مرۆڤ بە چی دەژیت
مرۆڤ بە چی دەژیت
لیۆ تۆلستۆی
لە ئینگلیزییەوە بۆ کوردی: ئاکۆ محەمەد
پێڵاودۆزێك هەبوو ناوی سیمۆن بوو، نە خانوو و نە زەویی خۆیی
هەبوو، لەگەڵ ژن و منداڵەکانیدا لە کۆلیتەیەکی جوتیارانەدا دەژیان و، ژیانی خۆیانی
لە کارەکەیەوە بە دەست دەهێنا. کار هەرزان و نان و گران بوو و، هەر چیی دەردەهێنا
لە خوردنیان خەرج دەکرد. ژن و مێرد تەنها یەك پاڵتۆی پێستەمەڕیان هەبوو و بە
هەردووکیان لە زستاندا لەبەریان دەکرد و، تەنانەت ئەو پاڵتۆیەش شڕ و دڕاو بوو و، ئەمیش
ساڵی دووەمی بوو دەیویست پێستەی مەڕ بكڕێت و بیکاتە پاڵتۆیەکی نوێ. پێش داهاتنی
زستان، سیمۆن تۆزێك پارەی کۆکردبووەوە: تاکە سێ روبڵییەك کە لە بوخچەی ژنەکەی
شاردرابووەوە و، پێنج روبڵ و بیست کۆپێكیشی بە قەرز هەبوو لە لای کڕیارەکانی کە لە
گوندەکەدا بوون.
بۆیە بەیانیانێك خۆی ئامادە کردبوو بچێتە گوند هەندێ پێستەی
مەڕ بکڕێت. لە سەر کراسەکەیەوە، چاکەتە نانکینە لۆکەیینەکەی ژنەکەیی لەبەر کرد و،
بەسەر ئەویشدا جلەکانی خۆیی کردە بەر. پارە سێ روبڵییەکەیی برد و خستییە
گیرفانییەوە، لقە دارێکی بۆ خۆی لێکردەوە بیکاتە داردەست و لە پاش نانی بەیانی بۆی
دەرچوو. "ئەو پێنج روبڵەی بە قەرز لە لای خەڵكە وەردەگرمەوە و، لەگەڵ ئەو سێیەی
خۆم،" بۆ خۆی بیری دەکردەوە، "بەشی هێندە دەکەن بۆ پاڵتۆیەکی پێستەی زستانەی
پێ بکڕم."
هاتە گوندەکە و بانگی لە ماڵی جوتیارێك کرد، بەڵام پیاوەکە
لە ماڵ نەبوو. ژنەکە بەوە بەڵێنی پێی دا کە بۆ هەفتەی داهاتوو پارەکەی دەدەنەوە،
بەڵام ئەو خۆی ناتوانێت پێی بداتەوە. ئینجا سیمۆن چوو داوا لە جوتیارێکی دیکە
بکات، بەڵام ئەمەیان سوێندی بۆ خوارد هیچ پارەیەکی نییە و، تەنها بیست کۆپیکی پێ
دەدات لە هەقی ئەو جووتە پووتەی سیمۆن بۆی چاك کردبووەوە. ئەوجا سیمۆن هەوڵی دا
پێستەکە بە قەرز بكڕێت، بەڵام فرۆشیارەکە متمانەی پێی نەبوو.
پێی ووت، "بڕۆ پارەی خۆت بهێنە و ئینجا بە کەیفی خۆت
پێستە ببە. ئێمە دەزانین کۆکردنەوە قەرز چۆنە." بۆیە هەموو کارێکی
پێڵاودۆزەکە بووە ئەوەی بیست کۆپێکەی دەست بکەوێت کە هەقی چاککردنەوە پووتەکان
بوون و، جووتێك پووتی خوری لە جوتیارێكی دیکە وەربگرێت بۆ ئەوەی ژێرەی چەرمیان لێ
بدات.
سیمۆن هەستی بە تێکشکان دەکرد. ئەو بیست کۆپێکەیشی لە
ڤۆدکادا خەرج کرد و، بێ ئەوەی هیچ پێستەیەکی کڕیبێت بەرەو ماڵ گەڕایەوە. لە
بەیانییەکەیدا هەستی بە زوقمەکە دەکرد، بەڵام ئێستا و پاش ئەوەی ڤۆدکای
خواردووەتەوە، هەستی بە گەرمبوون دەکرد، تەنانەت بێ ئەوەیشی پاڵتۆی لە
پێستەدروستکراویشی لەبەردا بێت. بە هێواشی و لەسەر خۆی بە رێدا دەڕۆیشت و بە
دەستێکی دارەکەی دەئاژنییە خوێسەی سەر زەوییەکە و، بەو دەستەکەی دیکەیشی جۆلانێی
بە جووتە پووتەکە دەکرد و، لە بەر خۆییەوە قسەی دەکرد.
١
دەیووت، "تەواو گەرمامە و لەگەڵ ئەوەشدا هیچ پاڵتۆیەکی
پێستەیەکی مەڕیشم لەبەردا نییە. تەنها دڵۆپەیەکم خواردەوە و ئەوەتا لە هەموو
دەمارێکمدا دەگەڕێت. پێویستم بە پێستی مەڕ نابێت. بەم جۆرە لەگەڵیدا دەڕۆم و خەمی
هیچم نابێت. خۆمیش ئەو جۆرە پیاوانەم! خەمی چیم هەبێت؟ دەتوانم بە بێ پێستەی مەڕیش
بژیم. پێویستم پێی نابێت. بە دڵنیاییەوە، ژنەکەم زۆر لەمە تووڕە دەبێت. بە راستیش
هەقی خۆیەتی، ئەمە شەرمەزارییە، کەسێك بۆ تەواوی رۆژ کار بکات و ئەوجا هیچ
پارەیەکی پێ نەدەن. کەمێك راوەستە! ئەگەر ئەو پارەیەم بۆ نەهێنیت، بێ ئەملا و
ئەولا بێستت دەکەنم، خودا پێت دەدات ئەگەر وەیلانت بەسەر نەهێنم. ئەوە چۆن دەبێت؟
لە یەك کەڕەتدا بیست کۆپێكەکەت پێ دەدات! دەتوانم بەو بیست کۆپێکە چی بکەم؟ هەمووی
بنۆشم، ئەوە تەنها کارێکە کەسێك لە دەستی بێت! دەڵێت گوایە زۆر دەستکورتە! خۆ
لەوانەشە وابێت، بەڵام ئەی من چی؟ تۆ کە خانووی خۆت و ئاژەڵی خۆت و هەموو شتێکی
خۆتت هەیە، من هەر ئەوەم هەیە بە پێوە تێیدا رابوەستم! گەنمەشامیی کێڵدراوی خۆت
هەیە، منیش دەبێت دانە بە دانە دانەوێڵە بکڕم. چی لە ویستی خۆم بکەم، دەبێت هەموو
هەفتەیەك سێ روبڵ تەنها بە نان بدەم. دەگەڕێمەوە ماڵەوە و دەبینم هەموو نانەکە
تەواو بووە و، ناچار دەبم روبڵ و نێوێکی دیکە بۆ نان هەڵکڕێنم. دە بۆیە ئەوەی لە
لاتە بیدەوە و هیچی پڕوپووچ مەڵێ!"
ئا لەم کاتەدا نزیکی مەزارەکەی لای پێچی رێگاکە بوویەوە.
سەری بەرز کردەوە، شتێکی سپیكەڵەی لە پشت مەزارەکەوە بینی. تیشکی رۆژ لە کزبوونەوە
بوو و، پێڵاودۆزەکە دیقەتی شتەکەی دا بەڵام نەیتوانی بزانێت کە چییە. "پێشتر
بەردی سپی لەوێدا نەبووە. داخۆ دەکرێت گایەك بێت؟ خۆ وەکو گاش نییە. سەری وەکو
سەری پیاوێکە، بەڵام زۆریش سپییە و، دەشێت پیاوێك لەوێدا چی بکات؟"
ئەوەندە لێی هاتە پیش، تاوەکو بە روونی دەبینرا. لە
سەرسووڕمانی ئەمدا، بە راستی پیاوێك بوو، زیندووە یان مردوو، بە رووتوقووتی
دانیشتووە و، بە جۆرێك خۆی داوەتە پاڵ مەزارەکە. ترس پێڵاودۆزی داگرت و، لە خەیاڵی
خۆیدا دەیووت، "کەسێك کوشتوویەتی و رووتی کردووەتەوە و لەوێی بەجێ هێشتووە.
ئەگەر خۆم هەڵقورتێم، بێگومان تووشی کێشە دەبم."
بۆیە پێڵاودۆزەکە لێی دا و رۆیشت. بە پێش مەزارەکەدا تێپەڕی
بۆ ئەوەی چاوی لە پیاوەکە نەبێت. کە کەمێك رۆیشت، ئاوڕێکی دواوەی دایەوە و، بینی
پیاوەکە سەری بەرز کردووەتەوە و وەها دەجووڵێت وەك بڵێیت تەماشای ئەم دەکات.
پێڵاودۆزەکە لە جاری پێشتر زیاتر ترسی لێ نیشت و لەگەڵ خۆیدا
دەیووت،"بگەڕێمەوە لای یان بە رێی خۆمدا بڕۆم؟ ئەگەر لێی نزیك ببمەوە ئەوا
رەنگە شتێکی مەترسیدارم بێتە پێش. کێ چووزانێت ئەم بابایە کێیە؟ خۆ بۆ هیچ شتێکی
باش بۆ ئێرە نەهاتووە. ئەگەر لێی نزیك ببمەوە، رەنگە پڕم بداتێ و بمخنکێنێت و،
ئەوکات هیچ چارەیەکم نامێنێت. یان ئەگەر واش نەبێت، خۆ هێشتا هەر دەبێتە بار بەسەر
یەکێکەوە. چی لە پیاوێکی رووتوقووت بکەم؟ خۆ ناشتوانم هەموو جلەکانی خۆمی بدەمێ.
تەنها ئاسمانەکان دەتوانن یارمەتیم بدەن رزگارم ببێت!"
بۆیە پێڵاودۆزەکە هەنگاوەکانی خێرا کرد و مەزارەکەی لە دوای
خۆی بەجێ هێشت تا ئەوەی لە پڕ ویژدانی بە ئاگای هێنایەوە و، لە چەقی رێگاکەدا
وەستا.
"ئەوە چی دەکەیت، سیمۆن؟" بە خۆیی دەووت.
"ئەو پیاوە لەوانەیە لە داماویدا بمرێت و، تۆش لە ترسان چرپەی بۆ دەکەیت.
ئایا هێندە دەوڵەمەند بوویت تا لە رێگر بترسیت؟ ئای، سیمۆن، شەرم لە خۆت
بکەوە!"
بەم شێوەیە گەڕایەوە و بەرەو لای پیاوەکە چوو.
٢
سیمۆن گەیشتە لای بێگانەکە و تەماشایەکی کرد و، بینی کە
پیاوێکی گەنجە و لەشولاری بەخۆیەوە و هیچ برین و رووشانێك بەسەر جەستەیەوە نییە،
تەنها وا دیارە سەرمای بێت و ترسابێت و، بێ ئەوەی سەر بەرز بکاتەوە و تەماشای
سیمۆن بکات پشتی داوەتەوە و دانیشتووە، وەك بڵێی ئەوەندە هۆشی نەبێت چاوەکانی بەرز
بکاتەوە. سیمۆن زیاتر لێی نزیك بوویەوە و ئینجا لەو ساتەدا وەها دیار بوو کە
پیاوەکە بە هۆش هاتبێتەوە. بەوەی کە سەری جووڵاند، پیاوەکە چاوەکانی کردەوە و
تەماشای روخساری سیمۆنی کرد. ئەو تەنها نیگایە بەس بوو بۆ سیمۆن ئەو پیاوەی بە
دڵەوە بچێت. جووتە پووتە خورییەکەی فڕێ دایە سەر زەوی و، شاڵەکەی کردەوە و خستیە
سەر پووتەکان و، پاڵتۆ پەڕۆیینەکەی داکەند.
"ئێستا کاتی قسەکردن نییە،" سیمۆن دەیووت.
"وەرە، خێرا ئەم پاڵتۆیە لەبەر بکە!" ئینجا سیمۆن قۆڵی پیاوەکەی گرت و
یارمەتیی دا راست ببێتەوە. کە لەسەر پێ راوەستا، سیمۆن بینی کە لەشی پاك و لە
دۆخێکی باشدایە، دەست و قاچی رێك و دروستن و، روخسارێکی رێك و جوانی هەیە.
پاڵتۆیەکیی فڕێ دایە سەر شانی پیاوەکە، بەڵام ئەو نەیدەتوانی قۆڵەکانی بدۆزێتەوە.
سیمۆن یارمەتیی دا قۆڵی پێوە بکات و پاڵتۆکەی لەبەردا رێك کرد و توند پێیەوەی
پێچاند و شاڵەکەی بە دەوری کەمەریدا بەست.
سیمۆن تەنانەت کڵاوە دڕاوەکەیشی داکەند و خستییە سەر سەری
پیاوەکە، بەڵام خۆیشی هەستی بە سەرما کرد لە سەریدا و، بیری دەکردەوە: "من
تەواو کەچەڵم و ئەویش بۆ خۆی قژێکی درێژی هەیە." بۆیە کڵاوەکەی کردەوە سەر
خۆی. "باشتر وایە شتێکی بدەمێ بۆ پێیەکانی،" لەم بیرکردنەوەیەدا بوو و
یارمەتی کابرای دا دابنیشێت و جووتە پووتە خورییەکەی کردە پێی و پێی دەووت:
"ئەوەتا، هاوڕێ، ئێستاش کەمێك بجووڵێ گەرمت ببێتەوە. کێشەکانی دیکە دەکرێت
دواتر چارە بکرێن. دەتوانی رێ بکەیت؟"
پیاوەکە هەستا و بە کزییەکەوە تەماشای سیمۆنی کرد، بەڵام
نەیدەتوانی تاقە قسەیەکیش بکات.
سیمۆن پێی ووت، "بۆ چی ناتوانی قسە بکەیت. زۆر ساردە
لێرە بمێنیتەوە، پێویستە بچینە ماڵەوە. ها ئەوەتا، داردەستەکەی من بگرە و ئەگەر
هەستت بە بێهێزی کرد، خۆتی بەسەردا بدە. ئێستاش با بڕۆین!"
پیاوەکە دەستی بە رۆیشتن کرد و بە ئاسانی دەڕۆیشت و دوا
نەدەکەوت.
کە بە یەکەوە دەڕۆیشتن، سیمۆن لێی پرسی، "ئێ، خەڵکی
کوێیت؟"
"هی ئێرە نیم."
"هەر وام بیر دەکردەوە. من خەڵکی ئەم ناوە دەناسم.
بەڵام چۆن بوو لە لای ئەو مەزارە کەوتبووی؟"
"ناتوانم باسی بکەم."
"ئایا کەس خراپەیەکی لەگەڵدا کردوویت؟"
"نا، کەس خراپەی لەگەڵدا نەکردووم. خودا سزای
داوم."
"بێگومان خودا دەسەڵاتی بەسەر هەمووماندا دەشکێت.
هێشتا لەگەڵ ئەوەشدا، پێویستت بەوە دەبێت لە جێیەك خواردن و پەناگەت دەست بکەوێت.
دەتەوێت بۆ کوێ بچیت؟"
"هەموو جێیەك بۆ من وەکو یەکن."
سیمۆن پێی سەیر بوو. کابرا کەسێکی خراپ دیار نەبوو و لەسەر
خۆی قسەی دەکرد، بەڵام هیچ بایەخێکی بۆ خۆی نەبوو. سیمۆن هەر بیری دەکردەوە،
"کێ دەزانێت چی روویداوە؟" ئینجا بە پیاوە بێگانەکەی ووت: "ئێ دە
باشە، وەرە بۆ ماڵی ئێمە و، هیچ نەبێت بۆ ماوەیەك خۆت گەرم بکەرەوە."
ئیتر سیمۆن بەرەو ماڵی خۆیان ملی رێی گرت و، کابراش هەر
لەگەڵیدا بوو و، بە تەنیشتیدا دەڕۆیشت. با هەڵی کردبوو و سیمۆن لەژێر کراسەکەیەوە
هەستی بە سەرما دەکرد. لەم کاتەدا سەرخۆشییەکەی بەری دەدا و، وای لێهات لە سەرمادا
هەستی بە تەزین دەکرد. دەڕۆیشت و مشەی لووتی دەهات و چاکەتەکەی ژنەکەیی لە خۆی
دەڵاند و، لە خەیاڵی خۆیدا دەیووت: "دە ئەوەتا بگرە، باسی پێستی مەڕت دەکرد!
من بۆ پێستەی مەڕ چووم و ئەوەتا بۆ ماڵ دەگەڕێمەوە بێ ئەوەی خۆیشم پاڵتۆیەکم بەسەر
شانەوە بێت؛ لەوەش خراپتر، کابرایەکی رووتوقووت لەگەڵ خۆمدا دەبەمەوە. ماتریۆنا
ئەمەی پێ خۆش نابێت!" کە بیری لە ژنەکەی دەکردەوە، خەم دایدەیگرت؛ بەڵام
کاتێك تەماشای بێگانەکەی کرد و ئەوەی بە بیردا هاتەوە کە چۆن لەسەر مەزارەکە
تەماشای دەکرد، پشوویەك کەوتە دڵییەوە.
٣
ژنەکەی سیمۆن ئەو رۆژە هەموو شتێکی پێشوەختە ئامادە کردبوو.
داری بڕیبوو، ئاوی هێنابوو، نانی بە منداڵەکان دابوو، نانی خۆیی خواردبوو و،
ئێستاش دانیشتبوو بیری دەکردەوە. بە تەواوی نەیدەزانی کەی دەبێت نان ببرژێنێت،
ئێستا یان بەیانی؟ هێشتا پارچەیەکی گەورەیان مابوو.
"ئەگەر سیمۆن کەمێك خواردنی لە شارۆچکەکەدا خواردبێت و
بۆ ئێوارە هیچی دیکە نەخوات، نانەکە بۆ رۆژێکی دیکە بەش دەکات."
جار لە دوای جار نانەکەی دەدا بەم دەست و ئەو دەست و
مەزەندەی دەکرد و، لە خەیاڵی خۆیدا دەیووت: "ئەمڕۆ هیچی دی نان دروست ناکەم.
هەر ئەوەندە ئاردمان ماوە بەشی یەك جار نانکردن دەکات؛ ئەویش تا رۆژی هەینیمان
ببات."
بۆیە ماتریۆنا نانەکەی دانا و، لەپشت مێزەکە دانیشت کراسی
مێردەکەی پینە بکات. بە دەم کارکردنەوە بیری لەوە دەکردەوە کە مێردەکەی چۆن پێستە
بکڕێت و بیکەنە پاڵتۆیەکی زستانە.
"ئەگەر فرۆشیارەکە هەڵی نەخەڵەتێنێت. پیاوە چاکەکەم
بێئەندازە سادەیە؛ خۆی کەس ناخەڵەتێنێت، بەڵام منداڵێکی بچوکیش دەتوانێت لە قوژبنی
بکات. هەشت روبڵ پارەیەکی زۆرە؛ دەبێت بەو پارەیە پاڵتۆیەکی چاکی گیر بکەوێت. نەك
تەنها پێستەیەکی خۆشەکراوی بۆ دەکات، بگرە پاڵتۆیەیکی رێکوپێکی زستانەش دەکات.
زستانی رابردوو چەند بە زەحمەت و بە بێ پاڵتۆیەکی گەرم گیانمان دەرکرد. نە
دەمتوانی بچمە سەر روبارەکە و نە بۆ هیچ جێیەکی دیکەش. کە دەچووە دەرەوە،
هەرچییەکمان هەبووبێت، لەبەری دەکرد و هیچ جلێك بۆ من نەدەمایەوە. ئەگەرچی ئەمڕۆ زوو
دەستی بە کار نەکردووە، بەڵام کاتێتی بگەڕێتەوە. هیوادارم بەس نەچووبێت بۆ بەزم و
بالۆرە خۆی!"
لەم داڵغانەیدا بوو، ماتریۆنا لە دەرگاکەوە گوێی لە دەنگی
پێ بوو و، کەسێك هاتە ژوورەوە. ماتریۆنا دەرزییەکەی لە کارەکەیدا بەجێ هێشت و چووە
رێڕەوەکە. لەوێدا، دوو پیاوی بینی: سیمۆن و لەگەڵیشیدا پیاوێکی بێ کڵاو کە جووتێك
پووتی خوریی لە پێدایە.
ماتریۆنا دەستبەجێ تێبینیی ئەوەی کرد کە مێردەکەی بۆنی مەیی
لێدێت. لە بیری خۆیدا دەیووت، "دیسان، خواردوویەتەوە." ئینجا کاتێك بینی
کە پاڵتۆی لەبەردا نییە و تەنها چاکەتەکەی لەبەردایە، هیچ شتێکیشی بە دەستەوە نییە
و، لەوێدا بێدەنگ راوەستاوە و، وا دیار بوو شەرم لە خۆی بکات، ماتریۆنا وەختە
نەبوو لە بێئومێدیان دڵی شەق ببات. "هەموو پارەکەی بە خواردنەوە داوە و،
لەگەڵ کەسێکی هیچوپووچدا خەریکی کەیف و سەفا بووە و لەگەڵ خۆیدا بۆ ماڵەوەی
هێناوەتەوە،" لە مێشکی خۆیدا وای بیر دکردەوە.
ماتریۆنا رێگەی دان بچنە ژوورەوە و خۆی لە دوایانەوە رۆیشت
و، بینی کە بێگانەکە پیاوێکی گەنجی باریکەڵەیە و پاڵتۆی مێردەکەیی لەبەردایە. هیچ
کراسێك لە بنییەوە دیار نەبوو و، کڵاویشی نەبوو. کە کابرا هاتە ژوورەوە، ماتریۆنا
وای بیر دەکردەوە: "لەوانەیە پیاوێکی خراپ بێت و، دەشترسێت."
ماتریۆنا رووی مۆن کرد و لە تەنیشت ئاگردانەکە وەستا و
تەماشای دەکردن داخۆ چی دەکەن.
سیمۆن کڵاوەکەی لەسەری داکەند و لەسەر چارپاکە دانیشت وەك پێی
وابێت هەموو شتێك ئاسایی بێت.
"دە وەرە ماتریۆنا؛ ئەگەر شام ئامادەیە، هەندێکمان
بدەرێ بیخۆین."
ماتریۆنا شتێکی لەبەر خۆیەوە مینگاندەوە و هیچ نەجووڵا و،
هەر لە جێگای خۆیدا و لە نزیك ئاگردانەکەوە راوەستابوو. جارێك تەماشای ئەمیانی
دەکرد و جارێکیش تەماشای ئەوی دیکەیان و، تەنها سەر رادەوەشاند. سیمۆن بینی کە
ژنەی پەست بووە، هەوڵی دا گوێی نەداتێ. وای نیشان دەدا تێبینی هیچی نەکردبێت، قۆڵی
بێگانەکەی گرت و ووتی: "دانیشە هاوڕێ، با شتێك بخۆین."
بێگانەکەش لەسەر کورسییە درێژەکە دانیشت.
سیمون بە ژنەکەی ووت، "هیچت بۆ لێنەناوین؟"
توورەیی ماتریۆنا بە جۆش هات. "لێمناوە، بەڵام بۆ ئێوە
نا. وا دیارە هەرچیت دەرهێنابێت بە خواردنەوەت دابێت. تۆ چوویت پاڵتۆیەکی پێستە
بکڕیت، کەچی بە بێ ئەوەی پاڵتۆیەکی خۆیشت لەبەردا بێت دەگەڕێیتەوە و بێلانەیەکی
رووتوقووت لەگەڵ خۆتدا دەهێنیتەوە. من هیچ چێشتێکم بۆ مەیخۆرێکی وەکو ئێوە نییە."
"ئەوەندە بەسە ماتریۆنا. بێ ئەوەی بزانیت زمانت درێژ
مەکە. وا باشتر پرسیارت بکردبا ئەم پیاوە چ جۆرە—"
"دە تۆش پێمبڵێ چیت لە پارەکە کردووە؟"
سیمۆن گیرفانی چاکەتەکەیی دۆزییەوە و پارەیەکی سێ روبڵی
دەرهێنا و دەقەکانی رێك کردەوە. "ئەوە پارەکەیە. تریفۆنۆف پارەکەی نەدا،
بەڵام بەڵێنی دا زوو بیداتەوە."
ماتریۆنا زیاتر تووڕە بوو؛ مێردەکەی هیچ پێستەیەکی نەکڕیبوو
و، تەنها پاڵتۆیەکی خۆیشی کردبووە بەر هاوڕێیەکی رووتقووتی خۆی و بۆ ماڵەوەیشی
هێناوەتەوە.
ژنەکەی پارەکەی لەسەر مێزەکە هەڵگرت و بردی بیخاتە شوێنی
سەلامەت خۆی و بە مێردەکەیی ووت: "هیچ چێشتێکم نییە بۆتان. ئێمە خۆ ناتوانین
هەموو رەشوڕووتەکانی دونیا تێر بکەین."
"تا ئێرە بەسە ماتریۆنا، گاز لە زمانی خۆت بگرە.
سەرەتا بزانە پیاو چی دەڵێت—"
"لە سەرخۆشێکی شێت عەقڵ و مەعریفەتم گوێ لێ دەبێت.
ئەوکاتە راست بووم نەمدەویست مێردت پێ بکەم، مەیخۆر. ئەو جلەیشی دایکم پێی دابووم
دات بە خواردنەوە و، ئێستا دەبوو پاڵتۆیەك بکڕی و ئەویشت دا بە خواردنەوە!"
سیمۆن دەیویست بۆ ژنەکەیی روون بکاتەوە کە تەنها بیست
کۆپێکی خەرج کردووە، هەوڵی دا باسی بکات چۆن ئەم پیاوەی دۆزیوەتەوە، بەڵام
ماتریۆنا بواری نەدەدا دەم بکاتەوە. زۆر بە خێرایی قسەی دەکرد و نەیدەبڕییەوە،
قسەی وای دەهێنایە گۆڕێ دە ساڵ لەمەوبەر روویاندابوو.
ماتریۆنا هەر ووتی و ووتی و، دواجار پڕی دایە سیمۆن و
مەچەکی گرت.
"چاکەتەکەم بدەوە. تەنها هەر ئەوەم ماوە و بۆ خۆتی
دەبەیت و لەبەری دەکەیت. بمدەوە، سەگی پیس، دەك شەیتان لەناوت بەرێت."
سیمۆن تەکانی بە خۆی دا چاکەتەکە دابکەنێت و قۆڵێکی لێ
دەرهێنا، ماتریۆنا چاکەتەکەی گرت و رایتەکاند و دای بەسەر سەری خۆیدا و بەرەو
دەرگاکە چوو. دەیویست بڕواتە دەرەوە، بەڵام بە دوودڵییەوە راوەستا؛ دەیویست بەسەر
تووڕەییەکەیدا زاڵ بێت و دەیشیویست بزانێت بێگانەکە کێیە و چییە.
٤
ماتریۆنا راوەستا و بە سیمۆنی ووت: "ئەگەر پیاوێکی باش
بێت، رووت نەدەبوو. بۆ چی تەنها کراسێکیشی لەبەردا نییە. ئەوەش قەینا، دەبێت پێم
بڵێیت لە کوێ بەم کابرایە گەیشتیت."
"دە منیش دەمەوێت هەر ئەوەت پێ بڵێم،" سیمۆن پێی
ووت. "کە بە لای مەزارەکەدا هاتم بینیم لەوێ دانیشتووەوە و رووتە و رەق
دەباتەوە. هەواکەی هی ئەوە نییە بە رووتی لە ناوە دانیشتیت! خودا منی بۆ نارد،
یانیش بۆ خۆی لەوێدا تیادا دەچوو. چیم بکردبایە؟ ئێمە چوزانین چیی بەسەردا هاتووە؟
هەر لەبەر ئەوە بە لایەوە چووم و پۆشتەم
کرد و لەگەڵ خۆمدا هێنامەوە. زۆر تووڕە مەبە، ماتریۆنا. گوناهە. لە یادت بێت،
رۆژێك دێت هەموومان دەمرین."
لە توورەییدا، ماتریۆنا قسەیەکی زۆری هاتە سەر لێو، بەڵام
کە تەماشای بێگانەکەی کرد، بێدەنگ بوو. لەسەر کەناری چارپاکە دانیشتبوو،
نەدەجووڵا، دەستەکانی لەسەر ئەژنۆی نوقاندبوون، سەری شۆڕ کردبووە سەر سینگی،
چاوەکانی داخستبوون و ئەبرۆکانی وەك لە ئازاردا بن گرژ کردبوون. ماتریۆنا بێدەنگ
بوو و، سیمۆن ووتی: "ماتریۆنا، تۆ هیچ خۆشەویستیت بۆ خودا نییە؟"
ماتریۆنا کە گوێی لەم قسانە بوو و تەماشایەکی بێگانەکەی
کرد، لە پڕ دڵی بەرانبەری نەرم بوو. لە دەرگاکە گەڕایەوە و، چووە لای ئاگردانەکە و
چێشتەکەی هێنا. کوپێکی لەسەر مێزەکە دانا و هەندێ ئاوی کڤاسی تێکرد. ئینجا دوا
پارچە نانەکەی دەرهێنا و چەقۆ و کەوچکی دانا.
پێی ووتن، "بخۆن، ئەگەر دەتانەوێت."
سیمۆن بێگانەکەی کێشایە سەر مێزەکە و پێی ووت: "وەرە
پێش، پیاوی گەنج."
سیمۆن نانەکەی بڕی و گووشییە ناو شلەکە و دەستیان بە
خواردنی کرد. ماتریۆنا لە گۆشەیەکی مێزەکە دانیشت و دەستی خستە ژێر چەناگەی و زەق لە
بێگانەکەی دەڕوانی.
لەو دەمەدا ماتریۆنا بەزەیی بە بێگانەکەدا هاتەوە و، وای
لێهات بچێت بە دڵییەوە. ئینجا لە پڕێکدا دەموچاوی بێگانەکە گەشایەوە، برۆکانی چیتر
بە گرژی نەمان، چاوەکانی بەرز کردەوە و زەردەخەنەیەکی بۆ ماتریۆنا کرد.
کاتێك کە شامەکەیان تەواو کرد، ژنەکە شتەکانی هەڵگرتەوە و
دەستی بە لێپرسینەوەی بێگانەکە کرد و پێی ووت: "خەڵکی کوێیت؟"
"خەڵکی ئەم دەوروبەرەم."
"بەڵام چۆن کەوتیتە سەر ئەو رێگایە؟"
"رەنگە باسی ئەوە نەکەم."
"کەسێك چەپاوی کردوویت؟"
"خودا سزای داوم."
"ئینجا لەوێ بە رووتی لێی پاڵ کەوتیت؟"
"بەڵێ، رووت و لە سەرما تەزیو. سیمۆن منی بینی و
بەزەیی پێدا هاتمەوە. پاڵتۆیەکەی خۆیی داکەند و کردییە بەر من و هێنامییەوە بۆ
ماڵ، بۆ ئێرە. ئینجا تۆش نان و ئاوت دامێ و بەزەییت پێمدا هاتەوە. خودا پاداشتتان
بداتەوە!"
ماتریۆنا هەستا و لەناو تاقی پەنجەرەکە کراسە کۆنەکەی
سیمۆنی هێنا کە خۆی پێنەی دەکرد و، بە بێگانەکەی دا. پەنتۆڵێکیشی بۆی دەرهێنا.
"بگرە،" بە بێگانەکەی ووت. "دەبینم کراست
لەبەردا نییە. ئەمە لەبەر بکە و لە هەر کوێدا پێت خۆش بۆ خۆت پاڵ بدەوە، لە
هەورەبانەکە یانیش لە پشت ئاگردانەکە."
بێگانەکە پاڵتۆیەکەی داکەند و کراسەکەی کردە بەری و، لە
هەورەبانەکە لێی پاڵ کەوت. ماتریۆنا مۆمەکەی کوژاندەوە و، پاڵتۆیەکەی هەڵگرت و
چووە ئەو جێگایەی مێردەکەی لێی هەڵاژیابوو.
ماتریۆنا چمکی پاڵتۆیەکەی بە خۆیدا دا و پاڵ کەوت، بەڵام نەیدەتوانی
خەوی بچێتە چاو؛ نەیدەتوانی بێگانەکە لە مێشکی خۆی بهێنێتە دەر.
کە بە بیری هاتەوە دوا پارچەی نانەکەیان خواردوو و هیچیان
بۆ بەیانی نەماوەتەوە و، بیری لەو کراس و پەنتۆڵە دەکردەوە کە بەخشیبوونی، ئەمەیش
ئازاری دەدا؛ بەڵام کە بە بیری هاتەوە چۆن زەردەخەنەی بۆی کرد، دڵی پێی خۆش بوو.
بۆ ماوەیەکی زۆر، پاڵ کەوتبوو و خەو نەیدەبردەوە. ئەو
پاڵتۆیەکەی بۆ خۆی راکێشا.
"سیمۆن!"
"بەڵێ؟"
"ئێوە دوا پارچەی نانەکەتان خوارد و هیچ هەویرم
نەکردووە هەڵبێت. نازانم بۆ سبەی دەبێت چی بکەین. رەنگە بتوانم هەندێ لە مارتای دراوسێمان
بە قەرز وەربگرم."
"ئەگەر مام و نەمردم شتێك پەیدا دەکەین بیخۆین."
ژنەکەی بۆ ماوەیەك بێجووڵە هەڵاژیابوو و، ئینجا ووتی،
"پیاوێکی چاك دیارە، بەڵام بۆ چی پێمان ناڵێت کێیە؟"
"پێموابێت هۆکاری خۆیی بۆ ئەوە هەیە."
"سیمۆن!"
"بەڵێ؟"
"ئێمە دەبەخشین، بەڵام خۆ کەس هیچ بە ئێمە
نابەخشێت؟"
سیمۆن نەیدەزانی چی بڵێت؛ بۆیە هەر ئەوەندەی ووت، "با
واز لە قسە بهێنین." خۆی بەو لادا پل دا و خەو بردییەوە.
٥
بۆ بەیانی، سیمۆن لە خەو هەستا. منداڵەکان هێشتا خەوتبوون؛
ژنەکەی چووبووە دەرەوە کەمێك نان لە دراوسێیەکەیان بە قەرز وەربگرێت. بێگانەکە بە
تەنیا لەسەر چارپاکە دانیشتبوو، کراسە کۆنەکە و پەنتۆڵەکەی لەبەردا بوون و،
تەماشای سەرەوەی دەکرد. روخساری لە رۆژی پێشوو گەشتر بوو.
سیمۆن پێی ووت، "ئێ هاوڕێ؛ سك نان و لەشی رووتیش
جلوبەرگی دەوێت. بۆ ئەوەی بژیت دەبێت کار بکەیت. تۆ چ کارێك دەزانیت؟"
"هیچ کارێك نازانم."
سیمۆن ئەمەی پێ سەیر بوو، بەڵام پێی ووت، "ئەو پیاوەی
دەیەوێت فێر ببێت، دەتوانێت هەموو شتێك فێر ببێت."
"پیاو دەبێت کار بکات و، منیش کار دەکەم."
"ناوت چییە؟"
"مایکڵ."
"باشە مایکڵ، ئەگەر حەز نەکەیت باسی خۆت بکەیت،
پەیوەندی بە خۆتەوە هەیە؛ بەڵام دەبێت بژێوییەك بۆ خۆت پەیدا بکەیت. ئەگەر وەك
ئەوەی پێت دەڵێم کار بکەیت و ئەنجام بدەیت، ئەوا نان و پەناگەت پێ دەبەخشم."
"خودا پاداشتتان بداتەوە! فێر دەبم. نیشانم بدە چی
بکەم."
سیمۆن داوێکی هێنا و، لە پەنجە گەورەی خۆیی ئاڵاند و دەستی
بە بادانی کرد.
"دەبینی، زۆر ئاسانە!"
مایکڵ تەماشای دەکرد، بە هەمان شێوە هەندێ داوی لە پەنجە
گەورەی خۆی پێچ دا، هونەرەکە فێر بوو و دەستی کردە بادانی.
ئینجا سیمۆن ئەوەی نیشان دا چۆن داوەکە چەور بکات. مایکڵ
فێری ئەوەش بوو. دواتر سیمۆن نیشانی دا چۆن تووکە زیادەکانی بکاتە ناوەوە و، ئەوەش
کە چۆن بدورێتەوە، مایکڵ هەر زوو فێری ئەمەیش بوو.
سیمۆن هەرچییەکی نیشان دابا، دەستبەجێ فێری دەبوو و، دوای
سێ رۆژ وەهای کار دەکرد وەك بڵێی لە هەموو ژیانیدا هەر پووتی چنیوە و دروویوەتەوە.
بێ راوەستان کاری دەکرد و، کەمیشی دەخوارد. کە کاری تەواو دەبوو، بە بێدەنگی
دادەنیشت و، تەماشای سەرەوەی دەکرد. بە دەگمەن دەچووە جادە و، تەنها لە کاتی
پێویستدا قسەی دەکرد و، گاڵتە و گەپیشی نەدەکرد. هەرگیز نەیانبینیبوو زەردەخەنە
بکات، تەنها یەکەم ئێوارانەکەی نەبێت کاتێك ماتریۆنا شامی پێی دا.
٦
رۆژ دوای رۆژ و هەفتە دوای هەفتە، ئەو ساڵە تێپەڕی. مایکڵ
لەگەڵ سیمۆندا دەژیا و کاری دەکرد. ناوبانگی ئەوەندە بڵاو بوویەوە خەڵكی دەیانووت
هەرگیز کەس هێندەی مایکڵی شاگردی سیمۆن جوان و توند پووتی نەچنیوە و؛ لە هەموو
ناوچەکانی دەوروبەرەوە خەڵك بۆ رادانی پووت دەهاتنە لای سیمۆن و، وای لێهات خەریك
بوو دەوڵەمەند دەبوو.
لە رۆژێکی زستاندا، کاتێك سیمۆن و مایکڵ دانیشتبوون کاریان
دەکرد، گالیسکەیەکی خلێسکێنە کە سێ ئەسپی زەنگۆڵەدار رایاندەکێشا بەرەو ماڵیان
هات. لە پەنجەرەکەوە تەماشایان کرد، گالیسکەکە لە بەر دەرگاکەیان راوەستا.
خزمەتکاری یەکەم خۆی هەڵدایە خوارەوە دەرگای کابینەی گالیسکەکەی کردەوە. کەڵەپیاوێکی
پاڵتۆ-فەروو-لەبەر دابەزی و بەرەو کۆلیتەکەی سیمۆن رۆیشت. ماتریۆنا هەڵپەڕییە سەر
پێ و دەرگاکەی واز کردەوە. پیاوە خانەدانەکە راوەستا بۆ ئەوەی لە کۆلیتەکە بچێتە
ژوورەوە و، کاتێك خۆی کێش هێنا، نزیك بوو سەری لە بنمیچەکە بدات و، وەها دیار بوو
باڵای تەواو پڕ بە ژوورەکە بێت.
سیمۆن هەستا،
نوشتایەوە و بە سەرسووڕمانەوە تەماشایەکی پیاوە خانەدانەکەی کرد. هەرگیز پێشتر
کەسێکی وەکو ئەوی نەدیتبوو. سیمۆن خۆی لەشێکی پڕ و رێکی هەبوو، مایکڵ لاواز و،
ماتریۆناش رەقەڵ بوو، بەڵام ئەم پیاوە وەکو کەسێك بوو لە جیهانێکی دیکەوە هاتبێت:
دەموچاو سوورێکی چوارشانەی مل وەك ملی گایەك و، بەسەر یەکەوە لەشی وەك بڵێی لە
ئاسندا جۆش درابێت.
کەڵەپیاوەکە
هەناسەیەکی دەردا و پاڵتۆ فەرووەکەی فڕێ دا و لەسەر چارپا درێژەکە دانیشت و ووتی،
"کام لە ئێوە وەستای دروستکردنی پووتن؟"
"من
گەورەم،" سیمۆن وەڵامی دایەوە و هاتە پێشەوە.
ئینجا پیاوەکە بانگی
لە خزمەتکارەکەی کرد، "هۆ، فێدکا، چەرمەکە بهێنە!"
خزمەتکارەکە بە را
هاتە ژوورەوە و گورزەیەکی لەگەڵ خۆی هێنا. خانەدانەکە گورزەکەی وەرگرت و لەسەر
مێزەکەی دانا و، ووتی، "بیکەرەوە." خزمەتکارەکە کردییەوە.
خانەدانەکە ئاماژەی بۆ
چەرمەکە کرد و ووتی، "سەیری ئێرە بکە، پێڵاودۆز. ئەم چەرمە دەبینیت؟"
"بەڵێ،
گەورەم."
"بەڵام دەزانیت
ئەوە چ جۆرە چەرمێکە؟"
سیمۆن دەستی لە
چەرمەکە دا و ووتی، "چەرمێکی چاکە."
"چاکە، بە راستی!
بۆ چی، ئەی نەفام، تۆ هەرگیز لە ژیانتدا چەرمی وەهات نەبینیوە. ئەڵمانییە و، بیست
روبڵی پێ دراوە."
سیمۆن ترسا و، ووتی،
"من لە کوێ چەرمی وەها ببینم؟"
"کەواتە! ئێستا
دەتوانیت بۆمی بکەیتە پووت؟"
"بەڵێ، خاوەنشکۆ،
دەتوانم."
ئینجا خانەدانەکە
هاواری بەسەردا کرد: "دەتوانی، دەتوانی؟ دە باشە، لە یادت بێت بۆ کێیان دروست
دەکەیت و، چ جۆرە چەرمێکیشە. دەبێت جووتە پووتێکم بۆ دروست بکەیت ساڵێك لە پێ
بکرێت، نە شێوەیان تێك بچێت و نە هەڵبتەکێت. ئەگەر دەتوانی ئەنجامی بدەیت، چەرمەکە
ببە و بیبڕە؛ ئەگەریش ناتوانیت، وەها بڵێ. ئاگادارت دەکەمەوە کە ئەگەر پووتەکان لە
ماوەی ساڵێکدا هەڵبتەکێت یان دابزایەت، ئەوا وات لێ دەکەم بکەویتە زیندان. ئەگەر تا
ساڵێك نەتەقێت و شێوەی تێك نەچێت ، ئەوا دە روبڵ دەستهەقت دەدەمێ."
سیمۆن دەترسا و،
نەیدەزانی چی بڵێت. چاوێکی لە مایکڵ کرد و برۆیەکی لێ هەڵتەکاند و بە چپەوە پێی
ووت، "کارەکە وەرگرم؟"
مایکڵ سەری بۆ لەقاند
وەك پێی بڵێت، "بەڵێ وەری بگرە."
سیمۆن بە گوێی مایکڵی
کرد و بڕیاری دا ئەو پووتانە دروست بکات کە دەبوو بۆ ساڵێكی تەواو خراپ نەبن و
هەڵنەتەکێن.
پیاوەکە بانگی
خزمەتکارەکی کرد و پێی ووت پووتەکەی پێی چەپی دابکەنێت کە بۆی درێژ کردبووەوە.
"پێوانەی پێم وەربگرە،" بە سیمۆنی ووت.
سیمۆن فیتەیەکی
پێواندنی حەڤدە ئینچیی پێکەوە تەقەڵ دا و درێژی کردەوە و خۆی چەماندەوە و،
دەستەکانی بە بەروانەکەکەی سڕی نەبادا گۆرەویی پیاوە خانەدانەکە تۆزاوی بکات و،
دەستی کردە پێوانەکردن. ژێرپێ و پشتەپێی پێواند و دەستی کردە پێواندنی پووزی،
بەڵام فیتەکەی بۆ ئەوە کورت بوو. پووزی هێندەی کاریتەیەك زل بوو.
"ئاگات لێی بێت
لە لاقدا زۆر تەسکی نەکەیت."
سیمۆن فیتەیەکی دیکەی
پێوە تەقەل دا. خانەدانەکە پەنجەکانی پێی لەناو گۆرەوییەکەدا نوشتاندەوە و چاوێکی
بە کەسەکانی ناو کۆلیتەکە گێڕا و، لەگەڵ ئەوەی تێبینیی مایکڵی کرد، لێی پرسی،
"تۆ کێیت لەوێدا؟"
"ئەوە
شاگردەکەمە. ئەو پووتەکان دەدورێت."
"ئاگات لێ
بێت،" پیاوەکە بە مایکڵی ووت. "لە یادت بێت وەهایان دروست بکەیت بە
ساڵێکم بگەیەنن."
سیمۆنیش تەماشەیەکی مایکڵی
و، بینی کە مایکڵ تەماشای پیاوە خانەدانەکە ناکات، بەڵام چاوی بڕیوەتە گۆشەی پشت
پیاوەکە، وەك ئەوەی کەسێکی لەوێدا بینیبێت. مایکڵ تەماشای دەکرد و هەر تەماشای
دەکرد و لە پڕێکدا زەردەخەنەی کرد و روومەتی گەشایەوە.
"ئەوە بە چی
پێدەکەنیت، شڕوشێت؟" پێاوەکە پێیدا هەڵتۆقی. "باشترە تەماشای ئەوە بکەیت
کە پووتەکان لە کاتی خۆیاندا تەواو بکرێن."
مایکڵ ووتی، "لە
کاتی خۆیاندا تەواو دەبن."
"ئاگات لێ بێت
وەها بێت،" پیاوەکە پێی ووت و، پووتەکەی لە پێ کرد و پاڵتۆکەی کردە بەر و لە
خۆیی ئاڵاند و، بەرەو دەرگاکە چوو. بەڵام لە بیری چوو داچەمێتەوە و، سەری کێشا بە
کاریتەی سەر دەرگاکە.
جوێنێکی دا و دەست بە
سەری خۆیدا هێنا. لە گالیسکەگە دانیشت و لێیان خوڕی.
کە رۆیشت، سیمۆن ووتی،
"چ جۆرە پیاوێکە! بە مێکوتێکیش ناتوانێت بیکوژیت. خەریك بوو کاریتەکە لە
ریشەوە دربهێنێت، کەچی بە ئەستەم ئازاری پێ گەیاند."
ماتریۆناش ووتی:
"بەو جۆرە ژیانەی ئەو، چۆن ئاوا بەهێز دەرناچێت؟ مردن خۆیشی ناتوانێت زەفەر
بە گاشەبەردێکی وەکو ئەو ببات."
٧
ئینجا سیمۆن بە مایکڵی
ووت: "کەواتە، کارەکەمان وەرگرت، بەڵام دەبێت ئاگامان لێ بێت لەسەر ئەمە
خۆمان نەخەینە کێشەوە. چەرمەکە زۆر بە نرخە و، پیاوەکەش زۆر تووڕەیە. پێویستە هیچ
هەڵەیەك نەکەین. وەرە، تۆ چاوت باشتر دەبینێت و دەستەکانیشت لە دەستی من رێکتر کار
دەکەن، خۆت ئەم پێوانانە وەربگرە و پووتەکان ببڕە. خۆم تەقەڵدانی سەرەکەی تەواو
دەکەم."
مایکڵ وەکو ئەوەی پێی
ووترا، کارەکەی ئەنجام دا. چەرمەکەی برد و لەسەر مێزەکە پانی کردەوە و، دووقاتی
کردەوە و چەقۆیەکی بە دەستەوە گرت و دەستی بە بڕینی کرد.
ماتریۆنا هات و
تەماشای بڕینەکەی دەکرد و، سەرسام بوو بەوەی کە بینی چۆنی ئەنجام دەدات. ماتریۆنا
راهاتبوو بەوەی تەماشای دروستکردنی پووت بکات و، تەماشای دەکرد و بینی کە مایکڵ
چەرمەکە بۆ پووتەکان نابڕێت، بەڵکو بە خڕی دەیبڕێت.
حەزی دەکرد شتێك بڵێت،
بەڵام لە خەیاڵی خۆیدا دەیووت: "لەوانەیە من نەزانم پووتی خانەدانان چۆن
دروست دەکرێن. پێموابێت مایکڵ باشتری لێ دەزانێت و، منیش خۆمی تێ
هەڵناقورتێنم."
کە مایکڵ چەرمەکەی
بڕی، داوێکی بە دەستەوە گرت و دەستی کردە تەقەڵدانی، بەڵام نەك بە دوو تاڵ کە
پووتی پێ تەقەڵ دەدرێت، بەڵکو بە یەك تاڵی، هەر وەکو ئەوەی پێڵاوی دەمپایەی پێ
دەدوردرێت.
دیسانەوە ماتریۆنا پێی
سەیر بوو، بەڵام ئەم جارەش هیچی نەووت. مایکڵ بەردەوام تا نیوەڕۆ تەقەڵی دەدا. ئینجا
سیمۆن بۆ نانی نیوەڕۆ هەستا، چاوێکی بە دەوروبەردا گێڕا و، بینی کە مایكڵ دەمپایەی
ناوماڵی لەو چەرمەی پیاوە خانەدانەکە دروست کردووە.
"ئاه،"
سیمۆن ئاهێکی هەڵکێشا و، بیری دەکردەوە، "چۆن دەبێت مایکڵ کە ساڵێکی رەبەق
لەگەڵمدا بووە و هەرگیز هەڵەیەکی نەکردووە، کارێکی وەها خراپ ئەنجام بدات."
پیاوەکە داوای پووتی مل بەرزی دەوراندەور چەرم و پێشەی تەواوی کردبوو و، مایکڵ
دەمپایەی تاك ژێرەی دروست کردووە و، هەموو چەرمەکەیشی بە زایە دا. چی بە
خانەدانەکە بڵێم؟ هەرگیز چەرمی وەهام دەست ناکەوێت."
ئینجا بە مایکڵی ووت،
"ئەوە چی دەکەیت، هاوڕێ؟ منت نابووت کرد! تۆ دەزانیت کە خانەدانەکە داوای
پووتی مل بەرزی کردبوو، بەڵام سەیر بکە چیت کردووە!"
سیمۆن هێشتا بە تەواوی
لە سەرکۆنەکردنی مایکڵ نەبووبووە، کاتێكیان زانی تەقە لە ئەڵقە ئاسنەکەی سەر دەرگا
هەڵسا. کەسێك لە دەرگای دەدا. لە پەنجەرەکەوە تەماشایان کرد؛ کەسێك بە سواری ئەسپ
هاتبوو و، خەریك بوو ئەسپەکەی دەبەستەوە. دەرگایان کردەوە و، ئەو خزمەتکارەی لەگەڵ
پیاوە خانەدانەکە بوو، هاتە ژوورەوە.
"رۆژ باش،"
پێی ووتن.
"رۆژ باش،"
سیمۆن وەڵامی دایەوە. "فەرموو، دەتوانین چیت بۆ بکەین؟"
"خانمە گەورەم
سەبارەت بە پووتەکان منی رەوانە کردوە."
"چی سەبارەت بە
پووتەکان؟"
"ئەی چۆن، ئاغام
چیتر پێویستی پێیان نەما. ئەو کۆچی دوایی کرد."
"چۆن دەکرێت؟"
"دوای بەجێهێشتنی
ئێوە، بۆ خۆی نەژیا تا بگاتەوە ماڵەوە و، لە گالیسکەکەدا کۆچی دوایی کرد. کە
گەیشتینە ماڵەوە، خزمەتکارەکان هاتن یارمەتی دابەزینی بدەن، بەڵام وەکو گرمۆڵەیەك
بە لادا کەوت. زووتر مردبوو و، وەها رەق ببوو، بە زەحمەت توانرا لە گالیسکەکە بهێنرێتە
خوارەوە. خانمم منی ناردە ئێرە و پێی ووتم: 'بە پووت-دروستکەرەکە بڵێ ئەو پیاوەی
پووتی بە کرد دابوو و چەرمی لە لا بەجێ هێشتبوو چیتر پێویستیی پێ نەماوە و،
ئەوەیشی کە پێویستە بە زوویی و بۆ مەراسیمی ناشتنەکەی جووتێك دەمپایەی بۆ دروست
بکات. چاوەڕێ بکە تا ئامادە دەکرێن و، ئینجا لەگەڵ خۆتدا بیانهێنەرەوە.' لەبەر
ئەوەشە کە من هاتم."
مایکڵ پاشماوەکانی
چەرمەکەی کۆکردەوە و لوولی کردن و ئەو دەمپایانەی دروستی کردبوون هەڵگرت و، بە
یەکیدادان و بە بەروانکەکەی سڕینییەوە و، لەگەڵ پارچە چەرمەکاندا بە خزمەتکارەکەی
دا و، ئەویش وەریگرتن و ووتی: "خواتان لەگەڵ وەستایان و، رۆژی ئێوەش بە
خێر!"
٨
ساڵ دوای ساڵ تێپەڕی
و، ئێستا بووە شەش ساڵ مایکڵ لەگەڵ سیمۆندا دەژیا. هەر وەکو جاران دەژیا. بۆ
هیچکوێ نەدەچوو، تەنها لە کاتی پێویستدا قسەی دەکرد و، لە ماوەی ئەو هەموو ساڵانەدا
تەنها دوو جاران زەردەخەنی کرد: جارێکیان کاتێك ماتریۆنا نانی پێی دا و، جاری
دووەمیش ئەو کاتەی کە خانەدانەکە لە ماڵەکەیاندا بوو. سیمۆن ئەوپەڕی شادومان بوو
لەگەڵ شاگردەکەیدا. تا ئێستاش هیچی بۆی باس نەکردووە لە کوێوە هاتووە و، تەنها
ترسی ئەوەی هەبوو مایکڵ لێیدا و بڕوات.
رۆژێکیان هەموویان لە
ماڵ بوون. ماتریۆنا کترییە ئاسنینەکەی لەسەر ئاگردانەکە دانابوو؛ منداڵەکان بە
دەوری کورسی و چارپاکان رایان دەکرد و لە پەنجەرەکەوە تەماشایان دەکرد؛ سیمۆن لە
بەر پەنجەرەکە خەریکی تەقەڵدان بوو و، مایکڵ پاژنە پێڵاوێکی لە بەشێکی دیکەی دەدا.
یەکێك لە کوڕەکان پاڵی
بە چارپاکەی لای مایکڵ دابووەوە و لە پەنجەرەکەوە تەماشای دەرەوەی دەکرد.
"تەماشا بکە،
مامە مایکڵ! ئەو ئافرەتە لەگەڵ ئەو کچە بچوکانە! وا دیارە بۆ ئێرە دێن. یەکێك لە
کچەکانیش دەشەلێت."
کە کوڕەکە ئەوەی ووت،
مایکڵ کارەکەی دانا و رووی لە پەنجەرەکە کرد و، تەماشای سەر جادەکەی کرد.
سیمۆن پێی سەیر بوو.
مایکڵ هەرگیز وا نەبووە تەماشای جادەکە بکات، بەڵام ئێستا نوساوە بە پەنجەرەکەوە و
چاوی بڕیوەتە شتێك. سیمۆنیش تەماشای دەرەوەی کرد و، بینی ئافرەتێکی شیك و پۆشتە بە
راستی بۆ لای کۆلیتەکەی ئەمان دێت و، دوو کیژی بچوك دەستیان گرتووە کە پاڵتۆی
فەروو و شاڵی خورییان لەبەردایە. کچەکان بە ئەستەم لە یەك جیا دەکرێنەوە، ئەوە
نەبێت کە یەکێکیان گێڕییەك لە لاقی چەپیدایە و لە رۆیشتندا کەمێك بۆی دەشەلێت.
ئافرەتەکە هاتە
بەرهەیوانەکە و ئینجا بۆ رێڕەوەکە. لە کاتی هاتنەژوورەوەیدا، سوورگییەکەی دۆزییەوە
و بەرزی کردەوە و، دەرگاکە کرایەوە. هێشتی کچەکان لە پێشدا بچنە ژوورەوە و، خۆی بە
دوایاندا چووە ژوورەوە.
"رۆژ باش، خەڵکی
باش!"
"تکایە فەرموو،
ورەوە ژوورەوە،" سیمۆن پێی ووت. "دەتوانم چیت بۆ بکەم؟"
ئافرەتەکە لە لای
مێزەکە دانیشت. دوو کچەکە بە ئەژنۆیەوە نوسان و دانیشتن و، لە خەڵکی ناو کۆلیتەکە
دەترسان.
"دەمەوێت پێڵاوی
چەرم بۆ ئەم دوو کچە دروست بکەم بۆ بەهار."
"دەتوانین
دروستیان بکەین. هەرچەندە پێڵاوی وەها بچوکمان دروست نەکردووە، بەڵام دەتوانین
دروستیان بکەین؛ جا پێڵاوی دەوراندەور تەقڵدراو، هەڵگەڕێنڕاو یان بە کەتان چنراو
بێت. مایکڵی شاگردم وەستای ئەو کارانەیە."
سیمۆن تەماشایەکی
مایکڵی کرد بینی کە کارەکەی داناوە و دانیشتووە و چاوی بڕیوەتەوە کیژۆڵە بچوکەکان.
سیمۆن پێی سەیر بوو. راستە کچەکان جوانکیلە بوون بەو چاوە رەشانە و بەو گۆنا خڕومڕ
و سوورکەڵانەیان و پاڵتۆی فەروویان لەبەردابوو و دەستماڵی جوانیان پۆشیبوو، بەڵام
سیمۆن نەیدەتوانی لەوە تێبگات بۆ مایکڵ بەو شێوەیە تەماشایان دەکات—وەك بڵێی پێشتر
ناسیبێتیانی. لەمەدا حایر مابوو، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لە گەڵ ئافرەتەکە لە قسەکردن
بەردەوام بوو و، مامەڵەیان لەسەر نرخەکەی دەکرد. کە نرخەکەیان دیاری کرد، بۆ
پێوانە وەرگرتن ئامادە بوو. ئافرەتەکە کچە شەلەکەی لە باوەش گرت و ووتی: "دوو
پێوانە بۆ ئەم کچە بچوکە وەربگرە. یەك پێڵاو بۆ قاچە شەلەکەی و سێ دانەش بۆ قاچە
ساقەکەی دروست بکە. پێی هەردووکیان هەمان ئەندازەیە. خۆیان جمکن."
سیمۆن پێوانەکانی
وەرگرت و، باسی کچە شەلەکەی دەکرد و، ووتی، "چۆن وای لێهاتووە؟ چ کیژۆڵەیەکی
جوانە. وەها لەدایك بووە؟"
"نەخێر، دایکی
قاچی شکاندبوو."
ئینجا ماتریۆناش خۆی
لە باسەکەیان هەڵقورتاند. حەزی دەکرد بزانێت ئەم ئافرەتە کێیە و منداڵەکان هی کێن،
بۆیە ووتی: "کەواتە تۆ دایکیان نیت؟"
"نەخێر، خاتوونی
چاك؛ من نە دایکیانم و نە هیچ خزمایەتییەکیشم لەگەڵیاندا هەیە. بۆ من تەواو بێگانە
بوون کاتێك بەخێوکردنیانم لە ئەستۆ گرت."
"منداڵی خۆت نین
و لەگەڵ ئەوەشدا ئەوەندە خۆشیانت دەوێت؟"
"چۆن دەتوانم
خۆشیانم نەوێت؟ بەو مەمکانەی خۆم شیرم داون. منداڵێکی خۆمم هەبوو، خودا لێی
ستدانم. ئەوم هێندەی ئەمان خۆش نەدەویست."
"دە کەواتە،
ئەمان منداڵی کێن؟"
٩
ئافرەتەکان کە دەستیان
بە قسە کرد گشت چیرۆکەکەیان گێڕایەوە.
"ئەوە بووەتە
نزیکەی شەش ساڵ دایك و باوکیان مردن، هەردووکیشیان لە یەك هەفتەدا: باوکیان لە
رۆژی سێشەممەدا نێژرا و دایکیان بۆ رۆژی هەینی تەمەنی خۆی دا. ئەم یەتیمانەش بۆ سێ
رۆژ دوای مردنی باوکیان لەدایك بووبوون و، دایکیشیان رۆژێك زیاتر بۆیان نەژیا. من
و هاوسەرەکەم وەکو جوتیار لەو گوندەدا دەژیاین. درواسێیان بووین، حەوشەکەمان لە
تەنیشت حەوشەی ئەوان بوو. باوکیان پیاوێکی تاقانە بوو؛ لە دارستان داری دەبڕی.
رۆژێکیان لە کاتی کارکردندا، دارێکی بەسەردا کەوت. رێکوڕاست ناوقەدی لەشی گرتەوە و
ریخۆڵە و هەناوی دەرهێنایە دەرەوە. کە گەیاندیان و نەیانگەیاندە ماڵەوە، رۆحی بە
خودا سپارد و، هەر ئەو هەفتەیەش ژنەکەی ئەم دووانەیەی بوو، ئەم کیژۆڵانە. ئەویش
هەژار و بە تەنیا بوو، کەسی نەبوو لە گەڵیدا، نە پیر و نە گەنج. هەر بە تەنیا
منداڵەکانی لەدایك بوون و، هەر بە تەنیا گیانی سپارد."
"بۆ بەیانییەکەی
چوومە دیدەنی، بەڵام کە لە کۆلیتەکە چوومە ژوورە، ئەو بەدبەختە رەق و سارد
بووبووەوە. لە سەرەمەرگیدا بوو، تلابووە سەر ئەم منداڵە و لاقی شکاندبوو. خەڵکی
گوندەکە هاتنە ماڵیان، تەرمەکەیان شۆرد، کفن و تابوتیان بۆ ئامادە کرد و ناشتیان.
خەڵکی باش بوون. کۆرپەڵەکان بە تەنیا مانەوە. دەبوو چییان لێ بکرێت؟ من تەنها
ئافرەتێك بووم کە لەو کاتەدا کۆرپەی خۆم هەبێت. شیرم دەدایە نۆبەرەکەم، کە هەشت
هەفتەی تەمەن بوو. بۆیە بە یەکەوە هەڵم گرتن. جوتیارەکان هەموویان پێکەوە هاتن و،
بیریان کردەوە و بیریان کردەوە کە چییان بۆ بکرێت؛ ئینجا لە کۆتاییدا پێیان ووتم:
'ماری، لە ئێستادا وا باشە لای تۆ بن و، بۆ دواتریش بڕیار دەدەین چییان بۆ بکەین.'
بۆیە ئیتر ساقەکەیانم مەمك دەدا، بەڵام لە سەرەتادا شەلەکەیانم شیر نەدەدا.
پێموانەبوو بژیت. بەڵام دواتر بە خۆمم ووت، بۆ چی دەبێت ئەم شتە گوناه و بێگەردە
ئازار بچێژێت؟ بەزییم پێیدا هاتەوە و، دەستم بە شیردانی کرد. بەم جۆرە کوڕەکەی خۆم
و ئەم دووانەم، واتە هەر سێیان، بەو مەمکانەم تێر دەکردن. ئەوکات گەنج و بەهێز
بووم و، خواردنی باشیشم دەخوارد و، خوداش بە جارێك هێندە شیری پی بەخشیم لێیشیان
بە زیادا بوو و لە مەمکەکانم دەڕژا. هەندێ جار دووانم بە یەکەوە شیر دەدا و،
سێیەمیان چاوەڕێی دەکرد. کە یەکێکیان تێر دەبوو، شیرم بەوی دیکە دەدا. بڕیاری
خوداش وەها بوو، ئەم دووانە گەورە بوون و، ئەوەی خۆم پێش ئەوەی بگاتە دوو ساڵ بە
خاك سپێردرا. هیچ منداڵێکی دیکەشم نەبوو، هەر چەندە داماننابوو منداڵی دیکەمان
ببێت. ئێستاش هاوسەرەکەم لە ئاشەکە بۆ بازرگانێکی گەنمەشامی کار دەکات. پارەکەی
چاکە و، بارودۆخمان باشە. بەڵام من منداڵی خۆمم نییە و، بە بێ ئەم کچە بچوکانە
چەند بە تەنیا دەبووم! چۆن دەتوانم خۆشیانم نەوێت! ئەوان خۆشیی ژیانی منن!"
بە دەستێکی کچە
بچوکەکی بە خۆیەوە نوساند و، بە دەستەکەی دیکەی فرمێسکەکانی لەسەر گۆنای
دەسڕییەوە."
لەم کاتەدا، ماتریۆنا
ئاهێکی هەڵکێشا و ووتی، "کەواتە ئەو پەندە راستی ووتووە کە دەڵێت، 'کەسێك
لەوانەیە بە بێ دایك و باوك بژیت، بەڵام کەس ناتوانێت بە بێ خودا بژیت.'"
لەو قسانەدا بوون،
کاتێکیان زانی هەموویان لە پڕێکدا روناك بوونەوە وەك بڵێی بە بروسکەیەکی هاوینە
روناک بووبێتنەوە و، روناکییەکە لەو گۆشەیەی مایکڵ لێی دانیشتبوو دەهات. تەماشای
ئەویان کرد و بینییان دانیشتووە و هەردوو دەستی لەسەر ئەژنۆی داناوە و، تەماشای
ئاسمان دەکات و زەردەخەنە دەکات.
١٠
ئافرەتەکە لەگەڵ
کچەکاندا رۆیشت. مایکڵ لەسەر چارپاکە هەستا و کارەکەی دانا و بەروانکەکەی داکەند.
ئینجا نزم نزم بۆ سیمۆن و ژنەکەی چەمایەوە و، ووتی: "خواتان لەگەڵ، وەستایان.
خودا لێی بووریم. داوای لێبووردن لە ئێوەش دەکەم بۆ هەر شتێكی هەڵە ئەنجامم
دابێت."
هەموویان بینییان کە ئەو
روناکییە لە مایکڵەوە دەهات. سیمۆنیش هەستا و بۆ مایکڵ چەمایەوە و، پێی ووت،
"دەزانم، مایکڵ، کە تۆ پیاوێکی ئاسایی نیت و، نە دەتوانم دەستت پێوە بگرم و
نە لێپرسینەوەشت لەگەڵدا بکەم. بەس تەنها ئەمەم پێ بڵێ: ئەوە چۆن بوو کە کاتێك تۆم
دۆزییەوە و بۆ ماڵەوەم هێنیایت، دڵتەنگ و تاریك بوویت و، کاتێك ژنەکەم نانی پێ
دایت، زەردەخەنەت کرد و گەشایتەوە؟ ئەوجا کە پیاوە خانەدانەکە هات و پووتی بە کرد
دا، جارێکی دیکە زەردەخەنەت کرد و زیاتر گەشایتەوە؟ ئەوەتا ئێستاش، کە ئەم ئافرەتە
کچە بچوکەکانی هێنا، بۆ جاری سێیەم زەردەخەنت کرد و وەکو رۆژ روناك بوویتەوە؟ پێم
بڵێ، مایکڵ، بۆ چی روخسارت بەم شێوەیە دەگەشێتەوە و بۆ چی ئەو سێ جارە زەردەخەنەت
کرد؟"
مایکڵیش وەڵامی
دایەوە: "روناکیم لێ دەدرەوشێتەوە چونکە من سزا درابووم، بەڵام ئێستا خودا
لێی خۆش بووم. سێ جاران زەردەخەنەیشم کرد لەبەر ئەوە بوو خودا منی ناردبوو تا سێ
راستی فێر ببم و، ئێستا فێریان بووم. یەکەمیانم ئەوکات زانی کە ژنەکەت بەزەیی
پێمدا هاتەوە و، ئەوە کات جاری یەکەم زەردەخەنەم کرد. دووەمیانم ئەوکات زانیم کە
پیاوە دەوڵەمەندەکە داوای پووتی کرد و، جارێکی دیکە زەردەخەنەم کرد. ئێستاش، کە
ئەم کچە بچوکانەم بینی، سێیەم و دوا راستیم زانی و، بۆ جاری سێیەم زەردەخەنەم
کرد."
ئینجا سیمۆن ووتی،
"پێم بڵێ مایکڵ، خودا لەسەر چی تۆی سزا دابوون؟ ئەو سێ راستییەش چی بوون؟
منیش پێویستە بیانزانم."
مایکڵیش وەڵامی
دایەوە: "خودا لەبەر گوێڕایەڵینەکردنی سزای دام. من فریشتەیەك بووم لە ئاسمان
و سەرپێچی خودام کرد. خودا ناردمی گیانی ئافرەتێك بکێشم. بۆ سەر زەوی فڕیم و،
بینیم ئافرەتێکی نەخۆش بە تەنیا کەوتووە و، کەمێك پێشتر دوو کچی دووانەی بووبوو.
بێناز لە تەنیشت دایکیان دەجووڵان، بەڵام ئەو نەیدەتوانی بۆ بەر مەمکی هەڵیان
بگرێت. کە منی بینی، تێگەیشت کە خودا منی بۆ گیانکێشانی ناردووە و، دەستی بە گریان
کرد و ووتی، 'ئەی فریشتەی خودا! مێردەکەم دارێکی بەسەردا کەوت و کوشتی، لەمێژ نییە
نێژراوە. نە خوشکم هەیە و نە پوور و نە دایك و، نە هیچ کەس چاوی لە یەتیمەکانم
بێت. گیانم مەکێشە! لێگەڕێ ئاگام لە منداڵەکانم بێت، شیریان بدەم و، پێش ئەوەی
بمرم لەسەر پێیان بوەستێنم. منداڵەکان ناتوانن بە بێ دایك و باوك بژین.' منیش بە
گوێم کرد. یەکێ لە منداڵەکانم خستە بەر سنگی و ئەوی دیکەیشم خستە باوەشی و،
گەڕامەوە بۆ لای خودا لە ئاسمان. بۆ لای خودا فڕیم و ووتم: 'نەمتوانی گیانی ئەو
دایکە بکێشم. مێردەکەی دارێك لێیداوە و مردووە و، ئافرەتەکە دووانەیەکی بووە و،
تکا دەکات گیانی نەکێشرێت. ئافرەتەکە دەڵێت: "لێگەڕێ ئاگام لە منداڵەکان بێت
و شیریان بدەم و، لە خەم دەریان بکەم. منداڵەکان ناتوانن بە بێ دایك و باوك
بژین." من گیانیم نەکێشا.' خوداش پێی فەرمووم: "بڕۆ گیانی دایکەکە بکێشە
و، فێری سێ راستی ببە: فێر ببە کە چی لە ناخی مرۆڤدا دەگوزەرێت، چی بە مرۆڤ
نابەخشرێت و ئینجا مرۆڤ بە چی دەژیت. کاتێك ئەو شتانە فێر بوویت، دەتوانیت
بگەڕێیتەوە بۆ ئاسمان.' بۆیە بۆسەر زەوی فڕیمەوە و گیانی ئافرەتەکەم کێشا.
کۆرپەڵەکان لە کۆشی بەر بووبوونەوە. لەشی لەسەر جێگاکەی تلابوو و کەوتبووە سەر
یەکێك لە کۆرپەکان و لاقی پێچ دابوو. لە گوندەکە بەرز بوومەوە و، دەمویست گیانەکەی
بۆ لای خودا ببەم؛ بەڵام بایەك رایگرتم و باڵەکانم شۆڕ بوونەوە و داکەوتن.
گیانەکەی بە تەنیا بۆ لای خودا بەرز بووەوە و، منیش لە تەنیشت رێگاکە کەوتمە سەر
زەوی."
١١
سیمۆن و ماتریۆناش
تێگەیشتن ئەو کەسەی لەگەڵیاندا دەژیا کێ بووە و، کێیان پۆشتە و تێر کردووە. هەم بە
سام و هەم خۆشحاڵییەوە دەگریان. ئینجا فریشتەکە پێی ووتن: "من لە دەشتەکەدا
تەنیا و رووت بووم. هەرگیز نەمدەزانی پێویستییەکانی مرۆڤ و سەرما و برسێتی چین تا
ئەوکاتەی بوومە مرۆڤ. برسی بووم و لە سەرمادا دەتەزیم و، نەشمدەزانی چی بکەم. لەو
دەشتەی منی لێ بووم، بینیم مەزارێك لە رێ خودا دروست کراوە و، بەو هیوایەی
پەنایەکم دەست بکەوێت چوومە ئەوێ. بەڵام مەزارەکە قوفڵ درابوو و نەمتوانی بچمە
ژوورەوە. بۆیە لە پاڵ مەزارە دانیشتم، هیچ نەبێت لەو بایە پەنا بگرم. ئێوارە
داهات. زۆرم برسی بوو، هەڵدەلەرزیم و، ئازارم دەچەشت. لە ناکاوی گوێم لێبوو پیاوێك
بە رێگاکەدا دێت. جووتێك پووتی هەڵگرتبوو و، لەبەر خۆیەوە قسەی دەکرد. دوای ئەوەی
بووبووم بە مرۆڤ، یەکەم جارم بوو دەموچاوی پیاوێکی فانی ببینم و، دەموچاوی بۆ من
ترسناك بوو و، رووی خۆمم وەرچەرخاند. گوێم لە پیاوەکە بوو لە بەر خۆیەوە باسی
ئەوەی دەکرد چۆن خۆی لە زستاندا داپۆشێت و، چۆن ژن و منداڵەکانی تێر بکات. منیش لە
خەیاڵی خۆمدا دەمووت: 'من وا لەبەر سەرما و برسێتی لەناو دەچم و، ئەوەتا ئەم پیاوەش
تەنها بیر لەوە دەکاتەوە کە چۆن خۆی و ژنەکەی پۆشتە بکات و، چۆن نانی خۆیان بەدەست
بهێنێت. وا بێت ناتوانێت یارمەتی من بدات.' کاتێك پیاوەکە منی بینی رووی مۆن کرد و
زیاتر ترسناك بوو و، بە لامدا تێپەڕی و لەو لاوە بەجێی هێشتم. بێهیوا بووم؛ بەڵام
لە پڕ گوێم لێ بوو دەگەڕێتەوە. تەماشای سەرەوەم کرد و، هەمان ئەو پیاوەم
نەناسییەوە؛ پێشتر مردنم لە ناو چاوانیدا دەبینی؛ بەڵام ئەم جارەیان زیندوو بوو و،
لە بوونی ئەودا خودام بینییەوە. بەرەو لام هات و پۆشتەی کردم، لەگەڵ خۆیدا بردمی و
بۆ ماڵی خۆیانی هێنام. لە ماڵەکە چوومە ژوورەوە؛ ئافرەتێك هاتە بینینمان و دەستی
بە قسان کرد. ئافرەتەکە لە پیاوەکە زیاتر ترسناك بوو؛ رۆحی مەرگ لە زارییەوە
دەهاتە دەر؛ نەمدەتوانی بەرگەی ئەو بۆگەنەی مەرگ بگرم کە لە دەمی دەردەچوو. حەزی
دەکرد بەو سەرمایە دەرم بکات و، دەمزانی ئەگەر وای کردبا، دەمرد. کاتێکم زانی
مێردەکەی لەبارەی خودا قسەی بۆی کرد و، ئافرەتەکە لە پڕ گۆڕدرا. ئەو کاتەیشی نانی
بۆ هێنام و تەماشای کردم، تەماشام کرد و بینیم چیدیکە مەرگ لە ناخیدا ناژیت؛ زیندوو
بوویەوە و، هەروەها لە ناخیدا خودام بە دی کرد.
"ئینجا ئەو وانەیەی
یەکەم خودا بۆ منی دانابوو بە یاد هاتەوە: 'فێر بم چی لە ناخی مرۆڤدا دەگوزەرێت.'
بەوەش تێگەیشتم کە لە ناخی مرۆڤدا خۆشەویستی هەیە! خۆشحاڵ بووم کە خودا لەو ساتەوە
ئەوەی کە بەڵێنی پێدابووم نیشانی دام و، بۆ یەکەم جار زەردەخەنەم کرد. بەڵام هێشتا
هەمووی فێر نەبووبووم. هێشتا نەمدەزانم چ شتێك بە مرۆڤ نادرێت و، مرۆڤ بە چی
دەژیت.
"لەگەڵ تۆدا
دەژیام و، ساڵێکمان گوزەراند. پیاوێك هات و جووتە پووتێکی بە کرد دا کە دەبوو بۆ
ساڵێك لە پێ بکرێت بێ ئەوەی دابزایەت و هەڵبتەکێت. تەماشاییم کرد و، لە ناکاو و لە
پشت شانەکانییەوە، هاوەڵەکەی خۆم ، فریشتەی گیانکێشانم، بینی. کەس جگە لە من ئەو
فریشتەیەی نەدەبینی؛ من دەمناسی و دەمزانی کە تا پێش خۆرئاوابوون گیانی پیاوە
دەوڵەمەندەکە دەکێشیت. بە خۆمم دەووت، 'ئەم پیاوە خۆی بۆ ساڵێك ئامادە دەکات و،
نازانێت تا پێش ئێوارە گیانی لەدەست دەدات.' وانەی دووەمی خودام بە یاد هاتەوە کە
دەڵێت، 'بزانە چ شتێك بە مرۆڤ نادرێت.'
"پێشتر ئەوەم
زانی کە چی لە ناخی مرۆڤدا هەیە و دەگوزرەێت. ئێستاش ئەوەم زانی کە چیی پێ
نابەخشرێت. ئەوە بە مرۆڤ نابەخشرێت کە بە هۆیەوە پێداویستییەکانی خۆی بزانێت. ئەو
جارەش بۆ جاری دووەم زەردەخەنەم کرد. خۆشحاڵ بووم بە بینینی فریشتەی هاوەڵم،
هەروەها بەوەیشی کە خودا ووتەی دووەمی بۆ بەیان کردم.
"بەڵام هێشتا
هەموویم نەزانیبوو. نەمدەزانی مرۆڤ بە چی دەژیت. هەر ژیام و ژیام و چاوەڕێم کرد
تاوەکو خودا وانەی سێیەمیشم بۆ ئاشکرا بکات. لە ساڵی شەشەمدا کچە جمکەکان لەگەڵ
ئافرەتەکە هاتن و، من کچەکانم ناسییەوە و، بیستم کە چۆن بە زیندوویی ماونەتەوە. کە
گوێم لە چیرۆکەکە بوو، بە بیرم هاتەوە کە، "دایکیان لەبەر خاتری منداڵەکان
لێم دەپاڕایەوە و، منیش باوەڕم پێی هێنا کاتێك ووتی کە منداڵەکان ناتوانن بە دایك
و باوك بژین؛ بەڵام بێگانەیەك چاودێری و گەورەی کردن.' ئەو کاتەش کە ئافرەتەکە
خۆشەویستی خۆیی بۆ ئەو منداڵانەی هی خۆی نەبوون دەربڕی و بەسەریاندا گریا، بوونی
خودام لە ناخیدا بەدی کرد و تێگەیشتم کە مرۆڤ بە چی دەژیت. ئێستاش بەوە گەیشتم کە
خودا وانەی سێیەمی پێ فێر کردم و، لە تاوانەکەم خۆش بووە. ئینجا بۆ سێیەمین جار
زەردەخەنەم کرد."
١٢
لەو کاتەدا، جەستەی
فریشتەکە رووت بوویەوە و، روناکییەك وەها لەشی داپۆشی کە چاو نەیدەتوانی تەماشای
بکات و، دەنگی وەها بڵند بوو وەك ئەوەی لەوەوە نەیەت، بەڵکو لە ئاسمانەوە بێت.
ئینجا فریشتەکە ووتی:
"ئەوە فێر بووم
کە هەموو مرۆڤەکان بە چاودێریکردنی یەکدی ناژین، بەڵکو بە خۆشەویستی دەژین.
"ئەوە بە دایکەکە
نەبخشرا کە بزانرێت چی بۆ ژیانی منداڵەکانی پێویستە. هەروەها نەبەخشرا بە پیاوە
دەوڵەمەندەکەش تا بزانێت تەنانەت چی بۆ خۆیشی پێویست دەبێت. ئەوە بە هیچ کەسێك نابەخشرێت
کە بزانێت داخۆ ئەو کاتەی ئێوارە دادێت، پێویستیی بە پووت دەبێت بۆ لەشی یان بە
دەمپایە بۆ تەرمەکەی.
"خۆم بووم بە
مرۆڤ و بە زیندوویی مامەوە، نەك بە هۆی چاودێریکردنی خۆم، بەڵکو بە هۆی ئەو
خۆشەویستییەی لە رێبوارێکدا هەبوو و، بە هۆی ئەوەی ئەو و ژنەکەی بەزەییان پێمدا
هاتەوە و خۆشیان ویستم. یەتیمەکان بە زیندوویی مانەوە، نەك لەبەر چاودێریکردنی
دایکیان، بەڵکو لەبەر ئەوەی لە دڵی ئافرەتێکی بێگانەدا خۆشەویستییان هەبوو و،
بەزەیی پێیاندا هاتەوە و خۆشی ویستن. گشت مرۆڤەکان بە هەمان شێوە، بەو خەیاڵە ناتوانن
بژین کە رەنج بۆ خۆشگوزەرانی خۆیان بکێشن، بەڵام بە هۆی ئەو خۆشەویستییە دەژین کە
لە مرۆڤدا هەیە.
"پێشتر دەمزانی
کە خودا ژیانی بە مرۆڤ بەخشیوە و هیوای وایە کە دەبێت بژین؛ ئێستاش پتر لەوە
گەیشتووم.
"لەوە گەیشتووم
کە خودا پێی خۆش نییە مرۆڤەکان بە جیا و بە تەنیا بژین و، لەبەر ئەوەش بۆیان
ئاشکرا ناکات کە کامیان چییان بۆ خۆیان پێویست دەبێت. پێی خۆشە کە بە یەکگرتوویی
بژین و، بەو هۆیەیشەوە بۆ هەر کامەکیان ئەوە ئاشکرا دەکات کە چ شتێك بۆ هەمووان
پێویستە.
"ئێستا لەوە
گەیشتووم کە هەرچەندە بۆ مرۆڤەکان وەها دیارە کە بە هۆی چاودێریکردنی خۆیانەوە
دەژین، بەڵام لە راستیدا، تەنها خۆشەویستییە کە بە هۆیەوە دەژین. ئەوەی خۆشەویستیی
هەیە و خودای لە یاد و لە ناخدایە، خوداش لەگەڵیدایە، چونکە خودا خۆی بریتییە لە
خۆشەویستی."
ئینجا فریشتەکە بە
سروودەوە وەها ستایشی خودای کرد، کۆلیتەکە بە هۆی دەنگییەوە دەلەرییەوە. بنمیچەکە
کرایەوە و، ستونێك لە نوور لە زەوییەوە و بۆ ئاسمان بەرز بوویەوە. سیمۆن و ژنەکەی
و منداڵەکانیان کەوتنە سەر زەوی. فریشتەکە دووبارە باڵ لە شانەکانی رووایەوە و، بۆ
ئاسمان بەرز بوویەوە.
ئینجا کە سیمۆن بە
خۆدا هاتەوە، کۆلیتەکە وەکو ئەوسای لێ هاتەوە و، هیچ کەسی تێدا نەبوو جگە لە ئەندامانی
خێزانەکەی خۆی.