ژمارەیەك لە نۆڤلێت و چیرۆکەکانی نوسەری گەورەی رووسیا کە لە زمانی ئینگلیزییەوە کردوومن بە کوردی

Monday, October 4, 2021

سێ پرسیار

 

سێ پرسیار


 

سێ پرسیار

لیۆ تۆڵستۆی

لە ئینگلیزییەوە بۆ کوردی: ئاکۆ محەمەد

 

جارێکیان وەها هەڵکەوت پاشایەك، کە ئەگەر هەمیشە کاتی دروستی زانیبا بۆ دەستپێکردنی هەموو شتێك و؛ ئەگەر زانیبای کێ کەسانی دروستن بۆ گوێلێگرتن و کامانەن دەبێت لێیان دوور بکەویتەوە و؛ لە سەروو هەمووشیانەوە، ئەگەر هەمیشە زانیبای چ شتێك گرنگترینە بۆ ئەوەی ئەنجامی بدات، ئەوا شکستی نەدەخوارد لە هەر کارێك کە رەنگە ئەنجامی دابا.

ئەم بیرۆکەیە لە سەری پاشای دا و، لە تەواوی شانیشینەکەیدا بڵاوی کردەوە کە خەڵاتی گەورە دەداتە هەر کەسێك پێی بڵێت کامەیە کاتی دروست بۆ هەموو کارێك و، کەسانی کاتی پێویست کێن و، چۆن دەکرێت ئەو شتە بزانێت کە گرنگترینە بۆ ئەنجامدان.

پیاوە تێگەیشتووەکان هاتنە لای پاشا، بەڵام هەر یەکەیان و بە جۆرێکی جیاواز وەڵامی پرسیارەکانییان دایەوە.

لە وەڵامی پرسیاری یەکەمدا، هەندێکیان ووتیان بۆ زانینی کاتی دروست بۆ هەموو کارێك، ئەوا پێویستە پێشوەختە خشتەیەك بۆ رۆژەکان و مانگەکان و ساڵەکان بکێشرێت و بە رێکوپێکی پێیەوە پابەندبیت. ووتیشیان، کە تەنها بەم شێوەیە دەتوانرێت هەموو شتێك لە کاتی دروستدا ئەنجام بدرێت. هەندێکی دیکەیان ووتیان ئەوە مەحاڵە پێشوەختە کاتی دروستی هەموو کارێك دیاری بکەیت؛ بەڵام ئەوەی کە لێنەگەڕێیت کەسێك نغرۆی بەسەربردنی کاتە بەتاڵەکان بێت، ئەوا پێویستە ئاگای لە هەموو ئەوان کارانە بێت لە دەوروبەریدا دەگوزەرێن و، ئەو کارەیان ئەنجام بدات کە لە هەموویان زیاتر پێویستن. هەندێکی دیکە ووتیان، ئەگەر پاشا هەرچەندەش بەئاگا بێت لەو شتانەی دەگوزەرێن، هێشتا مەحاڵە بۆ تەنها یەك پیاو بڕیار لەسەر ئەوە بدات چ کاتێك گونجاو و دروستە بۆ ئەنجامدانی هەموو کارێك، بەڵام بۆ ئەوەی کە ئەنجومەنێکی لە پیاوانی دانا هەبێت، ئەی کێ دەتوانێت یارمەتیی بدات لە دیاریکردنی کاتی دروست بۆ هەموو شتێك.

بەڵام هەندێکی دیکەیان ووتیان هەندێ شت هەیە ناکرێت چاوەڕێیان بکرێت تاوەکو بخرێنە بەردەم ئەنجومەن، لەگەڵ ئەوەشدا هی وا هەیە دەبێت دەستبەجێ بڕیاری لەسەر بدرێت داخۆ ئەنجام بدرێت یان نا. بۆ بڕیاردان لەسەر ئەوەش، پێویست بەوە دەکات پێشوەختە بزانیت کە چی روودەدات. ئەوەش تەنها فاڵچی و جادووگەرەکانن ئەوە دەزانن و، بۆیە، بۆ ئەوەی کاتی دروستی ئەنجامدانی هەموو کارێك بزانیت، ئەوا پێویستە راوێژ بە جادووگەرەکان بکرێت.

بە هەمان شێوە وەڵامی پرسیاری دووەم درایەوە. هەندێك ووتیان ئەو کەسانەی کە پاشا زۆر پێویستی پێیانە بریتین لە راوێژکاران؛ هەندێکی دیکەیان ووتیان قەشەکان و هەندێکی دیکەش ووتیان پزیشکەکان و لە کاتێكدا هەندێکی دیکە پێیان وابوو کە جەنگاوەران لە هەمووان پێویستترن.

بۆ پرسیاری سێیەم کە هەرە گرنگترین کار چییە: هەندێك وەها وەڵامیان دایەوە کە گرنگترین شت لە جیهاندا زانستە. هەندێکی دیکە ووتیان توانا و شارەزاییە لە کاروباری شەڕدا و؛ هەندێکی دیکەش پێیان وابوو کە پەرستن و دیندارییە.

وەڵامەکان جیاواز بوون و پاشا لەگەڵ هیچکامیان هاوڕا نەبوو و، خەڵاتەکەی بە کەسیان نەدا. بەڵام ئارەزووی ئەوەی دەکرد وەڵامی دروست بۆ پرسیارەکانی بدۆزێتەوە؛ بڕیاری دا راوێژ بە زاهیدێك بکات کە بە داناییەکەی بەناوبانگ بوو.

زاهیدەکە لە دارستانێکدا دەژیا و هەرگیز بەجێی نەدەهێشت و، پێشوازیی لە کەس نەدەکرد جگە لە خەڵکانی سادە و عەیام. بۆیە پاشا جلوبەرگی سادەی لەبەر کرد و، پێش ئەوەی بگاتە خانووەکەی زاهیدەکە لە ئەسپەکەی دابەزی و پاسەوانەکانی خۆیی بەجێ هێشتن و بە تەنیا رۆیشت بۆ لای.

کاتێك کە پاشا لێی نزیك بوویەوە، زاهیدەکە خەریکی هەڵکەندنی چاڵ بوو لە بەردەم کۆلیتەکەیدا. کە پاشای بینی، سڵاوی لێی کرد و لە چاڵ هەڵکەندنەکەی بەردەوام بوو. زاهیدەکە بێهێز و لاواز بوو، هەموو جارێك بێڵەکەی لە زەوی دەدا و تۆزێك خۆڵی دەردەهێنا و، هەناسەیەکی قورسی دەدا.

پاشا چووە لای و پێی ووت: "ئەی زاهیدی دانا، هاتووم بۆ لات داوات لێ بکەم وەڵامی سێ پرسیارم بۆ بدەیتەوە: چۆن بزانم شتێکی دروست لە کاتی دروستدا ئەنجام بدەم؟ کامەن ئەو کەسانەی زۆر پێویستمن و هەروەها چ کەسانێك دەبێت زیاتر وریایان بم و پشتیان لێ شل نەکەم؟ هەروەها چ کاروبارێك لە هەمووان پتر گرنگترن و پێویستە بایەخی یەکەمی خۆمیان بدەمێ؟"

زاهیدەکە گوێی لە پاشا گرت، بەڵام هیچ وەڵامی نەدایەوە. تەنها تفی لە دەستی دا و دەستی کردەوە بە چاڵکەندن.

پاشا ووتی، "تۆ ماندوو بوویت، لێگەڕێ با بێڵەکەت لێوەربگرم و کەمێك کارت بۆ بکەم."

"سوپاس!" زاهیدەکە بە پاشای ووت و بێڵەکەی پێی دا و خۆی لەسەر زەوییەکە دانیشت.

پاش ئەوەی کە دوو گۆلی هەڵکەند، پاشا دەستی هەڵگرت و پرسیارەکانی دووبارە کردەوە. زاهیدەکە دیسانەوە وەڵامی نەدایەوە، بەڵام هەستا و دەستی بۆ بێڵەکە راکێشا و ووتی:

"ئێستا کەمێك پشوو بدە و با من کەمێك کار بکەم."

بەڵام پاشا بێڵەکەی پێی نەدا و خۆی دەستی بە هەڵکەندنی چاڵ کردەوە. کاتژمێرێك تێپەڕی و کاتژمێرێکی دیکەش. خۆر خەریك بوو لە پشت دارەکانەوە دیار نەمێنێت و، لە کۆتاییدا پاشا بێڵەکەی چەقاند بە زەویدا و ووتی:

"ئەی پیاوی دانا، من هاتووم بۆ لای تۆ وەڵامی پرسیارەکانم دەست بکەوێت. ئەگەر ناتوانێت هیچ وەڵامێکم بدەیتەوە، وەها بڵێ و با بڕۆمەوە."

"ئەوەتا یەکێك بە راکردن دێت،" زاهیدەکە ووتی، "با بزانین کێیە."

پاشا لای کرد بە دواوە و بینی پیاوێکی ریشن بە راکردن لەناو دارەکانەوە دێت. پیاوەکە دەستەکانی توند بە سكییەوە گرتبوو و لەژێر دەستەکانییەوە خوێن فیشقەی دەکرد. کاتێك گەیشتە لای پاشا، لە بێهۆشیدا کەوتە سەر زەوی و داماوانە دەیناڵاند. پاشا و زاهیدەکە جلوبەرگی پیاوەکەیان لەبەری کردەوە. برینێکی گەورە لەسەر سکی بوو. پاشا بە هەموو توانای خۆی زۆر جوان بۆی شۆرد و بە دەستەسڕ و خاولییەك کە لە لای زاهیدەکە هەبوون پێچایەوە. بەڵام خوێنبەربوونەکەی هەر نەوەستا و پاشا جارێك و دووان هەر برینپێچەکە کە لە خوێنی گەرم خوسابوو دەکردەوە و دەیشۆرد و دووبارە برینەکەی دەیپێچایەوە. کە ئیتر لە دواجاردا خوێنبەربوونەکەی وەستا، پیاوەکە هاتەوە سەر خۆی داوای شتێکی کرد بیخواتەوە. پاشا ئاوی سازگاری بۆی هێنا و پێی دا. لەو کاتەدا خۆر ئاوا بووبوو و، هەوا ساردی کردبوو. بۆیە پاشا بە یارمەتی زاهیدەکە پیاوە بریندارەکەی هەڵگرت و بردییە ناو کۆلیتەکە و خستییە سەر جێخەوەکە. لەگەڵ ئەوەی لەسەر جێخەوەکە پاڵکەوت، پیاوەکە چاوەکانی داخست و بێدەنگ بوو؛ پاشاش بەو رێکردن و کارە زۆرەی ئەنجامی دابوو زۆر ماندوو بووبوو، بۆیە لە لێوار جێگاکەدا دانیشت و خەو بردییەوە؛ خەوەکەی هێندە خۆش بوو، تەواوی ئەو شەوە کورتەی هاوین بە ئاگا نەهاتەوە. کاتێك کە بۆ بەیانی بە خەبەر هاتەوە، زۆری خایاند تا بە بیری بێتەوە لە کوێدایە یان ئەوەی کە ئەو کابرا ریشنە کێییە لە تەنیشتییەوە و لەسەر جێگاکە پاڵکەوتووە و بەو چاوە گەشانەوە زاق لێی دەڕوانێت.

کە بینی پاشا بە ئاگا هاتووە و تەماشای دەکات، پیاوە ریشدارەکە بە دەنگێکی لاوازەوە ووتی، "لێم خۆش بە!"

"من نە دەتناسم و نە شتێك هەیە بە هۆیەوە لێت خۆس بم،" پاشا پێی ووت.

"ئێوە من ناناسن، بەڵام من ئێوە دەناسم. من ئەو دوژمنەتم شمشێرم لێتان راکێشا تا تۆڵەی خۆمتان لێ بکەمەوە، چونکە ئێوە براکەمتان کوشت و دەستتان بەسەر موڵکەکەیدا گرت. من دەمزانی بە تاقی تەنیا رۆیشتوویت بۆ دیتنی زاهیدەکە و، منیش خۆمم دانابوو لە رێگەی گەڕانەوەتاندا بتانکوژم. بەڵام رۆژ تێپەڕی و ئێوە هەر نەگەڕانەوە. بۆیە لە بۆسەکەم هاتمە دەرەوە تا بتاندۆزمەوە و، سەرم تەقی بە پاسەوانەکانتاندا و ئەوانی منیان ناسییەوە و برینداریان کردم. لە دەستیان هەڵهاتم، بەڵام ئەگەر ئێوە برینەکەمتان نەپێچایە، ئەوەندە خوێنم لێ بەردەبوو تا دەمردم. من ئارەزووی مردنی ئێوەمان دەکرد و، ئێوەش ژیانی منتان رزگار کرد. ئێستا ئەگەر بژیم  و ئێوە ئارەزووتان لەسەر بێت وەکو وەفادارترین بەندەتان خزمەتان دەکەم و، هەروەها کوڕەکانیشم بەوە پابەند دەکەم. بۆی لێم خۆش بە!"

پاشا زۆر دڵخۆش بوو بەوەی کە بەو ئاسانییە لەگەڵ دووژمنەکەیدا ئاشت بووەتەوە و کردوویە بە دۆستێك؛ ئەو نەك تەنها لێی خۆش بوو، بەڵکو پێی ووت کە خزمەتکارەکانی و پزیشکەیی بۆ دەنێرێت ئاگایان لێی بێت و، بەڵێنی پێی دا موڵکەکەیی بۆ بگەڕێنێتەوە.

پاش ئەوەی پیاوە بریندارەکەی بەجێ هێشت، پاشا چووە بەر هەیوانەکە و بە دوای زاهیدەکەدا دەگەڕا. پێش ئەوەی بڕواتەوە حەزی دەکرد جارێکی دیکە تکای لێ بکات وەڵامی ئەو پرسیارانەی بداتەوە لێی کردبوو. زاهیدەکە لە دەرەوە بوو و لەسەر ئەژنۆ دانیشتبوو و تۆووی لەو چاڵ و گۆلانەدا دەچاند کە دوێنێ هەڵکەنرابوون.

پاشا لێی نزیك بوویەوە و پێی ووت:

"بۆ دوا جار، تکات لێ دەکەم وەڵامی پرسیارەکانم بدەرەوە، ئەی پیاوی دانا."

"تۆ پێشتر وەڵامی خۆتت وەرگرت!" زاهیدەکە ووتی و، هێشتا لەسەر چۆك دانیشتبوو و بۆ سەرەوە تەماشای پاشای دەکرد کە لە بەرانبەریدا وەستابوو.

پاشا پرسی، "چۆن وەڵام دراونەتەوە؟ مەبەستت چییە؟"

زاهیدەکە وەڵامی دایەوە، "نابینیت، ئەگەر کە دوێنێ تۆ بەزەییت بە لاوازی مندا نەهاتبێتەوە و، ئەو چاڵانەت بۆ هەڵنەکەندبام و بە رێگای خۆتدا رۆیشتبایتەوە، ئەو پیاوە هێرشی دەکردە سەرت و پەشیمان دەبوویتەوە لەوەی کە لەگەڵ مندا نەمابوویتەوە. بۆیە گرنگترین کات ئەو کاتە بوو کاتێك گۆلەکانت هەڵدەکەند و؛ منیش گرنگترین کەس بووم و؛ چاکەکردن لەگەڵ مندا گرنگترین کاری تۆ بوو. پاشانیش کاتێك کە پیاوەکە رایکرد بۆ لامان، گرنگترین کات ئەوە بوو کە بەهانایەوە چوویت، چونکە ئەگەر برینەکەییت نەپێچایەتەوە، ئەوا ئەو دەمرد بێ ئەوەی بتوانێت لەگەڵتدا ئاشت ببێتەوە. بۆیە ئەو گرنگترین پیاو بوو ، ئەوەی کە بۆییت ئەنجام دا گرنگترین کار بوو. ئەوجا لەیادت بمێنێت: تەنها یەك کات هەیە گرنگترین بێت، ئەویش بریتییە لە ئێستا! ئەویش هەرە گرنگترین کاتە چونکە تەنها کاتە لە کاتێكدا ئێمە توانا و هێزمان هەیە. هەرە پێویستترین پیاویش ئەو کابرایەیە کە تۆ لەگەڵدایت، چونکە کەس نازانێت کە داخۆ ئایا سەر و سەودات لەگەڵ کەسێکی دیکەدا دەبێت یان نا و؛ گرنگترین کاریش ئەوەیە کە چاکەی لەگەڵدا بکەیت، چونکە تەنها لەبەر ئەو مەبەستە مرۆڤ نێردراوەتە ئەم ژیانە!"

No comments:

Post a Comment

ئەسەرحەدۆن، پاشای ئاشور

  ئەسەرحەدۆن، پاشای ئاشور     ئەسەرحەدۆن، پاشای ئاشور   لیۆ تۆلستۆی (١٩٠٣) لە ئینگلیزییەوە بۆ کوردی: ئاکۆ محەمەد   (لەم چیرۆ...