ژمارەیەك لە نۆڤلێت و چیرۆکەکانی نوسەری گەورەی رووسیا کە لە زمانی ئینگلیزییەوە کردوومن بە کوردی

Monday, October 4, 2021

باوکە سێرگی

باوکە سێرگی 



باوکە سێرگی

لیۆ تۆڵستۆی

 لە ئینگلیزییەوە بۆ کوردی: ئاکۆ محەمەد

 

 

            ١

لە پیتەرسبۆرگ و لە ساڵانی هەزار و نۆسەد و چلەکاندا رووداوێکی سەیر روویدا. ئەفسەرێکی هێزی پاسەوانی ئیمپراتۆری، شازادەیەکی قۆز کە هەموو کەس لەبارەیەوە وەهای پێشبینی دەکرد ببێتە کەسی دەستەڕاستی ئیمپراتۆر نیکۆلاسی یەکەم و پۆستێکی پلە باڵای پێ ببڕێت، وازی لە خزمەتەکەی هێنا و وازی لەو دەزگیراندارییەی هێنا لەگەڵ خزمەتکارێکی شاهانەی جوان، کە پێشتر دڵخوازی خودی ئیمپراتۆر بوو؛ ئەفسەرەکە خانووە بچوکەکەیی دا بە خوشکەکەی و، لە دێرێکدا لێی دانیشت و بووە رەبەن.

ئەم رووداوە نائاسایی و ناڕوون بوو بۆ ئەوانەی ئاشنای مەرامەکانی ناخی ئەو نەبوون، بەڵام بۆ شازادە ستێپان کاساتسکی خۆی ئەمانە هەمووی هێندە ئاسایی روویاندا کە خۆیشی نەیدەتوانی بیری لێ بکاتەوە پێچەوانەی ئەو کارانەی چۆن دەبوون.

ئەو کاتەی تەمەنی ستێپان گەیشتە دوازدە ساڵ، باوکی کە سەرهەنگێکی خانەنشینی هێزەکانی پاسەوانی بوو، کۆچی دوایی کرد و، لە بەختی رەشیدا دایکی ناچار دەبێت لە کوڕەکەی جیا ببێتەوە؛ دایکی لەسەر ویستی مێردە نەخۆشەکەی کۆڕەکەی دەخاتە کۆلێژی سەربازی.

  بێوەژنەکە خۆیشی لەگەڵ ڤارڤارای کچیدا دەگوازنەوە بۆ پیتەرسبۆرگ بۆ ئەوەی لە کوڕەکەی نزیك بێت و لە رۆژانی پشوو لەگەڵیدا بێت.

لەبەر توانا بەرزەکەی و خۆویستییە زۆرەکەیەوە کوڕێکی دیار بوو. هەم لە خوێندنەکەیدا و بە تایبەتی لە بیرکاریدا کە زۆری حەز لێ بوو و، هەمیش لە مەشقەکان و سوارچاکیدا کەسی یەکەم بوو. بەو باڵایەی لە مامناوەند بەرزتر و خۆیشی گەنجێکی قۆز و گورج، دەشیا ئەمانە هەمووی پێکەوە بیکەنە خوێندکارێکی سەربازیی نمونەیی ئەگەر سروشتێکی زووهەڵچووانەی نەبا. زۆر راستگۆ بوو و، هەروەها نە دەستباد و نە ئاڵودەی خواردنەوەیش بوو. تەنها عەیبێك لە رەفتاریدا هەبووبێت ئەو ساتانەی هەڵچوون بوون کە تووشی دەهات و وای لێ دەکرد کۆنترۆڵی خۆی لەدەست بدات و وەکو ئاژەڵێکی کێویی لێ دەکرد. جارێكیان هێندەی نەمابوو خوێندکارێکی سەربازیی دیکە لە پەنجەرەوە فڕێ بداتەوە دەرەوە لەبەر ئەوەی گاڵتەی بەو خووەی کردبوو کە کانزاکان کۆدەکاتەوە. لە رێکەوتێکی دیکەدا زۆری نەمابوو بە تەواوەتی تووشی بەدبەختی ببێت کاتێك قاپێکی پڕ لە شفتەی ماسیی هاوێشت بۆ ئەفسەرێك کە خۆیی وەکو خزمەتکارێك لێکردبوو؛ وەکو باس کرا، لەبەر ئەوەی ئەفسەرەکە قسەی خۆیی شکاندبوو و درۆیەکی شاخداری کردبوو، ئەمیش هێرشی کردبووە سەر تێری لێدابوو. بە دڵنیاییە پلەکانی دادەبەزێنرا ئەگەر هاتبا بەڕێوەبەری کۆلێژەکە تەواوی بابەتەکەی پەنکوێر نەکردبا و خزمەتکارەکەی دەرنەکردبا.

ئەو کاتەی تەمەنی گەیشتە هەژدە ساڵ، خوێندنی کۆلێژی تەواو کرد و وەکو ملازمێك مامورییەتێکی لە کەتیبەیەکی ئەرستۆکراتیی هێزی پاسەوانی وەرگرت.

ئیمپراتۆر نیکۆلاس پاڤلۆڤیچ (نیکۆلاسی یەکەم) کاتێك هێشتا کە لە کۆلێژدا بوو تێبینیی ئەمی کردبوو و، لە کەتیبەکەشدا بەردەوام تێبینیی لەسەر وەردەگرت و، بەم حیسابەش بوو خەڵك وەهایان پێشبینیی پۆستێکی وەکو یاریدەدەرێکی دەستەڕاستی ئیمپراتۆری بۆ بکەن. کاساتسکی خۆیشی پڕ بەدەڵ ئارەزووی ئەوەی دەکرد، نەك تەنها لەبەر تەماحی خۆی، بەڵکو زیاتر بە هۆی ئەوەی لەو کاتەوەی خوێندکاری سەربازی بوو لە دڵەوە وابەستەی نیکۆلاس پاڤلۆڤیچ ببوو. ئیمپراتۆر زۆر جاران سەردانی کۆلێژی سەربازیی دەکرد. کاساتسکی هەموو جارێك نیکۆلایی دەبینی بەو قەد و باڵا بەرزەی و بەو سینگەی بەرینەی لەناو پاڵتۆ سەربازییەکەیدا و بە هەنگاوی گورجوگۆڵ دەهاتە ژوورەوە و، هەروەها لاڕیش و سمێڵە کورتکراوەکەی و لووتە کەوانەییەکەیشی بەرچاو دەکەوت؛ گوێی لەو دەنگە گڕەی دەبوو کاتێك سڵاوی لە خوێندکاران دەکرد؛ کاریگەر بووبوو بەو جۆش و سەرمەستییەی نیکۆلای؛ ئەم خۆیشی دواتر هەمان ئەو جۆشەی چەشت کاتێك بەو ئافرەتەی خۆشی دەویست گەیشت. بگرە لە راستیشدا، سەرسامی و سۆزەکەی بۆ ئیمپراتۆر تا دەهات بەهێزتر دەبوو. بۆ سەلماندنی دڵبەندییە سەراپاییەکەی، ئارەزووی دەکرد  شتێك، یان هەموو شتێك و تەنانەت گیانی خۆیشی، بکات بە قوربانی. ئیمپراتۆر نیکۆلاسیش هۆشیارانە ئەم شەیداییەی ئەمی دەبزوواند و بە ئەنقەست جۆشی دەدا. گەمەی لەگەڵ خوێندکارەکان دەکرد و، لە دەوری خۆیی کۆدەکردنەوە و، هەندێجاریش بە سادەییەکی منداڵانە مامەڵەی لەگەڵدا دەکردن، هەندێ جاریش وەکو هاوڕێیەك و، ئینجا دیسانەوە بە ویقاری شاهانەوە لەگەڵیان دەچووڵایەوە. لە پاش ئەو کێشەیەی لەگەڵ ئەفسەرەکەدا هەیبوو، نیکۆلاس پاڤلۆڤیچ هیچی بە کاساتسکی نەووت، بەڵام کاتێك ئەم لێی نزیك بوویەوە، نیکۆلاس بە شێوەیەکی نمایشییانە ئاماژەی پێ دەدا لێی دوور بکەوێتەوە و رووی بە روودا گرژ کرد و پەنجەی لێ راوەشاند و، دواتر کە دەڕۆیشتەوە پێی ووت: "لە یادت بێت کە من هەموو شتێك دەزانم. هەندێ شت هەن حەز ناکەم بیانزانم، بەڵام لێرەدا هەر دەمێننەوە،" لەگەڵ ئەمەدا ئاماژەی بە سەر دلێ خۆی دەکرد.

ئەو کاتەیشی کۆلێژیان بەجێ هێشت، خوێندکاران لە لایەن ئیمپراتۆرەوە پێشوازییان لێ کرا؛ ئەو جارەش نەهاتەوە سەر کەتنەکەی کاساتسکی، بەڵام وەك خووی هەمیشەیی خۆی بە هەموویانی ووت کە دەبێت بەدڵسۆزییەوە خزمەتی خۆی و نیشتمان بکەن؛ ئەوەیشی پێ ووتن کە خۆی هەمیشە باشترین هاوڕێیان دەبێت و هەر کاتێك پێویستی کرد دەتوانن راستەوخۆ پێی بگەن. خوێندکارەکان وەك هەمیشە هەموویان خرۆشان و، کاساتسکی تەنانەت فرمێسکیشی رشت و رابردووی بە بیر هاتەوە و بەڵێنی بە خۆی دا کە بە هەموو گیانی خۆی خزمەتی سزارە خۆشەویستەکەی بکات.

کاتێکیش کاساتسکی مامورییەت و ئەرکەکەیی پێ سپێردرا، دایکی و خوشکەکەی یەکەم جار گواستیانەوە بۆ مۆسکۆ و دواتریش بۆ موڵکە لادێییەکەیان. کاساتسکی نیوەی سەروەت و سامانەکەیی دا بە خوشکەکەیی و هەر ئەوەندەی هێشتەوە بەشی خەرجی گرانی ناو ئەو کەتیبەیە بکات کە پەیوەندیی پێوە کردبوو.

بە رووکەش و بە لای هەمووانە کاساتسکی تەنها ئەفسەرێکی ئاسایی و بەرجەستەی هێزی پاسەوانی بوو کە پیشەیەکی بۆ خۆی هەیە؛ بەڵام لە ناخی خۆیدا کۆششێکی زۆر و ئاڵۆز برەویان سەندبوو. هەر لە منداڵییەوە هەوڵەکانی وەها دیار بوون هەمەچەشن و جیاواز بن، ئەگەرچی لە بنەڕەتدا هەموویان هەر یەك و هەمان یەك هەوڵ و کۆشش بوون. هەر کارێکی بە دەستەوە گرتبا، هەوڵی دەدا سەرکەوتن و تەواوییەکی وەها بەدەست بهێنێت جێی ستایش و سەرسامی بێت. ئەمە جا لە خوێندنەکەیدا بووبێت یان لە ئەزموونە سەربازییەکەیدا، وەها خۆیی پێوە خەریك دەکردن و کۆششی بۆ دەکردن تا دەگەیشتە ئەوەی بە شانوباڵیدا هەڵ بدرێت و بکرێتە نمونە بۆ ئەوانی دیکە. کە شارەزایی لە بابەتێکدا بەدەست دەهێنا، بابەتێکی دیکەی دەگرتە دەست و، لە خوێندنەکانیشدا جێگای یەکەمی بەدەست دەهێنا. بۆ نمونە، ئەو کاتەی لە کۆلێژدا بوو، تێبینی ئەوەی کردبوو ئاخاوتن بە زمانی فەرەنسیی بە لاوە زەحمەتە، هات و هێندە شارەزایی لە فەرەنسیدا پەیدا کرد تا ئەوەی وەکو رووسی قسەی پێ دەکرد؛ پاش ئەوەش شەترەنجی گرتە دەست و لەوەشدا بووە یاریزانێکی نایاب.

لە پاڵ کارە سەرەکییەکەی کە خزمەتکردنی سزار و نیشتمان بوو، هەمیشە خۆیی بۆ ئامانجێکی دیاریکراو خەریك دەکرد، بێ گوێدانە ئەوەی چەند ناگرنگیش بێت، خۆیی وەها بە تەواوەتی پێوە سەرقاڵ دەکرد و بۆی دەکۆشا تا پێی دەگەیشت و جێبەجێی دەکرد. هەر لەگەڵ ئەوەیشی کە بە جێی دەگەیاند، یەکسەر ئامانجێکی دیکە بەدەر دەکەوت و جێی ئەوەی پێشووی دەگرتەوە. ئەو عیشقەی بۆ خۆدەرخستن، یان بۆ بەجێگەیاندنی شتێك پێی دەربکەوێت، ژیانی تەواو پڕ کردبوو. ئەو کاتەیشی مامورییەتەکەی بەدەستەوە گرت، خۆیی تەرخان کرد بۆ بەدەستهێنانی زانین و شارەزایی تەواو لە کارەکەیدا و، هەر زوو بووە ئەفسەرێکی نمونەیی، ئەگەرچی هێشتا ئەو عەیبەی هەر مابوو کە نەیدەتوانی خۆی کۆنترۆڵ بکات و زوو زوو هەڵدەچوو؛ لێرە و لە ماوەی خزمەتکردنەکەیشیدا وای لێدەکرد تووشی هەندێ رەفتار ببێت دژ بە سەرکەوتنەکانی بوون. ئینجا خووی بە خوێندنەوەوە گرت، کاتێك کە هەستی کرد لە گفتوگۆ کۆمەڵایەتییەکاندا کێماسیی لە زانینە گشتییەکاندا هەیە؛ ئەم ئامانجەیشی بەدەست هێنا. ئینجا ئارەزووی ئەوەی دەکرد لەناو خەڵکانی پلە باڵادا جێیەکی دیار بۆ خۆی مسۆگەر بکات، هات و بە شێوەیەکی نایاب فێری سەماکردن بوو و هەر زوو بۆ گشت ئاهەنگەکان و لە باشترین بازنەکاندا داوەت دەکرا و، هەندێ جاریش بۆ ئێوارە-بۆنەکانی ئەو خەڵکانەش بانگ دەکرا. بەڵام بەمەیان قایل نەبوو؛ ئەم وەها راهاتبوو کەسی یەکەم بێت و، لەناو ئەم خەڵکانەشدا بۆ ئەم نەدەشیا وەکو کەسی یەکەم دەربکەوێت.

کۆمەڵگا باڵاکانی ئەو کاتە پێکهاتبوون، منیش پێموایە پێك دێن، لە چوار جۆری خەڵك: ئەو خەڵکە دەوڵەمەندانەی لە دەرباردا پێشوازییان لێ دەکرێت و، ئەو خەڵکانەی دەوڵەمەند نین بەڵام لە بازنەکانی دەرباردا هاتوونەتە دونیا و گەورە بوون و، ئەو خەڵکە دەوڵەمەندانەی خۆیان لە دەربار دەبەنە پێشەوە و، ئەو خەڵکانەی نە دەوڵەمەندن و پەیوەندییان بە دەربارەوە هەیە بەڵام خۆیان لە دەستەی یەکەم و دووەمی خەڵکی ناو دەربار دەبەنە پێشەوە.

کاساتسکی سەر بە دوو دەستەی یەکەم نەبوو، بەڵام بە ئاسانی لەناویاندا جێی دەبووەوە. لەگەڵ هاتنەناوەوەی بۆ ئەو کۆمەڵگایە، خۆیی یەکلا کردەوە دەبێت پەیوەندیی لەگەڵ خانمێکی خانەداندا هەبێت و، هێندە زوو کە خۆیشی پێی سەیر بوو ئەم ئامانجەی هاتە دی. ئەگەرچی هەر زوو لەوە تێگەیشت کە ئەو دەستە و تاخمانەی ئەم لەگەڵیاندا هەڵسوکەوتی دەکرد لە بەرزترین ئاستدا نەبوون و، ئەگەرچی لە باڵاترین بوارەکانیشدا پێشوازیی لێدەکرا، بەڵام ئەم خۆی دەیزانی سەر بە ئەو دەستە و تاخمانە نییە. لەگەڵیدا بەڕێز بوون، بەڵام بە هەموو شێوەیەك وەهایان نیشان دەدا کە ئەوان دەستە و تاخمی خۆیان هەیە و ئەمیش سەر بە ئەوان نییە. لەگەڵ ئەوەشدا کاساتسکی ئارەزووی ئەوەی دەکرد سەر بەو دەستە و دایەرە بێت. بۆ بەدەستهێنانی ئەمەیش، پێویست بوو لەسەری ببێتە یاریدەدەری کەسیی ئیمپراتۆر—خۆی پێشبینی ئەم پۆستەی دەکرد—یان ئەوەی لەناو ئەو خەڵکە تایبەتەدا ژن بهێنێت و، خۆیی بۆ ئەمە یەکلایی کردەوە. هەڵبژاردەکەیشی کەوتە سەر جوانێکی سەر بە دەربار؛ ئەم ئافرەتە نەك تەنها سەر بەو دایەرەیە بوو کە ئەم ئارەزووی دەکرد تێیدا پەسەند بکرێت، بەڵکو پلە باڵاترین کەسەکان و ئەوانەیشی کە بە قایمی لەو بازنە هەرە باڵایانەدا دامەزرابوون چاویان لە هاوڕێیەتیی ئەو ئافرەتە بوو. ئەویش بانو کۆرۆتکۆڤا بوو. کاساتسکی ووردە ووردە گرنگیی پێی دەدا و، ئەمەیش نەك تەنها لە پێناو کارەکەیدا. ئافرەتێکی زێدە سەرنجڕاکیش بوو و ئەمیش هەر زوو کەوتە داوی خۆشەویستییەوە. سەرەتا لەگەڵ ئەوەی بە ئاشکرایی لەگەڵیدا باش بوو، بەڵام دواتر و لە پڕێکدا گۆڕا و لەگەڵیدا میهرەبان بوو و، دایکی خوڵکی گەرمی دەکرد سەردانیان بکات. کاساتسکی خوازبێنیی کرد و قەبوڵ کرا. سەری سووڕ ما کە بەو ئاسانییە ئەم شادییەی بەدەست هێنا. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا تێبینیی هەڵسوکەوتێکی سەیر و نائاسایی کرد لەلایەن دایك و کچ لە بەرانبەریدا؛ خۆیشی هێندە قووڵ لە خۆشەویستیدا بوو، کوێرایی هاتبووە سەر چاوەکانی و لەو شتە تێنەدەگەیشت کە بەشی هەرە زۆری شارەکە دەیانزانی، ئەوەی کە دەزگیرانەکەی لە ساڵانی رابردوودا خانمە دۆستی ئیمپراتۆر نیکۆلاس بووە.

دوو هەفتە پێش ئەو رۆژەی بۆ زەماوەندەکەی دیاری کرابوو، کاساتسکی لە ناوچەی سزارسکۆی سێلۆ (گوندی شاهانە) بوو لە ماڵە لادێییەکەی دەزگیرانەکەی. رۆژێکی گەرمی مانگی ئایار بوو. خۆی و دەزگیرانە ماربڕاوکەی بە دەوری بەخچەکەدا هەندێ پیاسەیان کرد و ئینجا لەسەر کورسییەکی ژێر سێبەری نێوان دارە زیرفۆنەکاندا دانیشتن. ماری ئەو کراسە مۆزلینە سپییەی جوان لێ دەهات و، وەها دانیشتبوو بێگەردی و خۆشەویستیی بەرجەستە دەکرد؛ جارێك سەری دادەنەواند و جارێکی دیکەش سەری بڵند دەکردەوە تەماشا ئەو پیاوە قۆزە باڵا بەرزەی دەکرد کە بە نەرمی و باوەڕبەخۆبوونێکی تایبەتەوە قسەی بۆ دەکرد، وەك بڵێی بترسێت لەوەی قسە جووڵەکانی ئەو پاکییە فریشتە-ئاسایەی ببەزێنێت یان لەکەدار بکات.

ئەگەرچی ئێستا لەم جۆرە پیاوانە نەماون، بەڵام کاساتسکی لەو پیاوانە بوو لە ساڵانی هەزار و هەشت سەد و پەنجاکاندا هەبوون، کە لەگەڵ ئەوەی بە ئەنقەست و بێ هیچ دڵەڕاوکێیەکی ویژدانی پەردەپۆشی خراپە و ناپاکییەکانی خۆیان دەکەن و، لە پەیوەست بە ئافرەتەکانی خۆیانیش پاکییەکی نمونەیی و فریشتەییانەیان دەوێت و، وەها تەماشای هەموو ئافرەتە شوونەکردووەکان دەکەن ئەم پاکی و پاکیزەییەیان تێدا بێت و، بەم شێوەیەش هەڵسوکەوتیان لەگەڵدا دەکەن. زۆر شتی هەڵە و زیانبەخش لەم بۆچوونەدا هەیە؛ پیاوان لە سستی و تەمبەڵیی خۆیان دەگوزەرن، بەڵام سەبارەت بە ئافرەتان ئەو بۆچوونە، پێموابیت، هێشتا جێی بایەخن بۆ پیاوان. (ئەو بۆچوونە لەگەڵ ئەوەی ئێستا گەنجان هەیانە جیاوازە؛ ئەمانەی ئێستا کچان تەنها وەکو مێینەیەك دەبینن هاوژینێکی دەست بکەوێت.)  کچانیش کە بەم جۆرە عاشقبوونەیان زانی، هەوڵی خۆیان دەدەن ببنە خوداوەند، ئەگەریش لەمەدا کەم تا زۆر سەرکەوتن بەدەست بهێنن.

کاساتسکیش ئەم جۆرە بۆچوونەی سەبارەت بە ئافرەتان هەبوو و، هەر بەو روانگەیەش چاوی لە دەزگیرانەکەی دەکرد. ئەو رۆژەش بە شێوەیەکی دیار نغرۆی عیشقەکەی بووبوو، بەڵام هیچ ئارەزوویەکی بەرهەستی لە بەرانبەریدا ئەزمون نەکرد. بە پێچەوانەوە، بە شەیداییەکی وەها ناسکەوە لێی دەڕوانی وەك ئەوەی شتێکی مەحاڵ بێت دەستی پێی بگات.

بە هەموو باڵای خۆی هەستایەوە سەر پێ و لە پێشیدا وەستا و هەردوو دەستی لەسەر شمشێرەکەی راگرتن.

"تەنها ئێستا دەرکم بەو شادومانییە کردووە کە دەکرێت پیاوێك چێژی بکات! ئەوەش تەنها تۆیت، خۆشەویستم، کە ئەم شادومانییەت پێ بەخشیوم،" ئەمەی بە زەردەخەنەیەکی شەرمنانەوە پێ ووت.

هێشتا لە نێوانیاندا دەربڕینی عاشقانە ئاسایی نەبووە و؛ لەبەر ئەوەی خۆیی لە ئاستێکی نزمتری ئاکاردا دەبینییەوە، هەستی بە ترس دەکرد لەم قۆناغەدا ئەو دەربڕینانە بەرانبەر وەها فریشتەیەکدا بەکار بهێنێت.

"لە سایەی سەری تۆوەیە کە گەیشتمە ئەوەی خۆم بناسم. ئەوەیشم زانیوە کە من باشترم لەوەی کە بیرم لێ دەکردەوە."

"دەمیکە ئەوەم زانیوە. لەبەر ئەوەشە تۆم خۆش ویست."

کەنارییەکان لەو نزیکانەدا جریوەیان دەهات و گەڵا تازەکانیش کە بە سروەیەکی گوزرەدا دەچووڵانەوە خشەیان دەهات.

دەستی ماریی گرت و ماچێکی کرد و، فرمێسك کەوتنە چاوەکانییەوە.

ماری لەوە گەیشت کە بۆ ئەوە سوپاسی دەکات چونکە ووتوویەتی کاساتسکیی خۆش دەوێت. کاساتسکی بە بێدەنگی چەند هەنگاوێك هاتوچۆی کرد و دووبارە لێی هاتە پێش و لە تەنیشتییەوە دانیشت.

"دەزانیت... پێویستە شتێکت پێ بڵێم... بێتەماح نەبووم ئەو کاتەی تازە لەگەڵتدا کەوتمە خۆشەویستییەوە. دەمویست پایەیەکی کۆمەڵایەتیم دەست بکەوێت؛ بەڵام دواتر... ئەو ئامانجە بە بەراورد لەگەڵ تۆدا چەند ناگرنگ کەوتەوە. خۆ لەبەر ئەوە لێم تووڕە نابیت؟"

هیچ وەڵامێکی نەدایەوە، تەنها ئەوە نەبێت دەستی لە دەستی دا. ئەمیش تێگەیشت کە ئەوە بەم واتایە دێت: "نەخێر، تووڕە نابم."

"تۆ ووتت..." دوودڵ بوو لەوەی بیڵێت، قسەکەی بەلاوە زۆر لەڕوو دیار بوو. "تۆ ووتت کە منت خۆش دەوێت. باوەڕ بەوە دەکەم؛ بەڵام شتێك هەیە ناڕەحەتت دەکات و هەستت دەگوشێت. ئەو شتە چییە؟"

"بەڵێ—یا ئێستا یان هیچ کاتێکی دیکە!" ماری لە مێشکی خۆیدا بیری دەکردەوە. "بە هەر جۆرێك بێت دەبێت بیزانێت. بەڵام لە ئێستادا دەستبەردام نابێت. ئاه، بەڵام ئەگەر وازی لێ هێنام، زۆر خراپ دەبێت!" ئینجا بە عیشوەوە نیگایەکی سرەواندە قەد و باڵا شکۆمەند و بەهێزەکەی. ئێستا ئەمی زیاتر خۆش دەویست لەو کاتەی کە سزاری خۆش ویستبوو و؛ بەدەر لەو شکۆمەندییە شاهانەییەی، ئیمپراتۆری بە ئەم نەدەگۆڕییەوە.

"گوێ بگرە! من ناتوانم هەڵت بخەڵەتێنم. پێویستە پێتبڵێم. تۆ پرسیت ئەو شتە چییە؟ ئەوەیە کە من پێشتر کەسێکم خۆش ویستووە."

بە هێمای پاڕانەوەوە، دیسانەوە دەستی خۆیی لەسەر دەستی ئەم دانا. ئەمیش بێدەنگ بوو.

"حەز دەکەیت بزانیت کێ بوو؟ کەسەکە، ئیمپراتۆر بووە."

"ئێمە هەموومان خۆشمان دەوێت. دەتوانم بیهێنمە پێش چاو کە تۆ وەکو کچە خوێندکارێك لە پەیمانگا..."

"نەخێر، ئەمە دواتر روویدا. من عاشقی بووم، بەڵام ئەوە تێپەڕیوە... پێویستە پێت بڵێم..."

"کەواتە، چۆن بووە؟"

"نەخێر، وەها بە ئاسانی نەبوو—" روخساریی بە هەردوو دەستی داپۆشی.

"چی؟ تۆ خۆتت پێشکەشی کرد؟"

ماری نقەی نەکرد.

"خانمە دۆستی بوویت؟"

هیچی وەڵام نەدایەوە.

بەرزەپێ راپەڕ و بە لێوەلەرزە و رەنگی پەڕیوو وەکو مردوو لە بەردەمیدا وەستا. ئا ئێستا بە یادی هاتەوە کە چۆن ئیمپراتۆر کاتێك لە نێڤسکیدا چاوی پێی کەوت، بە رووخۆشییەوە پیرۆزبایی لێ کرد.

"ئەی خودایە، من چیم کردووە! ئەی ستیڤا!"

"دەستم لێ مەدە! دەستم لێ مەدە! ئاه، چەندە ئازاربەخشە!"

کاساتسکی گەڕایەوە و چوو بۆ ماڵ. لەوێ چاوی بە دایکی ماری کەوت.

"ئەوە چی بووە شازادە؟" ئینجا لەگەڵ ئەوەی روخساری بینی، بێدەنگ بوو. خوێن زاییبووە سەروچاوی.

"ئەوەت زانیوە و، منتان بۆ پەردەپۆشکردن بەکار هێناوە! ئەگەر ئافرەت نەبوویتایە...!" بە قیڕەوە ئەمەی ووت و مشتە زلەکەیی بەرز کردەوە و، سووڕایەوە بە راکردن دەرچوو.

ئەگەر خۆشەویستی دەزگیرانەکەی کەسێکی ئاسایی بووایە، دەیکوشت، بەڵام ئەو سزارە دڵبەندەکەی بووە.

بۆ رۆژی دواتر بەو بیانوەی کە نەخۆشە داواکاریی بۆ وەرگرتنی مۆڵەت و رۆشتنەوە پێشکەش کرد و؛ بۆ ئەوەی چاوی بە کەس نەکەوێت، رۆیشتەوە بۆ لادێ.

بۆ رێکخستنی کاروبارەکانی خۆی، ئەو هاوینەی لە گوندەکەی خۆیاندا بەسەر برد. کە هاوینیش تێپەڕی، نەگەڕایەوە بۆ پیتەرسبۆرگ، بەڵکو چووە دێرێکەوە و بووە رەبەن.

دایکی خۆی نامەیەکی بۆ نوسی تا لەو هەنگاوە چارەنوسسازەی پاشگەزی بکاتەوە، بەڵام وەهای وەڵام دایەوە گوایە ئەو بانگهێشتەی خودای دەست کەوتووە کە لە سەروو گشت خەمەکانی دیکەدایە. تەنها خوشکەکەی کە هەر وەکو خۆی پڕ-شانازی و بەرزخواز بوو، لێی تێ دەگەیشت.

خوشکەکەی لەوە تێ گەیشت کە براکەی بووە بە رەبەن تاوەکو لە هەموو ئەو کەسانەوە بەرزتر بێت کە خۆیان لە سەرووی ئەمە دادەنێن. هەروەها بە دروستی لێی گەیشتبوو. بە رەبەن-بوونیشی سوکایەتیی بە هەموو ئەو کەسانە دەکرد خۆیانیان لە کەسانی دیکە پێ گرنگتر بوو و بە ئەوانەیشی کە لە خزمەتی سەربازیدا لەگەڵیدا بوون و بە چاوی نزمەوە لەمیان دەڕوانی؛ ئێستاش هاتووەتە شوێنێکی بەرز کە لێیەوە دەیتوانی نزم تەماشای ئەوانە بکات کە پێشتر ئێرەیی پێ دەبردن... بەڵام، وەکو ئەوەی ڤارڤارای خوشکی بۆی دەچوو، تەنها هەر ئەمە نەبووە کاری تێکردبوو. شتی دیکەیشی لە ناخدا هەبووە؛ ڤارڤارا ئەوەی بە هەستێکی ئایینی راستەقینە نەزانیبوو؛ ئەو شتە لەگەڵ ئەو هەستکردنەی بە شانازی و ئەو ئارەزووەی بۆ بڵندخوازی ئاوێتە بووە و بەم بڕیارەی گەیاندووە. رزگاربوونی لەو خۆشباوەڕییەی بۆ ماری، کە بە فریشتە-ئاسا پاك تەماشای دەکرد و، ئەو هەستەی خۆی بە برینداری هێندە بەهێزبوون تووشی خەفەتیان کردبوو و، ئەم خەفەتەش بە چیی گەیاند؟ بە خودا، بە ئەو باوەڕەی تەمەنی منداڵیی خۆی کە هیچ کات تێیدا خامۆش نەبووە.

 

 

            ٢

کاساتسکی لە رۆژی جەژنی شەفاعەتی ماریای پیرۆز پەیوەندیی بە دێرەکەوە کرد. سەرۆکی دێرەکە پیر و نوسەرێکی تێگەیشتووی بە بنەچە خانەدان بوو؛ یەکێك بوو لەو زنجیرە پشتاوپشتەی ئەو رەبەنانەی بە رەچەڵەك خەڵکی وڵاتی وەڵاچیا بوون و هەرکامێکیان رابەر یان مامۆستایەکیان بۆ خۆیان هەڵدەبژارد و کتومت گوێڕایەڵی دەبوون. ئەم سەرۆك دێرەش موریدی پیر ئامبرۆزیی موریدی مەکاریۆسی موریدی پیر لیۆنیدی موریدی پاوسی ڤێلیچکۆڤسکی بوو.

کاساتسکیش خۆیی بە دەست ئەم سەرۆك دێرەوە دابوو، بۆ ئەوەی ببێتە رابەری هەڵبژێردراوی. لەم دێرەدا، سەرەڕای ئەو هەستکردنەی بە باڵادەستی لە سەروو کەسانی دیکەوە کە ژیانەی پێی بەخشیبوو، هەموو دەستکەوتەکانی دونیای بە لایەك و ئەم ژیانەیشی بە لایەك؛ لەم ژیانەیەدا، ئاسوودەیی دۆزیبووەوە لە گەیشتن بە مەزنترین تەواوی و کامڵیی رووکەشی و ناوەکی. هەر وەکو ئەوەی چۆن لە کاتی خزمەتکردنیدا لەناو کەتیبەکەدا نەك هەر تەنها ئەفسەرێکی پاك و باوەڕپێکراو بوو بەڵکو لە ئەرکەکانی خۆیی زیاتر ئەنجام دەدا و سنورەکانی کامڵی خۆیی بەرینتر کردبوو، هەروەها وەکو رەبەنێكیش دەیکۆشا بۆ ئەوەی کامڵ بێت؛ ئەو هەمیشە کەسێکی پڕکار و قەدرزان و خۆبەخش و بێفیز بوو و هەروەها لە کردەوە و بیرکردنەوەیشیدا پاك و بێگەرد بوو؛ لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا گوێڕایەڵ بوو. ئەم خەسڵەتەی دوایینیشی بە تایبەتی ژیانیی بە تەواوەتی بۆ ئاسان کردبوو. ئەگەر هەرچەند خواست و داواکارییەکانی ژیان لە دێرەکەدا فرە و زۆر دەبوون و هەندێ جاریش دەگەیشتنە ئەوپەڕی ئەندازەی مومکین، خۆشحاڵی نەدەکردن، بەڵام هەر بە گوێڕایەڵی بەتاڵی دەکردنەوە. "ئەرکی من نییە لێی بکۆڵمەوە؛ کاری من ئەوەیە ئەو ئەرکانەی بۆم دانراون رایانپەڕێنم؛ جا ئەو ئەرکە راوەستان بێت لە پاڵ ئەنتیکە پیرۆزەکاندا، گۆرانی ووتن بێت لەگەڵ کۆرسەکەدا، یان ئەگەر سەرپەرەشتی و ئامادەکاری بێت لە میوانخانەی دێرەکەدا." بە گوێڕایەڵیکردنی پیرەکەی خۆی گشت کەلێنێکی گومانکردنی سەبارەت هەر شتێك کپ دەکردەوە. ئەگەر وەها نەبا، ئەوا بە خزمەتە درێژ و تاك-جۆرییەکانی کڵێسا و، بە هەیاهوی زیارەتکارە لەئەژمار نەهاتووەکان و بە سیفاتە خراپەکانی رەبەنەکانی دیکە جاڕەس دەبوو. بەم شێوەیەش، نەك هەر تەنها بە خۆشحاڵییەوە بەرگەی دەگرتن، بەڵکو لەوەدا دڵنەوایی و پاڵپشتیشی پەیدا دەکرد. "نازانم بۆ چێ پێویست دەکات لە رۆژێکدا هەمان نوێژ چەند جارێك ببیستیتەوە، بەڵام ئەوەندە دەزانم کە ئەمە پێویستە و بەس؛ تەنها بە زانینی ئەمەیش، چێژم پێ دەبەخشێت." رابەرەکەی پێ ووتبوو کە چەندە خواردنی ماددی بۆ مانەوەی ژیان و زیندوویی جەستە پێویستن، خواردنی رۆحیش کە بریتین لە نوێژەکانی کڵێسا بۆ مانەوەی ژیان و زیندوویی رۆحی. باوەڕی بەمە هێنابوو و، ئەگەر چی کارەکانی کڵێسا زۆر و زەحمەت بوون و بۆ ئەمەش بەیانیان زوو لە خەو هەڵدەستا، بەڵام ئارامی و چێژیان پێ دەبەخشی. ئەمەش لە ئاکامی هۆشیاریی خۆبەکەمزانینی و ئەو دڵنیابوونەیەوە دەهات کە هەر شتێکی ئەنجام دابایە، چونکە لەبەر ئەوەی لەلایەن پیرەکەیەوە دانرابوو، راست و دروست بوون.

سەرەڕای بەدەستەوەدانی گەورە و گەورەتری ویستەکانی خۆی، بەرژەوەندییەکانی ژیانی لە بەدەستهێنانی گشت چاکەکانی مەسیحییەت کورت بووبوونەوە؛ لە سەرەتادا بەدەستهێنانی ئەمانەیش ئاسان دیار بوون. گشت موڵکەکانی خۆیی بە خوشکەکەی دا و لێی پەشیمان نەبووەوە؛ هیچ شتێکی بۆ خۆی نەدەویست؛ خۆبەزلنەزانینی بەرانبەر بە ژێردەستەکانی نەك تەنها بەلایەوە ئاسان بوو، بەڵکو چێژیشی پێ دەبەخشی. تەنانەت سەرکەوتنەکانیش بەسەر تاوانەکانی جەستە و، تەماح و شەهوەت هەموویان بە ئاسانی بەدەست هاتن. رابەرەکەی بە تایبەتی سەبارەت بەوەی دوایینیان ئاگاداری کردەوە؛ بەڵام کاساتسکی لێی بێدەربەست و پێی شادومان بوو.

تەنها شتێك ئەشکەنجەی دەدا، یادی دەزگیرانەکەی بوو؛ نەك بەس یادی ئەو بەڵکو وێنایەکی روونی ئەوەیشی کە چۆن دەبوو. بێ ویستی خۆی خانمێکی بە بیر دەهاتەوە ئەوەی لەسەر دەزانی کە دڵخوازی ئیمپراتۆر بووە، بەڵام دواتر شووی کرد و بووە هاوسەر و دایکێکی پەسەند و چاك. مێردەکەی پۆستێکی باڵا و دەسەڵات و شەرف و رێزێکی گەورە و، هاوسەرێکی باش و تۆبەکردووی هەبوو.

لە ساتە باشەکانیدا، کاساتسکی بەم بیرکردنەوانە بێزار نەدەبوو و؛ لەم ساتانەدا کە بە بیری دەهاتەوە، خۆشحاڵ دەبوو بەو هەستەی کە هەوەسە فریودەرەکانی تێپەڕیوون. بەڵام هەندێ ساتێش هەبوون کە ئەم شتانە لە ناکاو ژیانی ئێستایان لەبەرچاو لێڵ دەکرد؛ ئەم ساتانەیشی نەدەدیت و دڵنیاییشی تێدا نەدەدۆزییەوە ئەگەر هاتبا و لە باوەڕهێنانی بەو ئامانجانەی کە خۆیی بۆ تەرخان کردبوو دانەبڕابا؛ بەڵام گرفتاری بەبیرهاتنەوەی ئەو گۆڕانکارییە دەبوو کە بەسەر ژیانی خۆیی هێنابوو، یان—ئەگەرچی ووتنی ئەمەیش قورس بێت— لێی پەشیمان دەبووەوە.

تەنها شتێك لەو دۆخی بیرکردنەوەکەیەدا قوتاری دەکرد بریتی بوو لە گوێڕایەڵی و کارکردن و، ئەو راستییەی تەواوی رۆژی بە نوێژ و نزاوە پڕ دەکردەوە. گشت شێوازەکانی نوێژکردنی تاقی دەکردەوە و لە نوێژەکانیدا کڕنۆشی دەبرد و تەنانەت زیاد لە ئەندازەی ئاسایی نوێژیشی دەکرد، بەڵام ئەمە تەنها کاری لێو بوو و رۆحیی تێدا بزر بوو. ئەم دۆخە بۆ رۆژێك و هەندێ جاریش بۆ دوو رۆژ، ئینجا بۆ خۆی تێپەڕ دەبوو و ئەم رۆژانەیشی ناخۆش و ناڕەحەت بوون. کاساتسکی وای هەست دەکرد کە هەم لە کیس خۆیی و هەم لە کیس خوداش چووە و، گرفتاری شتێکی دیکە بووە. ئینجا هەر شتێکی دیکەی لەدەست هاتبا ئەوە بوو کە گوێڕایەڵی پیرەکە بێت و خۆی پابەند بکات و، هیچ شتێك ئەنجام نەدات و، تەنها هەر بەو ئاسانییە بۆ خۆی چاوەڕێ بکات. بە گشتی، هەموو ئەو کاتانەی بە ویستی خۆی نا، بەڵکو بە ویستی پیرەکەی دەژیا و، لەم گوێڕایەڵیکردنەیشدا ئارامی و ئاسوودەییەکی تایبەتی دەدۆزییەوە.

بەم شێوەیە یەکەمین حەوت ساڵی لە دێرەکەدا بەسەر برد. لە کۆتایی ساڵی سێیەمیدا، تەپڵەسەری تاشرا و لە ژێر ناوی سێرگی پێگەی قەشەی پێ بەخشرا. ئەم ناولێنانەی بووە رووداوێکی گرنگی ژیانی ناوینی. پێشتر بە بەشداریکردنی لە کۆڕەکاندا بە دڵئارامی و بڵندییەکی مەزنی رۆحیی گەیشتبوو و، ئێستاش کە خۆی بۆ ئەو کارە دامەزرێنراوە، راپەڕاندنی ئامادەکاری بۆ ئەم کۆڕانە لێوانلێویان دەکرد لە شادی و سۆزێکی قووڵ. بەڵام لە ئاکامدا، تا دەهات ئەو هەستەی زیاتر و زیاتر رووی لە کزی دەکرد و لەناو دەچوو و، هەر کاتێكیش دەکەوتە بارێکی خەمۆکییەوە، وای هەست دەکرد کاریگەریی سەرقاڵبوونی بە کارەکانی چیدیکە بەرگە ناگرێت و سوودی نابێت بۆی. هەر بە راستی تا ئەو خووەی مابا، ئەو هەستەیشی هەر لاواز دەبوو.

بە شێوەیەکی گشتی لە ماوەی ئەو حەوت ساڵەی ژیان بەسەربردنی لە دێرەکەدا سێرگی شەکەت و ماندوو بووبوو. لەوێ هەر شتێکی بۆ ئەم تێدا بووبێت فێری بوو و بەدەستی هێنا؛ شتێکی دیکەی نەما ئەنجامی بدات و، سستیی رۆحیشی زیاتر دەبوو. لەم ماوەیەدا گوێبیستی مەرگی دایکی و هاوسەرگیری ڤارڤارای خوشکی بوو؛ بەڵام هەردووکیان دوو رووداو بوون باکی پێیان نەبێت. تەواوی سەرنج و بایەخدانی خۆیی بۆ ژیانی ناوینی چڕ کردبوون.

لە ماوەی ئەو چوار ساڵەی قەشەیەتییدا سەرقەشەکە بە چەشنێکی تایبەت لەگەڵیدا باش بوو و، پیرە رابەرەکەی پێی ووت کە ئەگەر هات و بۆ ئەرکی بەرزتر دامەزرێنرا پێویست ناکات رەتی بکاتەوە. ئینجا تەماحی رەبەنێتیی تێدا سەری هەڵدا و زانیشی خودی ئەمەیش لە نێو رەبەنەکانی دیکەدا شتێكی ئێجگار بێزراوە. دێرێکی دیکەی لە نزیك شاردا پێ راسپێردرا. حەزی دەکرد رەتی بکاتەوە، بەڵام پیرەکەی فەرمانی پێ کرد ئەو دامەزراندنە قەبوڵ بکات. ئەمیش پەسەندی کرد و رابەرەکەیی بەجێ هێشت بۆ ئەو دێرەی گواستەوە.

گواستنەوەکەی بۆ ئەو دێرە شارییە رووداوێکی گرنگ بوو لە ژیانی سێرگیدا. لەوێ چەندین شتی فریوودەری هاتنە پێش و، گشت توانا و ئیرادەی خۆیی لەسەر رووبەڕووبوونەوەی ئەو فریوودەرانە چڕ کردەوە.

لە دێری یەکەمیدا، ئافرەتان مایەی فریوودانی نەبوون، بەڵام لێرە ئەم ئارەزووە بە گوڕێکی مەترسیدار لە ناخیدا سەری هەڵدا و تەنانەت شێوەیەکی دیاریکراویشی وەرگرت. خانمێك هەبوو بە هەڵسوکەوتە سووکەکانی ناسراو بوو و هەوڵی دەدا بچێتە دڵی ئەمەوە. قسەی لەگەڵدا دەکرد و داوای لێ دەکرد سەردانی بکات. سێرگی بە رەقی تەریقی دەکردەوە، بەڵام لە روونی هەوەسەکانی خۆی زەندەقی چووبوو. هێندە پەرێشان بوو تا ئەوەی لەم بارەیەوە نامەیەکی بۆ پیرەکەی نوسی. لەگەڵ ئەوەشدا، قسەی لەگەڵ رەبەنێکی لاوی تازەکار کرد و بۆ ئەوەی بە شەرمکردن بەسەر ئەو هەستکردنەی زاڵ بێت، لای تازەکارەکە دانی بە لاوازییەکەی خۆیدا نا و داوای لێ کرد بەردەوام چاودێریی بکات و لێی نەگەڕێت بۆ هیچکوێ بچێت جگە لە چوونی بۆ سەر کارەکانی خۆی و ئەنجامدای ئەرکەکانی.

سەرەڕای ئەوەش، گرفتێکی گەورەی سێرگی لەو راستییەدا خۆی دەبینییەوە تا ئەوپەڕی لەگەڵ سەرۆك دێرە نوێیەکەیدا ناتەبا بوو؛ ئەم سەرۆك دێرە پیاوێکی فێلبازی دونیاویست بوو کە کڵێسای بۆ خۆی کردبووە پیشە و کار. لەبەر ئەوەی لەگەڵ خۆیدا لە ململانێدا بوو، نەیدەتوانی لەو ناتەباییبوونەیدا کارامە بێت. خۆیی بەدەست ئەو سەرۆك دێرەوە دابوو، بەڵام لە قووڵایی ناخیدا هەرگیز لە ئیدانەکردنی دەستی هەڵنەدەگرت. لە ساڵی دووەمی مانەوەیشی لەو دێرە نوێیەدا، ئەم دژایەتییەی بەدەر کەوت.

لە شەوی جەژنی شەفاعەتی پاکیزەی پیرۆزدا کۆڕی شەوبێداری لە کڵێسای گەورەدا ئەنجام دەدرا و، میوانان و زیارەتکارانی زۆری لێ بوون. سەرۆك دێر خۆی کۆڕەکەی بەڕێوە دەبرد. باوکە سێرگی لە شوێنە ئاساییەکەی خۆیدا وەستابوو و نوێژی دەخوێند؛ ئەمەیش وای لێدەکرد لەو دۆخە کێشمەکێشەی خۆی بێت کە هەمیشە لە ماوەی ئەو کۆڕانەدا دووچاری دەبوو، بە تایبەتی لە کڵێسا گەورەکەدا و کاتێكیش خۆی کۆڕەکەی بەڕێوە نەبردبا. ئەم ململانێیەی ناخی هاوکاتی ئەو رقەی بوو بەرابەنبەر بە ئامادەبوونی خەڵکانی دەستڕۆیشتوو، بە تایبەتیش خانمان. دەیکۆشا نەبینن یان سەرنجی هیچ شتێك نەدات کە ئەنجام دەدرا، وەکو: چۆن سەربازێك هەڵسوکەوتی لەگەڵدا دەکردن، چۆن خەڵکانی ئاسایی پاڵ دەدرانە دواوە، چۆن خانمان سەرەنجی رەبەنەکانیان دەدا و لەگەڵ یەکدیدا بەراوردیان دەکردن—بە تایبەتی هی خۆی و رەبەنێکی دیکە کە قۆز و روواڵەت جوان بوو. هەوڵی دەدا زەینی خۆی بە چاوداپۆشینێکی وەها رێك بخاتەوە کە هیچ شتێك نەبینێت جگە لە رۆناکیی مۆمەکانی سەر تەختەی میحرابەکە و پەیکەرەکان و ئەوانەی کە کۆڕەکەیان بەڕێوە دەبرد. هەوڵی دەدا هیچ شتێك نەبیستێت جگە لەو نوێژانەی دەخوێندران یان بە دەنگ دەووترانەوە؛ ئەمەیش بۆ ئەوەی هەست بە هیچ شتێك نەکات جگە لەوەی لەناو هۆشیاریی جێبەجێکردنی ئەرکەکەیدا خۆی فەرامۆش بکات؛ هەمیشە ئەم هەستەی دەچەشت هەرکاتێك گوبیستی ئەو نوێژ-خوێندنانە یان نوێژ-ووتنەوانە بایە کە زۆر جاران دەیبیستن.

هەر کاتێکیش پێویستی کردبا، رادەوەستا و خاچی دەنواند و کڕنۆشی دەبرد و، لەگەڵ خۆیدا دەکەوتە ململانێ؛ ئەمەیش جارێك بۆ ئەوەی بەدوور بێت لە ئیدانەکردن و تاوانبارکردن و جارێکی دیکەش بۆ ئەوەی هۆشیارانە بیر و هەستەکانی بسڕێتەوە. ئینجا پارێزەی ژووری شتە پیرۆزەکان، باوکە نیکۆدمەس لێی هاتەوە پێشەوە و نزم چەمایەوە و داوای لێ کرد لە پشت دەرگا پیرۆزەکانەوە ئامادە بێت—ئەم باوکە نیکۆدمەسەش گرفتێکی گەورەی دیکەی بەردەم سێرگی بوو لەبەر ئەوەی مەرایی و چەورەی بۆ سەرۆك دێر دەکرد. باوکە سێرگیش عەبایەکەی ریك کردەوە و بێرییە چوارگۆشەکەیی لەسەر نا و بە وریاییەوە بەناو ئاپۆڕاکەدا تێپەڕی.

گوێی لە دەنگی ئافرەتێك بوو بە فەرەنسی دەیووت، "لیز، تەماشای لای راست بکە، ئەوە خۆیەتی!"

"کوا، کوا؟ خۆ هێندەش جوان نییە."

دەیزانی لەبارەی ئەمەوە قسە دەکەن. گوێی لێ بوون و، هەمیشەش لەم ساتە فریودەرانەدا ئەم وشانەی دووبارە دەکردەوە، "خودایە وام لێ نەیەت فریوو بخۆم،" لەگەڵ ئەمەشدا سەری خۆیی دادەخست و چاوەکانی دانەواند و بە لای منبەرەکەدا تێپەڕی و لە دەرگای باکورەوە چووە ژوورەوە، خۆیی لە قەشە عەبا-لەبەرەکان لادا کە خەریك بوون لە دیوارەی قوربانیگاکەدا تێپەڕ دەبوون. کە چووە ژوورەوە بۆ ناوچەی پیرۆزی میحرابەکە، سەری دانەواند و وەکو هەمیشە خاچی نواند و دوو جاران بەرانبەر ئایکۆنەکان چەمایەوە. ئینجا سەری بەرز کردەوە و بێ ئەوەی سەری بسووڕێنێتەوە، بە قوونکە چاوەوە تەماشایەکی سەرۆك دێرەکە کرد و بینی لە تەنیشت کابرایەکی بەبەژنی درەوشاوەی دیکەدا وەستاوە.

سەرۆك دێر بەو جبانەی بەرییەوە لە تەنیشت دیوارەکەوە وەستا بوو. دەستە خرپنەکانی لەژێر ماشتەکەیەوە دەرهێنا و لەسەر سکە قەڵەو و دەرپۆقیوەکەیەوە کردنی بە یەکدا و، بە پەنجەکانی یاریی بە پەتی جبەکانی دەکرد و بە زەردەخەنەوە شتێکی بە پیاوێکی سەربازی دەووت کە وەکو جێنەراڵێکی باڵی ئیمپراتۆری جلوبەرگی یەکتاپۆشی لەبەردا بوو و، بەوەی بۆ ساتێك چاوی بەو نیشانە و گرێیانەی سەر شانی کەوت، باوکە سێرگی دەمودەست ناسییەوە. ئەم جێنەراڵە فەرماندەی ئەو کەتیبەیە بوو کە سێرگی خزمەتی تێدا دەکرد. ئێستاش وا دیارە کە پۆستێکی گرنگی هەیە و، باوکە سێرگی یەکسەر تێبینی ئەوەی کرد کە سەرۆك دێر ئاگاداری ئەمەیە و هەروەها ئەوەیشی کە دەموچاو سوورەکەی و سەرە کەچەڵەکەی لە خۆشحاڵی و رەزامەندیدا تیشك دەداتەوە. ئەمەیش باوکە سێرگیی تووڕە و ناڕەحەت دەکرد، زیاتریش ئەو کاتەی کە زانی سەرۆك دێر وەکو ئەوەی خۆی باسی کرد تەنها بۆ ئەوە ناردوویەتی بە دوایدا تا پیاوێك نیشانی جێنەراڵەکە بدات کە پیشتر لەگەڵ خۆیدا خزمەتی کردووە.

جێنەراڵەکە دەستی خۆی درێژ کردەوە و پێی ووت، "زۆر خۆشحاڵم بەم شێوە فریشتەییەوە دەتبینم. هیوادارم هاوەڵێکی کۆنی خۆتت لە بیر نەکردبێت."

ئەو شتانە هەمووی، لە دەموچاو سوورە بەزەردەخەنەکەی و ریشە باریکە ماشوبرنجییەکەی بگرە تا قسەکانی جێنەراڵەکە و دەموچاوە ئارایشکراوەکەی و زەردەخەنە لەخۆباییەکەی و ئەو بۆنەی هەناسەی کە بۆنی مەیی لێدەهات و ئەو بۆنی جگەرەیەی کە لە لاڕیشییەوە دەهات، وایان لە باوکە سێرگی کرد هەڵبچێت و گڕ بسێنێت. دووبارە بۆ سەرۆك دێر سەری دانەواند و ووتی:

"خاوەن رێز کەرەمتان فەرموو بە دوامدا بنێرن؟" ئینجا وەستا، گشت ئاماژەکانی روخساری و چاوەکانی دەیانپرسی بۆ چی.

سەرۆك دێر وەڵامی دایەوە، "بەڵێ، بۆ ئەوەی چاوت بە جینەرال بکەوێت."

"خاوەن رێز، من جیهانم بۆ ئەوە بەجێ هێشت تا خۆم لە شتە فریوودەرەکان بپارێزم،" باوکە سێرگی ئەمەی ووت و رەنگی زەرد گۆڕا و لێوەکانی بە لەرز هاتن. "بۆ چی ئێوە لە کاتی نوێژەکاندا و لە ماڵی خودادا رووبەڕووی ئەو شتانەم دەکەیتەوە؟"

سەرۆك دێر بڵێسەی سەند و رووی مۆن بوو و پێی ووت، "دەتوانی بڕۆیت! بڕۆ!"

بۆ رۆژی دواتر باوکە سێرگی داوای لێبووردنی لە سەرۆك دێر و لە هاوەڵەکانی کرد، بەڵام لە هەمان کاتدا، پاش ئەوەی شەوێکی بە نوێژکردن بەسەر برد، گەیشتە ئەو بڕیارەی کە پێویستە ئەم دێرە بەجێ بهێڵێت و، بۆ ئەم مەبەستەش نامەی بۆ پیرەکەی خۆی نوسی و تکای لێ کرد ئیزنی بدات بگەڕێتەوە لای. لە نامەکەدا وەهای بۆ نوسی گوایە لە ململانێکردنیدا لەگەل شتە فریوودەرەکان و لە غیابی یارمەتییەکانی ئەو هەستی بە لاوازی و بێتوانایی کردووە و هەروەها پەشیمانانە دانی بە تاوانی لووتبەرزیی خۆیدا نابوو. لەگەڵ گەڕانەوەی نامەبەرەکەدا، نامەیەکی لە پیرەکەیەوە پێ گەیشت؛ تێیدا نوسیبووی کە لووتبەرزییەکەی سێرگی هۆکاری ئەو هەموو شتانە بووە روویانداوە. پیرەکە وەهای بۆ روون کردبووەوە کە تووڕەیی و هەڵچوونەکانی بە هۆی ئەو راستییەن کە گشت شانازییە رۆحانییەکانی رەت کردووەتەوە و بەمەش نەك لەبەر خاتری خودا بەڵکو لەبەر لووتبەرزییەکەیەوە خۆیی شەرمەزار کردووە. "ئێستاش، ئایا من پیاوێکی هێندە مەزن نیم پێویستیم بە هیچ شتێك نەبێت؟" لەبەر ئەوە بووە نەیتوانیوە بەرانبەر ئەو کارەی سەرۆك دێرەکە ئارام بگرێت. "بۆ شکۆی خوا، دەستبەرداری هەموو شتێك بووم و، ئەوەتا ئێستاش وەکو دڕندەیەکی کێوی نیشان دەدرێم!" "ئەگەر لە پێناو خودادا دەستبەرداری غرورەکەت ببوویتایە، ئەوا بەرگەت دەگرت. لووتبەرزیی دونیایی هێشتا لە تۆدا نەمردووە. سێرگی، کوڕی من، بیرم لەبارەتەوە کردەوە و نویژیشم بۆ کردیت و، هەر ئەمەیشە خودا بە منی پێشنیار کردووە. لە خەڵوەتگاکەی تامبۆڤ، هیلاریی خەڵوەتی کە پیاوێکە بە پیرۆزی ژیاوە، کۆچی دوایی کردووە. هەژدە ساڵ لەوێ ژیابوو. سەرۆك دێری تامبۆڤ داوای کردووە داخۆ برایەك نییە جێگەی بگرێتەوە. ئینجا ئەوەتا نامەکەی تۆ گەیشت. بڕۆ بۆ لای باوکە پایسی لە دێری تامبۆڤ. منیش سەبارەت بە تۆ نامەی بۆ دەنوسم و، تۆش پێویستە داوای ئەو خانە خەڵوەتگایەی هیلاری بکەیت. نەك بۆ ئەوەی کە جێگای بگریتەوە، بەڵکو چونکە پێویستیت بە خەڵوەتێكە غرورت دابمرکێنیتەوە. بەشکم خودا رەحمت پێ بکات!"

سێرگی بە گوێی رابەرەکەی کرد و، نامەکەیی نیشانی سەرۆك دێرەکەی دا و، لەگەڵ ئەوەی مۆڵەتی لێ وەرگرت، ژوورەکەی خۆیی رادەست کردەوەوە و هەموو شتەکانی خۆیی پێشکەش بە دێرەکە کرد و، بەرەو خەڵوەتگای تامبۆڤ کەوتە رێ.

لەوێ، سەرۆك پەرستگاکە کە بەڕێوەبەرێکی چاکی بە ئەسڵ بازرگان بوو، بە ساکاری و بێدەنگی پێشوازیی لە سێرگی کرد و لە ژوورەکەی هیلاریی دانا، سەرەتا برایەکەی وەکو هاوژوور لەگەڵدا دانرا، بەڵام دواتر و لەسەر داوای سێرگی خۆی بەجێی هێشت و خۆی بە تەنیا تێیدا مایەوە. خانەکە دوو بەش بوو، بە هۆی ئەو گردەی هیلاریی لە بندا نێژرابوو. لە بەشی پشتەوە، گۆڕەکەی هیلاری بوو؛ بەشی پێشەوەی جێگایەك بوو بۆ خەوتن و لەگەڵ بەڕەیەکی لە پووش چنراو و، مێزێکی بچکۆلە و، رەفەیەك بۆ دانانی پەیکەر و کتێب. لە رووی دەرەوەی دەرگای دەرەوە کە بە قولابێك قوفڵ دەکرا، رەفەیەکی دیکەی لێ بوو؛ رۆژی جارێك رەبەنێك خواردنی لە دێرەکەوە دەهێنا و لەسەر ئەو رەفەیەی دادەنا.

بەم شێوەیە، سێرگی بووە زاهید و خەڵوەتی.

 

 

 

            ٣

لە رۆژانی کەرنەڤاڵدا و لە شەشەمین ساڵی ژیانی سێرگی لە خەڵوەتگاکەدا، لە پاش خواردنی ژەمێك لە شلکێنە کێك و شەرابی کەرنەڤاڵەکە، کۆمەڵە کەسێکی رووخۆش لە خەڵکانی دەوڵەمەند و، ژنان و پیاوانی خەڵکی شارۆچکەیەکی نزیك گەشتێکیان پێك هێنابوو بە گالیسکەیەکی سێ ئەسپی کە پێی دەڵێن ترۆیکا. کۆمەڵەکە لە دوو پارێزەر و، خاوەن-موڵکێکی سەروەتمەند و، ئەفسەرێك و، چوار خاتوون پێك هاتبوون. یەكێك لە ئافرەتەکان ژنی ئەفسەرەکە بوو و، یەکێکی دیکەیشیان ژنی خاوەن-موڵکەکە و، سێیەمیشیان خوشکی بوو کە کچێکی لاو بوو و، چوارەمیشیان ئافرەتێکی تەڵاقدراوی جوان و دەوڵەمەند و سەیر بوو کە بە سەرکێشییەکانی شارەکەی تووشی حەپەسان و سەرسامی دەکرد.

کەشوهەوا نایاب بوو؛ بەفر رێگاکەی داپۆشی بوو، وەکو زەمینی ناوماڵ لووسی کردبوو. لە شارۆچکەکەیانەوە حەوت میلێك دوور کەوتبوونەوە و، ئینجا راوەستان راوێژێك بکەن داخۆ بگەڕێنەوە یان زیاتر بڕۆن.

"بەڵام ئەم رێگایە بە کوێ دەگات؟" ماکۆڤکینا، بێوەژنە تەڵاقدراوە جوانەکە، لێی پرسین.

"دەگاتە تامبۆڤ، لێرەوە هەشت میلی ماوە،" یەکێك لە پارێزەرەکان وەڵامی دایەوە کە گاڵتەوگەپی لەگەڵ ماکۆڤکینادا هەبوو.

"ئەی ئینجا دەگاتە کوێ؟"

"بە لای دێرەکەوە دەڕوات و دەگاتە هین."

"ئەو جێگایەی کە باوکە سێرگیی لێ دەژیت؟"

"بەڵێ."

"کاساتسکی، خەڵوەتییە قۆزەکە؟"

"بەڵێ."

"(بە فەرەنسی) خانمان و ئاغایان، (بە رووسی) با زیاتر بڕۆین و بچین کاساتسکی ببینین! دەتوانین لە تامبۆڤ بوەستین و شتێك بخۆین."

"بەڵام وا بکەین، ناتوانین بۆ شەو بگەینەوە ماڵ!"

"خەمتان نەبێت، لە لای کاساتسکی دەمێنینەوە."

"باشە، میوانخانەیەکی باش هەیە لە دێرەکە. ئەو کاتەی داکۆکیم لە ماخین دەکرد، لەوێ دەمامەوە."

"نەخێر، بۆ شەوەکەی لە لای کاساتسکی دەمێنمەوە!"

"مەحاڵە! خۆشت بکوژی ناتوانی ئەوە بکەیت!"

"ماحاڵە؟ گرەو دەکەیت؟"

"زۆر باشە! ئەگەر بۆ شەو لەگەڵیدا بمێنیتەوە، گرەوەکە هەر شتێك دەبێت بە کەیفی خۆت دایبنێیت."

"گرەوێکی کراوە!"

"بەڵام دەبێت گرەوەکە بۆ تۆش بە هەمان شێوە بێت!"

"بەڵێ، بێگومان. با بڕۆین."

هەندێ ڤۆدکا بە گالیسکەچییەکان درا و، بۆ خۆیانیش کێك و شەراب و شیرینییان لە بوخچەیەکدا دەرهێنا. خانمەکان خۆیانیان لە پاڵتۆ سپییەکانیان پێچایەوە کە لە پێستەی سەگ دروست کراون. گالیسکەچییەکان لەناو خۆیاندا مشتومڕی ئەوەیان بوو کامیان لە ئەسپەکان بخوڕن؛ ئینجا ئەوەیان کە گەنجتر بوو لابەلا بۆی دانیشت هەوا پڕ نەیگرێت و، قامچییە درێژەکەیی راوەشاند و، هاواری بەسەر ئەسپەکاندا کرد. زەنگۆڵەکانی زڕەیان هات و خلیسکێنەی گالیسکەکەش بەسەر بەفرەکەوە جیڕەیان لێ هەستا.

خلیسکێنەکانی گالیسکەکە بە ئەستەم تەکانیان دەخوارد. کە گالیسکەچییەکە پەیتا پەیتا رەشمەکەی رادەوەشاند، ئەسپە ناوەڕاستینەکە، بەو کلکە توند بەستراوەی لەژێر پاشکۆڵی کۆپانە نەخشێنراوەکەیەوە، بە نەرمی و بە خێرایی غاری دەدا؛ رێگا لووسەکە وەها دیار بوو وەك بڵێی بە خێرایی بەرەو پاشەوە بڕوات. یەکێك لە پارێزەرەکان و ئەفسەرەکە لە نزیك ماکۆڤکیناوە بەرانبەر یەکدی دانیشتبوون و قسەی بێتامیان دەکرد، ماکۆڤکینا بێجووڵە بۆ خۆی دانیشتبوو و داڵغەی لێدابوو و، توند خۆیی لە پاڵتۆ فەرووەکەیەوە پێچابوو. "هەمیشە هەر وەها قێزەون بووە! هەر ئەوانەن و گڕەی گۆنایان دێت و بۆنی شەراب و جگەرەیان لێدێت! هەر هەمان قسە و، هەمان بیرکردنەوە و، خەریكی هەمان شتن! هەموویشیان قایل و رازین بەوەی دەبێت هەر وەها بێت و، هەتا دەمرن هەر بەو شێوەیە دەژین. بەڵام من ناتوانم وەها بم و پێی بێزار دەبم. شتێکم دەوێت هەموو شتێك سەراوژێر بکاتەوە. بیهێنە بەرچاو ئەوەی بەسەر ئەو خەڵکەدا هات، بەسەر خۆمانیشدا بێت—لە سارتۆڤ رووی دابوو؟--ئەو خەڵکە هەر رۆیشتن تا رەقیان بردەوە و مردن... ئەگەر ئەم جەماعەتەی خۆمان بێت چ دەکەن؟ چۆنی لەبارەوە رەفتار دەکەن؟ بێگومان نامەردانە. هەر کەسە و بۆ خۆی. خۆمیش خراپ رەفتارم دەکرد. بەڵام من هەر چۆنێك بێت کەمیك جوانیم هەیە؛ هەمووان ئەوە دەزانن. ئەی چی لە بارەی ئەو رەبەنەوە؟ چ رێی تێ دەچێت وەها لەبارەیەوە بێباك بووە؟ نەخێر! ئەوە شتێکە هەموو کەس گرنگیی پێ دەدات—وەکو ئەو خوێندکارە سەربازییەی پاییزی رابردوو. چ سەرشێتێك بوو!"

ماکۆڤکینا بە دەنگی بەرز ووتی، "ئیڤان نیکۆلایڤیچ!"

"فەرمانت بە چییە؟"

"تەمەنی چەندە؟"

"کێ؟"

"کاساتسکی."

"پێموابێت، سەروو چلەکان بێت."

"هەر خۆیشی پێشوازی لە گشت میوانەکان دەکات؟"

"بەڵێ، لە هەر هەموویان، بەڵام نەك هەموو جارێكیش."

"پێیەکانم داپۆشە. بەو شێوە نا، چەندە دەستەپاچەیت! نەخێر! زیاتر! زیاتر—بەو شێوەیە! بەڵام پێویست ناکات بیانگوشیت!"

بەم جۆرە گەیشتنە ئەو دارستانەی خانەکەی لێ بوو.

ماکۆڤکینا لە گالیسکەکە دابەزی و بە ئەوانی ووت لە رۆیشتن بەردەوام بن. هەوڵیان دا پەشیمانی بکەنەوە، بەڵام ئەو هەڵچوو و فەرمانی پێ کردن لە رۆیشتن بەردەوام بن.

کە گالیسکەکە رۆیشت، ئەمیش بەو پاڵتۆ سپییە لە-پێستی-سەگ-دروستکراوەکەییەوە لە توولە رێگاکەوە بەرەو ژوورەکە رۆیشت. پارێزەرەکە هاتە دەرەوە و وەستا تا تەماشای بکات.

شەشەمین ساڵی باوکە سێرگی بوو وەکو خەڵوەتییەکی دابڕاو و، ئێستا تەمەنی گەیشتبووە چل و نۆ ساڵ. ژیانی گۆشەگیریی ژیانێکی زەحمەت بوو، نەك لەبەر رۆژوو و نوێژەکانییەوە، ئەمانەی هەر بەلاوە خوداپەرەستی نەبوون، بەڵکو زیاتر لەبەر ئەو ململانێیانەی ناخییەوە کە لەوەپێش هەرگیز پێشبینییی نەکردبوون. سەرچاوەکانی ئەم ململانێیەش دوو شت بوون: گومانەکانی و، هەوەسی گۆشتین. بە لای ئەمەوە دوو دوژمن بوون، بەڵام لە راستیدا هەردووکیان لە هەمان کاتدا یەك بوون. هەر کە لەگەڵ ئەوەی گومانی نەدەمان، هەوەسی دەکەوتە سەر. بەڵام بەوەی کە بە دوو ئەهریمەنی جودای دادەنان، بە جیا لەگەڵیاندا دەجەنگا.

لەگەڵ خۆیدا بیری دەکردەوە، "ئەی خودای من، ئەی خودایە. بۆچی ئیمانم پێ نابەخشیت؟ ئەوەتا هەوەس بەرۆکم دەگرێت؛ ئەگەرچی پیاوچاکانیش ناچار بوون بەرەنگاری ببنەوە—پیاوچاکانی وەکو سان ئەنتۆنی و هی دیکەش. بەڵام ئەوان باوەڕ و ئیمانیان هەبوو، لە کاتێکدا منیش چەندین سات و سەعات و رۆژم هەیە کە باوەڕیان تێدا نەبووە. ئەی بۆچی تەواوی جیهان بەو هەموو چێژ و خۆشییەیەوە بوونی هەر هەیە ئەگەر ئەمە تاوان بێت و پێویست بکات بە ناشرین دابنرێت؟ ئەی بۆچی تۆ ئەم ئارەزووەت دروست کردووە؟ ئارەزوو؟ ئایا ئەمە تاقە ئارەزوویەك نییە کە من دەخوازم لە پێناویدا دەستبەرداری گشت خۆشییەکانی سەر زەوی بم و شتێك بۆ ئەوێی خۆم ئامادە بکەم کە رەنگە هیچیشی تێدا بە گیر نەیەت؟" بەمە سامی لە خۆی دەنیشت و رقی لە خۆی دەبووەوە. "ئەی مەخلوقی ناپەسەند! تۆش ئارەزووی ئەوە دەکەیت ببیتە پیاوچاك!" بە سەختی سەرزەنشتی خۆیی دەکرد و، ئینجا دەستی کردە نوێژخوێندن. هەر لەگەڵ ئەوەی دەستی بە نوێژخوێندن کرد، وەکو ئەوەی لە دێرەکەدا بوو خۆیی بە روونی هاتە بەرچاو کڵاو و عەبایەکی بەشکۆی لەبەردا بوو و، ئینجا سەری خۆیی راوەشاند. "نەخێر، ئەوە راست نییە. هەڵخەتێنەرە. رەنگە بتوانم کەسانی دیکە هەڵبخەڵەتێنم، بەڵام ناتوانم خودای خۆم بخەڵەتێنم. من پیاوێکی شکۆمەند نیم، بەڵکو پیاوێکی نابووت و گەمژەم!" چمکی جبەکەیی هەڵدایەوە و زەردەخەنەیەکی کرد کاتێك تەماشایەکی لاقە باریکەکانی خۆیی دەکرد لە ناو ژێرشەڕواڵەکەیەوە.

ئینجا جبەکەی خۆیی دادایەوە و دووبارە دەستی کردەوە بە نوێژخوێندن و هێمای خاچی لەسەر جەستەی خۆی نواند و سوجدەی برد. "دەکرێت وای بەسەر بێت ئەم کەروێتەیە ببێتە دارمەیتم؟" ئەمەی دەخوێندەوە. ئینجا وەك بڵێیت شەیتان بچپێنێتە گوێی: "کەرەوێتەی خەڵوەتییەك خۆی لە خۆیدا هەر دارمەیتە. درۆیە!" لە خەیاڵیدا شانەکانی بێوەژنێکی دەدیت کە لەگەڵیدا دەژیا. خۆیی راوەشاند و لە خوێندنەوەی نوێژەکانی بەردەوام بوو. دوای ئەوەی کە ئامۆژگارییەکانی خوێندەوە، ئینجیلەکەی هەڵگرت و کردییەوە و وا رێکەوت کەوتە سەر ئەو پەیامەی زۆر جار دووبارەی کردبووەوە و لەبەری بوو: "خودایە، باوەڕم هەیە. یارمەتی بێباوەڕیم بدە!" بەمە گشت ئەو گومانانەی سەریان هەڵدابوو، لاچوون. وەك چۆن کەسێك شتێکی هاوسەنگی ناجێگیر قایم دەکات، ئەمیش بە ئەسپاییەوە باوەڕەکەیی لەسەر پایە لەرزۆکەکانەوە گۆڕی و لێی دوور کەوتەوە نەبادا بیلەرزێنێت یان سەراوژێری بکات. رەشکەوپێشکەکانی بەر چاوی راست کردەوە و هەستی بە ئارامبوونەوە کرد و، ئینجا نزاکەی منداڵیی خوێندەوە: "خودایە، وەرم بگرە، وەرم بگرە!" نەك هەر تەنها هەستی بە ئاسوودەیی کرد، پڕ جۆش و شادیش بوو. خاچی لە خۆی نواند و لەسەر کورسییە باریکەکەی پاڵ کەوت بخەوێت و، جبە هاوینەییەکەیی لوول کرد و لەژێر سەری دانا. دەمودەست خەو بردییەوە و، لە خەوە سووکەکەیدا وای هەست گوێی لە دەنگی زرینگەی زەنگۆڵەی خلیسکێنە بێت. نەیدەزانی خەون دەبینێت یان بەخەبەرە، بەڵام دەنگی لەدەرگادانێك لە خەوی راپەڕاند. ئەزنەکی دا و دانیشت؛ باوەڕی بە هەستەکانی خۆیی نەدەکرد، بەڵام دووبارە لە دەرگا درایەوە. بەڵێ لەدەرگادانێکی نزیك بوو، دەرگاکەی خۆی بوو و، لەگەڵ ئەوەشدا دەنگی ئافرەتێکیش دەهات.

"خودای من! دەکرێت ئەوە راست بێت؛ لەبەر ئەوەی لەبارەی ژیانی پیاوچاکانم خوێندەوە، شەیتان بێت و خۆی بکاتە ئافرەتێك؟ بەڵێ، ئەوە دەنگی ئافرەتێکە و، دەنگێکی ناسك و شەرمن و خۆشیشە. تفوو!" تفێکی کرد بۆ ئەوەی شەیتانی لێ دوور بکەوێتەوە. "نەخێر، ئەوە تەنها خەیاڵاتم بوو،" خۆیی دڵنیا کردەوە و، چووە ئەو گۆشەیەی تەختەی خوێندنەوەکەیی لێ بوو، لە بەرانبەری وەستا و بەو شێوەیەی خۆی کەوتە سەر ئەژنۆ کە دڵنەوایی و سەبووریی دەهاتێ. سەری دانەواند و توند نایە سەر ئەو بەڕە تەڕ و ساردەی سەر زەوییەکە کە ویژەی بای پێدا دەهات؛ قژی کە لە پێشەوە ووردە ووردە کەچەڵ دەبوو کەوتبووەنە سەر دەموچاوی. ئەو سروودەی دەخوێندەوە کە باوکە پیمۆنی پیر فێری کردبوو بۆ ئەوەی هەوا و هەوەسی لێ دوور بخاتەوە. لەسەر خۆی جەستە سووك و وشکهەڵهاتووەکەیی لەسەر لاقە بازوودارەکانی بەرز کردەوە و هەوڵی دا لە خوێندنەوەی نوێژ و نزاکانی بەردەوام بێت، بەڵام لە بری ئەوەی ئەمە بکات بە نائەنقەست زۆری بە بیستنی خۆی هێنا. حەزی دەکرد زیاتر ببیستێت. کڕ وکپ، هیچ دەنگێك نەدەهات. لە گۆشەی بنمیچەکەوە چك چك دڵۆپە بەردەبووەوە ناو تەشتێکەوە. لە دەرەوە تەم و مژێك بوو تێکەڵی ئەو بەفرە دەبوون کە بەر زەوی دەکەوتن. کپ بوو، زۆر کپ. ئینجا لە پڕێکدا خشەخشێك لە لای پەنجەرەکەوە هات و دوای ئەوەیش دەنگێك هات؛ هەمان ئەو دەنگە ناسك شەرمنە کە دەکرا تەنها هی ئافرەتێکی سەرەنجڕاکێش بێت و دەیووت:

"رێم بدە با بێمە ژوورەوە، بۆ خاتری حەزرەتی مەسیح!"

وەك ئەوە وەها بوو هەرچی خوێنی تێدایە رژابێتە دڵییەوە و لەوێ وەستابێت. بە ئەستەم دەیتوانی هەناسە بدات. "خودایە فریام بکەوە و شەیتانم لێ دوور بکەوێتەوە..."

"بەڵام من شەیتان نیم!" ئاشکرا بوو ئەو لێوانەی ئەوەی لێ دەرچوون، خەندەیان لەسەر بوون. بە پێکەنینەوە ووتی، "من شەیتان نیم، بەڵام تەنها ئافرەتێکی تاوانکارم کە رێگام وێڵ کردووە، نەك بە مانای خوازراو، بە مانای وشە تاوانکارم و رێگام وێڵ کردووە! وا خەریکە رەق دەبمەوە و لێت دەپاڕێمەوە پەنام بدە."

سەری نوساند بە پەنجەرەکەوە، بەڵام تیشکی قوونکە مۆمەکەی دەشکایەوە سەر پەنجەرەکە و هیچی لێوە دیار نەبوو. هەردوو دەستی خستە ئەملا و ئەولای دەموچاوی و لە نێوانیانەوە دەینواڕی. تەم و، مژ و، درەختێك و، ئینجا رێك لە بەرانبەرییەوە ئافرەتەکە خۆی بوو. بەڵێ، ئەوەتا بە دووری چەند ئینچێکی کەم لێیەوە، روخسارێکی شیرین و میهرەبان و ترساوی ئافرەتێك بوو کە کڵاو و پاڵتۆیەکی فەرووی درێژی لەبەردا بوو و، بەرەو لای ئەم نووشتابووەوە. چاوەکانیان یەکسەر بە یەکدی ئاشنا بوو؛ نەك ئەوەی هەرگیز پێشتر یەکدییان بینیبێت، ئەوان هەرگیز یەکیان نەدیبوو، بەڵام بەو نیگایەی گۆڕییانەوە و بە تایبەت ئەوەی ئەم، ئەو هەستەی دەدانێ یەکدی بناسن و لە یەکدی گەیشتبن. پاش ئەو نیگایە، ئیدی ئەو خەیاڵەی نەما کە ئەمە شەیتانێك بێت، بەڵکو ئافرەتێکی ساکاری میهرەبانی شیرینی شەرمنە.

لێی پرسی، "تۆ کێیت؟ بۆ چی هاتوویت؟"

"تکایە دەرگاکە بکەرەوە!" بە روودارییەکی عەیارانەوە وەڵامی دایەوە. "وا رەق دەبمەوە. پێت دەڵێم رێگام وون کردووە."

"بەڵام من رەبەن و زاهیدم."

"ئای، دە تکایە دەرگاکە بکەرەوە؛ یانیش ئەوەتا حەز دەکەیت لە بن پەنجەرەکەتدا رەق دەبمەوە و لە کاتێکدا تۆ نوێژەکانت دەخوێنیت؟"

"بەڵام چۆن تۆ..."

"خۆ ناتخۆم. بۆ خاتری خودا با بێمە ژوورەوە! تەواو تەزیووم."

هەر بە راستی هەستی بە ترس دەکرد و، ئەوەی بە چاوی پڕ لە گریانەوە دەووت.

سێرگی هەنگاوێك لە پەنجەرەکە چووە دواوە و تەماشایەکی پەیکەرێکی حەزرەتی رزگارکەری کرد کە تاجە دڕکینەکەیی لە سەردا بوو. هاواری کرد، "خوداوەند یارمەتیم بدە! خوداوەند یارمەتیم بدە!" خاچی نواند و بەرانبەری کڕنۆشی برد. ئینجا چوو بۆ لای دەرگاکە و بەرەو ناو هەیوانێکی بچوك کردییەوە و، دەستی برد بۆ شیشی دەرگای دەرەوە و بەرزی کردەوە. گوێبیستی دەنگی پێ بوو لە دەرەوە. لە بەر پەنجەرەکەوە دەهات بۆ لای دەرگاکە. "ئاهـ!" لە پڕ قیژەیەکی لێ هەستا و، سێرگی لێی تێگەیشت کە پێی چووەتە ناو ئەو چڵپاوەی لە بەردەم دەرگاکەوە بە دڵۆپەی بنمیچەکە دروست بووە. سێرگی دەستەکانی دەلەرزین و نەیدەتوانی شیشی دەرگاکە بکاتەوە کە قایمی داخرابوو.

"ئای، ئەوە چی دەکەیت؟ با بێمە ژوورەوە! تەواو تەڕ بووم. هەڵدەلەرزم! لە خەمی رزگارکردنی رۆحی خۆتدایت و لێدەگەڕێیت منیش رەق ببمەوە و بمرم..."

دەرگاکەی بە رووی خۆیدا لەراندەوە و شیشەکەی بەرز کردەوە و، بێ ئەوەی لە خەمی ئەوەدا بێت چی دەکات، دەرگاکەی وەها بە توندی کردەوە بە ئەویدا کێشا.

یەکسەر پێی ووت، "ئای، ببوورە!" بەمەش بە تەواوەتی چووەوە ئەو کۆنە رەفتارانەی خۆی لەگەڵ ئافرەتاندا هەیبوو.

بە بیستنی وشەی ببورە، ماکۆڤکینا بزکەیەکی کرد و، لە خەیاڵی خۆیدا دەیووت، "سەرەڕای هەموو شتێك، هێندەش خۆ سامناك نییە." ئینجا بە لایدا تێپەڕی و پێی ووت، "هیچ نەدەبوو ئەم سەرەڕۆییەم بکردبایە، بەڵام ئەم دۆخە ناهەموارە..."

"ئەگەر پێتان خۆش بێت، فەرموون!" ئەمەی پێ ووت و خۆی لە لاوە وەستا ئەو تێپەڕێت. بۆنێکی خۆشی بەهێزی بەر کەوت، لە مێژە بۆنی وەهای بە سەریدا نەهاتبوو. ماکۆڤکینا بە هەیوانە بچوکەکەدا چووە ئەو ژوورەی ئەمی لێ دەژیا. ئەمیش دەرگاکەی هەر وەها پێوەدا بێ ئەوەی شیشەکەی توند بکات و، لە دوایەوە چووە ژوورەوە.

"خوداوەند عیسای مەسیح، کوڕی خودا، رەحمێك بە منی تاوانکار بکە! خوداوەند رەحم بە منی تاوانکار بکە!" بێ وەستان نزای دەکرد، نەك تەنها هەر بۆ خۆیشی بەڵکو لێوەکانیشی لەگەڵدا دەجووڵان. "ئەگەر پێتان خۆش بێت!" دووبارە پێی ووتەوە. ئەویش لە ناوەڕاستی ژوورەکەدا وەستا بوو و تەماشای ئەمی دەکرد، دڵۆپەی تەڕییەکەی لێ دەکەوتە سەر زەوی. چاوەکانیشی پێدەکەنین.

"بمبوورە کە خەڵوەتییەکەتم لێ تێكدایت. بەس خۆت دەبینیت لە چ دۆخێکدام. هەموو لەوە سەری هەڵدا بۆ خلێسکێنێ لە شارۆچکەکەمانەوە دەرچووین و، ئەو گرەوەم بەست کە بە تەنیا لە ڤۆرۆبێڤکاوە بە پێ بڕۆمەوە بۆ شارۆچکەکەمان. بەڵام رێگام وون کرد و، ئەگەر رێگام نەکەوتبایەتە ئەم ژوورەی ئێوە..." ووردە ووردە رادەکشا و پاڵی دەدایەوە، بەڵام روخساری سێرگی سەری لێ شێواند و ناچاری کرد بوەستێت و بێدەنگ بێت. قەت ئەوەی چاوەڕێ نەدەکرد کە سێرگی ئاوەها بێت. ئەوەندە قۆز نەبوو کە بیری لێ دەکردەوە، لەگەڵ ئەوەشدا لە چاوی ئەوەوە هێشتا هەر جوان بوو: ئەو قژ و ریشە ماشوبرنجەی کە کەمێك لوول بوو، ئەو لووتە رێکەی و، ئەو چاوانەی کە وەك پشکۆ دەبریسکانەوە کاتێك تاماشایی دەکرد، ئەمانە هەستێکی بەهێزیان لەسەری دانابوو. 

باوکە سێرگی دەیبینی کە ئەو راکشابوو.

"بەڵێ... ئیتر،" ئەمەی ووت و تەماشایەکی کرد و دووبارەی چاوەکانی دانەواندەوە. "من دەچمە ئەوێ و، ئەم جێگایە بۆ تۆ بەجێ دەهێڵم."

چرا بچوکەکەیی داگرت و مۆمێکی داگیرساند و، سەری رێزی بۆ دانەواند و چووە ئەو ژوورە بچوکەی پشت دیوارە جیاکەرەوەکە و، ماکۆڤکیناش گوێی لێ بوو لەو دیوەوە شتێکی دەجووڵاند. "لەوانەیە بەربەستێکم بە روودا دابخات!" بیری دەکردەوە و بزکەی دەکرد و، پاڵتۆ سپییە لە-پێستەی-سەگ-دروستکراوەکەیی داکەند و هەوڵی دا کڵاوەکەیشی لەسەر دابکەنێت، بەڵام چەقیبووە ناو قژی و ئەو لەچکە چنراوەی لە ژێرییەوە بەستبووی. هێندەش تەواو تەڕ نەبووبوو کە لە ژێر پەنجەرەکەوە وەستابوو و، ئەوەیشی تەنها وەکو بیانوویەك ووتبوو رێی پێ بدات بێتە ژوورەوە. بەڵام بە ڕاستی پێی خستبووە ئەو گۆلاوەی لای دەرگاکە و، پێی چەپی تا قاپەڕەقەی تەڕ و پێڵاوەکەیشی کە لەسەر پووتەکانەوە لە پێی کردبوون پڕ ئاو بووبوو. لەسەر جێخەوەکەی باوکە سێرگی دانیشت و دەستی کردە داکەندنی پووتەکانی؛ جێخەوی چی، تەنها پارچە تەختەیەك بوو و پارچە رایەخێکی خرابووە سەر. ئەو ژوورە بچوکەی بەلاوە سەرەنجڕاکێش بوو. بەو بچوکییەی خۆیەوە کە حەوت بە نۆ پێ دەبوو وەکو شووشە خاوێن بوو. هیچی تێدا نەبوو جگە لەو تەختەیەی لەسەر دانیشتبوو و ئەو رەفە کتێبەی لەسەریەوە بوو و ئەو کتێب-هەڵگرەی لە گۆشەکەدا بوو. پاڵتۆیەکی دروستکراو لە پێستەی مەڕ و جبەیەك بە بزمارەکانی قەد دەرگاکەوە هەڵواسرابوون. لەسەر کتێب-هەڵگرەکە چرایەکی بچوك و پەیکەرێکی بچوکی مەسیحی لەسەر بوو بە تاجە دڕکینەکەیەوە. ژوورەکە بۆنێکی سەیری ئارەقەی لەش و بۆنی خۆڵی لێ دەهات. تەنانەت بەو بۆنەشەوە، هێشتا بە لایەوە ژوورێکی خۆش و دڵگیر بوو. قاچە تەڕەکانی، بە تایبەتی یەکێکیان، ناڕەحەتی کردبوون و، ئەویش خێرا و بێ ئەوەی بزەکەی لەسەر لێو بکەوێت دەستی کردە داکەندنی پووت و گۆرەوییەکانی؛ پتر لەوەی ئامانجەکەی خۆیی پێکا، بەوە خۆشحاڵ بوو کە دەیزانی توانیویەتی ئەو پیاوە سەرەنجڕاکیش و نامۆ-رەفتارە تەریق بکاتەوە. "ئەو وەڵامی نەدایەوە، بەڵام ئەوە چییە؟" بە خۆیی دەووت.

"باوکە سێرگی! باوکە سێرگی! یان، دەکرێت بە چی بانگت بکرێت؟"

دەنگێکی نزم وەڵامی دایەوە، "چیت دەوێت؟"

"تکایە بمبورە خەڵوەتەکەم لێ تێكدایت، بەڵام بە راستی پێم چارە نەدەکرا. بەو شێوەیە بە ئاسانی نەخۆش دەکەوتم. نازانم ئەگەر ئێستاش نەخۆش نەکەوتبێتم. تەواو تەڕ بووم و پێیەکانم وەکو سەهۆڵ تەزیوون."

"ببورە،" دەنگە نزمەکە وەڵامی دایەوە. "ناتوانم هیچ یارمەتییەکت بدەم."

"ئەگەر توانیبام، ئەزیەتی تۆم نەدەدا. تەنها تا رۆژ دەبێتەوە لێرە دەبم."

هیچ وەڵامێکی نەدایەوە؛ بەس گوێی لە وورتەوورتی شتێکی بوو، پێدەچوو نوێژەکانی بخوێنێت.

"خۆ نایەیتە ئێرە؟" بە بزکەوە لێی پرسی. "چونکە دەمەوێت جلەکانم دابکەنم و خۆم وشك بکەمەوە."

وەڵامی نەدایەوە و، هەر لە خوێندنی وێرد و نوێژەکانی بەردەوام بوو.

"بەڵێ، ئەوە خۆی پیاوە!" بیری دەکردەوە و، بە کێشمەکێش پووتە تەڕوتلیسەکانی دەردەهێنا. پووتەکانی توند رادەکێشان بەڵام نەیدەتوانی دەریان بهێنێت. پووچی ئەم هەوڵەی تووشی هەستێکی کرد کە تا رادەیەك بە بێدەنگی بە خۆی پێبکەنێت. بەڵام کە زانی لەوانەیە گوێی لە دەنگی بووبێت و بەمەش قەڵس ببێت، وەکو ئەوەی خۆی دەیویت، ئینجا بە ئەنقەست و بە دەنگی بەرز دەستی کردە پێکەنین؛ بەرزتر و بەرزتر پێدەکەنی، بێپەروا و سروشتی و ناسكانە پێدەکەنی؛ بە راستی کاری تێکردبوو هەر وەکو ئەوەی خۆی ئارەزووی دەکرد.

ماکۆڤکینا لە خەیاڵی خۆیدا دەیووت، "بەڵێ خۆیەتی، سەرەڕای ئەو نوێژانەی دەیخوێنێت، دەتوانم لەگەڵ پیاوێکی لەم جۆرە خۆشەویستی بکەم، ئەو چاوانە و ئەو روخسارە ساکارە بەڕێزەی و ئینجا ئەو هەست و سۆزەیشی... ناکرێت لەبەر ئەم شتانە ئافرەتێك گۆڵ بدەیت. هەر کە چاوی خستە سەر پەنجەرەکە، خۆی تێگەیشت و باشیش ئەوەی زانی. تیشکی ئەمە کەوتە سەر چاوەکانی و لەسەریان مایەوە. لەوەوە منی خوش ویست و ئارەزووی کردم. بەڵێ، ئارەزووی کردم!" لە کۆتاییدا توانی پێڵاوەکانی و دوای ئەوەیش پووتەکانی دابکەنێت و ئینجا دەستی کردە داکەندنی گۆرەوییەکانی. بۆ ئەوەی ئەو گۆرەوییە درێژانەی دەربهێنێت کە بە کێش توندی کردبوون، پێویستی بوو دامێنی کراسەکەی بەرز بکاتەوە. لەمەدا هەستی بە خەجاڵەتی دەکرد، بۆیە پێی ووت:

"نەیەیتە ژوورەوە!"

بەڵام لەودیو دیوارەکەوە هیچ وەڵامێکی نەدرایەوە. وورتەوورتە یەکپەساکەی هەر بەردەوام بوو و، هەروەها دەنگی جووڵەیشی دەهات.

"بێگومان، خۆی داوە بە زەویدا و سوجدەی بردووە،" وای بیر دەکردەوە. "بەڵام هەر واز لەوە ناهێنێت. هەر بیر لە من دەکاتەوە، دروست وەك چۆن من بیری لێ دەکەمەوە. بە هەمان ئەو هەستەی من، بیر لەم پێیانەی من دەکاتەوە!" گۆرەوییە تەڕەکانی دەرهێنان و پێیەکانی هەڵکشاندە سەر تەختەکە و خستنییە ژێر خۆی و دانیشت. بۆ ماوەیەك بەم شیوەیە دانیشت و باوەشی بە ئەژنۆکانیدا کردبوو، بیری دەکردەوە تەماشای بەردەمی خۆی دەکرد. "لێرە و بەم کڕوکپییە بیابانێکە بۆ خۆی. کەس هەرگیز نازانێت..."

ماکۆڤکینا هەستا و گۆرەوییەکانی بردە لای زۆپاکە و دانی بەسەر هەواکێشەکەدا. هەواکێشێکی عەنتیکە بوو و، ئەویش هەڵیدایەوە و، ئینجا بەو پێیە پەتییانەی سووك هەنگاوی دەنا و گەڕایەوە بۆ سەر کورسییەکە و قاچی کێشایە سەرەوە و بۆ خۆی دانیشتەوە.

لەوبەری دیوارەکەوە بێدەنگییەکی تەواو بوو. تەماشایەکی ئەو کاتژمێرە بچکۆلانەیە کرد کە لە ملی کردبوو. کاتژمێر دوو بوو. "دەبێت کۆمەڵەکەمان بۆ کاتژمێر سێ بگەڕێتەوە!" لە یەك سەعات زیاتری لە پێشدا نەمابوو. "ئێ باشە، هەر دەبێت بەم شێوەیە و هەر بە تەنیا دابنیشم؟ چەند بێتامە! وەهام ناوێت. هەر ئێستا بانگی دەکەم."

"باوکە سێرگی، باوکە سێرگی! سێرگی دیمیتریچ! شازادە کاساتسکی!"

لە پشت دیوارەکەوە هیچ نقەیەكی لێوە نەهات.

"گوێبگرە! ئەمە زۆر دڕندانەیە. ئەگەر پێویست نەبا بانگم نەدەکردی. نەخۆشم. نازانم چیمە!" داماوانە بانگی دەکرد. "ئای! ئاه!" ئاهی هەڵکێشا و بە پشتدا کەوت. ئەگەر چی ووتنیشی سەیرە، بەڵام ئەو بە راستی وای هەست دەکرد کەم کەم لاواز دەبێت و هۆشی لەدەست دەدات و، هەموو ئازای لەشی دەئێشان و، لەرز و تای دەهاتێ.

"گوێبگرە! یارمەتیم بدە! من نازانم چیمە. ئای! ئاخ!" کراسەکەیی کردەوە و سنگی دەرخست و هەردوو باڵی بەرز کردەوە و تا ئانیشك رووت بوون. "ئای! ئای!"

لە تەواوی ئەو ماوەیەدا لەودیوی دیوارە دابەشکەرەکەوە وەستابوو و نزای دەکرد. کە گشت نوێژ و نزاکانی ئێوارانی تەواو کرد، بێجووڵە بۆ خۆی وەستا بوو و بە چاوەکانی تەماشای کۆتایی لووتی خۆی دەکرد و، لە دڵەوە هەر ئەمەی دووبارە دەکردەوە: "خوداوەند عیسای مەسیح، کوڕی خودا، رەحمم پێ بکە!"

بەڵام گوێی لە هەموو شتێك بوو. گوێی لێ بوو حەریرەکەی خشەی دەهات کاتێك کراسەکەیی دادەکەند و، چۆن بە پێی پەتی بەسەر زەوییەکەدا هەنگاوی دەنا و، گوێی لەوەیش بوو چۆن دەستی بە پێیەکانیدا دەهێنا. هەستی بە لاوازی خۆیی دەکرد و لەوەدا بوو لە هەر چرکەیەکدا خۆی لەدەست بدات. لەبەر ئەوەش بوو بێ پسان نوێژی دەخوێند. هەر وەکو پاڵەوانی ناو داستانەکان هەستی دەکرد کە دەبوو بەردەوام بێت و لا نەکاتە دواوە. بەم جۆرە سێرگی هەم گوێبیستی بوو و هەمیش هەست بەو مەترسی و وێرانییە دەکرد کە بەسەر سەرییەوە و لە چواردەوریدا گڕی دەخوارد؛ تەنها شتێکیشی بۆ پاراستنی خۆی لەدەست هاتبێت ئەوە بوو نەهێڵێت بۆ تەنها ساتێکیش تەماشای ئەو ئاراستەیە بکات. بەڵام لە پڕێکدا ئارەزووی تەماشاکردن بەسەریدا زاڵ بوو. هەر لەو کاتەدا بە ئەمی ووت:

"ئەمە زۆر نامرۆڤانەیە. من لەوانەیە بمرم..."

"بەڵێ، دەڕۆمە لای، بەڵام وەکو ئەو پیاوچاکە دەڕۆم کە دەستێکیی خستە سەر جەستەی سۆزانییەکە و ئەو دەستەکەی دیکەیی خستە سەر مەقاڵەکە. بەڵام ئێرە خۆ هیچ مەقاڵەیەکی لێ نییە." تەماشایەکی دەوروبەری خۆیی کرد. چراکە! پەنجەی خۆیی خستە سەر ئاگرەکەی و روخساری مۆن کرد؛ خۆیی بۆ ئازارچەشتن ئامادە دەکرد. بۆ ماوەیەکی درێژ پەنجەی لەسەری بوو و وای دەزانی هیچ هەست بە ئازار ناکات؛ هێشتا نەگەیشتبووە ئەوەی کە داخۆ بە ئەندازەی پێویست ئازاری دەبێت؛ لە ناکاو خۆیی بادا و دەستی راتەکاند و لە هەوادا رایدەوەشاند. "نەخێر، ناتوانم بەرگەی ئەوە بگرم!"

"بۆ خاتری خودا، وەرە بە لامەوە! لەوانەیە بمرم! ئای!"

"دە باشە، من بمرم؟ نەخێر، نەك بەم شێوەیە نا!"

"هەر ئێستا دێم بە لاتەوە،" ئەمەی ووت و دەرگاکەی کردەوە؛ بێ ئەوەی لە ژوورەکەیدا تەماشای بکات، چووە بەر هەیوانەکە کە هەمیشە داری تێدا وورد دەکرد. بە لەپەکووتە کۆترە دارەکە و ئەو تەورەی دۆزییەوە کە بە دیوارەکەوە هەڵواسرابوو.

"هەر ئێستا!" ئەمەی ووت و، تەورەکەی بە دەستی راستی هەڵگرت و پەنجەی دۆشاومژەی دەستی چەپی خستە سەر کۆترە دارەکە و تەورەکەی هێنایەوە و لە خوار گرێی دووەمییەوە پێدا کێشا. پەنجەکە سووکتر لە شوولکە دارێك هەمان ئەستووریی هەبێت فڕییە حەوا و دەخولایەوە و بەربووەوە سەر کەناری کۆترە دارەکە و ئینجا کەوتە سەر زەوی.

پێش ئەوەی هەست بە هیچ ئازارێك بێت، دەنگی کەوتنەکەیی هاتە بەر گوێ، بەڵام بەر لەوەی کاتی ئەوەی هەبێت باوەڕی پێ بکات، هەستی بە ئازارێکی سووتانەوە و گەرمیی خوێنبەربوونەکەیی کرد. پەنجە قرتاوەکەیی بە دامێنی جبەی پێچا و نوساندنی بە بەرۆکییەوە و گەڕایەوە بۆ ژوورەکە؛ بەرانبەر ئافرەتەکە راوەستا و چاوەکانی دانەواند و بە دەنگێکی نزم لێی پرسی: "چیت دەوێت؟"

ئەویش تەماشای دەموچاوە زەردهەڵگەڕاوەکەیی و لەرزینی کوڵمی چەپیی کرد و، لە پڕ هەستی شەرمەزاری دایگرت. هەڵپەڕییە سەرپێ و پڕی دایە پاڵتۆ فەرووەکەی فڕێیدایە سەر شان و ملی و خۆیی تێدا پێچایەوە.

"ئازارم هەبوو... سەرمام بووبوو... من... باوکە سێرگی... من..."

هێشتی چاوەکانی کە بە بروسکەیەکی ئارامی خۆشحاڵی دەبریسکانەوە لە چاوەکانی ئەو بگیرسێنەوە و، ئینجا ووتی:

"خوشکی ئازیزم، بۆ چی حەز دەکەیت ئەو رۆحە نەمرەت وێران بکەیت؟ فریوودان هەر پێویستە بێتە ئەم جیهانەوە، بەڵام بەدبەختی بۆ ئەو کەسەی لە رێگەیەوە ئەو فریوودانە دێت. لە خودا بپاڕێوە بەڵکو لێمان خۆش بێت!"

گۆێی لێ دەگرت و تەماشای دەکرد. لە ناکاو گوێی لە دەنگی چکانی شتێك بوو. تەماشای خوارەوەی کرد و بینی خوێن لە دەست و بەرۆکی جبەکەیەوە دەچۆڕێت.

"چیت بە دەستی خۆت کردووە؟" ئەو دەنگەی بیر هاتە کە گوێبیستی بووبوو و، چرا بچوکەکەی هەڵگرت و چووە هەیوانەکەوە. لەوێ و لەسەر زەوییەکە پەنجە خوێناوییەکەی بینی. گەڕایەوە و دەموچاوی لە هی ئەم رەنگی زیاتر پەڕیبوو، لەودا بوو قسەیەکی لەگەڵدا بکات، بەڵام ئەم بە بێدەنگی چووەوە ژوورەکەی پشتەوە و دەرگاکەی داخست.

"لێم ببوورە!" ماکۆڤکینا بەمی ووت. "چۆن دەتوانم قەرەبووی ئەم تاوانەم بکەمەوە؟"

"بڕۆ."

"لێگەڕێ دەستت بپێچمەوە."

"لێرە بڕۆ."

بە خێرایی و بێدەنگی خۆیی کردە بەر و، کە ئامادە بوو فەرووەکەی دا بە شاندا و دانیشت و چاوەڕێی دەکرد. لە دەرەوە دەنگی زەنگۆڵەی گالیسکە خلیسکێنەکە دەهات.

"باوکە سێرگی، لێم خۆش بە!"

"برۆ. خودا لێت خۆش بێت."

"باوکە سێرگی! من ژیانی خۆم دەگۆڕم. دەستم لێ بەر مەدە!"

"بڕۆ."

"لێم خۆش بە و، دوعام بۆ بکە!"

لەودیو دیوارەکەوە گوێی لە دەنگە نزمەکەی بوو دەیووت، "بە ناوی باوك و کوڕ و گیانی پیرۆز! بڕۆ!"

ئافرەتەکە دایە گریان و لە ژوورەکە چووە دەرەوە. پارێزەرەکە بەرەو پیری هات.

"وەك دیارە گرەوەکەم دۆڕاند. چارەم نەما. لە کوێ دادەنیشیت؟"

"هەمووی بۆ من وەکو یەکە."

لە گالیسکەکەدا جێی خۆی کردەوە و ئەو هەموو رێگایەی تا ماڵەوە هیچی نەدرکاند.

ساڵێك دواتر ماکۆڤکینا وەکو تازەکارێك پەیوەندی بە خەڵوەتگایەك و لەژێر دەستی باوکە ئارسەنیی خەڵوەتی ژیانێکی رێك و راست ژیا؛ ئەم زاهیدە ماوەی جارێك نامەیەکی بۆ ماکۆڤکینا دەنارد.

 

 

            ٤

باوکە سێرگی بۆ حەوت ساڵی دیکە لە خەڵوەتدا ژیا.

لە سەرەتادا زۆرێك لەو شتانەی قەبوڵ دەکرد خەڵك بۆیان دەهێنا، لە شەکر و چا و نانی سپی و شیر و جلوبەرگ و داری سوتاندن. بەڵام کە کات زیاتر گوزەشت، زیاتر و زیاتر بەرەو ژیانێکی وشك دەچوو، ئەو شتانەی رەت دەکردەوە کە لە پتر پێویستی بوون تا وای لێهات هیچی قەبوڵ نەدەکرد جگە لە نانی بۆری قەلتاس، ئەویش تەنها هەفتەی جارێك. هەر شتێکی دیکەی بۆ هاتبا دەیدایە ئەو هەژارانەی دەهاتنە لای. تەواوی کاتی خۆیی لە ژوورەکەیدا بەسەر دەبرد، ئەویش بە نوێژکردن یان بە قسەکردن لەگەڵ سەردانیکەرانی، کە لەگەڵ تێپەڕینی کات ژمارەیان تا دەهات زیاتر و زیاتر دەبوو. لە ساڵێکدا تەنها سێ جار بۆ کڵێسا دەچووە دەرەوە و، هەر کاتێکیش پێویستی با دەچوو ئاو و داری دەهێنا.

ئەو داستانەی لەگەڵ ماکۆڤکینا لە پاش پێنج ساڵەی ژیانی خەڵوەتیی روویدا. رووداوەکەش بە تەواوەتی بڵاو بوویەوە، لەو شەوە سەردانەوە بگرە تا ئەو گۆڕانەی بەسەر ئافرەتەکەدا هات و، پەیوەندیکردنیشی بە دێرێکی رەبەنایەتی. لەو کاتەوە نێوبانگی باوکە سێرگی زیادی کرد. سەردانیکەری پتر و پتری دەهاتنە کن، هەندێ رەبەنی دیکە لە نزیکی ژوورەکەیەوە جێگیر بوون و، هەروەها کڵێسایەکی بچوك و میوانخانەیەکیشی لە پاڵدا بەرز کرایەوە. بە زیادەڕوویکردن لە جوامێرییدا، نێوبانگەکەی هەر بڵاوتر دەبوویەوە. خەڵکی لە شوێنی دوورەوە دەهاتنە لای و، کەم کەم نەخۆش و دەردەداریان دەهێنایە لای چونکە خۆیان ووتنەی چارەیان دەکات.

یەکەمین جار یەکێکی چارەسەر کرد لە هەشتەمین ساڵی ژیانی خەڵوەتییەکەیدا بوو. چارەسەرکردنی کوڕێکی چواردە ساڵان بوو؛ دایکی ئەوی هێنایە لای باوکە سێرگی و پێداگری کە دەبێت دەستی بخاتە سەر سەری منداڵەکەی. هەرگیز لەمەوەبەر هەڵنەکەوتبوو بۆ باوکە سێرگی نەخۆشێك چاك بکاتەوە. بیرۆکەیەکی لەم جۆرەی بە گوناهێکی گەورەی غرور و لووتبەرزی لە قەڵەم دەدا؛ بەڵام چی بکات، دایکەکە کە کوڕەکەیی هێنابوو دامێنگرانە لێی پاڕایەوە و بەسەر پێیەکانیدا کەوت و پێی ووت: "بۆ چی ئێوە کە خەڵکی دیکە چاك دەکەنەوە، رەتی دەکەیتەوە یارمەتی کوڕەکەی من بدەیت؟" ناوی مەسیحی بۆ هێنایە تکا. کاتێك کە باوکە سێرگی بۆی تەئکید کردەوە کە تەنها خودا دەتوانێت نەخۆش چاک بکاتەوە، دایکەکە وەها وەڵامی دایەوە کە تەنها دەیەوێت ئەم دەستی بخاتە سەر سەری کوڕەکەی و نوێژی بەسەر بخوێنێت. باوکە سێرگی داواکەی رەت کردەوە و چووەوە ژوورەوە بۆ ناو ژوورەکەی. بەڵام بۆ رۆژی دواتر کاتێك بۆ ئاو هێنان دەچووە دەرەوە، هەمان ئەو دایك کوڕەی بینی؛ کاتەکەی پاییز بوو و شەوان ساردی کردبوو؛ کوڕەکە زەردهەڵگەڕاوێکی چواردە ساڵان بوو. هەمان داواکاریی رووبەڕوو کرایەوە.

سەربوردەی دادوەرە نادادپەروەرەکەی بە بیر هاتەوە و، هەرچەندە پێشتر دڵینا بوو لەوەی کە پێویستە رەتی بکاتەوە، بەڵام ئێستا کەوتە دڵەڕاوکێ و، ئەم دڵەڕاوکێیەش وای لێکرد بچێت نوێژ بکات و، نوێژ کرد تا ئەوەی بڕیارێکی لە زیهندا بەرجەستە بوو. بڕیارەکەی وەها بوو کە دەبێت بچێتە ژێر باری ئەو داواکارییەی ژنەکە و وەهای تێبگەیەنێت کە باوەڕی خۆی دەتوانێت کوڕەکەی قوتار بکات. وەکو خۆیشی، لەم دۆخەدا رۆڵێکی ئەوتۆی نابێت جگە لە هۆیەکی بێبایەخ کە لە لایەن خوداوە هەڵبژێردراوە بۆی.

ئینجا چووە دەرەوە بۆ لای دایکەکە و ئەوەی داوای کردبوو بۆیی هێنایە دی؛ دەستی خستە سەر سەری کوڕەکە و نزای بۆ کرد.

دایکەکەی لەگەڵ کوڕەکەی بەجێ هێشت و، مانگێك دواتر کوڕەکە چاك بووەوە و، نێوبانگی ئەو هێزی چارەسەرکردنەی پیر سێرگی (وەکو ئەوەی ئێستا ناوی دەهێنن) بە تەواوی لە ناوچەکەدا تەشەنەی سەند. پاش ئەوە، هەفتەیەك تێنەدەپەڕی خەڵکی نەخۆشی نەیەتە کن، جا بە سواری دەهاتن یان بە پێیان؛ باوکە سێرگیش لەبەر ئەوەی بەو داوایە قایل بووبوو، نەیدەتوانی داواکانی دیکە رەت بکاتەوە و، دەستی خستە سەر خەڵکێکی زۆر و نوێژی بەسەردا خوێندن. زۆرێکیان چاك بوونەوە و، نێوبانگی ئەمیش پتر و پتر بڵاو دەبووەوە.

بەم شیوەیە، حەوت ساڵی لە دێرەکە و سیازدە ساڵی دیکەیشی لە خەڵوەت و لەو ژوورەدا بەسەر برد. ئێستاش روواڵەتی پیرەمێردێکی وەرگرتبوو؛ ریشی درێژ و خۆڵەمێشی بوو، بەڵام قژی ئەگەر چی تەنك، بەڵام هێشتا هەر رەش و لوول بوو.

 

 

            ٥

بۆ چەندین هەفتە خەیاڵێك بە بەردەوامی بیری داگیر کردبوو: ئایا لە لەسەر راست بووە ئەو پێگەیەی قەبوڵ کردووە، ئەگەرچی بە ویستی خۆیشی نەبووە هێندەی ئەوەی لە لایەن ئارشمەندیت و سەرۆك دێر بۆی دانراوە. ئەم پێگەیەی لە دوای چاککردنەوەی کوڕە چواردە ساڵانەکەوە بۆ دروست بوو. لەو کاتەوە، لەگەڵ هەر مانگ و هەفتە و رۆژێکدا تێدەپەڕی، سێرگی وای هەست دەکرد ژیانی ناوینی لەناو دەچێت و ژیانێکی روواڵەتی جێگەی دەگرێتەوە. وەکو ئەوە وەها بوو ژیانی سەراوژێر بووبێت.

سێرگی دەیزانی کە بووتە هۆیەك بۆ راکێشانی سەردانیکەران و کۆکردنەوەی ئابوونە و بەخشین بۆ دێرەکە و، ئەوەیشی دەزانی کە بەم شێوەیە کاربەدەستان کارەکانیان وەها رێك دەخست تا بە زۆرترین شێوەی گونجاو سوودی لێ وەربگرن. بۆ نمونە، وەهایان لێ کردبوو نەتوانێت خۆی هیچ کارێکی دەستی ئەنجام بدات. هەر چییەکی ویستبا بۆی دابین دەکرا و، تەنها ئەوەیان لێ داوا دەکرد کە نابێت دەست بنێت بە ڕووی ئەوانەی دەهاتنە لای داوای نزای و دوعایان لێ دەکرد. بۆ ئەوەی بۆی بگونجێت و پێی ئاسوودە بێت، هەندێ رۆژیان بۆ دیاری کردبوو تاوەکو لەو رۆژانەدا پێشوازی لە سەردانیکەران بکات. ژوورێکیان بۆ پێشوازیکردنی لە پیاوانیان رێك خستبوو و، جێگایەکیشیان بە محەجەرە بۆ پەرژین کردبوو نەبادا لە قەرەباڵخییەکاندا پاڵ بدرێتە سەر سەردانیکەرە ئافرەتەکان و، ئینجا بە ئاسوودەیی بتوانێت نزا بۆ ئەو کەسانە بکات کە دەهاتنە لای.

پێیان دەووت خەڵك پێویستیان پێیەتی و، لەبەر بەجێگەیاندنی یاسای مەسیح بۆ خۆشەویستی، ناتوانێت ئەو داوایانەیان رەت بکاتەوە بۆ چاوپێکەوتنی و، هەروەها ئەوەیشی کە خۆدوورخستنەوە لێیان سەخت لەسەریان دەکەوێت. هیچی لەدەست نەدەهات جگە لەوەی بەوە رازی بێت؛ بەڵام هەرچەندە زیاتر خۆیی بەدەست ئەم جۆرە ژیانەوە دابا، زیاتر ئەو هەستەی لەلا دروست دەبوو کە ئەوەی لە ناخیدا بووە دەبێتە روواڵەت و، ئەو کانیاوە زیندووەی ناخی وشك دەبێتەوە و، ئەوەیشی کە ئێستا ئەنجامی دەدات زیاتر و زیاتر بۆ مرۆڤە و کەمتر و کەمتر بۆ خودایە.

داخۆ خەڵکی ئامۆژگاری کردبا، یان تەنها پیرۆزی کردبان، یان نزای بۆ نەخۆشەکان کردبا، یان سەبارەت بە ژیانیان شیرەت و راوێژی بە خەڵك دابا، یان گوێی بگرتبا لە دەربڕینی ستایشی ئەوانەی بە ئامۆژگاری یان بە خێر و سەدەقە یان بە چارسەرکردنەکانی یارمەتیی دابوون، ئەوا نەیدەتوانی پێی خۆشحاڵ نەبێت و نەیدەتوانی بێدەربەست بێت بەرانبەر بە ئاکامی کارەکانی و بەرانبەر بەو کاریگەرییانەی لەسەر خەڵکی بەجێ دەهێشتن. وەکو روناکییەکی درەوشاوە لە خۆیی دەڕوانی و، تا زیاتر ئەم هەستەی بکردبا، زیاتر بەئاگا دەبووەوە سەبارەت لاوازییەكی خۆی: فەنابوونی ئەو رۆشناییە خوداییەی حەقیقەت کە لە ناخیدا دەدرەوشایەوە.

"ئەوەی من دەیکەم تا چەند بۆ خودایە و تا چەند بۆ مرۆڤە؟" ئەو پرسیارە بووە ختورەیەك کە بە بەردەوامی ئەشکەنجەی دەدا و لە بەرانبەریشیدا هێندە بێهێز بوو نە دەیتوانی خۆی وەڵامێکی بداتەوە و نە دەیشیتوانی رووبەرووی وەڵامەکەی ببێتەوە.

لە قووڵایی ناخیدا وای هەست دەکرد کە ئەهریمەن کارێكی لە پێناو مرۆڤدا بۆ جێگیر کردووە لە جێی ئەو کارەی پێشووی کە بۆ خودای دەکرد. ئەم هەستەی لەلا دروست بوو چونکە هەر وەکو ئەوەی جاران بە لایەوە زەحمەت بەو خەڵوەتەی دابڕزێت، ئێستاش ئەو خەڵوەتە خۆی بووەتە کارێکی زەحمەت بۆی. بە هۆی سەردانیکەرانەوە بێزار و بێتاقەت بووبوو، بەڵام لە قوڵایی دڵیدا بە ئامادەبوونیان دڵشاد دەبوو و هەروەها بەوەی کە بە باڵایدا هەڵیان دەدا خۆشحاڵ دەبوو.

جارێکیان بڕیاری دا دوور بچێت و خۆی بشارێتەوە. تەنانەت پلانیشی بۆ هەموو ئەو شتانە دانابوو کە پێویستی بوون. کراس و پانتۆڵ و پاڵتۆ و کڵاوێکی جوتیارانەی بۆ خۆی ئامادە کرد. وەهای روون کردبووەوە کە ئەمانەی بۆ کەسانێك دەوێت لێیان داوا کردووە. ئەم جلوبەرگانەی لە ژوورەکەی خۆیدا هەڵگرتبوو و خۆیی بۆ ئامادە کردوو چۆنیان لەبەر بکات، قژی خۆی کورت بکاتەوە و بۆی دەربچێت. سەرەتا دەبوو سێ سەد ڤێرستێك (دوو سەد میلێك) بە شەمەندەفەر بڕوات و، ئینجا پیادە بێت و گوند بۆ گوند بە پێ بڕوات. پرسیاری لە پیرەمیردێك کە پێشتر سەرباز بووە کرد چۆن بە پێ گەشتی کردووە: خەڵکی چییان داوەتێ و چۆنیان جێ کردووەتەوە. سەربازەکە بۆی باس کرد لە کوێدا خەڵك بەخشندەترینن و لە کوێدا بۆ شەوان جێی رێبوار دەکەنەوە؛ باوکە سێرگیش دەیویست بۆ خۆی سوود لەم زانیارییانە وەربگرێت. تەنانەت شەوێکیان بەو هیوایەی بۆ دەربجێت جلەکانی لەبەر کرد، بەڵام نەیدەتوانی بڕیار بدات کامیان باشترە: بمێنێتەوە یان هەڵبێت. سەرەتا حایر مابوو، بەڵام دواتر ئەم دڵەڕاوکێیەی تێپەڕی. خۆیی رادەستی نەریت و ملکەچی ئەهریمەن کرد و، وای لێهات تەنها ئەو جلوبەرگە جوتیارییە ئەو بیرۆکە و هەستەی هەیبوون بە بیر دەهێنایەوە.

رۆژ دوای رۆژ خەڵك زیاتر لێشاویان بۆ دەهێنا و تا دەهات کەمتر کاتی بۆ نوێژەکانی و بۆ نوێکردنەوەی هێزی رۆحیی خۆی دەما. هەندێ جار لە ساتەکانی رۆشنی و داڵغەلێداندا وەها بیری لە خۆی دکردەوە جێگایەك بووبێت کە پێشتر کانیاوێك بووە. "ئەوسا گەڕە کانییەك بووم، بە هێواشی ئاوی حەیاتم لێ هەڵدەقووڵا و لەبەر دەچوو. ژیانی راستەقینە ئەو کاتە بوو، کاتێك ئەو ئافرەتە هەوڵی فریوودانی دام!" (هەمیشە مەستانە بیری لەو شەوە  و لەو ئافرەتە دەکردەوە کە ئێستا بووەتە دایکە ئاگنێس.) ئەو تامی ئەو ئاوە پاکەی کردبوو، بەڵام لەو کاتەوە بەدواوە ئیدی کاتێکی بۆ نەمایەوە کۆی بکاتەوە تا ئەوەی خەڵکە تینووەکە داڕژانە ژوورەوە و بووە پاڵ پاڵێنیان. هەموو شتێکیان بەژێر پێوە کرد و جگە لە قووڕ هیچی دیکەی لێ نەمایەوە.

لە هەندێ ساتی دەگمەنی رۆشنی بەم شێوەیە بیری دەکردەوە، بەڵام وەك باری هەمیشەیی، لە ماندوێتیدا بوو و لەبەر ئەم ماندوێتیشیەوە بەزەییی بە خۆیدا دەهاتەوە.

کات بەهار و ئێوارەی پێش جەژنی ناوەڕاستی پەنجا رۆژی (ناوەڕاستی پێنتاکۆست) بوو. باوکە سێرگی دەستی بە مەراسیمی شەوبێداری کردبوو لەناو کڵێسا خەڵوەتگاییەکەیدا، کۆبوونەوەکە پڕاوپڕی ئەو کڵێسا بچوکە بوو، نزیکەی بیست کەسێك دەبوون. هەمووشیان دارا و بازرگانانی دەوڵەمەند بوون. باوکە سێرگی هەموو کەسێکی وەردەگرت، بەڵام ئەو دەستەبژێرە لە لایەن رەبەنێك و هەروەها یارمەتدەریکیش کە هەموو رۆژێك لە دێرەکەوە دەنێردرایە خەڵوەتگەکەوە رێك خرابوو. حەشامەتێکی دیکەی نزیکەی هەشتا کەسی لە زیارەتکاران و جوتیاران و بە تایبەتیش ئافرەتانی جوتیار لە دەرەوە وەستابوون چاوەڕێی باوکە سێرگییان دەکرد بێتە دەرەوە و نزایان بۆ بکات. هەر لەو کاتەدا کە مەراسیمەکەی بەڕێوە برد، چووە دەرەوە بۆ سەر گۆڕی پێشینێکی خۆی، بەڵام لەتری برد و هێندەی نەمابوو بەر ببێتەوە ئەگەر لە لایەن بازرگانێك کە لە پشتییەوە وەستابوو و ئەو رەبەنەی کە رۆڵی شەماسی خزمەتکاری دەبینی نەگیرابایەتەوە.

"ئەو چیتە، باوکە سێرگی؟ پیاوی چاك! ئەی خودا!" ئافرەتەکە هاواری دەکرد. "چەشنی پاتسقە سپی بووەتەوە!"

بەڵام باوکە سێرگی هەر زوو بەسەر خۆدا هاتەوە و، ئەگەرچی رەنگی زۆر پەڕیبوو، بازرگانەکە و شەماسەکەی پاڵدایە لاوە و لە خوێندنەوەی مەراسیمەکەی بەردەوام بوو.

باوکە سێرافیم و شەماسەکە و خزمەتکارانی کڵێسا و سۆفیا ئیڤانۆڤا کە ئافرەتێك بوو هەمیشە لە نزیك خەڵوەتگاکەدا دەژیا، هەموویان هاتن بە هانای باوکە سێرگی و لێی پاڕانەوە مەراسیمەکە بە کۆتا بهێنێت.

"نەخێر، شتێکی وەها نییە،" باوکە سێرگی پێی ووتن و لە ژێر سمێڵەوە زەردەخەنەیەکی بۆ کردن و درێژەی بە مەراسیمەکە دا. لە بیری خۆیدا دەیووت، "بەڵێ، پیاوچاکان بەم شێوەیە رەفتار دەکەن!"

"ئەی پیاوی پیرۆز، فریشەتی خودا!" رێك لە پشتییەوە گوێی لە دەنگی سۆفیا ئیڤانۆڤا و هەروەها ئەو بازرگانەش بوو کە یامەتیی دابوو. گوێی بە پاڕانەوەکانیان نەدا و، بەردەوام بوو لە پێشکەشکردنی مەراسیمەکەی. جارێکی دیکە جەم بوونەوە و بە دەرگا تەنگەکانەوە رێی خۆیانیان بۆ ناو کڵێسا بچوکەکە کردەوە و، لەوێش بە کەمێك کورتکردنەوەوە باوکە سێرگی نوێژی ئێوارانی تەواو کرد.

پاش ئەوەی پیرۆزکردنی بەسەر ئامادەبوواندا پێشکەش و دەستبجێ دوای ئەوەی مەراسیمەکەی بە کۆتا هێنا، باوکە سێرگی چوو لەسەر کورسییە درێژەکەی بن رەشەدارەکەی بەردەم ئەشکەوتەکە دانیشت. دەیویست پشوویەك بدات و هەناسەیەك هەوای پاك هەڵبمژێت، کە پێویستی بوو. بەڵام هەر لەگەڵ ئەوەی کڵێساکەی بەجێ هێشت، گەلە خەڵکەکە بەسەریدا داڕژان و تکایان لێ دەکرد نزا و پیرۆزکردنیان بۆ بکات، ئامۆژگاری یان یارمەتییان بدات. هەندێ حاجی و زیارەتکار هەبوون بە بەردەوامی لە جێگایەکی پیرۆزەوە بۆ یەکێکی دی و لە لای ئەم پیاوچاك بۆ لای ئەو پیاوچاك رێگایان دەگرتە بەر؛ هەمیشەش بە گشت مەزار و پیاوچاکێکیش سەرسام دەبوون. باوکە سێرگی ئەمەی بە شێوازێکی باو و سارد و تەقلیدی و ئەوپەڕی نائایینی دەزانی. هەندێ زیارەتکاری دیکە هەبوون کە پتر سەربازی دەرکراو یان کەسانی لانەواز و تێهەڵدراوی هەژاری بوون و، زۆریشیان پیری مەیکەدە و ئاڵودەی خواردنەوە بوون، کە تەنها بۆ سك تێرکردن لەم دێر بۆ ئەو دێریان دەدایە بەر. هەروەها هەندێ جوتیار و ژنە جوتیاری رووقایم هەبوون کە تەنها بۆ داواکارییە خۆویستییەکانیان دەهاتنە لای، لەوە دەگەڕێن چارەسەریان دەستبکەوێت یان ئەوەی گومانیان لە کاروباری رۆژانەی خۆیان هەیە و دەیانەوێت بۆیان چارە بکرێت: وەکو بەشوودانی کچێك، یان بەکرێگرتنی دوکانێك، یان کڕینی پارچەیەکی بچوکی زەوی، یان ئەوەی چۆن لەژێر گوناهی ئەوە دەربچێت گوایە منداڵێکی بووتەوە ژێرەوە و مردووە یان ئەوەی کە منداڵێکی ناشەرعیی بووە.  

هەموو ئەمانە چیرۆکی کۆن بوون و کەمترین گرنگیی بۆیان نەبووە. دەیزانی هیچ شتێکی نوێ لەم خەڵکە گوێبیست نابێت و، هیچ سۆزێکی ئایینیی لە ناخدا ناوورووژێنن؛ بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا حەزی دەکرد بە بینینی ئەو خەڵکە دەکرد کە نزا و پیرۆزکردن و ئامۆژگارییەکانی ئەمیان بەلاوە پێویست و بەنرخ بوون؛ لەبەر ئەوەش هەرچەندە ئەو قەرەباڵخییە بێزاری دەکرد، لە هەمان کاتدا مایەی خۆشحاڵیشی بوو. ئینجا باوکە سێرافیم هات خەڵکەکەی دوور خستەوە و پێی ووتن کە باوکە سێرگی ماندوو بووە.

بەڵام سێرگی ووتەکانی ئینجیلی بە بیر دەهاتەوە کە دەڵێت: "رێگەیان لێ (لە رۆڵەکان) مەگرە بێنە لام،" و بەم بەبیرهاتنەوەیە بەزەیی بە خۆیدا دەهاتەوە و ووتی، پێویستە رێگەیان بدرێتێ بێنە لام.

هەستایە سەر پێ و چووە لای ئەو محەجەرەیەی خەڵکەکەی لە پشتەوە جەم بووبوون و، دەستی کردە پیرۆزکردنیان و وەڵامدانەوەی پرسیارەکانیان، بەڵام بە دەنگێکی وەها لاواز قسەی دەکرد خۆیشی دڵی بە خۆی دەسوتا. هەرچەندە پێیشی خۆش بوو پێشوازی لە هەموویان بکات، بەڵام پێی نەدەکرا. دیسانەوە شتەکانی لەبەر چاو تاریك دەبوون و، لەتری برد و خۆیی بە محەجەرەکەوە گرتەوە. وای هەست کرد خوێن زاییبێتە سەری و، سەرەتا زەرد هەڵگەڕا و ئینجا لە پڕ سوور بوویەوە.

"پێویستە ئەو دوایان بۆ بەیانی لێبگەڕێم. بۆ ئەمڕۆ چیدیکەم پێ ئەنجام نادرێت،" ئینجا پیرۆزکردنێکی گشتیی بۆ ئەنجام دان و گەڕایەوە بۆ سەر کورسییەکە. بازرگانەکە دیسانەوە هات بە هانایەوە و قۆڵی گرت و بردی و دانیشاند.

"باوکە!" لە قەرەباڵخییەکەوە بانگ دەکرا. "باوکە گیان! بەجێمان مەهێڵە. بە بێ تۆ ئێمە سەرگەردانین!"

بازرگانەکە باوکە سێرگیی لەسەر کورسییەکەی ژێر رەشەدارەکە دانیشاند و، رۆڵی پۆلیسێکی دەگێڕا و زۆر بە توندی خەڵکەکەی دوور دەخستەوە. راستە بە دەنگێکی زۆر نزم قسەی دەکرد نەبادا باوکە سێرگی گوێی لێبێت، بەڵام قسەکانی تیژ و رەق بوون.

"بڕۆ ئەولاوە، لاچۆ! پیرۆزی کردیت و، چی دیکەت دەوێت؟ بە رێی خۆتدا دەڕۆی، یان گەردنت بشکێنم! لەوێ لاچۆ! دە بڕۆ دەی، بە تۆمە پیرەژن بەو پووزبەندە چڵکنانەتەوە! دە برۆ، بڕۆ! بۆ کوێ پاڵ دەنێیت؟ خۆ پێتان ووتراوە ئیتر تەواو. بۆ بەیانی، ئەگەر خودا مەیلی لەسەر بێت، بەڵام بۆ ئەمڕۆ ئیتر تەواو!"

"باوکە! بەس تۆزێك لێبگەڕێ چاوەکانم تروسکاییەکی روخسارە نازدارەکەتی بەر بکەوێت!" پیرەژنەکە ووتی.

"من چاوم لەسەرتە! بۆ کوێ پاڵ دەنێیت؟"

باوکە سێرگی زانی کە بازرگانەکە توند رەفتار دەکات، بە دەنگێکی کز بە چاودێرەکەی ووت نابێت دەست بە رووی خەڵکەوە بنرێت. دەیزانی کە خەڵکەکە هەموویان وەکو یەك دوور دەخرێنەوە و، زۆریشی حەز دەکرد وازی لێ بهێنن تا بۆ خۆی پشوویەك بدات، بەڵام ئەو پەیامەی بۆ ئەوە بە چاودێرەکەدا نارد تاوەکو کاردانەوەیەکی ئەرینێیان لە لا دروست بکات.

"زۆر باشە، زۆر باشە! من دووریان ناخەمەوە. من تەنها گلەییان لێ دەکەم،" بازرگانەکە وەڵامی دایەوە. "خۆت دەزانیت باکیان نییە پیاوێك تا لێواری مەرگ ببەن. ئەوان هیچ بەزەییەکیان نییە، تەنها خەمی خۆیانە... پێتان ووترا ناتوانن چاوتان پێی بکەوێت، دە برۆن! بۆ بەیانی!" ئینجا لە هەموویان دەرباز بوو.

هەموو ئەم ئازارانەی دەچەشت چونکە حەزی بە نەزم و رێکی و بە باڵادەستی دەکرد و بەم هۆێەوە هەموو خەڵکەکەی قاو دا، بەڵام لە هەمووی زیاتر بە هۆی ئەوە بوو ئەو باوکە سێرگیی بۆ خۆی دەویست. ئەو خۆی پیاوێکی ژنمردوو بوو و لەگەڵ تاقە کچەکەیدا دەژیا، ئەویش کچێکی نوقسان و شونەکردوو بوو؛ هەر لەبەر خاتری ئەویش هەزار و چوار سەد ڤێرستێکی (نزیکەی هەزار میلێك) بڕیبوو و هێنابوویە لای چارەسەری بکات. لە دوو ساڵی رابردوودا بۆ چارەسەر کچەکەیی بردبووە چەندین جێگا جیاجیا: سەرەتا بردبوویە نۆرینگە زانکۆییەکەی گەورەترین شاری پارێزگاکەیان، بەڵام بۆی باش نەبوو؛ ئینجا بردییە لای جوتیارێك لە پارێزگای سەمارا، لەوێ تۆزێك باش بوو؛ ئینجا بۆ لای پزیشکێك لە مۆسکۆ کە پارەیەکی زۆریشی پێی دا، بەڵام هیچ بۆی باش نەبوو. ئێستاش پێی ووتراوە کە باوکە سێرگی چاك چارەسەر دەکات و، کچەیی بۆ ئەم هێناوە. بۆیە، کاتێك خەڵکەکە گشتیان دوور خرانەوە لە باوکە سێرگی نزیك بوویەوە و، لە پڕ خۆی خستە سەر ئەژنۆ و بە دەنگی بەرز لێی پاڕایەوە:

"باوکە پیرۆزەکەم! پیرۆزکردنت ببەخشە بە وجاخە دەردەدارەکەم بەڵکو خوایە دەردەکەی چارەسەر ببێت. رووداری دەکەم و خۆ دەخەمە بەر پێیە پیرۆزەکان."

هەدوو دەستی خۆیی خستە سەر یەك، وەك مشتێکی نوقاو. ئەو قسانەی وەها دەووت و ئەو جووڵانەی وەها ئەنجام دەدا وەك بڵێی شتێك ئەنجام دەدات کە بە روونی و بە دیاریکراوی بە یاسا و عورف دانرابن؛ یان وەك بڵێی کەسێك دەبێت و دەشێت هەر بەم شێوە و نەك بە هیچ رێگایەکی دیکە داوای چارەسەر بۆ کچێك بکات. بە باوەڕێکی وەهای ئەنجام دەدان، تەنانەت باوکە سێرگیش پێی وابێت هەر دەبێت تەنها بەو شێوە بووترێت و ئەنجام بدرێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا زۆری لێ کرد هەستێتەوە و پێی ووت کە کێشەکە چییە. بازرگانەکە پێی راگەیاند کە کچەکەی، کە کچێکی بیست و دوو ساڵانە، دوو ساڵ لەمەوبەر و دوای مەرگە لەناکاوەکەی دایکی نەخۆش کەوتووە. وەکو خۆی باسی دەکرد، کچەکەی کە تازیەباری ئەوە بوو ئیدی لەو کاتە بەدواوە نەهاتووەتە سەر خۆی. ئێستاش ئەوی لە دووری هەزار میلەوە هێناوەتە ئێرە و لە میوانخانەکەدا چاوەڕێ دەکات تا باوکە سێرگی فەرمان بدات ببرێتە لای. لە ماوەی ئەو رۆژدا نەچووەتە دەرەوە، لەبەر ئەوەی لە روناکی زەندەقی دەچێت، ناتوانێت تا دوای خۆرئاوابوون بێتە دەرەوە.

باوکە سێرگی لێی پرسی، "ئایا زۆر لاوازە؟"

"نا نەخێر، هیچ لاوازییەکی ئەوتۆی نییە. تەواو بە خۆیەوەیەتی، ئەوە نەبێت وەکو پزیشکەکان دەڵێن تووشی نەخۆشی نێراستینیا بووە. بەس ئەگەر بهێڵن ئەم ئێوارەیە بیهێنمە لاتان، باوکە سێرگی، وەك خێو دەفڕیم و دەچووم دەمهێنا. باوکە پیرۆزەکەم! بە نزاکانت دڵی باوکێك ببوژێنەرەوە و، کچێکی جەرگبڕاو قوتار بکە!" بازرگانەکە دووبارە خۆیی فڕێ دایە سەر پێیەکانی و کڕنۆشی برد و سەری لەسەر مشتە نوقێنراوەکانی جێگیر کرد و جووڵەی لە خۆی بڕی. باوکە سێرگی دووبارە پێی ووتەوە هەستێتە سەر پێ و، بیریشی لە جووڵەکانی دەکردەوە کە چەند قورسن و سەرەڕای ئەوەش چەند لەسەر خۆی ئەنجامیان دەدات؛ هەناسەیەکی قووڵی هەڵکێشا و پاش چەند چرکەیەك بێدەنگی ئینجا ووتی:

"دە باشە، بۆ ئەمشەو کچەکەت بهێنە. نزای بۆ دەکەم، بەڵام ئێستا ماندووم..." چاوەکانی نوقاند. "خۆم بە دواتدا دەنێرم."

بازرگانەکە لێیدا و رۆیشت، بەسەر پەنجەوە هەنگاوی دەنا، ئەمەیش وای لە پووتەکانی دەکرد زیاتر جێڕەیان بێت و، باوکە سێرگیش بۆ خۆی بە تەنیا مایەوە.

ژیانی لێوانلێوی مەراسیمەکانی کڵێسا و ئەو خەڵکانە بووبوو کە دەهاتنە دیتنی، بەڵام ئەمڕۆی رۆژێکی تەواو جیاواز بوو. لە بەیانییەکەیدا بەپرسێکی گرنگ هاتە لای و گفتوگۆیەکی درێژیان پێکەوە بوو؛ پاش ئەوەش ئافرەتێك لەگەڵ کوڕەکەیدا هات. کوڕەکە مامۆستایەکی گوماندار، دایکی کە خۆی باوەڕدارێکی بەتینی باوکە سێرگی بوو، هێنابوویە لای بەڵکو قسەیەکی لەگەڵدا بکات. گفتوگۆکەیان زۆر قورس و ماندووکەر بوو. پیاوە گەنجەکە کە وا دیار بوو حەز نەکات ووتووێژ لەگەڵ لەگەڵ رەبەنێکدا بکات، لەگەڵ باوکە سێرگیدا لەسەر هەموو شتێك هاوڕا بوو، هەر وەکو ئەوەی لەگەڵ کەسێکی کەم-عەقڵدا قسە بکات. باوکە سێرگی بینی کە کوڕەکە باوڕەی بە هیچ نییە و لەگەڵ ئەوەشدا قایل و هێمن و ئاسوودە دەردەکەوێت و، بە یادهاتنەوەی ئەم ووتووێژەش دەبووە مایەی بێزارکردنی.

چاودێرەکەی پێی ووت، "باوکە، شتێك بخۆ."

"باشە، شتێکم بۆ بهێنە."

چاودێرەکە چووە ناو ئەو کۆلیتەیەی دە هەنگاوێك ئەولاتری ئەشکەوتەکە دروست کرابوو و، باوکە سێرگی بە تەنیا مایەوە.

کاتێكی زۆر تێپەڕیبوو لەوەتەی بە تەنیا هەموو شتێكی بۆ خۆی ئەنجام دەدا و لەوەتەی تەنها نانی بۆری جاودار یان ئەو بابۆڵانەی دەخوارد بۆ کڵێسا ئامادە دەکران. لە مێژە بەوە ئامۆژگاری کراوە کە مافی ئەوەی نییە تەندروستیی خۆی پشتگوی بخات و، ئەگەرچی کاتی رۆژووی گەورەش بوو، ژەمێکی تێر و پڕی پێ دەدرا. بە کەمی و کەمتر لە جاران لە نانەکەی خوارد، زۆر جار بە چێژەوە نانی دەخوارد، پێچەوانەی جارانی بوو کە بە نابەدڵی و بە جۆرێك لە هەستکردن بە تاوان دەیخوارد. ئێستا بەم شێوەیە بوو. هەندێ شۆربای خوارد، کوپێك چای خواردەوە و، ئینجا لەتێك بابۆڵەی سپیشی خوارد.

چاودیرەکە رۆیشت و، باوکە سێرگی بە تەنیا لە ژێر رەشەدارەکە مایەوە.

ئێوارانێکی خۆشی مانگی ئایار بوو، کاتێك کە سپیدارەکان و ئەسپیندارەکان رەشەدارەکان و گێلاسە کێوییەکان و دار بەڕووەکان تازە چرۆیان تەقیبوو.

دەوەنی دار گێلاسەکانی پشت رەشەدارەکە سەراپا گوڵیان کردبوو و، هیشتا گوڵەکانی گۆپکەیان نەکردبوو و، کەنارییەکانیش پاش جریوە جریوێك تەواو کوتنە خوێندن، یەکێکیان تەواو نزیك بوو و دوو یان سێ دانەیەکی دیکەیشیان لە ناو دەوەنەکانی خوارەوەی لای روبارەکە بوون. لە روبارەکەوە و لە دوورەوە دەنگی گۆرانیی جوتیارەکان دەهات کە بۆ ماڵ دەگەڕانەوە، بێگومان، لەسەر کارەکانیانەوە. رۆژ لە پشت دارستانەکەوە ئاوا دەبوو، دوا تیشکەکانی بە نێو گەڵاکاندا رۆدەچوون. لەو لایەوە سەوزێکی گەش بوو، لە لایەکەی لای رەشەدارەکەوە تاریك بووبوو. سووسە زلەکان بە هەڕەمەکی دەسوڕانەوە و، بە زەویدا دەکەوتن کاتێك لە شتێکیان دەدا یان پێیەوەی گیر دەبوون.

لە پاش شام، باوکە سێرگی بە بێدەنگی دەستی کردە دووبارەکردنی نزایەك: "ئەی خوداوەند، عیسای مەسیح، کوڕی خودا، بەزەییت پێماندا بێتەوە!" ئینجا دەستی کردە چڕینی سروودێك و، لە پڕ و لە ناوەڕاستی سروودەکەیدا چۆلەکەیەك لەناو دەوەنەکەوە هەڵفڕی و، لەسەر زەوی نیشتەوە و، بە قوونتەقوونت و بە جریوەجریو بەرەو لەی ئەم دەهات، بەڵام دواتر لە شتێك ترسا و هەڵفڕی. نوێژێکی خوێند کە تایبەت بوو بە دەستبەرداربوونی بە جیهانەوە و، لە تەواوکردنیدا پەلەی بوو تاوەکو بنێرێت بە دوای بازرگانەکە و کچە نەخۆشەکەی. ئەو کچەی بە لاوە گرنگ بوو، لەبەر ئەوەی ئەم کچە خەیاڵی داگیر کردبوو و، هەروەها چونکە هەم خۆی و هەم باوکیشی ئەمیان بە پیاوچاکێك دەزانی کە نوێژ و نزاکانی کاریگەری تەواویان هەیە. بە روواڵەت حاشای لەو بیرۆکەیە دەکرد، بەڵام لە قووڵایی ناخیدا ئەوەی بە حەقیقەتێك دەبینی.

زۆر جار سەرسام دەبوو بەوەی کە ئەمە وەها کەوتەوە، کە خۆی، ستێپان کاساتسکی بووەتە وەها پیاوچاکێکی لەڕادەبەدەر و تەنانەتە بووەتە پەرجووکاریش، بەڵام سەبارەت بەو راستییەی کە خۆی وەهایە، کەمترین گومانی لەسەر نەبوو. نەیدەتوانی باوەڕ بەو پەرجووانە نەکات کە خۆی ئەزموونی دەکردن، لە کوڕە نەخۆشەکەوە بگرە تا ئەو پیرەژنەی کە نزای بۆ کرد و بیانییی چاك بووە.

سەیرە کە وەها بێت، بەڵام وایە. هەر بەو پێیەش، بایەخی بە کچی بازرگانەکە کە باوەڕی بەم هەبوو، دەدا و، هەروەها دەرفەتێکی نوێش بوو بۆ دڵنیابوون لەو هێزەی خۆی بۆ چارەسەرکردن و بۆ برەودان بە ناوبانگەکەیشی. بۆ خۆی بیری دەکردەوە، "لە دووری هەزاران میلەوە خەلك دەهێنن و لە رۆژنامەکاندا لەبارەی ئەمەوە دەنوسن. ئیمپراتۆر ئەمە دەزانێت و، لە ئەوروپاش ئەمە دەزانن، لە ئەوروپای بێباوەڕ." لە ناکاو شەرمی بەم لەخۆباییبوونەی خۆیدا هاتەوە دووبارە دەستی کردەوە بە نزاکاردن. "ئەی خودا، ئەی پاشای ئاسمان، ئەی ئارامیبەخش، ئەی رۆحی راستی! وەرە و بە ناخمدا رۆبچۆ و لە گشت تاوانەکان پاكم بکەرەوە و گیانم رزگار و پیرۆز بکە. لە گوناهی غروری دونیایی کە ئازارم دەدات، پاکم بکەرەوە!" ئەم نزایەی دووبارە دەکردەوە و بیری دەکردەوە کە چەندین جار لەبارەی ئەمەوە نزای کردووە و چۆن نزاکانی لەو بارەیەوە بێهودە بوون. نزاکانی بۆ خەڵکی دی پەرجوو بوون، بەڵام بۆ کێشەکەی خۆی، خودا ئەوەی پێ نەدەبەخشی لەو ئازارە بچوکەی رەها ببێت.

ئەو نوێژ و نزایانەی بە بیر هاتەوە کە لە سەرەتای ژیانە خەڵوەتییەکەی کردبوونی لە پێناو پاکی و خۆبەکەمزانین و خۆشەویستی و، ئینجا چیی بەسەر هات دوای ئەوەی کە خودا گوێبیستی ئەم نزایانەی بوو. پاکی خۆیی پاراست و لەو رێیەشدا پەنجەی خۆیی پەڕاند. پەنجە قرتاوەکەیی بۆ سەر لێوەکانی بەرز کردەوە و ماچێکی کرد. لە ئێستادا و لە چاو خۆیەوە وای لێ هاتووە کە خۆبەکەمزان بێت چونکە هەمیشە بە هۆی تاوانەکانییە حەزی بە خۆی نەماوە و؛ ئینجا ئەو هەستەی لێبووردەیی بە بیر هاتەوە کاتێك بە هۆیەوە چاوی بەو پیرەمێردە کەوت کە سەربازێکی مەیخۆری هێنایە لای بۆ داواکردنی خێرات و؛ چۆنیش پێشوازیی لەو ئافرەتە کرد، وای دەهێنایە پێش چاوی کە ئەوکات خۆشەویستیشی هەبووە. بەڵام ئیستا چی؟ لە خۆیی پرسی داخۆ هیچکات کەست خۆش ویستووە، داخۆ سۆفیا ئیڤانۆڤا، یان باوکو سێرافیمی خۆش ویستووە، داخۆ هیچ هەستێکی خۆشەویستیی هەبووە بەرانبەر بە هەموو ئەو کەسانەی لەو رۆژەدا هاتنە دیداری—بەرانبەر بەو پیاوە گەنجەی کە لەگەڵیدا گفتوگۆیەکی رۆشینبیرانەی هەبوو و لەو گفتوگۆیەشدا سەرنجی هەر لەسەر ئەوە بووە زیرەکی خۆی نیشان بدات و ئەوەی کە لە زانین دوانەکەوتووە. خۆشەویستیی ئەوانی دەیویست و پێویست بوو، بەڵام بەرانبەریان هیچکام لەو دووانەی هەست نەکردووە. ئێستاش نە خۆشەویستی و نە خۆبەکەمزانین و نە پاکیشی نەبوو.

خۆشحاڵ بوو بەوەی کچی بازرگانەکە تەمەنی بیست و دوو ساڵانە و، حەزی دەکرد بزانێت داخۆ جوانیشە. ئەو کاتەی پرسیاری ئەوەی کرد داخۆ لاواز نییە، بە راستی دەیویست ئەوە بزانێت کە هیچ شۆخییەکی مێینەی هەیە.

بیری دەکردەوە، "دەکرێت هێندە نزم بکەوم؟ ئەی خوداوەند، یارمەتیم بدە! دەستم پێوە بگرە، ئەی خوداوەندم و، ئەو خودا!" هەردوو دەستی کرد بە یەکدا و دەستی بە نزاکردن کرد.

کەنارییەکان دایانە جریواندن، سووسکەیەك خۆیی پێدا کێشا و بۆ پشتەملی هەڵخشا. ئەمیشە لە خۆیی تەکاند. "بەڵام ئایا خودا هەر بوونی هەیە؟ ئەی چی ئەگەر من لە دەرگایەکم دابێت لە دیوی دەرەوەوە شیش درابێت؟ شیشەکەی لەسەر دەرگاکەیە بۆ ئەوەی هەموو کەس بیبینێت. سروشت—کەنارییەکان و سووسکەکان—ئەو شیشەن. لەوانەیە ئەو پیاوە گەنجە لەسەر راست بووبێت." ئینجا بە دەنگی بەرز دەستی کردە نزاکردن. بۆ ماوەیەکی درێژ هەر نوێژی دەکرد تا ئەم بیرانەی پووکانەوە و جارێکی دیکە ئارام و دڵینا بوویەوە. زەنگەکەی زرینگاندەوە و بە چاودێرەکەی ووت کە بازرگانەکە ئێستا دەشێت بێتە لای.

بازرگانەکە هات و قۆڵی کچەکەیی گرتبوو. کچەکەی هێنایە ژوورەوە یەکسەر لەوێی بەجێ هێشت.

کچێکی زۆر جوان و خڕ و خرپن بوو بە دەموچاوێکی رەنگپەڕیووی ترساوی منداڵانە و شێوەیەکی مێینەی زۆر دەرپەڕیووەوە. باوکە سێرگی لەسەر کورسییە درێژەکەی بەر دەرگا دانیشتبوو کاتێك ئەوی بەلادا تێپەڕی و لە تەنیشتیدا وەستا نزای بۆ بکات. زەندەقی لە خۆی چووبوو بە هۆی ئەو شێوە تەماشاکردنەی خۆی بۆ قەدوباڵای کچەکە. کە بە لایدا تێپەڕی، بە دیقەتەوە ئاگای لە شێوە مێینییەکەی بوو، ئەگەرچی بە بینینی روخساریشی زانی کە کچێکی هەوەسباز و کەمعەقڵە. هەستا و چووە ژوورەوە بۆ ناو ژوورەکەی. کچەکە لەسەر چوارپایەك دانیشتبوو و چاوڕێی دەکرد و، کاتێك ئەم چووە ژوورەوە، لەبەر پێی هەستا.

کچەکە ووتی، "دەمەوێت بچمە لای بابە."

"مەترسێ،" وەڵامی دایەوە. "چ ئازارێکت هەیە؟"

"هەموو گیانم دێشێت،" کە ئەمەی ووت و، لە ناکاو دەموچاوی بە زەردەخەنەیەك گەشایەوە.

"باش دەبیت... نوێژ بکە!"

"نوێژکردن چ سوودێکی هەیە؟ نوێژ و نزام زۆر کردن و هیچ بۆم باش نەبوون." لە زەردەخەنەکردن بەردەوام بوو. "دەمەوێت تۆ نوێژم بۆ بکەیت و دەستت بخەیتە سەرم. تۆم لە خەونێکدا بینی."

"چۆن منت بینی؟"

"لە خەونەکەمدا بینیم دەستت خستبووە سەر سنگم، بەم شێوە." دەستی باوکە سێرگیی گرت و خستییە سەر سنگی خۆی. "رێك ئا لێرەدا."

دەستی راستی بۆ کچەکە شل کرد.

"ناوت چییە؟" لە کچەکەی دەپرسی، هەموو گیانیشی دەلەرزی و وای هەست دەکرد خۆیی لەدەست داوە و ئیدی هەوەسی لە کۆنترۆڵ دەرچووە.

"ماری. بۆچی؟"

دەستی باوکە سێرگیی گرت و ماچی کرد و، ئینجا قۆڵی بە ناوقەدیدا کرد و بە خۆییەوەی نوساند.

"ئەوە چی دەکەیت؟" پێی ووت. "ماری، تۆ شەیتانیت!"

"ئا، لەوانەیە. جا قەیدی چییە؟"

کە شل و قایلی کرد، لەگەڵ خۆیدا لەسەر جێخەوەکەی دانیشاند.

بۆ دەمەوبەیانی، باوکە سێرگی چووە بەرهەیوانەکە.

"دەکرێت هەموو ئەمانە روویاندابێت؟ باوکی دێت و هەموو شتێکیشی پێ دەڵێت. ئەم کچە شەیتانە! دەبێت چی بکەم؟ ئەمە تەورەکەیە کە پەنجەی خۆمم پێ پەڕاند." تەورەکەی هەڵگرت و بەرەو ژوورەکەی گەڕایەوە.

چاودێرەکەی بەرەو پیری هات.

"دەتانەوێت هەندێ دارتان بۆ وورد بکەم؟ تکایە تەورە بدەن بە من."

سیرگی تەورەکەی پێ دا و خۆی گەڕایەوە ژوورەوە. کچەکە لەوێدا هەر خەوتبوو. بە ترسەوە تەماشایەکی کچەکەی کرد و بە لایدا تێپەڕی و چووە بەشە ژوورەکەی پشت دیوارەکە؛ لەوێ جلە جوتیارانەکەی داگرتن و لەبەری کردن. مەقەستێکی هەڵگرت و قژی خۆیی بڕی و، بەو رێگایەدا چووە خوارەوە کە لە هەورازەکەوە دەچووە سەر روبارەکە؛ سێ ساڵ زیاتر دەبوو نەهاتبووە سەر ئەم روبارە.

رێگایەك بە تەنیشت روبارەکەوە دەڕۆیشت و، ئەم رێگایەی گرت و تا نیوەڕۆ رێی کرد. ئینجا چووە ناو کێڵگەیەکی جاودار و لەوێ پاڵی دایەوە. دەمەو ئێوارە لە گوندێك نزیك بوویەوە، بەڵام بێ ئەوەی بچیتە ناو گوندەکەوە، بەرەو ئەو گاشەبەردە رۆیشت کە دەڕوانییە سەر روبارەکە. لەوێش دیسانەوە پاڵی دایەوە پشوو بدات.

بەرەبەیان بوو و نیو سەعاتی مابوو بۆ خۆرهەڵهاتن. دونیا شێدار و دڵتەنگکەر بوو و کزەیەکی ساردیش لە رۆژئاواوە هەڵی کردبوو. "بەڵێ، دەبێت کۆتایی بە ئەمە بهێنم. هیچ خودایەك بوونی نییە. بەڵام چۆن چۆنی کۆتایی بە ئەمە بهێنم؟ خۆم فڕێ بدەمە ناو روبارەکە؟ دەتوانم مەلە بکەم و نەخنکێم. خۆم هەڵواسم؟ بەڵێ، هەر ئەوەندە ئەم شاڵە بخەمە سەر لقە دارێك." ئەمەی بە لاوە هێندە کردەنی و ئاسان دەهاتە پێش چاو کە ترسی لێ نیشت. وەك هەمیشە لەو ساتانەی خەمۆکیدا هەستی بە پێویستی نوێژکردن دەکرد. بەڵام نوێژ و نزا بۆ کێ بکات ئەگەر هیچ خودایەك نەبێت. خۆیی بەسەر باڵیدا دا و راکشا و، لە پڕ خەوێکی وەهای هات چیدیکە نەیدەتوانی سەری لەسەر باڵی رابگرێت؛ باڵی درێژ کردەوە و سەری خستە سەر و خەوی پێداکەوت. بەڵام ئەو خەوەی تەنها ساتێك درێژەی کێشا. یەکسەر بە خەبەر هاتەوە و خەونی نەدەبینی بەڵکو یادی دەکردەوە.

خۆیی وەکو تەمەنی منداڵی لە ماڵەکەی دایکی لە لادێ دەبینی. گالیسکەیەك هات و مامە نیکۆلاس سێرگیڤیچ بەو قیافەتە بەرز و چوارشانە و بەو ریشە رەشەیەوە لێیەوەی دابەزی و لەگەڵیشیدا پاشێنکا دابەزی، کە کیژۆڵەیەکی باریکەڵەی بچکۆلانە بوو بە جووتێك چاوی گەورە و روخسارێکی بەستەزمانی شەرمن. کاتێکیش پێکەوە لەگەڵ کوڕاندا دەبوون، پاشێنکا دەهێنرا و دەبوو یاریی لەگەڵدا بکرێت، بەڵام زۆر بێتام دەبوو. چونکە پاشێنکا ساویلکە بوو و یارییەکە بە گاڵتەپێکردنی کۆتایی دەهات و ناچار دەکرا نیشانی بدات چۆن دەتوانێت مەلەوانی بکات. ئەویش خۆیی بە سکدا دەخستە سەر زەوییەکە و نیشانی دەدان و، ئەوانیش هەموویان پێی پێدەکەنین و گاڵتەیان پێ دەکرد. ئەویش کە ئەمەی دەبینی، کوڵمەکانی سوور دەبوونەوە و لە جاران زیاتر بەستەزمان دەردەکەوت، هێندە بەستەزمان دەبوو کە ئەم خۆی شەرمی پێ دەهات و هەرگیز نەیدەتوانی ئەو زەردەخەنە چەماوە و ناسك و داماوەی لە بیر بکات. ئینجا سێرگی ئەوی لەو ساتانەدا بە بیر دەهاتەوە کە لە دوای ئەو جارەوە بینیبووی. ماوەیەکی زۆر دوای ئەوە، دروست پێش ئەوەی ببێتە رەبەن، مێردی بە موڵکدارێکی خاوەنزەوی کردبوو کە گشت سەروەت و سامانی پاشێنکای بە فیڕۆ دابوو و خووی بە لێدانی گرتبوو. دوو منداڵی لێی بووبوو، کوڕ و کچێك، بەڵام کوڕەکەی هەر بە منداڵی مردبوو. ئینجا سێرگی ئەوەی بە بیر هاتەوە کە ئەوی زۆر بە کەساسی بینیبوو. هەروەها جارێکی دیکە لە دێرەکەدا بینیبووی، ئەوکات بووبووە بێوەژن. ئەوکاتیش هەر وەکو خۆی بوو، نەك ئەوەی بە تەواوەتی گەمژە بێت، بەڵکو سادە و ساویلکە و بەستەزمان بوو. لەگەڵ کچەکەی و دەزگیرانی کچەکەیدا هاتبوو. خۆیان ئەوسا هەر هەژار بوون، بەڵام دواتر بیستبووی کە ئێستا لە شارۆچکەی لادێییدا دەژین و زۆریش هەژارن.

"بۆ چی من ئێستا بیری لەبارەوە دەکەمەوە؟" لە خۆیی دەپرسی و، نەیشیدەتوانی لە بیری خۆیی دەربهێنێت. "ئێستا دەبێت لە کوێ بێت؟ دەبێت چۆن بژیت؟ ئایا ئێستاش هەر وەکو ئەوسا دلتەنگ و بێزارە کاتێك کە ناچارمان دەکرد لەسەر زەوییەکە مەلە بکات؟ بەڵام بۆچی دەبێت من بیری ئەو بکەم؟ ئەوە چی دەکەم؟ پێویستە من کۆتایی بە خۆم بهێنم."

دیسانەوە دەترسا و، دیسانەوە بۆ ئەوەی خۆی لەو خەیاڵە قوتار بکات، بیری خستەوە لای پاشێنکا.

بەو شێوەیە بۆ ماوەیەکی زۆر پاڵ کەوتبوو و، بیری لەو کۆتاییە حەتمییەی خۆی و ئێستاش بیری لە پاشێنکا دەکردەوە. پاشێنکا خۆیی وەکو هۆکارێكی رزگاری پێشکەش بە ئەم دەکرد. لە کۆتاییدا خەوی پێدا کەوت و، لە خەوەکەیدا فریشتەیەکی بینی بۆ لای هات و پێی ووت: "بچۆ بۆ لای پاشێنکا و لە ئەوە فێربە کە دەبێت چی بکەیت و، تاوانەکەت چییە و، رزگاریت لە کوێدایە."

خەبەری بووەوە و گەیشتە ئەو بڕیارەی کە ئەمە بەرچاوڕوونییەکە لە لایەن خوداوە بۆی رەوانە کراوە و، بڕیاری دا وەکو ئەوەی لەم بەرچاوروونییەدا پێی ووتراوە چی ئەنجام بدات. ئەو شارۆچکەیەی دەزانی کە ئەوی لێ دەژیا. دوو میلێك دوور دەبوو و، بەرەو ئەوێ کەوتە رێ.

 

 

            ٦

پاشێنکا زۆر لەوەو پێش بەو پاشێنکایەی جاران نەماوە و، ئێستا بووەتە پراسکۆڤیا میخایلۆڤنایەکی پیری رەقەلەی دەموچاو لۆچ و، بووەتە خەسووی ئەو پیاوە پڕکێشەیە، ماڤریکییەڤ کە فەرمانبەرێکی مەیخۆرە. لەو شارۆچکە لادێییە دەژیا کە زاواکەیی بۆ دوایین جار تێدا دامەزرا و، پاشێنکا هەر خۆیشی ئاگای لە تەواوی خێزانەکە بوو، کچەکەی و زاوا دەردەدارەکی کە گیرۆدەی نۆراستینای دەرونیی بوو و، هەروەها هەر خۆی ئاگای لە پێنج کچەزاکەیشی دەبوو. ئەمەیشی بە پێدانی وانەی موزیك دەکرد کە بە کچی دەوڵەمەندەکانی دەدا؛ رۆژانە چوار و هەندێ جاریش پێنج وانەی یەك سەعاتیی پێشکەش دەکرد و، بەم کارەش مانگانە شەست روبڵێکی دەست دەکەوت. بەم شێوەیە لە ئێستادا بۆ خۆیان دەژیان و، چاوەڕێیان بوو دامەزراندنێکی دیکەیان دەست بکەوێت. نامەی ناردبوو بۆ گشت خزم و ناسیاوەکانی و داوای لێکردبوون بەڵکو وەزیفەیەك بۆ زاواکەی بدۆزنەوە؛ لە نێو ئەوانەشدا، نامەیەکیشی بۆ سێرگی ناردبوو، بەڵام ئەو نامەیەی بەدەست نەگەیشتبوو.

ئەو رۆژە شەممە بوو و، پراسکۆڤیا میخایلۆڤنا هەویری دەشێلا بۆ نانکردنی ئەو رۆژەیان، دروست وەك ئەو کاتانەی لە ماڵی باوکیشیدا وەك خزمەتکارێکی گوێڕایەڵ ئەو کارەی بە جوانی ئەنجام دەدا. دەیویست بۆ یەکشەممە شتێکی خۆش بە کچەزاکانی بدات.

ماشای کچی شیری بە منداڵە هەرە بچوکەکەی دەدا؛ کوڕ و کچە گەورەکەیشی لە قوتابخانە بوون و؛ زاواکەیشی خەوتبوو، تەواوی شەو نەخەتبوو. پراسکۆڤیا میخایلۆڤنایش بەشی هەرە زۆری شەو بەخەبەر مابووەوە تاوەکو تووڕەیی کچەکەیی بەرانبەر بە مێردەکەی نەرم بکاتەوە.

دەیزانی مەحاڵە زاواکەی بەو سووك و لاوازێتییەیەوە بشێت ببێتە کەسێکی دیکە و، دەیشزانی تانە و لۆمکردنەکانی ژنەکەی هیچ سوودێکی بۆی نابێت؛ بۆیە گشت توانای خۆیی بە گەڕ دەخست کەمتر سەرکۆنەی یەکتر بکەن و یەکتری تاوانبار بکەن و ئەو تووڕەییەیان نەرم بکاتەوە. ئەو پەیوەندییە رەق و خراپەی نێوانیان تووشی دەرد و ئازاری جەستەیی دەکرد. سوور دەیزانی هەستکردن بە ناڕەحەتی و پەرێشانی هیچ شتێکی باشتر نەدەکرد و، بگرە هەموو شتێکیشی خراپتر دەکرد. ئەوەی راستی بێت ئەمەی بە خەیاڵدا نەدەهات:  هێندەی ئەو بۆنە ناخۆشە و ئەو قێڕە و دەنگە بەرزانە و ئەو لێدانانەی بەری دەکەوت، بەو دیمەنانەی تووڕەیی ناڕەحەت و بێزار دەبوو.

بە هەستێکی پڕ لە متمانەوە، لوکەریای فێر دەکرد چۆن هەویر بشێلێت؛ لوکەریاش بەروانکەیەکی کردبووە بەر و جووتێك گۆرەوویی پینەپینەکراوی کردبووە لاقە چەوت و لاوازەکانی؛ لەو کاتەدا، میشای شەش ساڵانی کچەزای بە روویەکی ترساوەوە خۆی کرد بە ناندینەکەدا.

"داپیرە، پیاوێکی ترسناك دەیەوێت تۆ ببینێت."

لوکەریا لە دەرگاکەوە تەماشایەکی دەرەوەی کرد.

"پیاوێکە، لە حاجی و زیارەتکار دەچێت..."

پراسکۆڤیا میخایلۆڤنا ئانیشکی بەوی دیکە ساوی و هەردوو دەستی بە بەروانکەکەی سڕییەوە و لە پلەکانەکان چووە سەرەوە پێنج کۆپێکێك بۆ ئەو پیاوە لە جزدانەکەی دەربهێنێت، بەڵام بە بیری هاتەوە کە لە دە کۆپێك زیاتری نەماوە؛ بۆیە بڕیاری دا لە بری ئەوە هەندێ نانی بداتێ. گەڕایەوە لای دۆڵابەکە، بەڵام لە پڕ خەجاڵەت بوو بەوەی رەزیلیی لەو دە کۆپێکە کردووە؛ بە لوکەریای ووت هەندێ نان ببڕێت و خۆی دووبارە چووەوە سەرەوەی بیهێنێت. بە خۆیی دەووت، "ئەمەت بە چاکە بۆ دەمێنێتەوە. ئێستاش دەبێت دوو هێندە ببەخشیت."

هەردووکیان، هەم نانەکە و هەم پارەکەیشی بە زیارەتکارەکە دا و، لەم کاتەدا سەرەڕای ئەوەی شانازیی بە بەخشندەییەکەی خۆی دەکرد، دڵی خۆیی دەدایەوە کە کەمی بەخشیوە. پیاوەکە رواڵەتێکی بەشەوکەتی هەبوو.

سەرەڕای ئەوە سەد و سی میل قسور وەکو دەروەزەکەرێك پیادە رۆیشتبوو و، شەکەت و لاواز و سەرما و گەرمازەدە بووبوو و، سەرەڕای ئەوەی قژی خۆی بڕیبوو و کڵاو و پووتی جوتیارانی لەبەر کردبوون و، هەرچەندیش زۆر بە کزییەوە نوشتایەوە، سێرگی هێشتا هەر ئەو هەیبەتەی تێدا مابوو کە سەرنجڕاکێش دەری بخات. بەڵام پراسکۆڤیا میخایلۆڤنا ئەمی نەناسییەوە. چۆن بیناسیبایەتەوە، لە کاتێكدا زیاتر لە بیست ساڵ دەبوو ئەمی نەبینیبوو.

"بە خراپی مەزانە لێم، باوکە. لەوانەیە پێویستت بە شتێك بێت بیخۆیت؟"

پارە و نانەکەی لێ وەرگرت و، پراسکۆڤیا میخایلۆڤنا پێی سەیر بوو کە پیاوە نەڕۆیشت و، هەر لەوێ وەستا تەماشای ئەوی دەکرد.

"پاشینکا، بۆ لای تۆ هاتووم! بمبە ژوورەوە..."

چاوە رەشە جوانەکانی بەو فرمێسکانەی تێیاندا کەوتبوون دەبریسکانەوە و تکاکارانە لەسەر ئەوی جێگیر کردبوون. لەژێر سمێڵە خۆڵەمێشییەکەیشییەوە هەستبزوێنانە دەلەرزین.

پراسکۆڤیا میخایلۆڤنا هەردوو دەستی خستە سەر سنگە سیسبووەکەی و دەمی داچەقاند و بە واقی ووڕماوەوە وەستا و، پڕ بە چاوی دەنۆڕییە ئەو زیارەتکارە.

"ئەمە ناکرێت وا بێت! ستپێپا! سێرگی! باوکە سێرگی!"

"بەڵێ، خۆمم،" سیرگی بە دەنگێکی کزەوە پێی ووت. "بەڵام نە سێرگی و نە باوکە سێرگی، بەڵکو گوناهکارێکی مەزن، ستێپان کاساتسکی، گوناهکارێکی مەزن و وێڵ. بمبە ژوورەوە و یارمەتیم بدە!"

"ئەمە مەحاڵە! چۆن وەها خۆتت بەدبەخت کردووە؟ بەڵام جارێ وەرە ژوورەوە."

دەستی بۆ درێژ کرد، بەڵام ئەم نەیگرت و تەنها دوای کەوت بۆ ژوورەوە.

بەڵام بۆ کوێی ببات؟ جێگاکەیان زۆر بچوك بوو. پێشتر ژوورێکی بچوکی خۆی هەبوو، دابوویە کچەکەی و، ئێستاش ماشا لەوێ دانیشتبوو کۆرپەکەی دەشەکاند.

"جارێ ئا لێرە دابنیشە،" بە سێرگیی ووت و ئاماژەی بۆ کورسییەکی ناو ناندینەکە کرد.

یەکسەر لەسەری دانیشت و، وەك بڵێی خووی بەو جووڵەوە گرتبێت، پەتی توورەکەکەیی لە شانێکی و ئینجا لەو شانەکەی داکەند.

"ئەی خودای من، خوایە گیان! چۆن وا خۆتت داماو کردووە، باوکە! ناوبانگێکی وەها و، ئێستاش بەم شێوەیە..."

سێرگی هیچ وەڵامی نەدایەوە، تەنها زەردەخەنەیەکی فەقیرانەی بۆ کرد و، توورەکەکەیی خستە ژێر ئەو کورسییەی لەسەری دانیشتبوو.

"ماشا، دەزانی ئەمە کێیە؟" ئینجا بە چپەوە بۆ کچەکەیی باس کرد کێیە و، دوای ئەوە، هەردووکیان پێکەوە رایەخەکە و بێشکەکەیان لە ژوورە بچوکەکە هێنایە دەرەوە و، بۆ سێرگییان پاك کردەوە.

پراسکۆڤیا میخایلۆڤنا فەرمووی لیکرد بۆ ژوورەوە.

"لیرەدا دەتوانیت بۆ خۆت پشوو بدەیت. بەسەر خۆتیدا مەهێنە... بەڵام من پێویستە بچمە دەرەوە."

"بۆ کوێ؟"

"پێویستە بچمە سەر وانەیەکم. پێم شەرمە بۆت باس بکەم، بەڵام من وانەی موزیك دەدەمەوە!"

"موزیك؟ بەڵام خۆ ئەوە کارێکی باشە. تەنها یەك شت، پراسکۆڤیا میخایلۆڤنا، بۆ بابەتێکی دیاریکراو بۆ لای تۆ هاتووم. کەی دەتوانم قسەت لەگەڵدا بکەم؟"

"زۆریش خۆشحاڵ دەبم. دەکرێت بۆ ئەم ئێوارەیە بێت؟"

"بەڵێ. بەڵام شتێکی دیکەش. باسی من نەکەیت، یان ئەوەی بیدرکێنیت من کێم. من خۆمم تەنها بۆ تۆ بەیان کردووە. کەسی نازانێت بۆ کوێ هاتووم. پێویستیشە وەها بێت."

"ئای، بەڵام خۆ بۆ کچەکەمم باس کرد."

"باشە، تەنها پێی بڵێ ئەویش باسی نەکات."

ئینجا سێرگی پووتەکانی داکەند و، پاڵی دایەوە و دەمودەست خەوی پێدا کەوت، هەر وا دەبێت شەوێکی تەواو شەونخونی و نزیکەی سی میل رێکردن.

کاتێك کە پراسکۆڤیا میخایلۆڤنا گەڕایەوە، سێرگی لە ژوورە بچوکەکەدا دانیشتبوو و چاوەڕێی دەکرد. بۆ نانی نیوەڕۆش نەهاتبووە دەرەوە، بەڵام هەندێ لەو شلە و شۆربایەی خواردبوو لوکەریا بۆی هێنابوو.

"چۆنە زووتر لەوەی کە ووتت هاتیتەوە؟" سێرگی لێی پرسی. "دەتوانین ئێستا قسە بکەین؟"

"چۆن دەبێت کاتێك بەختەوەی ئەوەم هەبێت پێشوازی لە میوانێکی وەها بکەم؟ یەکێك لە وانەکانم نەکرد. وانەکە دەتوانێت بوەستێت... من هەمیشە پلانم هەبووە بچمە دیدەنی تۆ. جارێکیان نامەشم بۆ نوسیت؛ بەڵام ئەوەتا ئەم بەخت و نسیبە چاکە خۆی هاتووە."

"پاشێنکا، تکایە گوێم بۆ رادێرە، ئەوەی پێت دەڵێم وەکو ئەوە وایە لە سەرەمەرگدا بەرانبەر بە خودا دان بە تاوانەکانتدا بنێیت. پاشێنکا، من پیاوێکی پیرۆز نیم، هێندەی پیاوێکی سادە و ئاساییش باش نیم؛ من چەپەڵێکی بەدکار و گوناهکارم کە گومڕا بووم، ئەگەر لە هەموو کەسێکیش خراپتر نەبم، هیچ نەبێت لە گشت پیاوخراپەکان خراپترم."

پاشێنکا سەرەتا واقی لێی ووڕ ما. بەڵام باوەڕی کرد بەوەی پێی ووت و، لەو کاتەی دەستی گرت و زەردەخەنەیەکی دڵدانەوەی بۆ کرد و ووتی: "لەوانەیە زیادەڕەویت کردبێت، ستیڤا؟"

"نەخێر، پاشێنکا. من کەسێکی زیناکار و، بکوژ و، کوفرکەر و هەڵخەڵەتێنەرم."

پراسکۆڤیا میخایلۆڤنا بە سەرسوورمانەوە ووتی، "ئەی خودای من! ئەوە چۆن دەبێت؟"

"بەڵام من پێویستە لە ژیان بەردەوام بم. ئینجا من کە هەموو شتێکم دەزانی و خەڵکم فێر دەکرد چۆن بژین، ئەوەی راستی بێت هیچ شتێك نازانم و داوا لە تۆ دەکەم فێرم بکەیت."

"تۆ چی دەڵێیت، ستیڤا؟ گەڵتەم پێ دەکەیت. بۆ چی تۆ هەمیشە پێم رادەبووێریت؟"

"باشە، ئەگەر پێتوایە من پێت رادەبووێرم، با وا بێت کە خۆت پێت خۆشە. بەڵام ژیانی خۆتم وەکو خۆی بۆ باس بکە و، هەروەها ئەوەیشی کە ژیانی خۆت چۆن ژیاویت."

"من؟ من ژیانێکی زۆر ناخۆش و قێزەون ژیاوم و، ئێستاش خودا بەوەی کە هەقی خۆمە سزام دەدات. زۆر بەدبەختانە ژیاوم، زۆر بەدبەختانە..."

"هاوسەرگیرییەکەت چۆن بوو؟ لەگەڵ مێردەکەت چۆن ژیایت؟"

"هەمووی ناخۆش بوو. لەبەر ئەوە شووم پێ کرد چونکە بە قێزەونترین شێوە خۆشم ویست. بابە رازی نەدەبوو. بەڵام من گوێم بە هیچ شتێك نەدەدا و هەر شووم پێ کرد. ئینجا لەبری ئەوەی یارمەتی مێردەکەم بدەم، بە خانەگومانیکردن بێزارم دەکرد، نەشمدەتوانی واز لەو رەفتارەم بهێنم."

"بیستبووم کە دەخواتەوە..."

"بەڵێ، بەڵام من هیچ ئارامییەکم پێی نەدەبەخشی. هەمیشە سەرکۆنەم دەکرد، هەرچەندە خۆت دەزانیت ئەمەیش بۆ خۆی نەخۆشینێکە! ئەویش نەیدەتوانی وازی لێ بهێنێت. ئێستاش لە بیرمە کە چۆن هەوڵم دەدا نەیەڵم دەستی پێ بگات و، چ دیمەنی مەترسیدارمان بەو هۆیەوە دەبوو!"

ئینجا بەو چاوە جوانانەی تەماشایەکی کاساتسکیی کرد، بە هۆی لاوازی یادەوەرییەوە دۆشی دامابوو.

کاساتسکی بە یادی هاتەوە کاتی خۆی بۆی باس کرابوو کە مێردەکەی پاشێنکا بە لێدانی راهاتبوو و، ئێستاش تەماشا ئەو ملە باریك و رەقەڵەی دەکرد بەو دەمارە دیارانەی پشت گۆێیەوە و، ئەو قژە لاوازەیشی کە نیوە خۆڵەمێشی و نیوە خورمایی بوو، وای دەهاتە بەرچاو کە چۆن ئەوانەی بەسەردا هاتبوو.

"دواتر بێ هیچ شتێك، دوو منداڵم بەسەردا جێ ما."

"بەڵام خۆ تۆ موڵکێکت هەبوو!"

"بەڵێ، ڤاسیا هێشتا زیندووبوو کە ئەوەمان فرۆشت و، پارەکەی هەمووی خەرج کرا. دەبوو بژین و، وەکو هەموو خانمێکی دیکەی گەنج، منیش نەمدەزانی هیچ پارەیەك دەربهێنم. تەواو بێسوود و بێکەڵك بووم. بۆیە هەرچییەکمان هەبوو، خەرجمان کرد. منداڵەکانم فێر کرد و هەندێ خوێندنی خۆیشم برەو پێدا. ئینجا میتیا نەخۆش کەوت و تازە بووبووە چوار ساڵ کە خودا بۆ خۆی بردییەوە. ماشا لەگەڵ ئەم ڤانیایەی زاوام کەوتە خۆشەویستییەوە. ئێ ئیتر، پیاوێکی چاکە بەڵام بەدبەختە. پیاوێکی نەخۆشە."

"دایکە!" بانگکردنی کچەکەی قسەکەی پێ بڕی، "میتیا بگرە! ناکرێت لە هەمان کاتدا لە دوو جێگادا بم."

پراسکۆڤیا میخایلۆڤنا شانەکانی هەڵقرچاند، لەگەڵ ئەوەشدا هەستا و لە ژوورەکە چووە دەرەوە، بەو پێڵاوە پینەکراوانەیەوە خێرا خێرا هەنگاوی دەنا. زوو گەڕایەوە و منداڵێکی دوو ساڵانی لە باوەشدا بوو، خۆیی بە پشتدا خستبوو و بەو دەستە بچوکانەی شاڵەکەی ملی ئەوەی گرتبوو.

"لە کوێ بووم؟ ئا بەڵێ، لێرە لە جێگایەکی چاکدا دامەزرێنرا و، بەڕێوەبەرەکەیشی پیاوێکی باش بوو. بەڵام ڤانیا نەیتوانی بەردەوام بێت و، ناچار بوو واز لە کارەکەی بهێنێت."

"چ کێشەیەکی هەیە؟"

"نۆراستینا، نەخۆشییەکی دەروونیی بێزارکەرە. پیشانی پزیشکێکمان دا و، پێی ووتین پێویستە بڕواتە دەرەوە، بەڵام ئێمە پێمان نەکرا... دایم خۆزگەی بۆ دەخوازم خۆی چاك ببێتەوە. ئازارێکی دیاریکراوی نییە، بەڵام..."

"لوکەریا!" دەنگێکی تووڕە و لاواز بەسەریدا هاواری کرد. "هەر کاتێك کارێکم پێی هەبێت، دەنرێردرێتە دەرەوە. دایکە..."

"من وا هاتم!" پراسکۆڤیا میخایلۆڤنا دیسانەوە قسەکانی بە خۆی بڕی. "هێشتا نانی نیوەڕۆی نەخواردووە. ناتوانێت لەگەڵ ئێمەدا نان بخوات."

چووە دەرەوە و شتێکی جێبەجێ کرد و گەڕایەوە و دەستە رەش و باریکەکانی دەتەکاند.

"ئا بەم شێوەیە من دەژیم. هەمیشە بۆڵە و گازندەمە و هەمیشە ناڕازیم، بەڵام شوکور بو خودا کچەزاکانم هەموویان جوان و ساغ و سەلامەتن و، هێشتا بۆ خۆمان دەتوانین بژین. بەڵام بۆ چی باسی من بکەین؟"

"بەس بە چی دەژین؟"

"بەڵێ، خۆم کەمێك پەیدا دەکەم. جاران چەند رقم لە موزیك دەبووەوە، بەڵام ئێستا چەندە سوودبەخشە بۆم!" دەستە بچوکەکەیی خستە سەر ئەو چەکمەچەیەی لە تەنیشتییەوە دانیشتبوو و، بەو پەنجە باریکانەی کەمێك تەپڵی لێ دا.

"بۆ هەر وانەیەك چەند وەردەگریت؟"

"هەندێ جار روبڵێك، هەندێ جاری دیکەش پەنجا کۆپێك، یانیش سی. هەموویان خەڵکی باشن لەگەڵمدا."

"ئەی قوتابییەکانیت باش فێر دەبن؟" کاساتسکی بە زەردەخەنەیەکەوە لێی پرسی.

پراسکۆڤیا میخایلۆڤنا سەرەتا باوەڕی بەوە نەدەکرد کە ئەو پرسیارەی بە جیددی کردبێت و، بۆ دڵنیایی چاوی بڕییە چاوی.

"هەندێکیان باش فێر دەبن. دانەیەکیان، کچێکی زۆر زیرەکە، کچی قەسابەکەیە، چ چکێکی چاکە! ئەگەر من ئافرەتێکی زیرەك بوومایە و ئەو پەیوەندی و ئاشنایەتییانەی باوکمم هەبوویایە، دەبوو توانیبام وەزیفەیەك بۆ زاواکەم بدۆزمەوە. بەڵام ئەوەتا وا دیارە من توانای هیچ شتێكم نەبووە، کە هەموویانم بەم رۆژە گەیاندووە، وەكو ئەوەی خۆت دەیبینیت."

کاساتسکی سەری خۆیی داگرت و ووتی، "بەڵێ، بەڵێ. ئەی ئەوەیان چۆنە، پاشێنکا، بەشداری ژیانی کڵێسا دەکەیت؟"

"ئاه، باسی ئەوە مەکە. خەفەتی بۆ دەخۆم کە بەو شێوەیە پشتگوێم خستووە! لەگەڵ منداڵەکاندا رۆژوو دەگرم و هەندێ جاریش دەچمە کڵێسا و، هەندێ جاریش بۆ چەندین مانگ ناچم. تەنها منداڵەکان دەنێرم."

"ئەی بۆ چی خۆت ناڕۆیت؟"

"ئەوەی راستی بێت—" رەنگی سوور بووەوە "—شەرم دەکەم، لە بەر خاتری كچەکەم و منداڵەکان کە بە جلوبەرگی شڕەوە بچم؛ هیچ جلێکی باشیشم نییە. جگە لەوەش، بە هۆی تەمبەڵییەوە."

"ئەی لە ماڵەوە نوێژ دەکەیت؟"

"نوێژ دەکەم. بەڵام چ نوێژکردنێك؟ بەس بە جووڵە. دەزانم کە نابێت وەها بێت، بەڵام هەستی دینداریی راستەقینەم نییە. تەنها ئەوەندە دەزانم کە من چەندە خراپم ..."

"بەڵێ، بەڵێ، راست دەکەیت،" کاساتسکی پێی ووت وەك بڵێی قسەکانی پەسەند بکات.

"وا هاتم! وا هاتم!" وەڵامی بانگکردنی زاواکەیی دایەوە و پەلکە لاوازەکەیی توند کرد و لە ژوورەکە چووە دەرەوە.

بەڵام ئەم جارەیان زۆری خایاند تا گەڕایەوە. کاتێك کە گەڕایەوە، کاساتسکی بە هەمان شێوەی خۆی دانیشتبوو، ئانیشکی لەسەر ئەژنۆی دانابوو و سەری شۆڕ کردبووەوە. بەڵام توورەکەکەیی لە شان کردبوو..

کاتێك کە گەڕایەوە ژوورەوە، چرایەکی بێسەری بە دەستەوە بوو، کاساتسکی چاوە ماندووەکانی بەرز کردەوە و هەناسەیەکی قووڵی هەڵکێشا.

"پێم نەووتن کە تۆ کێیت،" بە شەرمەوە دەستی بە قسە کردەوە. "تەنها ئەوەم ووت کە زیارەتکارێك و پیاوێکی بەڕێزیت و پێشتر ناسیومیت. وەرە بۆ ژووری نانخواردن چایەك بخۆرەوە."

"نەخێر..."

"دە باشە، هەندێ چات بۆ دەهێنمە ئێرە."

"نەخێر، هیچم ناوێت. خودا رەحمت پێ بکات، پاشێنکا! ئێستا دەڕۆم. ئەگەر بەزەییت پێمدا دێتەوە، بە کەس مەڵێ کە منت بینیوە. لەبەر خۆشەویستی خودا بە کەس مەڵێ. سوپاس. لە بەر پێتدا دادەنەوێم ئەگەرچی دەشزانم پێی ناڕەحەت دەبیت. دووبارە سوپاس و، بۆ خاتری مەسیح لێم خۆش بە!"

"بەرەکەتم پێ ببەخشە."

"خودا بەرەکەتت پێ ببخەشێت! بۆ خاتری مەسیح لێم خۆش بە!"

هەستا بڕوات، بەڵام ئەو لێنەگەڕا بڕوات تا ئەوەی هەندێ نان و کەرێی پێی دا. وەریگرتن و رۆیشت.

دونیا تاریك بوو، پێش ئەوەی لە خانووی دووەم تێپەڕێت لەبەر چاو وون بوو. پراسکۆڤیا میخایلۆڤنا تەنها بە وەڕینی سەگەکەی لای ماڵی قەشەکە دەیزانی کە گەیشتووەتە ئەوێ.

"کەواتە ئەوە بوو مانای خەونەکەم! پاشێنکا ئەوەیە کە دەبوو من بام، بەڵام من شکستم خوارد. بە ناوی ژیان لە پێناو خودا، لە پێناو خەڵکدا ژیاوم، لە کاتێکدا ئەو بۆ خودا ژیاوە و وای زانیوە کە بۆ خەڵك دەژیت. بەڵێ، یەك کاری چاك، وەك بەخشینی پەرداخێك بە بێ بیرکردنەوە لە پاداشتەکەی، شایستەترە لە هەموو ئەو سوود و نەفەی کە من وام دەزانی بە خەڵکی دەبەخشم. ئەی باشە دوای ئەم هەمووە،  بەشێكی بریتی نەبووە لە ویستێکی راستگۆیانە بۆ خزمەتکردنی خودا؟" لە خۆیی دەپرسی و هەر خۆیشی وەڵامی دایەوە: "بەڵێ کە بووە، بەڵام بە ویستێك بۆ مەدح و سەنای مرۆڤەکان پیس بووە و داپۆشراوە. بەڵێ، خودایەك نییە بۆ کەسێك، وەکو من، کە بۆ ستایشی خەڵك ژیابێت. لەمەوبەدوا، بە دوای خودی خودادا دەگەڕێم!"

وەك رێگای هاتنی بۆ لای پاشێنکا، لەم گوند بۆ ئەو گوند بە پێ دەڕۆیشت و، بە زیارەتکارانی دیکە دەگەیشت و جیا دەبووەوە، چاوی بە زۆر ژن و پیاو دەکەوت و بەجێی دەهێشتن و، بە ناوی مەسیحەوە داوای نان و جێی حەوانەوەی شەوانی لێ دەکردن. هەندێ جار هەندێ ئافرەتی ماڵ پێیدا دەتەقین، یان هەندێ جوتیاری سەرخۆش پڕ جوێنیان دەکرد، بەڵام زۆرینەیان خواردن و خوردنەوەیان پێ دەدا و هەندێ جاریش فەرموویان لێ دەکردە ژوورەوە. ئەو روواڵەتە بەڕێزەی دەچووە دڵی هەندێ کەسەوە و خۆشیان دەویست، هەندێ خەڵکی دیکەش بە پێچەوانەوە، خۆشحاڵ دەبوون بەوەی کە کەڵەپیاوێکی بەڕێزی وا کەوتووەتەوە گەدایی.

بەڵام بەخشندەیی خۆیی بەسەر هەموو کەسێکدا دەباراند.

جاربەجار، ئینجیلێکی لە ماڵێکدا دەدۆزییەوەوە و بە دەنگی بەرز دەیخوێندەوە و، ئەگەر کەسیش گوێی لێبایە، پێی سەرسام و کاریگەر دەبوون، وەکو ئەوەی گوێیان لە شتێکی نوێ بەڵام ئاشنا بووبێت.

هەر کاتێك توانیبای یارمەتی خەڵک بدات، جا بە ئامۆژگاری بێت یان بەو زانیارییەی خۆی لە خوێندنەوە و نوسین، یان بە یەکلاکردنەوە کێشە و دەمەقاڵەیەك، چاوەڕێی سوپاسگوازریی نەدەکردن، رێکوڕاست بە رێی خۆیدا دەڕۆیشت. ئیدی کەمکەم خودا خۆیی لێ بەیان و ئاشکرا دەکرد.

جارێکیان لەگەڵ دوو ئافرەت و سەربازێكدا بە رێدا دەڕۆیشت. کاروانێکیان هاتە رێ کە ژن و پێاوێك لە کالیسکەیەکی بچوك و ژن و پیاوێکی دیکەش بە سواری ئەسپ بوون. مێرد و کچەکەی بە سواری ئەسپ بوون و، لە گالیسکەکەشدا ژنەکەی و پیاوێکی فەرەنسی بوو، کە پێدەچوو گەشتیارێك بێت.

کاروانەکەیان بۆ ئەوە وەستاند تا پیاوە فەرنسییەکە ئەو زیارەتکارانە ببینێت، کە بە پێی باوەڕێکی پووچی باوی رووسی، لە بری ئەوەی کار بکەن لەم جێگا بۆ ئەو جێگا بە پێ دەڕۆن.

بە فەرەنسی قسەیان دەکرد، وایان دەزانی ئەوانی دیکە لێیان تێناگەن.

پیاوە فەرەنسییەکە بە زمانی خۆی ووتی، "لێیان بپرسن، داخۆ خۆیان باوەڕی تەواویان بەوە هەیە خودا ئەم حەج و زیارەتەیانی پێخۆشە."

پرسیارەکەیان ئاراستە کرا و، یەکێك لە ئافرەتەکان وەڵامی دایەوە:

"لەسەر ئەوە دەوەستێت کە خودا قەبوڵی دەکات. ئێمە پێمان ناوەتە جێگا پیرۆزەکان، بەڵام دڵمان رەنگە هێشتا بەو جێگایانە نەگەیشتبێت."

پرسیاریان لە سەربازەکە کرد. ئەویش وای وەڵام دایەوە کە لە دونیا خۆی بە تەنیایە و هیچ شوێنێکی نەبووە بۆی بچێت.

پرسیاریان لە کاساتسکی کە کێیە.

"خزمەتکارێکی خودا."

بە فەرەنسی، "چی دەڵێت؟ خۆ وەڵامی نەدایەوە."

بە فەرەنسی، "دەڵێت گوایە خزمەتکارێکی خودایە. دەبێت لە نەوەی پیتەر بێت. هەمان رەچەڵەکی هەیە. پارەیەکی ووردەت پێیە؟"

پیاوە فەرەنسییەکە هەندێ پارەی ووردەی دەرهێنا و سەر و بیست کۆپێکی بە هەر یەکە لە زیارەتکارەکان دا.

"بەڵام پێیان بڵێ ئەوەی پێیان دەدەم بۆ مۆم نییە، با بۆ خۆیان ئاهەنگی پێ بگێڕن، بە چای، چای، ئەی پیرینە!" ئەمەی بە زەردەخەنەیەکەوە ووت و، بەو دەستە بە دەستکێشەیەوە لەسەر شانی کاساتسکیی دەدا.

"خودا رەحمت پێ بکات،" کاساتسکی وەڵامی دایەوە، بەڵام بە بێ ئەوەی كڵاوەکەی دابکەنێت و سەرە رووتەکەی نەوی بکاتەوە.

بەم دیدارەی دڵشاد بوو، چونکە ئەو بۆچوونەی پشتگوێ خست کە لەو کاتەدا بە بیری پیاودا دێت و ساناترین و ئاسانترین شتی ئەنجام دا: بە سادەیی بیست کۆپێکەکەی وەرگرت و دای بە هاوەڵەکەی خۆی، کە گەدایەکی کوێر بوو. تا کەمتر خۆی بە بیر و بۆچوونی مرۆیانە ببەستایەتەوە، زیاتر هەستی بە بوونی خودا لە ناخی خۆیدا دەکرد.

بۆ ماوەی هەشت مانگ، کاساتسکی بەم شێوەی بە رێدا دەڕۆیشت و، لە مانگی نۆیەمدا بە بیانووی نەبوونی پاسپۆرت دەستگیر کرا. ئەمەیان لە پەناگەیەکی شەوانە لە شارۆچکەیەكدا رووی دا کە لە گەڵ هەندێ زیارەتکاری دیکەدا بۆ شەو لێی مابوونەوە. برایە بنکەی پۆلیس و، کاتێك پرسیاریان لێ کرد خۆی کێیە و پاسپۆرتەکەی لە کوێیە، وای وەڵام دایەوە کە پاسپۆرتی نییە و خۆیشی خزمەتکارێکی خودایە. بە وێڵگەڕێکیان لە قەڵەم دا و، سزایان بەسەردا سەپاند و، رەوانەی سیبیریا کرا تا لەوێ بژیت.

لە سیبیریا وەك پیاوێکی بەکرێ گرتەی جوتیارێکی دەوڵەمەند دامەزرا و لە چیشدا کاری دەکرد، لە بێستانی سەوزە و، لە فێرکردنی منداڵان و لە چاودێریکردنی نەخۆش.

No comments:

Post a Comment

ئەسەرحەدۆن، پاشای ئاشور

  ئەسەرحەدۆن، پاشای ئاشور     ئەسەرحەدۆن، پاشای ئاشور   لیۆ تۆلستۆی (١٩٠٣) لە ئینگلیزییەوە بۆ کوردی: ئاکۆ محەمەد   (لەم چیرۆ...