خۆشه‌ویستی له کوێ بێت، خودا‌ش له‌وێیه
خۆشه‌ویستی له کوێ بێت، خودا‌ش له‌وێیه
لیۆ تۆلستۆی
لە ئینگلیزییەوە بۆ کوردی: ئاکۆ محەمەد
مارتن ئاڤدێچی پینه‌دۆز له شار‌دا ده‌ژیا. له ژوورێکی بچوکی ژێرزه‌مینێکدا ده‌ژیا که تاقه په‌نجه‌ره‌یه‌کی هه‌بوو. په‌نجه‌ره‌که ده‌ڕوانێته سه‌ر جاده‌یه‌ك. خووی به‌وه گرتبوو له په‌نجه‌ره‌که‌وه ته‌ماشای رێبواران بکات. ئه‌گه‌رچی ته‌نها قاچیانی ده‌بینی و، بگره ته‌نها پۆتینه‌کانیان، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا مارتن ئاڤدێچ خه‌ڵکه‌که‌ی ده‌ناسییه‌وه. مارتن ئاڤدێچ بۆ ماوه‌یه‌کی دوور و درێژ هه‌ر له یه‌ک جێگادا ژیابوو و ناسیاوگه‌لێکی زۆری هه‌بوون. ته‌نها چه‌ند جووته پۆتینێكی که‌می ئه‌و گه‌ڕه‌که‌ی جارێك و دووان نه‌که‌وتووبوونه نێو ده‌ست و په‌نجه‌کانییه‌وه. بۆ هه‌ندێکیان ژێره‌ی لێده‌دان، هه‌ندێکیانی پینه ده‌کرد و هه‌ندێکی دیکه‌شیانی ده‌ورانده‌ور ته‌قه‌ڵ ده‌دا و، به ده‌گمه‌نیش هی وا هه‌بوون سه‌ره‌یه‌کی[1] نوێی تێده‌خست. هه‌ر له په‌نجه‌ره‌که‌شه‌وه جاربه‌جار جێده‌ستی خۆیی ده‌ناسییه‌وه.
ئاڤدێچ کاری زۆری هه‌بوون، چونکه پیشه‌وه‌رێکی دڵسۆز بوو، که‌لوپه‌لی باشی به‌کار ده‌هێنان، ده‌ستهه‌قی زیادی نه‌ده‌ستاند و، گفتی خۆیی ده‌برده سه‌ر. هه‌رکات بۆی بشیابایه له ماوه‌یه‌کی دیاریکراودا کارێک به‌ئه‌نجام بگه‌یه‌نێت، ئه‌وا قه‌بوڵی ده‌کرد؛ ئه‌گه‌رنا هه‌رگیز هه‌ڵینه‌ده‌خه‌ڵه‌تانیت و، پێشوخته پێی ده‌ووتیت. بۆیه هه‌مووان ئاڤدێچیان ده‌ناسی و، هه‌رگیز بێکار نه‌ده‌ماوه.
ئاڤدێچ هه‌میشه پیاوێکی چاك بوو؛ به‌ڵام له‌گه‌ڵ به‌ته‌مه‌نچوونیدا، وای لێهات بیری زۆر له رۆحی خۆی بکاته‌وه و له خوداوه نزیکتر ببێته‌وه. له‌وده‌مه‌ی هێشتا که له‌گه‌ڵ وه‌ستاکه‌یدا ده‌ژیا، ژنه‌که‌ی مارتن کۆچی دوایی کرد. ژنه‌که‌ی کوڕێکی سێ ساڵانی لێ به‌جێما. هیچکام له منداڵه‌کانی پێشووتریان نه‌ژیان و هه‌ر به منداڵی مردن. سه‌ره‌تا مارتن ده‌یویست کوڕه بچوکه‌که‌ی بنێرێته کن خوشکه‌که‌ی له گوند، به‌ڵام له دڵی نه‌هات و به خۆیی ده‌ووت:
"سه‌خت ده‌بێت کاپیتۆشکاکه‌م له‌گه‌ڵ خێزانێکی نامۆدا بژیت. بۆیه له‌گه‌ڵ خۆمی ده‌هێڵمه‌وه."
ئینجا ئاڤدێچ له لای وه‌ستاکه‌ی رۆیشت و چوو له‌گه‌ڵ کوڕه بچوکه‌که‌ی نیشته‌جێ بوو. به‌ڵام له‌گه‌ڵ منداڵه‌کانیدا خودا هیچ به‌ختێکی باشی به ئاڤدێچ نه‌دا. که کاپیتۆشکا هه‌راشتر بوو، ده‌ستی به یارمه‌تدانی باوکی کرد، هه‌ندێکیش خۆش بوو به لایه‌وه، به‌ڵام به نه‌خۆشییه‌که‌وه گیرۆده بوو، خستییه سه‌ر جێگا و هه‌فته‌یه‌ك پێیه‌وه ناڵاندنی و ئه‌وجا مرد.
مارتن کوڕه‌کی ناشت و دوای ئه‌وه ئیتر دڵته‌نگی سه‌راپای داگرت. ئه‌م دڵته‌نگییه هێنده‌ی لێ قووڵ بووه‌وه ده‌ستی کرده گازنده‌کردن له خودا. مارتن وه‌ها خه‌فه‌تبار بوو زیاتر له جارێك مردنی له خودا ده‌خواست و گله‌ییی ئه‌وه‌ی له خودا ده‌کرد خۆیی به‌و که‌فته‌کارییه‌وه نه‌برده‌وه، که‌چی کوڕه خۆشه‌ویسته تاقانه‌که‌یی لێسه‌نده‌وه. ئاڤدیچ ئیدی ده‌ستی له‌بۆ کڵێسا چوونیش هه‌ڵگرت.
جارێکیان پیره‌مێردێکی بچکۆڵه‌ی[2] هه‌مان گه‌ڕه‌ك له جه‌ژنی ترۆیستاوه[3] ده‌هاته‌وه، هاته بینینی ئاڤدێچ؛ له حه‌وت ساڵی رابردوودا له گه‌شت و گه‌ڕاندا بوو. ئاڤدێچ له‌گه‌ڵیدا که‌وته قسه و له‌باره‌ی خه‌م و خه‌فه‌ته‌کانییه‌وه ده‌ستی کرده گازنده‌کردن.
"هیچ حه‌ز ناکه‌م له‌وه زیاتر بژیم،" ئاڤدێچ بۆی باس کرد. "ته‌نها ئه‌وه له خودا ده‌خوازم، خۆزگه مردبام. له ئێستادا پیاوێکم هیچ شتێکم نییه هیوام پێی هه‌بێت."
پیره‌مێرده بچوکه‌کش پێی ووت:
"مارتن، قسه‌که‌ت راست نییه؛ ئێمه نابێت بڕیار له‌سه‌ر کار و کرده‌وه‌کانی خودا بده‌ین. جیهان ده‌گوزه‌رێت، نه له‌به‌ر زیره‌کی ئێمه به‌ڵکو له‌به‌ر ویستی خودا. هه‌ر خودا بڕیاری داوه کوڕه‌که‌ی تۆ بمرێت و تۆ بژیت. بۆیه وه‌ها باشترین بڕیاره. تۆش خه‌فه‌تباری چونکه ده‌ته‌وێت له‌پێناو خۆشبه‌ختی خۆتدا بژیت."
"ئه‌دی هه‌رکه‌س ده‌بێت بۆ چی بژیت؟" مارتن لێی ده‌پرسێت.
پیره‌مێرده بچوکه‌کش پێی ووت:
"ئێمه ده‌بێت بۆ خودا بژین، مارتن. هه‌ر ئه‌و ژیانت پێ ده‌به‌خشێت و، له‌پێناو ئه‌ویشدا له‌سه‌رته بژیت. کاتێك وات لێدێت بۆ ئه‌و بژیت، ئه‌وده‌م خه‌فه‌ت له هیچ ناخۆیت و، هه‌موو شتێکت به‌لاوه ئاسان ده‌بێت."
مارتن بۆ ساتێك به کڕی مایه‌وه و ئه‌وجا ووتی، "به‌ڵام چۆن که‌سێك ده‌توانێت بۆ خودا بژیت؟"
پیره‌مێرده بچوکه‌کش پێی ووت:
"مه‌سیح فێری کردووین تا بۆ خودا بژین. ده‌زانی بخوێنیته‌وه؟ کتێبێکی وه‌سیه‌تنامه بکڕه و بخوێنه‌وه؛ فێری ئه‌وه‌ت ده‌کات چۆن بۆ خودا بژیت. هه‌موو شتێکی تێدا روون کراوه‌ته‌وه."
ئه‌م قسانه ئاگرێکی له دڵی ئاڤدێچدا هه‌ڵگیرساند. هه‌ر هه‌مان رۆژ چوو کتێبێکی وه‌سیه‌تنامه‌ی نوێی به چاپی نوسین درشت کڕی و ده‌ستی دایه خوێندنه‌وه‌ی.
ئاڤدێچ له سه‌ره‌تادا ده‌یویست ته‌نیا له‌باره‌ی جه‌ژنه‌کان بخوێنێته‌وه. به‌ڵام که ده‌ستی به خوێندنه‌وه کرد، وه‌ها ئاسووده‌ییی به رۆحی ده‌به‌خشی وای لێهات هه‌موو رۆژێك ده‌یخوێنده‌وه. جاربه‌جار به جۆرێك نغرۆی خوێندنه‌وه ده‌بوو، نه‌وتی چراکه‌ی هه‌مووی ده‌سووتا و هێشتا نه‌یده‌توانی ده‌ستی لێ هه‌ڵگرێت. ئاڤدێچ واشی لێهات هه‌موو شتێك بخوێنێته‌وه.
هه‌رچه‌ندیشی زیاتر ده‌خوێنده‌وه، روونتر تێده‌گه‌یشت که خودا چیی لێ ده‌وێت و چۆنیش که‌سێك پێویسته بۆ خودا بژیت؛ دڵیشی ئارام و ئاسووده‌تر ده‌بووه‌وه. پێشتر که بۆ خه‌وتن پاڵ ده‌که‌وت، وای خوو گرتبوو هه‌ر ئاه هه‌ڵکێشێت و خه‌م بخوات و ته‌نیا بیری کاپیتۆشکاکه‌ی ده‌کرده‌وه؛ ئێستاش ته‌نها هاواری بووته:
"شکۆمه‌ندی هه‌ر بۆ تۆ! شکۆمه‌ندی هه‌ر بۆ تۆ! هه‌ر هی تۆ جێبه‌جێ ده‌کرێت."
له‌و کاته‌وه، ئیتر ژیانی ئاڤدێچ به ته‌واوه‌تی گۆڕانی به‌سه‌ردا هات. جاران بۆ سه‌رگه‌رمگردنی له رۆژانی پشوودا واشی خوو گرتبوو خۆی بکات به مه‌یخانه‌یه‌كدا[4] تاوکو کوپێك چا بخواته‌وه و هه‌روه‌ها پێیشی ناخۆش نه‌بوو که‌مێکیش براندی[5] بخواته‌وه. له‌گه‌ڵ ناسیاوانیدا خواردنه‌وه‌یه‌کی ده‌خوارده‌وه و ساڵۆنه‌که‌ی به‌جێ ده‌هێشت، بێ ئه‌وه‌ی به ته‌واوه‌تی سه‌رخۆش بێت، که‌یفساز ده‌بوو و ده‌ستی ده‌کرده قسه‌ی پڕوپووچ و هاوارکردن و جوێنی پیسی به که‌سێکدا هه‌ڵده‌ڕشت. ئێستا له‌و جۆره شتانه قوتار بووه. ئێستا ژیانی ئارام و به‌چێژی هه‌یه. به‌یانیان ده‌هات داده‌نیشت و ده‌ستی به کار ده‌کرد و، کاره راسپێردراوه‌کانی ئه‌نجام ده‌دان، ئینجا چرا بچوکه‌که‌ی له قولابه‌که داده‌گرت و له‌سه‌ر مێزه‌که‌ی داده‌نا و کتێبه‌که‌ی له ره‌فه‌که ده‌هێنا و ده‌یکرده‌وه و بۆی داده‌نیشت بیخوێنێته‌وه. تا زیاتریشی ده‌خوێنده‌وه، زیاتر تێده‌گه‌یشت و دڵیشی خۆشحاڵتر و گه‌شتر ساز ده‌بوو.
جارێکیان وا روویدا که مارتن تا دره‌نگانی شه‌و هه‌ر ده‌یخوێنده‌وه. ئینجیلی لۆقای ده‌خوێنده‌وه. له به‌شی شه‌شه‌می ده‌خوێنده‌وه و گه‌یشتبووه ئایه‌تی:
"ئه‌وه‌ی کێشای به لایه‌کی روومه‌تت، لایه‌که‌ی تریشی بۆ راگره. گه‌ر یه‌کێ چاکه‌ته‌که‌ی له‌به‌رداکه‌نیت، رێی لێمه‌گره با کراسه‌که‌شت ببات. ئه‌وه‌ی داوای شتێکت لێ ده‌کات، بیده‌رێ، ئه‌وه‌ش که شتێکت لێداگیر ده‌کات لێی داوامه‌که‌وه. چۆن ده‌تانه‌وێ خه‌ڵکی هه‌ڵسوکه‌وتتان له‌گه‌ڵ بکه‌ن، له‌پێشا ئێوه به‌و شێوه‌یه هه‌ڵسوکه‌وتیان له‌گه‌ڵ بکه‌ن."[6]
له‌و ئایه‌تانه‌ی زیاتر خوێنده‌وه و گه‌یشته ئه‌و جێگایه‌ی خوداوه‌ند[7] ده‌فه‌رمووێت:
"بۆ با‌نگم ده‌که‌ن خوداوه‌ند، خوداوه‌ند، که‌چی ئه‌وه‌ی ده‌یڵێم نایکه‌ن؟ ئه‌وه‌ی بۆ لام دێت و گوێ له وته‌کانم ده‌گرێت و کاری پێده‌کات، پیشانتان ده‌ده‌م له کێ ده‌چێت. له مرۆڤێك ده‌چێت خانوویه‌ك دروست ده‌کات، جا هه‌ڵیکه‌ند و قووڵی کرد و بناغه‌که‌ی له‌سه‌ر به‌رد دانا، لافاو هه‌ستا و رووبار له خانووه‌که‌ی دا، به‌ڵام نه‌یتوانی بیهه‌ژێنێت، چونکه له‌سه‌ر به‌رد بنیاد نرابوو. به‌ڵام ئه‌وه‌ی گوێی لێ‌بوو و په‌یڕه‌وی نه‌کرد، له مرۆڤێك ده‌چێت بێ بناغه خانووی له‌سه‌ر زه‌وی دروستکرد. رووبار لێی دا و یه‌کسه‌ر که‌وت، وێرانی خانووه‌که‌ش گه‌وره بوو."
ئاڤادێچ ئه‌م وشانه ده‌خوێنێته‌وه و سه‌راپای رۆحی پڕ له شادی ده‌بێت. چاویلکه‌کانی لاده‌دات و له‌سه‌ر کتێبه‌که‌ی داده‌نێت و ئانیشك ده‌داته سه‌ر مێزه‌که و بیرکردنه‌وه ده‌یباته‌وه. به گوێره‌ی ئه‌و وشانه ژیانی خۆی له پێوانه ده‌دات. ئه‌وجا بۆ خۆی بیر ده‌کاته‌وه:
"خانووی من له‌سه‌ر به‌رد بنیاد نراوه، یان له‌سه‌ر لم؟ ئه‌وه زۆر باشه ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر به‌رد بێت. زۆر سانایه که ته‌نیا خۆت بیت و به‌س؛ وا دیاره هه‌موو شتێکت هه‌ر وه‌کو خودا فه‌رمایشتی کردووه، ئه‌نجام داوه؛ به‌ڵام کاتێك خۆت له‌بیر ده‌که‌یت، دیسانه‌وه تاوان ده‌که‌یته‌وه. هێشتا هه‌ر ده‌بێت کۆششی بۆ بکه‌م. ده زۆر باشه. یارمه‌تیم بده، خوداوه‌ندم!"
به‌م جۆره هه‌ر بیری ده‌کرده‌وه؛ ده‌یویست بچێته جێگاوه، به‌ڵام دڵی نه‌ده‌هات خۆی له کتێبه‌که جیا بکاته‌وه. دووباره ده‌ستی دایێ و زیاتری له به‌شی حه‌وته‌م خوینده‌وه. له باره‌ی فه‌رمانده‌ی سه‌رپه‌لی[8] خوێنده‌وه، له‌باره‌ی کوڕی بێوه‌ژنه‌که‌ی خوێنده‌وه، له‌باره‌ی ئه‌و وه‌ڵامه‌ی خوێنده‌وه که به قوتابییه‌کانی یه‌حیا دران و، ئینجا گه‌یشته ئه‌و جێیه‌ی که فه‌ریسییه ده‌وڵه‌مه‌نده‌که داوای له عیسا کرد له‌سه‌ر سفره‌که‌ی دا‌نیشێت. له‌باره‌ی ئه‌و ئافره‌ته گوناهباره‌ی خوێنده‌وه که پێی عیسای چه‌ور کردووه و هه‌دروو پێیی به فرمێسکه‌کانی ششتووه و چۆنیش ئه‌و لێی خۆش بوو. گه‌یشته ئایه‌تی چل و چواره‌م و ده‌ستی کرده خوێندنه‌وه‌ی:
"رووی کرده ئافره‌ته‌که و به شیمۆنی فه‌رموو: ئه‌م ئافره‌ته ده‌بینیت؟ هاتمه ماڵه‌که‌ت و ئاوت نه‌دامێ بۆ پێم، به‌ڵام به فرمێسکی پێی ته‌ڕ کردم به قژی سڕییه‌وه. خۆ ماچێکت نه‌کردم، به‌ڵام ئه‌م له‌وه‌ته‌ی هاتوومه‌ته ژووره‌وه له ماچکردنی پیم نه‌وه‌ستاوه. تۆ به زه‌یت سه‌رت چه‌ور نه‌کردم، به‌ڵام ئه‌م به بۆن پێمی چه‌ور کرد."
ئه‌م ئایه‌تانه‌ی ته‌واو کرد و له‌گه‌ڵ خۆیدا که‌وته بیرکردنه‌وه:
"ئاوت نه‌دامێ بۆ پێم، خۆ ماچێکت نه‌کردم، به زه‌یت سه‌رت چه‌ور نه‌کردم."
جارێکی دیکه ئاڤدێچ چاویلکه‌که‌ی له چاو داکه‌ند و خستییه سه‌ر کتێبه‌که و دووباره نغرۆی بیرکردنه‌وه بوو.
"وا دیاره فه‌ریسی ده‌بێت پێاوێك بووبێت هه‌ر وه‌کو من. منیش به هه‌مان شێوه پێده‌چێت ته‌نها بیرم له خۆم کردبێته‌وه، ئه‌وه‌ی که چۆن چاکه‌م بخۆمه‌وه، جێ گه‌رم و ئاسووده بم، به‌ڵام بێ ئه‌وه‌ی هه‌رگیز بیر له میوانه‌که‌م بکه‌مه‌وه. بیری له خۆی کردبووه‌وه، لێ که‌مترین بایه‌خیشی به میوانه‌که‌ی نه‌دابوو. ئه‌ی داخۆ میوانه‌که‌ی کێ بێت؟ خودی خوداوه‌ند، عیسا. ئه‌گه‌ر خۆی هاتبایه‌ته لام، به هه‌مان شێوه‌م له‌گه‌ڵدا ده‌کرد؟"
ئاڤادێچ سه‌ری خسته سه‌ر هه‌ردوو قۆڵی و بێ ئه‌وه‌ی به خۆی بزانێت خه‌و بردییه‌وه.
"مارتن!" له پڕێکدا وای زانی له گوێیه‌کانیدا ده‌نگی دایه‌وه.
مارتن له خه‌و راپه‌ڕی:
"ئه‌وه کێیه؟"
له چوارده‌وری خۆیی نواڕی و ته‌ماشایه‌کی ده‌رگاکه‌ی کرد، که‌س نه‌بوو.
دیسانه‌وه خه‌وه‌نوتکه بردییه‌وه. له ناکاو به روونی ده‌نگێکی بیست:
"مارتن! ئاه، مارتن! بۆ سبه‌ی ته‌ماشایه‌کی سه‌ر جاده‌که بکه. من دێم."
مارتن به‌خه‌به‌ر هاته‌وه، له‌سه‌ر کورسییه‌که‌ی هه‌ستا و ده‌ستی کرده هه‌ڵکوڵفتنی چاوه‌کانی. بۆ خۆیشی ساغ نه‌بووه‌وه داخۆ ئه‌و وشانه‌ی له خه‌وندا گوێبیست بوو یان له راستیدا. چراکه‌ی کوژانده‌وه و جووه نێو نوێنه‌که‌ی.
له‌گه‌ڵ کازیوه‌ی به‌ره‌به‌یاندا، ئاڤادێچ هه‌ستا، نوێژ و نزاکه‌ی بۆ خودا کرد، زۆپاکه‌ی داگیرساند، شله‌ی شی و کاشه‌که‌ی[9] خسته سه‌ر، ئاوی کرده سه‌ماوه‌ره‌که‌وه، به‌روانکه‌که‌ی له‌به‌ر کرد و له پای په‌نجه‌ره‌که دانیشت ده‌ست به کار بکات.
به‌ده‌م کارکردنه‌وه، یه‌کبینه[10] بیری له ته‌واوی ئه‌و به‌سه‌رهاتانه‌ی رۆژی رابردوو ده‌کرده‌وه. له چرکه‌ساتێكدا وای زانی که ته‌نها خه‌ونێك بوو، به‌ڵام خۆ ئێستا به‌ڕاستی ده‌نگێكی بیست.
"ده باشه،" به خۆیی ده‌ووت، "ئه‌م جۆره شتانه روویان دا."
مارتن له نزیك په‌نجه‌ره‌که دانیشتبوو و زیاتر له‌وه‌ی کاری ده‌کرد، ته‌ماشای ده‌ره‌وه‌ی ده‌کرد. هه‌ر پۆتین له‌پێیه‌ك گوزه‌ری کردبا و نه‌یناسیبێت، خۆیی ده‌چه‌مانده‌وه و له په‌نجه‌ره‌که‌وه ده‌یڕوانی تاوه‌کو نه‌ک ته‌نها پێیه‌کانی به‌ڵکو رووخساریشی ببینێت.
ده‌رگاوانه‌که به جووته چه‌کمه‌یه‌کی[11] خورییه‌وه تێپه‌ڕی، ئاوکێشه‌که ره‌ت بوو، ئه‌وجا سه‌ربازێکی دێرینی سه‌رده‌می نیکۆلاس به جووتێك چه‌کمه‌ی خوریی قه‌یتاندار و به خاکه‌نازێکی ده‌ستییه‌وه هاته به‌ر په‌نجه‌ره‌که. ئاڤادێچ به چه‌کمه خورییه‌کانییه‌وه ئه‌وی ناسییه‌وه. پیاوه پیره‌که ناوی ستێپانویچ بوو. دراوسێیه‌کی بازرگان بۆ خێری خۆی ژوورێکی له ماڵه‌که‌ی خۆیدا پێدابوو. داوای لێکرابوو هاریکاریی ده‌رگاوانه‌که بکات. ستێپانویچ ده‌ستی کرده راماڵینی به‌فری به‌رده‌م په‌نجه‌ره‌که‌ی ئاڤادێچ. ئاڤادێچ ته‌ماشایه‌کی کرد و ده‌ستی به کاره‌که‌ی کرده‌وه.
"پششوووو! من به‌و پیرێتییه‌وه ده‌بێت عه‌قڵی خۆمم له‌ده‌ستدابێت،" ئاڤادێچ به خۆیی ووت و پێکه‌نی. "ستێپانویچه به‌فره‌که راده‌ماڵێت و، له من وابوو که مه‌سیح دێته دیتنم. به ته‌واوی بیرم لای خۆم نه‌مابوو، چ پیرێکی خه‌رفاوم ئه‌منیش!"
ئاڤادێچ ده پازده ته‌قه‌ڵێکی لێدا و، ئینجا هه‌ستی به پاڵنه‌رێك کرد ده‌یبزوێنێ له په‌نجه‌ره‌که‌وه دووباره بڕوانێته‌وه. له‌په‌نجه‌ره‌که‌وه سه‌یری کرده‌وه و، بینی که ستێپانویچ خاکه‌نازه‌که‌ی به دیواره‌که‌وه داوه و خه‌ریکه خۆی گه‌رم ده‌کاته‌وه و پشوویه‌ك وه‌رده‌گرێت. پیاوێکی پیر و که‌فته‌کار بوو؛ وا دیار بوو ته‌نانه‌ت هێزی ئه‌وه‌یشی به به‌ره‌وه نه‌ماوه به‌فریش بماڵێت. ئاڤادێچ به خۆیی ووت:
"هه‌ندێ چای ده‌ده‌مێ؛ خۆ ئه‌وه‌تا سه‌ماوه‌ره‌که تازه هاتووه‌ته کوڵین." ئاڤادێچ دره‌وشه‌که‌ی دانا، له‌سه‌ر کورسییه‌که‌ی راست بووه‌وه، سه‌ماوه‌ره‌که‌ی خسته سه‌ر مێزه‌که، چای تێکرد و، به په‌نجه‌ی له په‌نجه‌ره‌که‌ی دا. ستێپانویچ لای کرده‌وه و، هاته لای په‌نجه‌ره‌که‌وه. ئاڤادێچ هێمای بۆ کرد و چوو ده‌رگاکه‌ی بۆ بکاته‌وه.
پێی ووت: "وه‌ره ژووره‌وه، که‌مێ خۆت گه‌رم بکه‌ره‌وه. ده‌بێت سه‌رمات بووبێت."
"یاخوا مه‌سیح بۆ ئه‌مه پاداشتت بداته‌وه! ئازای ئه‌ندامم دێشین،" ستێپانویچ پێی ووت.
ستێپانویچ هاته ژووره‌وه، به‌فره‌که‌ی له خۆی ته‌کاند، هه‌وڵی دا پێیه‌کانی بسڕێته‌وه تاوه‌کو سه‌رزه‌ویی ژووره‌که قوڕاوی نه‌کات، به‌ڵام خۆی نه‌گرت و به‌لادا چوو.
"ئه‌زیه‌تی خۆت مه‌ده پێت بسڕیته‌وه، من خۆم پاکی ده‌که‌مه‌وه؛ ئێمه به‌م جۆره شتانه راهاتووین. وه‌ره، دانیشه،" ئاڤادێچ پێی ووت. "وه‌ره ئێره‌وه، کوپێ چا بخۆره‌وه."
ئینجا ئاڤادێچ هه‌ردوو په‌رداخه چاکه‌ی هه‌ڵگرت و یه‌کێکیانی دایه ده‌ست میوانه‌که‌ی. خۆیشی چاکه‌ی به‌تاڵ کرده ژێرپیاڵه‌یه‌که‌وه و فڕی کرد.
ستێپانویچ له خواردنه‌وه‌ی په‌رداخه چاکه‌ی بووه‌وه و په‌رداخه‌که‌ی سه‌راوژێر کرد[12]، کڵۆ شه‌کر نیوه کرۆژراوه‌که‌ی له‌سه‌ری دانا و، ده‌ستی کرد سوپاسکردن ده‌ستخۆشیکردنی. به‌ڵام پێیه‌وه‌ی دیار بوو که هه‌ندێکی دیکه‌ی ده‌ویست.
"هه‌ندێکی تر بخۆوه،" ئاڤادێچ پێی ووت و ئینجا په‌رداخه‌که‌ی خۆی و میوانه‌که‌یی پڕ کرده‌وه. ئاڤادێچ چاکه‌ی خۆیی خوارده‌وه و ده‌مناده‌م چاوێکی ده‌بڕییه سه‌ر جاده‌که.
میوانه‌که‌ی لێی پرسی: "چاوه‌نواڕی که‌سێك ده‌که‌یت؟"
"چاوه‌ڕێی که‌سێك ده‌که‌م؟ رووم نایه‌ت که بڵێم چاوه‌ڕێی کێش ده‌که‌م. چاوه‌ڕێی که‌سێك ده‌که‌م و چاوه‌ڕێیشی ناکه‌م؛ به‌ڵام قسه‌یه‌ك ئاگری له دڵمدا هه‌ڵگیرساندووه. نازانم خه‌ونه یان هه‌ر شتێکی دیکه. نازانم. ته‌ماشا که برام، دوێنێ ئینجیلم ده‌خوێنده‌وه له‌باره‌ی باتیوشکا[13] مه‌سیح که چۆن ئازاری چه‌شتووه و چۆن به‌سه‌ر زه‌ویدا رۆیشتووه. پێموابێ شتێکت له‌باره‌ی ئه‌وه‌وه بستیبێت؟"
"بێگومان،" ستێپانویچ وه‌ڵامی دایه‌وه؛ "به‌ڵام ئێمه‌ومانان خه‌ڵکانێکین له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ناتوانین بخوێنینه‌وه له تاریکیداین."
"ده‌سا باشه، من له‌باره‌ی خودی ئه‌وه‌وه ده‌مخوێنده‌وه، که چۆن به‌سه‌ر زه‌ویدا رێی کردووه؛ ئه‌وه‌م خوێنده‌وه، وه‌کو خۆت ده‌زانیت، که چۆن هاته لای فه‌ریسییه‌که و، فه‌ریسییه‌که میوانداریی نه‌کرد. به‌ڵی ئا به‌و جۆره، برام، دوێنێ له‌باره‌ی ئه‌م شته‌وه ده‌مخوێنده‌وه و بۆ خۆم بیرم له‌وه ده‌کرده‌وه که چۆن به شه‌ره‌فمه‌ندی و رێزه‌وه پێشوازیی له باتیوشکا مه‌سیح نه‌کردووه. به خۆمم ووت، بۆ نمونه وا دانێ که بێته لای من یان هه‌ر که‌سێکی دیکه، له‌وانه‌یه ته‌نانه‌ت نه‌شزانم چۆنچۆنی پێشوازیی لێ بکه‌م. ئێ! کاتێك له‌م بیرکردنه‌وانه‌دا بووم، خه‌وم لێکه‌وت، برا، ئینجا گوێم له که‌سێك بوو بانگی ناوی منی ده‌کرد. هه‌ستامه‌وه؛ ده‌نگه‌که، وه‌کو یه‌کێك به گوێم‌دا بچپێنێت، ووتی: 'چاو هه‌ڵدێره؛ من سبه‌ی دێم.' ئه‌مه دوو جار رووی دایه‌وه. ده‌سا، باوه‌ڕ ده‌که‌ی، ئه‌مه‌م که‌وتووه‌ته مێشکه‌وه؟ ئه‌گه‌رچی به خۆمیشدا هه‌ڵشاخیم، که‌چی هێشتا هه‌ر چاوه‌ڕێی ده‌که‌م، چاوه‌ڕێی باتیوشکا."
ستێپانویچ سه‌ری راوه‌شاند و هیچی نه‌ووت؛ خواردنه‌وه‌ی په‌رداخه چاکه‌ی ته‌واو کرد و سه‌راوژێر داینایه‌وه؛ به‌ڵام ئاڤادێچ په‌رداخه‌که‌ی هه‌ڵگرته‌وه و جارێکی دی بۆی پڕ کرده‌وه.
"هه‌ندێکی دی بخۆره‌وه بۆ ته‌ندروستیت باشه. ده‌بینیت، ئه‌وه‌م به بیردا هات که کاتێك باتیوشکا له‌سه‌ر ئه‌م زه‌وییه بوو، بێڕێزیی به که‌س نه‌کرد و، زیاتریش هه‌ر له‌گه‌ڵ خه‌ڵکی ساده‌دا بوو. هه‌میشه‌ش ده‌چووه دیده‌نی خه‌ڵکانی ساده. موریده‌کانی خۆیشی له‌ناو خه‌ڵکانی گوناهباری وه‌کو ئێمه و له چینی کارکه‌راندا ده‌سته‌بژێر کرد. فه‌رموویه‌تی، هه‌رکه‌سێك خۆی به گه‌وره بزانێت، به که‌م داده‌نرێت، ئه‌وه‌شی خۆی به بچوك بزانێت، به گه‌وره داده‌نرێت. فه‌رموویه‌تی، ئێوه به خواوه‌ند با‌نگم ده‌که‌ن منیش پێتان ده‌شۆم. فه‌رموویه‌تی که هه‌ر که‌سێك ئاره‌زووی ئه‌وه بکات ببێته یه‌که‌م، ئه‌وا هه‌ر خۆی ده‌بێته خزمه‌تکاری هه‌مووان. چوونکه وه‌کو فه‌رموویه‌تی، به‌ختیار که‌سی هه‌ژار و بێ‌فیز و میهره‌بان و به‌خشنده‌یه."
ستێپانویچیش چایه‌که‌ی له‌بیر کردبوو؛ پیره پیاوێك بوو و به ئاسانیش ده‌که‌وته فرمێسك رشتن. گوێی ده‌گرت و، فرمێسکه‌کانی به روومه‌تیدا ده‌هاتنه خواره‌وه.
"ده ئێستا وه‌ره هه‌ندێ چای تر بخۆوه،" ئاڤدێچ پێی ووت، به‌ڵام ستێپانویچ هێمایه‌کی خاجی نواند، سوپاسی کرد، په‌رداخه‌که‌ی سه‌روخوار کرد و هه‌ستا.
"زۆر سوپاس بۆ تۆ، مارتن ئاڤدێچ بۆ ئه‌و چاکه‌یه‌ت له‌گه‌ڵمدا، بۆ ئه‌وه‌ی رۆح و جه‌سته‌مت تێر کرد،" ستێپانویچ وای وه‌ڵام دایه‌وه.
ئاڤدێچیش پێی ووت "به خێر هاتی؛ جاری دیکه‌ش وه‌ره‌وه؛ هه‌میشه به براده‌ری وا خۆشحاڵ ده‌بم."
ستێپانویچ رۆیشت و مارتنیش هه‌رچی له چاکه مابووه‌وه تێی کرد و هه‌مووی خوارده‌وه، په‌رداخ و قاپه‌کانی دایه لاوه و جارێکی دیکه له پای په‌نجه‌ره‌که بۆ کارکردن دانیشته‌وه و ده‌ستی کرده ته‌قه‌ڵدانی پینه‌یه‌ک. هه‌ر ته‌قه‌ڵی ده‌دا و له هه‌مان کاتیش‌دا له په‌نجه‌ره‌که‌وه ته‌ماشای ده‌ره‌وه‌ی ده‌کرد. چاوه‌ڕوانی مه‌سیحی ده‌کرد و له ته‌واوی ئه‌و ماوه‌یه‌شدا بیری له مه‌سیح و کاره‌کانی ده‌کرده‌وه و، سه‌ریشی پڕ ببوو له ووته جیاجیاکانی مه‌سیح.
دوو سه‌رباز تێپه‌ڕین: یه‌کێکیان جووته پۆتینێکی به خه‌ت و تاجی له پێدا بوو و، ئه‌وی دیکه‌یشیان جووته پۆتینێکی له پێدا بوو ئه‌م دروستی کردبوون. ئینجا خۆزاینی[14] خانووه‌که‌ی ته‌نیشت ره‌ت بوو و پاته‌یه‌کی[15] بریقه‌داری له پێدا بوو؛ دوتریش نانه‌وایه‌ك به سه‌به‌ته‌یه‌که رۆیشت. هه‌موویان به‌وێدا رۆیشتن و ئێستاش ئافره‌تێك هاته لای په‌نجه‌ره‌که که گۆره‌وییه‌کی خۆریی درێژ و جووته پێڵاوێکی باشماکی[16] لادێیی له پێدا بوو. له په‌نجه‌ره‌که تێپه‌ڕی و له نزیك چوارچێوه‌ی په‌نجه‌ره‌که وه‌ستا.
ئاڤدێچ له په‌نجه‌ره‌که‌وه بۆ سه‌ره‌وه پێیدا رووانی و، بینی که بێگانه‌یه‌که، ئافره‌تێكی جل شڕه له‌گه‌ڵ منداڵێک. له لای دیواره‌که وه‌ستابوو و پشتی کردبووه با و هه‌وڵی ده‌دا منداڵه‌که‌ی داپۆشێت به‌ڵام هیچی نه‌بوو پێی داپێچێت. ئافره‌ته‌که هه‌ندێ شڕه جلی هاوینه‌ی له‌به‌ردا بوو. له پشت په‌نجه‌ره‌که‌وه، ئاڤدێچ گوێبیستی گریانی منداڵه‌که بوو و ئافره‌ته‌که هه‌وڵی هێورکردنه‌وه‌ی ده‌دا، به‌ڵام نه‌یده‌توانی ئاشتی بکاته‌وه.
ئاڤدێچ هه‌ستا و چووه لای ده‌رگاکه و له پله‌کانه‌کان به‌سه‌ر که‌وت و به ده‌نگی به‌رز بانگی کرد:
"خانمی باشم. هه‌ی! خانمی ژیرم!"
ئافره‌ته‌که گوێی له ده‌نگی بوو و لای کرده‌وه.
"بۆ چی به‌و منداڵه‌وه له‌به‌ر ئه‌و سه‌رمایه وه‌ستاویت؟ وه‌ره ژووره‌وه، ئێره گه‌رمه و باشتر چاره‌ی ده‌که‌یت. ئێره، لێره‌وه!"
ئافره‌ته‌که سه‌ری سووڕما. پیاوێکی پیر پیری به‌روانکه له‌به‌ری بینی که چاویلکه‌کانی له‌سه‌ر لووتی دانابوو و بۆ لای خۆیی بانگ ده‌کرد. دوای که‌وت. به پله‌کانه‌کاندا دابه‌زین و چوونه ژووره‌وه. پیره‌پیاو ئافره‌ته‌که‌ی بۆ سه‌ر جێخه‌وه‌که‌ی خۆی رێنوێنی کرد.
"له‌وێ" ئاڤدێچ ووتی، "دانیشه خانمه باشه‌که‌م، نزیکتر له زۆپاکه. له‌وێ ده‌توانیت گه‌رم ببیته‌وه و بچکۆلانه‌ش ژیر بکه‌یته‌وه."
"شیرم نییه بیده‌مێ. خۆشم له به‌یانییه‌وه هیچ شتێکم نه‌خواردووه،" ئافره‌ته‌که ئه‌مه‌ی ووت و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا کۆرپه‌که‌ی نایه به‌ر سینگییه‌وه.
ئاڤدێچ سه‌ری بادا و چووه لای مێزه‌که و نانه‌که و قاپێکی ده‌رهێنا، ده‌رگای فڕنه‌که‌ی کرده‌وه و هه‌ندێ شله‌ی که‌له‌رمی کرده قاپه‌که‌وه؛ مه‌نجه‌ڵه شله به دانه‌که‌ی ده‌رهێنا به‌ڵام هێشتا پێنه‌گه‌یشتبوو؛ بۆیه قاپه‌که‌ی ته‌نها به شله‌ی شی پڕ کرد و خستییه سه‌ر مێزه‌که. نانه‌که‌ی هێنا و خاولییه‌که‌ی له قولابه‌که داگرت و له‌سه‌ر مێزکه‌ی پان کرده‌وه.
به خوڵککردنی پێی ووت، "دانیشه و نان بخۆ خانمه باشه‌که‌م؛ خه‌می منداڵه‌که‌شمه. ده‌بینی، سه‌روه‌ختێك منیش منداڵی خۆم هه‌بوون؛ ده‌زانم چۆنیان بلاوێنم."
ئافره‌ته‌که به هێما خاچی نواند، له‌سه‌ر مێزه‌که دانیشت و ده‌ستی به خواردن کرد؛ له‌و کاته‌شدا ئاڤدێچ له‌سه‌ر جێخه‌وه‌که‌ی نزیك کۆرپه‌له‌که جێی خۆی کرده‌وه. ئاڤدێچ به لێوه‌کانی هه‌ر مووچه‌ی بۆ منداڵه‌که ده‌کرد و مووچه‌ی ده‌کرد؛ به‌ڵام چ مووچه‌یه‌کی هه‌ژارانه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که ددانی نه‌بوو. کۆرپه‌که هه‌ر ده‌گریا. وا هه‌ڵکه‌وت ئاڤدێچ په‌نجه‌ی شایه‌تمانی بۆ کۆرپه‌ڵه‌که قیت کرده‌وه و به‌پێش ده‌میدا راده‌وه‌شاند و له‌پڕێکدا کشاندییه‌وه. چونکه په‌نجه‌که‌ی ره‌ش و به مۆم پیس بوو، نه‌یخسته ده‌مییه‌وه. کۆرپه‌ڵه‌که‌ش ته‌ماشای په‌نجه‌ی کرد و کڕ بوو؛ ئینجا زه‌رده‌خه‌نه‌ی کرد و ئاڤدێچیش به‌مه خۆشحاڵ بوو. له‌گه‌ڵ نانخواردنه‌که‌ی، ئافره‌ته‌که باسی خۆی کرد کێیه و بۆ کوێ ده‌چێ.
ئافره‌ته‌که ووتی:
"من ژنی سه‌ربازێکم. ئه‌وه ئێستا بووه‌ته حه‌فت مانگ مێرده‌که‌میان بۆ شوێنێکی دوور گواستووه‌ته‌وه و هیچ هه‌واڵێکیشی نییه. کابانیم بۆ خه‌ڵك ده‌کرد. که منداڵه‌که له‌دایك بوو، ئیتر که‌س باکی پێنه‌بوو رامگرێت. ئه‌وه سێ مانگه چی هه‌وڵ ده‌ده‌م هیچ جێیه‌کم ده‌ست نه‌که‌وتووه. هه‌رچییه‌کم هه‌بوو خواردم. ویستم ببمه داینه‌ی شیرده‌ر، که‌س وه‌ری نه‌ده‌گرتم، پێیان ده‌ووتم، زۆر لاوازم. که‌مێك پێش ئێستا له‌لای ژنی بازرگانه‌که بووم، ئافره‌تێکی ناسیاومی لێیه و، به‌ڵێنیان دا وه‌رمان بگرن و بمانکه‌نه ژووره‌وه. وام بیر ده‌کرده‌وه که ئیتر ته‌واو. به‌ڵام پێی ووتم که هه‌فته‌ی داهاتوو بێمه‌وه. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ماڵیان له شوێنێکی زۆر دووره، زۆری ماندوو کردم، منداڵه‌که‌شمی ماندوو کرد، جگه‌رگۆشه نازداره‌که‌م. خۆشبه‌ختانه، خاتوونه خانه‌دانه‌که‌مان له به‌ر خاتری مه‌سیح به‌زیی پێمان دێته‌وه و، ژوورێکیشمان ده‌داتێ، ئه‌وه‌ی تر نازانم چۆن ده‌بێ."
ئاڤدێچ ئاهێکی هه‌ڵکێشا و ووتی:
"ئه‌ی هیچ جلێکی گه‌رمت نییه؟"
"برا، ئێستا کاتی ئه‌وه‌یه جلی گه‌رم له‌به‌ر بکه‌یت؛ به‌ڵام دوێنێ دوا شاڵه‌که‌م بۆ بیست کۆپێکێك[17] خسته مه‌زاده‌وه."
ئافره‌ته‌که هاته لای جێخه‌وه‌که و منداڵه‌که‌ی هه‌ڵگرت؛ ئاڤدێچ هه‌ستا، چووه لا ژووره‌که و هه‌ڵه‌وداوان گه‌ڕا گه‌ڕا و چاکه‌تێکی کۆنی دۆزییه‌وه.
"نا!" پێی ووت: "شتێکی زۆر که‌میشه به‌ڵام له‌وانه‌یه هه‌ر سوودێکی بۆت هه‌بێت."
ئافره‌ته‌که ته‌ماشایه‌کی چاکه‌ته‌که و ته‌ماشایه‌که‌ی پیره‌پیاوه‌که‌ی کرد؛ چاکه‌ته‌که‌ی وه‌رگرت و له پرمه‌ی گریانی دا. ئاڤدێچیش رووی خۆی وه‌رگه‌ڕاند و سه‌ری کرده ژێر جێخه‌وه‌که‌وه؛ بوخچه‌یه‌کی بچوکی ده‌رهێنا و تێیدا گه‌ڕا و ئینجا به‌رانبه‌ر ئافره‌ته‌که دانیشت.
ئافره‌ته‌که‌ش ووتی:
"مه‌سیح به‌ره‌که‌تت به سه‌ردا بارێنێ، دیه‌دوشکا[18]. ده‌بێت هه‌ر خۆی بۆ لای په‌نجه‌ره‌که‌تمی ناردبێت. ئه‌گینا کۆرپه‌ڵه‌که‌م له سه‌رمادا ره‌ق ده‌بووه‌وه و ده‌مرد. که له ماڵ ده‌رچووم گه‌رم بوو، به‌ڵام ئه‌وه‌تا ئێستا ساردی کردووه. باتیوشکا هه‌ر خۆشی بوو رێنوێنیی کردی له په‌نجه‌ره‌که‌وه ته‌ماشا بکه‌یت و ره‌حم به منی بێچاره بکه‌یت."
ئاڤدێچ زه‌رده‌خه‌نه‌ی کرد و ووتی:
"به راستی هه‌ر خۆی بوو وای کرد! له‌به‌ر هۆکارێکی به‌ئه‌نقه‌ست، خانمه‌که‌م، له په‌نجه‌ره‌که‌وه ته‌ماشام ده‌کرد."
ئینجا مارتن خه‌ونه‌که‌ی خۆیی و چۆن گوێی له ده‌نگێك بووه بۆ ژنی سه‌ربازه‌که‌ی باس کرد، چۆنیش خواه‌ند به‌ڵێنی پێیداوه له‌و رۆژه‌دا بێت و بیبینێت.
"هه‌موو شتێك ده‌کرێت،" ئافره‌ته‌که ووتی. هه‌ستایه سه‌ر پێ، چاکه‌ته‌که‌ی له‌به‌ر کرد و به منداڵه‌که‌یه‌وه‌ی پێچا؛ که هات بڕوات، جارێکی دیکه سوپاسی ئاڤدێچی کرده‌وه.
"له‌به‌ر خاتری مه‌سیح، ئه‌مه‌م لێ وه‌رگره،" ئاڤدێچ ووتی و بیست کۆپێکێکی پێی دا؛ "شاڵه‌که وه‌رگره‌وه."
هێمای خاچی نواند و ئاڤدێچیش هێمای خاچی نواند و بۆ ده‌رگاکه‌ی ره‌وانه کرد.
ئافره‌ته‌که رۆیشت. ئاڤدێچ هه‌ندێ شله‌ی شیی فڕ کرد، قاپه‌کانی ششت و، دووباره بۆ کارکردن دانیشته‌وه. له سه‌روه‌ختی کارکردنیدا هه‌ر په‌نجه‌ره‌که‌ی له‌بیر بوو؛ هه‌ر کاتێ په‌نجه‌ره‌که تاریك داده‌هات ده‌ستبه‌جێ ته‌ماشای ده‌کرد داخۆ کێیه تێپه‌ڕی. ئاشنایه‌کان گوزه‌ریان کرد، بێگانه‌کا‌ن گوزه‌ریان کرد و، هیچ شتێکیش نه‌بوو نائاسایی بێت.
به‌ڵام لێره، ئاڤدێچ پیره‌ژنێکی سێوفرۆشی بینی له‌به‌رده‌م په‌نجه‌ره‌که‌ی وه‌ستا. سه‌به‌ته‌یه‌کی سێوی هه‌ڵگرتبوو. ته‌نها چه‌ند دانه‌یه‌کی که‌می مابوو، وه‌کو ئه‌وه‌ی دیار بوو زۆربه‌ی فرۆشتبوو. کیسه‌یه‌کی پڕ له وورده‌کی داری له‌سه‌ر شان بوو. ده‌بێت له هه‌ندێ له بینا نوێیه‌کانی کۆکردبێتنه‌وه و به رێگای ماڵه‌وه بێت. لێی ده‌بینرا که کیسه‌که‌ی به‌سه‌ر شانه‌وه قورس بوو. هه‌وڵی دا بیخاته سه‌ر ئه‌و شانه‌که‌ی دیکه‌ی. کیسه‌که‌ی له‌سه‌ر شۆسته‌که دانا، سه‌به‌ته سێوه‌که‌ی له‌سه‌ر پایه‌یه‌کی بچوك جێگیر کرد و، ده‌ستی کرده هه‌ڵته‌کاندنی وورده‌کی ناو کیسه‌که. له‌و کاته‌ی کیسه‌که‌ی هه‌ڵده‌ته‌کاند، منداڵێکی بچوکی کڵاو دڕا‌و له‌ولاوه هات، سێوێکی له سه‌به‌ته‌که هه‌ڵگرت و، له‌وه‌دا بوو هه‌ڵبێت. به‌ڵام پیره‌ژنه‌که تێبینیی کرد، لای کرده‌وه و قۆڵی مێردمنداڵه‌کی گرت. کوڕه‌که که‌وته په‌له‌قاژێ، هه‌وڵی دا خۆی ده‌رباز بکات؛ به‌ڵام پیره‌ژن به هه‌ردوو ده‌ستی توند گرتی، کڵاوه‌که‌ی خست و به قژ گرتی.
کوڕه بچوکه‌که ده‌یزریکاند و پیره‌ژنیش سه‌رکۆنه‌ی ده‌کرد. ئاڤدێچ هیچ کاتی به به‌ره‌وه نه‌ما دره‌وشه‌که‌ی دابنێت، فڕێی دایه سه‌ر زه‌وی و بۆ ده‌رگاکه هه‌ڵپه‌ڕی. ته‌نانه‌ت له‌سه‌ر قادرمه‌که ساتمه‌یه‌کی دا و چاویلکه‌که‌ی لێ که‌وت و، خۆی گه‌یانده سه‌ر جاده‌که.
پیره‌ژنه‌که مێردمنداڵه‌که‌ی به قژ راده‌کێشا و سه‌رزه‌نشت و هه‌ڕه‌شه‌ی لێ ده‌کرد که ده‌یبات بۆ لای پۆلیس؛ مێردمنداڵه‌که‌ش به‌رگری له خۆی و نکۆڵیی له کرداره‌که‌ی ده‌کرد.
"من نه‌مبردووه،" کوڕه‌که ده‌یووت. "له‌به‌ر چی فه‌لاقه‌م ده‌که‌یت؟ لێمگه‌ڕێ با بڕۆم!"
ئاڤدێچ هه‌وڵی دا لێکیان جیا بکاته‌وه. قۆڵی کوڕه‌که‌ی گرت و ووتی:
"لێیگه‌ڕێ بڕوات، بابوشکا[19]. له‌به‌ر خاتری مه‌سیح، لێی خۆش به."
"لێی خۆش بم تا له بیری نه‌چێته‌وه و باشتر دزی بکات. نا؛ ئه‌م چه‌په‌ڵه ده‌به‌م بۆ لای پۆلیس."
ئاڤدێچ ده‌ستی کرده تکاکردن له پیره‌ژنه‌که:
"لێی گه‌ڕێ بڕوا بابوشکا. هه‌رگیز دووباره‌ی ناکاته‌وه. بۆ خاتری مه‌سیح، به‌ره‌ڵای که بڕوات."
پیره‌ژنه‌که به‌ری دا؛ کوڕه‌که خه‌ریك بوو تێیقووچێنێت، به‌ڵام ئاڤدێچ گه‌ڕاندییه‌وه.
پێی ووت: "داوای لێبووردن له بابوشکا بکه و، هه‌رگیز ئه‌م کاره‌ت دووباره نه‌که‌یته‌وه. من خۆم بینیم سێوه‌که‌ت برد."
کوڕه‌که فرمێشکه‌کانی هاتنه خواره‌وه و ده‌ستی به داوای لێبووردن کرد.
"که‌واته ئێستا قه‌یناکا و هانێ ئه‌وه سێوێکیش بۆ خۆت."
ئاڤدێچیش سێوێکی له سه‌به‌ته‌که هه‌ڵگرت و دای به کوڕه‌که.
به پیره‌ژنه‌که‌ی ووت: "من خۆم پاره‌که‌ی ده‌ده‌م، بابوشکا."
"به‌مه تێکیان ده‌ده‌یت، ئه‌مه چاکه‌یه‌که بۆ هیچی ده‌که‌یت،" پیرژنه‌که وای وه‌ڵام دایه‌وه. "پێویسته ته‌مبێ بکرێت تا بۆ هه‌فته‌یه‌کی ته‌واو له‌بیری نه‌کات."
ئاڤدێچیش ووتی: "ئێ، بابوشکا، بابوشکا؛ ئه‌وه راسته ئه‌گه‌ر به پێی بڕیاری ئێمه بێت، به‌ڵام نه‌ك به‌پێی حوکمی خودا. ئه‌گه‌ر ئه‌و بۆ تاکه سێوێك دارکاری بکرێت، ئه‌وجا ده‌بێت چی به ئێمه بکرێت، له‌به‌ر تاوانه‌کانمان؟"
پیره‌ژنه‌که کڕ بوو.
ئاڤدێچ به‌سه‌رهاتی ئه‌و ئاغایه‌ی بۆ گێڕایه‌وه که له هه‌رچیی له‌لای قه‌رزباره‌که[20] بوو خۆش‌بوو و، دواتر چۆن قه‌زرباره‌که چوو و ده‌ستی له بینه‌قاقای ئه‌و که‌سه نا قه‌رزی له‌لای بوو.
پیره‌ژنه‌که گوێی بۆ گرت و، کوڕه‌که‌ش به گوێگرتنه‌وه له‌وێ وه‌ستا.
ئاڤدێچ ووتی: "خودا فه‌رمانی پێکردووین ببه‌خشین؛ ئه‌گه‌رنا ئه‌وا ئێمه‌ش به‌ر لێخۆشبوو‌ن ناکه‌وین. ده‌بێت هه‌مووان ببه‌خشرێن و به تایبه‌تیش بێ ئاوه‌زه‌کان."
پیره‌ژنه‌که سه‌ری بادا و هه‌ناسه‌یه‌کی هه‌ڵکێشا و ووتی.
"با وابێت؛ به‌ڵام کێشه‌که ئه‌وه‌یه که ئه‌مانه زۆر زۆر خراپ بوون."
"ئه‌وکات ئێمه که گه‌وره‌ترین، پێویسته فێریان بکه‌ین،" ئاڤدێچ پێی ووت.
"منیش هه‌ر وا ده‌ڵێم،" ژنه پیره‌که دووپاتی کرده‌وه. "من خۆم حه‌فتم هه‌بوون و، ته‌نها یه‌ك دانه کچم ماوه‌ته‌وه."
ئینجا پیره‌ژن ده‌ستی کرده باسکردنی ئه‌وه‌ی چۆن و له کوێ له‌گه‌ڵ کچه‌که‌یدا ده‌ژیت و چه‌ند کچه‌زای[21] هه‌ن. "ئه‌وه‌تا ئێستاش، هێزم ماوه و نه‌ماوه به‌ڵام هه‌ر ده‌بێت کار بکه‌م. سکم به جگه‌رگۆشه‌کانم، نه‌وه‌کانم، ده‌سووتێت، به‌ڵام چه‌نده منداڵی باشن! که‌س وه‌کو ئه‌وان به‌خێرهاتنه‌وه‌م ناکات. ئاکسینتیکا ناچێته لای که‌س، من نه‌بێت. داپیره گیان، داپیره هه‌ره ئازیزه‌که‌م.'"
پیره‌ژنه‌که ته‌واو سۆزی به‌جۆش هاتبوو.
ئاماژه‌ی بۆ کوڕه‌که کرد و ووتی: "به دڵنیاییه‌وه، ئه‌وه‌ش ته‌ڵه‌که‌یه‌کی منداڵانه‌یه. خودایه ئاگاداری به."
ئافره‌ته‌که خه‌ریك بوو کیسه‌که به شاندا بدات، منداڵه‌که هه‌ڵیدایه و ووتی:
"با بۆتی هه‌ڵگرم، بابوشکا؛ له‌سه‌ر رێگامه."
پیره‌ژنه‌که سه‌ری له‌قاند و کیسه‌که‌ی له پشت منداڵه‌که کرد.
به ته‌نیشت یه‌کتره‌وه به جاده‌که‌دا رۆیشتن.
پیره‌ژنه ته‌نانه‌ت ئه‌وه‌شی له‌بیر چوو داوا له ئاڤدێچ بکات پاره‌ی سێوه‌که بدات. ئاڤدێچ بێ جووڵه وه‌ستابوو و له دواوه هه‌ر لێی ده‌ڕوانین؛ ته‌واوی ئه‌و کاته‌ی گوێی لێبوون، به‌ده‌م رێگاوه هه‌ر قسه‌یان ده‌کرد. پاش ئه‌وه‌ی دیدتنی له‌چاو وون بوون، گه‌ڕایه‌وه بۆ ژووره‌که‌ی. چاویلکه‌که‌یی له‌سه‌ر قادرمه‌که دۆزییه‌وه، نه‌شکابوو. دره‌وشه‌که‌ی هه‌ڵگرته‌وه و بۆ کارکردن دانیشته‌وه.
پاش که‌مێك کارکردن، تاریك داهات و، نه‌یده‌توانی بۆ ته‌قه‌ڵدان ببینێت؛ چراهه‌ڵکه‌ره‌که‌ی بینی تێپه‌ڕی ده‌چوو چراکانی جاده‌که هه‌ڵکات.
"ده‌بێت کاتی ئه‌وه هاتبێت رووناکییه‌ك هه‌ڵ بکه‌م،" به خۆیی ده‌ووت و هه‌ستا چرا بچوکه‌که‌یی ئاماده کرد، هه‌ڵی واسی و، سه‌رقاڵی کاره‌که‌ی بووه‌وه. تاکه پۆتینێکی ته‌واو کردبوو؛ وه‌ریچه‌رخاند و ته‌ماشایه‌کی کرد: "ده‌ستخۆش." که‌ره‌سته‌کانی خسته لاوه، له‌تك و ورده پارچه‌کانی گسک دا، داوه قیتبووه‌کان و کۆتاییه زیاده‌کانی پاك کرده‌وه، چراکه‌ی هه‌ڵگرت و خستییه سه‌ر مێزه‌که و، ئینجیله‌که‌ی له‌سه‌ر ره‌فه‌که داگرت. ده‌یویست له‌و جێگایه‌وه ده‌ست پێ‌بکات که دوێنێ بۆ دیاری پارچه چه‌رمێکی له دووتۆی دانابوو، به‌ڵام وا هه‌ڵکه‌وت له جێگایه‌کی دیکه‌وه کردییه‌وه. ئه‌و ساته‌ی ئاڤدێچ ئینجیله‌که‌ی کرده‌وه، خه‌ونه‌که‌ی شه‌وی رابردووی به بیردا هاته‌وه. هه‌ر که ئه‌وه‌ی به بیردا هاته‌وه، وای زانی وه‌ك بڵێی گوێی له که‌سێك بوو له پشتییه‌وه هه‌نگاو ده‌نێت. ئاڤدێچ سه‌یرێکی ده‌وروبه‌ری کرد و له‌وێدا دیتی، له گۆشه تاریکه‌که، وه‌ك بڵێی خه‌ڵکانێك له‌وێ وه‌ستا بن؛ نه‌یده‌زانی کێن. ئینجا ده‌نگێك به گوێیدا چرپاندنی:
"مارتن، ئاه مارتن! نه‌تناسیمه‌وه؟"
"کێی؟" ئاڤدێچ به سه‌رسوورمانه‌وه پرسی.
"منم،" ده‌نگه‌که دووباره‌ی کرده‌وه. "ئه‌وه من بووم." له گۆشه تاریکه‌که‌وه ستێپانویچ ده‌ڕۆیشت و، زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌کی کرد؛ وه‌کو هه‌ورێکی بچوك بزر بوو و هه‌ر زوو له‌به‌ر چاو نه‌ما.
"ئه‌وه‌ش من بووم،" ده‌نگه‌که ووتی.
له گۆشه تاریکه‌که‌وه ئافره‌ته‌که به منداڵه‌که‌یه‌وه ده‌ڕۆیشت؛ ئافره‌ته‌که زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌کی کرد، منداڵه‌که‌ش پێکه‌نی و ئه‌وانیش نه‌مان.
"ئه‌وه‌ش من بووم،" ده‌نگه‌که به‌رده‌وام بوو؛ پیره‌ژنه‌که و کوڕه‌که به سێوه‌که‌یه‌وه بوون به‌ره‌و پێش ده‌ڕۆیشتن. هه‌ردووکیان زه‌رده‌خه‌نه‌یان کرد و وون بوون.
ئاڤدێچ رۆحی گه‌شایه‌وه؛ خاچێکی نواند، چاویلکه‌که‌ی له‌چاو کرد و ده‌ستی به خوێندنه‌وه‌ی بابه‌تی مژده‌ده‌ره‌کان کرد، ئه‌و جێگایه‌ی که به رێکه‌وت کردییه‌وه. له به‌شی سه‌ره‌وه‌ی لاپه‌ڕه‌که ئه‌مه‌ی خوێنده‌وه:
"چونکه برسی بووم و نانتان دام، تینوو بووم ئاوتان دامێ، نامۆ بووم شوێنتان کردمه‌وه."
له به‌شی خواره‌وه‌ی لاپه‌ڕه‌که‌ش، ئه‌مه‌ی خوێنده‌وه:
"راستیتان پێ ده‌ڵێم: هه‌رچییه‌کتان بۆ یه‌کێك له‌م بچووکانه کردووه، بۆ منیشتان کردووه." مه‌تا، به‌شی 25.
ئاڤدێچ تێگه‌یشت که خه‌ونه‌که‌ی به هه‌ڵه‌یدا نه‌بردووه؛ ئه‌وه بووه که مه‌سیحی رزگارکه‌ر ئه‌و رۆژه به راستی بانگی کردبوو و، ئه‌میش به راستی پێشوازیی له مه‌سیح کردبوو.
[1] سه‌ره: به‌شی سه‌ره‌وه‌ی پێڵاو.
[2] بچکۆڵه: به قه‌د و باڵا بچوك
[3] ترێستا: سیانه‌ی پیرۆز، (به عه‌ره‌بی) ثالوث
[4] "مه‌یخانه" له بری "ماڵی گشتی" یان "یانه‌ی گشتی". یانه‌ی گشتی هه‌م مه‌ی و هه‌م چاشی تێدا ده‌خورێته‌وه و خه‌ڵکی ناوچه‌یه‌کی لێ کۆ ده‌بنه‌وه.
[5] براندی: جۆرێكه له مه‌ی.
[6] ئه‌م ئایه‌تانه ده‌قاوده‌ق تێهه‌ڵکێشی وه‌رگێڕدراوی کوردیی کتێبی پیرۆزن و وه‌کویان خۆیان دانراون.
[7] خوداوه‌ند: عیسای مه‌سیح.
[8] فه‌رمانده‌ی سه‌رپه‌ل: فه‌رمانده‌ی سه‌د سه‌رباز
[9] شی و کاشه: دوو چێشتن.
[10] یه‌کبینه: به‌رده‌وام
[11] چه‌کمه: جزمه
[12] ئه‌م کرداره بۆ به‌زیادکردنی چایه. له کورده‌واریدا بۆ ئه‌مه، پیاڵه و په‌رداخ له‌سه‌ر لا داده‌نرێت.
[13] باتیوشکا: باوکه.
[14] خۆزاین: (روسی) خاوه‌ن موڵك، ئاغا
[15] پاته: پێلاوی لاستیك که له‌سه‌ر پێڵاوه‌وه له پێی دکرێت بۆ ئه‌وه‌ی تۆز و قوڕ نه‌گرێت.
[16] باشماك: (روسی) پێلاوی بن ته‌خته.
[17] کۆپێك: دراوی روسییه، خورده‌ی روبڵه.
[18] دیه‌دوشکا: (روسی) باپیره چکۆلانه
[19] بابوشکا: (روسی) داپیره.
[20] قه‌رزبار: که‌سێك له ژێر قه‌رزدا بێت. له بری قه‌رزدار دانراوه چونکه قه‌رزدار ئه‌وه‌یه که قه‌رزی هه‌یه، واته خاوه‌ن قه‌رز.
[21] کچه‌زا: نه‌وه یان منداڵانی کچ






No comments:
Post a Comment