمدراوانەی کە بە دیپۆرتکردن سزا درابوون. پیاوێك لە سێدارە درا بە هۆی ئەوەی شاگردی دوکانێکی کوشتبوو.

ئینجا ئاکامەکانی نەزمی سەربازی: سەربازەکان جلی تاکپۆشیان لەبەر دەکرد و خۆیشیان گاڵتەیان پێدەکرد. کوڕی ملیۆنەرێك لە خزمەتی سەربازی بەخشرا، لە کاتێکدا تەنها پشتیوانیی خێزانێکی گەورە ناچارکردنێتی بە خزمەتکردن. لە زانکۆدا، مامۆستایەك لە خزمەتی سەربازی بەخشرا، لە کاتێکدا هەرە بەهرەمەندترین موزیکژەنەکان بە سەربازیکردن ناچار دەکران. سەربازان و گەنکارییەکانیان و، بڵاوبوونەوەی نەخۆشی لە نێویاندا.

جاریکیان کاتێك سەربازێك هەوڵی وازهێنان و هەڵهاتنی دا. رووبەڕووی دادگایی کرایەوە. یەکێکی دیکە دادگایی کرا لەبەر ئەوەی لە ئەسفەرێکی دابوو چونکە بێڕزیی بە دایكی سەربازەکە ووتبوو. رووبەڕوی مەرگ کرایەوە. چەندانی دیکەش لەبەر ئەوەی رەتیان کردبووەوە تەقە بکەن، دادگایی دەکران. سەربازە هەڵهاتووەکانیش دەنێردرانە بەتالیۆنەکانی تەمبێکردن و تا مەرگ قامچیکاری دەکران. دانەیەکی دیکە کە بێتاوانیش بوو ئەوەندە قامچیکاری کرا و خوێ بە برینەکانییەوە کرا هەتا گیانی لەدەست دا. یەکێك لە ئەفسەرە باڵاکان پارەی سەربازەکانی دەدزی. لە لایەن دەسەڵاتەوە هیچ شتێك نەدەکرا جگە لە خۆمەستکردن و خراپەکاری و قومارکردن و  خۆبەزلزانین.

دۆخی گشتی خەڵك چۆنە: منداڵان سکێ تێر و سکێ برسین و تا بێت لاواز دەبن؛ خانووەکان پڕ بوون لە جڕ و جانەوەر؛ کارکردن و ملکەچبوون و خەمباری بە شێوەیەکی بێزارکەر هەر نابڕێتەوە. لە لایەکی دیکەوە: وەزیرەکان و پارێزگارەکان و تەماحکاران سەرشارن لە خۆشگوزەرانی و بە تاسەی ئەوەن بە سام دەربکەون.

"بەڵام ئەو پیاوانە لە کوێدان کە هەستی مرۆییان هەیە؟"

"پێت نیشان دەدەم لە کوێدان."

ئێرە زیندانی تاکەکەسیی ئافرەتێکە لە شلەسێلبۆرگ. وا خەریکە شێت دەبێت. ئەمە ئافرەتێکی دیکەیە، کچێکە کە بەبێ ویستی خۆی لەلایەن سەربازەکانەوە دەستدرێژیی کراوەتە سەر. ئەوەش پیاوێکە لە مەنفا و بە تەنیا کە ئەوەندە داخی چووەتە دڵەوە یەكی ماوە یەکێ بڵی مردووە. ئەوەش زیندانی ئەو حوکمدراوانەیە بە کاری سەخت سزا دراون و بۆ ئەو ئافرەتانەی قامچیکاری دەکرێن. زۆری دیکەش هەن.

لە دەیان هەزار لە کەسانی هەرە چاك؛ هەندێکیان لە زیندانەکان توند کراون، هەندێکی دیکەیان بە پەروەردەیەکی خراپ نابووت کراون، بە پێچەوانەی ئەو ئاواتەی کە ئێمە ئارەزووی دەکەین، بەڵام بێبایەخ دەرچوون. بەڵام لەمەدا سەرکەوتوو نەبوو، لە هەر شتێکی دیکەش بایە هەر نابووت دەبوو، چونکە ئەمە وای لێکراوە مەحاڵ بێت. ئەمە وەکو ئەوە وەهایە بمانەوێت لە چەکەرەی گەنمەشانی و بە جیاکردنەوەی پەڕەکانی گەنمەڕەشە دروست بکەین. لەمەدا دەتوانیت گەنمەشامییەکە خراپ بکەیت، بەڵام هەرگیز ناتوانیت گەنمەڕەشەی لێ دروست بکەیت. بە هەمان شێوە بۆ گشت گەنجانی دونیا، سەراتاپای نەوەی نوێ بەم شێوەیە نابووت دەکرێن.

بەڵام بەدبەختی بۆ ئەوانەی یەکێك لەو بچکۆلانە تێك بدات، بەدبەختی بۆ تۆش ئەگەر تەنانەت یەکێکیان خراپ بکەیت. لەگەڵ ئەوەشدا، لەبەر خاتری تۆ، ژمارەیەکی زۆریان لەژێر ناوی تۆوە نابووت کراون، هەمووشیان لەوانەن دەسەڵاتت بەسەریاندا دەشکێت.

"بەڵام چی بە من دەکرێت؟" سزار بێدەسەڵاتی خۆیی دەربڕی. "هیچ ئارەزووی ئەوەم نییە خەڵك سزا بدەم، قامچیکاری بکەم و، گەندەڵی بکەم و کەسێك بکوژم! من تەنها خۆشگوزەرانی هەموویانم دەوێت. دروست وەك ئەوەی پەرۆشی خۆشبەخی خۆمم، بۆیە بە هەمان شێوە هەموو جیهانیش خۆشحاڵ بێت. هەر لە راستیدا دەبێت خۆم بە بەرپرسیار بزانم بۆ هەر شتێکێك کە لەژێر ناوی منەوە ئەنجام دەدرێت؟ چیم پێ دەکرێت؟ قەبوڵی ئەوە ناکەم بەرپرسیارێتی هەموو ئەمانە بکەوێتە سەر من. ئەگەر خۆم بە بەرپرسیاری یەك لە سەدی ئەوە بزانم، ئەوا دەستبەجێ خۆمم دەکوشت. هیچ ئیمکانی ژیانم بۆ نامێنێتەوە، ئەگەر ئەوە راست بێت. بەڵام چۆن دەتوانم کۆتاییەك بۆ ئەو هەموو خراپەکارییە دابنێم؟ ئەم وەزعە لە سەرەتای بوونی ئەم دەوڵەتەوە هەر پێیەوەی نوساوە. من ئێستا سەرۆکی ئەم دەوڵەتەم! دەبێت چی بکەم؟ خۆم بکوژم؟ دەستبەرداری دەسەڵات بم؟ بەڵام ئەوە دەبێت بەجێنەگەیاندنی ئەرکەکەم. ئەی خودایە، ئەی خودایە، ئەی خودایە، یارمەتیم بدە!" کەوتە گریان و خەبەری بوویەوە.

"چەند خۆشحاڵم بەوەی کە ئەوە تەنها خەونێك بوو،" یەکەم جار وەهای بیر دەکردەوە. بەڵام کە دەستی کردە وەبیرهێنانەوەی ئەوەی کە چیی لە خەونەکەدا بینیوە و، لەگەڵ راستیدا بەراوردی دەکردن، تێگەیشت کە ئەو کێشەیەی لە خەوندا پێی پیشان دراوە بە هەمان ئەو گرنگییەی خۆیەتی و ئێستاش کە بەخەبەرە هەر لە یادێتی. بۆ یەکەم جار سزاری لاو هەستی بەو بەرپرسیارێتییە قورسە کرد کە کەوتووە سەری و زۆریش ترساوە. چیدیکە بیری نەکەوتەوە لای شاژنی لاو و لای ئەو خۆشییەی بۆ ئەم ئێوارەیە چاوەڕێی دەکرد، بەڵکو تەنها لەسەر ئەو پرسیارە بێوەڵامە مایەوە کە داگیری کردبوو: "دەبێت چی بکرێت؟"

لە دۆخێکی پڕ جۆش و خرۆشدا هەستا و چووە ژوورەکەی تەنیشت. لەوێ، گەورە خزمەتکارێکی پیر کە هەم هاوکار و هەم برادەری باوکیشی بووە، لە ناوەڕاستی ژوورەکەدا وەستا بوو گفتوگۆی لەگەڵ شاژنی لاو دەکرد، کە بە رێگاوە بوو بچێتە لای مێردەکەی. سزاری لاو لێیان نزیك بوویەوە، رووی قسەکردنی کردە خزمەتکاری پیر و ئەوەی کە لە خەونەکەیدا دیتبووی بۆی گێڕایەوە و هەروەها باسی ئەوەشی بۆ کرد کە ئەم خەونە چ گومانێکی خستووەتە سەرییەوە.

"ئەوە بیرۆکەیەکی شکۆدارە و گیانی نایابی شکۆداریی ئێوە دەسەلمێنێت،" پیرە مێردەکە ووتی. "بەڵام بمبورە ئەگەر راشکاوانە پێتان دەڵێم—ئێوە زۆر لەوە چاك و میهرەبانترن ببنە ئیمپراتۆر و هەروەها ئێوە زیادەڕەوی دەکەن لە بەرپرسیارێتییەکانتاندا. پێش هەموو شتێك، دۆخی شتەکان بەو شێوەیەش نییە کە ئێوە بیری لێ دەکەنەوە. خەڵك هەژار نین. ئەوان دارا و زەنگینن. ئەوانەی کە هەژارن تەنها بە هۆی هەڵەی خۆیانەوە هەژارن. تەنها تاوانباران سزا دەدرێن و، ئەگەریش هەڵەیەكی حەتمی هەندێ جار رووبدات، ئەوە وەکو هەورە بروسکەیە—یا رووداوێکە یانیش ویستێکی خودایە. ئێوە تەنها یەك بەرپرسیارێتیان هەیە: ئەوەیە کە ئەرکەکەت ئازایانە بەجێ بگەیەنیت و پارێزگاری لەو دەسەڵاتە بکەن کە پێتان بەخشراوە. ئارەزووی باشترین بۆ خەڵکەکەتان بخوازن و خوداش ئەوە دەبینێت. بۆ هەر هەڵەیەکیش کە بە نائەنقەستانە ئەنجامتان دابێت، دەتوانن نزای لێخۆشبون بکەن و خوداش رێنوێنیتان دەکات و لێتان دەبوورێت. لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا، چونکە ئێوە شتێکتان ئەنجام نەداوە لێخۆشبوونی بووێت و، هەرگیز پیاوی وەکو ئێوە و باوکتان بەم تایبەتمەندییە نائاساییانەوە نە هاتووەتە دونیا و نە لەمەودواش پەیدا دەبن. بۆیە تەنها ئەوەتان لێ دەپاڕێینەوە کە بژین و، بە ویستی خۆتان خۆبەخشینی بێپایانی ئێمەومانان پاداشت بکەنەوە و، ئەو کەسە لات و پەستانەی شایستەی خۆشبەختی نین گل بدەنەوە، ئەوکات هەموو کەسێك خۆشحاڵ دەبێت."

"تۆ لەو بارەوە چۆن بیر دەکەیتەوە؟" سزاری لاو لە ژنەکەیی پرسی.

"من بۆچوونێکی جیاوازم هەیە،" ژنە لاوە ژیرەکەی کە لە وەڵاتێکی ئازاددا پەروەردە بووە وەڵامی دایەوە. "خۆشحاڵم کە ئەو خەونەت بینیوە و، لەگەڵ تۆدا هاوڕام کە بەرپرسیارێتییەکی گەورە کەوتووەتە سەر شانت. خۆم زۆر جار بە پەرۆشەوە بیرم لە بارەیەوە کردووەتەوە و، پێموایە هۆیەکی سادە هەیە کە بە هۆییەوە بتوانیت بەشێکی ئەو بەرپرسیارێتییە، ئەگەر هەمووشی نەبێت، لەسەر شانت کە توانای هەڵگرتنیت نییە لا بدەیت. بەشێکی زۆری دەسەڵاتەکەت کە بۆ خۆت زۆر قورسە بە خودی خەڵك و نوێنەرەکانیان بسپێریت و، تەنها دەسەڵاتی باڵای کۆنترۆڵکردن بۆ خۆت بهێڵیتەوە، ئەم دەسەڵاتە باڵایەش بریتییە لە بەڕێوەبردنی گشتیی کاروبارەکانی دەوڵەت."  

شاژن لە روونکردنەوەی بۆچوونەکانی بوویەوە و نەبوویەوە، خزمەتکاری پیر بە جۆشەوە دەستی کردە بەرپەرچدانەوەی قسەکانی و، بە رێزەوە بەڵام زۆر بە گەرمی کەوتنە مشتومڕەوە.

بۆ ماوەیەك سزاری لاو گوێی لە گفتەگۆکەیان دەگرت، بەڵام ئێستا بێئاگا لەوەی کە چی دەڵێن، گوێی بۆ ئەو کابرایە شل کردبوو کە لە خەونەکەدا رێنیشاندەری بوو و، ئێستا بە دەنگ لە دڵیدا قسەی بۆ دەکات.

"تۆ تەنها سزار نیت،" دەنگەکە ووتی، "بەڵکو زیاتریشیت. مرۆڤێکیت کە دروست دوێنێ هاتووەتە ئەم جیهانەوە و، لەوانەیە سبەینێ لێی دەربچێت. سەرەڕای ئەرکەکانت وەکو سزارێك کە بەشێکیان ئەو پیرە پیاوە کەمێك بەر لە ئێستا قسەی لەبارەوە دەکرد، هەندێ ئەرکی بەپەلە و گرنگترت هەیە کە نابێت بە هیچ شێوەیەك پشتگوێیان بخەیت؛ ئەوانەش ئەرکی مرۆیانەن، نەك ئەرکی سزارێك سەبارەت بە پرسە تایبەتەکانی کە تەنها ئەرکێکی هەڵکەوتی و گوزرین، بەڵام ئەرکی نەمر بریتییە لە ئەرکی کەسێك سەبارەت بە پەیوەندیی لەگەڵ خودادا، ئەرکی پەیوەست بە رۆحی خۆی، کە دەبێت بپارێزرێت و، هەروەها خزمەت و ستایشی خودا بکات بەرانبەر بە ئەوەی شانیشینەکەیی لەسەر زەویدا بنیات ناوە. لە کارەکانتدا نابێت بە ئەوەی کە روویداوە و روودەدات بپارێزرێیت، بەڵکو تەنها بە ئەوەی کە ئەرکی خۆتە و دەبێت ئەنجامی بدەیت."

چاوەکانی کردەوە؛ ژنەکەی خەریك بوو بەئاگای دەهێنایەوە. سزار کام لەو سێ رێگایە هەڵدەبژێرێت، لە پەنجا ساڵی دیکەدا باس دەکرێت.

No comments:

Post a Comment

ئەسەرحەدۆن، پاشای ئاشور

  ئەسەرحەدۆن، پاشای ئاشور     ئەسەرحەدۆن، پاشای ئاشور   لیۆ تۆلستۆی (١٩٠٣) لە ئینگلیزییەوە بۆ کوردی: ئاکۆ محەمەد   (لەم چیرۆ...