قاوەخانەکەی
سورات
قاوەخانەکەی سورات
لیۆ تۆڵستۆی
لە ئینگلیزییەوە بۆ
کوردی: ئاکۆ محەمەد
(لە پاش بێرناردینی
سانت پییەر)
لە شاری سورات، لە
هیندستان، قاوەخانەیەکی لێبوو ژمارەیەکی زۆری گەشتیاران و خەڵکانی بیانی لە
سەرانسەری جیهانەوە تێیدا یەکیان دەبینی و دەمەتەقێیان دەکرد.
رۆژێکیان پیاوێکی
رۆحانیی تێگەیشتووی خەڵکی وڵاتی فارس سەردانی قاوەخانەکەی کرد. پیاوێك بوو تەواوی
ژیانی خۆیی بە خوێندنەوە لەبارەی سروشتی خودا و، هەروەها خوێندنەوە و نوسین لەسەر
ئەو بابەتە بەسەر بردبوو. زۆر زۆری لەبارەی خودا بیر کردبووەوە و خوێندبوو و
نوسیبوو، وای لێهاتبوو ژیری خۆیی لەدەست دابوو، بە تەواوەتی سەری لێشێوابوو و،
ئیتر باوەڕی بە بوونی خوداش نەمابوو. شا کە ئەمە دەبیستێت، لە وڵاتی فارس دووری
دەخاتەوە.
دوای ئەوەی هەموو ژیانی
خۆیی سەرقاڵی گفتوگۆکردنی هۆی یەکەمین کردبوو، ئەم رۆحانییە بەدبەختە تەواو بە سەرلێشێواوی
لێ هاتبووە دەرەوە و، لە بری ئەوەی سەر لە لەدەستدانی هۆکار و ئاوەزی خۆی دەربکات،
خەریك بوو بیرکردنەوەی وەهای دەکەوتە سەر کە هیچ هۆیەکی باڵا نییە گەردوون کۆنترۆڵ
بکات.
ئەم پیاوە کۆیلەیەکی
ئافریقایی هەبوو کە بۆ هەموو شوێنێك لەگەڵیدا دەبوو. کاتێك کە ئەم پیاوە رۆحانییە
لە قاوەخانەکە هاتە ژوورەوە، کۆیلەکە لە دەرەوە مایەوە، لە نزیك دەرگاکە و، لەسەر
بەردێك و لەبەر هەتاو دانیشت و، ئەو مێشانەی بە دەوریدا گیزەیان دەهات دوور
دەخستەوە. ئەو پیاوە فارسە کە لەسەر قەنەفەیەك لە قاوەخانەکە دانیشت، داوای کوپێك
تیلیاکی بۆ خۆی کرد. دوای ئەوەی خواردییەوە و تلیاکەکە ووردە ووردە مێشکیی
دەهێنایەوە سەر خۆی، لە دەرگا کراوەکەوە رووی کردە کۆیلەکەی:
بە کۆیلەکەیی ووت، "پێم
بڵێ، ئەی کۆیلەی کەساس، ئایا بە بۆچوونی تۆ خودا هەیە، یان نا؟"
"بە دڵنیاییەوە
هەیە،" کۆیلەکە وەڵامی دایەوە و، یەکسەر لە بن پشتێنەکەیەوە پەیکەرێکی بچوکی
دارینی دەرهێنا.
"ئەوەتا،"
زیاتری ووت. "ئەوە ئەو خودایەیە منی لە یەکەم رۆژی لەدایکبوونمەوە پاراستووە.
هەموو کەسێك لە وڵاتی ئێمەدا داری پیرۆز دەپەرەستێت، ئەم خودایەی منیش لەو دارە
دروست کراوە."
ئەم گفتوگۆیەی نێوان
ئەم پیاوە ئایینزانە و کۆیلەکەی بە سەرسووڕمانەوە لەلایەن میوانەکانی دیکەی ناو
قاوەخانەکەوە گوێی لێ دەگیرا. واقیان لەو پرسیارەی سەردارەکەی ووڕمابوو و، پتریش
لە وەڵامەکەی کۆیلەکە.
یەكێك لە میوانەکان،
کە براهمینێکی هیندۆسی بوو، لەگەڵ بیستنی قسەکانی کۆیلەکە، بەری کرد بەلایەوە و
ووتی:
"شێتۆکەی داماو!
ئایا دەشێت ئەو خودایە بپەرەستیت کە دەکرێت لە ژێر پشتێنی پیاوێکدا هەڵبگیرێت؟
تەنها یەك خودا هەیە، ئەویش براهمایە و، ئەویش لە تەواوی جیهان گەورەترە، چونکە
هەر خۆی دروستی کردووە. براهما تاك و تەنیایە و خودای خاوەن دەسەڵاتە و، هەر لەبەر
شەرەفی ئەویش ئەو پەرەستگایانە لە کەناری گانگ بنیات نراون و، هەر لەوێشدا ئۆڵدارە
راستەقینەکان کە براهمینەکانن دەیپەرەستن. ئەوان خودای راستەقینە دەناسن، هیچ کەسی
دیکە بەڵکو تەنها ئەوان دیناسن. ئەوەتا چەندین هەزار ساڵ تێپەڕیوە و شۆڕش دوای
شۆڕش ئەم ئۆڵدارانە رێبازی خۆیانیان پاراستووە، ئەوەیش هەر بە هۆی براهماوە، ئەو خودا
تاك و راستەقینەیەیش ئەوانی پاراستووە."
براهمینەکە کە بەم
شێوەیە قسەی دەکرد، پێیوابوو باوەڕ بە هەموو کەسێك بهێنێت؛ بەڵام پیاوێکی جوو کە
لەوێدا بوو هاتە قسە و وەڵامی دایەوە و ووتی:
"نەخێر!
پەرەستگای خودای راستەقینە لە هیندستان نییە. خوداش چینی براهمینی نەپاراستووە.
خودای راستەقینەش خودای براهمینەکان نییە، بەڵام خودای ئیبراهیم و ئیسحاق و
یەعقوبە. هیچ کەسیشی نەپاراستووە جگە لە خەڵکی هەڵبژێردراوی خۆی، کە
ئیسرائیلییەکانن. لە سەرەتای دەستپێکردنی جیهانەوە، خودا خەڵکی ئێمەی خۆشویستووە
و، بە تەنها ئەو خەڵکەی ئێمە. ئەگەریش ئێستا ئێمە بەسەر سەرانسەری جیهاندا
پەرتەوازە بووین، تەنها بۆ تاقیکردنەوەمان بووە؛ چونکە خودا خۆی بەڵێنی داوە رۆژێك
دێت خەڵکەکەی خۆی لە ئۆرشەلیم کۆدەکاتەوە. ئەوکاتیش، بەو پەرستگایەی ئۆرشەلیم کە
نایابترینی جیهانی کۆنە و بە جوانترین شێوە نۆژەن کراوەتەوە، ئیسرائیل وەکو
فەرمانڕەوای گشت گەلەکان دادەمەزرێت."
جووەکە بەم شێوەیە
قسەی کرد و، دەستی بە گریان کرد. حەزی دەکرد زیاتر بڵێت، بەڵام مژدەبەخشێکی ئیتالی
کە لەوێ بوو قسەکەی پێبڕی.
"ئەوەی دەیڵێیت
راست نییە،" بە جووەکەی ووت. "تۆ تۆمەتی نادادپەروەری دەدەیتە پاڵ خودا.
ئەو گەلێکی جیا لە خەڵکانی دیکە خۆش ناوێت. ئەوەش نا، تەنانەت ئەگەر ئەوەش راست
بێت کە لە کۆندا خودا فەزڵی بە ئیسرائیلییەکان دابێت، ئێستا هەزار و نۆ سەد ساڵ
تێپەڕیوە بەسەر ئەو کاتەی کە ئەو گەلە خودایان تووڕە کرد و، وایان لێکرد گەلەکەیان
تێکبدات و بەسەر زەویدا پەرتەوازیان بکات، جگە لە تاکوتەرایەك لێرە و لەوێدا
مانەوە نەبادا باوەڕەکەیان گۆڕانی بەسەردا بێت، ئەوانی دیکەیان هەموویان
لەناوچوون. خودا فەزڵ بە هیچ گەلێك نادات، بەڵام لە هەموو ئەوانەی ئارەزووی
رزگاربوون دەکەن داوا دەکات روو بکەنە ئامێزی کڵێسای کاتۆلیکی لە رۆما، ئەو
کڵێسایەی کە لە دەرەوەی سنورەکانییەوە هیچ رزگاربوونێك گیری کەس نایەت."
پیاوە ئیتالییەکە بەم
شێوەیە قسەی کرد. بەڵام کاهینێکی پرۆتستانت، کە وا رێکەوتبوو لەوێ بێت، زەرد
هەڵگەڕا و رووی وەرچەرخاندە لای مژدەدەرە کاتۆلیکییەکە و هاواری کرد:
"چۆن دەتوانێت
بڵێیت کە رزگاربوون بەس هی ئایینەکەی تۆیە؟ بە پێی ئینجیل، تەنها ئەوانە رزگاریان
دەبێت کە بە راستی و بە گیان خزمەتی خودا دەکەن، وەکو ئەوەی مەسیح فەرمایشتی
پێکردوون."
ئینجا پیاوێکی تورك کە
فەرمانبەری گومرکخانەی سورات بوو و، لە قاوەخانەکەدا دانیشتبوو و قلیانی دەکێشا،
بە هەوایەکی خۆبەزلزانینەوە رووی کردە لای هەردوو مەسیحییەکە.
"باوەڕی ئێوە بەو
ئایینە رۆماییەتان باوەڕێکی پووچە،" وەهای پێووتن. "ئەو ئایینە هەزار و
دوو سەد ساڵ بەر لە ئێستا بە ئایینی راستەقینە بەتاڵ کراوەتەوە: ئەویش ئایینەکەی
موحەمەدە! ناتوانیت هیچ بکەیت جگە لە تێبینیکردنی ئەوەی کە چۆن ئەو باوەڕە راستەی
موحەمەد بە بەردەوامی لە ئەوروپا و ئاسیا و تەنانەت لە وڵاتی رۆشنبیری چینیشدا بڵاو
دەبێتەوە. ئێوە خۆتان دەڵێن کە خودا جووەکانی رەت کردووەتەوە و، هەر وەکو
بەڵگەیەکیش، ئەو راستییەتان باس کرد کە جووەکان تەمبێ کراون و باوەڕەکەیان تەشەنەی
نەسەند. ئینجا دان بە راستیی ئایینی موحەمەدی بنێن کە ئایینێکی سەرکەوتووە و بە
گشت شوێنێکدا و بە فراوانی بڵاو بووەتەوە. هیچ کەس رزگاری نابێت جگە لە
شوێنکەوتووانی موحەمەدی دوا پێغەمبەری خودا و، لەوانیش تەنها شوێنکەوتووانی عومەر،
نەك شوێنکەوتووانی عەلی، چونکە ئەوەی دووەمیان باوەڕێکی هەڵەیە."
ئا لەمەدا، ئۆڵدارە
فارسەکە کە لە مەزهەبی عەلییە، حەزی دەکرد وەڵام بداتەوە، بەڵام لەم کاتەدا
ناکۆکییەکی گەورە لە نێوان گشت ئەو خەڵکە بیانییانەی سەر بە باوەڕ و ئایینە
جیاوازەکان کە لەوێدا بوون هاتبووە ئاراوە. لەوێ مەسیحیی حەبەشی و، لامای خەڵکی
تیبت، ئیسماعیلییەکان، و ئاگرپەرەستانیشی لێبوون. هەموویان باسیان لەبارەی سروشتی
خودا و لەبارەی ئەوەی دەبێت چۆن بپەرەسترێت دەکرد. هەرکامیان جەختی لەسەر ئەوە
دەکردەوە کە تەنها لە وڵاتی خۆیدا خودای راستەقینە دەناسرێت و بە دروستی
دەپرسترێت.
هەموو کەس گفتوگۆ و
هاواری دەکرد، جگە لە پیاوە چینییەکەی قوتابیی کۆنفۆشیۆس کە بە بێدەنگی لە
گۆشەیەکی قاوەخانەکەوە دانیشتبوو و، بەشداریی ووتووێژەکەی نەدەکرد. لەوێ دانیشت و
چای دەخواردەوە و لە کاتی قسەکردنیاندا گوێی لێدەگرتن، بەڵام خۆی قسەی نەدەکرد.
پیاوە تورکەکە بینی کە
ئەو لەوێ دانیشتووە، رووی تێکرد و پێی ووت:
"تۆ دەتوانیت
ئەوەی من دەیڵێم پشتڕاست بکەیتەوە، ئەی پیاوە چینییە چاکەکەم. تۆ ئارامی خۆت
راگرە، بەڵام ئەگەر قسە بکەیت دەزانم کە پشتیوانی بۆچوونەکەی من دەکەی. ئەو
بازرگانانەی خەڵکی وڵاتەکەی تۆ کە بۆ یارمەتی هاتبوونە لام، پێیان دەووتم کە
هەرچەندە زۆر ئایین بە چین ناسێنراون، بەڵام ئێوەی چینی ئایینی موحەمەدتان بە
باشترینیان زانیوە و بە ویستی خۆتان پەسەندتان کردووە. دەی قسەکانی من پشتڕاست
بکەرەوە و، بۆچوونی خۆتمان لەبارەی خودای راستەقینە و پێغەمبەرەکی پێ بڵێ."
"بەڵێ، بەڵێ،"
ئەوانی دیکەش روویان لە پیاوە چینییەکە کرد و ووتیان، "با گوێمان لێبێت چۆن
لەبارەی ئەو بابەتەوە بیر دەکەیتەوە."
پیاوە چینیییەکەی
قوتابیی کۆنفۆشیۆس چاوەکانی داخست و، بۆ ماوەیەك بیری کردەوە. دواتر چاوەکانی
کردەوە و، دەستەکانی لەناو سەرقۆڵە گەورەکانی جبەکەیەوە دەرهێنان و، لەسەر سنگی
کردنی بە یەکدا و، بە دەنگێکی نزم و ئارام بەم شێوەیە قسەی بۆ کردن.
"بەڕێزانم، بەلای
منەوە وا دیارە کە بە شێوەیەکی سەرەکی لووتبەرزییە کە رێگری لە مرۆڤەکان دەکات
لەگەڵ یەکتردا و لەسەر بابەتەکانی پەیوەندیدار بە باوەڕ رێكبکەون. ئەگەر باکتان
هەبێت گوێم لێبگرن، چیرۆکێکتان بۆ دەگێڕمەوە کە ئەمەتان بە نمونەیەك بۆ روون
دەکاتەوە.
"بە کەشتییەکی بە
هەڵم کارکردووی ئینگلیزی لە چینەوە هاتینە ئێرە کە بە دەوری دونیادا گەشتی دەکرد.
بۆ دەستکەوتنی ئاوی سازگار وەستاین و، لە کەناری رۆژهەڵاتی دوورگەی سوماترا
لەنگەرمان گرت. نیوەڕۆ بوو و، هەندێکمان دابەزینە سەر وشکانی و لەژێر سێبەری دار
گوێز هیندییەکانی سەر کەنارەکە دانیشتین، کە زۆر دوور نەبوون لەو گوندە رەسەنەی
لەوێدا بوو. ئێمە کۆمەڵێك پیاو بووین لە نەتەوەی جیاواز جیاواز.
"کە لەوێ
دانیشتبووین، پیاوێکی کوێر بەرەو لامان هات. دواتر زانیمان کە هۆکاری کوێربوونەکەی
ئەوە بووە بۆ ماوەیەکی زۆر و بە بەردەوامی لە خۆری روانیوە، بەو مەبەستەی بزانێت
ئەو شتە چییە و هەروەها بۆ ئەوەی لە رووناکییەکەی بگات.
"بە مەبەستی
ئەنجامدانی ئەوە، بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ تێکۆشا و بە بەردەوامی تەماشای خۆری
دەکرد؛ بەڵام تەنها دەرەنجامێك وەگیری کەوتبێت ئەوە بوو بەو رووناکییەی چاوەکانی
زیانیان پێگەیشت و کوێر بوون."
ئینجا بە خۆیی ووت:
"ئەو رووناکییەی
خۆر بریتی نییە لە شلەمەنییەك؛ چونکە ئەگەر شلە بووایە ئەوکات دەکرا لە تەشتێکەوە
بۆ تەشتێکی دیکە بەتاڵ بکرێتەوە و، دەکرا وەکو ئاو بە هۆی با بگوازرێتەوە. ئاگریش
نییە؛ چونکە ئەگەر ئاگر بووایە، ئاو دەیکوژاندەوە. هەروەها رووناکیش رۆح و گیان
نییە، چونکە بە چاو دەبینرێت؛ ماددەش نییە، لەبەر ئەوەی ناتوانرێت بگوازرێتەوە.
بۆیە، لەبەر ئەوەی رووناکی خۆر نە شلەمەنی و نە ئاگر و نە رۆح و نە ماددەش نییە،
کەواتە هیچ نییە!"
بەم شێوەیە تاوتوێی
دەکرد و، بە هۆی ئەوەی بە بەردەوامی تەماشاکردنی خۆر و بە بەردەوامی بیری لەبارەی
دەکردەوە، هەم بینایی خۆی و هەم عەقڵی خۆیشی لەدەست دان. ئەو کاتەیشی کە تەواو
کوێر بوو، بە تەواوی هاتە سەر ئەو باوەڕەی کە خۆر هەر بوونیشی نییە.
لەگەڵ ئەم پیاوە
کوێرەدا کۆیلەیەك هات و؛ دوای ئەوەی سەردارەکەیی لە سێبەری دار گوێز هیندییەك
دانا، گوێز هیندییەکی لەسەر زەوییەکە هەڵگرت و بردی بەرەو لای چرایەکی شەوانە. پلیتەیەکی
لە ریشاڵی گوێز هیندییەکە بادا و دەرهێنا و رۆنی گوێزەکەی لە کەوڵەکەیدا گوشی و
پلیتەکەیی پێدا ژەنی.
لەو کاتەی کۆیلەکەی بۆ
ئەنجامدانی ئەم کارە دانیشتبوو، پیاوە کوێرەکە ئاهێکی هەڵکێشا و پێی ووت:
"دە باشە، ئەی
کۆیلە، راست نەبووم پێمووتیت خۆر بوونی نییە؟ ئەوەتا نابینیت چەندە تاریکە؟ هێشتا
خەڵك هەر باوەڕیان وایە کە خۆر بوونی هەیە... بەڵام ئەگەر هەبێت، بریتییە لە
چی؟"
"نازانم خۆر
چییە،" کۆیلەکە ووتی. "ئەوە کاری من نییە بیزانم. بەڵام دەزانم کە
رووناکی چییە. ئەوەتا هەر لێرە چرامووشییەکم دروست کرد و، بە یارمەتی ئەم
چرامووشییەش دەتوانم خزمەتی ئێوە بکەم و هەرچییەکم لە زنجەکەدا پێویست بێت پێی
بدۆزمەوە."
ئینجا کۆیلەکە کەوڵی
گوێز هیندییەکەی هەڵگرت و، پێی ووت:
"ئەمە خۆری
منە."
پیاوێکی شەلی دارشەقە
بەدەست کە لەو نزیکانە دانیشتبوو گوێبیستی ئەم قسانە بوو و پێکەنی:
"تۆ وا دیارە کە
هەموو ژیانت کوێر بووبیت،" پیاوە شەلەکە بە پیاوە کوێرەکەی ووت، "کە
نازانیت خۆر چییە. پێت دەڵێم خۆر چییە. خۆر بریتییە لە تۆپەڵەیەك لە ئاگر کە هەموو
بەیانیانێك لە دەریاوە هەڵدێت و لە ئێواراندا جارێکی دیکە لە نێوان چیاکانی
دوورگەکەماندا رۆدەچێتە خوارەوە. ئێمە هەموومان ئەمەمان بینیوە و، ئەگەر تۆش
بیناییت هەبووایە ئەوا دەتبینی."
پیاوێکی ماسیگر کە
گوێی لەم گفتوگۆیەیان دەگرت ووتی:
"زۆر ئاشکرایە کە
تۆ هەرگیز لەو دوورگەیەی خۆتدا دوور نەکەوتوویتەتەوە. ئەگەر شەل نەبوویتایە و،
ئەگەر گەشتت ئەنجام دابایە وەکو ئەوەی من بە بەلەمی راوەماسی ئەنجامی دەدەم،
ئەوکات دەتزانی کە خۆر لە نێوان چیاکانی دوورگەکەمان ئاوانابێت، بەڵام لەبەر ئەوەی
کە هەموو بەیانیانێك لە زەریاوە هەڵدێت، ئەوا هەموو ئێوارانێكیش دووبارە لە
دەریادا ئاوادەبێت. ئەوەی پێتدەڵێم راستییە، چونکە من خۆم هەموو رۆژێك بە چاوی خۆم
دەیبینم."
ئینجا پیاوێکی هیندی
کە لە لایەنی ئێمە بوو، قسەکەی پێبڕی و ووتی:
"زۆرم پێ سەیرە
کە پیاوێکی ژیر قسەی وەها پڕوپووچ بکات. چۆن دەکرێت تۆپەڵەیەك لە ئاگر رۆبچێتە نێو
ئاو و نەشکوژێتەوە؟ خۆر بە هیچ شێوەیەك بریتی نییە لە تۆپەڵەیەك لە ئاگر، بەڵکو
ئەوە خوداوەندێکە بە ناوی دێڤا کە بۆ تاهەتایە بە گالیسکەکەیەوە بە دەوری چیای
زێڕین کە پێی دەووترێت چیای مێرو دەسووڕێتەوە. هەندێ جار ئەهریمەنە مارەکانی راگو
و کێتو پەلاماری دێڤا دەدەن و قووتی دەدەن و؛ ئەوجا زەوی تاریك دادێت. بەڵام پیاوە
ئۆڵدارەکانمان نزا دەکەن بۆ ئەوەی ئەو خواوەندە رەها ببێت و، ئینجا ئازاد دەکرێت.
تەنها ئەو پیاوە تێنەگەیشتووانەی وەکو ئێوە کە ئەو دیوی دوورگەکەی خۆیی نەدیوە
وەها بیر دەکاتەوە کە خۆر تەنها لە وڵاتەکەی خۆی بە تاقی تەنیا
دەدرەوشێتەوە."
ئینجا خاوەن کەشتییەکی
میسری کە لەوێدا بوو، لە نۆبەی خۆی قسەی کرد و ووتی:
"نەخێر، تۆیش
هەڵەیت. خۆر خوداوەندێك نییە و، تەنها لە دەوری هیندستان و چیا زێڕینەکەی
ناسووڕێتەوە. گەشتی زۆرم بەسەر دەریای رەشدا کردووە و، هەروەها بە درێژایی کەنارە
عەرەبییەکان و چووشمەتە مەداغاسقەر و فلیپینیش. خۆر گشت رووی زەمین رووناك
دەکاتەوە، نەك تەنها هیندستان. لە دەوری یەك چیا ناسووڕێتەوە، بەڵام زۆر دوور لە
رۆژهەڵاتەوە هەڵدێت، تەنانەت لەو دیوی دوورگەکانی یابانەوە و، زۆر زۆر دوور لە
رۆژئاوادا ئاوا دەبێت، لەو دیوی دوورگەکانی ئینگلتراوە. هەر لەبەر ئەمەش یابانییەکان
بە وڵاتی خۆیان دەڵێن 'نیپۆن' واتە 'زێدی خۆر'. ئەمە بە باشی دەزانم، چونکە خۆم
زۆرم بینیوە و، زۆریشم لە باپیرەمەوە بیستووە، کە ئەویش گەشتی بۆ گشت کۆتاییەکانی
دەریا کردووە."
دەیویست زیاتر
بەردەوام بێت، بەڵام دەریاوانێکی ئینگلیزی کە هی کەشتییەکەی ئێمە بوو قسەکەی پێ
بڕی و ووتی:
"هیچ وڵاتێك نییە
هێندەی ئینگلترا خەڵکەکەی لەبارەی جووڵەی خۆرەوە بزانێت. وەکو ئەوەی هەموو کەسێك
لە ئینگلترا دەیزانێت، خۆر لە هیچجێیەکدا هەڵنایەت و لە هیچجێیەکیشدا ئاوا نابێت.
هەمیشە بە دەوری زەویدا دەسووڕێتەوە. دەتوانین لەمە زۆر دڵنیا بین، چونکە ئێمە
خۆمان سەرانسەری زەویمان کردووە و لە هێچکوێدا سەرمان بە خۆردا نەتەقیوە. بۆ هەر
جێیەك چووبێتین، خۆر خۆی لە بەیانیاندا نیشان داوە و لە شەوانیشدا خۆی
شاردووەتەوە، هەر وەکو ئەوەی لێرەدا روودەدات."
ئینجا پیاوە
ئینگلیزەکە چووکڵێکی گرت بە دەستییەوە و هەندێ بازنەی لەسەر لمەکە کێشا، هەوڵی دا
ئەوە روون بکاتەوە کە خۆر چۆن لە ئاسماندا دەجووڵێتەوە و لە گەردووندا
دەسووڕێتەوە. بەڵام ناکام بوو لەوەی بە جوانی روونی بکاتەوە و، ئاماژەی کرد بۆ
کەشتیوانەکە و ووتی:
"ئەم پیاوە زیاتر
لە من لەم بارەوە دەزانێت. ئەو دەتوانێت بە دروستی روونی بکاتەوە."
کەشتیوانەکە کە
پیاوێکی تێگەیشتوو بوو بە بێدەنگی گوێی بۆ گفتوگۆکە شل کردبوو تا ئەو کاتەی داوای
لێکرا قسە بکات. لەم کاتەدا، هەموو روویان کرد بە لای ئەو و ئەویش ووتی:
"ئێوە هەمووتان
یەکتری بە هەڵەدا دەبەن و خۆشتان بە هەڵەدا چوون. خۆر بە دەوری زەویدا
ناسووڕێتەوە، بەڵکو ئەوە زەوییە کە بە دەوری خۆردا دەسووڕێتەوە و بە دەوری خۆیدا
دەخولێتەوە و هەموو بیست و چوار کاتژمێرێك جارێك بە دەوری خۆردا هەڵدەگەڕێتەوە،
نەك تەنها لە یابان و فلیپین و سوماترا کە ئێستا ئێمەی لێین، بەڵکو لە ئافریقا و
ئەوروپا و ئەمریکا و هەموو جێیەکی دیکەش. خۆر بۆ تەنها چیایەك و تەنها دوورگەیەك و
تەنها دەریایەك و تەنانەت بۆ تەنها زەوییەکیش نادرەوشێتەوە، بەڵکو بۆ چەند هەسارەی
دیکەش بە هەمان شێوەی ئەم زەوییەی خۆمان دەدرەوشێتەوە. ئەگەر لە بری ئەوەی تەماشای
زەویی ژێر پێتان بکەن، تەنها سەر هەڵبڕن و لە ئاسمان بڕوانن، ئەوا هەمووتان لێی
تێدەگەن و چیدیکە پێتانوانابێت کە خۆر تەنها بۆ ئێوە یان تەنها بۆ وڵاتەکەی ئێوە
بدرەوشێتەوە.
کەشتیوانی ژیر کە
گەشتی زۆری بە دەوری زەویدا ئەنجام داوە و زۆریشی لە ئاسمانی سەرەوەی خۆیی
روانیوە، بەم جۆرە قسەی کرد.
"ئەوەندەشی
پەیوەندی بە باوەڕەوە هەبێت،" پیاوە چینییەکەی قوتابیی کۆنفۆشیۆس درێژەی بە
قسەکانی دا، "هەمووی لووتبەرزییە کە دەبێتە هۆی رودانی هەڵە و ناکۆکی لە
نێوان پیاوەکاندا. ئەوەی لەبارەی خۆرەوەیە، بە هەمان شێوەیە لەبارەی خوداوە. گشت
کەسێك دەیەوێت خودای تایبەت بە خۆیی هەبێت، یان هیچ نەبێت خودایەکی بۆ گەلەکەی بۆ
خۆی هەبێت. هەموو گەلێکیش پێیخۆشە لەناو پەرستگاکانیدا ئەو خودایە گەمارۆ بدات کە
هەموو جیهان ناتوانێت جێی بکاتەوە.
"ئایا دەکرێت هیچ
پەرستگایەك لەگەڵ ئەوەدا بەراورد بکرێت کە خودا خۆی دروستی کردووە بۆ یەکخستنی
هەموو خەڵك کە لەسەر یەك باوەڕ و یەك ئایین؟
گشت پەرستگا مرۆییەکان
بە جۆری ئەم پەرستگایە دروست کراون کە بریتییە لە خودی ئەو جیهانەی خودا. گشت
پەرستگایەکیش نمای خۆی هەیە و گومەزیی خۆی و چراخانی خۆی و وینە یان هەڵکەندراوی و
دەق و نوسراوی خۆی و هەندێ کتێبی خۆیی تایبەت بە رێساکان و نمایشگا و حەرەمی خۆی و
ئۆڵداری خۆیی هەیە. بەڵام لە چ پەرستگایەکدا سەرچاوەیەکی وەکو زەریا هەیە، چ
گومەزییەکی وەکو ئاسمانەکان هەیە، چ چراخانێکی وەکو خۆر و مانگ و ئەستێرەکان هەیە؛
یان چ حەقیقەتێك بەراورد دەکرێت لەگەڵ کەسانێکی چوست و خۆشڕوو و یارمەتیدەری
یەکتری؟ ئایا هیچ تۆمارێك لەبارەی چاکییەکانی خودا هەیە تێگەیشتن لێی هێندەی ئەو
نیعمەتانە ئاسان بێت کە خودا رژاندویەتی بەسەر خۆشبەختیی مرۆڤ؟ ئایا هیچ کتێبێکی
رێساکان هەیە هێندەی ئەوەی لە ناو دڵی مرۆڤەکاندا نوسراونەتەوە روون بێت؟ چ
قوربانییەك یەکسانی خۆپارێزییەکانی ژن و پیاوی عاشق دەبێت کە بۆ یەکتری دەینوێنن؟
چ میحرابێکیش دەکرێت لەگەڵ دڵی پیاوچاکێك بەراورد بکرێت، کە بە هۆیەوە خودا خۆیشی
قوربانی قەبوڵ دەکات؟
"هەر چەندە
بۆچوونی کەسێك لەبارەی خوداوە بەرز بێت، ئەوا باشتر دەیناسێت. هەر چەندیش باشتر
خودا بناسێت، زیاتر لێی نزیك دەبێتەوە و لاسایی چاکەکارییەکانی و رەحمەت و
خۆشەویستیی بۆ مرۆڤ دەکاتەوە.
"بۆیە، ئەو
کەسانەی رووناکیی خۆر دەبینن جیهان پڕ دەکاتەوە، با بوەستن لە لۆمەکردن و
سەرزەنشتکردنی ئەو کەسە گوماندارانەی کە لە پەرستراوی خۆیدا تیشکێکی هاوشێوەی ئەو
رووناکییە دەبینێت. تەنانەت با دەست لە سەرزەنشتکردنی ئەو بێباوەڕەیش هەڵبگرێت کە
کوێرە و هیچ ناتوانێت رووناکیی خۆر ببینێت."
ئەو پیاوە چینییەی
قوتابیی کۆنفۆشیۆس بەم شێوەیە قسەی کرد و؛ هەموو ئەوانەی لە قاوەخانەکەدا بوون
بێدەنگ بوون و، چیدیکە مشتومڕیان نەکرد لەسەر ئەوەی کە باوەڕی کامیان باشترینە.

No comments:
Post a Comment