ئالیۆشا
مه‌نجه‌ڵ
ئالیۆشا مه‌نجه‌ڵ
لیۆ تۆلستۆی ١٩٠٥
لە ئینگلیزییەوە
بۆ کوردی: ئاکۆ محەمەد
ئالیۆشا برا بچوك بوو. به مه‌نجه‌ڵ ناتۆری ده‌رکردبوو،
چونکه جارێکیان دایکی به مه‌نجه‌ڵێکی شیره‌وه ناردبوویه لای قه‌شه‌ژن و، پێی
له شتێك هه‌ڵکه‌وتبوو و مه‌نجه‌ڵه‌که‌ی شکاندبوو. دایکی فه‌لاقه‌ی کردبوو و،
منداڵانیش گه‌ڵته‌یان پێ‌کردبوو. له‌و کاته‌وه نازناوی مه‌نجه‌ڵی به باڵاوه بڕا.
ئالیۆشا کابرایه‌کی له‌ڕ و بچکۆلانه بوو، گوێیه‌کانی قووت و که‌پووی گه‌وره.
منداڵان به، "ئالیۆشا لووتێکی هه‌یه وه‌کو سه‌گی سه‌ر گرده‌ڵۆکه!"
دوای ده‌که‌وتن. ئالیۆشا چووه قوتابخانه‌ی گوند به‌ڵام له وانه‌کانیدا باش نه‌بوو؛
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، کاتێکی که‌می بۆ فێربوون هه‌بوو. برا گه‌وره‌که‌ی له شار بوو،
کاری بۆ بازرگانێك ده‌کرد، بۆیه به ناچاری
ئالیۆشا هه‌ر زۆر به گچکه‌یی ده‌بوو یارمه‌تی باوکی بدات. شه‌ش ساڵی پڕ نه‌کردبووه‌وه،
راهاتبوو له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ کچاندا بچێته دیار مه‌ڕ و مانگاکان له له‌وه‌ڕگادا؛
پاش ماوه‌یه‌کی دیکه به شه‌و و به رۆژ چاودێریی ئه‌سپه‌کانی ده‌کرد. که ته‌مه‌نیشی
گه‌یشته دوازده ساڵان، ئیتر جووتی ده‌کرد و عه‌رەبانه‌ی پاڵ ده‌نا. زانستی هه‌بوو،
که‌چی توانسته‌که‌ی نه‌یده‌هێنا. هه‌میشه لێوبه‌خه‌نده بوو. هه‌ر کاتێك منداڵان
پێیانڕاده‌بووارد، یا پێی پێده‌که‌نین یانیش بێده‌نگ ده‌بوو. که باوکی سه‌رزه‌نشتی
ده‌کرد، مته‌قی نه‌ده‌کرد و به هۆشه‌وه گوێی ده‌گرت و، که سه‌رزه‌نشتکردنه‌که‌ش
ته‌واو با بزه‌یه‌کی ده‌کرد و له‌سه‌ر کاره‌که‌ی به‌رده‌وام ده‌بوو. ئالیۆشا نۆزده
ساڵان بوو که براکه‌ی بۆ سه‌ربازی گیرا. ئه‌وجا باوکی ئه‌می وه‌کو به‌رده‌ست و کۆڵکێش
خسته لای بازرگانه‌که. پۆتینه کۆنه‌کانی براکه‌ی و چاکه‌ت و کڵاوه کۆنه‌کانی
باوکیی پێدراو و، بۆ شار برا. ئالیۆشا به‌و جلانه‌ی شادمان بوو، به‌ڵام بازرگانه‌که
دیتنی ئه‌می نه‌چوو به دڵه‌وه.
بازرگانه‌که چاوێکی به ئالیۆشادا گێڕا و ووتی، "وام
زانی بۆ جێگاکه‌ی سیمۆن، پیاوێکم بۆ دێنی و ئه‌مه‌ت بۆ هێناوم! ئه‌مه بۆ چی باشه؟"
"ده‌توانێ هه‌موو شتێ ئه‌نجام بدات؛ چاودێریکردنی ئه‌سپ
و گالیسکه هاژووژتن و پاڵنان. بۆ کارکردن زۆر باشه. زۆر لاواز دیاره، به‌ڵام به
ئه‌ندازه‌ی پێویست و جیڕ و به‌توانایه. زۆریش حه‌ز به کاره."
"وا دیاره. ده باشه؛ با ببینین ده‌توانین چیی پێ ئه‌نجام
بده‌ین."
به‌م شێوه‌یه ئالیۆشا له‌لای بازرگانه‌که مایه‌وه.
ماڵباتی بازرگانه‌که خێزانێکی گه‌وره نه‌بوو. ته‌نها پێکهاتبوو
له ژنی بازرگانه‌که و دایکه پیره‌که‌ی؛ کوڕێکی که‌م خوێنده‌وار که ژنی هێنابوو
و له‌گه‌ڵ باوکی‌دا کاری ده‌کرد؛ کوڕێکی دیکه‌ی تێگه‌یشتوو که خوێندنی ته‌واو
کردبوو و چووبووه زانکۆ به‌ڵام ده‌رکرابوو، ئه‌میش له ماڵه‌وه ده‌ژیا و؛ هه‌روه‌ها
کچێکیش که هێشتا ده‌چووه قوتابخانه.
سه‌ره‌تا ئالیۆشایان به خۆوه وه‌رنه‌گرت. که‌سێکی ره‌فتار
کێوی و ناقۆڵای جل قۆڕ و بێنه‌واکه‌ت بوو، به‌ڵام زۆری پێنه‌چوو له‌گه‌ڵیدا
راهاتن. ئالیۆشا ته‌نانه‌ت له براکه‌شی باشتر کاری ده‌کرد؛ به راستی زۆر به دڵ و
داوان بوو. بۆ هه‌موو جێیه‌کیان ده‌نارد و، ئه‌ویش پرز و خێرا هه‌موو شتێکی ئه‌نجام
ده‌دا و به بێ وه‌ستان له فه‌رمایشتێکه‌وه بۆ یه‌کێکی دی ده‌چوو. ئاوه‌ها لێره‌ش،
له ماڵه‌وه، وای لێهات هه‌رچی کار هه‌یه بکه‌وێته سه‌ر شانی ئه‌م. چه‌ندی
زیاتر ئه‌نجام ده‌دا، کاری زیاتریان پێڕاده‌سپارد. ئاغاژن، دایکه پیره‌که‌ی، کوڕه‌که،
کچه‌که، کاتبه‌که و، چێشتلێنه‌ره‌که‌ش، هه‌موویان فه‌رمانیان پێ ده‌دا و له
جێیه‌که‌وه بۆ جێیه‌کی دیکه‌یان ده‌نارد.
هه‌ر له سپێده‌وه تا شه‌و به‌رده‌وام پێی ده‌ووترا:
"ئالیۆشا، ئه‌مه بکه! ئالیۆشا ئه‌وه بکه! له بیرت چوو ئالیۆشا؟ وریا به
له بیری نه‌که‌ی، ئایۆشا!" ئالیۆشاش هه‌ر له‌م ناوه رای ده‌کرد و ئاگای له‌مه
و له‌وه ده‌بوو، هیچی له بیر نه‌ده‌کرد، کاتی بۆ هه‌موو شتێك ده‌کرده‌وه و، هه‌میشه
لێوبه‌خه‌نده بوو.
ئه‌وه‌نده‌ی پێ نه‌چوو پۆتینه کۆنه‌کانی براکه‌ی دڕان و، ئاغاکه‌یشی
سه‌رزه‌نشتی ده‌کرد که به‌و پێڵاوه شڕانه‌وه ده‌سوڕێته‌وه و په‌نجه‌کانی پێی
لێوه هاتوونه‌ته ده‌ره‌وه. فه‌رمانی کرد له بازاڕ جووتێکی دیکه‌ی بۆ بکڕن.
ئالیۆشا به پۆتینه نوێیه‌کانی دڵخۆش بوو، به‌ڵام له پێیه‌کانی تووڕه ده‌بوو
کاتێك له کۆتایی رۆژ و له‌پاش ئه‌و هه‌موو به‌ملا و به‌ولا هه‌ڕاکردنه ئازاریان
ده‌هاتێ. ئه‌وجا له‌وه ده‌ترسا که باوکی بۆ وه‌رگرتنی ده‌ستهه‌قه‌که‌ی بێته شار
و ببینێت له‌بۆ پۆتینه‌کانی پاره‌که‌ی که‌م کراوه‌ته‌وه.
له زستاندا ئالیۆشا وا راهاتبوو به‌ر له هه‌ڵهاتنی رۆژ له
خه‌و هه‌ڵبسێت. داری وورد ده‌کرد، حه‌وشه‌که‌ی گسك ده‌دا، دان و کای به مانگا و
ئه‌سپه‌کان ده‌دا، زۆپاکانی هه‌ڵده‌کرد، پێڵاو و پۆتینه‌کانی خاوێن ده‌کرده‌وه،
سه‌ماوه‌ره‌کانی ئاماده ده‌کرد و دواتریش ده‌یسڕینه‌وه؛ یان کاتبه‌که فه‌رمانی
پێ ده‌کرد شته‌کانی بۆ بهێنێت؛ یان چێشتلێنه‌ره‌که دایده‌نا هه‌ویره‌که‌ی بۆ
بشێلێت یان مه‌نجه‌ڵی شله‌کان پاك بکاته‌وه. ئه‌وجا بۆ راسپاره‌ده‌ی جۆراوجۆر ده‌یاننارده
شار، تاوه‌کو کچه‌که له قوتابخانه‌وه بۆ ماڵ بهێنێته‌وه، یان هه‌ندێ زه‌یتی زه‌یتون
بۆ داپیره بهێنێت. "بۆ خاتری ئاسمان ئه‌وه بۆ ئه‌وه‌نده زۆرت پێ
چوو؟" که‌سێك پێی ده‌ووت و ئه‌وجا یه‌کێکی دیکه‌ش به هه‌مان شێوه. بۆ چی ده‌بوو
ئه‌وان رۆیشتبان؟ ئالیۆشا ده‌یتوانی بڕوشتبا. "ئالیۆشا! ئالیۆشا!"
ئالیۆشاش بۆ ئێره‌ی هه‌ڕا ده‌کرد و بۆ ئه‌وێ پڕتاوی ده‌دا. قاوه‌ڵتیی به بابۆڵه
و هه‌ر ده‌م کارکردنه‌وه ده‌خوارد و به ده‌گمه‌نیش بۆی رێك ده‌که‌وت ژه‌می
ئێواره له وه‌ختی خۆیدا بخوات. چێشتلێنه‌ره‌که هه‌میشه به هۆی دواکه‌وتنییه‌وه
سه‌رکۆنه‌ی ده‌کرد، به‌ڵام له هه‌مان کاتیش‌دا به‌زه‌یی پێدا ده‌هاته‌وه و شتێکی
به گه‌رمی بۆ ده‌هێشته‌وه بۆ نانی ئێواره‌ی یان بۆ شامی شێوانی.
له رۆژانی پشوودا له هه‌موو کات زیاتر کاری بۆ هه‌بوون،
به‌ڵام ئالیۆشا چونکه هه‌موو که‌س به‌خشیش پێی ده‌دا، که‌یفی به رۆژانی پشوو ده‌هات.
زۆریشی لێ دڵنیا نه‌بوو، به‌ڵام شه‌ست کۆپێکێکی کۆ ده‌کرده‌وه و ئه‌م پاره‌یه‌ش بۆ
خودی خۆیشی بوون. ئالیۆشا هه‌رگیز چاوی له مانگانه‌که‌ی خۆی نه‌بوو. باوکی خۆی ده‌هات و
له بازرگانه‌که‌ی وه‌رده‌گرت و، سه‌رزه‌نشتی ئالیۆشای ده‌کرد بۆچی پۆتینه‌کانی
دڕاندووه.
که پاشه‌که‌وته‌که‌ی گه‌یشته دوو روبڵ، به ئامۆژگاریی
چێشلێنه‌ره‌که چاکه‌تێکی چنراوی سووری بۆ خۆی کڕی و، کاتێك له‌به‌ری ده‌کرد هێنده
دڵشاد ده‌بوو نه‌یده‌توانی له خۆشییان چاوه‌کانی بنوقێنێت. ئالیۆشا زۆری قسه نه‌ده‌کرد،
هه‌ر کاتێکیش قسه‌ی کردبا، پچڕ پچڕ قسه‌ی ده‌کرد و رووی به لایه‌که‌وه خوار ده‌کرد.
که پێی گووترابا شتێك بکات، یان داخۆ ده‌توانێت ئه‌نجامی بدات، بێ یه‌كودوو ده‌یووت
به‌ڵێ و یه‌کسه‌ر ده‌ستی به کاره‌که ده‌کرد.
ئالیۆشا هیچ دووعا و نزایه‌کی نه‌ده‌زانی و ئه‌وه‌شی دایکی
فێری کردبوو له بیری چووبووه‌وه. به‌ڵام هه‌ر به‌و شێوه‌یه هه‌موو به‌یانی و
ئێواره‌یه‌ك ته‌نها به ده‌سته‌کانی ده‌پاڕایه‌وه و خاجی ده‌نواند.
نزیکه‌ی ساڵ و نیویه‌کی به‌م شێوه‌یه گوزه‌راند و له
کۆتاییی ساڵی دووه‌می شتێکی زۆر سامناکی لێقه‌وما. رۆژێکیان زۆر به سه‌رسامییه‌وه
ئه‌وه‌ی بۆ ده‌رکه‌وت که سه‌ره‌ڕای په‌یوه‌ندیی به‌رژه‌وندی و که‌ڵکگه‌یاند که
له نێوان خه‌ڵکدا هه‌یه، په‌یوه‌ندییه‌کی دیاریکراوی دیکه‌ی ته‌واو جیاوازیش هه‌یه.
له بری ئه‌وه‌ی پیاوێك لێی بخوازرێت پۆتینه‌کان خاوێن بکاته‌وه، بچێ فه‌رمایشته‌کان
به‌جێ بهێنێت و ئه‌سپه‌کان ره‌شمه بکات و، بۆ هیچ جۆره خزمه‌تێکیش نه‌ویسترێیت،
که‌چی که‌سێکی دیکه ده‌یه‌وێت خزمه‌تی بکات و به‌زیی پێدا بێته‌وه. له پڕێدا
ئالیۆشا وای هه‌ست کرد که خۆی ئه‌و جۆر پیاوه بێت.
ئه‌م دۆزینه‌وه‌یی له رێگه‌ی چێشلێنه‌ر ئوستینیاوه بوو.
ئوستینیا ئافره‌تێکی جایه‌ڵ بوو، دایك و باوکی نه‌مابوون و، هێنده‌ی ئالیۆشاش ئه‌رکی
قوورس بوو. بۆ یه‌که‌مجار له ژیانیدا وای هه‌ست کرد ئه‌و، نه‌ك خزمه‌ته‌کانی به‌ڵکو
خودی خۆی، به لای مرۆڤێکی دیکه‌وه پێویست بوو. ئالیۆشا، کاتێك که دایکی دڵی پێی
ده‌سوتا، ئه‌م هیچ ئه‌و هه‌سته‌ی تێبینی نه‌ده‌کرد. به لایه‌وه زۆر ئاسایی ده‌رده‌که‌وت،
وه‌ك بڵێی هه‌ر خۆی به‌زه‌یی به خۆیدا هاتبێته‌وه. ئه‌م ئوستینیایه‌ی ئێره، که‌سێکی
ته‌واو بێگانه و، دڵی بۆی بسوتێ. ئه‌و زۆربه‌ی جاران هه‌ندێ داندۆکی به گه‌رمی
بۆ ده‌هێشته‌وه و کاتێک ده‌ستی به خواردنی ده‌کرد، ئه‌و چه‌ناگه‌ی ده‌خسته سه‌ر
باسکه هه‌ڵکراوه‌کانی و به دیارییه‌وه داده‌نیشت. هه‌ر کاتێ ئالیۆشا سه‌یرێکی
ده‌کرد، ئوستینیا ده‌ستی ده‌کرده پێکه‌نین و ئه‌میش پێده‌که‌نی.
ئه‌مه‌ش شتێکی وه‌ها نوێ و نامۆ
بوو به لای ئالیۆشاوه که لێی ده‌ترسا. ده‌ترسا که ئه‌مه کار بکاته سه‌ر کاره‌که‌ی.
به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا پێی که‌یفخۆش ده‌بوو و هه‌ر کاتێکیش ته‌ماشای ئه‌و
پانتۆڵه‌ی ده‌کرد که ئوستینیا بۆ چاك کردبووه‌وه،
سه‌ری خۆی راده‌وه‌شاند و بزکه‌ی ده‌هاتێ. زۆربه‌ی جاران که له‌سه‌ر کار بوو یان
به دوای به‌جێگه‌یاندنی فه‌رمایشته‌کانه‌وه بوو، ئه‌وی هه‌ر له خه‌یاڵدا بوو.
" ئوستینیا، کچێکی باشه!" هه‌ندێ جار وه‌هایی سه‌رسامیی خۆی نیشان ده‌دا.
له هه‌ر کوێدا پێی بکرابا، ئوستینیا یارمه‌تیی ده‌دا و، هه‌روه‌ها
ئالیۆشاش یارمه‌تیی ئه‌وی ده‌دا. باسی ته‌واوی به‌سه‌رهاتی خۆیی بۆ ده‌کرد؛ که
چۆن دایك و باوکی له‌ده‌ست دابوو؛ که چۆن پووری به خۆیی گرتبوو و چۆن له شاردا
جێگایه‌کی بۆ دۆزیبووه‌وه؛ که چۆن کوڕی بازرگانه‌که ویستبووی له‌گه‌ڵیدا ته‌واو
سه‌ربه‌ست بێت و هیچیان له نێواندا نه‌مێنێته‌وه و ئه‌میش ره‌تی کردبووه‌وه.
ئوستینیا حه‌زی به قسه‌کردن ده‌کرد و ئالیۆشاش به گوێلێگرتنی. ئه‌وه‌ی بیستبوو
که ئه‌و جوتیارانه‌ی بۆ کارکردن ده‌هاتنه شار زۆربه‌ی جار له‌گه‌ڵ کچه خزمه‌تکاره‌کاندا
هاوسه‌رگیرییان ئه‌نجام ده‌دا. جارێکیان له ئالیۆشای پرسی که داخۆ دایك و باوکی
نایانه‌وێ به‌م زووانه ژنی بۆ بهێنن. ئه‌و ووتی که هێشتا نازانێ و ووتیشی که نه‌یویستووه
هیچ کام له کچه‌کانی گوند بهێنێ.
"ئه‌ی، که‌ست نه‌که‌وتووه‌ته
خه‌یاڵ؟"
"ئه‌گه‌ر تۆ ویستت له‌سه‌ر هه‌بێت،
تۆ ده‌هێنم."
"ده بڕۆ، ئالیۆشا مه‌نجه‌ڵ؛
چییه ده‌ڵێی زمانت ده‌رهێناوه؟" هاواری به‌سه‌ردا کرد و به خاولییه‌که‌ی
ده‌ستییه‌وه به پشتیدا ده‌کێشا. "بۆچی ده‌بێت بمه‌ویت؟"
له رۆژی شرۆڤیتیده‌دا[1] باوکی ئالیۆشا هات تا ده‌ستهه‌قه‌که‌ی
وه‌ربگرێت. ئه‌و باسه به گوێی ژنی بازرگانه‌که گه‌یشتبوو که ئالیۆشا ویستویه‌تی
داخوازیی ئوستینیا بکات و، ئه‌ویش نه‌یسه‌لماندبوو. وه‌های بیر کردبووه‌وه که
"چێشتلێنه‌ر به منداڵێکه‌وه ئه‌وجا به که‌ڵکی چی دێت؟" ئه‌مه‌شی له
مێرده‌که‌ی راگه‌یاندبوو.
بازرگانه‌که هه‌قده‌سته‌که‌ی
ئالیۆشای به پیره‌پیاو دا.
له بازرگانی پرسی، "کوڕه‌که‌م
چۆنه؟ پێم گووتبوی حه‌ز به کاره."
"زۆر باشه و لێی راهاتووه،
به‌ڵام هه‌ندێ شتی پڕوپووچی خستوه‌ته مێشکییه‌وه. ده‌یه‌وێت چێشتلێنه‌ره‌که‌مان
بخوازێت. منیش خزمه‌تکاری هاوسه‌ردارم پێ قه‌بوڵ نییه. خزمه‌تکاری له‌و جۆره‌شمان
له ماڵه‌که‌دا نییه."
"ده باشه ئێستا، کێ به خه‌یاڵیدا
ده‌هات ئه‌و گه‌مژه‌یه بیر له وه‌ها شتێك بکاته‌وه؟" پیره‌پیاو نه‌ڕاندی.
"به‌ڵام ئێوه خه‌متان نه‌بێت. خۆم زوو چاره‌ی ئه‌وه ده‌که‌م."
چووه ناندینه‌که و له‌سه‌ر مێزه‌که
دانیشت چاوه‌ڕێی کوڕه‌که‌ی بکات. ئالیۆشا بۆ به‌جێگه‌یاندنی فه‌رمایشتێك چووبووه
ده‌ره‌وه و که گه‌ڕاوه هه‌ناسه‌ی له‌به‌ر بڕابوو.
"وام ده‌زانی تۆزێك عه‌قڵت له
که‌لله‌دا هه‌بێت؛ به‌ڵام ئه‌مه چییه تۆ خستوته مێشکته‌وه؟" باوکی ده‌ستی
پێ‌کرد.
"من؟ هیچ."
"چۆن هیچ؟ پێیانووتووم که ده‌ته‌وێت
ژن بهێنیت. ئه‌و کاته ژن ده‌هێنیت که وه‌ختی هاتبێت. خۆم هاوسه‌رێکی رێکوپێکت بۆ
ده‌دۆزمه‌وه، نه‌ك داوێنته‌ڕێکی شاری."
باوکی هه‌ر قسه‌ی کرد و قسه‌ی کرد
و، ئالیۆشاش ره‌ق وه‌ستابوو و ئاهی هه‌ڵده‌کێشا. که باوکی ته‌واو لێبووه‌وه،
ئالیۆشا زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌کی کرد.
"زۆر باشه، له فکرمی تووڕ
ده‌ده‌م."
"ئێستا ئا به ئه‌مه ده‌ڵێم
ژیری."
که له‌گه‌ڵ ئوستینیادا به ته‌نیا
مایه‌وه، ئه‌وه‌ی باوکی پێی ووتبوو بۆی گێڕایه‌وه. (ئوستینیا له لای ده‌رگاکه
گوێی بۆ گرتبوو.)
"ئه‌وه هیچ باش نییه؛ نابێت
وا بێت. خۆ بیستت؟ زۆر تووڕه بوو و به هیچ نرخێکیش قایل نابێت."
ئوستینیا به‌روانکه‌که‌ی به
چاوییه‌وه گرت و ده‌ستی به گریان کرد.
ئالیۆشا سه‌ری خۆی راده‌وه‌شاند.
"ده‌بێت چی بکه‌ین؟ ده‌بێت وه‌کو
ئه‌وه‌ی پێمان ووتراوه وا بکه‌ین."
له ئێواره‌دا که خه‌ریکی داخستنی
پشت په‌نجه‌ره‌کان بوو، ئاغاژن لێی پرسی، "ئێ ئێستا، واز له‌و شته پڕوپووچه
ده‌هێنیت، وه‌کو ئه‌وه‌ی باوکت پێی ووتیت؟"
"به دڵنیاییه‌وه وا ده‌که‌ین،"
ئالیۆشا به زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌که‌وه وه‌ڵامی دایه‌وه و، ئینجا له پرمه‌ی گریانی
دا.
له رۆژه به دواوه ئالیۆشا وه‌کو
خووی خۆی سه‌رقاڵی کاره‌که‌ی بوو و، سه‌باره‌ت به هاسه‌رگیرییان ئیدی هیچ قسه‌یه‌کی
له‌گه‌ڵ ئوستینیادا نه‌کرد. له رۆژێکی رۆژووی گه‌وره‌دا، کاتبه‌که پێی ووت بچێ
به‌فری سه‌ربانه‌که بماڵێ. ئالیۆشا هه‌ڵگژایه سه‌ر سه‌ربانه‌که و هه‌موویی به‌فره‌ماڵ
کرد. له‌و کاته‌ی هێشتا سه‌رقاڵی هه‌ڵکڕاندنی هه‌ندێ کڵۆ شه‌خته‌ی ناو ئاوه‌ڕۆی
لێوار سه‌ربانه‌که بوو، پێی خزا و به‌ربووه‌وه. ئوستینیا له‌گه‌ڵ کچی بازرگانه‌که
به هه‌ڕاکردن هاتن.
"ئازارت پێ گه‌یشت،
ئالیۆشا؟"
"ئاه! نا، هیچ نییه."
به‌ڵام که هه‌وڵی دا هه‌ستێته‌وه،
پیی نه‌کرا و، ئه‌وجا زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌کی کرد.
برایه ژووره‌وه. پزیشکه‌که گه‌یشت،
پشکنی و، لێی پرسی کوێی دێشێت.
ووتی، "سه‌رتاپای له‌شم دێشی.
به‌ڵام قه‌یدی ناکا. ته‌نها له‌وه ده‌ترسم ئاغام ناڕه‌حه‌ت بێت. ده‌بێت له باوکم
رابگه‌یه‌نرێت."
ئالیۆشا دوو رۆژ له جێگادا مایه‌وه
و، له رۆژی سێیه‌مدا به دوای قه‌شه‌که‌یان نارد."
"هه‌ر به راستی وا خه‌ریکه
ده‌مریت؟" ئوستینیا لێی پرسی.
"بێگومان وا ده‌مرد. تۆ
نا‌توانیت هه‌تاهه‌تایه بژیت. که سه‌روه‌ختت هات ده‌بێت بڕۆیت." ئالیۆشا وه‌کو
خووی خۆی خێرا قسه‌ی ده‌کرد. "زۆر سوپاس، ئوستینیا. زۆرت چاکه له‌گه‌ڵدا
کردم. چ به‌ختێکی باش بوو لێنه‌گه‌ڕان هاوسه‌رگیری بکه‌ین! ئه‌گینا ئێستا له کوێ
ده‌بووین؟ باشتربوو که وه‌های لێهات."
کاتێك که قه‌شه‌که هات، به
زنجیر و دڵه‌که‌ی نزای بۆ کرد. "چۆن لێره چاك ده‌که‌وێته‌وه کاتێك که
گوێڕایه‌ڵ ده‌بیت و ئازارت بۆ که‌س نابێت، له‌وێش هه‌ر وا ده‌بێت،" ئه‌مه‌ی
له خه‌یاڵدا بوو.
زۆر که‌م قسه‌ی ده‌کرد؛ ته‌نها ئه‌وه‌ی
ووت که تینوویه‌تی و، وا دیار بوو که ته‌واو سه‌ری له شتێك سووڕمابێت.
به سه‌رسامییه‌وه سه‌ری نایه‌وه،
ئینجا خۆی کێش هێنا و، مرد.
[1] شرۆڤیتیده: ماسلینسا، کارنه‌ڤال،
سێشه‌ممه‌ی چه‌ور، سێشه‌مه‌ی قه‌ڵه‌و، رۆژ پێش چوارشه‌ممه‌ی خۆڵه‌مێش و پێش ده‌ستپێکردنی
رۆژووی گه‌وره.

No comments:
Post a Comment