سێ
زاهیدەکە
ئەفسانەیەکی کۆن لە
ناوچەی ڤۆڵگا
لیۆ تۆلستۆی (١٨٨٦)
لە ئینگلیزییەوە بۆ
کوردی: ئاکۆ محەمەد
'كاتێ نوێژ دهكهن،
وهك بتپهرستان چهنهبازی مهكهن، چونكه وادهزانن به زۆر وتنیان گوێیان لێ
دهگیرێت. بۆیه وهك ئهوان مهبن، چونكه باوكتان
دهزانێت پێویستیتان به چییه، پێش ئهوهی داوای لێ بكهن.'—مەتا، بەشی
٦، ئایەتی ٧ و ٨.
سەرقەشەیەك بە کەشتی
لە ئارخانگلیسکەوە بەرەو دێری سۆلۆڤێتسکی گەشتی دەکرد و؛ لەسەر هەمان کەشتی
زیارەتکاران دەچوونە زیارەتی مەزارگەکانی ئەو شوێنە. گەشتەکەیان گەشتێکی نەرم و
لەسەرخۆ بوو. با بە ویستی ئەمان بوو و، کەشەکەش خۆش بوو. زیارەتکاران لەسەر پشتی
کەشتییەکە بۆ خۆیان پاڵکەوتبوون، نانیان دەخوارد، یان کۆمەڵ کۆمەڵ دانیشتبوون و
دەمەتەقێیان دەکرد. سەرقەشەکەش هاتە سەر پشتی کەشتییەکە و، کاتێك ئەمسەر و ئەوسەر
پیاسەی دەکرد، تێبینیی کۆمەڵێك پیاوی کرد لە نزیك بەشی پێشەوەی کەشتییەکە
وەستابوون و گوێیان لە کابرایەکی ماسیگر دەگرت و ئەویش ئاماژەی بۆ دەریا دەکرد و
شتێکی بۆ دەگێڕانەوە. سەرقەشەکە راوەستا و، لەو ئاراستەیەی روانی کابراکە ئاماژەی
بۆ دەکرد. هیچی نەبینی، جگە لە دەریای بەرین کە لە بەر هەتاودا دەدرەوشایەوە.
لێیان نزیك بوویەوە گوێیان لێ بگرێت، بەڵام کە کابرای ماسیگر ئەوی دیت، کڵاوەکەیی
داکەند و بێدەنگ بوو. خەڵکەکەی دیکەش کڵاوەکانیان لە سەر کردەوە و بۆی چەمانەوە.
"بە هۆی منەوە لە
خۆتانی تێك مەدەن، هاوڕێیان،" سەرقەشەکە پێی ووتن. "هاتووم بزانم ئەو
پیاوچاکە چ دەڵێت."
"ماسیگرەکە باسی
زاهیدەکانی بۆ دەکردین،" یەکێکیان کە بازرگانێکی سەر رووتاوبوو، وەڵامی
دایەوە.
"کامە
زاهید؟" سەرقەشەکە پرسی و، چوو لە لایەکی کەشتییەکە و لەسەر سندوقێك بۆ خۆی
دانیشت. "بۆم باس بکە. دەبێت بیستنیم پێخۆش بێت. ئاماژەت بۆ چ جێگایەك دەکرد؟"
"بۆ نا، ئەو
دوورگە بچوکەی ئەوێ دەبینیت،" پیاوەکە وەڵامی دایە و، ئاماژەی کرد بۆ خاڵێك
لە پێشیان کە کەمێك بۆ لای راست هەڵکەوتبوو. "ئەوێ ئەو دوورگەیەیە کە
زاهیدەکانی تێدا بۆ رزگارکردنی رۆحیان خۆیان دەژین."
"دوورگەکە لە
کوێیە؟" سەرقەشەکە پرسیاری کرد. "من هیچ نابینم."
"لەوێیە، لەو
دوورە، ئەگەر تکایە بە ئاراستەی دەستی من تەماشا بکەیت. ئەو هەورە بچوکە دەبینیت؟
لە بن ئەو هەورە کەمێك بە لای چەپدا، لەوێ هێڵێکی تەماوی لێیە. ئەوە
دوورگەکەیە."
سەرقەشەکە بە ووردی
تەماشای دەکرد، بەڵام بەو چاوە رانەهاتووانەی نەیدەتوانی هیچ شتێك ببینێت جگە لەو
ئاوەی کە لەبەر هەتاودا دەدرەوشایەوە.
ئینجا ووتی،
"ناتوانم بیبنم. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەو زاهیدانە کێن کە لەوێ دەژین؟"
"ئەوان پیاوانی پیرۆزن،" ماسیگرەکە
وەڵامی دایەوە. "لە مێژە لەبارەیانەوە دەبیستم، بەڵام خۆم هەرگیز شانسی
بینینیانم نەبووە تا ئەوەی ساڵی پێرار توانیم بیانبینم."
ئینجا ماسیگرەکە باسی
ئەوەی کرد چۆن جارێکیان کاتێك کە بۆ ماسیگرتن دەرچووبوو لە شەودا و لەو دوورگەیە
لەنگەری گرت و خۆیشی نەیدەزانی لە کوێیە. بۆ بەیانییەکەی، لەبارەی دوورگەکەوە سەری
سووڕما کاتێك کە دەمی تەقی بە ژوورێکی لە قووڕ دروستکراو و، ئینجا پیاوێکی پیری
بینی کە لە نزیکییەوە راوەستابوو. لەو کاتەشدا دووانی دیکەش هاتنە دەرەوە؛ دوای
ئەوەی تێریان کرد و شتەکانییان وشك کردەوە، ئینجا یارمەتییان دا بەلەمەکەی چاك
بکاتەوە.
"ئەی ئەوان
چۆنن؟" سەرقەشەکە لێی پرسی.
"یەکێکیان پیاوێکی
بچوکی پشت چەماوەیە. کراسێکی تایبەت بە قەشەی لەبەردایە و زۆریش پیرە؛ دەبێت ئەوەش
بڵێم کە ئەو پیاوە دەبێت لە سەروو سەد ساڵەوە بێت. ئەوەندە پیرە کە سپییاتی ریشی
سەوزرەنگ دەڕوانێت، بەڵام هەمیشە لێوبەخەندەیە و روخساری وەکو روخساری فریشتەیەکی
ئاسمان شەوقدار و روونە. دووەمیان پیاوێکی باڵابەرزە، ئەویش بە هەمان شێوە زۆر
پیرە. پاڵتۆیەکی شیتاڵ شیتاڵی جوتیاران لەبەر دەکات. ریشێکی پانی رەنگ خۆڵەمێشیی
زەرد باوی هەیە. ئەمیان پیاوێکی بەهێزە. پێش ئەوەی من دەرفەتی ئەوەم هەبێت یارمەتی
ئەو بدەم، بەلەمەکەمی هەر وەك بڵێی تەنها سەتڵێك بێت هەڵگێڕایەوە. ئەویش میهرەبان
و رووخۆشە. سێیەمیشیان پیاوێکی درێژە و ریشی چەشنی بەفر سپییە و دەگاتە سەر ئەژنۆی.
بەو ئەبرۆ درێژانەی بۆ سەرەوە هەڵکشاون، روویەکی گرژ و مۆنی هەیە؛ هیچیشی لەبەر
نییە جگە لە پارچە قوماشێك بە ناوقەدییەوەی بەستوە."
"ئەی قسەیان
لەگەڵدا کردیت؟" سەرقەشەکە لێی پرسی.
"زۆربەی کات
هەموو شتێکیان بە بێدەنگی ئەنجام دەدا و تەنانەت لە نێوان خۆیانیشدا زۆر بە کەمی
قسەیان دەکرد. یەکێکیان تەنها بە ئاماژەدانێك و، ئەو دیکە دەستبەجێ لێی تێدەگەیشت.
لە درێژەکەیانم پرسی داخۆ زۆر لە مێژە لەوێ دەژین. رووی گرژ کردەوە و شتێکی
مینگاندەوە وەك بڵێی تووڕە بووبێت؛ بەڵام ئەوی دیکەیان دەستی گرت و زەردەخەنەیەکی
کرد و، ئینجا درێژەکە ئارام بوویەوە. بە تەمەنترینەکەیان تەنها ئەوەندەی ووت،
"خودایە بەزەییەت پێماندا بێتەوە،" و ئینجا زەردەخەنیەکی کرد."
لە کاتی قسەکردنی
ماسیگرەکە، کەشتییەکە لە دوورگەکە نزیکتر بوویەوە.
"ئەوەتا، ئێستا
دەتوانیت بە روونی بیبینیت، ئەگەر تکایە تەشریفتان تەماشایەکی بکات،"
بازرگانەکە پێی ووت و دەستی بۆ دوورگەکە راکێشا.
سەرقەشەکە تەماشای کرد
و ئێستا بە راستی هێڵێکی تاریکی دیت، کە دوورگەکە بوو. دوای ئەوەی بۆ ماوەیەك
تەماشای کرد، لە لاتەنیشتی کەشتییەکە هەستا و چووە بەشی دواوەی و لە سوکانگێڕی
کەشتییەکەی پرسی:
"ئەوە چ
دوورگەیەکە؟"
"ئەوەیان،" سوکان
بەدەستی کەشتییەکە وەڵامی دایەوە، "هیچ ناوێکی نییە. دوورگەی زۆری لەو چەشنە
لە دەریادا هەن."
"ئایا راستە
گوایە هەندێ زاهید لە پێناو رزگارکردنی رۆحیان لەوێدا دەژین؟"
"وەها دەووترێت،
بەڕێزم، بەڵام نازانم ئایا راستە یان نا. پیاوە ماسیگرەکان دەڵێن ئەوانمان بینیوە؛
بەڵام بێگومان دەشکرێت قسەیەکی هەڵبەستراو بێت."
"پێمخۆش دەبێت
لەسەر ئەو دوورگەیە داببەزم و ئەو پیاوانە ببینم،" سەرقەشەکە پێی ووت.
"چۆن دەتوانم لەوێ دابەزم؟"
"کەشتییەکە
ناتوانێت لە دوورگەکە نزیك ببێتەوە،" سوکانگێڕەکە وەڵامی دایەوە، "بەڵام
دەکرێت بە بەلەمێك و بە سەوڵلێدان بگەیتە ئەوێ. باشتر وایە لەگەڵ کاپتنەکە قسە
بکەیت."
نێردرا بە دوای کاپتن
و ئەویش هات.
"پێمخۆش دەبێت
چاوم بەو زاهیدانە بکەوێت،" سەرقەشەکە پێی ووت. "ناتوانم بە سەوڵلێدان
بگەمە کەنارەکانی؟"
کاپتنەکە هەوڵی دا بە
پێچەوانەکەی قایلی بکات.
"بێگومان
دەتوانرێت،" کاپتنەکە ووتی، "بەڵام رەنگە کاتێکی زۆر بە فیڕۆ بدەین.
ئەوە کردم ئەوەمان بۆ بەڕێزتان کرد، ئەو پیرە پیاوانە شایانی زەحمەت و ئازارچەشتنی
بەڕێزتان نین. من بیستومە گوایە ئەوانە خەڵکانێکی پیری سەرلێشێواون، کە لە هیچ
شتێك تێناگەن و هەرگیز قسەیەکیشیان نەکردووە و، لە ماسی نێو دەریا زیاتر
نین."
سەرقەشەکە ووتی،
"حەز دەکەم بییانبینم و، خۆم ئەو زەحمەت و کات لەدەستدانەت بۆ دەبژێرم. تکایە
بەلەمێکم بۆ دابین بکە."
هیچ چارەیەکی نەبوو،
بۆیە بڕیاری بۆ درا. کەشتیوانەکان چارۆکەکانیان رێك کردەوە و، سوکانگێڕەکە سوکانی
کەشتییەکەی گونجاند و، کەشتییەکە بەرەو ئاراستەی دوورگەکە کرا. لە لاتەنیشتی
کەشتییەکە، کورسییەك بۆ سەرقەشەکە دانرا و، ئەویش لەسەری دانیشت و بەرەو پێش
دەیڕوانی. گشت سەرنشینەکان لە لاتەنیشتی کەشتییەکە کۆبوونەوە و تەماشای
دوورگەکەیان دەکرد. ئەوانەی کە بینینیان زۆر تیژ بوون دەیانتوانی بەردەکانی سەر
دوورگەکە بکەنە دی و، دواتر خانووە قووڕینەکە بینرا. لە کۆتاییدا، پیاوێك خودی
زاهیدەکانی بینی. کاپتنەکە تێلسکۆپێکی هێنا و تەماشایەکی پێی کرد و ئینجا دایە
دەست سەرقەشەکە.
"تەواو دروستە.
ئەوەتا سێ پیاو لەسەر کەنارەکە وەستاون. ئا لەوێ، کەمێك لەلای راستی ئەو بەردە
گەورەیە."
سەرقەشەکە تێلسکۆپەکەی
وەرگرت و خستییە سەر چاوی و سێ پیاوەکەی بینی: یەکێکی درێژ، و یەکێکی کەمێك کورتتر
و یەکێکیش زۆر بچوك و پشت چەماو، لەسەر کەنارەکە وەستاون و دەستی یەکترییان
گرتووە.
کاپتنەکە رووی کردە
لای سەرقەشەکەوە.
"کەشتییەکە
ناتوانێت لەمە زیاتر نزیك ببێتەوە، بەڕێزم. ئەگەر حەز دەکەیت دابەزیتە ووشکانی،
ئەوا ناچارین داوات لێبکەین بە بەلەم بڕۆیت و ئێمە لێرە لەنگەر دەگرین."
پەتەکە بە خێرایی
دەرهێنرا و لەنگەرەکە فڕێ درا و چارۆکەکان پێچرانەوە. کەشتییەکە تەکانێکی خوارد و
گیر بوو. ئینجا بەلەمێك شۆڕ کرایەوە و سەوڵلێدەرەکان بازیان دایە ناوی و سەرقەشەکە
بە پەیژەیەکی گوریس دابەزێنرایە خوارەوە و جێی خۆی کردەوە. پیاوەکان سەوڵیان
لێدەدا و بەلەمەکەیش بە خێرایی بەرەو دوورگەکە دەڕۆیشت. کە گەیشتنە دووری بەردهاوێژتنێك،
سێ پیاوە پیرەکانیان بینی: پیاوێکی باڵابەرز کە تەنها پارچەیەکی بە ناوقەدییەوە
پێچاندووە؛ یەکێکی دیکەیان کەمێك کورتترە و پاڵتۆیەکی شڕی جوتیارانەی لەبەردایە و،
ئەوی دیکەیشیان یەکێکی زۆر پیرە کە تەمەن چاماندوویەتەوە و کراسێکی کۆنی قەشەی
لەبەردایە؛ هەر سیانیان دەست لەناو دەست راوەستاون.
سەوڵلێدەرەکان
دابەزینە کەنارەکە و بەلەمەکەیان بەستەوە و لەو کاتەشدا سەرقەشەکە هاتە دەرەوە.
پیاوە پیرەکان سەریان
بۆ دانەواند و، ئەویش نزای بۆ کردن، لەم کاتەشدا زیاتر سەریان دانەواند. ئینجا
سەرقەشەکە دەستی کردە قسەکردن لەگەڵیاندا.
پێی ووتن،
"بیستومە کە ئێوە، پیاوانی خودا، لێرە دەژین بۆ ئەوەی رۆحی خۆتان رزگار بکەن
و بۆ خەڵکەکەتان لە حەزرەتی مەسیح دەپاڕێنەوە. منی خزمەتکارێکی ناشایستەی مەسیح بە
رەحمەتی خودا دانراوم بۆ ئەوەی خەڵکەکەی بپارێزم و فێریان بکەم. ئەی خزمەتکارانی
خودا، حەزم کرد بتانبینم و، هەروەها ئەوەندەی دەتوانم فێرتان بکەم."
پیرە پیاوەکان
تەماشایەکی یەکدییان کرد و زەردەخەنەیان کرد، بەڵام بە بێدەنگی مانەوە.
"پێم بڵێن،"
سەرقەشەکە پێی ووتن، "ئێوە چی دەکەن بۆ رزگارکردنی رۆحی خۆتان و، چۆن چۆنی
لەسەر ئەم دوورگەیە خزمەتی خودا دەکەن."
زاهیدی دووەم ئاهێکی
هەڵکێشا و، تەماشای هەرە پیرەکەی کرد کە لە هەموویان کۆنترە. ئەوی دیکەیشیان
زەردەخەنەیەکی کرد و ووتی:
"ئێمە نازانین
چۆن خزمەتی خودا بکەین. ئێمە تەنها خزمەتی خۆمان و پشتیوانی خۆمان دەکەین، ئەی
خزمەتکاری خودا."
"ئەی باشە چۆن
نوێژ بۆ خودا دەکەن؟" سەرقەشە لێی پرسین.
"ئێمە بەم شێوەیە
نوێژ و نزا دەکەین،" زاهیدەکە وەڵامی دایەوە. "ئێوە سیانن، ئێمەش
سیانین، رەحممان پێبکەن."
کە پیاوە پیرەکە ئەمەی
ووت، هەر سیانیان چاویان بەرەو ئاسمان هەڵبڕی و ئەمەیان دووبارە کردەوە:
"ئێوە سیانن،
ئێمەش سیانین، رەحممان پێبکەن."
سەرقەشە زەردەخەنەی
کرد.
"وا دیارە کە
شتێکتان لەبارەی سیانەی پیرۆزەوە بیستبێت،" سەرقەشەکە ووتی. "بەڵام ئێوە
بە دروستی نوێژ ناکەن. ئێوە سۆزی منتان جووڵاند، ئەی پیاوانی خودا. واتان دەبینم
کە حەز دەکەن خوداوەند دڵخۆش بکەن، بەڵام نازانن چۆن خزمەتی بکەن. پەرستن و
نوێژکردن بەو رێگایە نابێت؛ بۆیە گوێ لە من بگرن و، فێرتان دەکەم. فێرتان دەکەم، نەك
بە رێگای خۆم، بەڵکو بەو رێگایەی خودا خۆی لە دەقە پیرۆزەکاندا فەرمانی بە گشت
مرۆڤ کردووە نوێژی بۆ بکەن."
ئینجا سەرقەشەکە دەستی
کردە روونکردنەوە بۆ زاهیدەکان کە چۆن خودا خۆیی بۆ مرۆڤ نیشان داوە؛ باسی خودای
باوك و خودای کوڕ و خودای رۆحی پیرۆزی بۆ کردن."
بۆی باس کردن کە،
"خودا کوڕ دابەزییە سەر زەوی بۆ ئەوەی خزمەتی مرۆڤ بکات و، بەم شێوەیە فێری
کردین چۆن نوێژی بۆ بکەین. گوێ بگرن و بە دوای مندا ئەمە دووبارە بکەنەوە: 'ئەی
باوکمان'".
پیرە پیاوی یەکەم لە
دوای ئەوەوە دووبارەی کردەوە، "ئەی باوکمان،" و هی دووەمیش ووتی،
"ئەی باوکمان،" سێیەمیش ووتی، "ئەی باوکمان."
سەرقەشەکە بەردەوام
بوو، "کە لە ئاسماندای."
زاهیدی یەکەم
ووتییەوە، "کە لە ئاسماندای،" بەڵام دووەمیان هەڵەی لە وشەکاندا کرد و،
زاهیدە درێژەکەش نەیتوانی بە دروستی وشەکان بڵێتەوە. مووی دەموچاوی بەسەر دەمیدا
درێژ بووبوو، بۆیە نەیدەتوانی بە روونی قسە بکات. زاهیدە زۆر پیرەکەش کە هیچ ددانی
نەمابوو، قسەکانی تەواو دەمینگاندەوە.
سەرقەشەکە جارێکی دیکە
ووشەکانی دووبارەکردەوە و، پیرە پیاوەکان لە دوای ئەوەوە ووتیانەوە. سەرقەشەکە
لەسەر بەردێك دانیشت و، پیرە پیاوەکان لە بەردەمیدا راوەستان و تەماشای دەمی
ئەویان دەکرد و ووشەکانی ئەویان دووبارە دەکردەوە. بە دریژایی ئەو رۆژە، سەرقەشەکە
تێکۆشا و ووشەیەکی بیست جاران و سی جاران و سەد جارانی دووبارە دەکردەوە و، پیرە
پیاوەکانیش دووبارەیان دەکردەوە. ئەوان هەڵەیان دەکرد و ئەمیش بۆی راست دەکردنەوە
و وای لێدەکردن سەر لە نوێ بیڵێنەوە.
سەرقەشەکە وازی لێ
نەهێنان هەتاوەکو تەواوی نوێژ و نزای خوداوەندی فێر کردن، نەك هەر بەوەی لە دوای
ئەمەوە بیڵێنەوە بەڵکو بەو شێوەیەی خۆیان بتوانن بیڵێن. ناوەڕاستینەکەیان یەکەمینیان
بوو فێری نزاکە بوو و توانی خۆی بە تەنیا هەمووی بڵێتەوە. سەرقەشەکە ناچاری کرد
دووبارە و دووبارە بیڵێتەوە تاوەکو هیچ نەبێت ئەوانی دیکەش بتوانن بیڵێنەوە.
پێش ئەوەی سەرقەشەکە
هەستێت و بگەڕێتەوە بۆ کەشتییەکە، هەوا تاریك داهاتبوو و، مانگ لەسەر ئاوەوە
بەدەرکەوتبوو. لەو کاتەی هەستا پیرە پیاوەکان بەجێ بهێڵێت، هەر سیانیان لە
بەردەمیدا و لەسەر زەوی کڕنۆشیان برد. ئەمیش راستی کردنەوە و دانە بە دانە ماچی
کردن و، پێی ووتن بەو شێوەیە نوێژ بکەن کە فێری کردوون. ئینجا چووە ناو بەلەمەکە و گەڕایەوە بۆ کەشتییەکە.
لەو کاتەدا لە
بەلەمەکەدا دانیشتبوو و بەرەو کەشتییەکە سەوڵ لێدەدرا، توانی گوێی لە دەنگی هەر سێ
زاهیدەکە بێت بە دەنگی بەرز نزاکانی مەسیحیان دووبارە دەکردەوە. کە بەلەمەکە نزیك
کەشتییەکە بوویەوە، ئیدی دەنگیان نەدەبیسترا، بەڵام هێشتا لەبەر رووناکی مانگدا
دەتوانرا ببینرێن، هەر بەو شێوەیەی لەسەر کەنارەکە وەکو ئەم بەجێی هێشتبوون
راوەستابوون، هەرە بچوکەکەیان لە ناوەڕاستەوە و هەرە درێژەکە لە لای راست و
ناوەڕاستینەشیان لە لای چەپەوە. هەر لەگەڵ ئەوەی سەرقەشەکە گەیشتەوە سەر
کەشتییەکە، لەنگەرەکە هەڵگیرایەوە و چارۆکەکان دادرانەوە. با پڕی کردن و کەشتییەکە
کەوتە رێ و، سەرقەشەکەش لە بەشی دواوەی کەشتییەکە جێیەکی بۆ خۆی پەیدا کرد و
دانیشت و لەگەڵ دوورکەوتنەوەیان تەماشای دوورگەکەی دەکرد. بۆ ماوەیەك هێشتا
دەیتوانی زاهیدەکان ببینێت، بەڵام ئێستا ئیدی لەبەر چاو دیار نەمان، هەرچەندە
دوورگەکە هێشتا دەبینرا. لە دوا جاردا ئەویش دیار نەما و، تەنها دەریا دەبینرا کە
نەرم نەرم لەبەر تیشکی مانگدا شەپۆلی دەدا.
زیارەتکاران هەموویان
بۆ خەوتن پاڵکەوتن و، سەر پشتی کەشتییەکە کڕ و کپ بوو. سەرقەشەکە نەیدەویست
بخەوێت، بەڵکو لە دواوەی کەشتییەکە بۆ خۆی دانیشت و لەو بەشەی دەریای دەڕوانی کە
چیتر دوورگەکەی لێ دیار نەبوو و، هەروەها بیری لەو پیاوچاکانە دەکردەوە. بیری لەوە
دەکردەوە کە دەبێت چەند خۆشحاڵ بووبێتن بەوەی کە نوێژ و نزاکانی خوداوەند فێر بوون
و، بۆ ئەمەش سوپاسی خودای کرد کە ئەمی رەوانە کردووە پیاوچاکی وەکو ئەوان فێر بکات
و یارمەتییان بدات.
بەم شێوەیە سەرقەشەکە
بۆ خۆی دانیشتبوو و بیری دەکردەوە و تەماشای ئەو دەریایەی دەکرد دوورگەکەی لێ بزر بووبوو.
تیشکی مانگیش لەبەر چاویدا دەشەنییەوە و لەسەر شەپۆلەکان دەمێك لێرە و دەمێك لەوێ
دەدرەوشایەوە. لە پڕێکدا شتێکی سپی و درەوشاوەی بەدی کرد، رێك لەسەر ئەو هێڵەی
مانگ خستبوویە سەر دەریا. دەشێت ئەوە نەورەسێك بێت، یان پارچە چارۆکەیەکی
بریقەداری بەلەمێکی بچوك بێت؟ سەرقەشە چاوی لەسەر جێگیر کرد و سەری لێسووڕ مابوو.
"دەکرێت بەلەمێك
بێت دوای ئێمە کەوتبێت،" وەهای بیر دەکردەوە، "بەڵام ئەو زۆر بە خێرایی
پێمان دەگاتەوە. زۆر دوور بوو، خولەکێك پێش ئێستا هەر دوور بوو، بەڵام ئەوەتا زۆر
نزیك کەوتەوە. ناکرێت بەلەمێك بێت، چونکە هیچ چارۆکەیەکی بەسەرەوە نابینم؛ ئێ
دەبێت چی بێت، خۆ ئەوەتا دوامان کەوتووە و وا بە خێرایی پێمان دەگاتەوە."
نەیدەتوانی بزانێت ئەو
شتە چییە. نە بەلەمە و نە باڵندە و نە ماسیش! زۆریش لەوە گەورەترە پیاوێك بێت و، لەگەڵ
ئەوەشدا خۆ ناکرێت پیاوێك بێت لە ناوەڕاستی ئەو دەریایەدا. سەرقەشەکە هەستایە سەر
پێ و، بە کابرای سوکانگێڕی کەشتییەکەی ووت:
"تەماشای ئەوێ
بکە، ئەو شتە چییە، کاکەبرا؟ ئەوە چییە؟ سەرقەشەکە دووبارەی کردەوە، ئەگەرچی لە
ئێستادا دەیتوانی بە روونی بیبینێت کە چییە—سێ زاهیدەکە بوون لەسەر ئاوەکەوە رایان
دەکرد و، هەموویان سپی سپی دەدرەوشانەوە و ریشە سپییەکانیان دەبریسکایەوە و، بەو
پەڕی خێراییانەوە لە کەشتییەکە نزیك دەبوونەوە هەر وەك ئەوەی بڵێی رۆژ نابێتەوە.
سوکانگێڕەکە تەماشای
کرد و دەستی لە سوکانەکە شل بوویەوە.
"ئەی خودایە!
زاهیدەکان بە دواماندا و لەسەر ئاوەکە وەها رادەکەن چما لەسەر زەوییەکی ووشکدا
بن!"
سەرنشینەکان کە گوێیان
لێی بوو، هەڵپەڕینە سەرپێ و لە دواوەی کەشتییەکە جەم بوون. دەیانبینی کە زاهیدەکان
دەست لەناو دەست لێیان نزیك دەبنەوە و، دووانەکەی ئەمسەر و ئەوسەر هێمایان بۆ
کەشتییەکە دەکرد بوەستێت. هەر سیانیان پێکەوە لەسەر ئاوەکە دەخزان و دەڕۆیشتن بێ
ئەوەی پێیەکانیان بجووڵێنن. پێش ئەوەی کەشتییەکە بتوانێت بوەستێت، زاهیدەکان پێی
گەیشتن و، لەگەڵ ئەوەی سەریان بەرز کردەوە، هەر سیانیان بە یەك دەنگ ووتیان:
"ئەی خزمەتکاری
خودا، ئەوەی فێرت کردین لە یادمان کرد. تا ئەو کاتەی دووبارەمان دەکردنەوە، لە
یادمان بوو، بەڵام کە بۆ ساتێك لە ووتنی دەستمان هەڵگرت، ووشەیەکمان لەدەست دا و
ئێستاش هەموویمان لێ تێکچووە. هیچیمان لێ لە یاد نەماوە. فێرمان بکەرەوە."
سەرقەشەکە خاجێکی لە
خۆی نواند و، خۆی بەسەر لاتەنیشتی کەشتییەکە دانەواند و ووتی:
"ئەی پیاوانی
خودا، نوێژەکەی خۆتان بە خوداوەند دەگات. بۆ من نییە ئێوە فێر بکەم. بۆ ئێمەی گوناهبار
نزا بکەن."
سەرقەشەکە لە بەردەم
پیرە پیاوەکاندا نەوی چەمایەوە و، ئەوانیش سووڕانەوە و بەسەر دەریادا گەڕانەوە. تا
دەمەو بەیان و لەو شوێنەی لێیەوە بزر بوون نوورێك هەر دەدرەشایەوە.

No comments:
Post a Comment