خه‌ڵکی
تاوانباری لێ نییه
خه‌ڵکی
تاوانباری لێ نییه
لیۆ
تۆڵستۆی
لە
ئینگلیزییەوە بۆ کوردی: ئاکۆ محەمەد
یه‌که‌م
ئه‌م جێگایه‌ی
من زۆر نامۆ و سه‌رنجڕاکێشه! وا رێککه‌وتووه که یه‌ك تاقه سواڵکه‌ری که‌ساسیش
به‌ده‌ست که‌یفوسه‌فا و جه‌ور و سته‌می ئه‌و ده‌وڵه‌مه‌نده‌وه ئازار نه‌چێژێ که په‌رۆشی
هه‌موو شتێکه، وه‌کو ئه‌وه‌ی من به پرۆشم هه‌م به‌رانبه‌ر به‌و نادادپه‌روه‌ری و
دڕنده‌یی و تۆقاندنه‌ی به هۆی سته‌میان له هه‌ژاران و سوکایه‌تی پێکردنیانه‌وه
په‌یدا ده‌بن و؛ هه‌م به‌رانبه‌ر به‌و شه‌رمه‌زاری و داماوییه داڕزێنه‌ره‌ی
دووچاری به‌شی هه‌ره زۆری کرێکاران ده‌بێت؛ ئه‌و کرێکارانه‌ی به‌رهه‌مهێنه‌ری
راسته‌قینه‌ی هه‌موو ئه‌و شتانه‌ن به‌هۆیانه‌وه ژیانی پێ هه‌ڵده‌سووڕێت. زۆر له
مێژه هه‌ستم به‌مه کردووه و، که ساڵانیش هه‌ر وا تێده‌په‌ڕێن هه‌سته‌که زیاتر
و زیاتر په‌ره ده‌سێنێت، تا ئه‌وه‌ی که ئێستا ئه‌و هه‌سته‌م گه‌یشتووه‌ته چڵه‌په‌پۆ.
ئه‌گه‌رچی زۆر به روونی هه‌ست به‌مه ده‌که‌م، به‌ڵام هێشتا له چه‌قی گه‌نده‌ڵکاری
و تاوانکاریی کۆمه‌ڵگای ده‌وڵه‌مه‌ندان ژیان ده‌به‌مه سه‌ر؛ ناشتوانم لێی ده‌رباز
ببم، چونکه نه زانست و نه توانستی ئه‌م کاره‌م نییه. ناتوانم. نازانم چۆن
ژیانی خۆم به‌و جۆره بگۆڕم که پێداویستی جه‌سته‌ییمی له خواردن، خه‌وتن، پۆشین
و هاتوچۆ پێ قایل بکه‌م، به‌بێ هه‌ستکردن به شه‌رمه‌زاری و خراپه‌کاری بێته سه‌ر
ئه‌و پێگه‌یه‌ی من پڕی ده‌که‌مه‌وه.
جارێکیان
هه‌وڵم دا پێگه‌که‌ی خۆم که له‌گه‌ڵ ویژدانمدا هاوتا نه‌بوو، بگۆڕم؛ به‌ڵام ئه‌و
بارودۆخانه‌ی رابردوو دروستی کردبوون له‌لایه‌ن خێزانه‌که‌م و بانگه‌شه‌کانیان له‌باره‌ی
منه‌وه هێنده ئاڵۆز بوون لێنه‌ده‌گه‌ڕان له چنگیان ده‌رچم، بگره پتریش له‌وه‌دا
بوو که نه‌مده‌زانی چۆنچۆنی خۆم ئازاد بکه‌م. هێز و توانای ئه‌وه‌م نه‌بوو. ئێستاش
که له سه‌روو هه‌شتام بێ‌توانا و لاواز بووم، ئیدی ده‌ستم له ته‌قالاکردنی خۆ
ئازادکردنم هه‌ڵگرتووه؛ هه‌روه‌ها، ئه‌گه‌رچی سه‌یریشه وا بڵێم، هه‌رچه‌ند که
لاوازییه‌که‌م پتر ده‌بێت، زیاتر و زیاتر له هه‌ڵه‌بوونی پێگه‌که‌م حاڵی ده‌بم و،
ئه‌مه‌ش زیاتر و زیاتر له‌گه‌ڵمدا ناپه‌روا ده‌بووه‌وه.
وام به‌سه‌ردا
هات که له‌وه بگه‌م من ئه‌م پێگه‌یه‌م له خۆڕا پڕ نه‌کردووه‌ته‌وه. ئه‌م
رێککارییه وای خواست که راستی له هه‌سته‌کانم راماڵێنم، به‌ڵکو بتوانم پاکانه‌ی
ئه‌و هه‌مووه بکه‌م که بوونه‌ته هۆی ئازار چه‌شتنم و، له‌وانه‌یه بتوانم چاوی
ئه‌و که‌سانه یان به‌لای که‌مه‌وه چاوی هه‌ندێ له‌و که‌سانه که هێشتا کوێرن ده‌رهه‌ق
به‌و شتانه‌ی من به روونی دیانبینم، بکه‌مه‌وه؛ هه‌روه‌ها به‌م جۆره‌ش ره‌نگه
بتوانم باری ئه‌و زۆرینه گه‌وره‌یه سووک بکه‌مه‌وه که له بارودۆخی ئێستادا
تووشی ئازارچه‌شتنی جه‌سته‌یی و رۆحی بوون به‌ده‌ست ئه‌وانه‌ی که هه‌م ئه‌وان و
هه‌م خۆیانیش هه‌ڵده‌خه‌ڵه‌تێنن. له راستیدا، ره‌نگه هی ئه‌و پێگه‌یه‌ی منی
تێدام بێت که ئاسانکاریی تایبه‌تی وای پێ به‌خشیوم به هۆیه‌وه بتوانم ئه‌و په‌یوه‌ندییه
ساخته و تاوانبارییانه‌ی نێوان پیاوه‌کان ئاشکرا بکه‌م، تاوه‌کو ته‌واوی ئه‌و راستییانه‌ی
په‌یوه‌ستن به‌و پێگه‌یه رابگه‌یه‌نم به بێ ئه‌وه‌ی له هه‌وڵدا بم بۆ پاکانه‌کردنی
خۆم و ئه‌سڵی بابه‌ته‌که‌م لێ تێکبچێت و، به بێ ئه‌وه‌ی ئێره‌ییم به ده‌وڵه‌مه‌ندان
بێت و هه‌سته‌کانم به‌رانبه‌ر به جه‌ور و سته‌می ناو دڵی هه‌ژاران و چه‌وساوه‌کاندا
ببزوێن. وای له‌سه‌ر جێگیر بووم نه‌ك هه‌ر ته‌نها هیچ ئاره‌زوویه‌کم بۆ
پاساوهێنانه‌وه بۆ خۆم نییه؛ به‌ڵکو به پێچه‌وانه‌شه‌وه، به پێویستی ده‌زانم
هه‌وڵێك بده‌م نه‌بادا زیاده‌ڕه‌ویم کردبێت له چه‌په‌ڵیی زۆرینه‌ی ئه‌وانه‌ی
منیان له‌ناودا ده‌ژیم، له‌و کۆمه‌ڵگایه‌یان که پێی شه‌رمه‌زارم، له‌و ره‌فتارانه‌یان
له‌گه‌ڵ هاوڕێ پیاوه‌کانیان که به هه‌موو گیانم رقم لێیانه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا
به مه‌حاڵی ده‌بینم جێگاکه‌م له‌وه‌ی ئه‌وان جیا بکه‌مه‌وه. به‌ڵام هه‌روه‌ها
پێویستیشه له داکۆکیکردن له چه‌وساوه‌کان و ژێرده‌سته‌کاندا خۆم له هه‌ڵه‌ی ئه‌و
دیموکراتانه و ئه‌و که‌سانه به‌دوور بگرم که شکست و هه‌ڵه‌کانی خۆیان نابینن و،
هه‌روه‌ها له‌و که‌سانه‌شی که به‌خشینی داراییی پێویست دابین ناکه‌ن بۆ ئه‌و
گرفتانه‌ی دروست ده‌کرێن و بۆ ئه‌و هه‌ڵانه‌ی له رابردووه‌وه به میرات بۆمان ده‌مێننه‌وه،
که تا راده‌یه‌ك به‌رپرسیارێتیی چین باڵاکان که‌م ده‌کاته‌وه.
پاك له
ئاره‌زووی پاکانه بۆ خۆ کردن، پاك له ترسان له خه‌ڵکانی به‌ره‌ڵا، پاك له‌و
ئێره‌یی و رقه‌ی که چه‌وساوه‌یه‌ك به‌رانبه‌ر به چه‌وسێنه‌ره‌که‌ی هه‌یه‌تی، له
باشترین جێگه و پێگه‌دام بۆ بینینی راستی و باسکردنی. ره‌نگه هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ش
بووبێت قه‌ده‌ر منی له وه‌ها جێگایه‌ك دانابێت. ته‌واوی هه‌وڵی خۆم ده‌ده‌م که‌ڵکێکی
لێ وه‌ربگرم.
دووه‌م
ئالێکسانده‌ر
ئیڤانۆڤیچ ڤۆلگن، سه‌ڵتێکی فه‌رمانبه‌ر بوو له بانکێکی مۆسکۆ و به مووچه‌ی
ساڵانه‌ی هه‌شت هه‌زار روبڵ، له نێو ده‌سته و تاخمی خۆیدا پیاوێکی رێزلێگیراوه،
له ماڵه گه‌وره‌یه‌کی لادێیی ده‌مایه‌وه. خاوه‌ن ماڵه‌که ئاغایه‌کی ده‌وڵه‌مه‌ندی
خاوه‌ن زه‌وییه‌کی چوار هه‌زار دۆنمی بوو و ژنه‌که‌یشی ئامۆزای میوانه‌که‌ی بوو.
پاش ماندووێتی ئه‌و شه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌ندامانی خێزانه‌که‌دا له‌سه‌ر گره‌وی بچوك
بچوك به گه‌مه‌ی وه‌ره‌قیان به‌سه‌ر بردبوو، ڤۆلگن چووه ژووره‌که‌ی و کاتژمێره‌که‌ی
و قه‌باغه جگه‌ره زیوه‌که‌ی و کتێبه گیرفانییه‌که‌ی و جزدانه چه‌رمییه گه‌وره‌که‌ی
و شانه و فڵچه گیرفانییه‌کانی له‌سه‌ر مێزێکی بچوکی به قوماشێکی سپی رووپۆشکراو
دانان. ئینجا، یه‌که یه‌که چاکه‌ته‌که‌ی و ئێله‌که‌که‌ی و کراسه‌که‌ی و پانتۆڵه‌که‌ی
و جله‌کانی ژێره‌وه‌ی و گۆره‌وه‌ییه ئاورێشمییه‌کانی و پۆتینه ئینگلیزییه‌کانی
داکه‌ندن و جلی خه‌و و رۆبه‌که‌یی له‌به‌ر کرد. کاتژمێره‌که‌ی ئاماژه‌ی به نیوه‌شه‌و
ده‌دا. ڤۆلگن جگه‌ره‌یه‌کی کێشا، سه‌ری بۆ پێنج خوله‌ك نایه‌وه و رووداوه‌کانی
رۆژی به بیری خۆیدا هێنایه‌وه و، ئه‌وجا فوویه‌کی له مۆمه‌که کرد، خۆیی به له‌که‌ی
دیکه‌دا خست و سه‌ره‌ڕای ئه‌و دڵه‌ڕاوکێ زۆره‌ی، نزیك کاتژمێر یه‌ك خه‌و بردییه‌وه.
بۆ سبه‌ی له کاتژمێر هه‌شت به خه‌به‌ر هات و نه‌عله‌کانی له‌پێ کرد و رۆبه‌که‌ی کرده
به‌ری و، جه‌ره‌سی لێدا.
سه‌رپه‌ره‌شتیاری
پیر، ستێفانی باوکی خێزانێك و باپیری شه‌ش نه‌وه که له‌و ماڵه‌دا بۆ سی ساڵ ده‌بوو
خزمه‌تی ده‌کرد به په‌له‌په‌ل و به لاقه چه‌وته‌کانییه‌وه هاته ژووره،
پۆتینه تازه بۆیه‌کراوه‌کانی به ده‌سته‌وه بوون که شه‌وی رابردوو ڤۆلگن دایکه‌ندبوون،
هه‌روه‌ها قاته جوان فڵچه‌دراو و کراسێکی پاکیشی به‌ده‌سته‌وه بوون. میوانه‌که
سوپاسیی کرد و، ئینجا لێی پرسی که‌شوهه‌وا چۆنه (په‌رده‌کان دادرابوونه‌وه تاوه‌کو
هه‌تاو که‌س وه‌ڕه‌س نه‌کات ئه‌گه‌ر بییه‌وێت تا کاتژمێر یازده بخه‌وێت) و، داخۆ ئه‌ندامانی
ماڵباته‌که شه‌و باش نووستن. سه‌یرێکی کاتژمێره‌که‌ی کرد، هێشتا زوو بوو و، ئینجا
خۆی ششت و جلوبه‌رگه‌کانی له‌به‌ر کرد. ئاوه‌که‌ی ئاماده بوو و، هه‌موو شتێكیش له‌سه‌ر
سه‌کۆی خۆشۆرین و له‌سه‌ر مێزی جلگۆڕینه‌که بۆ به‌کارهێنان ئاماده کرابوون و به
رێکی دانرابوون: سابونه‌که‌ی، فڵچه‌ی ددان و فڵچه‌ی پرچ، نینۆكبڕ و مه‌وره‌که‌ی. له‌سه‌ره‌خۆ
ده‌ست و ده‌موچاوی شۆرد، نینۆکه‌کانی پاك و جوان کرده‌وه، به خاولییه‌ك پێستی
نینۆکی بۆ دواوه کشانده‌وه و، ئیسفه‌نجی به سه‌رتاپای له‌شه سپییه که‌ڵه‌گه‌ته‌که‌ی
هێنا. ئه‌وجا ده‌ستی کرده فڵچه‌دانی قژی. له به‌رانبه‌ر ئاوێنه‌که وه‌ستابوو،
سه‌ره‌تا ئه‌و ریشه لووله‌ی که وا خه‌ریکه ماشوبرنج ده‌بوو به دوو فڵچه‌ی
ئینگلیزی و به که‌رتکردنی له ناوه‌ڕاسته‌وه فڵچه دا. ئینجا به شانه‌یه‌کی له
قه‌پێڵکی کیسه‌ڵ دروستکراو قژی که له مێژه نیشانه‌ی لاوازبوونی نیشان دابوو
شانه کرد. ژێرکراسه که‌تانه‌که‌ی له‌به‌ر کرد، گۆره‌وی و پۆتینه‌کانی له پێ کرد،
ئینجا په‌نتۆڵه‌که‌ی که به جووته شه‌یاله‌یه‌کی شیك ده‌به‌سترا و دوای ئه‌وه‌یش
ئێله‌که‌که‌ی له‌به‌ر کرد، به بێ چاکه‌ت له‌سه‌ر کورسییه‌که‌ی راحه‌ت دانیشت به‌شکم
له‌پاش خۆ له‌به‌رکردنی پشوویه‌ك بدات، جگه‌ره‌یه‌کی داگیرساند و، ده‌ستی کرده
بیرکردنه‌وه داخۆ ئه‌م به‌یانییه بۆ پیاسه‌کردن بۆ کوێ بچێت؛ بۆ پارکه‌که یان
بۆ که‌نارۆکه (چ ناوێکی پێکه‌نیناوییه بۆ دارستانێك!). وای دانا بچێت بۆ که‌نارۆکه.
ئینجا له‌سه‌ری پێویست بوو وه‌ڵامی نامه‌که‌ی سیمۆن نیکۆلایڤیچ بداته‌وه؛ به‌س
کاتی پێویستیشی بۆ ئه‌وه هه‌بوو. به‌و هه‌وایه‌ی گه‌یشتبووه بڕیاری کۆتایی، هه‌ستایه
سه‌رپێ و کاتژمێره‌که‌ی ده‌رهێنا. پێنج خوله‌کی مابوو بۆ نۆ. کاتژمێره‌که‌ی کرده
به‌رکی ئێله‌که‌که‌یه‌وه و جزدانه‌که‌یشی، به هه‌رچییه‌کی له‌و سه‌د و هه‌شتا
روبڵه‌ی بۆ گه‌شته‌که‌ی و بۆ خه‌رجییه‌کانی ماوه‌ی دوو هه‌فته‌ی مانه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ
ئامۆزاکه‌یدا وه‌ریگرتبوون، خسته گیرفانی پانتۆڵه‌که‌ی و هه‌روه‌ها قه‌باغه جگه‌ره
و چه‌رخه کاره‌باییه‌که‌ی و دوو ده‌سته‌سڕی خاوێنیشی خسته گیرفانه‌کانی چاکه‌ته‌که‌ی؛
ئه‌وجا له ژووره‌که ده‌رچوو و له دوای خۆییه‌وه وه‌کو هه‌میشه ئه‌و هه‌موو
شپرزه‌ییه‌ی به‌جێ هێشتن بۆ ستێفن پاکیان بکاته‌وه، که پیره‌پیاوێکی سه‌روو په‌نجا
ساڵه‌یه. ستێفن بۆ خۆی وای دانابوو که ڤۆلگن "پاداشتی" بکات، وه‌کو ئه‌وه‌ی
خۆی ووتبووی، هێنده خووی به ئه‌نجامدانی کاره‌که‌یه‌وه گرتبوو که تۆزقاڵێکیش
هه‌ستی به بێزکردنه‌وه نه‌ده‌کرد له کاره‌که‌ی. به تاماشاکردنێکی ئاوێنه‌که و
وه‌کو ئه‌وه‌ی که‌یفی به رووخساری خۆی هاتبێته‌وه، ڤۆلگن چووه ژووری نانخواردنه‌که.
له‌وێ،
له سایه‌ی سه‌ری کابان و خزمه‌تکار و به سه‌رپه‌ره‌شتی سه‌رپه‌رشتیار، که له‌گه‌ڵ
تاریك و روونه‌وه هه‌ستابوو تاکو ماڵه‌که به‌ڕێوه‌به‌رێت و داسی کوڕه‌که‌ی تیژ
بکاته‌وه، قاوه‌ڵتی ئاماده کرابوو. له‌سه‌ر پارچه سپییه بێپه‌ڵه‌که، سه‌ماوه‌رێکی
زیوینی بریقه‌داری ده‌مکردوو دانرابوو له‌گه‌ڵ قۆرییه‌ك قاوه، شیری گه‌رم، کرێم، که‌رێ
و گشت جۆره نان و بسکیتێکی جوان و سپی. ته‌نها چه‌ند که‌سێك له‌سه‌ر مێزه‌که
بوون، کوڕی دووه‌می ماڵه‌که و، وانه‌بێژه‌که‌ی ( که خۆیشی خوێندکارێک بوو) و،
سکرتێره‌که بوون. خاوه‌ن ماڵ، که ئه‌ندامێکی کارای زیمتۆڤ[1]
و گه‌وره جووتیارێك بوو، پێشتر له ماڵ ده‌رچووبوو؛ له کاتژمێر هه‌شت چووبووه
سه‌ر کاره‌که‌ی. ڤۆلگن له‌گه‌ڵ قاوه خواردنه‌وه‌که‌ی سه‌باره‌ت به که‌شوهه‌وا و یارییه‌که‌ی
دوێنێوه قسه‌ی له‌گه‌ڵ خوێندکاره‌که و سکرتێره‌که ده‌کرد، هه‌روه‌ها باسی ئه‌و
ره‌فتاره تایبه‌ته‌ی تیۆدۆریتی ده‌کرد که شه‌وی رابردوو نواندبووی، به‌انبه‌ر به
باوکی به‌بێ هیچ هۆیه‌ك زۆر بێشه‌رم و بێڕوو بوو. تیۆدۆریت کۆڕه گه‌وره به‌که‌ڵک
هیچ نه‌هاتووه‌که‌ی ماڵه‌که بوو. ناوی تیۆدۆر بوو، به‌ڵام جارێکیان که‌سێك به
تیۆدۆریت بانگی کردبوو، جا بۆ گاڵته‌پێکردن بووبێت یان بۆ قه‌ڵسکردنی؛ ئیتر، وه‌کو
ئه‌وه‌ی ناوێکی خۆش دیار بوو، پێیه‌وه‌ی نوسا و ئه‌گه‌رچی کرده‌وه‌کانیشی به هیچ
شێوه‌یه‌ك خۆش نه‌بوون. ئیتر ئاوه‌ها بوو. چووبووه زانکۆ به‌ڵام له ساڵی دووه‌میدا
وازی هێنابوو و په‌یوه‌ندیی به مه‌فره‌زه‌یه‌کی پاسه‌وانانی ئه‌سپسوار کردبوو؛
وازی له‌ویش هێنابوو و ئێستا له گوند ده‌ژیت، هیچ ناکات و بڕوبیانوو له هه‌موو شتێك
ده‌گرێت و به هیچ شتێك قایل نییه. تیۆدۆریت هێشتا له‌ناو جێگادا بوو. ئه‌دی ئه‌ندامانی
دیکه‌ی خێزانه‌که له کوێ بوون: ئانا میخایلۆڤنای خانمی گه‌وره‌ی ماڵ؛ خوشکه‌که‌ی
که بێوه‌ژنی جێنه‌ڕاڵێك بوو و؛ هه‌روه‌ها نیگارکێشه‌که که له‌گه‌ڵ خێزانه‌که ده‌ژیا.
ڤۆلگن
کڵاوشه‌بقه بیست روبڵ به‌هاکه‌ی و گۆچانه مشت عاجه‌که‌یی له‌سه‌ر مێزی هۆڵه‌که
هه‌ڵگرت و چووه ده‌ره‌وه. له داڵانکه که به گوڵ ته‌نرابوو تێپه‌ڕی و به‌ناو گوڵزاره‌که‌دا
رۆیشت، له ناوه‌ڕاستییه‌وه سه‌کۆیه‌کی گوڵدانی بازنه‌یی به ئه‌ڵقه ئه‌ڵقه‌ی
سوور و سپی و شینی به‌رز دروست کرابوو و سه‌ره‌پیته‌کانی ناوی خانمی ماڵباته‌که‌ی
له‌ناودا به گوڵ نه‌خشینرابوو. باخچه گوڵه‌که‌ی جێهێشت و چووه سه‌ر راڕه‌وی
نێوان ئه‌و دار نه‌مدارانه‌ی[2]
سه‌دان ساڵیان ته‌مه‌ن بوو و کچه جووتیاره‌کان به خاکه‌ناز و گسك رێکی ده‌کردنه‌وه
و ده‌یماڵین. باخه‌وانه‌که سه‌رقاڵی پێواندن بوو و کوڕێکیش شتێکی له عه‌ره‌بانه‌که‌وه
ده‌هێنا. که له‌مانه تێپه‌ری، ڤۆلگن چووه نێو پارکه‌که‌وه که به‌لای که‌مه‌وه
دوو سه‌د دۆنمێک ده‌بوو، گشتی داری جوان جوان بوون و به تۆڕێکی پیاده‌ڕۆی رێکوپێك
ناوبڕ کرابوون. به ده‌م جگه‌ره‌کێشانه‌وه، ڤۆلگن ئه‌و تووله‌ڕێیه‌ی زۆری حه‌ز
لێ‌بوو گرته‌به‌ر به‌لای که‌پره ماڵه‌که‌وه بۆ کێڵگه‌کانی پشته‌وه چوو. ناو
پارکه‌که خۆش بوو، به‌ڵام کێڵگه‌کان خۆشتر و جوانتر بوون. له‌لای راسته‌وه هه‌ندێ
که‌س په‌تاته‌یان ده‌رده‌هێنا تێکه‌ڵه‌یه‌کی دره‌وشاوه‌ی سوور و سپییان نه‌خشاندبوو؛
لای چه‌پیش ده‌غڵی گه‌نم، له‌وه‌ڕگا و وڵاخ له‌وه‌ڕاندن بوون. له به‌رانبه‌ریشه‌وه،
که‌مێك به‌لای راستدا دار به‌ڕووه تاریك و تاریکه‌کانی که‌نارۆکه بوون. ڤۆلگن هه‌ناسه‌یه‌کی
قووڵی هه‌ڵکێشا و هه‌ستی به شادمانی ده‌کرد که زیندووه و، به تایبه‌تی لێره
له ماڵی ئامۆزاکه‌ی و جگه له کاره‌که‌ی له بانک کاتێکی ته‌واو خۆش به‌سه‌ر ده‌بات.
"ئه‌و
خه‌ڵکه به به‌ختن که له لادێ ده‌ژین،" بۆ خۆی بیری ده‌کرده‌وه.
"راسته، به سه‌رقاڵیی به کشتوکاڵییه‌که‌ی و کاری زیمتۆڤه‌وه، خاوه‌ن ماڵه‌که
ته‌نانه‌ت له لادێشدا ئاسوده‌ییه‌کی که‌می هه‌بوو، به‌ڵام خۆ ئه‌وه‌ش کرده‌ی خۆیه‌تی."
ڤۆلگن سه‌ری راوه‌شاند و جگه‌ره‌یه‌کی دیکه‌ی داگیرساند و به توندی و به‌و پێیه
به‌هێزانه‌یی ناو پۆتینه ئینگلیزییه‌کان شه‌قاوی ده‌هاوێشت و، ده‌ستی کرده
بیرکردنه‌وه له‌و کاره قورسه‌ی زستان که له بانکدا ده‌یهاته پێش. "هه‌موو
رۆژێك له کاتژمێر ده‌وه بۆ دوو له‌وێ ده‌بم و هه‌ندێ کاتیش ته‌نانه‌ت تا پێنج.
ئه‌وجا کۆبوونه‌وه‌کانی ده‌سته... دیداره تایبه‌ته‌کان له‌گه‌ڵ کڕیاراندا...
ئینجا ئه‌نجومه‌نی دوما. له کاتێکدا لێره... خۆش ده‌گوزه‌رێت. ره‌نگه تۆزێك
بێرارکه‌ر بێت، به‌ڵام هه‌تا هه‌تایه وا نییه." زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌كی بۆ کرد.
پاش پیاسه‌یه‌ك به‌ناو که‌نارۆکدا، گه‌ڕایه‌وه، ئه‌ویش به‌ناو کێڵگه‌یه‌کی نه‌کێڵراو
و به‌یاردا که تازه ده‌کێڵدرا. ران و گاگه‌لێك له مانگا و گوێره‌که و مه‌ڕ و
به‌راز که هی خه‌ڵکی گونده‌که بوون له‌وێدا ده‌له‌وه‌ڕان. قه‌دبڕترین رێگا ئه‌وه
بوو به‌ناو په‌زه‌کاندا تێپه‌ڕێت. مه‌ڕه‌کانی ترساند و یه‌ك له دووی یه‌ك رایان
ده‌کرد و ئه‌وجا به‌رازه‌کانیش به دوایاندا، دوو دانه‌ی بچکۆلانه‌یان به سامه‌وه
ته‌ماشایان ده‌کرد. کوڕه شوانکاره‌که‌ش له مه‌ڕه‌کانی خوڕی و قامچییه‌کی راوه‌شاند.
"ئێمه چه‌ند له پاشه‌وه‌ی ئه‌وروپاین،" ڤۆلگن بیری ده‌کرده‌وه و گه‌شته
فره‌کانی بۆ ده‌ره‌وه‌ی کردبوون به بیری خۆیدا ده‌هێنایه‌وه. "یه‌ك دانه
مانگاش چییه به‌و شێوه‌یه له هیچکوێی ئه‌وروپا نا‌بینیت." ئینجا بۆ پرسینی ئه‌وه‌ی
ئه‌و تووله‌ڕێیه‌ی له‌و رێگایه‌ی ئه‌می له‌سه‌ر بۆ کوێ ده‌چوو و ئه‌وه‌ی که خاوه‌نی
ران و گاگه‌له‌که کێیه، بانگی کوڕه‌که‌ی کرد.
"ئه‌م
په‌زانه هی کێن؟"
کوڕه‌که
زۆری پێ سه‌یر بوو، خه‌ریك بوو زه‌نده‌قی ده‌چوو، که ته‌ماشای کڵاوه‌که‌ی و ردێنه
جوان داهێنراوه‌که‌ی و چاویلکه لێوار ئاڵتونییه‌که‌یی کرد، هی ئه‌وه بوون ده‌ستبه‌جێ
وه‌ڵام نه‌داته‌وه. که ڤۆلگن پرسیاره‌که‌ی دووباره کرده‌وه، منداڵه‌که خۆی کرژ
کرده‌وه و ووتی، "هی خۆمانه." "به‌ڵام 'خۆمان' کێیه؟"
ڤۆلگن پێ ووته‌وه، سه‌ری بۆ له‌راند و زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌کی کرد. کوڕه‌که پێڵاوێکی
دروستکراو له ته‌خته‌ی سپیداری له پێدا بوو، کورته شه‌ڕواڵیکی که‌تانیی له‌پێ
کردبوو، کراسێکی چڵکنی نه‌شۆراوی له‌به‌ردا بوو که له‌سه‌ر شانه‌کانییه‌وه هه‌ڵکرژابوون
و، شه‌بقه‌یه‌کی کڵاوه دڕاوی له سه‌ر بوو.
"'خۆمان' کێیه؟"
"مێگه‌لی گوندی پیرۆگۆڤ."
"ته‌مه‌نت چه‌نده؟"
"نازانم."
"خوێنده‌واریت هه‌یه؟"
"نه‌خێر، ناتوانم بخوێنمه‌وه."
"نه‌چوویته‌ته قوتابخانه؟"
"به‌ڵێ، چووم."
"ئه‌ی له‌وێ نه‌توانی فێری خوێندنه‌وه
بیت؟
"نه‌خێر."
"ئه‌و
رێگایه سه‌ر له کوێ ده‌رده‌کات؟"
کوڕه‌که
پێی ووت و، ڤۆلگنیش به‌ره‌و ماڵه‌که رۆیشت، بیری له‌وه ده‌کرده‌وه که له‌باره‌ی
ئه‌و دۆخه شڕه‌ی قوتابخانه‌کانی گونده‌که چۆن سه‌ر بکاته سه‌ر نیکۆلاس پێترۆڤیچ
و ئه‌و هه‌موو هه‌وڵانه‌ی له‌و پێناوه‌دا داونێتی سووك بکات.
که له
ماڵه‌که نزیك بووه‌وه، ڤۆلگن ته‌ماشایه‌کی کاتژمێره‌که‌ی کرد و بینی له یازده
لای داوه. بیری هاته‌وه که نیکۆلاس پیترۆڤیچ ده‌چووه نزیکترین شار لێیانه‌وه
و، ئه‌میش مه‌به‌ستی بوو نامه‌یه‌کی بداتێ که بۆ مۆسکۆی ده‌نارد؛ به‌ڵام نامه‌که
نه‌نوسرابوو. نامه‌که‌یشی نامه‌یه‌کی گرنگ بوو بۆ براده‌رێکی خۆیی ده‌نارد، تێیدا
داوای لێ بکات هه‌وڵی کڕینی وێنه‌یه‌کی مادۆنای بۆ بدات که له مه‌زاتێکدا ده‌خرایه
فرۆشتنه‌وه. که گه‌یشته ماڵه‌که، له‌به‌ر ده‌رگا چوار ئه‌سپی ره‌سه‌نی زلی
تێری جوان رازاوه‌ی بینی که به گالیسکه‌یه‌که‌وه ره‌شمه کرابوون؛ بۆیاخی ره‌شی
گالیسکه‌که له‌به‌ر هه‌تاو ده‌بریسکایه‌وه. گالیسکه‌چییه‌که که‌وایه‌کی له‌به‌ردا
بوو و قایشێکی زیوینی به‌ستبوو و له‌سه‌ر سندوقه‌که‌ی دانیشتبوو و، ئه‌سپه‌کانیش
ناو به ناو زه‌نگۆڵه زیوییه‌کانیان ده‌زرینگانده‌وه.
جوتیارێکی
سه‌ر و پێ په‌تیی به که‌وا لۆچ لۆچه‌که‌ی به‌رییه‌وه له‌به‌ر ده‌رگاکه راوه‌ستابوو.
خۆی نووشتانده‌وه. ڤۆلگن لێی پرسی چیی ده‌وێت.
"هاتووم
نیکۆلاس پیترۆڤیچ ببینم."
"بۆ
چی؟"
"چوونکه
قوڕم به سه‌ر بووه؛ ئه‌سپه‌که‌م مردار بووه‌ته‌وه."
ڤۆلگن
هه‌ندێ پرسیاری ئاراسته کرد. جوتیاره‌که بۆی باس کرد که‌وتووه‌ته چ دۆخێکه‌وه.
پێنج منداڵی هه‌بوون و، ئه‌مه‌ش ته‌نها ئه‌سپ بوو هه‌یبوو. ئێستاش وا نه‌ما. فرمێسکی
به چاودا لێزمه‌ی کرد.
"ئێ
ده‌ته‌وێت چی بکه‌یت؟"
"سواڵ
ده‌که‌م." خۆی به چۆكدا دادا و سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ڤۆلگن هه‌رچه‌نده هه‌وڵی
ده‌دا لێنه‌گه‌ڕێت، ئه‌و به‌و شێوه‌یه و به‌سه‌ر چۆکدا مایه‌وه.
"ناوت
چییه؟"
"میتری
سوداریکۆڤ،" جوتیاره‌که وه‌ڵامی دایه‌وه و هه‌ر به‌سه‌ر چۆکدا که‌وتبوو.
ڤۆلگن
سێ روبڵی له گیرفانی ده‌رهێنا و دانی به جوتیاره‌که و سوپاسگوزاریی خۆی به ده‌ستدانی
له زه‌وی و ئه‌وجا به نێوچاوانییه نیشان دا و، بۆ ماڵه‌که چووه ژووره‌وه.
خاوه‌ن ماڵ له به‌رئه‌یوانه‌که راوه‌ستابوو.
"کوا
نامه‌که‌ت؟" پرسیاری کرد و له ڤۆلگن نزیك بووه‌وه؛ "من وا ده‌ڕۆم."
"زۆر
زۆر داوای لێبووردن ده‌که‌م، ئه‌گه‌ر رێم بده‌یت هه‌ر ئێستا ده‌ینوسم. هه‌ر هیچ له
بیرم نه‌مابوو. ئێره ئه‌وه‌نده خۆشه پیاو هه‌موو شتێك له بیر ده‌کات."
"ده
باشه، به‌ڵام خێرا بینوسه. ئه‌وه چاره‌که کاتژمێرێکه ئه‌سپه‌کان ته‌یار کراون
و ئه‌و مێشانه‌ش زۆر دڕندانه پێوه ده‌ده‌ن. ده‌توانی چاوه‌ڕێ بکه‌ی،
ئارسێنتی؟" له گالیسکه‌چییه‌که‌ی پرسی.
"بۆچی
نا؟" گالیسکه‌چییه‌که وه‌ڵامی دایه‌وه و له مێشکی خۆیدا ده‌یووت،
"بۆچی فه‌رمان ده‌که‌ن ئه‌سپه‌کان حازر بکرێت له کاتێکدا خۆیان ئاماده نین؟
ئه‌و هه‌ڵه‌وداوانه‌ی زاوایه‌ك من ده‌مکرد، هه‌ر بۆ ئه‌وه بوو لێره بچه‌قم و
ببمه خۆراکی مێشه‌کان."
"هه‌ر
ئێستا، راسته‌وخۆ،" ڤۆلگن به‌ره‌و ژووره‌که‌ی رۆیشت، به‌ڵام گه‌ڕایه‌وه تاوه‌کو
له‌باره‌ی جوتیاره هه‌ژاره‌که له نیکۆلاس پیترۆڤیچ بپرسێت.
"تۆش
بینیت؟ که‌سێکی مه‌ست و سه‌رخۆشه، به‌ڵام هێشتا له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا شایانی به‌زه‌ییه.
ده خێرا که!"
ڤۆلگن ئه‌و
کیفه‌یی ده‌رهێنا که گشت پێداویستییه‌کانی نوسینی تێدا بوو و، نامه‌که‌ی نووسی،
چه‌کێکی به به‌های سه‌د و هه‌شتا روبڵی نوسی و، زه‌رفه‌که‌ی مۆر کرد و بردی بۆ
نیکۆلاس پیترۆڤیچ.
"خوات
له‌گه‌ڵ."
ڤۆلگن
تا کاتی نانی نیوه‌ڕۆ رۆژنامه‌کانی خوێنده‌وه. ئه‌و ته‌نها رۆژنامه لیبراڵه‌کانی
ده‌خوێنده‌وه، وه‌کو: روسیا گازێتا، گووتار، هه‌ندێ جاریش جیهانی روسیا، به‌ڵام
هه‌رگیز ده‌ستی له نۆڤۆیه ڤرێمیا[3]
نه‌ده‌دا که خاوه‌ن ماڵه میوانداره‌که‌ی به هاوبه‌شی بۆی ده‌هات.
که له
سه‌ر خۆی چاوی به هه‌واڵه سیاسییه‌کان، کرده‌وه‌کانی سیزار، کاره‌کانی سه‌رۆك و
وه‌زیران و بڕیاره‌کانی دومادا ده‌خشاند و، خه‌ریك بوو ده‌گه‌یشته سه‌ر هه‌واڵه
گشتییه‌کان و هه‌واڵی شانۆ و زانست و تاوانی گوشتن و کۆلێرا، گوێبیستی زه‌نگی
ئاماده‌بوونی خوانی نیوه‌ڕۆ بوو.
له
سایه‌ی زیاتر له ده که‌س: ئافره‌ته جلشۆره‌کان، باخچه‌وانه‌کان، چێشتلێنه‌ره‌کان،
کابانانی ناندین، سه‌رپه‌رشتیار و خزمه‌تکار و نۆکه‌ران، مێزه پڕ و چه‌وره‌که بۆ
هه‌شت که‌س ئاماده کرابوو له: سوراحی و دۆڵکه‌ی زیو، بیره‌ی کڤاس، مه‌ی، ئاوی
کانزایی، شووشه‌واتی نه‌خشێنراو و، که‌تانی ناسکی سه‌ر مێز و له‌و کاته‌شدا دوو
خزمه‌تکاری پیاو خێرا و به به‌رده‌وامی ده‌هاتن و ده‌چوون شتیان ده‌هێنا و خزمه‌تیان
ده‌کرد و پێش خواردنه‌کان[4]
و ئه‌و هه‌موو بابه‌ته سارد و گه‌رمه‌یان لاده‌برد.
خانمی
خاوه‌ن ماڵ بێ پسانه‌وه و له‌باره‌ی هه‌موو شتێکی ئه‌نجامدابووبیت و بیری لێکردبووبێته‌وه
و ووتبووبێتی قسه‌ی ده‌کرد؛ وای لێ دیار بوو که هه‌ر شتێکی بیر لێکردبووبێته‌وه،
ووتبووبێتی یان ئه‌نجامی دابووبێت، ته‌واو و دروست بووه و، جێی خۆشحاڵیی هه‌موو
که‌سێك بووبوون جگه له بێعه‌قڵه‌کان. ڤۆڵگن هه‌ستی پێ کردبوو و ده‌یشیزانی هه‌ر
شتێکی ئه‌و خانمه ده‌یڵێت گه‌مژانه‌یه، به‌ڵام هه‌رگیز نه‌ده‌بوو لێگه‌ڕێت ئه‌و
هه‌سته‌ی ببینرێت و، هه‌ر وه‌ها درێژه‌ی به قسه‌وباسه‌که دا. تیۆدۆریت مۆن و
بێده‌نگ بوو؛ خوێندکاره‌که ناو به ناو هه‌ندێ قسه‌ی که‌میان له‌گه‌ڵ بێوه‌ژنه‌که
ده‌کرد. تاو نا تاویش بێده‌نگی ده‌که‌وته نێو قسه‌وباسه‌که و، ئه‌وجا تیۆدۆریت
خۆیی تێ هه‌ڵده‌قورتاند و هه‌موو که‌سیش پێی په‌ست و بێزار ده‌بوو. له‌م ساتانه‌شدا،
خانمی خاوه‌ن ماڵ داوای هه‌ندێ خواردنی کرد که هێشتا نه‌هێنرابوون و، پیاوه خزمه‌تکاره‌که‌ش
بله‌ز ده‌چووه ناندینه‌که یان بۆ لای کابانه‌که و به خێرایی ده‌گه‌ڕایه‌وه.
که‌س نه مه‌یلی خواردن و نه مه‌یلی قسه‌کردنی نه‌بوو. به‌ڵام هه‌موویان زۆریان
له خۆیان ده‌کرد شتێك بخۆن و قسه‌یه‌ك بکه‌ن و، خوانی نیوه‌ڕۆ وه‌ها به‌سه‌ر برا.
ئه‌و
جوتیاره‌ی به هۆی ئه‌وه‌ی ئه‌سپه‌که‌ی مردار ببووه ده‌روه‌زه‌ی ده‌کرد ناوی
میتری سوداریکۆڤ بوو. ته‌واوی رۆژه‌که‌ی به‌سه‌ر بردبوو تا ئه‌و کاته‌ی سه‌باره‌ت
به ئه‌سپه مرداربووه‌که‌ی چووه لای ئاغای گوند. یه‌که‌م جار چووبووه لای سانین
که له گوندێکی نزیك بوو و ئه‌سپی پیر و مرداربووی ده‌کڕی. له‌و کاته‌دا له ماڵ
نه‌بوو، ئه‌میش چاوه‌ڕێی کرد تا له نیوه‌ڕۆدا هاته‌وه و له‌سه‌ر نرخێك رێکه‌وتن
بۆ چه‌رمه‌که‌ی. ئه‌وجا ئه‌سپی دراوسێیه‌کی به ئه‌مانه‌ت وه‌رگرت تاوه‌کو که‌لاکی
ئه‌سپه‌که ببات و له کێڵگه‌که‌دا بیشارێته‌وه چونکه قه‌ده‌غه‌یه که‌لاکی ئاژه‌ڵی
مرداربوو له نزیك گونددا بنێژرێت. ئادریان ئه‌سپه‌که‌ی خۆیی نه‌ده‌دای چونکه بۆ
سه‌ر په‌تاته‌که‌ی ده‌چوو، به‌ڵام ستێفان به‌زیی به میتریدا هاته‌وه و کارێکی
کرد قایلی بکات. ته‌نانه‌ت یارمه‌تیشی دا ئه‌سپه مرداربووه‌که بخه‌نه ناو عه‌ره‌بانه‌که‌وه.
میتری سمی په‌له‌کانی پێشه‌وه‌ی لێکرده‌وه و دانی به ژنه‌که‌ی. دانه‌یه‌کیان
شکا، به‌ڵام ئه‌وی ده‌یکه‌یان به ساغی ده‌چوو. له کاته‌ی خه‌ریکی هه‌ڵکه‌ندنی
چاڵه‌که بوو به بێڵێك که زۆر کولیش بوو، که‌لاککڕه‌که ده‌رکه‌وت و چه‌رمه‌که‌ی
برد و ئینجا لاشه که‌وڵکه‌نراوه‌که‌ی خسته ناو چاڵه‌که و دایپۆشییه‌وه. میتری
ماندوو بووبوو و ئینجا چووه کۆلیته‌که‌ی ماترێنا و بۆ دڵنه‌واییکردنی خۆی له‌گه‌ڵ
سانین نیو بوتڵ ڤۆدکای لێ خوارده‌وه. دوای ئه‌وه، گه‌ڕایه‌وه ماڵه‌وه، له‌گه‌ڵ
ژنه‌که‌ی ده‌مه‌قاڵێیه‌کیان بوو و، له‌سه‌ر کایه‌که پاڵکه‌وت بخه‌وێت. خۆیی دانه‌که‌ندبوو،
چاکه‌ته شڕه‌که‌ی به خۆدا دا و چۆن پاڵ که‌وتبوو بوو هه‌روا خه‌و بردییه‌وه. ژنه‌که‌ی
له‌گه‌ڵ کچه‌کاندا له کۆلیته‌که‌دا بوون؛ چوار کچی هه‌بوون و هه‌ره بچوکیان ته‌نها
پێنج هه‌فته‌ی ته‌مه‌ن بوو. میتری وه‌کو هه‌میشه‌ی پێش کازیوه به خه‌به‌ر هات. به‌وه‌ی
که یاده‌وه‌رییه‌کانی رۆژی رابردووی به بیردا ده‌هاته‌وه، خه‌م دایگرت؛ چۆن ئه‌سپه‌که
به‌رگه‌ی گرت و خۆی راگرت تا دواجار که‌وت. ئێستاش هیچ ئه‌سپێکی نییه و، ته‌نها شتێکی
هه‌بێت پاره‌ی چه‌رمه‌که و چوار روبڵ و هه‌شتا کۆپێکی دیکه‌یه. که هه‌ستاوه،
شه‌ڕواڵه که‌تانییه‌که‌یی له پێ کرد و به ناو حه‌وشه‌که‌وه چووه کۆلیته‌که‌وه.
ژنه‌که‌ی به ده‌ستێکی پووشی ده‌کرده زۆپاکه‌وه و به ده‌سته‌که‌ی دیکه‌شی کچه
کۆرپه‌که‌ی به به‌ر مه‌مکییه‌وه گرتبوو که له ژێرکراسه چڵکنه‌که‌یه‌وه‌ی ده‌رهێنابوو.
میتری
سێ جاران خاجی نواند، رووی کرده ئه‌و گۆشه‌یه‌ی ئایکۆنه‌کانی[5]
لێ هه‌ڵواسرابوون و، هه‌ندێ وشه‌ی ته‌واو بێمانای دووباره کرده‌وه، که به لای
خۆییه‌وه نزا بوون و بۆ سیانه‌ی پیرۆز و حه‌زره‌تی پاکیزه، ئایینزا و باوکمانی
ده‌کردن.
"هیچ
ئاوی لێ نییه؟"
"کچه‌که
چووه بیهێنێت، هه‌ندێ چام ده‌ست که‌وت. ئه‌ی ده‌چیته لای ئاغا؟"
"به‌ڵێ،
باشتر وایه بچم." دوکه‌ڵی زۆپاکه به کۆکینی هێنا. رایه‌خێکی له‌سه‌ر سه‌کۆی
دانیشتنه‌که هه‌ڵگرت و چووه هه‌یوانه‌که. کچه‌که به ئاوه‌که‌ی ده‌ستییه‌وه
ده‌گه‌ڕایه‌وه. میتری له تاسه‌که ده‌می پڕ له ئاو کرد و هه‌ڵیپرژانده‌وه ناو
ده‌سته‌کانی، هه‌ندێ ئاوی دیکه‌ی کرده ده‌مییه‌وه تا ده‌موچاوی پێ بشوات، ده‌ست
و ده‌موچاوی به رایه‌خه‌که وشک کرده‌وه، ئینجا به په‌نجه‌کانی قژه لووله‌که‌ی
شه‌ق کرد و خاوی کرده‌وه و چووه ده‌ره‌وه. کیژۆڵه‌یه‌کی نزیك ده ساڵان که جگه
له کراسێکی چڵکن هیچی دیکه‌ی له‌به‌ردا نه‌بوو، به‌ره‌و رووی هات. "به‌یانی
باش، مامه میتری،" کچه‌که پێی ووت؛ "دێیت گێره و ته‌کاندنمان بۆ بکه‌یت."
میتریش وه‌ڵامی دایه‌وه، "زۆر باشه وا دێم." تێگه‌یشت که لێی چاوه‌ڕوان
ده‌کرێت ئه‌و چاکه و یارمه‌تییه‌ی کوموشکیر بداته‌وه که هه‌فته‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر
پێشکه‌شیی کردبوو؛ کوموشکیریش پیاوێك بوو هه‌ر وه‌ك خۆی هه‌ژار و له‌و کاته‌دا سه‌رقاڵی
ته‌کاندنی گه‌نمه‌شامییه‌که‌ی بوو به ئامێرێکی ته‌کاندنی به ئه‌سپه‌وه به‌ستراو.
"پێیان
بڵێ که دێم؛ له کاتی نانی نیوه‌ڕۆ دێم. ده‌بێت بچمه لای ئوگرومی." میتری
گه‌ڕایه‌وه بۆ کۆلیته‌که و پێڵاو دارینه‌که‌ی و شه‌ڕواڵه که‌تانه‌که‌یی گۆڕی و
لێی دا بۆ لای ئاغا رۆیشت. پاش ئه‌وه‌ی سێ روبڵی له ڤۆڵگن وه‌رگرت و هه‌مان بڕیشی
له نیکۆلاس پیترۆڤیچ وه‌رگرت، گه‌ڕایه‌وه ماڵه‌وه و پاره‌که‌ی دایه ده‌ست ژنه‌که‌ی
و، چوو بۆ یارمه‌تیدانی دراوسێکه‌ی. ئامێری گێره و ته‌کاندنه‌که زرمه‌ی ده‌هات و
لێخووڕه‌که‌یشی هاواری ده‌کرد. ئه‌سپه له‌ڕه‌کان به هێواشی به ده‌ورییه‌وه ده‌سووڕانه‌وه
و به‌سه‌ر شوێن پێیه‌کانی خۆیانه‌وه ده‌کۆشان و ده‌ڕۆیشتن. لێخووڕه‌که به یه‌ك
ده‌نگ هاواری به‌سه‌ردا ده‌کردن، "ده‌ی ئێستا، بۆ ئه‌وێ، ئازیزه‌کانم."
هه‌ندێ ئافره‌ت گورزه‌کانیان ده‌کرده‌وه، هه‌ندێکی دیکه به شه‌نه پووش و سه‌رکه
گه‌نمه‌شامییه تووڕدراوه‌کانیان کۆده‌کرده‌وه و، هه‌ندێکی دیکه‌یشیان باوه‌ش
باوه‌شی گه‌وره گه‌نمه‌شامییان کۆ ده‌کرده‌وه ده‌یاندایه ده‌ست پیاوه‌کان بیکه‌ن
به قووڕگی ئامێره‌که. کارێکی پڕ جووڵه بوو. له باخچه‌ی سه‌وزه‌واته‌که‌دا که
میتری ده‌بوو به ناویدا تێپه‌ڕێت، کچێك که ته‌نها کراسێکی شۆڕی له‌به‌ردا بوو و
خه‌ریکی هه‌ڵکه‌ندنی په‌تاته بوو و دیکردنه سه‌به‌ته‌یه‌که‌وه.
"باپیره‌ت
له کوێیه؟" میتری لێی پرسی. "ئه‌وه‌تا له‌ناو په‌رژینه‌که‌دایه."
میتریش چووه ئه‌وێ و ده‌ستبه‌جێ ده‌ستی به کارکردن کرد. پیره پیاوه هه‌شتا
ساڵییه‌که له‌باره‌ی کێشه‌که‌ی میتریی ده‌زانی. پاش سڵاوکردن، جێگاکه‌ی خۆیی بۆ
چۆڵ کرد تا گه‌نمه‌شامییه‌کان به قووڕگی ئامێره‌که‌دا بکات.
میتری
چاکه‌ته لۆچلۆچه‌که‌ی له‌به‌ر داکه‌ند و له نزیك په‌رژینه‌که دووری دانا و،
چالاکانه ده‌ستی به کار کرده‌وه، گه‌نمه‌شامییه‌کانی پێکه‌وه ده‌ته‌کاند و ده‌یکردنه
قووڕگی ئامێری هه‌باشه‌که‌وه. کاره‌که بێ پسانه‌وه تا کاتی نانی نیوه‌ڕۆ به‌رده‌وام
بوو. که‌ڵه‌شێره‌کان دوو سێ جاریان قوولاند به‌ڵام که‌س گوێی نه‌دانێ؛ نه‌ك له‌به‌ر
ئه‌وه‌ی که کارکه‌ره‌کان باوه‌ڕیان پێ نه‌بوون، به‌ڵکو له‌به‌ر گرموهووڕی کاره‌که
و قسه‌کردنیانه‌وه و به ئه‌سته‌م گوێیان لێ بوون. له دواجاردا ئامێری هه‌باشه
هه‌ڵمییه‌که‌ی ئاغا له دووری سێ میله‌وه فیکه‌ی لێدا و ئینجا پیره‌پیاوی خاوه‌ن
کار هاته ناو په‌رژینه‌که‌وه. پیاوێکی ته‌واو پیری هه‌شتا ساڵه بوو. "کاتی
ده‌ست هه‌ڵگرتنه،" پیره‌پیاوه‌که پێی ووتن؛ "کاتی نانی نیوه‌ڕۆیه."
ئه‌وانه‌ی له‌سه‌ر کاره‌که بوون وا دیار بوو که کۆششی خۆیانیان دووقات کردبێته‌وه.
له چرکه‌ساتێکدا گشت پووش و په‌ڵاشه‌کان لا دران؛ ئه‌و دانه‌وێڵانه‌ی ته‌کێنرابوون
له پووشه‌که جیا کرانه‌وه و هه‌ڵگیران و" ئه‌وجا کارکه‌ره‌کان چوونه ناو
کۆلیته‌که‌وه.
کۆلیته‌که
پڕ له دووکه‌ڵ بوو، به هۆی ئه‌وه‌ی زۆپا داره‌که دووکه‌ڵکێشی نه‌بوو، به‌ڵام ناوه‌وه‌ی
کۆلیته‌که جوان رێکخرابوو، کورسییه‌کان له ده‌وری مێزه‌که وا ریزکرابوون جێی هه‌موو
ئه‌و که‌سانه بکاته‌وه که کاریان کردبوو، که به بێ خاوه‌ن کاره‌که نۆ که‌س
بوون. نان و شۆربا و په‌تاته‌ی کوڵاو و کڤاس له‌سه‌ر مێزه‌که دانرابوون.
له
کاتی ژه‌مه‌که‌دا، پیاوێکی پیری یه‌ك قۆڵی ده‌روه‌زه‌که‌ر به خۆی و تووره‌که‌ی سه‌ر
شانی و به دارشه‌قه‌یه‌که‌وه خۆی کرد به ژووردا.
"سڵاو
له‌م ماڵه. نۆشی گیانتان بێت. بۆ خاتری مه‌سیح شتێکم پێ بده‌ن."
"خودا
بتداتێ،" خانمی ماڵه‌که که ئه‌ویش ئافره‌تێکی به ساڵداچوو و بووکی خاوه‌ن
ماڵه‌که بوو وای وه‌ڵام ده‌ایه. "لێمان په‌ست مه‌به."
پیاوێکی
پیر که هێشتا له نزیك ده‌رگاکه راوه‌ستا بوو، ووتی، "هه‌ندێ نانی بده‌رێ،
مارتا. چۆن ده‌توانی وا بیت؟"
"نازانم
داخۆ هێنده‌مان نان هه‌بێت."
"ئاه،
ئه‌وه کارێکی هه‌ڵه‌یه، مارتا. خودا پێمان ده‌فه‌رمووێت که یارمه‌تی هه‌ژاران
بده‌ین و پارووه نانیان له‌گه‌ڵدا که‌رت بکه‌ین."
مارتا
به گوێی کرد. ده‌روه‌زه‌که‌ره‌که لێیدا و رۆیشت. ئه‌و پیاوه‌ی به‌رپرسیاری
لێخوڕینی ئامێری کوتانه‌که بوو هه‌ستایه سه‌ر پێ و ستایشی کرد، و ده‌ستخۆشیی له
خاوه‌ن ماڵ کرد و، رۆیشت تا که‌مێك پشوو بدات.
میتری
پاڵی نه‌دایه‌وه، به‌ڵکو به‌په‌له چوو بۆ دوکانه‌که هه‌ندێ توتن بکڕێت. زۆری حه‌ز
به جگه‌ره‌یه‌ك بوو. له‌و ده‌مه‌ی جگه‌ره‌ی ده‌کێشا، ده‌مه‌ته‌قێی له‌گه‌ڵ
پیاوێکی خه‌ڵکی دێمینسك ده‌کرد؛ پرسیاری نرخی ئاژه‌ڵی لێی کرد، چونکه وای بۆ ده‌رکه‌وت
که توانای ئه‌وه‌ی نابێت به بێ فرۆشتنی مانگایه‌ك رێ ده‌ربکات. که گه‌ڕایه‌وه
لای ئه‌وانی دیکه، دووباره ده‌ستیان به کاره‌که‌یان کردبوو و، به‌م شێوه‌یه‌ش
تا ده‌مه‌و خۆرئاوا کاره‌یان به‌رده‌وام بوو.
له
نێو ئه‌و پیاوه چه‌وساوه و ساده و سته‌ملێکراوانه که خه‌ریك بوون به هۆی کاری
زۆره‌وه ووره‌یان له‌ده‌ست ده‌دا و، که‌م که‌م به هۆی به‌دخۆراکییه‌وه به پیری
مه‌رگه‌وه ده‌چوون، که‌سانێك هه‌ن که خۆیان به باوه‌ڕداری مه‌سیحی ده‌زانن. که‌سانێکیش
هێنده خۆیان به تێگه‌یشتوو ده‌زانن وا هه‌ست ده‌که‌ن که ئیدی پێویستییان به مه‌سیحییه‌ت
یان به هه‌ر ئایینێکی دیکه نه‌ماوه، له چاوی خۆیانه‌وه زۆر به‌رز و بڵندن. ئه‌وجا
ئه‌و ژیانه قێزه‌وون و ته‌مبه‌ڵه‌یان که له‌سه‌ر حیسابی به‌که‌مزانینی ئه‌و به‌ندانه
و کاره له‌ڕاده‌به‌ره‌که‌یانه‌وه وه‌سه‌ریه‌که‌وه‌نابوو؛ جا پێویست به باسکردنی
کاری ملیۆنان به‌نده‌ی دیکه‌وه ناکات که له کارگه‌کاندا ده‌کۆشن له‌پێناو به‌رهه‌مهێنانی
سه‌ماوه‌ر، که‌ره‌سته‌ی زیو، گالیسکه، ئامێره‌کان و، هه‌ر شتێکی دیکه ئه‌وان حه‌زیان
لێبێت به‌کاری بهێنن. ئه‌وان له‌ناو ئه‌و مه‌ترسییانه‌دا ده‌ژین، بیانبینن و نه‌یشیانبینن،
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا له دڵه‌وه میهره‌بانن، به پیره‌پیاو و پیره‌ژنه‌وه، به ژن
و پیاوی گه‌نجه‌وه، به دایکان و منداڵانه‌وه؛ ئه‌و منداڵه داماوانه‌ی بۆ کوێریی
ئاکار به‌دبه‌ختکراون و راهێنراون.
ئه‌مه‌تا
ئه‌م خاوه‌ن هه‌زاران دۆنم زه‌وییه که سه‌ڵتێکه و به ته‌مه‌ندا چووه؛ ژیانێکی
ته‌مبه‌ڵانه و چاوبرسییانه و پڕ سه‌رقاڵیی وا ژیاوه که رۆژنامه ده‌خوێنێته‌وه
و، سه‌ری سووڕ ده‌مێنێ له‌وه‌ی چۆن ده‌کرێت حکومه‌ت به‌و ئه‌ندازه‌یه نادانا بێت
رێگه به جووه‌کان بدات بچنه زانکۆوه. ئه‌وه‌تاش میوانه‌که‌ی، پارێزگارێکی
پێشووی هه‌رێمێك بووه و، ئێستاش ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی پیرانه به مووچه‌یه‌کی به‌رزه‌وه
و، کاتێك که له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی که ئه‌نجومه‌نی پارێزه‌ران بڕیارێکیان له به‌رژه‌وه‌ندی
حوکمی مه‌رگه‌وه ده‌رچوواندووه پێی قایل و خۆشحاڵ ده‌بێت. نه‌یاره سیاسییه‌که‌یان،
ن. پ.، رۆژنامه‌یه‌کی لیبراڵ ده‌خوێنێته‌وه و، ناتوانێت له‌و کوێرییه‌ی حکومه‌ت
تێبگات که به‌رانبه‌ر به رێگه‌دان به‌وه‌ی یه‌کگرتنی پیاوانی روسی بێته کایه‌وه
هه‌یه‌تی.
لێره‌شدا،
ئافره‌تێکی میهره‌بان و دڵنه‌رم که دایکی کیژۆڵه‌یه‌كه، له‌سه‌ر مام رێوی، له‌سه‌ر
سه‌گێك که ژماره‌یه‌ك که‌روێشکی ده‌سته‌پاچه کردووه چیرۆکێکی بۆ ده‌خوێنێته‌وه.
ئه‌مه‌تاش ئه‌م کیژه. له کاتی رۆیشتنیدا هه‌ندێ منداڵی دیکه ده‌بینێت، پێ په‌تین،
برسین، راوی ئه‌و سێوه سه‌وزانه ده‌که‌ن به داره‌کانه‌وه شۆڕ بوونه‌ته‌وه؛ ئه‌میش
ئه‌وه‌نده به‌م دیمه‌نه راهاتووه، ئه‌م منداڵانه له چاو خۆیه‌وه وا دیار نین
وه‌کو خۆی منداڵ بن، به‌ڵکو به‌شێك بن له‌و شته ئاساییانه‌ی ده‌وروبه‌ر، ئه‌و ده‌وروبه‌ره
ناسراوه.
بۆچی
ده‌بێت وا بێت؟
[1] زیمتۆڤ: ئه‌نجومه‌نێکی ده‌سه‌ڵاتی لۆکاڵیی
سه‌رده‌می پێش شۆڕشی ئۆکتۆبه‌ر بووه.
[2]
داری
نه‌مدار: داری زه‌یزه‌فۆن
[3] نۆڤۆیه ڤرێمیا: ده‌می نوێ یان نیو تایمز
[4] پێش
خواردن: موقه‌بیلات.
[5] ئایکۆن: په‌یکه‌ر یان وێنه‌ی که‌سه پیرۆزه‌کانی
ئایینی مه‌سیحی.

No comments:
Post a Comment