پیاو چه‌ند زه‌ویی پێویسته؟
لیۆ تۆڵستۆی
لە
ئینگلیزییەوە بۆ کوردی، ئاکۆ محەمەد
یه‌که‌م
خوشکه گه‌وره هاته لادێ بۆ سه‌ردانی خوشکی
بچوکتری. گه‌وره‌که‌یان مێردی به بازرگانێك کردبوو له شار، بچوکه‌که‌یشیان به
جوتیارێك له گوند. که خوشکه‌کان دانیشتن به ده‌م چا خواردنه‌وه‌وه ده‌مه‌ته‌قێیان
ده‌کرد، گه‌وره‌که‌یان ده‌ستی کرده پێداهه‌ڵدان به سووده‌کانی ژیانی شار. باسی
ئه‌وه‌ی ده‌کرد که چه‌ند ئاسووده له‌وێ ده‌ژین، چه‌ند جلی باش له‌به‌ر ده‌که‌ن،
منداڵه‌کانی چ جلێکی جوان له‌به‌ر ده‌که‌ن، چ شتی باش باش ده‌خۆن و ده‌خۆنه‌وه و،
چۆنیش چووه بۆ شانۆگه‌ری و سه‌یران و شوێنی خۆش خۆش.
خوشکی بچوك به‌وه قه‌ڵس بوو و ده‌ستی کرده
داشکاندنی شێوه ژیانی بازرگان و، داکۆکیی له ژیانی جوتیار کرد.
"من شێوه‌ی ژیانی خۆم بۆ ئه‌وه‌ی ئێوه
ناگۆڕم،" خوشکی بچوك پێی ووت. "ره‌نگه ئێمه به سه‌ختی بژێن، به‌ڵام
هیچ نه‌بێت دڵه‌ڕاوکێمان نییه. شێواز‌ی ژیانی ئێوه له هی ئێمه باشتره، به‌ڵام
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئێوه زۆرجار پتر له پێویستیی خۆتان به‌ده‌ست ده‌هێنن، که‌چی
ئه‌وه‌ی هه‌تانه و نیتانه له ده‌ستی ده‌ده‌ن. ئه‌و په‌نده ده‌زانیت که ده‌ڵێت:
'له‌ده‌ستدان و به‌ده‌ستهێان جمکه بران.' زۆرجار وا رووده‌دات ئه‌وانه‌ی که رۆژێك
ده‌وڵه‌مه‌ندن، رۆژی دواتر ده‌روه‌زه‌ی نان ده‌که‌ن. شێوازه‌که‌ی ئێمه سه‌لامه‌تتره.
ئه‌گه‌رچی ژیانی جوتیار چه‌ور نییه، به‌ڵام ژیانێکی درێژه. ئێمه هه‌رگیز ده‌وڵه‌مه‌ند
نابین، لێ هه‌میشه به‌شی ئه‌وه‌نده‌مان هه‌یه بیخۆین."
خوشکه گه‌وره به گاڵته‌پێکردنه‌وه ووتی:
"به‌شی ئه‌وه‌نده‌تان هه‌یه؟ به‌ڵێ، ئه‌گه‌ر
له‌گه‌ڵ به‌راز و گوێره‌که‌کاندا هاوبه‌شی بکه‌ن! تۆ چی له‌باره‌ی که‌شخه‌یی و ره‌فتاره‌کانه‌وه
ده‌زانیت! پیاوه باشه‌که‌ت هه‌رچه‌نده زۆریش تێبکۆشێت، هه‌ر ده‌بێت وا بمریی که
له‌سه‌ر ته‌پکه‌ی ته‌پاڵه ژیابیت، منداڵه‌کانیش هه‌ر وه‌ها."
"ئێ باشه، ئه‌وه چییه؟" خوشکی بچوك وه‌ڵامی
دایه‌وه. "راسته کاری ئێمه سه‌خت و زه‌حمه‌ته. به‌ڵام خۆ له لایه‌کی
تریشه‌وه، کارێکی مسۆگه‌ره. هیچیش سه‌ر بۆ که‌س دانانه‌وێنین. به‌ڵام ئێوه له
شاره‌کانتاندا، شتی هه‌ڵخه‌ڵه‌تێنه‌ر ده‌وره دراون. ئه‌مڕۆ له‌وانه‌یه هه‌موو
شتێك به باشی به‌ڕێوه بچێت، به‌ڵام سبه‌ی له‌وانه‌یه سه‌یتان مێرده‌که هه‌ڵخه‌ڵه‌تێنێت
به گه‌مه‌ی کارت، به مه‌ی، یان به ئافره‌ت و، ئه‌وجا هه‌موو شتێك به‌ره‌و
داڕمان ده‌بێته‌وه. ئه‌و جۆره شتانه زۆرجار هێنده رووناده‌ن؟"
پاخۆمی گه‌وره‌ی ماڵه‌که
له‌سه‌ر کووره‌ی ئاگردانه‌که پاڵی دابووه‌وه و گوێی بۆ ده‌مه‌ته‌قێی ژنه‌کان ده‌گرت.
"قسه‌یه‌کی زۆر راسته،"
بۆ خۆی بیری ده‌کرده‌وه. "هه‌ر له منداڵییه‌وه به هۆی سه‌رقاڵبوونمان به
کێڵانی دایکه خاك، هیچ ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌مان بۆ نامێنێته‌وه شتی پڕوپووچ له
مێشکماندا جێی ببێته‌وه. ته‌نها کێشه‌ی ئێمه هه‌ر ئه‌وه که به ئه‌ندازه‌ی
پێویسیت زه‌ویمان نییه. ئه‌گه‌ر زه‌وییه‌کی زۆر و زه‌به‌ندم ده‌بوو، له خودی شه‌یتانیش
ترسم نه‌ده‌بوو!"
ژنه‌کان چاکه‌یان ته‌واو کرد،
که‌مێك باسی جلوبه‌رگیان کرد و ئه‌وجا قۆری و پیاڵاکانیان کۆکرده‌وه و پاڵ که‌وتن
بخه‌ون.
به‌ڵام شه‌یتان له پشتی
کووره‌ی ئاگردانه‌که‌وه دانیشتبوو و هه‌رچی ووترا گوێبیستی بوو. خۆشحاڵ بوو به‌وه‌ی
که ژنی جوتیار مێرده‌که‌یی خسته که‌شوفشه‌وه و، هه‌روه‌ها به‌وه‌ی که ووتی ئه‌گه‌ر
زه‌وییه‌کی زۆری هه‌با له خودی شه‌یتانیش نه‌ده‌ترسا.
"زۆر باشه،" شه‌یتان
بیری ده‌کرده‌وه. "ده‌مه‌قاڵێیه‌کمان ده‌بێت. زه‌وییه‌کی زۆرت ده‌ده‌مێ و به
هۆی ئه‌و زه‌وییه‌ش ده‌که‌ویته ژێر ده‌ستمه‌وه."
دووه‌م
له نزیک گونده‌که‌دا
خانمێك، که خاوه‌ن زه‌وییه‌کی بچوك بوو، ده‌ژیا؛ ئه‌م خانمه زه‌وییه‌کی پێنج سه‌د
دۆنمیی[1] هه‌بوو.
هه‌میشه به باشی مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ جوتیاره‌کاندا ده‌کرد، تا ئه‌و کاته‌ی که
کۆنه سه‌ربازیکی کرده وه‌رزێری خۆی. ئه‌میش به وه‌رگرتنی قه‌ره‌بوو باری خه‌ڵکی
گران کردبوو. پاخۆم چه‌ند هه‌وڵی ده‌دا وریا بێت، به‌ڵام نه جار و نه دووان هه‌ر
رووی ده‌دا و هاکات زانی ئه‌سپه‌که‌ی که‌وته ناو کێڵگه جۆ کێویله‌که‌ی خانمه‌که‌وه،
هاکات زانی مانگایه‌کی بۆ ناو باخچه‌که‌ی رێی وێڵ کرد، هاکات زانی گوێره‌که‌کانی
به‌سه‌ر جاڕه‌که‌یی دادا و، بۆ هه‌موو جارێكیش ده‌بوو بیبژرێت.
ئه‌گه‌رچی هه‌ندێ بۆڵه‌بۆڵیشی
کرد، پاخۆم زیانه‌کانی بژارد و به بێزارییه‌که‌وه گه‌ڕایه‌وه ماڵه‌وه و جنگزی
خۆیی به خێزانه‌که‌یدا به‌تاڵ کرده‌وه. سه‌رباری ئه‌وه‌ی ئه‌و هاوینه پاخۆم
زۆری به ده‌ست وه‌رزێره‌که‌وه چه‌شتبوو، ته‌نانه‌ت خۆشحاڵیش بوو به‌وه‌ی که
زستان هات و وای پێویست ده‌کرد ئاژه‌ڵه‌کانی له ته‌ویله توند بکات. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی
ئالیکی پێده‌دان و ئه‌گه‌رچی له‌و کاتانه‌شدا نه‌یده‌توانی له له‌وه‌ڕگاکه
بیانله‌وڕێنێت، هیچ نه‌بێت له نیگه‌رانییه‌کانی ئه‌وان قوتاری ده‌بوو.
له زستاندا ده‌نگوگۆی
ئه‌وه بڵاو بوویه‌وه که خانمه‌که وا خه‌ریکه زه‌وی و زاره‌که‌ی بفرۆشێت و،
خاوه‌ن کاروانسه‌راکه‌ی سه‌ر شه‌قامه گشتییه‌که به‌سه‌ر مامه‌ڵه‌که‌وه بوو.
جوتیاره‌کان که گوێبیستی ئه‌مه بوون، به جارێك زه‌نده‌قیان چوو و که‌وتنه دڵه‌ڕاوکێوه.
وایان بیر ده‌کرده‌وه،
"باشه، ئه‌گه‌ر خاوه‌ن کاروانسه‌راکه زه‌وییه‌که بکڕێت، ئه‌وا خۆ به
پێبژارن خراپتر له وه‌رزێره‌که زیاتر نیگه‌رانمان ده‌کات. ئێمه هه‌موومان
پشتمان به‌و مووڵکه قایمه."
بۆیه جوتیاره‌کان
له بری ئه‌نجومه‌نی گوند خۆیان چوون و داوایان له خانمه‌که کرد زه‌وییه‌که‌ی به
خاوه‌ن کاروانسه‌راکه نه‌فرۆشێت و، خۆیان نرخێکی باشتری پێده‌ده‌ن. خانمه‌که‌ش
رازی بوو به‌وه‌ی به ئه‌وانی بدات. ئینجا جوتیاره‌کان وایان رێکخست خودی ئه‌نجومه‌ن
ته‌واوی زه‌وی و زاره‌که بکڕێت، به‌شکه‌م بکرێت هه‌موویان به هاوبه‌شی ببن به
خاوه‌نی. بۆ گفتوگۆی ئه‌مه دوو جار کۆبوونه‌وه، به‌ڵام نه‌یانتوانی یه‌کلای بکه‌نه‌وه.
شه‌یتانی به‌دکار تۆووی ناکۆکیی له نێواندا چاندبوون و ئه‌وانیش نه‌یانده‌توانی
رێك بکه‌ون. بۆیه بڕیاریان دا هه‌ر که‌سه و به گوێره‌ی مه‌به‌ستی خۆی زه‌وییه‌که
بۆ خۆی بکڕێت. خانمه‌که له‌سه‌ر ئه‌م پلانه‌ش، هه‌ر وه‌کو پێشتریش، ره‌زامه‌ندیی
نیشان دا.
له‌و کاتانه‌دا،
پاخۆم گوێبیستی ئه‌وه بوو دراوسێیه‌کی به ته‌مای کڕینی هه‌شتا دۆنم بوو و، خانمه‌که‌ش
قایل ببوو به‌وه‌ی نیوه‌ی پاره‌که‌ی به کاش بدرێتێ و بۆ نیوه‌که‌ی دیکه‌ی بۆ یه‌ك
ساڵ له‌سه‌ری بوه‌ستێت. پاخۆم ئێره‌یی به‌مه ده‌برد.
"ته‌ماشای
ئه‌وه بکه،" بۆ خۆی بیری ده‌کرده‌وه و بۆ ژنه‌که‌یی باس ده‌کرد که،
"ئه‌وه‌تا هه‌موو زه‌وییه‌که ده‌فرۆشرێت و منیش هیچم چنگ ناکه‌وێت."
"خه‌ڵکانی
دی ده‌یکڕن،" له‌سه‌ر قسه‌که‌ی رۆیشت. "ئێمه‌ش پێویسته سی دۆنمێکی لێ
بکڕین. گه‌رنا ژیانمان مه‌حاڵ ده‌بێت. خۆ ئه‌و وه‌رزێره‌ش هه‌ر له خۆوه به‌و
پێبژاردنانه‌ی وێرانمان ده‌کات."
بۆیه سه‌ریان
هێنا و سه‌ریان برد چۆن بتوانن بۆ کڕینی پارچه‌یه‌کی خۆیان ته‌یار بکه‌ن. سه‌د
روبڵی پاشه‌که‌وتیان هه‌بوو. جوانوویه‌ك و نیوه‌ی مێشهه‌نگه‌کانیان فرۆشت؛ یه‌کێ
له کۆڕه‌کانیان نارده کرێکاری و، پێشوه‌خته ده‌ستهه‌قه‌که‌یان وه‌رگرت؛ ئه‌وه‌شی
مایه‌وه له ئاوه‌ڵزاواکه‌یی به قه‌رز وه‌رگرت. به‌م شێوه‌یه نیوه‌ی پاره‌ی
پێویست بۆ کڕینی زه‌وییه‌که خڕ کرده‌وه.
که ئه‌مه‌یان
بۆ ره‌خسا، پاخۆم چوو کێڵگه‌یه‌کی شه‌ست دۆنمیی ده‌ستنیشان کرد که به‌شێکی به
دار و ده‌وه‌ن بوو و ئینجا بۆ مامه‌ڵه‌کردنی چووه کن ژنه خاوه‌ن زه‌وی و زاره‌که.
گه‌یشتنه رێکه‌وتنێك و ته‌وقه‌یان له‌سه‌ر کرد و، پێشوه‌خته هه‌ندێ پاره‌ی پێدا.
ئینجا چوونه شارۆچکه‌که و به‌ڵگه‌نامه‌کانیان واژوو کرد؛ به‌و پێیه‌ش ده‌بێت
نێوه‌ی پاره‌که بدات و ئه‌وه‌یشی ده‌مێنێته‌وه له دوو ساڵی دیکه‌دا بدرێته‌وه.
ئێستاش پاخۆم
بووه خاوه‌ن زه‌ویی خۆی. تۆووی به قه‌رز وه‌رگرت و به‌و زه‌وییه‌ی کڕیبووی تۆوو
دا. خه‌له و خه‌رمانێكی باشی لێ هات؛ له ماوه‌ی ساڵێکدا توانی قه‌رزه‌کانی بداته‌وه،
هه‌م ئه‌وه‌ی خانمه‌که و هه‌م ئه‌وه‌ی ئاوه‌ڵزاواکه‌شی. که‌واته بۆ خۆی بووه
خاوه‌ن زه‌وی. خۆی زه‌وییه‌که‌یی جووت ده‌کرد تۆووی ده‌دا؛ هه‌ر له‌سه‌ر زه‌وییه‌که‌ی
خۆی پووش و کای پێویستی به‌ده‌ست ده‌خست. له زه‌وییه‌که‌ی خۆی داری ده‌بڕی و، له
جاڕ و له‌وه‌ڕگای خۆی ئاژه‌ڵه‌کانیی ده‌له‌وه‌ڕاند. که ده‌چووه ده‌ره‌وه کێڵگه‌که‌ی
جووت بکات، ته‌ماشایه‌کی نمای گه‌نمه شامییه‌کان، یان ته‌ماشایه‌کی گژوگیای مێرگه‌که
بکات، دڵی پڕ ده‌بوو له شادی. ئه‌و گیایه‌ی که ده‌ڕوا و ئه‌و گوڵانه‌ی له‌وێ ده‌پشکووتن،
به‌لای خۆیه‌وه وه‌ها بوون که له هیچ جێیه‌کی دی به‌و شێوه‌یه ناڕوێن. جاران
که به لای ئه‌و زه‌وییه‌دا گوزه‌ری کردبا، به‌لایه‌وه هاوچه‌شنی هه‌ر زه‌وییه‌کی
دیکه بوو، به‌ڵام ئێستا ته‌واو به جیاوازی دێته به‌ر چاو.
سێیه‌م
ئاوه‌ها، پاخۆم
به به‌شی خۆی زۆر قایل بوو و، هه‌موو شتێکیش باش ئه‌گه‌ر ته‌نها جوتیاره
دراوسێکانی گزییان نه‌کردبایه‌ته[2] سه‌ر مێرگ و گێڵگه‌ی گه‌نمه‌شامییه‌کانی. زۆر به ئاکار
و رێزه‌وه تکای لێ ده‌کردن، به‌ڵام ئه‌وان هه‌ر دیانکردن. وای لێهاتووه، گاوانی
گاگه‌لیش مانگاکانی گونده‌که به‌ر ده‌داته سه‌ر مێرگه‌کانی ئه‌م. ئه‌وجا، ئه‌سپه‌کانی
ناو په‌چه و له‌وڕگای شه‌وانه‌وه دێنه ناو گه‌نمه‌شامییه‌که‌یشی. پاخۆم جار له‌دوای
جار ده‌ری ده‌کردن و گه‌ردنی خاوه‌نه‌کانیانی ئازاد ده‌کرد و، تا ماوه‌یه‌کی زۆریش
خۆی گرت له‌وه‌ی سکاڵا له که‌سیان بکات. به‌ڵام له دوا جاردا پشووی له به‌ر بڕا
و گازنده‌ی برده به‌ر دادگای ناوچه‌که. ده‌یشیزانی که ئه‌وه پێویستیی جوتیاره‌کانه
به زه‌وی و هیچ مه‌به‌ستێکی خراپیشیان له‌وه‌دا نه‌بوو؛ ئا ئه‌مه کێشه‌که بوو،
به‌ڵام خۆ بیری ده‌کرده‌وه که:
"ناتوانم
هه‌ر وا ته‌ماشا بکه‌م هه‌رچییه‌کم هه‌یه وێرانی بکه‌ن. ده‌بێت ته‌مبێ ببن."
بۆیه واشی
لێکردن، وانه‌یه‌کی دانێ و ئینجا وانه‌یه‌کی دیکه و، دوو یا سێ له جوتیاره‌کان ناچار
به بژاردن کران. پاش ماوه‌یه‌ك، دراوسێکانی پاخۆم له‌به‌ر ئه‌م کارانه‌ی کینه‌یان
لێ گرته دڵ؛ جار به جاریش به ئه‌نقه‌ست ئاژه‌ڵه‌کانیان به‌رده‌دایه نێو زه‌وی
و زاره‌که‌ی. ته‌ناته‌ت جارێکیان جوتیارێك له شه‌ودا خۆی کرد به نێو داره‌کانی پاخۆمدا
و پێنج دار لیمۆ ترشی بۆ توێکڵه‌کانیان بڕییه‌وه. رۆژێکیشیان پاخۆم به نێو داره‌کاندا
ده‌ڕۆیشت شتێکی سپیی به‌رچاو که‌وت. لێی هاته نزیکتره‌وه و بینی که چه‌ند قه‌ده
دارێکی رووتکراون له‌سه‌ر زه‌وی که‌وتوون، له نزیکیشان بنه کۆتکه‌ی ئه‌و دارانه
بوون. پاخۆم گڕی تێبه‌رببوو.
"ئه‌گه‌ر
دانه‌یه‌کی لێره و دانه‌یه‌کی دیکه‌یشی له‌وێدا بڕیبا، ئه‌وا ئه‌وه بۆ خۆی به
ئه‌ندازه‌ی پیویست خراپ ده‌بوو،" پاخۆم بیری ده‌کرده‌وه، "به‌ڵام که‌چی،
ئه‌و چه‌په‌له خۆ به راستی ته‌واوی لێڕه‌که‌ی بڕیوه‌ته‌وه. به‌س بزانم کێ ئه‌مه‌ی
کردووه، له قوڕگی ده‌رده‌هێنم و پێی ده‌بژێرم."
هه‌ر مێشکی
خۆیی ده‌هێنا و ده‌برد داخۆ ده‌بێت ئه‌و که‌سه کێ بێت. له ئاکامدا بڕیاری دا که:
"ده‌بێت سیمۆن بووبێت، ناکرێت که‌سی دیکه ئه‌وه‌ی ئه‌نجام دابێت." بۆیه
چوو بۆ خانووه لادێییه‌که‌ی سیمۆن چاوێکی به‌و ده‌وروبه‌ره‌دا بگێڕێت، به‌ڵام
هیچی نه‌بینییه‌وه، ته‌نها ئه‌وه نه‌بێت که دیمه‌نێك پتر تووڕه‌ی کرد. ئه‌گه‌رچی
ئێستا زیاتر له هه‌موو کات وای هه‌ست ده‌کرد که سیمۆن ئه‌نجامی دابێت، سکاڵایه‌کی
تۆمار کرد. سیمۆن بانگهێشتی دادگا کرا. دۆسێیه‌که جارێك و دووان و سیان دانیشتنی
له‌سه‌ر به‌سترا و له کۆتاییدا به ته‌واوی بێگوناه ده‌رچوو، هیچ به‌ڵگه‌یه‌کی له
دژ نه‌بوو. پاخۆم هێشتا زیاتر هه‌ستی به‌وه ده‌کرد که مافی خوراوه و، تووڕه‌ییه‌کی
خۆیی به‌سه‌ر پیاو ماقوڵانی گوند و دادوه‌ره‌کاندا هه‌ڵڕشت.
"ئێوه وا
ده‌که‌ن دزه‌کان ده‌ستتان چه‌ور بکه‌ن،"
پێی‌ووتن. "ئه‌گه‌ر ئێوه خۆتان خه‌ڵکی راستگۆبوونایه، لێنه‌ده‌گه‌ڕان دزێك
وه‌ك به‌رزی بانان بۆ ده‌ربچێت."
به‌م شێوه‌یه پاخۆم
له‌گه‌ڵ دادوه‌ره‌کان و دراوسێکانی به شه‌ڕ هات. کار گه‌یشته ئه‌وه‌ی هه‌ڕه‌شه‌ی
سوتاندنی ماڵه‌که‌ی بکرێت. ئه‌گه‌رچی پاخۆم ئێستا زه‌ویی زۆرتری هه‌یه، پێگه‌ی له‌ناو
ئه‌نجومه‌نه‌که‌دا له جاران زۆر خراپتر بوو.
ئا له‌م کاتانه‌دا،
ده‌نگۆی ئه‌وه هاته ئاراوه گوایه خه‌ڵکێکی زۆر بۆ جێگا نوێیه‌کان ده‌گوازرێنه‌وه.
"هیچ
پێویست به‌وه ناکات زه‌وییه‌که‌ی خۆم به‌جێ بهێڵم،" پاخۆم بیری ده‌کرده‌وه.
"به‌ڵام هه‌ندێ خه‌ڵکی دیکه له‌وانه‌یه گونده‌که‌مان به‌جێ بهێڵن و ئه‌وکاتیش
باشتر جێی ئێمه ده‌بێته‌وه. خۆم ده‌ست به‌سه‌ر زه‌وییه‌کانیاندا ده‌گرم زه‌وی و
خانووبه‌ره‌که‌م که‌مێك گه‌وره‌تر ده‌که‌مه‌وه. ئینجا ئه‌وده‌م ده‌توانم ئاسوده‌تر
بژیم. که وابێت، من هێشتا زۆر ده‌ستکورتم تا ئاسوده بم."
رۆژێکیان پاخۆم
له ماڵه‌وه دانیشتبوو، کاتێك جوتیارێك به نێو گونده‌که‌دا تێپه‌ڕی و وا رێکه‌وت
خوڵکی بکاته ژووره‌وه. رێگه‌ی پێدرا بۆ شه‌و بمێنێته‌وه و شامی پێدرا. پاخۆم سه‌ری
قسه‌ی له‌گه‌ل ئه‌م جوتیاره کرده‌وه و لێی پرسی له کوێوه هاتووه. بێگانه‌که
وه‌ڵامی دایه‌وه که له پشت ڤۆڵگاوه هاتووه، له‌وێ کاری ده‌کرد. قسه قسه‌ی
راده‌کێشا و، پیاوه‌که چووه سه‌ر باسی ئه‌وه‌ی که خه‌ڵکێکی زۆر نیشته‌جێی ئه‌و
جێگا نوێیانه بوون. ئه‌وه‌ی گێڕایه‌وه که چۆن هه‌ندێ گوندیی خه‌ڵکی گونده‌که‌ی
خۆی له‌وێ نیشته‌جێ بوون. ئه‌وان په‌یوه‌ندییان به ئه‌نجومه‌نی گوند کردووه و هه‌ر
پیاوێکیان چل دۆنم زه‌ویی پێدراوه. زه‌وییه‌که هێنده باش بوو، پیاوه‌که باسی
ده‌کرد، که جۆی چاوداری لێ چاندرابا ئه‌وه‌نده‌ی ئه‌سپێكێك به‌رز ده‌بوو، ئه‌وه‌نده‌ش
ئه‌ستور ده‌بوو که هه‌ر پێنج داس بڕێکی ده‌یکرده گێشه‌یه‌ك[3].
ده‌یگێڕایه‌وه، جوتیارێك به ده‌ستی به‌تاڵه‌وه هات و ئێستاش شه‌ش ئه‌سپ و دوو
مانگای خۆی هه‌یه.
له دڵی پاخۆمدا
ویست و ئاره‌زووه‌کانی گڕیان سه‌ند. بیری ده‌کرده‌وه:
"بۆچی ده‌بێ
له‌م چاڵه ته‌نگه‌دا ره‌زاله‌ت بم، له کاتێکدا ده‌کرێت له جێگایه‌کی دیکه‌دا به‌و
باشییه بژیت؟ زه‌وی و خانووبه‌ره‌که‌م لێره ده‌فرۆشم و به پاره‌که‌ی له‌وێ
ژیانێکی نوێ ده‌ست پێده‌که‌مه‌وه. له‌م شوێنه قه‌ره‌باڵغه‌دا، خۆ هه‌میشه کێشه‌ت
دێته رێ. به‌ڵام سه‌ره‌تا ده‌بێت خۆم بڕۆم و هه‌موو شتێك به چاوی خۆم
ببینم."
له‌گه‌ڵ هاتنی
هاویندا خۆی ته‌یار کرد و ده‌ستبه‌کار بوو. به که‌شتییه‌کی هه‌ڵمی به رووباری
ڤۆلگادا به‌ره‌و سامارا شۆڕ بووه‌وه. ئینجا سێسه‌د میلی دیکه به پێ رۆیشت و
دواجار گه‌یشته جێگاکه. کتومت هه‌ر وه‌کو ئه‌وه بوو بێگانه‌که باسی کردبوو.
جوتیاره‌کان زه‌وی و زارێکی زۆر و زه‌به‌ندیان هه‌بوو: ته‌نانه‌ت هه‌ر پیاوێکیش له‌لایه‌ن
ئه‌نجومه‌نه‌وه چل دۆنم زه‌ویی پێدراوه بۆ خۆی به‌کاری بهێنێت و له‌پاڵ ئه‌وه‌شدا
هه‌ر که‌سێك پاره‌ی هه‌بووبێت چه‌ندی زه‌وی بوێت و به خاوه‌ندارێتی سه‌ربه‌ست و هه‌ر
دۆنم و نیوێکی به په‌نجا سێنت ده‌کڕی.
به‌وه‌ی که هه‌رچییه‌کی
ده‌ویست زانی، پاخۆم له‌گه‌ڵ پاییز هاتندا گه‌ڕایه‌وه ماڵه‌وه و ده‌ستی کرد به
فرۆشتنی موڵك و ماڵه‌که‌ی. زه‌وییه‌کی به قازانجه‌وه فرۆشت، خانووه‌که‌ی و گشت
ئاژه‌ڵه‌کانی فرۆشت و ئه‌ندامێتیی خۆیی له ئه‌نجومه‌ن کشانده‌وه. هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی
ما تا به‌هار چاوه‌ڕێ بکات و، ئینجا له‌گه‌ڵ خێزانه‌که‌ی خۆیان بۆ ده‌ستپێکردنی
ژیانێکی نوێ ساز دا.
چواره‌م
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی
پاخۆم و خێزانه‌که‌ی گه‌یشتنه هه‌واره نوێیه‌که‌یان، داواکاریی ئه‌ندامێتیی
پێشکه‌ش به ئه‌نجومه‌نی گوندێکی گه‌وره کرد. مامه‌ڵه‌ی پێشکه‌ش به پیاو ماقوڵان
کرد و، به‌ڵگه‌نامه پێویسته‌کانی به‌ده‌ست هێنا. پێنج به‌شه زه‌ویی ئه‌نجومه‌ن
به خۆی و کوڕه‌کانی دران تا به کاری بهێنن؛ ئه‌مه‌یش کردییه 200 دۆنم (نه‌ك به‌سه‌ر
یه‌که‌وه، به‌ڵکو له شوێنی جیاجیا) و هه‌روه‌ها مۆڵه‌تی به‌کارهێنانی له‌وه‌ڕگاکه‌ی
ئه‌نجومه‌نیشیان پێدرا. پاخۆم ئه‌و خانووانه‌ی پێویستی بوون دروستی کردن و کۆمه‌ڵێ
وه‌ڵاخیشی کڕی. ته‌نها به‌و زه‌وییه‌ی ئه‌نجومه‌ن، سێ هێنده‌ی زه‌وی و زاره‌که‌یی
پێشوویی ده‌بوو و زه‌وییه‌که‌ش زه‌وییه‌کی چاك بوو بۆ گه‌نمه‌شامی. ده قاتی
جارانی گوزه‌رانی باشتر بوو. زه‌وییه‌کی فراوانی به‌راو و له‌وه‌ڕگای هه‌بوون و تا
دڵی حه‌زی کرد ئه‌وه‌نده سه‌ر ئاژه‌ڵی راگیر کرد.
له سه‌ره‌تادا
و به دروستکردنی کۆمه‌ڵه خانووه‌که‌ی و جێگیربوونیان، پاخۆم به هه‌موو شتێك
خۆشحاڵ بوو؛ به‌ڵام که پێی راهات و کاره‌کانی ئاسایی بوونه‌وه، ئیتر بیری له‌وه
ده‌کرده‌وه که لێره‌ش وه‌کو پێویست زه‌ویی نییه. ساڵی یه‌که‌م، گه‌نمی له‌سه‌ر
ئه‌و به‌شه زه‌وییه‌ی ئه‌نجومه‌ن پێی دابوو چاند و، به‌ربوومێکی باشیشی هه‌بوو.
ده‌یویست گه‌نمی زیاتر بچێنێت، به‌ڵام بۆ ئه‌و مه‌به‌سته زه‌ویی ئه‌نجومه‌نی که‌م
له‌لا بوو و ئه‌وه‌شی پێشتر به‌کاری هێنابوو ئیتر ئێستا بۆی به‌رده‌ست نه‌ده‌بوون.
له‌و به‌شه زه‌وییانه‌دا گه‌نم ده‌بێت ته‌نها له‌سه‌ر زه‌ویی به‌یار و نه‌کێڵدراودا
بچێندرێن. بۆ ساڵێك یان دووان ده‌چێنردرێت و ئه‌وجا به نه‌کێڵدراوی ده‌هێلرێته‌وه
تاوه‌کو جارێکی دیکه گژوگیا ده‌هێنێته‌وه. خه‌ڵکانی زۆر هه‌بوون که ئه‌م خاکه‌یان
ده‌ویست و خاکی واش به‌شی هه‌مووانی نه‌ده‌کرد. بۆیه له‌سه‌ر ئه‌م خاکانه خه‌ڵکی
به شه‌ڕ ده‌هاتن. ئه‌وانه‌ی که ده‌وڵه‌مه‌ند و ده‌ستڕۆیشتوو بوون بۆ گه‌نم
چاندنیان ده‌ویست و ئه‌وانه‌شی که هه‌ژار بوون ده‌یانویستن تاوه‌کو به ده‌ڵاڵه‌کانیان
بده‌ن و به‌م جۆره به‌ڵکو بتوانن پاره‌ی پێویستی لێ به‌ده‌ست بهێنن بۆ دانه‌وه‌ی
باج و خه‌راجیان. پاخۆم ده‌یویست گه‌نمی زیاتر بچێنێت، بۆ ئه‌مه‌ش پارچه زه‌وییه‌کی
له ده‌ڵاڵێك به کرێ گرت بۆ ماوه‌ی ساڵێك. گه‌نمێکی زۆری چاند و باشیش هاتبوو، به‌ڵام
زه‌وییه‌که له گونده‌وه زۆر دوور بوو؛ ده‌بوو گه‌نمه‌که‌ی زیاتر له ده میل به
گالیسکه بگوازێته‌وه. پاش ماوه‌یه‌ك پاخۆم دیقه‌تی ئه‌وه‌ی دا که هه‌ندێ
جوتیاری ده‌ڵاڵ له‌سه‌ر چه‌ندین پارچه زه‌ویی جیاجیا ده‌ژیان و تا ده‌هات ده‌وڵه‌مه‌ندتر
ده‌بوون. بۆیه ئه‌میش وای بیر کرده‌وه که:
"ئه‌گه‌ر
بمه‌وێ هه‌ندی زه‌ویی بێخاوه‌ن بکڕم و خانوویه‌کی له‌سه‌ر دروست بکه‌م، ئه‌وا پێکه‌وه
شتێکی دیکه‌ی لێده‌رده‌چێت. ئه‌وجا هه‌مووشی پێکه‌وه گرد بن زۆر خۆش و دڵگیر ده‌بێت.
پرسی کڕینی زه‌ویی
بێساحیب جار و دووان و ده ده‌که‌وته‌وه مێشکییه‌وه.
سێ ساڵی به‌م
حاڵه‌وه گوزه‌راند، زه‌ویی به کرێ ده‌گرت و گه‌نمی ده‌چاند. وه‌رزه‌کانی هات
بوون و به‌رووبوومی باشی ده‌هێنا؛ بۆیه وای لێهات ئیتر پاره به لاوه بنێت. ده‌کاری
قایل بێت و به‌و جۆره درێژه به گوزرانیان بده‌ن، به‌ڵام له‌وه‌ی هه‌موو ساڵێ زه‌ویی
خه‌ڵکانی دیکه‌ی به کرێ ده‌گرت و له‌وه‌ی که هه‌ڵپه‌شی بۆ ده‌کرد ماندوو ببوو. له
هه‌ر کوێدا زه‌وییه‌کی باش هه‌با به کرێ بدرێ، جوتیاره‌کان خێرا خۆیان ده‌گه‌یاندێ
و ده‌ستبه‌جێ ده‌یانگرت؛ جا ئاوا ئه‌گه‌ر هاتبا و ده‌ستوبردت نه‌کردبا، هیچت وه‌گیر
نه‌ده‌که‌وت. وا هه‌ڵکه‌وت له ساڵی سێیه‌مدا له‌گه‌ڵ ده‌ڵاڵێکدا پێکه‌وه پارچه
مێرگێکیان له کۆمه‌ڵێ جوتیار به کرێ گرت. جوتیاره‌کان پێشتر زه‌وییه‌که‌یان
کێڵابوو؛ که هه‌ندێ ناکۆکی ده‌که‌وێته نێوانیانه‌وه، جوتیاره‌کان په‌نا ده‌به‌نه
به‌ر یاسا و، باره‌که وا ده‌که‌وێته‌وه کاره‌که به جارێك له‌ده‌ست ده‌درێت.
"ئه‌گه‌ر ئه‌مه به ته‌نها زه‌ویی خۆم بایه،" پاخۆم وای بیر ده‌کرده‌وه،
"ئه‌وا بۆ خۆم سه‌ربه‌ست ده‌بووم و، ئه‌و هه‌موو ناخۆشیه‌ش رووی نه‌ده‌دا."
بۆیه پاخۆم ده‌ستی به گه‌ڕان کرد، چ زه‌وییه‌ك ده‌توانێت بیکڕێ. له گه‌ڕانیدا
رێی که‌وته جوتیارێك دوو هه‌زار و سه‌د دۆنم زه‌ویی کڕێبوو، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی
هه‌ندێ گرفتی هاتبووه پێش ده‌یویست به هه‌رزانتری بفرۆشێته‌وه. پاخۆم له‌گه‌ڵیدا
که‌وته مامه‌ڵه و چه‌ندوچۆنی و تا ئه‌وه‌ی به نرخی 1،500 روبڵ له‌سه‌ری رێکه‌وتن،
به‌شێکی به کاش بدرێت و به‌شه‌که‌ی دیکه‌یشی دواتر بدرێته‌وه. هه‌موو قسه‌یه‌کیان
بڕییه‌وه. هه‌ر ئه‌وه مابوو سه‌ری مامه‌ڵه‌که‌یان داخه‌ن و کۆتایی پێ‌بێنن. له‌و
ده‌مانه‌دا، وا هه‌ڵکه‌وت رۆژێکیان ده‌ڵاڵێكی رێبوار له‌لای زه‌ویوزاره‌که‌ی پاخۆم
وه‌ستا هه‌ندێ ئه‌سپه‌که‌ی تێر بکات. چایه‌کی له‌گه‌ڵ پاخۆمدا خوارده‌وه و قسه‌وباسێکیان
پێکه‌وه کرده‌وه. بازرگانه‌که بۆی ده‌گێڕایه‌وه که تازه له باشقیرستانه‌وه
ده‌گه‌ڕێته‌وه، زۆر له دووره‌وه؛ له‌وێ بیست و یه‌ك هه‌زار دۆنم زه‌ویی به
1،000 روبڵ کڕیوه. پاخۆم زیاتری له‌باره‌وه پرسی و، بازرگانه‌که‌ش ووتی:
"بۆ که‌سێك بیه‌وێت و ته‌نها کارێك پێویست بێت ئه‌وه‌یه له‌گه‌ڵ سه‌رۆكهۆزه‌کاندا
نێوانێکی باشی هه‌بێت. بایی سه‌د روبڵ کراس و قاڵیم به‌خشییه‌وه، هه‌روه‌ها یه‌ك
سندوقه چاش؛ شه‌راب و مه‌یم به‌و که‌سانه‌ی ده‌یانخوارده‌وه دا؛ ئا وه‌هایی، زه‌وییه‌که‌م
به یه‌ك سه‌نت که‌متر له هه‌ر دۆنمێکدا کڕی." ئینجا تاپۆی زه‌وییه‌که‌ی
پیشانی پاخۆم دا که وه‌های تێدا نوسرابوو:
"زه‌وییه‌که ده‌که‌وێته نزیك روبارێکه‌وه و، ته‌واوی مێرگه‌که‌ش به‌یار
و ده‌ستنه‌خواردووه."
پاخۆم پرسیاربارانی کرد و، بازرگانه‌که‌ش ووتی:
"زه‌ویی زۆری لێیه؛ زیاتر له‌وه‌ی به ساڵێك رێکردن بتوانی بیپێوی و،
هه‌مووشی هی باشقیره‌کانن. ئه‌وانیش وه‌کو مه‌ڕ ساده و به‌سته‌زمانن و، ده‌توانیت
زه‌وییه‌کانیان به‌رانبه‌ر به به‌هایه‌کی ئێجگار که‌م له‌ده‌ست بستێنیت."
"ئێستا له‌وێ،" پاخۆم که‌وته بیرکردنه‌وه، "به‌و هه‌زار
روبڵه‌م، بۆچی وابکه‌م ته‌نها دوو هه‌زار و سه‌د دۆنمی پێ بکڕم و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا
خۆم بخه‌مه ژێر باری قه‌رزه‌وه. ئه‌گه‌ر ئه‌و پاره‌یه ببه‌مه ئه‌وێ، ئه‌وا ده‌توانم
زیاتر له ده هێنده‌شی پێ بکڕم."
پێنجه‌م
پاخۆم له
چۆنێتی به ئه‌وێ گه‌یشتنی ده‌پرسی و، هه‌ر له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ده‌ڵاڵه‌که‌ی له‌لا
رۆیشت، خۆی ته‌یار کرد به‌خۆی بچێته ئه‌و جێگایه. ژنه‌که‌یی به‌جێهێشت ئاگای له
ماڵه‌وه بێت و خۆی ده‌ستی به گه‌شته‌که‌ی کرد و نۆکه‌ره‌که‌یشی له‌گه‌ڵ خۆی برد.
له شارۆچکه‌یه‌کی سه‌ر رێگاکه‌یان وه‌ستان و پاکه‌تێ چا و هه‌ندێ مه‌ی و هه‌ندێ
دیاریی دیکه‌یان کڕی رێک وه‌کو ئه‌وه‌ی بازرگانه‌که ئامۆژگاریی کردبوو. رۆیشتن و
رۆیشتن هه‌تا زیاتر له سێسه‌د میلێکیان بڕی و له رۆژی حه‌وته‌میاندا گه‌یشتنه
جێگایه‌ک باشقیره‌کان چادریان لێ هه‌ڵکردبوو. کتومت هه‌ر وه‌ك ئه‌وه‌ی بازرگانه‌که
باسی کردبوو وابوو. خه‌ڵکه‌که له‌سه‌ر ده‌شت و ئارانه‌کانی نزیك روبارێك و له
چادری له خوری دروستکراودا ده‌ژیان. ئه‌و خه‌ڵکه نه زه‌وییان ده‌کێڵا و نه
نانیشیان بۆ خواردن به‌کار ده‌هێنا. په‌ز و ئه‌سپه‌کانیان له گیای ئه‌و ده‌شتانه‌دا
ده‌له‌وه‌ڕان. جوانووه‌کان له پشت چادره‌کانه‌وه هه‌وسار کرابوون و رۆژانه دوو
جار مایینه‌کان ده‌هێنرانه لایان. مایینه‌کانیان ده‌دۆشی و له شیره‌که‌ی شه‌رابی
کومیسیان دروست ده‌کرد. ئافره‌تان کومیسیان ئاماده و هه‌رها په‌نیریشیان لێ دروست
ده‌کرد. هه‌رچی پیاوانیشه، هه‌موو کارێکیان خواردنه‌وه‌ی کومیس و چا و خواردنی
گۆشتی به‌رخ یاریکردن بوو به دارجگه‌ره و پیپه‌کانیانه‌وه. هه‌مووشیان که‌سانی
به‌هێز و رووخۆش بوون و، به درێژایی هاوینیش بیریان له ئه‌نجامدانی هیچ کارێك نه‌ده‌کرده‌وه.
خه‌ڵکانێك بوون ته‌واو که‌مفام و روسیشیان نه‌ده‌زانی، به‌ڵام تا بڵیی خۆشخو و
جوامێر بوون.
هه‌ر که پاخۆمیان
دیت، له چادره‌کانیان به‌ده‌ر که‌وتن و له ده‌وری میوانه‌که‌یان جه‌م بوونه‌وه.
وه‌رگێڕێك دۆزرایه‌وه و، پاخۆم پێی ووتن که بۆ هه‌ندێ زه‌وی هاتووه. باشیقره‌کان
زۆریان له‌به‌ر دڵ خۆش بوو؛ پاخۆمیان برد و بۆ یه‌کێ له باشترین چادره‌کانیان
رێنوێنی کرد؛ له‌وێ فه‌رموویان لێکرد له‌سه‌ر جۆره بالیفێك که له‌سه‌ر رایه‌خه‌کان
دانرابوون دا‌نیشێت و خۆیشیان له چوارده‌وری دانیشتن. چا و کومیسیان پێشکه‌ش کرد و
مه‌ڕێکیشیان بۆ سه‌ربڕیبوو و له گۆشته‌که‌یان بۆ دانا. پاخۆم دیارییه‌کانی له گالیسکه‌که‌ی
ده‌رهێنا و به‌سه‌ر باشقیره‌کانی دابه‌ش کرده‌وه و، چاکه‌یشیان له نێوان خۆیان
به‌ش به‌ش کرد. باشقیره‌کان دڵخۆش ببوون. زۆریان له نێوان خۆیان قسه کرد و ئه‌وجا
به وه‌رگێڕه‌که‌یان ووت بۆی ته‌رجومان بکات.
وه‌رگێڕه‌که‌ش
ووتی، "پێیان خۆشه پێت بڵێن که که‌یفیان پی هاتووی و، هه‌روه‌ها دابونه‌ریتی
ئێمه‌ش وایه که هه‌موو کارێك ده‌که‌ین میوانمان دڵخۆش بکه‌ین و قه‌ره‌بووی خه‌ڵاته‌کانی
بکه‌ینه‌وه. تۆ دیاریت به ئێمه به‌خشیوه و ده ئێستاش پێمان بڵێ چێها شت هی
ئێمه بێت زۆرت دڵخۆش ده‌کات که ئێمه بتوانین پێشکه‌شتی بکه‌ین."
"ئه‌وه‌ی
که لێره بتوانێت زۆر خۆشحاڵم بکات،" پاخۆم پێی ووتن، "زه‌وییه‌که‌تانه.
نیشتمانی ئێمه خه‌ڵکی زۆری له‌سه‌رن و خاکه‌که‌شی پیتی بڕاوه؛ به‌ڵام ئێوه زه‌وییه‌کی
زۆرتان هه‌یه و خاکێکی باشیشه. هه‌رگیز هیچ خاکێکی وه‌کو ئه‌مه‌م نه‌بینیوه."
وه‌رگێڕه‌که
قسه‌کانی وه‌رگێڕا. باشقیره‌کان بۆ ماوه‌یه‌ك له نێوان خۆیان قسه‌یان کرد. پاخۆم
تێنه‌ده‌گه‌یشتن چی ده‌ڵێن، به‌ڵام ده‌یبینی که زۆر که‌یفسازن و فیغان و پێکه‌نینیان
بوو. ئینجا بێده‌نگ بوون و ته‌ماشای پاخۆمیان کرد و وه‌رگێڕه‌که ده‌ستی قسه‌کردن
کرد:
"پێیانخۆشه
پێت بڵێم که له به‌رانبه‌ر به دیارییه‌کانت ئه‌وان به خۆشحاڵییه چه‌ندت زه‌وی
ده‌وێت ده‌تده‌نێ. هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی که به ده‌سته‌کانی خۆت نیشانی بکه‌یت و ئیتر
هی خۆته."
باشقیره‌کان
دیسانه‌وه بۆ ماوه‌یه‌کی دی ده‌ستیان به قسه کرده‌وه و له‌وه‌دا بوون
ناکۆکییان که‌وتبێته نێوانه‌وه. پاخۆم لێی پرسین له‌سه‌ر چی ناکۆکن؛ وه‌رگێڕه‌که‌ش
پێی ووت که هه‌ندێکیان وا به پێویست ده‌زانن له‌باره‌ی زه‌وییه‌که‌وه پرس به
سه‌رۆکهۆزه‌که‌یان بکه‌ن و له غیابی ئه‌ودا هیچ کارێك ئه‌نجام نه‌ده‌ن؛ به
بۆچوونی هه‌ندێکیشیان پێویست ناکات چاوه‌ڕێی گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌و بن.
شه‌شه‌م
له‌و ده‌مه‌ی
باشقیره‌کان ده‌مه‌قاڵێیان بوو، پیاوێك که کڵاوێکی گه‌وره‌ی له فه‌رووی رێوی
دروستکراوی له‌سه‌ر بوو هاته ناوه‌وه. هه‌موو سرته‌یان لێ بڕا و به‌رزه‌پێ راوه‌ستان.
وه‌رگێڕه‌که ووتی، "ئه‌مه سرۆکهۆزه‌مانه."
پاخۆم یه‌کسه‌ر
داوای کرد باشترینی که‌واکان[4] و پێنج
پاوه‌ن چای بۆ بێنن و، ئه‌مانه‌ی پێشکه‌ش به سه‌رۆکهۆزه‌که کرد. سه‌رۆكهۆز قه‌بوڵی
کردن و له جێگا رێزلێنراوه‌که لێی دانیشت. باشیره‌قه‌کان ده‌موده‌ست ده‌ستیان
کرد به گێڕانه‌وه‌ی بابه‌تێك بۆی. سه‌رۆکهۆز بۆ ماوه‌یه‌ک گوێی بۆ رادێران و،
ئینجا به سه‌ری هێمای بۆ کردن بێده‌نگ بن و، رووی کرد پاخۆم و به روسی پێی ووت:
"باشه،
با وا بێ. دڵت به هه‌ر پارچه زه‌وییه‌ك بوو بۆ خۆتی هه‌ڵبژێره؛ ئێمه زه‌وییه‌کی
زۆروزه‌به‌ندمان هه‌ن."
"چۆن ده‌توانم
هه‌رچه‌ندم حه‌ز لێبێت وه‌ریگرم؟" پاخۆم بیری ده‌کرده‌وه. "پێویسته
جۆره به به‌ڵگه‌نامه‌یه‌ک ده‌سته‌به‌ری بکه‌م، ئه‌گینا له‌وانه‌یه پێم بڵێن،
'ئه‌وه هی تۆیه' و دواتریش لێم وه‌رگرنه‌وه."
"زۆر
سوپاس بۆ ووته جوانه‌کانتان،" به ده‌نگی به‌رز ووتی. "ئێوه زه‌وییه‌کی
زۆرتان هه‌یه و منیش ته‌نها که‌مێکم ده‌وێت. به‌ڵام پێویستمه دڵنیا بم که کام
پارچه هی من ده‌بێت. ناکرێت بپێورێت و پێم بدرێت؟ ژیان و مردن به ده‌ستی خودان. ئێوه‌ی
چاک و به‌ڕێز ئه‌مه‌تان به من دا، به‌ڵام منداڵه‌کانتان له‌وانه‌یه دواتر لێمی
بستێننه‌وه."
"قسه‌که‌ت
ته‌واو به جێیه،" سه‌رۆكهۆزه‌که ووتی. "ئه‌وه وا ئێمه پێتی ده‌به‌خشین."
"گوێم
لێبووه که پێشتر بازرگانێك پێشتر لێره بووه و،" پاخۆم درێژه‌ی به قسه‌که‌ی
دا، "ئێوه‌ش که‌مێك زه‌ویتان به ئه‌ویش داوه و به‌ڵگه‌نامه‌یه‌کی چکۆله‌تان
له‌و باره‌وه واژوو کردووه. منیش پێم خۆش به هه‌مان شێوه ئه‌نجام بدرێت."
سه‌رۆکهۆز لێی
گه‌یشت.
"به‌ڵێ،"
وه‌ڵامی دایه‌وه، "ئه‌وه‌ش زۆر به سانایی ده‌کرێت. خۆمان عه‌رزوحاڵنوسێکمان
هه‌یه و، پێکه‌وه‌ش ده‌چینه شار به‌ڵگه‌نامه‌که به دروستی مۆر ده‌که‌ین."
"ئه‌ی
باشه، نرخه‌که‌ی چه‌ند ده‌بێت؟" پاخۆم لێی پرسی.
"نرخی
ئێمه هه‌میشه وه‌کو خۆیه‌تی و نه‌گۆڕه: هه‌زار روبڵ بۆ هه‌ر رۆژێك."
پاخۆم تێی نه‌گه‌یشت.
"هه‌ر
رۆژێك؟ ئه‌وه چ جۆره پێوانه‌یه‌که؟ ده‌کاته چه‌ند دۆنم؟"
"ئێمه
ناتوانین ئه‌وه‌یان دیاری بکه‌ین،" سه‌رۆکهۆزه‌که ووتی. "ئێمه به رۆژه‌ڕێی
ده‌فرۆشین. له رۆژێکیدا هه‌ر چه‌نده‌ت توانی به پێ بپێوی، ئه‌وه بۆ خۆت ده‌بێت
و نرخی هه‌ر رۆژێك به هه‌زار روبڵه."
پاخۆم واقی ووڕ
ما.
ووتی، "به‌ڵام
له رۆژێکدا ده‌توانیت پارچه‌یه‌کی گه‌وره‌ی زه‌وی به‌ده‌ست بهێنیت."
سه‌رۆكهۆز پێکه‌نی.
"هه‌مووی
بۆ تۆ ده‌بێت،" پێی ووت. "ته‌نها یه‌ك مه‌رجمان هه‌یه: ئه‌گه‌ر له‌و
رۆژه‌دا بۆ هه‌مان جێگای لێیه‌وه ده‌ستت پێ‌کردبوو نه‌گه‌ڕێیته‌وه، ئه‌وا پاره‌که‌ت
ده‌ڕوات."
"به‌ڵام
چۆن ده‌توانم ئه‌وه‌ی پێیدا ده‌ڕۆم نیشانه بکه‌م؟"
"بۆ چی،
ده‌چینه هه‌ر جێگایه‌ك تۆ بته‌وێت و له‌وێ ده‌مێنینه‌وه. تۆش ده‌بێت له‌و جێگایه‌وه
سنوری خۆت دیاری بکه‌یت و، بێڵێک له‌گه‌ڵ خۆت هه‌ڵگره. له هه‌ر شوێنێکدا پێویستی
کرد، نیشانێك دابنێ. له هه‌ر سووڕانه‌وه‌یه‌كدا، چاڵێك لێ بده و خۆڵ و گیاکه‌ی له‌سه‌ر
یه‌ك گرمۆڵه بکه؛ ئه‌وجا ئێمه خۆمان به گاسنێك پێیاندا ده‌ڕۆین و له چاڵ بۆ
چاڵ ده‌یکێڵین و هێڵی ده‌کێشین. به دڵی خۆت تا ده‌توانیت خولێکی گه‌وره‌مان پێ لێ
بده‌یت، به‌ڵام له‌پێش رۆژئاوابوون پێویسته بگه‌ڕێته‌وه سه‌ر ئه‌و جێگایه‌ی لێیه‌وه
ده‌ستت پێ‌کردبوو. هه‌موو ئه‌و زه‌وییه‌ی پێیدا ده‌ڕۆیت بۆ خۆت ده‌بێت."
پاخۆم دڵخۆش
بوو. وایان بڕیار دا بۆ سه‌ر له به‌یانی رۆژی داهاتوو ده‌ست پێ بکه‌ن. که‌مێك ده‌مه‌ته‌قێیان
کرد و پاش خواردنه‌وه‌ی هه‌ندێکی دیکه کومیس و خواردنی هه‌ندێکی دیکه گۆشتی به‌رخ،
دیسانه‌وه چایان خوارده‌وه و، شه‌و داهات. جێخه‌وێکی په‌ڕیان به پاخۆم دا له‌سه‌ری
بخه‌وێت و باشقیره‌کان لێیان دا و کردیانه شه‌و. به‌ڵێنیان دا بۆ سبه‌ینێ له‌گه‌ڵ
گزنگی به‌یاندا کۆ ببنه‌وه و تا پێش رۆژهه‌ڵهاتن لێی باژوون بۆ جێگای ده‌ستنیشانکراو.
حه‌وته‌م
پاخۆم له‌سه‌ر
نوێنه له په‌ڕ دروستکراوه‌که هه‌ڵاژیا، به‌ڵام خه‌وی لێ نه‌ده‌که‌وت. هه‌ر بیری
له زه‌وییه‌که ده‌کرده‌وه.
داڵغه‌ی لێده‌دا،
"چ پارچه‌یه‌کی گه‌وره نیشان ده‌که‌م! به ئاسانی ده‌توانم له رۆژێكدا سی و
پێنج میل ته‌ی بکه‌م. ئێستا رۆژ درێژتره و بازنه‌یه‌کی به درێژایی سی و پێنج میل
چ زه‌وییه‌کی فراوانی لێ ده‌رده‌چێت. به‌شه که‌م پیته‌کانی ده‌فرۆشمه‌وه یان به
جوتیاری دیکه‌ی به کرێ ده‌ده‌م و، به‌شه نایابه‌که‌یشی بژارده ده‌که‌م و ده‌یکێڵم.
دوو جووته گای بۆ ده‌کڕم و دوو کرێکاری دیکه به کرێ ده‌گرم. زه‌وییه‌کی به ئه‌ندازه‌ی
دوو سه‌د و چل دۆنم ده‌کێڵم و ئه‌و دوای بۆ له‌وڕگای په‌زه‌کان ده‌هێڵمه‌وه."
پاخۆم ته‌واوی
شه‌وه‌که بێ‌دار بوو و ته‌نها ها له‌پێش به‌ره‌به‌یان تۆزێك خه‌وی چووه چاو. چاوی
داخستبوو و دانه‌خستبوو خه‌ونێکی دیت. له خه‌ونیدا، له‌ناو هه‌مان چادردا پاڵی
دابووه‌وه و گوێی له که‌سێك بوو له ده‌ره‌وه پێده‌که‌نی. نه‌یده‌زانی داخۆ ده‌بێت
کێ بێت و، هه‌ستا و له چادره‌که چووه ده‌ره‌وه؛ بینی سه‌رۆکهۆزی باشقیره‌کانه
و له‌به‌رده‌م چادره‌که دانیشتووه و ده‌ستی به که‌مه‌ره‌وه گرتووه و له پێکه‌نیندا
لوول ده‌خوات. له سه‌رۆکهۆزه‌که چووه پێشه‌وه و لێی پرسی: "ئه‌وه به چی
پێده‌که‌نیت؟" به‌ڵام له پڕێکدا ئیدی سه‌رۆکهۆزه‌که نه‌بوو، به‌ڵکو بووه
ئه‌و ده‌ڵاڵه بازرگانه‌ی که ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وه‌به‌ر له‌لای ماڵیان وه‌ستا و
باسی ئه‌م زه‌وییه‌ی بۆ کرد. هه‌ر که پاخۆم خه‌ریك بوو لێی بپرسێت، "ئه‌رێ
ئه‌وه له مێژه تۆ لێره‌یت؟" بینی خۆ ئه‌وه ده‌ڵاڵه‌که‌ش نییه، به‌ڵکو ئه‌و
جوتیاره‌یه که پێشتر له ڤۆڵگاوه هاتبووه ماڵه کۆنه‌که‌ی پاخۆم. ئه‌وجا بینی
که جوتیاره‌که‌ش نییه، به‌ڵام خودی شه‌یتانه به سم و شاخه‌کانییه‌وه، له‌وێدا
دانیشتووه و له قاقای پێکه‌نینی داوه و پیاوێك به پێی په‌تی و ته‌نها شه‌ڕواڵ
و کراسێکی له‌به‌ردایه له به‌رده‌میدا و له سه‌ر عارده‌که کڕنۆشی بردووه. پاخۆمیش
به دیقه‌ته‌وه لێی نۆڕی که چ جۆره پیاوێکه له‌وێدا خۆی به زه‌ویدا داوه؛
بینی که پیاوه‌که مردووه و خودی خۆیشێتی! که له خه‌و راپه‌ڕی زه‌نده‌قی
چووبوو.
به خۆیی ووت،
"پیاو خه‌ون به چ شتگه‌لێکه‌وه ده‌بینێت."
ته‌ماشایه‌کی
ده‌وروبه‌ری کرد و له ده‌رگا کراوه‌که‌وه بینی کازیوه‌ی داوه.
وای بیر کرده‌وه
که، "کاتی ئه‌وه‌یه له خه‌ویان هه‌ڵسێنم. ده‌بێت ده‌ست به‌کار بین."
هه‌ستایه سه‌ر
پێ و نۆکه‌ره‌که‌یی هه‌ستاند (که له‌ناو گالیسکه‌که‌یدا نووستبوو)، لغاوه‌کانی پێ
به‌ست و، چوون بانگی باشقیره‌کان بکه‌ن.
پێی ووتن،
"کاتی ئه‌وه‌یه بچینه پێده‌شته‌که و زه‌وییه‌که بپێوین."
خه‌ڵكه
باشقیره‌که هه‌ستان و خڕ بوونه‌وه و، سه‌رۆکهۆزه‌که‌ش هات. هه‌مدیس ده‌ستیان
کرده‌وه به کومیس خواردنه‌وه و هه‌ندێ چایان پێشکه‌ش به پاخۆم کرد، به‌ڵام نه‌یویست
بیخواته‌وه.
"ئه‌گه‌ر
ده‌بێت بڕۆین، ده با بڕۆین. کات دره‌نگه،" وای ووت.
هه‌شته‌م
باشقیره‌کان
ئاماده بوون و هه‌موویان ده‌ستیان به جووڵه کرد. هه‌ندێکیان سواری ئه‌سپ بوون و
هه‌ندێکی دیکه‌یشیان سواری گالیسکه و عه‌ره‌بانه‌کان بوون. پاخۆم گالیسکه بچوکه‌که‌ی
خۆیی له‌گه‌ڵ نۆکه‌ره‌که‌یدا هاژووژت و بێڵێکی له‌گه‌ڵ خۆدا برد. که گه‌یشتنه
پێده‌شته‌که، سووریی ده‌مه‌و به‌یان به‌ده‌رکه‌وت. بۆ سه‌ر ته‌پۆڵکه‌یه‌ك سه‌رکه‌وتن
(که باشقیره‌کان شیخانیان پێده‌ووت) و له ئه‌سپ و گالیسکه‌کانیان پیاده بوون.
له یه‌ك جێ‌دا کۆبوونه‌وه. سه‌رۆكهۆزه‌که هاته لای پاخۆم و ده‌ستی به‌ره‌و ده‌شت
و ئارانه‌که درێژ کرد:
"ده‌بینی،"
پێی ووت، "گشت ئه‌و ده‌شته تا چاوت بڕ ده‌کات، هی ئێمه‌یه. ده‌توانی هه‌ر
به‌شێکیت حه‌ز لێ بێت بۆ خۆتی ببه‌یت."
چاوه‌کانی پاخۆم
ده‌بریسکانه‌وه: هه‌موویش خاكی به‌یار و نه‌کێڵراو، وه‌کو ناو له‌پ ته‌خت، خاکه‌که‌یشی
وه‌کو تۆووی گوڵاڵه‌سووره ره‌ش و، له نه‌واڵ و قولێره‌کانیشدا جۆره‌ها گیا وه‌حشییانه
رووابوون.
سه‌رۆکهۆزه‌که
کڵاوه له فه‌رووه رێوی دروستکراوه‌که‌یی له‌سه‌ر داکه‌ند و له‌سه‌ر زه‌ویی دانا
و ووتی:
"ئه‌مه
ده‌بێته نیشانه. لێره‌وه ده‌ست پێ بکه و بگه‌ڕێوه ئێره. به ده‌وری هه‌ر
پارچه زه‌وییه‌کدا رۆیشتی، ده‌بێته هی خۆت."
پاخۆم پاره‌که‌یی
ده‌رهێنا و له‌سه‌ر کڵاوه‌که‌ی دانا. پاڵتۆکه‌ی له‌به‌ر کرده‌وه و په‌سه‌که
بێقۆڵه‌که‌ی له‌به‌ردا مایه‌وه. پشتێنه‌که‌ی شل کرد و له‌سه‌ر سکییه‌وه توندی شه‌ته‌ك
دا، توره‌که‌یه‌کی بچوکی پڕ له نانی خسته به‌رۆکی په‌سه‌که‌که‌یه‌وه، مه‌تاره‌یه‌ك
ئاوی له پشتێنه‌که‌ی به‌ست، لێواری پۆتینه‌کانیی هێنایه سه‌ره‌وه، بێڵه‌که‌ی له
نۆکه‌ره‌که‌ی وه‌رگرت و، قیت و ئاماده بوو بۆ ده‌ست پێکردن. بۆ ساتێك سه‌رنجی دا
له کام رێگاوه بڕوات باشتره؛ سه‌رنجی بۆ گشت لایه‌کی راده‌کێشا.
"کێشه
نییه،" به‌و ئاکامه گه‌یشت که، "به‌ره‌و ئه‌و خۆره‌ی هه‌ڵدێت ده‌ڕۆم."
به‌ری کرد به
لای رۆژهه‌ڵات، سه‌حێکی خۆی کرد و، چاوه‌ڕێی کرد تا خۆر له‌و قه‌راغه‌وه به‌ده‌ر
بکه‌وێت.
وای بیر ده‌کرده‌وه،
"پێویسته هیچ کات به فیڕۆ نه‌ده‌م و، تا هه‌وا فێنکه بۆ رۆیشتن خۆشتره."
تیشکی خۆر به
ئه‌سته‌م له سه‌روو ئاسۆوه شه‌وقی ده‌دایه‌وه، پاخۆم بێڵه‌که‌ی خسته سه‌ر شانی
و به‌ره‌و ده‌شته‌که شۆڕ بووه‌وه.
پاخۆم نه
هێواش و نه خێرا ده‌ستی به رۆیشتن کرد. له پاش رۆیشتنی هه‌زار یاردێك وه‌ستا و
چاڵێکی که‌ند و هه‌ندێ خۆڵ و گیای به‌سه‌ر یه‌که‌وه که‌ڵه‌که کرد تاکو پتر دیار
بێت. ئینجا درێژه‌ی به رۆیشتن دا و ئێستاش ره‌قیی له‌شی نه‌ماوه و هه‌نگاوه‌کانی
خێراتر کردووه. پاش ماوه‌یه‌کی دیکه چاڵێکی دیکه‌ی لێدا.
ته‌ماشایه‌کی
دواوه‌ی کرد. ته‌پۆڵکه‌که و ئه‌و خه‌ڵکه‌شی له‌سه‌ری بوون و هه‌روه‌ها بریسکه‌ی
چه‌رخی گالیسکه‌کانیش له‌به‌ر تیشکی رۆژ ده‌توانرا به روونی ببینرێن. به‌و په‌ڕی
مه‌زه‌نده‌ی خۆی، پاخۆم وای داده‌نا که سێ میلێك رۆیشتبێت. هه‌وا گه‌رمتر داده‌هات؛
په‌سه‌که‌که‌ی داکه‌ند و فڕێی دایه سه‌ر شانی و ده‌ستی به رۆیشتن کرده‌وه. ئێستاش
ته‌واو گه‌رمی کردبوو، ته‌ماشایه‌کی خۆره‌که‌ی کرد، کاتی ئه‌وه بوو بیر له قاوه‌ڵتی
خواردن بکاته‌وه.
"قۆناغی
یه‌که‌م ته‌واو بوو، به‌ڵام خۆ رۆژ چوار قۆناغه و، هێشتا بۆ گه‌ڕانه‌وه زۆر زووه.
به‌س با پۆتینه‌کانم له پێ داکه‌نم،" به خۆیی ده‌ووت.
دانیشت و
پۆتینه‌کانی له پێ کرده‌وه و کردنی به پشتێنه‌که‌یه‌وه و، به رێ که‌وته‌وه.
ئێستا رۆیشتن ئاسانتر بوو.
"سێ میلی دیکه
ده‌ڕۆم و،" بۆ خۆی بیری ده‌کرده‌وه، "ئه‌وجا به لای چه‌پدا باده‌ده‌مه‌وه.
جێگاکه‌ی زۆر چاکه، حه‌یفه له‌ده‌ستی بدرێت. تا چه‌ند دوورتر بڕۆی خاكه‌که‌ی
باشتر خۆی ده‌نوێنێت."
ماوه‌یه‌کی
دیکه رێکوڕاست رێی کرد و له‌و کاته‌ی به‌رێکی به‌دواوه کرد، ته‌پۆڵکه‌که به ئه‌سته‌م
ده‌بینرا و خه‌ڵکه‌که‌ی سه‌ریشی وه‌کو مێرووله‌ی ره‌ش دیار بوون؛ ته‌نها شتێکی ده‌بینی
له‌به‌ر هه‌تاوه‌که ده‌بریسکایه‌وه.
"ئاه،"
پاخۆم بیری لێده‌کرده‌وه، "به گوێره‌ی پێویست به‌م ئاراسته‌یه‌دا رۆیشتووم
و کاتی گه‌ڕانه‌وه‌یه. هه‌روه‌ها به‌رده‌وامیش ئاره‌ق ده‌رده‌م و زۆریشم تینوه."
وه‌ستا و
چاڵێکی گه‌وره‌ی لێدا و کۆمه‌ڵی خۆڵ و گیای به‌سه‌ر یه‌که‌وه نا. ده‌می مه‌تاره‌که‌یی
کرده‌وه و هه‌ندێ ئاوی خوارده‌وه و ئینجا به‌لای چه‌په‌وه رووی وه‌رچه‌رخاند.
هه‌ر رۆیشت و رۆیشت؛ گژوگیاکه‌ی به‌رز بوو و هه‌واشی زۆر گه‌رم.
پاخۆم له‌وه‌دا
بوو ماندوو بێت؛ ته‌ماشایه‌کی خۆری کرد و بینی که نیوه‌ڕۆیه.
"ئێ،
پێویسته پشوویه‌ک وه‌رگرم."
دانیشت و هه‌ندێ
نانی خوارد و هه‌ندێ ئاوی به‌سه‌ردا کرد؛ به‌ڵام لێی پاڵ نه‌که‌وت، وای بیر ده‌کرده‌وه
که ئه‌گه‌ر پاڵ بداته‌وه ره‌نگه خه‌و بیباته‌وه. پاش ئه‌وه‌ی که‌مێکی دی
دانیشت، لێیدا ده‌ستی به رێکردن کرده‌وه. سه‌ره‌تا به ئاسانی ده‌ڕۆیشت؛
نانخواردنه‌که‌ی هێزی دابووه به‌ر پێی؛ به‌ڵام زۆر گه‌رمی کردبوو و خه‌ویشی ده‌هات؛
هێشتا هه‌ر ده‌ڕۆیشت و بیری ده‌کرده‌وه: "کاتژمێرێك ئازار بچێژه و ته‌مه‌نێك
بژی."
به‌م ئاراسته‌یه‌ش
رێیه‌کی زۆری ته‌ی کردبوو و له‌وه‌دا بوو جارێکی دیکه به‌لای چه‌پدا بابداته‌وه.
له‌و کاته‌دا نشێوێکی ته‌ڕ و شێداری هاته پێش: "حه‌یفه ئه‌وه به‌جێ
بهێڵی،" به خۆیی ده‌ووت. " ئێره بۆ که‌تان یه‌کاویه‌كی ده‌هێنێت."
بۆیه تا ئه‌وپه‌ڕی نشێوه‌که رۆیشت و له‌وبه‌رییه‌وه و پێش ئه‌وه‌ی بسووڕێته‌وه
چاڵێکی دیکه‌ی لێدا. پاخۆم رووه‌و ته‌پۆڵکه‌که ته‌ماشایه‌کی کرد. گه‌رماکه هه‌وای
ته‌م و مژاوی کردبوو. وا دیار بوو که ده‌شه‌کێته‌وه و، له‌ناو ته‌مه‌که‌وه خه‌ڵکه‌که‌ی
سه‌ر ته‌پۆڵکه‌که به ئه‌سته‌م ده‌بینران.
پاخۆم ئاهێکی
هه‌ڵکێشا: "به‌م لایه‌دا زۆر رۆیشتم؛ ده‌بێت ئه‌م لایه‌یان کورت‌تر بکه‌مه‌وه."لای
سێیه‌می ته‌ی ده‌کرد و خێرا هه‌نگاوی ده‌نا. ته‌ماشایه‌کی خۆری کرد، له نیوه‌ی
ئاسۆدا بوو و هێشتاش دوو میلی له لای سێیه‌می چوارگۆشه‌که نه‌بڕیبوو. ده میلی
بۆ ئامانجه‌که‌ی مابوو.
"نه‌خێر،"
له مێشکی خۆیدا ده‌یووت، "ئه‌گه‌ریش ئه‌مه زه‌وییه‌که‌م قیناج بکات،
پێویسته خێرا هه‌ر ئێستا به هێڵێکی رێکوڕاست بگه‌ڕێمه‌وه. ده‌بێت زۆر دوور
رۆیشتبم و وا دیاره زه‌وییه‌کی فراوانم ته‌ی کردبێت."
به‌م جۆره، پاخۆم
خێرا چاڵێکی لێدا و به‌ره‌و ته‌پۆڵکه‌که بۆی داکێشا.
نۆیه‌م
پاخۆم راسته‌وڕاست
به‌ره‌و ته‌پۆڵکه‌که ملی رێی گرت، به‌ڵام له‌م کاته‌دا به زۆر ده‌ڕۆیشت. گه‌رماکه
هه‌ڕه‌کاندبووی، پێ په‌تییه‌کانی شه‌قار شه‌قار و شینومۆر ببوو و، لاقه‌کانی خه‌ریكبوون
له رێ ده‌که‌وتن. زۆری حه‌ز به پشوودان ده‌کرد، به‌ڵام پشوودان مه‌حاڵ بوو ئه‌گه‌ر
بیویستایه به‌ر له خۆرئاوابوون بگه‌ڕێته‌وه. خۆر چاوه‌ڕێی هیچ که‌س ناکات و، تا
ده‌هات پتر و پتر شۆڕ ده‌بووه‌وه.
"ئای
ئازیزه‌که‌م،" بیری ده‌کرده‌وه، "ئه‌گه‌ر ئه‌و هه‌ڵه گه‌وره‌یه‌م به
هه‌ڵپه‌کردن بۆ زیاتر نه‌کردایه! ئه‌ی چی ئه‌گه‌ر زۆر دوا بکه‌وم؟"
رووه‌و ته‌پۆڵکه‌که
ته‌ماشایه‌کی خۆری کرد. هێشتا له ئامانجه‌که‌یه‌وه دوور بوو و خۆریش نزیك ده‌مکه‌ل
بووه‌وه. پاخۆم ده‌ڕۆیشت و ده‌ڕۆیشت؛ رێکردنێکی زۆر گران بوو، به‌ڵام خێرا و
خێراتر ده‌ڕۆیشت. فشاری به خۆی هێنا و به‌ڵام هێشتا له جێگه‌که زۆر دوور بوو.
ده‌ستی به هه‌ڕاکردن کرد، په‌سه‌که‌که‌ی فڕێ دا، پۆتینه‌کانی، مه‌تاره‌که‌ی و،
کڵاوه‌که‌یشی؛ ته‌نها بێڵه‌که‌یی هێشته‌وه که بۆ خۆ به‌سه‌ردادانی به‌کار ده‌هێنا.
"ده‌بێت
ئێستا چی بکه‌م،" دیسانه‌وه بیری ده‌کرده‌وه، "باوه‌شم به زۆردا کرد
و، ته‌واوی کاره‌که‌م تێک دا. ناتوانم پێش خۆرئاوابوون بگه‌مه‌وه ئه‌وێ."
ئه‌م ترسه‌شی
زیاتر پشووی له‌به‌ر بڕی. پاخۆم هه‌ر هه‌ڕای ده‌کرد، کراس و شه‌ڕواڵه خوساوه‌که‌یی
پێوه نوسابوون و، زاریشی ووشك هه‌ڵهاتبوو. سنگی وه‌کو مووشه‌ده‌مه‌ی[5]
ئاسنگه‌ر ئیشی ده‌کرد، دڵی وه‌کو چه‌کوش لێی ده‌دا و، لاقه‌کانی وه‌ها خۆیان به‌ده‌سته‌وه
ده‌دا وه‌ك بڵێی هی ئه‌م نه‌بن. پاخۆم ترسێکی لێ نیشتبوو که ئه‌و خۆماندووکردنه
ده‌یکوشت.
ئه‌گه‌رچی له
مردنیش ده‌ترسا، نه‌یده‌توانی بوه‌ستێت. بیری ده‌کرده‌وه که "به شێتم ده‌زانن
ئه‌گه‌ر له‌پاش ئه‌و هه‌موو هه‌ڕاکردنه ئا له‌م کاته‌دا بووه‌ستم." هه‌ر رای
ده‌کرد و رای ده‌کرد؛ که نزیك بووه‌وه، باشقیره‌کان هات و هاواریان بۆ ده‌کرد و،
هاواره‌کانیشیان بڵێسه‌ی زیاتری به دڵییه‌وه ده‌نا. دوا هێزی خۆی کۆکرده‌وه و
رای کرده‌وه.
خۆر له لێواری
رووی زه‌وی نزیك ببووه‌وه و له نێو مژه‌که‌دا گه‌وره‌تر و سوور هه‌ر وه‌ك خوێن
ده‌رده‌که‌وت. ئێستاش، به‌ڵێ ئێستا، وا خه‌ریکه ئاوا ده‌بێت! خۆر ته‌واو نزم
ببووه‌وه، به‌ڵام ئه‌میش ته‌واو له ئامانجه‌که‌ی نزیك ببووه‌وه. پاخۆم خه‌ڵکه‌که‌ی
به‌سه‌ر ته‌پۆڵکه‌که‌وه بینیبوو ده‌ستیان بۆ راده‌وه‌شاند و هانیان ده‌دا په‌له
بکات. توانی کڵاوه فه‌رووه‌که‌ش له‌سه‌ر عارده‌که ببینێت و، پاره‌که‌ی سه‌ریشی
و، هه‌روه‌ها سه‌رۆكهۆزه‌که‌ش که له‌سه‌ر زه‌وی دانیشتبوو و ده‌ستی به که‌مه‌رییه‌وه
گرتبوو. له‌و کاته‌دا پاخۆم خه‌ونه‌که‌یی بیر که‌وته‌وه.
"زه‌وییه‌کی
فراوانی هه‌یه،" وای بیر ده‌کرده‌وه، "به‌ڵام ئایا خودا لێی ده‌گه‌ڕێت
له‌سه‌ری بژیت؟ ژیانمم له‌سه‌ر دانا، ژیانمم له‌سه‌ر دۆڕاند! هه‌رگیز ناتوانم بگه‌مه
جێگاکه!"
پاخۆم ته‌ماشای
خۆری کرد که به زه‌وی گه‌یشتبوو: به‌شێکی بزر ببوو. به هه‌رچی هێز و گووڕێکی
تێدا مابوو په‌له‌په‌لی کرد، جه‌سته‌یی بۆ پێشه‌وه چه‌مانده‌وه تاوه‌کو لاقه‌کانی
هیچ نه‌بێت ئه‌وه‌نده خۆیان راگرن به ده‌مدا نه‌که‌وێت. هه‌ر که گه‌یشته ته‌پۆڵکه‌که،
یه‌کسه‌ر تاریك داهات. سه‌ری به‌رز کرده‌وه، خۆر ئاوا ببوو. گریانی هاتێ و له
بیری خۆیدا ده‌یووت: "گشت کۆششه‌که‌م به هه‌ده‌ر چوو." له‌ودا بوو بوه‌ستێت،
گوێی لێ‌بوو باشقیره‌کان هێشتا هه‌ر هات و هوریایان بوو، ئه‌وه‌ی به بیردا هاته‌وه
که ئه‌م خۆی له خواره‌وه بووه که خۆره‌که وا دیار بووه نیشتبێت، به‌ڵام ئه‌وان
له‌سه‌ر گرده‌که‌ن و له‌وانه‌یه هێشتا بتوانن بیبینن. هه‌ناسه‌یه‌کی قووڵی هه‌ڵکیشا
و بۆ سه‌ر گرده‌که رای کرد. ئه‌وێ هێشتا روناك بوو. گه‌یشته سه‌ره‌وه و کڵاوه‌که‌ی
بینی. له‌به‌رانبه‌ریدا سه‌رۆکهۆزه‌که دانیشتبوو و پێده‌که‌نی و ده‌ستی به که‌مه‌رییه‌وه
گرتبوو. دیسانه‌وه پاخۆم خه‌ونه‌که‌یی بیر هاته‌وه و به ده‌نگ له پرمه‌ی
گریانی دا: لاقه‌کانی به‌ده‌سته‌وه‌یان دا، به ده‌مدا که‌وت و به ده‌سته‌کانی
خۆی گه‌یانده کڵاوه‌که.
"ئای، چ
پیاوێکی چاك و ئازایه!" سه‌رۆكهۆز به سه‌رسووڕمانه‌وه ووتی. "زه‌وییه‌کی
زۆری به‌ده‌ست هێنا!"
نۆکه‌ره‌که‌ی پاخۆم
هات و لێی نه‌وی به‌رزی بکاته‌وه، به‌ڵام دیتی که خوێن له ده‌می ده‌ڕوات. پاخۆم
مردبوو!
باشقیره‌کان به
نووچه نووچکردنی زمانیان به‌زیی خۆیانیان نیشان ده‌دا.
نۆکه‌ره‌که‌ی
بێڵه‌که‌ی هه‌ڵگرت و به درێژی به‌ژنی خۆی گۆڕێکی بۆ پاخۆم هه‌ڵکه‌ند، تێیدا پاڵی
خست و شاردییه‌وه. هه‌ر ته‌نها شه‌ش پێ له سه‌رییه‌وه تا پێی پێویست بوو.
[1] له چاپه
ئینگلیزییه‌که‌دا وه‌کو یه‌که‌ی پێواندنی رووبه‌ر 'ئه‌یکه‌ر' به‌کار هاتووه، به‌ڵام
تۆڵستۆی خۆی یه‌که‌ی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی روسیای به‌کار هێناوه که 'دێسیاتین'ه. بۆ
ئه‌وه‌ی ئه‌ندازه‌که بۆ خوێنه‌ری کوردی زۆر نامۆ نه‌بێت، ئه‌و یه‌که‌یه‌م بۆ
دۆنمی عێراق گۆڕی. وه‌ك ئاشکرایه هه‌ر دۆنمێکی عێراقی یه‌کسانه به (2500) مه‌تری
دووجا. که‌م دیقه‌تی و دروستی له گۆڕینی ژماره‌کانی تایبه‌ت به رووبه‌ری زه‌وی
زۆر کار ناکاته بیرۆکه‌کان. بۆیه زیاتر ژماره رێك و ئاسانه به‌کار ده‌هێنرێن؛
بۆ نمونه: له بری ئه‌وه‌ی بڵێن (486) دۆنم، به پێنج سه‌د دۆنمی داده‌نێین.
[2] گزیکردن: ده‌ستدرێژی کردنه‌سه‌ر مووڵکی که‌سانی
دیکه. ته‌جاووز
[3] گێشه: گورزه
[4] که‌وا: له بری جلی نه‌ریتیی روسی به‌کار هاتووه.
[5] مووشه‌ده‌مه: فووکه‌ره، ئامیری په‌مپی هه‌وا.


No comments:
Post a Comment